Draw Media

تۆ بڵێی ئەم جارەش پارتی و یەکێتی گەمەكە نەدۆڕێنن؟!

تۆ بڵێی ئەم جارەش پارتی و یەکێتی گەمەكە نەدۆڕێنن؟!

2023-03-27 06:05:12


ئه‌مین به‌كر

كاتێك حكومەتی عێراقی ئەم خولە بەڕێككەوتنی هاوپەیمانی شیعە لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە كوردو بەرەی پێشکەوتن (تقدم ) لەعەرەبی سونە،  پێكهات و محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بەربژێرکرا، لایەنە كوردییە بەشدارەكانی ڕێككەوتنەكە ڕایانگەیاند كە لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتنەكە كراوە، بەشێوەیەک دەبێت بەشێكی زۆری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەرێم چارەسەر دەكرێن، و لەناویشیاندا كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق دەبێت، كێ بێت لە ئێمە خەون بەوەوە نەبینێت كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئاهێكیان بەبەردا بێت و بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەرببێت، بەڵام  ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ڕویداوە شتێکی جیاوازمان پێ دەڵێت، هەموو بینیمان چۆن لەڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە مەسەلەی یاسای سامانە سروشتییەکان و چوارسەد ملیارەکەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی، عێراقییەكان ڕوویەكی تریان پیشانی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانیاندا، بەشێوەیەک كە ڕێگەی گلەیشیان نەبێت، لەئێستاشدا كە گورزەیەک پڕۆژە یاسا وەک جێبەجێكردنی بەشێک لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حکومەت، ئامادەكراون و وابڕیارە بکرێنە یەک پاکێج و بەیەکەوە تێبپەڕێنرێن یان لانیکەمی سەرۆک کۆمار بەیەکەوە فرمانی بەرکاربونیان بۆدەربکات، لەم ڕێگەیەشەوە بەشێک لە داواکاری هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەم شێوازە توافقیە بۆ دۆخێکی وەکو عێراق چارەسەرێکی گونجاوە، کاتێک ڕێككەوتنێک لەسەر بنەمای براوەی سێ لایەنە بکرێت، هەر یەک لە شیعەی (هاوپەیمانی نیشتمانی) پێکهاتەی سونەو كورد لە ڕێگەی دەركردنی چوار یاساوە بەشێک لەبردنەوە بۆخۆیان تۆماربكەن، كەهەر یەكێک لەو پێكهاتانە پێداگیریان لەسەر یاسایەک یان زیاتر كردوە.
هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان مەبەستیانە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەزوویی تێ بپەڕێنن تا بتوانن گۆڕانکاریانەی پێشوو کە لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا و لەدەرئەنجامی شۆڕشی تشریینییەکان و پێداگری سه‌درییەکان کرابوو هەڵبوەشێننەوەو بیبەنەوە بەرەو سیستەمی سانتلیگۆکەی پێشوو، لەو ڕێگەیەشەوە گرەنتی مانەوەی خۆیان بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو نەبنەوە پەندی دەستی سدريیەكان، لەهەمان کاتدا مەبەستیانە یاسای بودجەش بەقەبارەیەکی گەورەوە تێبپەڕێنن، كە بەفریادڕەسی حكومەتەكەی سودانی وهاوپەیمانی شیعەکان دائەنرێت و دەستیاندەكاتەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان و ڕازیكردنی جەماوەرەكەیان.! 
پێكهاتەی سوننەش دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتیان زۆر مەبەستە تا ئەو ژمارە زۆرەی پێكهاتەی سونە كە  حوكمدراون دەرفەتێكیان پێبدرێت و بەشی زۆریان ئازادبكرێن و بەمەش جەماوەرەكەیان رازی بكەن، هەروەک مەبەستیشیانە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ئەنجام بدرێت تا لامەرکەزی زیاتر بەپارێزگاکانیان بدرێت و دەسەڵاتی پارێزگاكانی خۆیان زیاتر بكەوێتەوە ژێردەستیان. ئەوەی بۆ پێکهاتەی كوردیش بڕیارە وەک دەستكەوت پێی بدرێ بێجگە لە جێکردنەوەی بەشێک لە داواکانیان لەهەردوو یاسای بودجەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا، دەركردنی یاسایەكە بۆ دیاریكردنی نەخشەڕێگەی جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستور، بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان، هەرچەندە وردەكاری و ناوەڕۆكی ئەو یاسایە دانەڕێژراوە، ئەوەی ئێستا بەردەستە، تەنها بەڵێنی سەرۆک وەزیرانە بەوەی کە هەرسێ یاساكەو یاسای بودجە بەیەک گورزە تێپەڕێندرێن و بەرکاربکرێن، بەڵام هێزە شیعەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕایەكی تریان هەیەو، دەیانەوێت سەرەتا یاسای هەڵبژاردن تێپەڕێنن و ئەمەش مەترسیەکەیە، چونکە ئەوکات شیعەکان ئازادتر دەبن بۆ دانانی مەرج و كۆت و بەند بۆسەر یاسای لێبوردنی گشتی سوننەکان و یاسای جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستور بۆ کورد، بۆیە پێویستە حزبە کوردستانییەکانی بەغدا بە بەشدارانی حكومەت و ئەوانی دەرەوەی ڕێکكەوتنی حكومەتی عێراقیش، فریابکەون و هاوکێشەکە بگۆڕن، بەشێوەیەک كاربكەن بۆ ئەوەی یاسای جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ پێش یاسای هەمواری هەڵبژاردن و یاسای لێبوردنی گشتی بكەوێت، بەپێچەوانەوە تێپەڕكردنی یاسای جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ زۆر قورس دەبێت و ڕێگرییەكانی زۆر گەورەتر دەبن، بێجگە لەفشاری هەندێک دەوڵەتە هەرێمییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن ئەدەن، هیچ كام لە حزبەكانی شیعەو سوننەش ناتوانن بەئاشكرا پشتگیری جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ بكەن و لەوانەیە پەنا بۆ ڕۆڵ دابەشكردن بەرن لەناو هاوپەیمانیەتییەكانیاندا تاڕێگری لەتێپەڕاندنی بكەن، یاخود ئەگەر كرا بەیاساو دەنگیشی لەسەر درا، هەوڵ ئەدەن وای لێبكرێت كە لە ناوەڕۆكەكەی خاڵی بكرێتەوە قابیلی جێبەجێکردن نەبێت، یان بۆمبی یاسایی تیا بچێندرێ تاوەكو دوای دەرچوونی بیانو بدات بەدادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی، بۆیە زۆر گرنگە هێزە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستەیەک بكەن و بەوردی خۆ بۆ ئەو بابەتە ئامادەبکەن و لەڕوی تەکنیکیەوە ڕای کەسانی شارەزا وەربگرن، لەڕوی تەکتیکیشەوە کاربکەن بۆ پێشخستنی یان لانیكەم دوای یاسای بودجە ڕاستەوخۆ دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر وانەكرێت ئەوا دوورنیە یاساكە دەرنەکرێ  یاخود ئەگەر دەریشكرا یاساكە بێ ناوەڕۆک بكرێ  و قابیلی جێبەجێكردن نەبێت. بۆیە ئەگەر بیانەوێت ئەمجارەش گەمەکە نەدۆڕێنن واباشە تەرکیزی سەرەکی بکەنە سەر دەرکرنی ئەو یاسایە لەئێستادا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand