Draw Media

ئەوە عەرەبە تێی هەڵدە !

ئەوە عەرەبە تێی هەڵدە !

2021-01-13 08:55:56


ئەبو كاروان
ماشێنێكی گەوەرەی میدیا خراوەتە خزمەتی بیری شۆڤێنیزمی نەتەوایەتی، ئەو بیرەی كە كورد خۆی گەورەترین قوربانی دەستێتی، هەنوكە حیزبەكانی دەسەڵات‌و هەندێ نوخبەی تری دەسەڵات كەوتونە تێژ‌كردنی، بازاڕێكیان بۆ گەرم كردووە كە لەڕووی شكڵەوە پیشاندانی دڵسۆزییە بۆ نەتەوەو هەستكردنە بە هەڕەشەو ناوەڕۆكەكەی بریتیە لە لابردنی فۆكس بۆسەر داوای ڕەوای خەڵكی لەناوخۆی كوردستان، هەناردەكردنی هۆكاری قەیران‌و دەردەسەرییەكان بۆ دەرەوە، بۆ خستەنە ئەستۆی ئەوانی تر. 
ئەم ماشێنە ئیعلامییە بێ كاریگەر نابێ، ئاسەواری خۆی لەنێو خەڵكێكی بەرچاو بەجێهێشووە، دواینیان ڕووداوەكەی سەری ساڵی فاملی مۆڵ بوو. 
شەوی سەری ساڵی لەبەردەم (فامیلی مۆڵ)ی هەولێر پایتەخت، هێرش كرایەسەر پاسی گەشتیارانی بەغداو شارەكانی تری  باشورو ناوەڕاستی عێراق، هاواری گەنجانی كورد لەژێر ناو و دروشمی (ئەوە عەرەبەو تێی هەڵدە)، شەرمەزارییەكی تری تۆمار كرد بۆ دەسەڵاتداران، چونكی داوای لێبوردن‌و هەوڵدانی زیندانیكردن‌و سزادانییان ڕووی دەسەڵات‌و بەرپرسانی سپی ناكاتەوە، لەبەر‌وەوەی ئاڕاستەی بیری شوڤینیەت دەمێكە كاری لەسەر دەكرێت‌و بڵاوكردنەوەی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌و لەچاوپێكەوتن‌و نوسینەكاندا هاندەرن بۆ ئەوەی ئەو ڕەفتارو كردارانە دووبارەو دەبارە بێتەوە، ئەو شیوازە لەلایەن بەرپرس‌و سەركردەكانەوە بڵاودەكرێتەوە بە چەپ‌و ڕاستەوە، پێچەوانەی ساڵانی تیكۆشانی حزبە سیاسییەكان‌و خەباتی گەلی كوردستانەوەیە، دوورە لە هەموو داب‌و نەریتێكی كۆمەڵگای كوردستان، دوورە لە ڕەوشت‌و كلتووری لێبورەدیی‌و برایەتی گەلان‌و بەیەكەوە ژیانی ئاشتییانەو مروڤدۆستانەی خەڵكی كوردستان‌و حزب‌و لایەنەكانێتی لە ڕابوردودا، گەڕانەوەیە لەدروشمی (دیمكراتیەت بۆ عیراق‌و حوكمی زاتی یان حوكمی زاتی حقیقی یان فیدرالیەت بۆ كوردستان). 
گرێمان خەباتمان بەردەوامە بۆ سەربەخۆیی كوردستان‌و دامەزراندنی دەوڵەت، ئەوا  دیموكراتیەت‌و برایەتی گەلان‌و ئاشتی‌و ئازادییەكان‌و مافی مرۆڤ، دروشمی سەرەكی دەوڵەتی كوردستان بێت نەك شەڕی كوردو عەرەب‌و نەتەوەكانی تر.
لەوەتەی گەلی كوردستان هەیە، بەشوڕش‌و بەرخودانی حزب‌و لایەنە سیاسییەكانییەوە بۆ جاریكیش نەمان بیستووە كێشەی گەلی كوردستانیان كردبێتە شەڕی كوردو عەرەب، بەڵكو بەردەوام وتراوە كیشەی ئێمە، كێشەی گەلی كوردستان، لەگەڵ حوكمڕانانی بەغدایە نەك نەتەوەی عەرەب.
دیسان دەڵێم لێدانی گەشتیاران لە نەتەوەی عەرەب پەیوەندی بە ئاڕاستەی بڵاوكردنەوەی بیری شوڤێنییەتەوەیە كە لەم ساڵانەی دوایدا بە دووكەڵی ڕەش قاندەدرێت‌و تا كار بگاتە ئەوەی كادریكی بیری چەپ بڵێت لەكاتی شەڕی داعش، دەبوو هێزی پێشمەرگە (سد مۆسڵ)ی بتەقاندایەتەوە بۆ ئەوەی دوو ملیون عەرەب  بە ئاو بخنكایە.
وریابن‌و قەیرانەكان زیاتر مەكەن، كێشەكان زۆرتر مەكەن، شەڕی عەرەب‌و كورد بەرپامەكەن، ئەی لایەنگرانی دەسەڵات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand