بۆچی ئەم هەرێمە داناڕمێت؟
2023-03-28 09:01:05
چیا عەباس
کوردێکی دڵسۆز لەهەر سوچێکی دنیادا بێت گریانی دێت کاتێک دەبیستێت یاخود دەخوێنێتەوە بەشێک لە هاونەتەوەکانی دوا روداوەکان لە کوردستان و ناوچەکە بە سەرەتای داڕمانی هەرێمە تاقانەکەی کوردستان دەزانن. هەرچەندە بەشێکی بەرچاوی ئەم چاوەڕوانییە لە ئەزمونە شكسخواردووەکانی کورد لە مێژوی کوردستانی گەورە سەرچاوەی گرتوەو بەشێکی تریش لە زەمینەی فکری و سیاسیەوە، بەڵام پێموایە ئەم دوو لێکدانەوەیە زۆر زەمینەو فاکتەری تریان بەهەند وەرنەگرتوە کە چاوەڕوانییەکانیان زۆر لاواز دەکەن.
فاکتەری هەستیاری یەکەم جیۆپۆلیتیکی کوردستانە، کوردستان بەشێکی گەورەی ناوچەیەکی ستراتیژی هەستیاری دنیایە، پارچەکانی کوردستان نیشتمانێکی بەیەکەوە بەستراو و گرێدراون، کوردستان بێئەندازە دەوڵەمەندە لە سامانە سروشتییەکان، وەک نەوت، گاز، ئاو، کشتوکاڵ و...تاد. هاوکاتیش ناکرێت کۆی گشتی ژمارەی کورد لەو ناوچە هەستیارە پشگوێ بخرێت، بهتایبەت کورد دەیان ساڵە ناسراوە بە جەنگاوەری خاوەن ئەزمون لە جوگرافیایەکی شاخاوی چڕوپر.
لەم سەردەمەدا کە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا دەگوزەرێن، بهتایبەت عێراق و ئێران و سوریاو کوردیش بەشێکە لە ئاڵۆزییەکەو هۆکارەکانیشی.
ئێستا هێزی گەورەی دەرەکی لە ناوچەکە ئەمریکایە، چەندین بنکەی سەربازی، هەواڵگری، دەریایی و ئابوری هەیە. لە باشوری کوردستانیش هێزێکی بریاردەری گەورەیە. بەگشتی کوردستان پانتاییەکی جوگرافییە کە لە ململانێکانی ئێستای زلهێزەکانی دنیادا بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دنیا دەتوانێ رۆڵیکی زۆر گرنگ و هەستیاری لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمە سەرەڕای تەمومژاوی و غیابی دیدگایەکی کوردی هاوبەش بۆ ئەو داڕشتنەوەیە. بە کورتی کورد لەو پرۆسەیەدا لەڕووی سیاسییەوە وەک بێلایەن رەفتار دەکات، بەڵام لە ناخیدا مەیلی بۆ رۆژئاوا هەیە، فاکتەری گرنگی دووەم ئەوەیە کە هەرێم و حوکمڕانییەکەی کیانێکی نەتەوەییە بۆ سەرجەم کورد سەرەڕای هەڵەو خۆپەرستی و نادادی بەرپرسە سیاسی و فەرمانڕەواییەکان. دەستدان لەم کیانە نەتەوەییە بەمەبەستی داڕمانی تاوانێکی گەورەیە کە هیچ لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی دنیاو ناوچەکە لە ئاکامەکانی قورتار نابن. ئەمە بەو مانایە نایەت ئەو هێزانە خوازیاری جۆرێکی تر لە حوکمڕانی و سەرکردە لەم هەرێمە بچوکەدا نەبن.
فاکتەرێکی گرنگی تر ئەوەیە کە زۆرینەی زۆری کورد لە باشور سوننەن، لەگەڵیشیدا لیبراڵن و توندرەو نین، بۆیە کورد دەتوانێت رۆڵیکی گرنگ لە ئاڕاستەکانی کێشەکانی نێوان شیعەو سوننە لە ناوچەکە ببینێت، بۆ رۆژائاوا ئەم کارتە گرنگە شایستەی پاراستن و راگرتنیەتی بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێت. ئەزمونی بەدەنگەوەهاتنی ئەمریکاو رۆژئاوا لەلایەک و ئێران لەلاکەی ترەوە لە شەڕکردنی داعش و رۆڵیان لە روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر گرنگی ئەو کارتە دەسەلمێنن.
بە هەڵسەنگاندنی ئەم فاکتەرانە ئەم هەرێمە داناڕمێت، پێدەچێت ئەوەی ئەمریکاو دۆستەکانی خوازیارن چاککردنی (نەک گۆرینی) شێوازی سیستەمی حوکمڕانیە کە پێگەو کاریگەری کورد بۆ ئەمریکاو رۆژاوا بەهێزتر دەکات.