خۆپیشاندانی بێ سەرۆک!
2020-10-22 20:55:12
ئارام سەعید
ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا بزوتنەوەی نارەزایەتی سەرهەڵدەدات کە سەرۆک یان سەرکردەیان نیە، لەکاتێکدا کە سەدان و بگرە هەزاران و ملیۆنەها لە هەندی شوێن درژێنە سەر شەقامەکان بەبێ سەرکردە، لە عێراق،لوبنان،هۆنگ کۆنگ چیللی لەریگەی سۆشیال میدیاوە گردبونەوەو خۆپیشاندانی گەورەیان کرد کە هەندیکیان گەیشتۆتە گۆرینی حکومەت وەک لە عێراق و لوبنان رویدا.
هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان جیاوازن، لە لوبنان هۆکاری سەرەکی نارازیبونی خەلک بوو لە دانانی باج لەسەر وەتس ئەپ،لە چیللی حکومەت بریاریدا نرخی میترۆ زیاد بکات، لە فەرەنسا هێلەک زەردەکان لەسەر گرانکردنی نرخی بەنزین رژانە سەر شەقامەکان، لە جەزائر پاش ئەوەی بوتەفلیقەی کەنەفت ویستی خۆی بە سەرۆک هەلبژێریتەوە بۆ خولی پێنجەم، لە عێراق کۆمەڵیک دەرچوی زانکۆ داوای دامەزراندنیان کرد و حکومەت توندوتیژ وەلامی دانەوە و خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر دەستی پیکرد تا گەیشتە گۆرینی سەرۆکی حکومەت و هەلوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و چەندین گۆرانکاری تر....
جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە ئەوخالە هاوبەشەیە کە لە هەمویاندا دەبینریت ئەویش سەرکردەو حزبی لەپشتەوە نیە، مانیفیستیکیان نیە، بەلکو لە ریگەی سۆشیال میدیاوە رێکدەخرین و هەرکەس بە سمارت فۆنی خۆی بەشدارەو رێنمایی لە حزبەوە وەرناگرن. هەربۆیە دەسەلاتداران چەند چالاکەوان و نارازی دەگرن و زیندانیان دەکەن بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، خۆپیشاندانەکانی عیراق بە نمونە کە تا ئێستا چەندین کەس غافڵکوژکراوەو رفێندراون و زیندانی کراون، بەلام بەردەوامن.
نەبونی سەرکردە لەو خۆپیشاندانانەدا چەند لایەنیکی باش و خراپی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە حکومەتە ستەمکارەکان ناتوانن بە ئاسانی سەرکوتیان بکەن چونکە نایان ناسنەوەو نازانریت کێ سەرکوت بکەن، پاشان وتوویژ لەگەلیان ئاسان نیە چونکە نازانریت لەگەل کێ وتوویژ بکریت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کەمپەین و نارەزاییانەی لەرێگەی سۆشیال میدیاوە دەکرێن بەشێوەیەکی ئاسۆیی کاردەکات واتە هەیکەلێکی رێکخراوەیی نیە، کەس سەرۆک نیە، جێگر و مەکتەبی سیاسی نیە، هەرکەس لەرێگەی مۆبایل یان لاپتۆپەکەیەوە وەک سەرکردەیەک کاردەکات ، هەموان چالاکوانن دروشم دەنوسن و نارەزایی دەردەبڕن و دەکرێت یەکێک چالاکتر بێت لەوی تر بەڵام کەس سەرۆک نیە! ئەگەر کەسێکیش هەلکەویت ئەوا گروپێکی دەبێت و ناتوانێت ببیتە سەرکردەی هەموان.
" بێ هیچ شکڵێک خۆت نیشان بدە، بێ شکڵ(فۆرم)، وەک ئاو بە" ("كن بلا شكل ، بلا شكل ، مپل الماو") ئەمە ئەو دروشمەیە کە ئیلهامی لە ئەکتەری بەناوبانگ بروس لی یەوە وەرگیراوە کە مەبەستی ئەوەیە بەبی شکل بە بۆ ئەوەی نەتوانن زەفەرت پێ بەرن، ئەو دروشمە بوو کە ماوەی پێنج مانگ خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنک حکومەتیان لەرزاند. بەبێ بونی سەرۆک هەمویان لە سۆشیال میدیاوە بەستراتیژیەتێکی زیرەکانە کاریانکرد. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە چالاکەوانەکان خۆیان ئاشکرا ناکەن لەو ولاتانە وانەیەکە لە رابردو وەریان گرتوە ئەویش کە زیندانیی نەکرێن و بتوانن بەردەوام بن،چونکە زۆر لەو سەرکردانەی ئاشکرا دەبن زیندانیی دەکرێن و تۆمەتی جیاجیایان بۆ دروست دەکەن.
لایەنی خراپی خۆپیشاندانی بێ سەرکردە ئەوەیە هەندیک جار دەبیتە هۆی بەکارهینانی توندوتیژی و لەئەنجامدا پاساو دەداتە دەسەلات بۆ سەرکوتکردن وەک ئەوەی لەگەل هێلەک زەردەکانی فەرەنسادا رویدا، پاشان چیللی و هۆنگ کۆنگ، عێراق و لوبنانییش، کە ئەوەش دەبیت هۆی شکست و کۆتایهاتنی نارەزایەتیەکان.
هۆکاریکی تری ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ سەرکردەیان نیە ئەوەیە ئەوانەی دێنە سەرشەقام یەک ئامانج کۆی نەکردونەتەوە واتە هەر گروپەو لە شتێک نارازیە و ناتوانن یەک پەیامیان هەبێت بۆ هەموان، کە یەک نەگرن لەسەر ئامانجیک ئەوا لەسەر سەرکردەیەکیش کۆک نابن ،ناتوانیت نارەزایەتیەکان یەک بخەیت.
پرسیار ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانانە بەکوێ دەگەن؟ ئایا دەتوانن هەروا بێ سەرکردە بمێننەوەو کۆنترۆڵ لەدەستی خۆیاندا بێت؟