Draw Media

بەرهەم ساڵح چى دەکات ؟

بەرهەم ساڵح چى دەکات ؟

2021-01-12 19:54:13


حلمى رەسول رەزا 
سەرەتا با لە لوغزى خودى ئەو پرسیارەوە دەستپێبکەم، کە زۆر جار لەناو سۆسیال میدیاو لەزمانى زۆر کەسى سیاسییەوە بەدەلالەتى جیاواز جیاواز دەبیسترێت و فرێدەدرێتە ناو خەڵکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ خاوەن پرسیارەکە، لاى وایە دکتۆر بەرهەم کەسێکى جیاوازى ناو دنیایى سیاسى ئێمەیە بۆیە ئەو حەقە بەخۆى ئەدات لەناو هەموو ئەو سیاسیانەى ناوکایەى حزبى کوردى و عەرەبى، پرسیارە بەرەو رووى ئەو بکاتەوە، گەر دەوترێت پەیوەندى بەپۆستەکەیەوە هەیە، ئەى پێشتر هەر بەمەست و لە لوغزێکى ترى سیاسییەوە باس لەوە نەکرا کە پۆستەکە تەشریفاتیەو هیچ دەسەڵاتێکى نییە! با لەوەش گەرێت مەبەستى پرسیارەکە چییە، بەڵام ئاخۆ ئەوەى ئەو پرسیارە ئەکات، بەحەقیانەتەوە  دادوەرى لەوە کردوە کە لەوەتى دکتۆر بەرهەم بووە بەسەرۆک کۆمار چى کردوە و بەوردى چاودێرى هەنگاوەکانى کردوە، یان  ئەو پرسیارە تەنها هەر بۆ ئەوەیە، لەپشتیەوە هەموو کێشەو گرفتەکانى نێوان بەغداد و هەولێر، کوردو عەرەب، کێشەى ئابورى و نەبوونى مووچەو شتەکانى تریش گەر نەخاتە سەر شانى ئەوا بیکاتە بەشێک لەکێشەکان و بەوەش دکتۆر بەرهەم هاوتا بکەنەوە بەهەموو ئەو کەسایەتییە سیاسى و حزبیانەى بوونە هۆکارى هەموو ئەو ئاڵۆزیانەى ئەمرۆ بەرەو رووى هەرێم و خەڵکیش بووەتەوە. 

  لە مێژووى ئیمپراتۆریەتى فارسیدا و بۆ توێژینەوە لە لایەنە جیاوازەکانى ژیانى ئەو ئیمپراتۆریەتە  توێژەران زیاتر پشت بە سەرچاوە یۆنانیەکان دەبەستن؛ تاکە هۆکاریش ئەوەیە، یۆنانیەکان دوژمنى فارسەکان بوونە کەچى بەو پەڕى ئەمانەتەوە رووداوەکانیان تۆمار کردوە. دیارە ئەم رستەیە بۆ رووداوە مێژووییەکانى تریش هەر راستن، بەوەى کەم دەبینرێ کەسى رکابەر راستیەکە بە ئەمانەتەوە بگەیەنێ، کاتێ دەشى گەیەنێ ئەوا گومان لەسەر راستى و دروستى زانیاریەکە نامێنێ.
لە دەرەوەى کایەى حزبى کوردى و سیاسى کورد، کەبەداخەوە خۆیان تا بینەقاقایان لە کەموکورتى چەقیوەو هەر خۆشیان بەرپرسیارى دۆخەکەن، دکتۆر بەرهەم وەک کەسایەتیەکى سیاسى بیرتیژو چالاک و بەزموون سەیردەکرێت، جگە لەو رێزو پێگەیەى لەناو دنیاى دەرەوە هەیەتى، تەنانەت عەرەبەکانیش؛ چونکە لەدەرەوەى حەسادەت و بوغزە سیاسییەکەى کورد وەستاون، لە سیاسى و حزبیەکانى خۆشمان باشتر کارەکانى هەڵدەسەنگێنن، ئەمرۆ یەکێک لە سەرکردە سیاسیەکانى شیعەکان بەناوى "بەها ئەعرەجى" پەردەى لەسەر ئەو راستیە لاداو ئاشکراى کرد سەرۆک کۆمار وەک سەربازێکى ون بە شەوو بە رۆژ سەرقاڵى ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێ و خواستى خەڵکى بەدى بێت. 
ئەگەر یەک تۆز بە وردى لەم کارە وورد بینەوە کە ئێستا سەرۆک کۆمار دەستى داوەتێ، ئەوە دەردەکەوێت یەکێک لەبنەماکانى دەوڵەتى دیموکراتى و گەرانەوە بۆ راى خەڵک  بریتیە لە پرسى هەڵبژاردن کە بەداخەوە لەدواى ٢٠٠٣ەوە خەڵکى عیراق خەونى پێوە دەبینن و بەدەست گەمە پێکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانەوە دەناڵێنن. 
ئێستا بەرهەم ساڵح، لە لوتکەى دەسەڵاتەوە داوا دەکات ، تەزویرى هەڵبژاردنەکان بنەبڕ بکرێت و کارى بۆ کردوەو بەکردەوە سەرقافڵەى ئەم هەنگاوەیە، دەیەوێ لە جیاتى دەستخستنە بازاڕ و پاوانکردنى دەروازە سنوریەکان بۆ بەرژەوەندى حزب دەوڵەتدارى بکرێت و داهاتەکان بچنەوە خزمەتى خەڵکى، دەیەوێ میدیا ئازاد بکرێت و چاودێرێکى راستەقینە بێت بەسەر حکومەتەوەو هەرجارەى خۆشى دەڵێ پێویست نەکات پارە بدزرێ و بدرێـتە میدیا بۆ ئەوەى پینەو پەڕۆى گەندەڵى و کەم و کورتى پێ بکرێت، دەیەوێ دادگا دەستى کراوە بێت لە موحاسەبەکردنى هەرکەسێک درامەتى وڵات بە فیرۆ دەدات، بەکورتى دەیەوێ حوکمى رەشید بچەسپێ، بەڵام هەموو ئەوانەى پێدەکرێت یان نا،  ئەو شتێکى ترە، هەرچەند زۆرجار بەهۆى هەڵوێستەکانیەوە مەترسى لەسەر ژیانى خۆشى دروست کردوە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە خۆى هیچ کات بەشێک نەبووە لەو خراپەکاریانەى ئەم دۆخەیان دروست کردوە، نە منداڵ و کەسى نزیکى خۆى بەشدارى بازرگانى و سیاسەت پێکردوە، نە خۆشى بەشێک بووە لەوەى هۆکاربێت بۆ تێکدان و ئاڵۆزى دۆخى کوردستان، بۆیە هەقە ئەوەى دەیەوێت بە لوغزى سیاسییەوە ئەو پرسیارە ئاراستەى دکتۆر بەرهەم بکات، لەپێشدا لە وێوە دەستپێبکات خۆ گەر ئەو ئەوکارانەشى بەهەر هۆیەوە وەک خۆى  بۆ ئەنجام نەدرابێت کە ئەمرۆ خەڵک چاوەرێى دەکەن، لەبەرامبەریشدا ئەوکارانەى ئەنجام نەداوە کە ئەم دۆخە خراپەى ئەمرۆیان بۆ خەڵک دروست کردوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand