Draw Media

هەژاری، دەردێكی بەردەوام

هەژاری، دەردێكی بەردەوام

2021-01-11 10:05:40


سـەركۆ یونس
لە عێراقی نوێ دا، رۆژ لەدوای رۆژ، قەیرانە ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكان، بەردەوام لەهەڵكشانداندایە، بەبێ ئەوەی هەوڵێك هەبێت بۆ چارەسەركردنیان، هەر دیاردەیەو سەرهەڵدەدات و زیاتر كۆمەڵگا تووشی داڕمان و لێكترازان دەكات.
هەژاری، وەك دەردێكی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی، بەڕۆكی ژیانی نزیكەی یەك لەسەر چواری دانیشتوانی عێراقی گرتووە، ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژەكە بەرزتر دەبێتەوە.
لەساڵی (2020)دا لەپاش سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی عێراقدا، دەرئەنجامی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، كۆمەڵگای عێراقی تووشی دەردێكی بێ دەرمان بووەوە كە ئەویش بێكارییە.
ڕێژەی بێكاری لە عێراقدا، بەرزبوەتەوە بۆ نزیكەی (40%)ی دەستی كاری كۆمەڵگا، ئەمەش بوو بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی.
بەپێی ئامارەكان، ڕێژەی هەژاری بەتێكڕا نزیكبووەتەوە لە (31.6%)ی دانیشتوان، واتە نزیكەی (11 ملیۆن‌و 400 هەزار) كەس لەعێراقدا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. لەهەندێ پارێزگای باشوردا (50%)ی تێپەڕاندووە.
لەم چەند خاڵەدا، هۆكارە سەرەكییەكان، بەكورتی دەستنیشان دەكەین:
یەكەم: سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس و لێكەوتەكانی، قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاوەستانی جموجوڵی بازرگانی نێوان شارو پارێزگاكان، بێكاربونی ڕێژەیەكی بەرزی كاركەران لەكاری تایبەت و كۆمپانیاكان و كاروچالاكی ناو بازاڕەكان.
دووەم: دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا، بێ گومان ئەمەش بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناڤایرۆسەوە، نرخی بەرمیلی نەوت، بۆ كەمترین ئاستی جیهانی دابەزی و خواست تاڕادەی نەمان كەمبووەوە، هەر ئەمەش بوو بەهۆی كەمبونەوەی داهاتەكانی عێراق و دەرئەنجام داهاتی تاك بەڕێژەی (22%) دابەزیوە.
سێیەم: بوونی دیاردەی گەندەڵی لەزۆربەی جومگەكانی حكومڕانی دەوڵەتدا، بەجۆرێك هیچ كارێك بەبێ پێدانی بەرتیل و نەبوونی واستە، جێ بەجێ ناكرێت.
بەپێی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتیەكان، عێراق، لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایەو پلەی (12)ی گرتووە!
چوارەم: لەدوای ساڵی (2003)ەوە، هاتنە سەر حكومی سەركردە عێراقیەكان، نزیكەی (365) ملیار دۆلار لەسەروەت و سامانی عێراق، دیار نەماوەو لەلایەن چینێكی سیاسی گەندەڵكارانەوە، بەفیڕۆ دراوە.
پێنجەم: كێشمەكێشە سیاسی و ناكۆكییە مەزهەبی و تایفییەكان، باری سەرشانی هاوڵاتیانی عێراقی، قورستر كردوە، سەرەڕای هەموو ئەو شەڕانەی بەهۆی گروپە توندئاژۆكانەوە، ژێرخانی ئابوری عێراق، توشی خراپترین داڕمان بووەتەوە. بەجۆرێك نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك كارەباو ئاوی خاوێن، بەڕێژەیەكی كەم دەگاتە دەست دانیشتوان، واقعی ژیان و گوزەرانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن.
شەشەم: دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی، جارێكی تر بارگرانی سەرشانی چینی مامناوەندو هەژارانی قورستر كردوە، چونكە دینار لەدوای لەدەستدانی بەهاكەی بەڕێژەی (20%) توانای هێزی شت كڕینی زیاتر دادەبەزێت، لەگەڵ هەڵاوسانی بازاڕدا خواست و ئارەزوی هەژاران كەمتر دەكاتەوە، سەرئەنجام ناتوانرێت پێویستییەكان پڕبكرێنەوە، بەمەش ڕێژەی چینی هەژاران زیاتر دەبێت و ژنانیش باجی قورسی ئەم بارودۆخە دەدەن.
لەلایەكی ترەوە، پشكی بودجەی سەربازی و ئاسایش لە عێراقدا زۆرترین بڕی بۆ تەرخان دەكرێت، بەجۆرێك زۆرترین بەشە بودجە، بۆ بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی تەرخان دەكرێت!
هەموو ئەمانەو چەندین هۆكاری تر، بوونەتە هۆی زیادبونی ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانیەكان. ئایندەی عێراق، زیاتر دژواتر دەبێت، جیاوازی چینایەتی، نێوان دەوڵەمەند و هەژاران، فراوانتر دەبێت، لەهەمانكاتدا ڕێژەی هەژاریی نزیك دەبێتەوە لە (60% بـۆ 70%)ی دانیشتوان!
خۆشبەختانە، تاڕادەیەك پارێزگاكانی هەرێم بەبەراورد بە پارێزگاكانی تر، ڕێژەیەكی كەمتری هەژاری تێدایە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، كە هەژاری لە هەرێم نییە، بەڵكو هەیە و ئەگەر بارودۆخی ئابوری، سیاسی، بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمیش وەك ناوچەكانی تری عێراق، لەهەڵكشاندا دەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand