خێڵ و فیرقەی دینیی و مرۆڤی جنێوفرۆش

2025-09-21 09:27:08
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە سیستمی سیاسیی داخراو یارمەتی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی داخراو و سیستمی سیاسیی کراوە یارمەتی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی کراوە دەدات. پەیوەندیی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگا، یان سیاسەت و ژیانی کۆمەڵەیتیی، پەیوەندییەکی یەکسەرە و یەک ئاراستە نییە. نە سیاسەت بە تەنها کۆمەڵگا دروستدەکات و نە سیاسەتیش رەنگدانەوەیەکی میکانیکیانەی دۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگایە. بە زمانە مارکسییە بدوێین دەشێت قسە لە بوونی پەیوەندییەکی دیالێکتیکی بکەین لە نێوان کۆمەڵگا و سیاسەت و سیاسەت و کۆمەڵگادا. واتە هەردوو لایەنەکە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و هەردوولا کاریگەریی لەسەر یەکتری جێدەهێڵن.
خۆ ئەگەر وەک ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەمریکیی، هانا ئارێنت، سیاسەتمان وەک «چالاکیی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی و پێکەوەیی و هاوبەش» ببینی، یان وەک چالاکی «دروستکردنی جیهانهکی هاوبەش»، ئەوا ئەوەدەم دەکرێت هەنگاوێک زیاتر بچینە پێشەوە و بڵێین زۆرجار سیاسەت چالاکییەکی دەستنیشانکەر و دروستکەری ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییانەیە کە لە کۆمەڵگادا باڵادەستدەبن و هەیمەنە دەکەن. ئەمە وادەکات سیاسەت تەنیا ڕەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵگاکە نەبێت، بەڵکو هێزێکبێت چالاکانە بەها و نۆرم و پلەبەندیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ناسنامەش دروستبکات. یان لانیکەم ناسنامەی کۆمەڵگاکە و مرۆڤەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە قاڵب بدات و مرۆڤەکان بەم یان بەو هەڵبژاردە ناچاربکات.
ئەو یاسا و بەهایانەی سیاسەت دروستیاندەکات، ئەو شێوازی ئیدارەدانەی دایان دەهێنێت، ئەو بەهایانەی سەروەریان دەکات، بەشێکی بەرچاوی ژیانی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگا پێکدەهێنن. بۆ نموونە چۆن داهاتەکان دابەش بکرێن، چ جۆرە سیستمێکی پەروەردە و خوێندن هەبێت، کام جۆر لە میدیا هەبێت و بە چ شێوەیەک کاربکات، ماف تا کوێ هەبێت یان نەبێت، چی یاساغ و چی نایاساغ بێت، هتد...زۆرینەی ئەمانە سیاسەت دەستنیشانیان دەکات و سیاسەت دەیانخاتە کار. بەم مانایە، وەک فوکۆ دەڵێت، دەسەڵات، بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسیی، تەنها دەسەڵاتێکی چەپێنەر و سەرکوتکەر و کۆنترۆڵکەر نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی بەرهەمهێنەریشە. ئەم دەسەڵاتە چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و تەنانەت تێگەیشتنی مرۆڤەکانیش لە خۆیان و لە کۆمە`لگاکەیان، لە قاڵب دەدات و ئاراستەیان دەکات. لای فوکۆ هەم «بیۆ پۆلەتیک»،،biopolitics، سیاسەتی بایۆلۆژیی و هەم «حکومەتکردن»، governmentality، دوو فۆرمی دەسەڵاتن کە یەکەمیان چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتوان و دووهەمیان رەفتار و کرداری خەڵک ئاراستەدەکات.
هەموو ئەمانەش کاریگەریی گەورە لەسەر ژیانی گشتیی و لەسەر کۆمەڵگا وەک گشتێک و لەسەر خودی تاکەکەسەکانیش، بەجێدەهێڵن. کۆمەڵگای ئێرانی، بۆ نموونە، بەر لە هاتنی خومەینی کۆمەڵگایەک بوو بەشێوەیەکی بەرفراوان عەلمانیی بوو، پێگەی ژنان و پەیوەندیی نێوان نێر و مێ کرانەوەیەکی گەورەی تێدابوو، سیستمی خوێندن سیستمێکی نادینیی و یاساکانی دەوڵەت خۆیشی یاسای نادینیی بوون، هتد... بەڵام خومەینی لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، لە رێگای دەسەڵاتی سیاسییەوە، سەرجەمی ئەم شتانەی گۆریی و کۆمەڵگاکەی بە شێوەیەکی شاقوڵیی دەسکاریکرد و دەزگاکان و فەرهەنگ و پەیوەندییەکانی ناوی گۆریی و بەشێکی گەورەیانی کرد بە دەزگا و فەرهەنگ و پەیوەندیی دینیی داخراو و لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەش بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکەی، داڕشتەوە و لەقاڵب دا. لەم جۆرە دۆخانەدا سیاسەت «ڕەنگدانەوە»ی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو «ئەندازیار»ی کۆمەڵگایە و وەک ئەندازیارێکیش بونیاد و پەیکەری کۆمەڵگاکە دادەرێژێت و سەروەردەکات.
لە دونیای ئێمەدا دەسەڵاتی سیاسیی دەسەڵاتێکی حیزبیی و لەناو حیزبیشدا دەسەڵاتێکی بنەماڵەییە. ئەمەش وایکردوە سەپاندنی لۆژیکی بنەماڵە بەسەر سەرجەمی دەزگاکان و کایەکان و پەیوەندییەکاندا چالاکانە کاربکات. بنەماڵەکان، بۆ نموونە، دەیانەوێت شوناسێک بۆ کۆمەڵگای ئێمە دروستبکەن، بگونجێت لەگەڵ شوناسی خۆیان و لۆژیکی دروستکردنی شوناس لەلایەن خۆیانەوە. مادام خۆیان خێزان و بنەماڵەی داخراون، بۆیە دەیانەوێت لەسەر هەمان مۆدێل کۆمەڵگایەک دروستبکەن پر لە گروپی داخراو و بێپەیوەندیی و ناکۆک بەیەکتری. ئەمەش وادەکات یەکێک لە ستراتیژە سەرەکییەکانی ئەم فۆرمە لە حوکمرانیی بریتیبێت لە «زیندوکردنەوەی خێڵ» و گەشەدانێکی سیستماتیکی بە پرۆسەی «بەخێڵکردنەوەی کۆمەڵگا».
ئەم سیاسەتی زیندوکردنەوەی خێڵ و بەخێڵکردنەوەیەی کۆمەڵگاش دەخوازێت، ئەو چینی ناوەندە، کە خوێندن و گەشەکردنی ئابوریی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە دروستیکردوە، لەناوببات و ئەندامەکانی ئەم چینە ناچار بە گەڕانەوە بۆ باوەشی خێڵ و چوونەوە ناو پەیوەندییە خێڵەکییەکان، بکات. ئەم سیاسەتی بەخێلکردنەوەیەش پشت دەکاتە دوو شت و دژیان دەوەستێتەوە. یەکەمیان مەسەلەی هاوڵاتیبوونە لە سادەترین ماناکانیدا. دووهەمیان لەناوبردنی سەرجەمی ئەو بەها و ئەخلاقیاتە مەدەنییە تازانەیە، کە دەچنە ئەودیوی بەهاکانی خێڵ و گروپی داخراو و ئینتیمای بچووک و ناوچەییەوە. بەمانایەکی دیکە ئەم سیاسەتە نەک تەنها رێ لەو دەگرێتی ئینتیما سونەتییەکان بگۆڕێن و ببن بۆ ئینتیمانی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، بەڵکو ئینتیما نیشتیمانیەکەش بە ئینتیمای خێلەکیی و خێزانیی و ناوچەیی داخراو گەمارۆ بدات.
بە کورتییەکەی، ئەو خواست و ستراتیژیەتە سیاسییەی باسمانکرد سەرجەمی سیستمی حوکمڕانیەکە و فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات تەرخاندەکات بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە سونەتییەکان و دروستکردنەوەی بەردەوامی شوناسە داخراوەکان و رێگرتن لە دروستبوونی هەلومەرجی دروستبوونی ژیانێکی سیاسیی نوێ و کراوە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و نیشتیمانیبوون.
هاوشان بەمە هێزە ئیسلامییەکانیش، وەک هێزی ئۆپۆزیسیۆن، گەشە بە شوناسێکی دینیی، زۆرجار مەزهەبی، ئەدەن کە ئەویش بەشێوەیەکی تر کۆمەڵگاکە لەسەر بنەمای مەزهەب و فیرقە و تائیفەی دینیی بەش بەش و پارچەپارچە دەکات.
دابەشکردنەکانی هێزە ئیسلامییەکان بۆ مرۆڤ لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و هاونیشتیمانیبوون نییە، بەڵکو، بە پلەی یەکەم، دابەشکردنە لەسەر بنەمای دین و دینداریی، دوای ئەوەش دابەشکردنە لەسەر بنەمای دابەشبوونەکانی ناو دین خۆیشی: حەنبەلی، ئەشعەری، سەلەفی، سوفی، سونە، شیعە، هتد.. بە مانایەکی دیکە لە کاتێکدا هێزە نادینییەکان کۆمەڵگاکە لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامی سەرلەنوێ بەخێڵکردنەوەدا نووقمدەکەن، هێزە ئیسلامییەکان، کۆمەڵگاکە لەناو زیندووکردنەوەی فیرقە و مەزهەبە دینییە ناکۆک و یەکتر نەفیکەرەکاندا، نیشتەجێدەکەن.
هەردوو ستراتیژیەتەکەش جگە لە پارچەپارچەبوونی زیاتر و قووڵترکردنەوەی ناکۆکییەکان، هیچی تریان لێ سەوز نابێت.
هاوشان بەم سیاسەتی دابەش و پارچەپارچەکردنە، گەشەش بە دیدگایەک بۆ «پێشکەوتن» و «تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی» دراوە کە کورتیکردونەتەوە بۆ گەورەبوون و هەمەجۆرەبوونی تواناکانی بەرخۆریی. بڕ و ڕادە و جۆری بەرخۆریی بووە بە پێوەری پێوانی بڕ و رادە و جۆری پێشکەوتن و تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی. توانای مەسرەف و پارە خەرجکردن گۆڕاوە بۆ ئەو ئایدیالە سەرەکییەی لە کۆمەڵگاکەدا بەرزکراوەتەوە.
بەرخۆرییش بەتەنها، واتە بەرخۆرییەک دابراو لە ئابورییەکی بەهێز و لە ئامادەگیی لانی هەرەکەمی دادپەروەریی، بەرخۆریی بەبێ ئازادیی و یەکسانیی،بەبێ ئامادەگیی چەمکی هاوڵاتیبوون و لە دۆخی نەبوونی دەسەڵاتی یاسادا، جگە لە مرۆڤێکی بەرخۆری نارسیستی بیمار و نابەرپرسیار و ناچالاک، هیچی تری لێ دروستنابێت.
گەر مەسەلەکە کورتبکەینەوە دەکرێت بڵێین. سیاسەتی نادینیی لە کۆمەڵگاکەدا خێڵ و خێڵگەرایی زیندوودەکاتەوە. هێزی دینییەکان فیرقە و مەزهەب و گروپە دینییە ناکۆک بەیەکەکان بەرهەمدەهێننەوە. بەرخۆرییش مرۆڤێکی ئەنانیی خۆویست و نابەپرسیار.
تێکەڵبوونی ئەم سیانەش بەیەکتری ئەو مۆدێلەی لە مرۆڤی جنێوفرۆش و پەلاماردەرە نابەرپرسیار و دابڕاوەی لە هەر بەهایەک، دروستکردوە، کە ئەمڕۆە لە زیاد لە شوێنێکدا روومان بە ڕوویاندا دەتەقێتەوە.
