Draw Media

بەڵێ کاک ئارێز عەبدوڵا، هەرێمێکیتر..!

بەڵێ کاک ئارێز عەبدوڵا، هەرێمێکیتر..!

2021-01-13 14:34:32


عەبدولرەزاق شەریف

یەکەم: سیستەمی هەرێم و دروستکردنی هەرێمەکان وەک ماف و پرەنسیپ بە مادەی دەستوری سەدونۆزدە و یاسای ژمارە سیانزەی ساڵی دوو هەزاروهەشت، رێکخراوە، نوێنەرانی کورد کاریگەر بون لە نوسینەوەیدا، لە پەرلەمانیش دەنگیان پێداوە، دیارە زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش دەنگی بە دەستوری عێراق داوە، مانای پەسەندیان کردوە. ئایا ئەزانی هەرکەس ولایەنێک دژی دەستوری عێراق بێت مانای وایە دژی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.! مافەکانی خەڵک بۆ دروستکردنی هەرێمەکان و شێوازی رێکخستنی ئەرک و پەیوەندییەکانیان زۆر جیاوازە لەو دو ئیدارەییەی لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ سەپێنرا، بۆیە پێکەوە چواندن و بەراوردکردنیان هەڵەیەکە ناکرێ و ناشێ کەسانی ئاگاداری سیاسەت و حوکمڕانی تێی بکەون، بەداخەوە کاک ئارێز تێی کەوتوە .
دوەم: تێکەڵاوکردنەوەی دو ئیدارەی پێشو، بە پێناسەی حوکمڕانی روینەداوە پێم سەیرە کەسێک هەبێ لەم کوردستانەدا شانازی پێوە بکات و بە دەستکەوتی گەورەی بزانێ، سنوری دێگەڵە و پاوانی زۆنەکانی سەوز و زەرد ڕوی قسەکردنی حیزبایەتیان نیە، هەروەک چۆن بیست وهەشت ملیاری قەرز و سەدان ملیار دۆلاری فرۆتنی نەوت روی قسەکردنی حوکمدارێتیان نیە، خۆزگە کاک ئارێز هەندێ لەو دەستکەوتانەی ریز بکردایە کە ئێمە نەمانبیستون.
سێیەم: ئێمە پرۆژەی ( بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی ) مان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بێشەکانی حوکمڕانی عێراق و هەرێمی کوردستان نوسیوە و کاری بۆ ئەکەین و بە تەنیا چارەسەریشی ئەزانین، گەر کاک ئارێز خۆی و هاوڕێ و هاوبەشەکانیان رێگە چارەیەکی تریان بۆ ئەو شێرپەنجەیە هەیە کە لە جەستەی خاک و خەڵکی کوردستاندا چاندویانە، با بەیانی بکەن و ئێمەش وێڕای دەستخۆشی گفتوگۆشی لەسەر ئەکەین .
چوارەم : هیچ کەس نەیوتوە ( گەر سلێمانی بو بە هەرێم راستەوخۆ گەندەڵی و نادادپەروەری کۆتایی دێت )، وەک ئەوەی کاک ئارێز لە روی هەوادارانی پرۆژەکەی ئەدات. بەڵکو وتومانە و کاریشی بۆ دەکەین کە لە بە هەرێمبونی پارێزگای سلێمانیدا، دەستورێکی پێشکەوتو دەنوسینەوە، تیایدا بنەماکانی سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروست ئەچەسپێنین و هەمو پایەکانی هەستانەوە و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و نادادی دروستدەکەین، خەڵکی ئەم شارەش بە فەرهەنگ و مێژوی سیاسی خۆیەوە مقەوەماتی ئەو ئاڵەنگارییەی تێدایە و ئەتوانێ لە ڕەگەوە دڕکەزی و تۆوی ناپاکی و ناڕێکی بیست ونۆ ساڵی حوکمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵبکێشێت. بەڵێ کاک ئارێز لەگەڵ دانانی بەردی یەکەمی ئەو پایە پتەوانەی حوکمڕانی خەڵکی ئەم دەڤەرە هەنگاوی یەکەم بۆ بەختەوەری و رزگاری و ئازادی ئەنێن، پێشکەوتن و گەشەکردنی سیستەمی سیاسی عێراق و پارێزگاکانی تری کوردستانیش لێرەوە دەست پێدەکات، کێشەی دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی هەرێم و پاوانخوازی لە و ناوچەگەرێتیش چارەسەر دەبێت.
پێنجەم: ئەوەی مێژوی سیاسی و حیزبایەتی شاری سلێمانی خوێندبێتەوە هەرگیز مەترسی دروستبونی دیکتاتۆریەت نابینێ و پێشبینی ناکات، حوکمداری شێخ مەحمود و دروستبونی ( پ د ک ، ی ن ک ، ب گ ) و دواتر بەگژاچونەوە یان پشتلێکردنیان، وانەیەکی بەسودە بۆ ئەوانەی ئومێد یان ترسیان لە حوکمی بنەماڵە و دروستبونی دیکتاتۆریەت هەیە . 
شەشەم : بەڵێ کاک ئارێز بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی رێگەیەکی دەستوری و یاساییە، بە دەنگ و ئیرادەی خەڵک جێبەجێ دەکرێت و ئەوەی لە ئەلف و بای دیموکراسیەت تێبگات و بڕوای پێی هەبێت نابێ رێگری لە ویستی خەڵک لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا بکات . 
حەوتەم : ئەو رەحمەی کاک ئارێز داوای ئەکات لە خەڵکی سلێمانی یەوە بۆ خەڵکی هەولێر و دهۆک بتڵیسێتەوە، مایەی قسە لەسەرکردن نیە ، چونکە خوڵقی ئێمە رێگە نادات لە ( بارزانی و تاڵەبانی یەوە ..... هەتا کاک ئارێز ) نمەک سوێریمان بدەینەوە بە رویاندا، ئەگەر مەبەستیشی ئەوەیە لە چنگی پارتی رزگاریان بکەین، سەردەمی شەڕی ناوخۆی هەولێر و کەپک و کڵاوی چیاکان بەسەرچوە و ئەڵێین بە خەباتی دەستوری و یاسایی ئەتوانن چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand