دەسەڵات و تاوانی بەردەوام
2020-10-22 20:02:17
ئومێد حەمەعەلی
پێیان بڵێیت فاشیست پڕ بە هۆش و، ئەخلاق و ڕەفتار و بیرکردنەوەیانە. بێ چەندوچون بەشێکن لە زنجیرەی هەموو ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییانەی خۆرهەڵات، کە زەڕەیەک قیمەت بۆ مرۆڤ و ئازادی و مافەکانی ڕەوانابینن.
لەهەموو قۆناغەکانی فەرمانڕەواییانا بە ئەزمون داڕمانی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پەیوەندی خەڵک و دەسەڵات و، پەیوەندی و بەرخوردی دامەزراوەکان لەگەڵ ئازادییە کەسییەکان و دەربڕینی ئازادانەدا، سەلماندووە. جۆریی ئەخلاق و بیرکردنەوەی فاشیزمی حیزبی و خێڵەکییان بەئاشکرا خەریکە کۆمەڵگەی ئێمە لەناوەوەی خۆیا ئەهاڕێت، دەنگەکان دەکوژێ و نوزەکانی ئازادی و برسییەتی بەزەبریی هێز خامۆشئەکات.
لەم پرۆسەیەدا پارتی وەک بەرجەستەکاریی فاشیزمێکی خێڵەکی و حیزبی بەشێوەیەکی چڕ و بێ باکانە لە خودا و خەڵک، لە بەها و ئەخلاق و لە دیموکراسی و مافە گشتیی و بنەڕەییەکانی مرۆڤ، کارخانە فاشیستیی و گرگنە ئەمنییەکەی خۆی خستۆتەگەڕ و سەری ئازاد و ناڕازیی کۆمەڵگەکەمان دەهاڕێ.
لەم ساتە پڕ لەتاوان و سەرکوتگەرییەدا لەهەموو کات زیاتر پێویستە بیرمان لای ئەوەبێت هۆی چییە مێژووی ئێمە بە ستەم و فاشیزم و جۆرەکانی تاکڕەوی و تەوریسی سیاسی و بنەماڵەییەوە گیرۆدەیە و، نەمانتوانیوە تێیانپەڕێنین؟ دەبێ لەخۆمان بپرسین بۆچی هێزی سیاسی ئێمە لە مێژووی سەدەی ڕابردوودا شکستی هێناوە تەنانەت لەجێبەجێکردنی بەرنامە و دروشمەکانی خۆیدا؟ دەبێ بپرسین، ئایا هۆکاریی ئەو کێشانەی لەم پرسیارانەدایە، ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نەمانتوانیوە لە بیرکردنەوەی خۆماندا دەسەڵات و پیرۆزی بنەماڵەکان، سەرۆکەکان و کاریزماکان بشکێنین وەک ئینسان و سەرکردەی ناو مێژوو تەعامولیان لەگەڵ بکەین؟ نەک وەکو بونەوەریی باڵا و موقەدەس؟ ئایا هۆکارەکە ئەوە نییە، شەڕەکان لەمێژووی ئێمەدا تەنیا لەوەدا کورتبونەتەوە کە شەڕی نێوان کۆماڵێک دەستە و گروپی سیاسی بن، نەک ململانێی نێوان کۆمەڵێک بیرکردنەوەی داهێنەرانە، کە بەردەوام لەخەمی بەدیلی فیکری و سیاسی و ئەخلاقی جیاوازدابێت.
بۆ ئەم چرکە ساتە:
ئەوەی پێویستە ڕسواکردنی زیاترە. میدیا و ڕۆژنامەنوسان، سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و دامەزراوە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەر یەکەیان بەپێی توانا و ڕێگای خۆی بەچڕی ئیش لەسەر ئەو دەستدرێژییانە بکات کە ڕوونی ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێمە وێرانتردەکات. سەرباریی ڕەخنەکان، پەرلەمان و بە تایبەت پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی خەمی گشتییان هەیە دەتوانن بە یاداشت لەڕێی دامەزراوەکەیانەوە، سەردانی موکوڕانە بۆ دەزگاکانی ئەمنی و پەیوەندیکردن بە ڕێکراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو کونسوڵگەریی وڵاتە دیموکراتییەکان و، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی قسەکردن و هێرشی میدیایی بەرفراوان بۆ سەر ئەو ڕەفتارە ئەمنییە دژ بە ماف و ئازادییە ئینسانییانە، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی پێویستی خۆیان بگێڕن.