Draw Media

سەبارەت بەبڕیاری دادگەی ناوبژیوانی پاریس

سەبارەت بەبڕیاری دادگەی ناوبژیوانی پاریس

2023-04-01 16:57:58


سه‌لام عه‌بدوڵڵا
له‌م چه‌ند رۆژه‌ی پێشووداو دوای بڕیاری دادگه‌ی ناوبژیوانی پاریس سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا، لای هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن، به‌و حسابه‌ی دژی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌، به‌ چه‌ندین جۆرو شێواز له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بگره‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌كانی ناوخۆش، زۆر به‌ خۆشحاڵی و سه‌رگه‌رمییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا، كه‌ ئاستی ده‌ربڕین و هه‌ڵوێستیان گه‌لێك له‌ نه‌یارانی هه‌رێم له‌ به‌غدا زیاترو به‌جۆشتر بوو كه‌ مایه‌ی ڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یه‌.
ئێمه‌ له‌ هه‌ڵوێستی نه‌یارانمان له‌ به‌غدا حاڵی ده‌بین و له‌ هۆكارو پشته‌وه‌ی هۆكاره‌كانیش تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ بۆ دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان و خاوه‌ن شه‌هیدان و تێكۆشه‌ران و قوربانیده‌رانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌مانه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ دژی گه‌ل و خاك و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ن و ئایا به‌ داڕمان و نه‌مانی ئه‌م هه‌رێمه‌- كه‌ خه‌ونی ئه‌و ده‌روون نه‌خۆشانه‌یه‌- ئه‌وان چیان ده‌ستده‌كه‌وێت و له‌چی سوودمه‌ند ده‌بن.
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌، ئه‌مڕۆو له‌لایه‌ن نه‌یارانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی و پشتیوانی ده‌كرێن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نادڵسۆزو ناجوامێرانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن، گه‌ر نه‌هامه‌تییه‌ك تووشی هه‌رێم بێت، له‌پێش هه‌مووانه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك كاڵایه‌ی پیس تووڕ ده‌درێن و پشتگوێ ده‌خرێن و وه‌ك خیانه‌تكار پێناسه‌ ده‌كرێن.
فه‌رموون له‌و رۆژه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و به‌ یارمه‌تی هه‌ندێك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، ئێستا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی كورد ده‌كرێت و چۆن زمان و كلتووری له‌ناو ده‌برێت و چۆن- له‌ رژێمی پێشوو زیاتر- رۆژانه‌ ته‌عریب ده‌كرێت و خاكی باوباپیرانی داگیر ده‌كرێت.
هه‌ر دوێنێ به‌رپرسێكی ئه‌مریكی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ عێراق وتوركیای ئاگاداركردۆته‌وه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكرێت، دوێنێش به‌رپرسێكی باڵای عێراق داوای له‌ توركیا كرد كه‌ مۆڵه‌تی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بدرێت.
خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دادگه‌ی ناوبژیوانی پاریس به‌و شێوه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م جۆره‌ نموونانه‌ چاوه‌ڕێی بوون و بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خواستی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی كراون هیچی ناده‌ستووری نه‌بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كی بڕیاره‌كه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ئێستا وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدادا باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هیوای ڕێكه‌وتنێك ده‌كرێ كه‌ هه‌ردوولا سوودمه‌ند بێ و ته‌نیا شه‌رمه‌زاریش بۆ نه‌یارانی ناوخۆ و نه‌فره‌ت ده‌مێنێته‌وه‌.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand