Draw Media

ڕێكخستنەوەی باج، یان گیرفانی خەڵك ڕووتدەكرێتەوە

ڕێكخستنەوەی باج، یان گیرفانی خەڵك ڕووتدەكرێتەوە

2021-01-12 07:30:35


سەرتیپ جەوهەر
ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم زنجیرەیەك بڕیاری بەناوی ڕێكخستنەوەی باج دەركرد، یەكێك لەبڕیارەكانی دانانی باجە لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت.

ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم بەتەواوی پێچەوانەی دەستوریی عێراقییەو هیچ بەهایەكی قانونی نییە. بەپێی دەستوری عیراق ساڵی 2005 لەماددەی 28دا بەڕوونی هاتووە ((هیچ باجێك یان ڕەسمێك ناسەپێنرێت، هەموارناكرێت، لێبوردن نایگرێتەوە، تەنها بەقانون نەبێت)) دەقە عەرەبییەكەشی ((ﻻ ﺘﻔﺭﺽ ﺍﻟﻀﺭﺍﺌﺏ ﻭﺍﻟﺭﺴﻭﻡ، ﻭﻻ ﺘﻌﺩل، ﻭﻻ ﺘﺠﺒﻰ ﻭﻻ ﻴﻌﻔﻰ ﻤﻨﻬﺎ ﺇﻻ ﺒﻘﺎﻨﻭﻥ)).

ئەم بڕیارەی حكومەت دژی دەستوری عێراقەو پێویستە خەڵك پابەندی هیچ بڕیارێكی لەوشێوەیە نەبن، چونكە ڕوتكردنەوەی گیرفانی خەڵكەو هیچیتر، نەخاسمە ئۆتۆمبێلی تایبەت هیچ داهاتێكی نییە تا لەو ڕێگەیەشەوە دەریچەیەك بدۆزنەوە بۆ لێستاندنی پارە لەخەڵك.

بڕیارەكەی حكومەت لەكاتێكدایە كە دوو مانگ جارێك موچە نادرێت‌و لەڕێگەی نادەستوریی پارەیان لێوەردەگیرێت.

جگە لەم بڕیارە ناقانونیە، هاوكات پێشتر بڕیاری ناقانونی هاوشێوە دەركراوە، بۆنمونە هەر لەفەرمانگەی هاتوچۆ پارەیەك بەناوی (ژینگە) لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت كە هیچ بنەمایەكی قانونیی نییە، هاوكات ئەو پارەیەی لەخەڵك وەردەگیرێت بۆ پاراستنی ژینگە بەكارناهێنرێت، ئەمەش دیسان ناقانونیەو جگە لەڕوتكردنەوەی گیرفانی خەڵك شتێكی دیكە نییە. ئەمە جگە لەسەپاندنی غەرامەی هاتوچۆ بەبێ‌ بونی هیچ بنەمایەكی قانونی یەكلاكەرەوە، بۆنمونە پارەی سزای كامێراكانی سەر ڕێگاوبان..هتد.

پێویستە لەسەر پەرلەمانی كوردستان كە لایەنی پەیوەندیدارە، ڕێگا لەبڕیارە نادەستورییەكانی حكومەت بگرێت، چونكە "گوایە" چاودێرە بەسەر حكومەت‌و حكومڕانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand