ئەی کێ قەرەبووی مووچەخۆرانی هەرێم بکاتەوە؟
2023-03-29 17:35:22
هیوا سەید سەلیم
دوا بەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سەبارەت بە هەناردە کردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای تورکیاوە، لە سالانی (٢٠١٤-٢٠١٨)، دەوڵەتی عێراق باسی لە قەرەبووکردنەوەی وڵاتەکەی دەکرد بە بڕی زیاتر لە (٣٠) ملیار دۆلار، بەڵام سەرەتا تورکیا ئامادەیی تێدا بوو کە تەنیا ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دیار وەک قەرەبوو بداتەوە بە عێراق، دوای چەند رۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکە ئێستا تورکیا قسەیەکی دیکە دەکات، بەوەی ئەویش لەبەرامبەر ئەو سەوداو مامەڵەیەی کە لەگەل هەرێمی کوردستان لەسەر کەرتی ووزە ئەنجامی داوە، کە ئێستا ئەو مامەڵەیە بەهۆی بڕیاری دادگا کۆسپی بۆ درووستکراوە، وە هەناردەکردنی نەوت وەستێنراوە، دەبێ تورکیا قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەمە و دەنگۆ ئەوە هەیە کە هێشتا کەیسی دیکە ماوە کە دادگا یەکلای بکاتەوە، بە تایبەت بۆ سالانی دوای ٢٠١٨.
فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوور لە هەژموونی حکومەتی عێراقی فیدرال ساڵانێکە قەیرانێکی گەورەی لە نێوان هەرێم و بەغدا لێکەوتۆتە، بەشێوەیەک کە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بە جۆرەها شێواز بەغدا سزای هەرێمی کوردستانی داوە، لە نموونەی نەناردنی شایستەی دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا.
لێکەوتەکانی قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەت دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا تا دێت باری سەرشانی هەرێمی کوردستان قورستر دەکات، بەشێوەیەک کە ئەگەر هەرێم و بەغدا زوو چارەسەری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەکەون هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت مووچەخوارانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەکەونەوە ژێر باری سزادانی دواکەوتنی مووچە و تەنانەت بڕین و پاشەکەوتنی مووچەکانیاشیان، چونکە ٧٩٪ ئەو داهاتەی بۆ مووچە دابین دەکرا لە هەرێمی کوردستان لەو داهاتە بوو کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەست دەکەوت.
ئەو مەترسیەی دواکەوتنی مووچە لە کاتێک دایە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان بوون بە تێپەڕاندنی میزانیەی ٢٠٢٣ عێراق و رێکەوتنی هەرێم و بەغدا مووچە بڕاو و پاشەکەوتەکەی ساڵانی ڕابردوویان بۆ بگێڕدرێتەوە.
شایانی باسە، لە ساڵانی نێوان(٢٠١٦- ٢٠١٨) مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٤ ملیار دیناریان کەوتۆتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ( ٤ مووچەی تەواوی ساڵی ٢٠١٥، مووچەیەکی ساڵی ٢٠١٧، ٣ مووچەی ساڵی ٢٠١٨، هەروەها ٢٣ چارەگە مووچەی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧)
ئەگەرچی چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئەو کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە کراوە کە دەبێت بەغدا قەرەبووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ئێستا پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک دابەشکردنی (گەنمی خێری) لێهاتووە، هەر وڵاتەو داوای پشکی خۆی لە قەرەبووکردنەوە دەکات، هێشتان کۆمپانیا نەوتیەکانیش ماون.
لەم نێوانەدا نەک هەر کەس باس لە قەربەبوو کردنەوەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ناکاتە، بگرە وەک ئاماژەمان پێدا وا بڕوات دەبێت مووجە خۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەواڵی ناخۆشتریش بکەن، ئەمەشیان قوڕێکی دیکە دەبێ بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، لە نموونەی دواکەوتنی مووچە، یان لێبڕین و پاشەکەوت کردن کە رێگا چارەی تەنگەژە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان بوو لەم چەند ساڵە.
ئەو ترسە بێ هۆکار نیە، ٣٠ ملیار دۆلار قەرزی کەلەکەبووی جەند ساڵەی سەر هەرێمی کوردستان، لە رابردووشدا قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیای داناغاز بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار، وە دیار نەمانی داهاتی نەوتی لە بانگە مایەپووچەکانی لوبنان، لە ئێستاشدا ڕاگرتنی فرۆشی نەوت، پێشتریش بڕیاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت، هەروەها بێ پلانی ئەو چەند ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرە چەشنکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەشیان ئاماژەیە بۆ شکستی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەت لە بواری ئابووریەوە، باس لە بوارەکانی دیکە ناکەین .