قسەیەک لەبارەی شێخی سیاسی

Draw Media

2021-01-13 12:40:00



 
جەعفەر عەلی
 لە ماوەی رابردوودا، تەکیەی قادری کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، قسە و باسی زۆری لەبارەوە کرا، زۆرترین سەردانی سیاسییەکان و چاوی سۆشیال-میدیا لەسەر شێخی نوێ، نەھرۆ کەسنەزانی بوو.

ئەمڕۆ لەم تەکیەیەدا پیاوێکی ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا رێبەر و مورشیدی باڵای تەریقەتە. لە سەرۆک کۆمارەوە تا ھاوسەرۆکانی یەکێتی سەردانی دەکەن، خۆیشی لە ھەولێر و پیرمام لە جوڵەی سیاسیدایە و سەردانی خێزانی سیاسی بارزانی و دەسەڵاتی یەکەمی کوردستان دەکات.

لە بارەگای تەریقەتەوە لە سلێمانی پێشوازی لە میوانەکانی دەکات، وەک پیاوی تەبایی، ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە یەکەوە ژیان و رێککەوتن، قسە بۆ ئامادەبوان دەکات، رێنوێنیان دەکات و مژدەیان پێدەدات. ئەو نایەوێ و پێناچێ بەوەش رازیبێت بە تەنیا وەک شێخێکی تەریقەت دەرکەوێ، بەڵکو گەرەکییەتی لە تونێڵی تەریقەتەوە بپەڕێتەوە بۆ ناو دونیای سیاسی. ھەرچەندە  پێشتریش چووەتە ناو ململانێ و کێبڕکێی ھەڵبژاردنی عیراق و ویستویەتی وەک لیستێکی پەرلەمانی و قەوارەیەکی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا وەک سیاسییەک دەرکەوێ و بناسرێت، بەڵام نە چانس یاوەری بوو، نە کەشف و کەرامات فریای کەوت تا لە ئامانجە سیاسییەکەی نزیکی بخاتەوە. 

دوای مردنی شێخ محەمەدی باوکی و دانیشتنی لەسەر کورسی باڵای شێخی باوک و وەرگرتنی گۆچانەکەی، دەیەوێ بە رێگەیەکی خێراتر بە ئامانجە کۆنەکەی بگات. ئەمجارەیان وەک کەسی یەکەم و رێبەری باڵای تەریقەت، لە رێی سودوەرگرتن لە سەرمایەی رەمزی دینییەوە دەیەوێت وەک یاریکەر و ژمارەیەکی سیاسی گەورە و حیساب بۆکراو، ھەم لە مەیدانەکەدا دەرکەوێ، ھەم بە ئامانج و خەونە سیاسی و شەخسییەکانی شاد بێت.

لەگەڵ دانیشتنی لەسەر کورسی باڵای تەریقەت، ھەنگاوی یەکەمی بۆ ناو دونیای خەونە سیاسییەکانی لە رێی کردنەوەی دەرگای تەکیەی قادری کەسنەزانییەوە بۆ سیاسییەکانی سلێمانی و لە دەرگادانی سیاسییەکانی ھەولێر دەستی پێکرد. وێڕای ھەوڵدان بۆ نمایشی دەسەڵات و پێگەی جەماوەری، کاتێک لە بوونی کەرەنتینە و قەدەغەی ھاتووچۆدا، سنورەکانی پارێزبەندی تەندروستی و رێنماییەکانی خۆپارێزی حکومەت دەشکێنێ و لە بارەگاکەیەوە پێشوازی لەو مورید و دەروێشانە دەکات، کە لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەوەی ھەرێمدا روویان لە تەکیەکەی دەکرد.

سەردان و پێشوازییەکانی شێخی کوڕ، یان شێخی نوێ، بە تەنیا رواڵەتی و کۆمەڵایەتی نین، بەڵکو بەرگی سیاسەتیان پۆشیوەو ھەوڵێکە بۆ بەکارھێنانی پێگە و کورسی دینی بۆ دانیشتن لەسەر کورسی سیاسەت. ئەم مۆدێلی ئاوێتەکردنی تەریقەت بە سیاسەت، نە بۆ ئێمە شتێکی تازەیە، نە بۆ گەلانی ناوچەکە و دونیا. تەریقەت و مەزھەب و دین، جگە لە کورد، لە تورکیا، سعودیە، لیبیا، جەزائیر، ئێران، ئیسرائیل، عیراق و تەنانەت لە ئەوروپاشدا، رۆڵی لە سیاسەت و ململانێی سیاسی و پێکھێنانی نەتەوە و بونیادنانی دەوڵەتیشدا بینیوە. ئەوەی شێخ نەھرۆ دەیکات، نە شتێکی تازەیە، نە ئەزمونێکی تاقینەکراوەیە. ئەگەر شتێکی نوێ لەم دونیابینییەی شێخ نەھرۆدا ھەبێت، ھەر ئەوەیە کە ئەزمونێکی کۆن لە دونیایەکی نوێدا تاقیدەکاتەوە و بە ئامراز و کەرەستە و عەقڵی رابردوو، ئێستا دەخوێنێتەوە، تۆینبی گوتەنی، ھەڵگرتنی شەرابێکی نوێ لە شوشەیەکی کۆندا، کە سەرەنجام دەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بە شەراب و شوشەکەش، چونکە شوشە کۆنەکە بەرگەی گەنینی شەرابە نوێکە ناگرێت و دەشکێت. بۆ ئەوەی شەراب و شوشەکەش پارێزراو بمێنن، دەبێ شەرابی نوێ لە شوشەی نوێدا ھەڵبگیرێت. کۆمەڵگە و ژیانی نوێ، بە عەقڵ و فیکری نوێ مامەڵە بکرێت. ئەوەی شێخ نەھرۆ دەخوازێ لە دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا تاقیبکاتەوە، پارادۆکسی ھەڵگرتنی شەرابە نوێکەیە لە شوشەی کۆندا. 

سیاسەت بە کەشف و کەرامات، پێشنیازی مەراسیمی سازکردنی چلە، بە زنجیر و شیر و زەرگ لە خۆدان و توانەوە لە بوونی خاڵقدا ناکرێت، سیاسەت نابێت قاچەکانمان لەسەر زەمینەوە بگوازێتەوە بۆ ئاسمان. سیاسەت، ئارێنت گوتەنی، واتە ئازادی. لە یاسا و دیسپلین و پرەنسیپەکانی تەریقەت و دەروێشیشدا چەمانەوە ھەیە، بەڵام ئازادی نا. 

مرۆڤ کاتێک دەچێتە جیھانی دەروێشییەوە و حاڵ دەگرێت، وەک بوونێک وجودی نامێنێ، کاتێکیش تۆ وەک بوونێک بەرەو ونبون چوویت، ئەو کات ئازادیشت دۆڕاندوە، بۆیە گەڕان بە دوای خەونە سیاسییەکان لە سەردەم و رۆژگارێکی نوێدا، بە کەرەستە و ئامرازی کۆن ناکرێت. دەتوانی بە رێگەی کۆن ئەڵقە بازنەییەکانی زیکری تەریقەت و دەروێشانە گەرم و بەتینتر بکەی، بەڵام ناتوانیت کۆمەڵگە ببەیتەوە، دەتوانی وابکەی ژمارەیەک، بگرە ھەزاران لە مورید و پەیڕەوان و دەروێشەکانت بۆ دەست ماچکردن تا سەر ئەژنۆ بنوشتێنیتەوە، بەڵام ناتوانیت لە پێش کۆمەڵگەوە بڕۆیت.

ئەوەی شێخ نەھرۆ و ھەر شێخێکی دیکە گرنگە بیزانێت، ئەوەیە کە ئەم کەرەستە کۆنانەی بەردەستیان بۆ بیناکردن و ھێنانەدی خەون و ئامانجی تازە لە سەردەمێکی گۆڕاو و نوێدا، گونجاو نین. دونیای ئاڵۆز و پێشکەوتووی ئەمڕۆ بە کەشف و کەرامات و زیکر و حاڵی دەروێشانە ناخوێنرێتەوە.   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand