غازی سروشتی هەلێکی تر بۆ هەرێمی کوردستانی باشور

Draw Media

2020-10-25 19:22:55



‎دانا نەقی

‎وەک دەزانرێت، لەپاڵ سەرچاوەکانی تری وزەدا غازی سروشتی وزەیەکی دڵگیرە بۆ زۆربەی وڵڵاتانی جیهان، بە تایبەتی وڵاتانی  ئەوروپا،  کە هەمیشە کڕیاڕ و بەکارهێنەری دڵخوازن بۆ ئەم سەرچاوەی وزە. ئەوان سودی زۆری لێدەبینن، لە زۆر بواری جیاوازی پیشەسازیدا بەکاری دەهێنن و پشتی پێ دەبەستن. عێڕاق یەکێکە لە هەرە وڵڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان لەڕووی یەدەگی غازی سروشتییەوە و بە پێی ئامارەکانی ساڵی ۲۰۱۷-٢٠١٩ خاوەنی ۱۱۲ تریلێۆن پێی سێجایە، لە ڕیزبەندی ۱۲ هەمی جیهاندایە لە دوای وڵاتەکانی (ڕووسیا، ئێران، قەتەر، ئەمەریکا، سعودیە، تورکمانستان، ئیمارات، ڤەنزوێلا، نێجیریا، چین، جەزایر) هەرچەندە لەساڵی ۱۹۲۷وە کار لەبەرهەمهێنانی نەوت و غازدا دەکات لەسەر ئاستی بازرگانی، بەڵام زیاتر بایەخی بە بەرهەمهێنانی نەوت داوە و گرنگی ئەوتۆی بە غازی سروشتی نەدەدا. تا شەستەکان، کە چەند پرۆژەیەکی گرنگی کرد لە دروستکردنی چەند وێستگەیەکی کارەبا لە بەسرە بە دابینکردنی غازی ناوخۆیی بۆیان، لەگەڵ وێستگەی پەین و کارگەی کاغەز.

ساڵانی حەفتاکان کە بە قۆناغی ئاڵتونی دادەنرێت بۆ ئاوڕدانەوەی عێراق لە گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی. لەو نێوەندەشدا، لەسەرەتای هەشتاکان سەڕەڕای جەنگی عێراق-ئێران کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی بە بەگەڕ خستنی پرۆژەی گەورەی غازی باشور کە دەکەوتە شاری (بەسرە)وە توانی بەڕێژەی ۱۰٥۰ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە غاز بەرهەم بهێنێت. دواتریش پرۆژەی غازی باکوری کە دەکەوتە شاری (کەرکوک)وە بەگەڕ خست. ئەم هەنگاوانەش لە ڕێگەی کۆمپانیای نەوت و غازی نیشتیمانی، وەزارەتی پیشەسازی و کۆمەڵەی هەرەوەزی گشتی کارەباوە بە ئەنجام گەیاند. گەر زیاتر، درێژە بەو مێژووە نەدەین، دەبێت ئەوە بڵێم، کە عێراق هێشتا نەیتوانیوە بەباشی کەرتی غاز گەشە پێ بدات لە ڕووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوە و هەتا ئێستاش پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. لێرەوە بەگرنگی دەزانم، ئاماژە بە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بدەم، کە تا ڕادەیەک لە پیشەسازی نەوت و غازدا سەربەخۆبووە و خاوەنی یاسای نەوت و غازی خۆیەتی لە چوارچێوەی عێراقدا.

ئاشکرایە، کە هەرێمی کوردستان هاوشێوی عێراق داهاتی سەرەکی بشت بە نەوت دەبەستێت. بەڵام وەک شارەزایانی ئابوری و خەڵکی هەرێم زۆر جار دەڵێن "نەوتی کوردستان هێندە نەهامەتی بۆ هێناوین، بە هیچ شێوەیەک خۆشبەختی نەبووە." لێرەدا، نەوت مەبەستی نووسینەکەم نییە. بۆیە دەچمەوە سەر باسی غازی سروشتی کوردستان. بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق ۲٥ تریلیۆن پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە ۲۰۰ تریلیۆن پێ سێجا. ئەمەش بە لە سەدا ۳ی یەدەکی غازی جیهان دادەنرێت. درک کردن بەم سەرمایە سروشتییە گەورەیە، هاندەر بوو بۆ دامەزراندنی (پرۆژەی غازی کوردستان) لە ساڵی ۲۰۰۷، کاتێک حوکمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم) بەیەکەوە کرد، بۆ  پێدانی مافی  نرخ لەسەر دانان، گەشەپێدان، بەرهەم هێنان، بە بازاڕ کردن و فرۆشتنی هایدرۆکاربۆن لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) ئەمانیش لە چوارچێوەی کۆمپانیای (پێڕڵ پتڕۆڵییەم) کە پێکهاتووە لەو دوو کۆمپانیای سەرەوە و کۆمپانیاکانی (OMVی نەمسایی، MOL هەنگاری و RWE ئەڵمانی) کە هەریەکەیان خاوەنی ۱۰ لەسەدی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەن. دواتر ئەو خاوەندارییەیان پێ بەخشرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان یەدەک لە هەردوو کێڵگەکەدا بەم شێوەیە: ٤.٤ تریلیۆن غازی سروشتی، ۱۳٦ ملیۆن بەرمیل کۆنسێندەیت، ۱۳.۳ ملیۆن تەن غازی شل(غازی ماڵان) و ۱٨ ملیۆن بەرمیل نەوتە. هەروەها دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم ۱٨۰ کیلۆمەتر بۆڕییان بنیاد نا لە کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر. بەرهەمی غازی ئەو کێڵگانەیان دەفرۆشتەوە بە حوکمەتی هەرێمی کوردستان، حوکمەتی هەرێمیش بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەکاری هێناوەتەوە و ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە. واتە بەرهەمهێنانی ئەم غازە تەنها بۆ ناوخۆ بووە. 
‎لە ساڵی ۲۰۱۳ ڕێککەوتنی حوکمەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا بۆ فرۆشتنی غازی کوردستان. ئەمە وایکرد، کە حوکمەتی هەرێم گرێبەستێکی ساڵی ۲۰۱٥ی لەگەڵ کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی بەڕیتانی-تورکییە لە ساڵی ۲۰۱۷ هەموار بکاتەوە، ئەو کۆمپانیایەی ڕاسپارد بە شێوەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش کێڵگەکانی غازی (بنەباوی و میران) گەشە پێبدات و غازی تێدا بەرهەم بهێنێت و بینێرێت بۆ تورکیا. ئەمەش دەبوو لە هەموو کێڵگە بەرهەمدارەکانی غازی کوردستانەوە، لە ۲۰۲۰دا حوکمەتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕییەوە بە ڕێژەیەکی زۆر غاز هەناردە بکات وەکو نەوتەکەی. بەڵام بەهۆی کێشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە وا دیارە ئەم پلانە هێشتا سەری نەگرتووە، هەروەها کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی)ش لە هەردوو کێڵگەکە کارەکانی ڕاگیراوە. لەمەش زیاتر، لە مانگی ئایاری ۲۰۱٨، کۆمپانیای ڕووس نێفتی ڕووسی و حوکمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی گەشەپێدانی بازرگانیان واژۆ کرد، وەکو پلانێکی تەواو کەر بۆ پێشخستن، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی غازی هەرێمی کوردستان.

هەروەها بۆ تەواوکردنی بۆڕی گواستنەوەی غاز بۆ تورکیا، کە توانای بۆڕییەکە گواستنەوەی ۳۰ ملیار مەتر سێجایە لە ساڵێکدا. وەکو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، کۆمپانیا ڕووسییەکە پارەیەکی زۆری پێشوەختەی بە حوکمەتی هەرێم داوە و حوکمەتیش قەرزی کۆمپانیاکانی تری پێداوەتەوە. سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان، ئەم گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیای ڕووس نێفت بە دەسکەوتێکی گرنگی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وەسف دەکەن، چونکە پێیان وایە لەم ڕێگەیەوە، ڕووسیا غازی کوردستان کۆنتڕۆڵ دەکات، بە ناردنی بۆ تورکیا و دواتر ئەوروپا. هەندێکیشیان پێیان وایە، کە ڕووسیا دوای ئەم قۆناغە بازاڕی چەک فرۆشتن گەرم دەکاتەوە لە ناویان سیستەمی بەرگری (S-400).
‎هەربۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە دەکرد، کە حوکمەتی ئەمەریکا دڵخۆش نییە بەو ڕەوشە و لەڕێگەی وەزیری وزەی وڵڵاتەکەوە هۆشداری داوە بە حوکمەتی هەرێم لەو هەنگاوانەی لە بواری وزەدا دەینێت. واتە جارێکی تر زلهێزەکانی جیهان چاویان لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵام ئەم جارە بۆ غازی سروشتی. 
‎ئەوەی پێویستە، حوکمەتی هەرێمی کوردستان بایەخی جدی پێ بدات، پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی نەوت و بە تایبەتی غازی سروشتی بێت. یەکێک لە هەنگاوەکان چالاک کردنی کۆمپانیای نەتەوەیی کوردستان بێت، ئەگەر لەبەر کێشمەکێش و ململانێی نێوان قەوارە سیاسییەکانی کوردستان ئەمەی پێ نەکرێت، خۆ دەتوانن پشتگیری دوو کۆمپانیا یان زیاتری خۆماڵی بکەن، بە پێی ئەو زۆنانەی کە مۆنۆپۆڵی سیاسی کراون و دواتر داهاتەکانیان بخەنە خەزێنەی حوکمەت و خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی پێ بکرێت. ئەگەر نا جارێکی تر، بەشێوەی هەڕەمەکی ئەو سەرچاوە گرنگەی غازمان لەکیس دەچێت و سودی شەخسی نەبێت، هیچ سودێکی گشتی بۆ کورد و کوردستان نابێت. 
‎بۆیە لەکۆتایدا، دەگەڕێمەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکە و دەڵێم: هەبوونی ئەو یەدەکەی غازی سروشتی کوردستان چانس و هەلێکی ترە بۆ حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چاککردنی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی، بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand