Draw Media

جەنگی ساردی تەکنەلۆژی

جەنگی ساردی تەکنەلۆژی

2020-10-24 18:53:24


هێمن عەزیز 
ئەمریکا لە ئێستادا لە جەنگێکی تری ساردایە، کە چەند ناوێکی تریش  بۆ ئەم جەنگە نوێیە بەکاردێت کە گرنگترینیان 'شەڕی سایبەری' یە.
لە بیست ساڵی ڕابردوو ئەمریکا لە ژێر ناوی 'جەنگی تیرۆر'، تواناو بودجەیەکی زۆر زەبەلاحی لە دەرەوەو ناوەوەی وڵاتەکەی بەکاردەهێنا لەو بوارە، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەچی ئێستا توێژەرانی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو بواری ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە پێیانوایە: کە لە داهاتووی نزیک، شەڕی سایبەری یاخود شەڕی تەکنەلۆژی یەکێک لە هەڕەشە گەورەکانی نێو سیاسەتی جیهانی دەبێت، بە تایبەت لە نێوان ئەمریکا لە لایەک و نەیارانی وەک چاینەو ڕووسیا لە لایەکی تر.
زۆر لە مێژە، بێل کلینتۆنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بۆ ئەو هەڕەشە دەکات و داوا دەکات، کە ئەمریکا، پێویستە بودجەو توانایەکی زۆر ئامادە بکات بۆ ڕوو بەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەلیکترۆنی کە سیستەم و سیکوریتی ناو دامەزراوەکانی ئەمریکا تێکبدات بە تایبەتی سیستەمی بانکی. لە ئێستاشدا دەرکەوتووە، کە ئەمریکا سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنیشی لەژێر هاککردن و هەڕەشەی دەستێوەردان دایە. لە چەند ساڵی ڕابردووش ئەمریکاو ئیسرائیل خۆشیان لە ڕێگەی هاککردن و هێرشی ئەلیکترۆنی چوونەتە نێو سیستەمی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران. بۆیە ئەگەرچی لە ئێستادا جیهان لە سەرەتای دەست پێکردنی جەنگێکی ساردی سایبەری دایە، بەڵام بە بۆچوونی شارەزایانی ئەو بوارە لە داهاتوو ئەم شەڕە دەبێتە ڕاستیەکی بەرچاوو کاریگاریەکانی  بە ئاشکرا دەبینرێت لە هاوسەنگی هێز، سیاسەت و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان.

*‌زانکۆی سینسیناتی، ئەمریکا
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand