دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بە کوێ دەگات؟

Draw Media

2023-04-01 19:30:54



سەروەت هەڵەبجەیی
لەم ماوەیەدا جموجوڵێکی نوێی دیپلۆماسیی ئێران لە ئاستی ناوچەکە بینراوە. بە نێوەندگێڕیی چین ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە واژۆ کرد، لە گەڵ ئیمارات ئەگەرچی پەیوەندییەکانی بەردەوام بووە بەڵام بە سەردانەکەی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لێک تێگەیشتنی نوێ لە نێوان هەر دوو وڵات هاتووەتە ئاراوە، بە هەمان شێوە لە گەڵ بەحرەین بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەڕوات، لە گەڵ میسر هەندێک پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە، لە گەڵ عێراق ڕێکەوتنی ئەمنیی واژۆ کردووە.
لە گەڵ ئەمانەش پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەر دوو وڵاتی عەمان و قەتەر پتەوتر کردووە، ئەو دوو وڵاتە بە وڵاتانی نێوەندگێڕ لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەژمار دەکرێن. وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی پەیام لە نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان لە پەیوەندیدا بوون.
ئێران لە پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بە ئاراستەی سفرکردنەوەی کێشەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەنگاو دەنێت، لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە بەڵام دۆسیەی قەوقازی لە گەڵ کۆماری ئازەربایجان بە ئاڵۆزی ماوەتەوە. سیاسەتە نوێکەی ئێران لە ئاستی ناوچەکە بۆ پشتگیری چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمییە لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵام ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆسیەیە لە ڕیزی ئەولەویاتیدا نییە. ئەمریکا پێی وایە کە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ڕابردووی ئێران لە ئەنجامی کاریگەری سزا و گەمارۆکان بووە و هیوادارە ئەم کاریگەرییە لە داهاتوودا زیاتر ببێت. لە لایەکی دیکەوە دۆسیەی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا و بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکراینا کەشێکی نەرێنیی لای وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا درووست کردووە.
ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2024 نزیک دەبێتەوە، جۆبایدن و دیموکراتەکان نایانەوێت لەم کاتەدا دەست بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ یان زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی پێشوو لە گەڵ ئێران ببەن. ڕەنگە هەر ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران لە بەرژەوەندی کۆماریخوازەکان بێت و وەک بانگەشەیەک لە دژی دیموکراتەکان بەکاری بێنن. ئەمریکا دەیەوێت دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەم دۆخەی ئێستادا بمێنێتەوە و هەوڵ دەدات کە لە ڕێگای ڕێکەوتنێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێرانەوە چاودێرییەکان لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە زیاتر بکرێت. ئەمە ئامانجی ئەمریکایە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئەستەمە.
ئەگەر ئەمریکا بۆ دانوستانەکان نەگەڕێتەوە دوو سیناریۆ لە بەردەم ئێراندا دەبێت، یەکەم ئەوەی کە لەم هەلومەرجەدا بمێنێتەوە، ئەمەش لە ڕووی ئابوری و داراییەوە ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوارتری دەکاتەوە. دووەم ئەوەی کە کشانەوەی خۆی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕابگەێنێت، لەم حاڵەتەشدا سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە کە دیسانەوە ئەمەش دۆخی ئێران دژوارتر دەکات و ئاڵۆزییەکان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر پەرە دەستێنێت.
لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین کە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە سەر چالاکییەکانی ئێران و سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت. ئەمە بژاردەی خوازراوی واشنتن و وڵاتانی ئەورووپییە و پێناچێت بیانەوێت بە ڕێکەوتنێکی نوێ و هەڵگرتنی گەمارۆکان، دۆخی ئابوری ئێران هەناسەیەک وەربگرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand