ئازادی لە سەردەمی دەرنەبڕیندا!
2020-10-22 12:49:07
رێبوار کەریم وەلی
لە کاتێکدا کە پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و متمانە بە دەسەڵات، تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی و تاکەکەسی و، جیاوازیی بیروڕا لە لایەن دەسەڵاتەوە کراوەتە ئامانج.
*
کارنامەی حکومەتی هەرێم کە متمانەی لە پەرلەمان و حزبە بەشداربوەکان وەرگرتووە، بە کەمترین وشە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین و رۆژنامەنوسی دەکات. لە ماوەی رابردووشدا، ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە مەتبەخی حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێن، لەژێر ناوی (رێکـ ـ خستن)ەوە، مەودایەکی ئەوتۆیان بۆ هیچ سەرەقوتەیەک
نەهێشتۆتەوە.
*
هەرچییەک کە بەدڵی دەسەڵات نەبێ لە سێ حاڵەت بەدەر نابێ.
یەکەم، دەربڕینی ناڕەزایەتی یەکسانە بە هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و پێشێلکردنی رێنماییەکان کە ئەگەر شکی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی سلێمانیت لێبکرێ، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتگرێتەوە.
دووەم، ئەگەر باس لە نەبوونی ئازادی، ئەدای خراپی حکومەت و گەندەڵی بکەی، ئەوکاتەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن راپێچ دەکریێ.
سێیەمیش لێرە بەولاوە باسکردنی رابردوو دەبێتە بێڕێزی و سوکایەتی بە رەمز و پیرۆزییەکان کە تەنانەت ئەگەر پرۆژەکەش نەبێتە قانون، تا ئەوکاتە قانونێکی دیکەی بۆ دەبیننەوە.
*
هەر سێ حزبە سەرەکییەکەی دەسەڵات کە کێشەیان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لەو رێگەیەوە رای گشتی بەرزەفت بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەو کۆتوبەندانە، بە فیعلی پاڵنانی خەڵکە بۆ ئەو ئاراستەیەی کە خۆیان لێیدەترسن. ئازادی لە کوردستان نە موڵکی حزبە سیاسییەکانە و نە میراتێکە لەسەریان تاپۆ کرابێ! بگرە بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە و هیچ پاساوێک ناتوانێ سنورداری بکات، مەگەر ئەوەی کە دەسەڵات بتوانێ قەرەبووی ئەو مێژووە بۆ خەڵک بکاتەوە کە ئەوەش مەحاڵە.
*
ئازادیی بێ ناوەرۆک و کۆتوبەندکراو بە قانونی جۆراوجۆر، کۆمەڵگا و حوکمڕانی لە بنچینەی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ دور دەخاتەوە. گرتن و راوەدونانی چالاکوان و رۆژنامەنوسان، دروستکردنی لەشکرێک لە قەڵەمی موالی بۆ بێڕیزی بە جیاوازئەندێشان، بۆمبێکی تەوقیتکراوە کە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەتەقێتەوە…هەموو رێگرییەک دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی دیکە.
*
کۆمەڵگە و دەسەڵاتێک کە لای خەڵک بانگەشەی ئازادی بکەن، دەبێ ئەو ئازادییە بۆ دەربڕین بێت، لەهەر شوێنێک ئازادییەک هەبێ، بۆ دەربڕینە و دەربڕینیش تاوان و سەرپێچی نییە. لەهەر شوێنێکیش دەربڕین تاوان بوو کەواتا ئازادی درۆیەکی شاخدارە!