Draw Media

بە زمانی قومارچییەکەوە

بە زمانی قومارچییەکەوە

2023-03-28 11:31:08


شێرزاد شێخانی

کاتێک ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ راگەیندراو پێشمەرگەکان یەکلەدوای یەک بەرەو خوار شۆڕ دەبوونەوە، کابرایەکی قومارچی لەرێگای گەڕانەوەیدا لائەداتە چایخانەیەک و لەوێ وێنەی (...) ئەبینێ کە هێشتا بەسەر دیواری چایخانەکەوە هەڵواسراوە. روو لەوێنەکە ئەکات ئەڵێ: نۆی سینەگی تێگرتی دانەبەزی!. هەشتی کوپەی تێگرتی دیسان دانەبەزی!. بیلی ماچەشی تێگرتی هەر دانەبەزی هەتا لەئەخیریدا دوو جۆکەری لەدەست گرتی !!!.

لەسەردەمی مالیکی حکومەتی عێراق داوای سەت هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم کرد بەرامبەر بە ناردنی بودجەی هەرێم، بەڵام ئەو برادەرانەی ئێرە ئەوەندە بوغرابوون بەو داوایە ڕازی نەبوون. لەسەردەمی حەیدەر عەبادی داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیلیان کرد، دیسان حکومەتی هەرێم بەوەش رازی نەبوو!. لەسەردەمی کازمی ژمارەکە گەیشتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل دیسان ڕازی نەبوون، ئەوەتا ئێستا هەموو نەوتەکەیان لەبەردەستی دەرهێناو دوو جۆکەریان لەدەست گییرا..

بۆ ئەوەی لەوە زیاتر (قەلۆش) نەبن و جلوبەرگەکانیشیان نەفرۆشن، دەیانەوێ بە نوسینی چەند وتارێکی نوسەرە دەربارەکانیان دژایەتی بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسی بکەن!. دەیانەوێ بە لێدوانی دوو کۆنە پەرلەمانتاری خۆیان و هەندێک بەناو چالاکی سیاسی کە کەس ناشیانناسێ تەصریحات بدەن بەشکو دادگای فیدراڵی عیراق تۆزێ خاتریان بگرێ !. دەیانەوێ بە درۆو دەڵەسەکانی راسپاردەکەیان وەڵامی ئەو هەموو ئیحراجییە لەسەر لێدوانەکەی کونسڵی گشتی ئەمریکا لەبارەی ئەفلام کارتۆنە بەرهەمهێنراوەکەیان بدەنەوە !. دییقەت لەو زنجییرە رووداوانەی خوارەوە بدەن تا تێبگەن چی روودەدات:

- دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە نادەستوریبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

- دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ناقانونیبوونی ناردنی دوو سەد ملیارەکەی موچە.

- دەرچوونی بڕیاری دادگای فەڕەنسی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا.

- ئیمزاکردنی رێکكەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و ئێران لەسەر پاراستنی سنور، کەواتە پاش ماوەیەک حکومەتی عیراق سوپای خۆی دەنێرێتە سەر سنورەکانی هەرێم.

- هۆشدارییەکانی جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زەمانەت نەبوونی قەوارەی هەرێم.

- راپۆرتەکەی رۆژنامەی (الصباح) بەغدایی لەبارەی هەرێمی کوردستان .

- راسپاردنی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە لێکۆڵینەوە لە داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم، کە ئەمە دەروازە سنوریەکانیش دەگرێتەوەو، پاش ماوەیەک ئەو داهاتانەش دەبێت تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵی بکرێت.

- بڵاوکردنەوەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ.

ئەمانەو دەیان بڕیاری تری حکومەتی عێراق لەداهاتوودا کە ئەنجامەکەی پەڕوباڵکردنی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم و لاوازکردنیەتی تا ئەو رادەیەی کە دەبێ حەسرەت بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی جاران بخوازن .

گۆرانییە کوردییە خۆشەکەی ساڵی هەشتایەکانتان لەبیرە کە دەیوت (چەندم پێگۆتی کچێ خەجێ مەچووە بیتوێنێ). بەراستی گۆرانییەکی خۆش و بە لەززەت بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand