ئاسۆ حاجی پەرچەکرداری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان تورکیا و ئێران شتێکی نوێی تێدا نەبوو، ئەوان سەت ساڵ زیاترە ناوی کورد و کوردستانیان قبوڵ نیە و هەموو توانای فکری و ئابوری و لەشکری خۆیان لەو خاڵە چڕ کردۆتەوە ‘چۆن کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان لە بوون بسڕنەوە’، ئەوە کرداری سەت ساڵی رابردوویان بووە، هەموو دونیا گۆڕا و تێڕوانین و بۆچوون و بەرژەوەندیەکان گۆڕانیان بەسەر داهات تەنها عەقلیەتی داگیرکاری و زاڵی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک خۆی ماوەتەوە و ئەوەش لە پەرچەکرداریان لە بەرامبەر پولەکەی پاپا بە روونی وەدیارکەوت و پەیامێکیان بە کورد دا کە جگە لە خۆی دۆستێکی دیکەی نیە و بە داخەوە کوردیش دۆستی هەموو دونیایە تەنها خۆی نەبێت. ئەوەی جێی سەرنج و لێوردبوونەوەیە ئەو دابەش بوونەیە کە کۆمەڵگای کوردستانی گرتۆتەوە و بە تایبەتی لە سەر ئاستی بژاری سیاسی و کەسانی قسە رۆیشتووی نێو کۆمەڵگە، پەرچەکرداری ئەوانەی نوێنەرایەتی بۆچوون و ئاراستە و حیزبە سیاسیەکان دەکەن چ لە ئاستی سەرکردایەتی و پەڕلەمانتار و میدیاکار و کادیرانیان بەسەر دوو هێلی پان و دیار دابەش بووینە، یەکەمیان گوزارشت لە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی دەکەن و لە دەرەوەی پێناسەی داگیرکەران بۆ کورد و کوردستان بۆچوونی خۆیان هەیە و بە نەفەسێکی کوردستانیانە و دوور لە کاریگەری حیزب و باوەڕی سیاسی وەڵامی ئەو بێڕێزی و هەڵوێستە داگیرکاری و خۆ بە زلزانینەی ئێران و تورکیایان دایەوە، ئەو هەڵوێست و باوەڕە لە حیزبێک کورت ناکرێتەوە بەڵکو لە ناو هەموو حیزبەکان بە روونی ئەو گوتارە دیار بوو. دووەمیان ئەوانەن کە لە دەلاقەی حیزب و لە روانگەی تۆڵەکردنەوە لە حیزبێک و کەسێکی دیاری کراو مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکە کرد و بوونە زمانحاڵی داگیرکەران و میدیاکەشیان بووە سەکۆی گواستنەوەی بۆچوونی داگیرکەران و گچکەکردنەوەی رووداوەکە تا ئەو رادەیەی وەک مەترسیەک لە سەر حیزبێکی دیاری کراو و کەسێکی دیار کراو بیناسێنن و لە چوارچێوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەریبهێنن و چوارچێوەیەکی حیزبی بۆ دابتاشن. لەوەش زێدەتر چاوەڕوانی شکستی ئەو حیزبە بن لە بەرامبەر داگیرکەران بە تەنازولکردن یان پەشیمان بوونەوە. ئەوەی لە پرسی پولەکەی پاپا زێدەتر وەدیارکەوت و رەهەندەکانی ئاشکراتر بوون کە بە هەمان نەفسیەتی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بەرخوردیان لەگەڵ ئەو پرسەکرد، چۆن ئەو کات ببوونە زمانحاڵ و چاوساغی حەشدی شەعبیان دەکرد ئەوجارەش ئامادەییان نیشاندا کە ببنە چاوساغی جەندرمە و پاسدار و هیوا بخوازن ئەوپولەی کە نەخشەی کوردستانی لەسەر ببێتە هۆیلەناو چوونی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان تەنها لە بەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی زۆرینەیە و بارزانی وەک لێڤەگەڕ هۆکاری بەهێز مانەوەی هەرێمی کوردستانە.
دانا رەشید تورک لەسەر خاکێک ، کە نیشتمانی باوباپیرانی خۆیان نەبوو ، توانیان کۆبنەوە و ئیستفادە لە ڕوخانی ئیمپراتۆری سەلجوقی بکەن و بە هاتنی لەشکری ئیسلام ، نیشتمان بۆ خۆیان دروست بکەن ، سەرکردەی وەک ( عوسمانی کوڕی ئارتوغرول ) دروست بکات ، بە دامەزراندنی ئیمپراتۆری عوسمانی ، زیاتر لە ٦٠٠ ساڵ گۆی زەوی و دەسەڵاتی ئەوروپاو پاپای کرستیانی بەخۆیەوە سەرقاڵ و جەنجاڵ و خەریک کردبوو ، خۆ ئەگەر بەفرو کرێوەی ئەو زستانەی کە لەشکری سوڵتان سلێمانی قانونی تێیدا گیری خوارد نەشکانایە و زۆربەی جەنگاوەرەکانی و وڵاخەکانی و ئەسپەکانی ، لە تاو سەرماو برسێتی ڕەق نەبونایەتەوە ، ئەوە دوورنەبوو شاری ڤیەنای پایتەختی ئیمپراتۆری نەمسا بگرێت و دەست بکێشیت بۆ میرایەتیەکانی ئەڵمان و هەموو ئەوروپا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە ، کورد بە درێژایی مێژوو ، لەسەر خاکێک کە نیشتمانی باو باپیرانی خۆیەتی هەتا ئەم چرکە ساتە ، سەدە دوای سەدە ، سەردەم دوای سەردەم ، نەیتوانیوە ئیمراتۆرێکی سەربەخۆی خۆی یان دەسەڵاتێک تایبەت بە خۆی پێک بهێنێت ، بە پێجەوانەی تورک ، کورد خۆی کردوە بە قوربانی دینی ئیسلام و سەرکردەی وەک ( صلاح الدینی ئەیوبی ) دروست کردوە ، کە بۆ جیهانی ئیسلام قودسی لەدەست مەسیحی یەکان دەرهێنا ، کوردیش لە شوێنەزاو نیشتمانی خۆیان ، بوون بە ئەهلی زمەو ژن و کچەکانیشی بە کەنیزەک و سەبایا ، ئەگەر دەڵێن ئەوزەمان قەومچیتی نەبوو ، ئەدی چۆن تورک ئاوا خۆی کۆ کردەوە بە چ بیرو باوەرێک ، ئەدی عەرەب بە چ بیرو باوەرێک تەنانەت زمانی عەرشی خوای کردوە بە عەرەبی ؟ هەموو نەتەوەکانی جیهان ، لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا ، بەسەردەمی راسستێتی و قەومچیتی تێپەریون و ، لە ئەنجامدا دەوڵەت و دەوڵەتداریان بە میرات بۆ نەوەکانی خۆیان جێ هیشتوە ، هەر وەک دوکتۆر عبدالرحمانی قاسملو دەڵێ ( ئەگەر باوباپیرانی ئێمە شەهیدیان بدایە ، ئەوا ئێستە ئێمە شەهیدمان نەدەدا ) بەداخەوە کورد تەنها نۆکەری و سەرەدانەواندن و جاشیتی و خاک فرۆشی نەوە دوای نەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە ، باوباپیرانی کورد بۆ سەربەخۆیی خاک و نیشتمان شەهیدیان نەداوە ، بۆ پایەدار کردنی سەرۆک خێل و ئاغاو شیخی بەکرێ گیراو دوژمن و داگیرکەران خۆیان بە کوشت داوە ، نزیک ترین مێژوو ، بە فتوایەک، هەزاران دەروێش و مورید دەستیان خستە خوێنی ئەرمەن و چون بۆ غەزای روس ، لە کاتێکدا ئەو مورید و دەروێشانە تەنها شێخیان دەناسی رەنگە هەر نەیانزانیبێت ، ئەرمەن کوێ یەو رێگەی ڕوسیا لە کوێوەیە ، بە یەک بریاری سەرۆکی (شۆرشی ئەیلول) ، یەک شۆرش سەرلەبەری هەرەسی هێنایە خوارێ بەکەس نەگیرایەوە ، ڕەنگە بەشی زۆری ئەو پێشمەرگانەی کە چەکەکانیان فرێدا ئەو هەموساڵە بە شاخەوە ، هەر نەیانزانیبێت شوێن چ قەزیەیەک کەوتون . ئەمە چارەنوسی میلەتێکی بەشخوراوی بەشمەینەتە ، کە بە درێژایی مێژو گەورەترین ستەمی جیشتوە و زۆترین خزمەتیشی بە ئاینی ئیسلام کردوە . چەند رۆژێکی تر یادی کۆڕەوە مەزنەکە دەکەینەوە ، کە ئەو کارەساتە گەورەیە زادەی ترسی کارەساتی ئەنفالە ، ئەو ئەنفالەی وەک مۆرێک نرا بە ناوچەوانی کوردەوە . ئەو ئەنفالەی جیهانی مسوڵمانان چرکەی لێوە نەهات بڵێن ، قەومێکی مسوڵمان کە سەلاحەدینی بۆ ئیسلام دروست کرد ، چ خودایەک قوبوڵ دەکات ئەنفال کرێ . قەومێک ئیزدین ئەنفال دەکرێن ، مسوڵمانن ئەنفال دەکرێن ، مەسیحین ئەنفال دەکرێن ، جولەکەن ئەنفال دەکرێن ، چ خودایەک بپەرستین سورەتی فەتح و ئەنفال نەداتە دەست داگیرکەران و ئیتر نە فەتح بکرێین و نە ئەنفالیش بکرێین .
فەرحان جەوهەر مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکی ئاڵۆزە ، بە چارسەرنەکردنیشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت ، چیدی چارەسەرە تەقلیدیەکان کاریگەریان نەماوە ، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە ، کورد خۆی لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و هێزو لایەنانەی باوەڕیان بە چەمکە مۆدێرنەکان هەیە ، هاوپەیمانی پێکبێنێ و بەهاوبەشی خەبات بۆ گەشەپێدان و قوڵکردنەوەی ئەو مەفاهیمانە بکات ، ئێستاش لە هەموو کاتێک زیاتر زەمینە لەبارە بۆ ئەم هاوبەشییە ، دوای ئەوەی دروشمی نەتەوەیی عەرەبی و فارسی و تورکی خەریکە بەتەواوی دەپوکێتەوە ، خۆیان بە دروشمی ئاینی هەڵواسیوەوئەویش بەکردەوە فەشەلی هێناوە ، بۆیە ئەو میللەتانەش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە ، جگە لە دەوڵەتی مەدەنی مۆدێرن نەبێت ، هیچ بژاردەیەکی تریان نییە ، هەرچەندە کورد خۆی لەم پارچەیە نەیتوانیوە ببێتە سەکۆیەکی مەدەنی و دیموکراسی بۆ چاولێکردن ، بەڵام لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەردەوامە ، لەبەرئەوەی کورد هیچ بژاردەیەکی تری نییە ، نە دەتوانێت بە سیستەمی ئاینی و نە تووندڕەوی نەتەوەیی بەردەوام بێت ، ئەمە قەدەری ئەزموونەکەیەتی و گرێدراوی ویستی نێودەوڵەتییە ، هەر بەو چەمکانەش مانەوەی خۆی گاڕانتی دەکات ، ئەگەر هەرێم بیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی جیاوازتر لە عیراق سەیربکرێت ، جگە لە گەشە پێدانی چەمکە مۆدێرنەکان و جێبەجێ کردنیان لەسەر ئەرزی واقیع ، رێگایەکی تری نییە ، ئێمە بە باڵەخانەو مۆڵ و خواردنگەکان ، ناتوانین پیشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکەین ، یان خۆمان جیاوازتر لە عیراق نیشان بدەین ، چونکە زۆربەی سیستەمە تۆتالیتاریەکانیش توانیوایانە کەرەستەیی مۆدێرنە بن ، بەڵام بەبێ عەقڵی مۆدێرنە ، کەرەستەکانی مادی مۆدێرنە پێویستییەکی رۆژانەی خەڵکن و لە هەموو کۆمەڵگا داخراو کراوەکان وەک یەک دەست دەکەون ، بەڵام عەقڵی مۆدێرنە پەیڕەو ناکەن ، ئەوەی کورد دەگەێنێتە مافەکانی ، پەیڕەوکردنی عەقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنەیە ، ئەگەرنا کەرەستەکان گرێدراوی بازاڕی ئازادن و بەحوکمی جیهانگیری دەگەنە هەموو کونجێکی ئەم جیهانە ، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و بەبازاڕکردن و هێنانی کەرەستە مۆدێرنەکان ، کارو پسپۆری بازگانەکانە ، بەڵام گەشەپێدان و قوڵکردن و جێبەجێ کردنی عقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنە کارو پسپۆری سیاسیەکانە ، ئایا چەند دەتوانن وەک بازرگانەکان لە کاری خۆیان سەرکەوتووبن ؟ دەسکەوتنی ئەو وەڵامە گرێدراوی داهاتوو و ئەنجامی ئەزموونەکەیەتی
عەدنان عوسمان پێشەکیەکی کورت: کاتژمێر پێنج و نیوی رۆژی دوو شەممەی ٣/١٢/٢٠١٢مامجەلال بەیاوەری د. بەرهەم و مولازم عومەر سەردانێکی کاک نەوشیروان ئەکات لەماڵی خۆی لە عەلی ناجی سلێمانی. ئەمەش دوا دیداری هەردوکیان ئەبێت. ئەم سەردانە دوای چەند مانگێک لە سەردانی کاک نەوشیروان و وەفدێکی گۆڕان دێت بۆ دەباشان لە ٢٤/٩/٢٠١٢ کە زۆرجار ناسراوە بە رێکەوتنی دەباشان، کە لەبناغەدا سەردانێکی رەسمی بوو نەک رێکەوتن. سەرەتایەکیش بوو بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو جوامێروهەر دوو هێز. لەم دوادیدارەدا، هەردووکیان بۆ ماوەی نیو سەعاتێک پێکەوە قسە ئەکەن. دواتر هەم مامجەلال و هەم کاک نەوشیروان لای هاوڕێکانیان زۆر بە گرنگی باس لەو دیدارە کورتە ئەکەن. وەک بیستم مامجەلال بە هاوڕێکانی وتبوو لەگەل کاکە نەوە لەسەر هەمو هەنگاوەکانی داهاتو رێککەوتوین و پەیوەندیەکانمان وەک جارانی لێدێتەوە. زۆریش دڵخۆش ببو بەو دیدار و گفتوگۆیە. کاک نەوشیروانیش لای کۆمەڵێک هاوڕی و لایەنگری خۆی هەمان هەستی دەربڕیبوو. گەر بیرم مابێت رۆژێک یا دوو رۆژ دوای ئەو دیدارە سەردانی کاک نەوشیروانم کرد . کاک نەوشیروان دور لە تەبیعەتی تایبەتی خۆی کە زۆرجار بە ئاسایی و تەنانەت دوڕدونگی سەیری ئەو دیدار و گفتوگۆیانەی ئەکرد، ئەمجار حەماسێکی زۆری بۆ ئەو دانیشتنە هەبو وە پێشی دڵخۆش بو. لێم پرسی دیدارەکەتان چۆن بوو، وتی زۆر باش و راشکاو بوو، وەلەسەر هەمو خالە گرنگەکان رێککەوتین و دڵنیام سەرەتایەکی باش ئەبێت بۆ پەیوەندی هەردولامان لە ئایندەدا! وتم کاک نەوشیروان لام سەیرە جەنابت دوای ئەو هەمو تاقیکردنەوە تاڵانە ئێستا زۆر گەشبینیت، ئەبێ نهێنی ئەوە چی بێت؟ وتی راستە گەشبینم. پاشان وەک خوی هەمیشەیی، بە پەنجەکانی ٤ خاڵی ئەژمارد کەوای لێئەکات متمانەی بە ئایندەی ئەو دانیشتنە هەبێت. لێرەدا تەنها دوو خاڵی باس ئەکەم: وتی مامجەلال تەنها ئەم خولە سەرۆک کۆمار ئەبێت و ئەیەوێت بگەڕێتەوە کوردستان. کە لێرەش ژیا بۆ ئەو قورس و نەنگی ئەبێت، هاوسەنگی هێز بەم شێوەیە لە قازانجی پارتی بێت و باقی لایەنەکان بێهێز و لاوەکی بن. بۆیە ئەو هەر لە ئێستاوە بیر لەوە ئەکاتەوە پێکەوە بتوانین ئەو واقعە خراپە بگۆڕین و پێکەوە هەنگاو بۆ کۆمەڵێک گۆڕانکاری جدی بنێین. دوەم مامجەلال ماوەیەکی تر دێتەوە لە سلێمانی ئەژی، بۆ ئەو و من و هەمومان گرنگە کە هەم پەیوەندی شەخسی هەردوکمان باش و ئاسایی بێت، هەم هەردوولا، بەوەش ئەتوانین لە بری ململانێ، بیر لە کۆی پرسی ئیدارەدانی هەرێم بکەینەوە. دوای ئەو کۆبونەوە یەکلاکەرەوەیە، مامجەلال ئەگەڕێتەوە بەغداو ئەوە دوا دیداری ئەبێت لە کوردستاندا. بەداخەوەش وەک ئەزانین تەنها دوای چەند رۆژێک توشی نەخۆشیە سەختەکەی ئەبێت و بێئاگا ئەبێت لە دەوروبەر تا رۆژی کۆچی دوایی. کاک نەوشیروان، جوامێرانە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ کاتێک گۆڕان ٢٤ کورسی و یەکێتی ١٨ کورسی دێنێت، بەروحی ئەو رێکەوتنەی لەگەل مامجەلالدا، پەیام بۆ سەرکردایەتی یەکیتی ئەنێرێت کەوا فەرمون هەردو فراکسیۆن تێکەل بکەین و پێکەوە فراکسیۆنێکی گەورە دروست بکەین، پێیان ئەڵێ ئەو سەرکەوتنەی ئێمە بەهی خۆتانی بزانن و فەرمون با نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕین. بەڵام بەداخەوە، لەدوای مامجەلال هیچ کەسێک لە بەڕێوەبەرانی یەکێتی، بە روح و گیانی رێکەوتنەکە کارناکەن، بەڵکو زیاتر ئەخزێنە نێو بازنەی سیاسەتەکانی پارتیەوەو دژایەتیان بۆ گۆڕان پەرە پێئەدەن. ئێستا کە زیاد لە ٨ ساڵ بەسەر ئەو دانیشتنە گرنگە تێئەپەڕێت، وەپاش شکست پێهێنانی رێکەوتنە ٢٥ خاڵیەکەی گۆڕان و یەکێتی لە ٢٠١٦دا، دەبێ بپرسین هەردوو لایەن: گۆڕان و یەکێتی، لەکوێی پرۆسەی حوکمڕانین لە کوردستاندا؟ کاریگەریان بەسەر روداوەکان و شێوازی بەڕێوەبردندا چۆن و چەندە؟ وە بەم دۆخەی ئێستایان دەگەنە کوێ؟! - گرنگترین و گەورەترین دوا پرۆژەی مام جەلال و کاک نەوشیروان دوا کۆبونەوەی ماڵی کاک نەوشیروان بو. هەردوکیان زۆر دڵخۆش بون بەو لێکتێگەیشتنە. - یەکێتی و گۆڕان بەتەنها ناتوانن هاوسەنگی هێز بگەڕێننەوە، دەکرێ بیر لە لایەنەکانی تریش بکرێتەوە بۆ نمونە کۆمەڵ و نەوەی نوی و ئەوانی تر. - هەر هێزێک گەر بیەوێت بەرەیەکی گەورە دروست بکات، دەبێ فاسڵەیەک وەربگرێت لە ناعەدالەتی و گەندەڵی. دەبێ بەکردار دژیان بێت. - لە ئێستای کوردستاندا گەر بیر لە ئیستقتاب و گروپبەندی گەورە نەکرێتەوە، توشی کارەساتی گەورە ئەبین. - لەتوپەت وردوخاش بونی هێزەکانی سلێمانی زیانی گەورەی لە هاوسەنگی هێز و ئەم ناوچەیەش داوە: ناکۆکی ، ئینشقاق، دوبەرەکی، حزب و لیستی تازە هەموی تەنها لەم ناوچەیە دروست ئەبن. - لە کوردستان گرنگە ئیستقتاب دروست ببێت، واتە جەمسەری گەورە. هەر جەمسەرەوکۆمەڵێک لایەن، کە نزیکایەتی فکری و سیاسیان هەیە پێکەوە، لەدەوری یەک کۆببنەوە جا لەدەسەلات بن یا ئۆپۆزسیۆن. - مەبەستم تواندنەوەی حزبەکان نیە لەنێو حزبێکی گەورەدا، مەبەست بەرەیەکی گەورەو بەهێزە لەگەل پاراستنی جیاوازیەکان. - هەڵسوکەوتەکانی کاک نەوشیروان، لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەلات و رێکەوتن لەگەل یەکێتی، دەرسێک بو بۆ لایەنگرانی کە دنیای سیاسەت پراوپڕە لەو هەنگاوانە بە گوێرەی واقعی تازەو پێداویستی تازە. - رێکەوتن لەگەل یەکیتی لای کاک نەوشیروان جدی بو. لای هاورێکانیشی. ئەوەی دژی وەستایەوە لەنێو یەکێتیەوە بو. ئەوان هۆکاری سەرەکی بون بۆ جێبەجێ نەبونی رێکەوتنەوە. - لە دوادانیشتنی کاک نەوشیروان و مامجەلال بڕیاریان دابو کەنابێ چیتر چارەنوسی کوردستان و حوکمرانیەتیەکەی تەسلیم بە پارتی بکرێت. ئەبێ لەگەل پارتیدا سنوری دەسەلاتەکان دیاری بکرێن و پێی بوترێت ئێمە برابچوکی تۆ نین و لەفەلەکی تۆ ناخولێنەوە. - لە کوردستان گەر بیر لە هێزی گەورە، تەحالوفاتی گەورە نەکرێتەوە، هەنگاوی گەورە نانرێت. دەنا دۆخەکە وەک خۆی ئەمینێت، حزبەکان شتێ کەمتر شتێ زیاتر دێنن و پرۆسەکەش وەک خۆی ئەبێت.
چیا عەباس ئەم نوسینەم تەرخان کردوە بۆ شێخ لاهور و یەکێتی و زۆنی دەسەڵاتی حزبەکەی، گەر خوا یاوەر بێت لە ئایندەدا لەسەر تەوەرەکانی تریش دەنوسم. پێشەکی شێخ لاهور وەک هاوسەرۆکێکی یەکێتی ئیرس و ئەرکی قورس و ئاڵۆز کەوتونەتە ئەستۆی، سەبارەت بە یەکێتی پاراستن و گەشەپێدانی پرەنسیپە رەسەنە دێرین و دەسکەوتە مەزنەکانی مێژوی یەکێتی، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و سازدانی هاوسەنگی و ئارامی نێوان فرە جەمسەرەکانی حزبەکەی، مامەڵەکردنی ورد و پێویست لە گەڵ کورەکانی مام جلال و خانەوادەکەی و رۆڵی لە بەرێوەبردنی سەرجەم بوارەکانی تری ناو یەکێتی بۆ نۆژەنکردنەوە لە پێشەکی ئەرکەکانیدان. لە دەرەوەی یەکێتیش روبەروی چەندین هاوکێشە و واقیعی ئاڵۆز و قورس بۆتەوە، لە مەقامی یەکەمدا حوکمرانی زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و ئەو نارازیە بەرفراوانەی هاوڵاتیان لە سنوری ئەو دەسەڵاتەدا کە بەردەوام خەستتر دەبێت، بەرقەرارکردنی ئازادی بیر و را و سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دابینکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زۆنی دەسەڵاتی، پەیوەندیەکانی یەکێتی لە گەڵ هێزەکانی زۆنەکە، هەروەها لە گەڵ ئێران و تورکیا و پەکەکە و دیموکراتی ئێران و تێکۆشەرانی رۆژئاواش تەوەرێکی گرنگی ترە. لەسەر ئاستی هەرێم یەکێتی بەشداری حوکمرانیەکە کە دەسەڵاتی فیعلی پارتی تێیدا بەمەبەستی سیاسی و بۆ رازیکردن و بێدەنگکردنی بەشێکی یەکێتی ئاورێکیان لێدەداتەوە، هاوکاتیش هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە شێخ لاهور و هەوادارانی هەیە، کورد وتەنی بانێکە و دو هەوا. سەرەرای ئەوەی شێخ لاهور لەسەر ئاستی عێراق بەسودوەرگرتن لە مێژوی یەکێتی و لەقەبی تالەبانی و ناکۆکیە توندەکانی لە گەڵ پارتی و سەرکردایەتیەکەی توانیویەتی تا رادەیەک پێوەندیەکی نەرم لە گەڵ بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڵچنێت کە تا ئاستێک وەڵامی داخوازیەکانی شێخ لاهور دەدەنەوە، بەڵام لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دەسەڵاتی بەغدا مامەڵەیەکی دوفاقەیی و نادیار لە گەڵی دەکەن، هۆشیاری و بەئاگابون لەم داوە شاردراوە یەکێکە لەو ئەرکە هەستیارانەی روبەروی شێخ لاهور بۆتەوە. بە تەنیشت ئەم واقیعە ئاڵۆزەشەوە شێخ لاهور خۆشی بوێت یاخود ترش، کێشەی خەستی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان لە زۆر روەوە روبەروی بۆتەوە و یەخەشیان گرتوە. بۆ ئەوەی لە بیر نەچێت شێخ لاهور لە رابوردودا وەک بەرپرسی دژەتێرۆری ناوچەی دەسەڵاتی حزبەکەی پەیوەندی و هەماهەنگی توند و تۆلێ لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، تایبەت ئەمریکا، هەبوە، ئێستا لە پێگەیەکی جیاواز لە پێشو دەبێت مامەڵەیان لە گەڵ بکات. ئەمانە بە کورتی ئەو ئەرک و دۆخانەن کە بەگشتی روبەروی یەکێتی و بە تایبەت شێخ لاهور بونەتەوە. با بزانین شێخ لاهور لە گەڵ تەوەرە گرنگەکانی ئەم واقیعەدا تا ئێستا چۆن مامەڵەی کردوە! یەکێتی شێخ لاهور لە دوا کۆنگرەی یەکێتیدا سەرکەتوانە پێگەیەکی بەهێزی بە دەستهێنا، زۆربەی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی هێمنانە بە پێکهاتە و پۆستی رەمزی حزبی رێزی لێگرتن و لە سەنتەری سەرەکی بریاردانیش دورکەوتنەوە، لە ئێستادا دەسەڵات و جەمسەرگەریان لە ناو رێكخستنەکانی یەکێتی و جومگەکانی حوکمرانی و هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیدا کاڵبونەتەوە، باوەریش ناکەم شێخ لاهور لە بریار و بەرێوەبردن و پەیوەندیە گرنگ و بەرفراوانەکانی حسابێکی بەردەوامی بۆ سەرکردایەتیە دێرینەکەی یەکێتی کردبێت. هەرچەندە زۆربەی زۆری ئەو سەرکردە و کادرە دێرینانە بەرپاکەرانی شۆرشی هەستانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول بون و خاوەنی خەبات و قوربانیدانێکی بێ وێنەن، بەڵام لە ساڵانی دواییدا زیاتر سەرقاڵی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و دەوروبەریان بون و هەڵوێست و رەفتاری سیاسیان چەسپاو و رون نەبون. خەڵکێکی زۆر، تایبەت گەنجەکان، لە یەکێتی و دەرەوەشی ئەم هەنگاوانەی شێخ لاهور بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و پشتگیریشیان کردوە. لە گەڵ ئەوەشدا ئەمە کۆتایی ئەم بەشە نیە چونکە هاوڵاتیان شێخ لاهور و دەوروبەرەکەشی دەبینن، دەزانن لە چەند کاری نایاسایی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتدا رۆڵی هەستیاریان هەبوە، بۆیە دورکەوتنەوەیان لەو رەفتارانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی و خودی شێخ لاهور. کاتێک سەرکردەیەک وەک هاوڵاتی بیر بکاتەوە و بگوزەرێت و لە خەم و مەراق و نارازی و داواکاریەکانی تێبگات و کاری جدیان بۆ بکات ئەوا سەرکەوتن بۆ نەتەوە و حزب و خودی خۆشی بەدەست دەهێنێت. ئاشکرایە ئەو پێگەیەی شێخ لاهور لە یەکێتیدا بە دەستی هێناوە لە پلەی یەکەمدا بۆ تەوریسی سیاسی ناگەرێتەوە، پشکی شێری بۆ توانا و هیمەتی خۆی دەگەرێتەوە. سەرەرای ئەوەی لەقەبی تالەبانی مایەی شانازیە بۆ شێخ لاهور، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە پێگە و بەرپرسیاریەتی ئێستایدا بۆتە پارادۆکسێکی ئاڵۆز و قورسی سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتی لە بەردەمیدا. سەرەرای بۆچون و هەڵسەنگاندن و نیەتی جیاواز بەڵام شێخ لاهور ناچارە بەردەوام رەچاوی هەر دو کور و بنەماڵەی مام جلال بکات، بۆ نمونە، باڤڵ تالەبانی کورە گەورەی مام جلال هاوسەرۆکەکەی تری یەکێتیە، لە زۆر بۆنەدا مسعود بارزانی بە مەرجەع و مامی خۆی پێناسە دەکات و ناو بەناویش یەکتر دەبینن و لێکتێگەیشتن و رێکەوتنیش ساز دەکەن، هاوکات شێخ لاهور سەدان پلە بە پێچەوانەی باڤڵ هەلوێستی راشکاوی بەرامبەر بە مسعود بارزانی و دەسەڵاتی حزبەکەی هەیە. بە کوردی و کورتی دو هاوسەرۆکی یەکێتی بە دو ئاراستەی زۆر دور و پێچەوانەی یەکتر مامەڵە لە گەڵ پارتی و سەرکردەکەی دەکەن. هاوڵاتی کورد ناهەقی نیە گومانی لە نیەتەکانیان لا دروست بێت و بپرسێت ئەم جیاوازیە هەستیارە دابەشکردنی رۆڵە لە نێو خۆیاندا و بەشێکە لە گەمەی سیاسی ؟ یاخود رەنگدانەوەی نیەتی راستەقینەی ئەو دو سەرکردەیەیە؟ منداڵی سەر بێشکەش دەرک بەم جیاوازیە گرنگە هەستیارە دەکات، پێویستە دەرک بەو راستیە بکرێت کە هەر هۆکار و زەمینەیەک لەپشت ئەم جیاوازیەدا هەبن نەتەوە و نیشتمان باجە سەرەکیەکەی دەدەن نەک ئەو بەرپرس و سەرکردانە. پرسیارێک لێرە خۆی دەوریژێنێت، ئەویش: ئایا شێخ لاهور تەنها لە بەرخاتری مام جلال دەرباری ئەم جیاوازیە هەستیارە بێدەنگە و چەند جارێک لە سەرهەڵدانی کێشەکان نێوان دەسەڵاتی هەولێر و دەسەڵاتی سڵیمانی لە دوا مەتافدا دڵی هەوڵیر نیگەران ناکات، یا هۆکاری تریش هەن؟ بێگومان رێزگرتن لە خانەوادەی مام جلال ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە، چەندین جار بینراوە کە چەند هەڵوێست و رەفتارەکانی شێخ لاهور هەقیانەت و بوێریان تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام لە ژێر فشاردا، تایبەت لەلایەن دو کورەکەی مام جلال دا دەگەرێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە دوا مەتافدا " گەمەکە " بەو شێوەیە بەردەوامە. ئەزمونەکان دەریدەخەن ئەو دۆخەی ناو یەکێتی بۆ پارتی زەرەربەخش نیە، بەڵام بەرپرسیاریەتی و خەتای پارتی نیە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی بەو جۆرە رەفتار دەکەن. لە تەوەری یەکێتی و حوکمرانیدا دێمە سەرباسی قوبادتالەبانی ، دوەم کوری مام جلال. دوای کۆنگرە ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا کە ژمارەی ئەندامانی سەدی تێپەراندوە کە نوێنەرانی یەکێتین لە سەرجەم ناحیە و قەزا و شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆریان گەنج و خوێنی نوێی ناو یەکێتین، ئەرکێکی سەرەکی شێخ لاهورە بە شێوازێکی سیستەماتیک و دارێژراو کار بۆ پەروەردە و گۆشەکردنی دروستی ئەو نەوە نوێیە بکرێت و بۆ ئایندە ئامادە بکرێن، مەخابن ئەوەی دەبینرێت لەو ژمارە زۆرە کەمتر لە ژمارەی پەنجەکانی دو دەست قسە و باس و کاری خۆیان دەکەن و لای هاوڵاتیان ناسراون، ئەم کەلێنە بێ چارەکردن دەبێتە هۆکارێکی زۆر سەخت لە بەردەم هەستانەوە و بوژاندنەوەی حزبەکەی شێخ لاهور. ئەم باسکردنەی خوارەوە وەک ئەزمونێکی گرنگ باس دەکەم: کاریگەری جمال عبدالناصر لەسەر مام جلال کەم نەبوە، چەندین بەڵگە و دۆکیۆمێنت پیشانمان دەدەن کە مام جلال سودی باشی لە ئەزمونەکانی عبدالناصر و " الاتحدا العربی الاشتراکی" ەکەی لە دروستکردن و کارنامەی یەکێتیدا کردوە. جمال عبدالناصر و هاورێکانی دوای سەرکەوتنی شۆرشی میسر لە تەموزی ١٩٥٧ " الاتحاد القومی العربی" یان دروستکرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی شۆرش، ئەم حزبە نوێنەرایەتی هزری نەتەوەیی موحافزکاری دەکرد، لە ساڵی ١٩٦٢ عبدالناصر هەڵوەشاندنەوەی اتحاد القومی راگەیاند، هاوکاتیش کارنامەی میساقی نیشتمانی راگەیاند کە دروستبونی " الاتحدا الاشتراکی العربی" لێکەوتوە. رێکخستنێک بربرەکەی بریتی بون لە کرێکار و جوتیار و رۆشنبیر و خوێندکاران. مام جلال لە دروستکردنی یەکێتیدا سودێکی بەرچاوی لە ئەم ئەزمونە وەرگرتوە، پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پابەند بە هزری فرە را و دادپەروەری و سۆشیالیزم. سەرەرای جیاوازیە جیۆپۆلیتیک و سیاسیە زۆرەکانی ئەم دو نمونەیە بەڵام کرۆکەکەیان زۆر لەیەک نزیکن. دوای وەفاتی عبدالناصر هاورێ دێرینەکانی کە جێگرەوەی بون نەیانتوانی هەناوی پەیامە رەسەنەکەی بپارێزن، بۆیە تا دەهات پێگەی میسر لە رابەرایەتیکردنی بزافی نەتەوەیی عەرب روی لە لاواز بون بو، لە ئێستادا ئیرسی سیاسی و فکری و حزبی عبدالناصر پشتگوێ خراوە. هۆکاری سەرەکی گەندەڵی و قۆرخسازی و لادان و پاشەکشەی سەرکردەکانی دوای عبالناصر بون، زەقترینیان نمونەی گەندەڵی و ستەمکاری دەسەڵاتی سەردەمی حسنی موبارەک و خانەوادە و دەوروبەرەکەیەتی، حسنی مبارەک کە دۆستی نزیک و هاورێی عبدالناصر بو لە سەرەتای دروستبونی " چباگ الاحرار" ەوە ، دواتر لە " بەهاری عەرەبیدا' رژێمەکی روخێنرا و خۆی بەو دەردەچو کە چو. ئەم ئەزمونە وچەندی تریش دەیسەلمێنن هەر حزب و هێزێک مەرجەعە رەسەنەکەی لەدەستدا و جێگرەوەی نەبو و پێرەوی سەرکردایەتی دەستەجەمعی نەکرد رو لە ئاوابون دەکات. لە ئێستادا یەکێتی زیاتر لە هەمو کاتێک مەترسی گەورەی لەبەر دەمدایە، سەرکردەکانی یەکێتی دوای وەفاتی مام جلال نێوان خۆیان رێک نەکەوتن، بەشێک لێیان لە گەندەڵی و ستەمکاری و لادان تێوەگلان و متمانەی خەڵکیان لە دەستداوە، دوای دوا کۆنگرە نەوەیەکی نوێ چونەتە جومگە هەستیارەکانی یەکێتی، بەپێی لێدوانەکانی بێت شێخ لاهور رابەرایەتی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و بەدامەزراوەکردنی یەکێتی دەکات، پرۆسەیەک بە خۆپێناسکردنەوە دەست پێدەکات و پێویستی بە بەرچاورونی سیاسی و شەفافیەت و دادپەروەری و دەستپاکی و رێزگرتن لە یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتیە بەهادارەکان هەیە. لە جومگەکانی حزبی و حوکمرانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ئاستێکی بەرچاوی گەندەڵی و قۆرغکاری و ستەمکاری دەکرێت، هاوڵاتیان لەو دیاردانە تا سەر ئێسک بێزار و تورەن. دەزانم شەرکردنی ئەو جۆرە کەس و گروپ و دەسەڵات و جومگانە ئاسان نیە، بەڵام تەمێکردن و سزادانیان ئەوەندە ئەستەم نیە. چەندین جار هاوڵاتیانی ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی خۆپیشاندان و جورێک لە راپەرینیان بەرامبەر ئەو دۆخە ئەنجام داوە، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی یەکێتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بەچەک سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان کردوە و لە ئاکامیشدا ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی نارازی کوژراون، بریندار کراون و دور لە یاسا و رێساکان گیراون و سزای هەرەمەکی دراون. شێخ لاهور بێبەری نیە لە بەرپرسیاریەتی ئەو کارانە، گەر پێچەوانەی ئەم بۆچونە راستە با بفەرموێت بەفەرمی خۆی لەو بەرپرسیاریەتیە بێبەری بکات، وێرای ئەوەی سەردانی خانەوادەی شەهید و برینداربوانی خۆپیشاندانەکان و لێدوانی دڵنەواییکردنەوە کاری باشن، بەڵام زامە قوڵ و خەستەکان سارێژ ناکەن. تا ئەو چرکەیەی ئەم جۆرە کار و رەفتارانە لە زۆنی دەسەڵاتیدا بەردەوام بن شێخ لاهور لە سەر بەرماڵی پێغەمبەریش (د.خ) نوێژ بکات نابێتە شایستەی متمانەی دانیشتوانانی دەڤەری دەسەڵاتی یەکێتی، تایبەت پارێزگای سلێمانی، چونکە خۆشی دەزانێت بێدەنگی پچرپچری سلێمانی مانای رازیبون و موتیعی نیە، بۆیە چاوەروانیش بێت خۆپیشاندان و سەرهەڵدان و نارازی لە سنوری دەسەڵاتیدا بەردەوام دەبێت، کوشتن و گرتن و سزادان لەلایەن هێزەکانی سەر بە حزبەکەی هیچ لەو راستیە ناگۆرێت کە کێرڤی هەستانەوەی یەکێتی بەرەو داکشان بەردەوام دەبێت، خەونەکانی شێخ لاهوریش هەر وەک خەون دەمێننەوە.
گۆران عەلی كەریم مانگی سێی هەمووساڵیك پرە لەرووداو و بۆنەی گرنگ، زۆربەی بۆنەکان بۆ گەلی کورد کەوتۆتە مانگی ٣ وە بە روداوە خۆش و كارەساتبارەكانیشەوە، یادەکانی نەورۆز، یادی راپەرین، كیمیابارانی هەڵبجە، بەیانی 11ی ئازار و هەشتی مارس، چەندین بۆنە و یادی تر کەهەموو رێكەوتیان لەمانگی سێدایە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی هاتنی پاپای ڤاتیكان و بەهۆی تێپەراندنی یاسای ژنان و كچانی ئیزیدی، بۆنەكان زیادیان كرد. سەردانی پاپای ڤاتیكان لەم كاتەدا، لەسەر داوای هەركەس و لایەنێك هاتبێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە سەردانەكەی هەڵگری پەیامێكی جیهانی و ئاماژەیەكی ئیجابی بوو، دیارە سەردانێكی لەو چەشنەش، ناكرێت بەكەم سەیربكرێت و بەڵگە نەویستیشە سەردانی لەو جۆرە بەوە كەم بایەخ ناكرێت لایەنێكی سیاسی بیەوێت بیكات بەدەستكەوتی خۆی، چونكە وەك پاپا بەرەسمی لەوتەكانیدا ئاماژەی پێكرد، سەردانەكەی لەسەر داوای بەرزترین دامەزراوەی وڵات بووە كە ئەویش كوردێك سەرپەرشتی دەكات. هەرچی لەبارەی پڕۆژە یاسای ڕزگاربووانی ئێزدیەوەیە كە لە لایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە گەلاڵەكراو پێشكەش پەرلەمان كراو لە (1/3/2021) لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا و دواتر لەرێورەسمێكدا بە فەرمی لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە واژۆ كرا، رووداوێكی تر بوو كە دەكرا بەگرنگییەوە لەلای حكومەتی هەرێمەوە سەیربكرایە، چونكە رەنگە ئەوە تاكە كاربێت كە دەرهەق بە كۆمەڵ كوژیی ئیزیدیەكان وەك قەرەبووی فەرمی چاوی لێ كرابێت. بەكورتی ئەوەی لەم نووسینەدا دەمەوێت باسی بكەم و گرنگە ئەوەیە، كۆمەڵگەی كوردی تووشی دابەشكارییەكی قوڵی سیاسی مەترسیداری بێ وێنە بوەتەوە، ئێستا ئەم دابەشكارییە وای كردوە، وەك كورد ئەڵێت" كێچی خۆی بەگا ئەبینێت و گای خەڵكیش بەكێچ" ئەمەش وایكردوە لەسەر دەستی حزبەكان كورد لەسەر هیچ پرسێك كۆدەنگی بۆدروست نەبێت، تەنانەت هەندێك بۆنەو رووداوی گرنگیش كەپەیوەستن بە مێژووەوە خەریكە لەبیردەچنەوە، مرۆڤ واهەست دەكات گرنگی خەڵك بەپرسە نەتەوەیەكانەوە بەتەواوەتی گۆراوە و دۆخەكە بەجۆرێكە خەریكە هەموان وەك مرۆڤی پاسیف دەردەكەون بەكەسە رۆشنبیرو نووسەرەكانیشەوە. دیارە رەنگە هەڵەبیت هەموو هۆكاری ئەم بێ لاموبالاتیانە ببەسترێتەوە بە پرسێكی دیاریكراوە، بۆ نمونە ناكرێت یادی راپەرین لەچاوی هەڵەو كەمووكورتیەكانی ئیدارەو حوكمرانی هەرێمەوە سەیربكرێت، چونكە راپەرین كردەیەكی جەماوەری خەباتگێرنەیە لە چركەساتێكی دیاریكراودا روویداوەو حوكمرانیش پەیوەستە بە تێروانین و كردەی پارتە سیاسییەكانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بینیمان ئەو یادە چەند بەساردوسری تێپەری، رەنگە لایەنە دەسەڵاتدارەكانیش هەر ئەوەیان بوێت تا لەژێرمنەتی خەڵكدا قوتاربن كە ئەوان راپەرینیان كرد و ئەم حزبانە ئاراستە و خواستەكانیان گۆری.. ئێستا خەریكە ئەو بۆچوونە دەبێتە قەناعەتی گشتی، كە چیتر نوسین و وتن لەم وڵاتە گرنگی نەمابێت، چونكە لایەنە بەرپرسەكان نەدەتوانن ببیستن نە دەیانەوێت ببینن، یان دەوترێت بەرپرسێك شك نابەیت بەگرنگیەوە بروانێتە نوسین و رای نوسەران، لای بەشێكی زۆری بەرپرسەكان تەنیا دوو جۆر لەنوسین گرنگنی پیدەدرێت، یان مەتح و سەنایی خۆی بیت یان رەخنە بێت، رەخەنەش لە پارت و دەزگا و حكومەت ئەوكاتە بایەخ پەیدا دەكات كەناوی كارەكتەرێكی سیاسی و حكومی تیابێت ئەوكاتە نووسینەكە گەرم دەگات. بەڵام راستیەكەی ئەوەیە نوسین و دەربرین و چالاكی مەدەنی گەر كەمیش بێت كاریگەری خۆی ماوە، ئەی ئەوەنییە تەنها لەسەر نوسین تەنانەت كۆمینتیش لەسۆسیال میدیا رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مەدەنی زیندانی دەكرێن، ئەی ئەوەنییە لایەنەكانی دەسەڵات مانگانە دەریایەك پارە خەرج دەكەن بۆ ئەو لەشكرەی بەكاریان دەهێنن و ئاراستەیان دەكەن لەمیدیاكانەوە. دواین قسە ئەوەیە پێویستە خەڵك بەگشتی چەند دژی نادادی و كەموكورتیەكانی دەسەڵاتە، ئەوەنەش دژی ئەوەبێت كەكاریگەری دۆخەكە نەخوازراوەكە وانەكات گیانی پاسیفیستی زاڵ بێت تا هەمووان بەو واقیعە رازی بین كە دڵخوازی خۆشمان نەبێت، چونكە ئەوە دواین پلەی ئەوكارەساتە تەسلیمكاریەیە كەتەنها لایەنی دەسەڵات لێی سودمەندەن...
عهدالهت عهبدوڵڵا پێم سهیره هێشتا خهڵكانێك له واقعی ئێمهدا ههبن خۆشباوهڕانه متمانه بهو بازاڕه گهرمهی پیرۆزبایی له 8ی مارس و ئهو بهیاننامه رهسمی و حزبی و رێكخراوهییانه بهێنن كه لهم یاده جیهانییهدا بڵاودهكرێنهوه. كێشهیهكی گهورهی كۆمهڵگهی كوردی، كێشهی فهرامۆشكردنی فاكته به نمایش، داپۆشینی واقعه به دروشم. ئێمه ئهوهنده حهزمان له بهستنی پهیوهندییهكی سروتییانهیه(طقوسي) لهگهڵ یادهكاندا، ئهوهنده چاوی رهخنهگرانه به ههقیقهتی خۆمان و رهفتاری سیاسی و كۆمهڵایهتیی رۆژانهماندا ناخشێنینهوه، ئهوهنده ئارهزووی رازاندنهوهو زهخرهفهی بۆنهكانین، نیو هێنده بوێری رووبهڕووبوونهوهی قهیرانهكان و بهرهنگاریمان لهگهڵ سهرچاوهی كێشهكاندا نییه. راستی ئهوهیه واقعی ژن له كۆمهڵگهی ئێمهدا، واقعێكی غهمهێن و ئازاربهخشه، نه لهناو دهوڵهت و دهزگاكان، نه لهناو حزب و رێكخراوهكان، نه لهناو فهرمانگهو دامهزراوهكان، نه لهناو قوتابخانهو زانكۆكان، نه لهناو بازاڕو شوێنه گشتییهكاندا، له ههلومهرجێكی مرۆیی دڵخوازو خاڵی له دڵهڕاوكێ و ترس، ناژی. ئهمڕۆ زۆر ژنی سهلارو به حورمهتی ئهم كۆمهڵگایه لهبهر نێوبانگی خۆی و خێزانی، دان بهخۆیدا دهگرێ و زۆر دادو بێدادی ناههقی و رهفتاری نائینسانییانه كه لهبهرامبهر خۆی و هاوڕێ و هاوپیشهكانیا دهكرێت، قوتدهداتهوه، ئهوان دهزانن لهناو سیستهمێكی نێرسالاری نا بهتهنها، بهڵكو گوندهسالاریی ئهوتۆدا دهژین كه دهرفهتی وههای بۆ بهرگریكردن لهخۆ تیا نهماوه، ئهوان ههندێجار تهنانهت دهبێ له زۆر مافی سهرهتایی خۆیشیان بێدهنگ و خۆش بن نهبادا لهپڕ لهناو ئهم سیستهمه دڵڕهق و زاڵمهدا تۆمهتێكیان بۆ دابتاشرێ و، ههرزووش، بێ هیچ ئهگهرێكی بهرگریكردن لهخۆو دهرفهتێكی سكاڵاكردن، بكهونه بهردهم نهفرهتی سیستهمی كۆمهڵایهتیش و بۆ ههتایهو كوێرانه كاراكتهریان بشێوێنرێت. ههر به راستی، بۆ ناپرسن: كێیه بۆ كهڵهكهكردنی پارهی حهرامی زیاتر، به سهدان ئافرهتی كوردو عهرهب و عهجهم دهقۆزێتهوهو یانهكانی شهوانی پێ گهرم دهكاو ئاكاری گهنجهكانمان تێكدهداو نێوبانگی شاره جیاجیاكانمان و دانیشتوانهكانیان دهشێوێنێ؟ بۆ ناپرسن: ئهو ههموو ستهمه لهناو ههموو ئهو چوارچێوه سیاسی و كۆمهڵایهتی و ئیدارییانهدا كه بهرامبهر به ژن دهكرێن، كێ دهیكات؟ ئهو ههموو ئیستغلالكردن و ئیبتزاز و فشارانهی كه بهرامبهر به مێینهو له شوێنی كاریدا دهكرێت، كێی له پشته؟ ئهو ههموو بهرهڵایی و لادانه كۆمهڵایهتییانه كه لهناو وڵاتدا پهخش كراون، كێ لێی بهرپرسه؟ بهیاننامه نمایشییهكانی 8ی مارس، هیچ لهو واقعه نا ئینسانییهی دۆخی ژن ناگۆڕێ كه ئێوه بهرپاتان كردووه، ئێوه ههركات غیرهتی ئهوهتان ههبوو بهرگری له ئهندامانی ناو حزبهكانتان، دهزگا دهوڵهتییهكانتان، رێكخراوهكانتان، فهرمانگهكانتان، كۆمهڵهكانتان بكهن، ئهوسا متمانه به ئیدیعای داكۆكیشتان دهكرێت له تهواوی رهگهزهكهی تر. ههركات بهرپرسهكانتان فێر كرد رێزی ژن بگرن وهك ئینسان و، پێگهو پۆستهكانیان و، سامان و دهسهڵاتهكانیان بۆ به كاڵا سهیركردنی ژن بهكارنههێنن، ئهوكات خهڵكییش تاقهتی گوێگرتنی له لاف و بانگهوازهكانتان دهبێت!. ههر كات چوار بهرپرسی دهست و دهم و داوێن پیستان له پۆستهكانیان دوورخستهوه، ئهوسا ئهتوانن رووسوورانه بێنه سارشانۆ و ئێمهش ههموو شاهێدیتان بۆ بدهین.
دڵسۆز حەمە لەم ڕۆژەدا ، ڕۆژی جیهانی ژنان : سەرەخۆشی لە خۆم ولەو ژنانە دەکەم هەتا دواتنۆکی ناوشوشەعەترەکانیان ، هەتا دوا سنوری غەزەلەکانی بۆ زوڵف وکەمەر گوتراون ، هەتا دوا هەناسەی مانەوە لە پێستی ناسکی ژنبوندا بەرگری لە ژنبون دەکەن و نەیانەوێت ونەیاندەویست ببن بە پیاو ، یان بە ژنێکی پلاستیکی ، هەروا سەرخۆشیش لەو تاکە تاکە پیاوانە دەکەم کە لە شەقامی بەختەوەری ژنێکدا جار جارە ڕێکەوتیان دەکەین ، ئەو پیاوانەی کە دوا گردو تەپۆڵکەی وخەرەند وشاخی ململانێ لەگەڵ ئەم ڕۆژگارەدا لەبەرگریەکی سەختدان ، بەرگری لە پیاوەتی خۆیان کە چیدی لەوەی زیاتر دایاننەماڵێت لە جوامێری و شکۆمەندی ،ئەو پیاوانەی بە مردویش هێشتا هاوسەرەکانیان شکۆمەند وبەختەوەر وپر ناموس کردوە ، ئەوانەی بۆ نیشتمان بەپێوە مردن و بە دەستی خۆیان ملیان خستە گەردن ، ئەو پیاوانەی کە ڕاست دەدوێن ، کە ناموس دەپارێزن ، کە جەنگاوەرن ، کە پڕن لە غیرەت و ئازایەتی و میهرەبانی ، ئەو پیاوانەی هێندە بەهێزن ژنەکان پڕ دەکەن لە ڕیز ومیهرەبانی ، ئەوەندە جوامێرن ناتوانن توندوتیژ بن ، ئەوەندە ڕاستگۆن کە عاشق دەبن دەمردن و درۆ ناکەن ، ئەوەندە پڕن لە پیاوەتی ئەگەر هەر بە بەسێبەرەکەشیدا گوزەر بکەیت هەمو ڕۆحت پڕ دەبن لە ژنێتی و شانازی بە ژنبونی خۆتەوە بکەیت ، ئەو پیاوانەی کە پڕن دەکەن لە ئارامی و تەناهی وخۆشبەختی ! بەڵام ئەو پیاوانە لە کوێن ؟؟ حەیف لە خۆمان ، لەوژنانەی ناسکن وەکو ئاو ، هەم بەهێزن وەکو شاخ ،ژنانی پۆست پیاوەتی وپۆست ژنێتی ، حەیف لە خۆمان کە ژنێتیمان بە شەقامی ڕۆگارێکدا تێدەپەڕێت ژنی ناسک بەو سێبەر و ژنە پلاستیکی و کۆپیکراونە دەگوترێت کە ژێر پێستەکانیان پڕە لە بۆتۆکس وفیللەر و خاڵی لەهەموو سۆز و گەرمی ومیهرەبانی و ومتمانەیەک . ، ژنی ناسک کورتکراوەتەوە بۆ بونەوەرێکی پلاستیکی ، شوشەیەکی بۆش و بەتاڵ کە بە بچوکترین فشار دەشکێت و دەبێتە هەزار پارچەوە ، بونەوەرێک کە بازاڕی هەرزانی سەرمایە ، کە بەبازاڕبونی وولات خەریکە لەگەڵ داکەندنی جلەکانی بەریدا ئەویش دەخاتە بازاڕە هەرزان ودڵڕەقەکەیەوە ، یان بونەوەرێک لەبەردەم هاتنەپێشەوەی ڕوخساری ناشرینی ژیاندا ، لەبەردەم نادیاری داهاتو ، لەبەردەم دەروازە داخراوەکانی پاشەڕۆژدا هەڵدێت وئاوادامان خۆی دادەپۆشێت و لە ئاپورای باوەڕدارانی تەسلیمبودا خۆی وون دەکات و ژنێتیشی بۆ ئەبەد لە بێدەنگیەکی بکوژدا دەکوژێتەوە . ڕۆژگاری پۆست پیاوەتی وپۆست ژنێتی ، نەک شێواز وڕوخسارمان بەڵکو ناسنامەی ئازارەکانیشی گۆڕیوین ، جاران ناسکی ونازداری ژن لەو سنورانەدا بوو کە ڕۆژگارێک عیزەتی نەفس و،شەرم وکبریاء و پیرۆزی ژن وبۆ ئابڕوی خۆی ، بۆ جەستەی خۆی ، بۆ ڕۆڵی خۆی وەکو دایک ، وەکو عاشق ، وەکو مەعشوق ،وەکو مرۆڤ بۆ خۆی کێشا بو ، ناسکیی ژن ئەو سنورەبوو کە هیچ هێزێک نەیدەتوانی بیبەزێنێت ، ئێستا ژنی ناسک بەو بونەوەرانە دەگوترێت کە لەفەزای گشتی ، لەساشەکانەوە ، بە شەقامی ژیان ولە هەمو لایەکەوە بەریان دەکەوین و دەیانبینین ، بونەوەرێکی ژن کە هێندە دڕ و بەنینۆک و بەرباد و هەرزان بوە کە بچوکترین پیاو ، بودەڵەترین پیاو دەتوانێت خۆی بەو سنورانەدا بکات و داماوی بکات . جیازاوی زۆرە لە نێوان ژنی بەهێز وبەهێزیی ژن ، جیاوازی زۆرە لە نێوان ژنی ئازاد و ئازادیی ژن ، لێسەندنەوەی ناسنامەی ژنێتیم بە ناوی ئازادیەوە ، بەناوی یەکسانیەوە لێسەندنەوەی هەمو خۆشی وچێژەکانی ژیانە ، نامەوێت ببمە پیاو ، ناخوازم ژنێکیش بم لەبەر ئەوەی بەو ستانداردە پیاوانە هەرزانەی بۆ جوانی دەخرێتە باازاڕەوە ، بەو ستاندەردە نزم و بۆش وهەرزان وبازرگانی و بێڕۆحەی بە ناوی جوانیەوە دەخرێتە بازاڕەوە تێکڕای لەشولار وڕوخسارم پڕ کەم لە مادەی کیـمیایی ومێشک ودڵ وڕۆحم خاڵی کەمەوە لەوغەزەلانەی کە ژنێتیم ئاودەدات هەست و سۆز وعەتری میهرەبانی و حورمەتی زۆر ، بەو هەستە قوڵەی عەشق وخۆشەویستی ، ئەو دو ووشەیەی کە خەریکە دەبێتە بەشێک لە مێژوو . حەیف لە خۆمان کە لەدەوروزەمانێکدا ژنێتیمان وەکو بەجێماوترین باخ ، بیرکراوترین کەناردەریا و تەنهاترین ڕەوە ئاسک بە ژیانێکدا ڕێدەکات کە پیاوان ، پیاوەتی لەوپەڕی لەناوچوندایە، دەگمەن نەبێت ڕێکەوتی پیاوێک ناکەیت لەم بەرەهوتە. جاران لەگەڵ خەونی شاسواریکدا گەورە دەبوین کە ڕۆژگارێک، قەدەرێک دەگاتە کەناری چارەنوس وکلیلی ژیان وبەختەوەری وعەشق وئازادیمان لەسەر دەکاتەوە ،سیحری ژیانمان پێببەخشێت ، ئێستاکە خۆمان دەبێت بەسەر ئەسپی ژیانەوە خەریکی ڕاوکردنی ژیان ، ڕاوکردنی نان و بەدەستهێنانی خۆشبەختی بین ، چونکە پیاوە شاسوارەکان ، پیاوە جوامێرەکان بەسەرچون ، باشترینیان ئەوانەن کە لەژێر خاکەوەن . لەم ڕۆژەدا کێشەم نیە شەپۆلەکانی فێمینستی یەکەم و دوەم وسێهەم بە کوێ گەشتوە ، کێشەم نیە سیمینار وڕێپێوان ومانشێتەکان چی دەڵێن ، کێشەم نیە ژنێکی بەپیاوبو بەناوی ژنانی کوردەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش یان نەتەوە یەکگرتوەکان یان لەسەر شاشەی بەناوبانگترین تەلەفزیۆن دەیکاتە هەرا لەسەر ئەو هەمو مەینەتی وئازار و بەدبەختیەی کە ژنانی وولاتەکەی من بەدەست پیاوی توندوتیژ و پیاوی بودەڵەو ناپیاوەکانەوە دەیچێژێت . پێموایە ئازارەکەی ئێمە لە نەمانی بەهای پیاوەتیدایە ، لە وونبون ولەناوچونی پیاوی راستەقینەدایە ، ئەو پیاوانەی مێژویان تۆمار دەکرد وجەنگەکانیان بەرپادەکرد ونیشتمانیان ئازاد دەکرد و سڵیان لە مەرگ وخوین نەدەکردەوە ، بەدبەختی ئێمە لە تەواو بونی ئەو پیاوانەدایە ، لەبەسەر چونی خەسڵەتەکانی پیاوبون ، لە لەناوچونی یەکجارەکی ئەو بونەوەرە جوانەوە سەرکێش ویاخی وبەهیزەی کە پێیان دەگوت پیاو ! حەیف لە خۆمان ، لە ژنێتی وناسکی وجوانی و جەستەی گەرمی ژنێتیمان کەلە سەردەمێکدا دەژین پیاوەکان وەکو وورچی پاندا ڕولەناوچونەو، پیاوەتی داستانی جوامێری وئازایەتی وغیرەت و شەهامەت وەکو حیکایەتی دایناسۆرەکان بۆتە داستان و ڕابوردوو. کێشەی ژنی ئەم ڕۆژگارە ، ژنانەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ، ژنانی بریندار نەمانی پیاوەکانە ، ئەوەی کە هەن سێبەر وکۆپی ناتەواوی ئەو بونەوەرە جوانەیە ک پێی دەڵێن : پیاو . جاران پیاوەکان پشت وپەناو هێزی پاراستنی ماڵ ونیشتمان و ژنەکان بون ، ماڵەکان بەوانەوە پارێزراو بون ، ئێستا سەردەمی ئەو پیاوە بودەڵەو داماوانەیە کە خۆیان دەرگای ماڵەکان دەخەنە سەرپش، دیوارەکان دەشکێنن وزۆر جار خۆیانن ئابڕوی ژنەکانی بنەمالە دەخەنە بازاڕەوە ! ئەوەنیە بە ڕۆژگارە داستانی بازرگانیکردنی پیاوان دەبیستین بە وێنەی کجان وژنان و هەراسانکردنی سێکسی و بلاوکردنەوەی وێنەکانیان لە سۆشیال مێدیادا ئەگەر پارە نەدەن! جاران پیاوەتی بەرەنبەر بو بە کەرامەت و جوامێری ، بە داپۆشین ونهێنبڕی ، هەنوکە پیاوی بودەڵە و بجوک ئاسایشی دەرونی مەملەکەتی تێکداوە. جاران پیاوەکان ،جەنگاوەر بون ، ئەفسانەی خۆڕاگری و بەرەنگاری وئازایەتی بون ، پیشمەرگە بون ملیان لە چەقۆ هەڵدەسو ،لە زیندانەکاندا مردنیان بە چۆکدا دێنا ، لە پێناوی ئازادی ولە پێناوی بەردوخۆڵی ئەم خاکەدا ، ئەو پیاوانە ژنێتی ئێمەیان پڕ دەکرد لە شانازی و کبریاء ، پڕیان دەکردین لە هێز ولە خۆڕاگری وپڕیان دەکردین لە ناسکی و دڵنیایی ، پیاوەکانی هەنوکە ، پیاوانی پۆست پیاوەتی ، هەندێکی سەرقاڵی فرۆشتنی نیشتمانە بە داروبەرد ودرەخت وئاوی کەوسەر و ونەوت وهەواکەشیەتی . هەندێکی تەماشاچی و وەکو پڵنگی پیر نینۆکەکانی کول و نیگاکانی تێکشکاوە و سیحری نێربونی لەدەستچوە ئەمانە بە تەواوی تەسلیم بەو ڕاستیە بونە کە پیاوەتی ، جوامێری لە گیانەڵلادایە ، ئەو توندوتیژیەی کە هەمو ڕۆژێک لە کوچە وکۆڵان وپشت دەرگا داخراوەکانەوە قیژە لە ژنێتی هەڵدەستێنێت ، ئەمانە دەزانن کە بەشێکی زۆری هۆکارەکەی نەمانی جوامێری و کاڵبونەوەی پیاوەتیە !، هەندێکی سەرقاڵی پڕۆژەی هاوردەکردنی هەموو شتێکە ، لەدەرمان وحەشیش و شیر وخواردنی بەسەرچو هەتا هاوردەکردنی لەشفۆرش ، ژنی هەرزان و پوچ و پاتاڵ بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەستە قوڵەی هەڵوەرینی پیاوەتی ، پوکانەوەی جوامێری ، دیارنەمانی شەهامەت ،کە وەکو دەردێکی کوشندە هەر ڕۆژە نیشانەیەکی نوێ بەجەستەی نیشمانەوە دەردەکەوێت . لە نەمانی پیاوەتیدایە ، لە کوژانەوەی شوعلەی جوامێری پیاوە مەزنەکانن ، لە نەمانی جەنگاوەرو سەرکردە و پیاوە راستەقینەکاندایە کە هەزاران ژنی هەژار بۆ پاروە نانێک ڕژاونەتە بازاڕی بێڕەحمی کارەوە. ئاخر پیاوی جوامێر دزی ناکات لە لە قوتی ئەوانی دی. پیاوی جوامێر شەهامەتی ڕێگای نادات دەست بۆ گیرفانی ژنەکان بەرێت . پیاوی جوامێر لە خۆی نابورێت سەرڕاست ودەسپاک وخاوەنی ووەعد وپەیمان نەبێت ، دەبینین لە ڕۆژگاری پۆست پیاوەتیدا کۆمەڵگا ونیشتمان ، بەچی دەردێک چوە ، گەورەترین درۆزن و ترسناکترین قۆڵبڕ و مەترسیدارترین پەیمانشکێن ئەو پیاوە بودەڵانەیە کە لەسەری سەرەوەی دەسەلاتەوە ئاراستەمان دەکەن هەتا ناو ژوری نوستنەکان . لە ڕاستی بودجە وداهاتی ووڵاتەوە درۆمان لەگەڵ دەکەن (ئەم پیاوانە)هەتا داهاتی نێوان ژن ومێردەکان ، لەبەرپرسیاری میللەتێک ڕادەکەن هەتا بەرپرسیاری ژن و منداڵەکانی خۆیان ، ئێستا مۆدێلێلک پیاوانێک پەیدابونە کە مشەخۆرن بەسەر ژن و منداڵ و ژنەکانەوە ، هەروەکو چۆن ئەم دەسەلاتە(پیاوانەیە) مشەخۆرە بەسەر ژنان وکچانی ئەم میللەتەوە! مەترسیدارترین درۆ ، ئەو درۆیانەیە کە پیاوەتی بە ناوی عەشق وخۆشەیستی ، تەنانەت بەناوی خێزان وزەواج وهاوسەرگیری لەگەڵ ژنەکانیدا دەگەن ، بەدبەختی ، نائومێدی ژنەکانی پۆست پیاوەتی ، برسێتی وهەلی کار وژنی سێهەم ودووەم نیە ، بەدبەختی ئێمە بەسەرچونی ئەو مەخلوقە جوانە بوو کە پێی دەگوترێت: پیاو . جاران پیاوەتی مانای نهێنپارێزی بوو ،هەڵگرتنەوەی ئابڕو ، پاراستنی نهێنیەکان بو ، نە نهێنی نیشتمان ، نە نهێنی ژنەکان ، ئێستا پیاوەکان سەرقاڵی بازرگانیکردنن بە نهێنیەکانەوە ، بەقولاپی سۆشیال میدیادا ڕۆژانە هەزاران ژن ڕاودەکرێن و پاشان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئابڕوی ژنەکان لەسەر پەیج وبەناو پانوپۆڕی کۆمەڵگادا بازرگانیەکە دەگاتە دەسکەوت وقازانج . پیاوی جوامێر ، جوامێریی پیاو ناهێڵێت دەست بۆ ئابڕو ،کەرامەتی ژنێتی بەریت . لەسەردەمی پۆست پیاوەتیدا لەم دەڤەرە شتێک نەماوە بە ناوی نیشتمان ونهێنیەکانی ، نیشتمان و ویقاری پیاوەکانی ، بەڵکو هەمو چەکمەیەکی بێگانە ، هەموو پیاوێکی بچوک لە دەوروبەردا دەتوانێت بێتە ناو نیشتمانە دڵشکاوەکەی ئێمە . هەورەکو ئەو پیاوە بودەلانەی کە ژنەکانیان ،هاوسەرەکانیان لە بازاڕی تەنهایی و،پشتگوێ خستن وپەڕاویزکردن وبریندارکردن وبێبەشکردندا ، لەبازاڕی ڕەتان و ئیستغلال وچەوسانەوەدا دەکەن بەنێچیری توندوتیژی و ئازار و نائومێدی . پیاوەتی خۆی هێز وسەرچاوەی هیزی ژیان بوو ، ئێستا هێز بە بەبێ شەهامەت ، بە بێ پیاوەتی ژیانی کردۆتە تەنهاییەکی بێسنور وتوندوتیژی بۆ مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرە. ئەوسا پیاو دڵنیایی بوو چونکە پڕ بوو لە غیرەت وجوامێری ، ئێستا کە پیاوانی پۆست پیاوەتی خۆیان سەرچاوەی نادڵنایی وگومان و ئابڕوچونیش . ئەوسا پیاوەتی کە پەیمانی دەدا نەدەکرا بیشکێنێت ئەگەر سەری خۆی پێدەبەخشیت ، ئێستا درۆکردنی پیاوەکان ، پەیمانشکێنی پیاوەکان ، فێڵ و بێوەفایی پیاوەکان ژنێتی لەم مەملەکەتەدا کردۆتە برینێکی قوڵی پر لە خوێن . جاران پیاوەتی خاوەنی ئابڕوکەرامەت بوو ، پێی نەدەنایە ژنێتیەوە ، کەرامەتی ژنەکان سنوری سور بو ، سنوری پیاوەتی پیرۆز وبەنرخ بوو هەربۆیە لە تەنیشت سنوری پیاوێکی لەوجۆرە ژنبونیش نیشتمانێکی سەوزی پارێزراو بوو ، ئێستا پیاوێکی لەوجۆرە بۆتە خەونێکی بەدینەهاتوی هەزاران ژنی بریندار ، دەیان ژنی تیرۆرکراو ،سەدان ژنی دڵشکاو وهەزاران ژنی ڕۆحکوژراو . حەیف لە خۆمان لە ڕۆژگاری پۆست ژنبون وپۆست پیاوبن ، ئێستا ئازارەکانی ژنبون بەتەنها بەزۆر بەشودان و خەتەنەکردن و مامەڵەی نایەکسانی خێزان نیە لە نێوان کوڕوکچەکانیدا ، ەلی نایەکسان و هەڵاویردی ڕەگەزی و باڵادەستی پیاوەکان نیە ، بئازاری گەورەی ژنبون نەمانی پیاوەکانە ، بەسەرچون ونەهاتنی یەکجارەکی ئەو شاسوارەیە کە لە خەونی هەمو ژنەکاندا مانای دەدا بەژیان و خەیاڵی پڕدەکرد لە گوڵ وژنبونی دەدرەوشانەوە ، ئێستاکە خۆمان بوینەتە شاسوار ودەبێت شەڕی نان وژیان و پاشەڕۆژ خۆمان بیکەین ، گلۆریا سانتیا واتەنی : (خۆمان بوینەتە ئەو پیاوەی کە دەبو مێردی پێ بکەین ) . گەورەترین زوڵم لە ژنێک بکرێت ئەوەیە کە ناسنامەی ژنبونی لێوەرگریتەوە وبیکەیتە بونەوەرێکی دی کە خۆی نەبێت ، بەتایبەت بە دەستی سستەمێکی پیاوسالارانەوە کە جەنگاوەرەکانی ئەو پیاوانە بن کە بەس پیاو نین !!
لوقمان حاجى قادر پاپاى ڤاتیکان پێگەیەکى سیاسى و ئایینى گرنگى هەیە لە جیهاندا، بۆیە میدیاکان و چاودێران بە گرنگییەوە چاودێرى جوڵەکانى دەکەن، میدیاکانى ئیتاڵیا هەڵبژاردنى پاپایان بە شۆرشێکى مێژووى کڵێسا لە قەڵەمداوە، سەردانیکردنى عێراقیش بۆ دەبێتە شۆڕشێکى دیكە، سەردانەكە لەم کاتەدا کۆمەڵێک پەیام و هۆکارى گرنگی لە پشتن، چونکە عێراق وەک هەموومان دەزانین لەسەر لێوارى داڕمانى گەورەدایە و ئەگەرى مەترسیدارى لە بەردەمە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەلی گەورەى بۆ هاتۆتە پێش تا خۆى لەو ئەگەرە مەترسیدارانە بپارێزێت. لە ڕۆژى دەستبەکاربوونى دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار گوتەیەکى دیار و گرنگى هەیە کە لە زۆربەى بۆنە دیارەکاندا دەیڵێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە عێراق لەباتى ئەوەى بكرێتە جێگاى ململانێى هەرێمایەتى و جیهانى دەتوانرێ بکرێتە ناوەندێک بۆ دیالۆگى ئاشتى و تەبایی، دەستپێكی هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیە بوو، لەسەردانەکانى سەرەتاى دەستبەکاربوونیدا ئەم نیەت و نیازەی بە روون و ئاشكرایی دەرکەوت کە لە ماوەیەکى کورتدا سەردانى سعودیە و ئێران و ڤاتیکان و تورکیاى کرد، ئەوەش وەک نیشاندانى نیازپاکى عێراق بوو لە بەرامبەر ئەم جەمسەربەندییە ناکۆکانەدا. سەرۆک کۆمار بۆ پاڵپشتى تێزى دوورخستنەوەى عێراق لەوەی بكرێتە گۆڕەپانى چەنگ و ململانێكان، پێویستى بە پشتیوانى و هاوکارى هەمەلایەنەى عێراقییەکان و هێزە دەرەکییەکان هەبوو، لەسەردانى بۆ ڤاتیکان هەروەك "جیسۆن هۆرویتز" ی بەرپرسی ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لە ڕۆما لە وتارێكیدا لە 5 ی ماڕسی 2021 باسی لێ دەكات، بانگهێشتی پایای كردبوو بۆ سەردانی عێراق، هەروەها داواى پاڵپشتى ڤاتیکان و پاپاى کردبوو بۆ عێراق، پاپا بەڵێنى پێدابوو کە هاوکار دەبێت و پشتگیرى دەکات، واتە سەردانەکەى پاپا بەشێک لەو بەڵێنە بوو کە پێشتر بە سەرۆک کۆمارى عێراقى دابوو. دواى خۆپیشاندانەکانى پار ساڵى بەغدا و شارەکانى دیكەی خوارووى ئەو وڵاتە کە زیاتر ناڕەزاییەتى جەماوەرى شیعە بوو لە خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونى خزمەتگوزارى، بەشێك لە داواكارییەكانیان هاتنەدی و توانیان سەرۆک وەزیران و چەند بەرپرسێکى دیکە بگۆڕن، بەڵام لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانکارى و چاکسازى ڕیشەیی لەوە بەهێزتر بوون بە گۆڕینى سەرۆک وەزیران عێراق پێ بنێتە قۆناغێکى نوێوە و دووریش بێت لە ململانێی هەرێمایەتییەكان. هاتنى پاپا وەک دوایین هەلی بەر لە وادەى هەڵبژاردنەکان، پەیامێکە وەک دوایین دەرفەت کە ئاراستەى نێودەوڵەتى پشتیوانى عێراقە بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە بە پێگە و سەنگى خۆیەوە بگەڕێتەوە نێو بازنەى نێو دەوڵەتى، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ تێزەکەى سەرۆک کۆمار کە عێراق لەباتى ئەوەى ناوەندى ململانێى یەکلاکردنەوەى کێشە هەرێمایەتییەکان بێت، بە پێچەوانەوە ببێـتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتن و تێگەیشتنى لایەنە ناکۆکەکان، بەدیوێکى دیكەدا دەتوانێن بڵێین سەردانەکەى پاپا هاندە رو پاڵنەرێکى بەهێزە بۆ خاوکردنەوەى بارگرژییەکان و لێکنزیک بونەوەى لایەنە ناکۆکەکان و دوورخستنەوەى تارمایى شەڕى تایفى و ئایینە لە عێراقدا، وە سەردانیکردنى بۆ هەرێمى کوردستان مانا و دەلالەتى سیاسى گرنگى خۆیى هەیە، لەوەی هەرێم لەو پڕۆسەیە بەشدار بێت و ڕۆڵى هەبێت لەو تێڕوانینەى پێشترى سەرۆک کۆمارگەڵاڵەی كردووە. دیارە لە سەردانەکەى پاپادا، جگە لە پیاوانى ئایینى مەسیحى و خەڵکى ئاوارەى مەسیحى و شوێنە پیرۆزەکانیان، سەردانى مەرجەعى باڵاى شیعەشى کرد، ئەوەش پەیامێک بوو بۆ مەرجەعیەتی شێعەكان كە رۆڵى دیار و گەورەى خۆى ببینێت لە دروست کردنى ئاشتى کۆمەڵایەتى و گوشار خستنە سەر ئەو هێزانەى بەناوى شیعەوە بونەتە بەشێک لە لەمپەر لەبەردەم چاکسازى و گەڕانەوەى عێراق بۆ نێو ناوەندى نێودەوڵەتى.
عارف قوربانی له دوای پهسندكردنی پرۆژهیاسای تایبهت به ژنانی رزگاربووی ئێزدی له پهرلهمانی عێراق، كه سهرۆكایهتیی كۆمار ئامادهی كردبوو، دهمویست بۆ ئهم ههفتهیه وتارهكهم تهرخان بكهم بۆ ئهوهی هاوشێوهی پاكیزهكانی شنگال، پرۆژهیاسایهك بۆ قهرهبووكردنهوهی قوربانیانی جینۆساید ئاماده بكرێت، بهڵام گهرمبوونهوهی خولێكی دیکەی شهڕی میدیایی پارتی و یهكێتی لهم ههلومهرجه ههستیارهدا رایكێشام بۆ ئهوهی ههندێ سهرنج لهسهر ئهو پرسهش بدهم، بۆیه بهناچاری ههردوو بابهتهكهم تێكهڵكرد. قهرهبووی قوربانیانی جینۆساید زۆرجار له باسی بهند و بڕگهكانی دهستوور و ئهو یاسایانهی له عێراق دهردهكرێن، ئاماژهم بهوه كردووه كه عهرهبهكان زۆر له كورد شارهزاتر و وریاترن، ئهگهر لهژێر گوشاری ههر بارودۆخێكدا دهستووریان نووسیبێتهوه یا ههر بڕیار و یاسایهك دهرچووبێت، بهچاوێكی دوورمهوداوه لێیان روانیوه، بۆیه ئهگهر بۆ ههلومهرج و دۆخێكی كاتی كورد لێشی سوودمهند بووبێت، له كۆتاییدا بۆ كورد بووه به سهراب و عهرهب بهرهكهی چنیوهتهوه. تهماشای ئهو رۆژگارانه بكهین كه دادگەی باڵای تاوانهكانی عێراق كهیسی تاوانهكانی تهعریب و فهیلیی و بارزانییهكان، ئهنفال و ههڵهبجهی به جینۆساید ناساند، وهك رێكار و عورفێكی یاسایی كه دهبوو بڕیار لهسهر قهرهبووكردنهوهی قوربانیانی ئهو تاوانانه بدرێت، لهبهرئهوهی دهوڵهتی عێراق بهرپرس بووه له ئهنجامدانی تاوانهكه و له 68 تا 2003 وهك پرۆسهیهكی بهردهوام ئهو تاوانكارییانه لهلایهن حكومهتهكانی عێراقهوه ئهنجامدراون، پێویست بوو ئهركی قهرهبووكردنهوهكهش بخرێته ئهستۆی عێراق وهك لایهنی ئهنجامدهری تاوان، وهك چۆن تاوەکو ئێستاش پابهنده به قهرهبووكردنهوهی ئهو تاوانانهی دهرههق به كوێت كردی، بهڵام لهبهرئهوهی بابهتهكه رهههندێكی ستراتیژیی نهتهوهیی ههیه، عهرهبهكان له بڕیاری دادگەی باڵادا ئهركی قهرهبووكردنهوهكهیان كرد به ئهركێكی شهخسی لهسهر تاوانبار، واتا دهبێت كهسی تاوانكار قهرهبووی تاوانلێكراو بكاتهوه. ئهمه تاوانێكی كهسی نهبوو كه كهسێك بهرانبهر به كهسێكی دیکە تاوانێكی ئهنجام داوه و دادگە بڕیار دهدات دهبێت تاوانبار قهرهبووی قوربانییهكه بكاتهوه، بۆ ئهو مهبهستهش دهست بهسهر موڵك و ماڵیدا دهگرێت و بههاكهی دهبهخشێته تاوانلێكراو. ئهوهی روویدابوو جینۆسایدی میللهتێك بوو لهلایهن دهوڵهتێكهوه، بهپێی یاسای نێودهوڵهتی و ههموو رێسا و یاسایهك كه دان به تاوانی كۆمهڵكوژییهكهدا نرا، پێویست بوو دهوڵهت بخرێتهژێر باری قهرهبووی قوربانییهكان، بهڵام عێراق ئهمهی نهكرد و وهك تاوانێكی شهخسی باجهكهی خستهسهر تاوانبارهكان. كورد لهبهرئهوهی وردنین له ههڵسهنگاندن و توانا و تاقهتی بهدواداچوونی ئهو پرس و بابهتانهمان نییه، ئهوه چهندین ساڵ تێپهڕی و ههوڵی راستكردنهوهی ئهو زوڵمهمان نهداوه. له كاتێكدا له چهند خولی رابردووی پهرلهمان و سهرۆكایهتیی كۆماردا، چی سهرۆككۆمار و چی فراكسیۆنه كوردییهكان دهیانتوانی پرۆژهیاسایهك بۆ قهرهبووكردنهوهی قوربانیانی جینۆساید بهرنه پهرلهمان و له ههندێ ههلومهرجدا بهئاسانی دهتوانرا بچهسپێندرێت، بهڵام كهس بیری بۆ ئهو بابهته نهچوو، لهكاتێكدا ئهركی سهرهكی سهرشانی نوێنهرانی كورد بوو. ههرچهند ماوهیهكی زۆر بهسهریدا تێپهڕیوه و ژمارهیهكی زۆر له قوربانیانی جینۆساید له كوردستان بهچاوی چاوهڕوانییهوه سهریان نایهوه، بهڵام هێشتا كات ماوه بۆ ئهوهی كورد بیر لهم رێگەیه بكاتهوه، چونكه نه باجی تاوانهكه لهسهر عێراق تهنیا سزادانی شهش بۆ حهوت كهسه و نه قهرهبووی قوربانییهكانیش تهنیا داننانه به ئهنجامدانی تاوانهكه، دهبێت عێراق بخرێتهژێر باج و سزای تاوانهكه و كوردیش قهرهبووی قوربانییهكانی وهربگرێتهوه. نهگبهتیی پارتی و یهكێتی ماوهیهكی زۆره پرسیارێك مێشكی پڕكردووم، ئایا ئهمهی پارتی و یهكێتی دهیكهن وهك درێژهی شهڕێكی سارد و ناوهناوه له میدیا گهرمی دهكهنهوه، دابهشكردنی رۆڵه لهنێوان خۆیان یاخود بهڕاستیانه؟ ئهگهر دابهشكردنی رۆڵه و بۆ گۆڕینی ئاراستهی سهرنجی خهڵك و لهبیربردنهوهی كێشهكان وادهكهن، هیچ پێویست بهوه ناكات، چونكه خهڵك نه سهرنجی ههیه و نه زاكیره، ئیتر بۆچی لهپێشچاوی دونیای دهرهوهی خۆتان، خۆتان ناشرین دهكهن؟ لهخۆم دهپرسم ئهگهر نهگبهتییان نهبێت چییانداوه لهم شهڕه دهنووكه؟ خوا میللهتێكی پێداون چۆنتان بووێ ئاوا ئاراستهی دهكهن، نهك نایهكی نییه به ڕووتاندا، تهنانهت پرسیاریش رووبهڕووتان ناكاتهوه، ئیتر بۆ لهخۆتانی تێكدەدهن؟ له كام وڵات و كام سهركرده و سیاسی دونیا ئهو شانسهی ههبووه میلـلهتێكی له شێوهی كوردی ههبێت، هیچ میللهتێك نییه له دونیادا هاوشێوهی كورد موتیعی حیزب و سهركردهكانی بێت. سهركرده و سیاسییهكانی چۆنیان بوێ و چیان بوێ میللهت ئهوه بكات. تهماشا بكهن رۆژێك حهزیان لێبووه كورد دهست بداته چهك و شۆڕش بهرپا بكات نیوهی ئهو میللهته داوێتی بهشاخدا، خاوهن دهیان ههزار چهكدار بووه سهركردهكان گوتوویانه بچن تهسلیم ببنهوه، ههموو رێگهی تهسلیمبوونیان گرتووەتهبهر و چهكهكانیان داوهتهوه به دووژمن. سهیری ئهم هاوكێشهیه بكهن دوای چهند مانگێك به خهڵك دهڵێن وهرنهوه به چوار تفهنگی ژهنگاوییهوه شۆڕش دهستپێدهكهینهوه، خهڵكهكه جارێكی دیکە دێتهوه شاخ، پێیان دهڵێن بچن براكانی خۆتان بكوژن، شۆڕشگێڕهكان بێئهوهی یهكدی بناسن دهست دهخهنه خوێنی یهكدییهوه. پێیان دهڵێن ئاشتبووینهوه شایی بكهن، شۆڕشگێڕهكان ههڵدهپهڕن. زۆرێك له سهرۆك عهشیرهت و تهنانهت ههندێ له فهرمانده ئازاكانی شۆڕشیشیان كرد به جاش، پێیان گوتن بچن فهوج بكەنەوه، خهڵكهكه چهكی بۆ رژێم ههڵگرت، پێیان گوتن له رژێمهكه ههڵگهڕێنهوه، كردیان. گوتیان راپهڕن و شارهكان رزگاربكهن و دێیینهوه شارهكان، گوتیان راكهنهوه بۆ شاخ، میللهت ههموو كهوتهڕێ. گوتیان رێگهی دیموكراسی دهگرینهبهر و بچنه سهر سندووقی دهنگدان، میللهت ههموو ریزی بهست، گوتیان بهرببنه گیانی یهكدی، كۆمهڵگە ههمووی بهریهككهوت، گوتیان ئاشتببنهوه، ئاشت بووینهوه. گوتیان بچن دهنگبدهن به دهستووری عێراق و دهبینهوه به عێراقی، میللهت دهنگی بۆ دان. گوتیان نامانهوێ لهگهڵ عێراق بژین و جیادهبینهوه دهنگبدهن، میللهت وایكرد. چیتان ویستووه خهڵك ئهوهی بۆ كردوون. ئهمهی لهنێوان خهڵك و حیزب و سهركردهكانی كورد روودهدات تهنانهت لهیاری منداڵانیش ناچێت، ئیدی بۆ له خۆتانی تێك دهدهن؟ تێناگهم بۆچی ئهم دوو حیزبه قهدری ئهوه ناگرن كه ههیانه، بۆچی قهدری ئهو پۆست و پله و پێگانه ناگرن كه دهستیان كهوتووه. ئایا هیچ كات لهخۆتان پرسیوه ئهگهر لهناو كورد نهبووان ئێستا چی دهبوون؟ یان ئهو پرسیاره بهمێشكتاندا هاتووه ئهگهر كوردیش هاوشێوهی گهلانی دونیا بووایا، ئێوه لهناو ئهو میلـلهته زیندووهدا چی دهبوون؟ كام وڵات له دونیادا زۆر بههێزه و خاوهن زۆرترین تهكنهلۆجیای سهربازیی و توانای سیاسی و ئابوورییه، ئهمریكا، رووسیا و وڵاتانی ئهوروپا كه تهحهكوم به گۆی زهویی و ئاسمان و ههسارهكانهوه دهكهن، ژیانی پڕ به رهفاهیهتیان بۆ میلـلهتهكانیان دروستكردووه ئهگهر شهش مانگ مووچه نهدهنه فهرمانبهرهكانیان، میللهتهكانیان دهیانڕووخێنن. ئهوه حهوت ساڵه ههرێمی كوردستان بهدهست قهیرانی دارایی و بێ مووچهییهوه دهناڵێنێ، كێ یهخهی پێگرتوون؟ بۆ له خۆتانی تێكدهدهن؟ ههر بهڕاستی پێم سهیره ئهم دوو حیزبه بۆ وادهكهن، بۆ خهریكه ئهو ناز و نیعمهته له خۆیان تێكدهدهن، خهریكه دهگهمه قهناعهتهكهی مام رۆستهم کە دهیگوت من هیچ پابەندییەكی ئایینیم نییه، بهڵام دهزانم خودایهك ههیه ناهێڵێت زووڵم ههتا سهر بڕوات، تهنانهت ئهگهر مهزڵوومیش خۆی رازی بێت بهوهی بهسهریادێت، خوا سهر له زاڵمهكه دهشێوێنێت. rudaw
زانا توفیق بەگ لە ساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەی نەهەزەی ئیسلامی کە غنوش سەرکردایەتی دەکرد، هەوڵیاندا کۆمەڵی گۆڕانکاری گرنگ لەدید و ڕوانگەی جیاواز لە بەرنامەی کاری بزوتنەوەکەدا بکا. ئەویش هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی ناوی بزوتنەوە فیندەمیتالستە ئوسلێکانی ناو سیستەمی سیاسی ووڵاتی تونس، بەتایبەتی بزوتنەوەی نەهەزەی تونسی وە گۆڕینی ناوو بەرنامەی کارکردن و ئالیەتی جێبەجێ کردنی بەرنامەی بزوتنەوەکە. گەورەترین گۆڕانکاری لە زەمەنی دەسەڵاتی تەشریعی ڕاشید غەنوش لە دوای ئەو گۆڕانکاریە سیاسیەی بەهاری عەرەبی ڕۆیشتنی بن علی بوو. دوای ئەوەی لە پەرلەمانی تونس دەستکاری قانونی باری کەسێتی ومەدەنی دەوڵەتی تونسى کرد. پاشان هەوڵدانى بۆ گۆڕینی هەندێ بابەتی دەستوری کە زیاتر کۆمەڵگای تونسی بەرەو کرانەوەیەکی گەورە برد لە بواری ئازادی سیاسی و ئازادی کاری میدیایی هەڵوەشاندنەوەی سانسۆری سیاسی لە بەرامبەر کۆمەڵی فیگەری سیاسی تونسدا، کە پێشتر لەلایەن (بن عەلی)وە زیندانی کرابوون یان لە مەنفا بوون. پاشان پێداچوونەوە لە بوارەکانی مافە مەدەنییەكانو مافی ئافرەت لە کۆمەڵگای تونسیدا. ئەم بەرنامە چاکسازییە غەنوش دەرخستنی واقعی کی نوێ ڕەوتە ئیسلامییەکان بوو بۆ خۆرئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا، پاشان بۆ ئەو ناوەندە توندڕەو وپەڕگیرییە ئیسلامیانەی ووڵاتە عەرەبییەکان . لەسەر دوو ئاستی جیاواز، ئەویش بریتی بوو لە: ١. لە دوای گۆڕینی ناوو بەرنامەی بەشێکی زۆری بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تونس. ئایا هەلێکی گونجاوە کە بتوانرێت بڕواو متمانە بگەڕینەوە بۆ خۆرئاوا وە دیالۆگێکی کراوە لە بەرامبەر یەکتردا بکەن؟ ٢.ئەو چالێنجانەی دێنە بەردەم دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ خۆرئاوا و ئەمریکا، ئایا ئیسلامییە ئوسڵێکان توانای وەڵامدانەوەو تێگەیشتنێکی واقعیان هەیە. بەتایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی ١١ سێبتەمبەر و ئەو تێگەیشتنە گەورەیەی دنیای خۆرئاواو ئەمریکا بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی وە گۆڕینی فەیسی ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی. لە دوای ڕاگەیاندنی بەرنامەی کاری غەنوش لەناو پەڕلەماندا بەهۆی فشاری مەدەنی هەندێ پارتی سیاسی سیکۆلارکردنەوەی باشترین پەنجەرەی نزیك بوونەوە لەگەڵ خۆرئاوا فەراهەم کرد . هاوکات پەیامێکی گەورە یدا بە جیهانی ئیسلامی کە دە بێت گۆڕانکاری جدی لە فکرو سیاسەتیاندا بکەن تا بتوانن لەگەڵ ڕەوتی سەردەمدا بگونجێن. لە دوای بەستنی کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی کۆمەڵی گوڕانکاری بنچینەی لە تایتڵ و ناوەرۆکی کۆمەڵدا کرا. بەتایبەتی باشترین هەنگاوی بەڕێزعەلی باپیرو ئەندامانی کۆنگرە کە بەرهەمەکەی بریتی بوو لە گۆڕینی پاشگری ئیسلامی بۆ دادگەری، ئەمە کردنەوەی ئەو گرێ دەروونییە بوو کە لە سەدەی ڕابردووەوە بەتایبەتی لە دوای دروستبوونی گروپی ئیخوانەکان هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە. بۆیە کۆنگرەکەی کۆمەڵی دادگەری کاکڵەی بەشێکی گەورەی ئەو کێشانەی چارەسەر کرد ، کە لە ماوەی زیاتر لە نیو قەڕن فکری و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ناتوانن ئەم کێشەیە تەجاوز بکەن. وە باشترین هەل بوو کە بتوانن دیالۆگ لەگەڵ دەرەوەی خۆیان و ئایدیا جیاوازەکان قبوڵ بکەن. لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆنگرەی کۆمەڵ باس لەوە دە کەن کە زۆر جدی ترو پەڕگیرتر بوون ، لەسەر ڕەتکردنەوەو پەسەندکردنی پاشگری ئیسلامی و دەستکاری کردنی بەشێک لە میکانیزمی جێبەجێ کردنی کاروباری بانگەوازخوازی لەناو بەرنامەی سیاسی کۆمەڵی دادگەریی دا، وە گۆڕێنی مۆدیلی حکوم و شێوازی خەباتکردنی سیاسی بەبێ جیهاد، ئەم گوڕانکاریە، لە دیدو بیرکردنەوەی کۆمەڵی دادگەرییدا هەنگاوێکی گەورەیە، کە ئەم ڕێکخراوە بۆ مێژووی خۆیان تۆماریان کرد. کە کۆمەڵی خەڵکی جیاوازتر لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی کاری سیاسی ولەم رێکخراوەدا بکەن. ئەمەش دروستکردنی جەرائەتێکی سیاسی گەورەیە لە ناو بزوتنەوە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکاندا کە بتوانرێت رێکخراوە ئیسلامییەکانی تریش بە هەمان ڕەوتی گۆڕانکاردا هەنگاو بنێن.
پشکۆ ناکام ......ووتیان حەبلی زەبر و زەنگ لە نیوەیا ئەپچڕێ ، ئێمە هەموومان پچڕاوین و حەبلەکەش تا بێ درێژ تر ئەبێ...ووتیان خوا لە سوڵتان محمود گەورەترە ، بۆ ئێمە لە هیچ خولە ناوێک گەورە تر نەبوو، ووتیان زاڵم زەواڵی بۆ پەیا ئەبێ ، لای ئێمە زاڵم مێش میوانی نیە وزەواڵەکەش تا ئێستا"ڤیزا"ی هەولێری وەرنەگرتوە ،،سی ساڵە ئەووترێت ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێ ، کەچی ئاشی خوای هەرێم بە پێچەوانەوە نەزان ئەیگڕێ !! هەر ئەڵێن سەبر گرن، شەیتان پەلەی کرد چاوێکی خۆی کوێر کرد،ئێمە سی ساڵە پەلەمان نەکردوە کەچی هەموو خێل و چاوزەق و دووربینیمان گەر کز نەبێ هەر نیمانە ، پێمان ئەڵێن"سەددام" بۆ کوێ ی برد ؟ با. لە بیرمان نەچێ گەر ئەو ئەحمەق نەبوایە و"کوەیت"ی داگیر نەکردایە وا زوو لەناو نەئەچوو و هەر کاکە ئەمریکا خۆی پارێزگاری لێ ئەکرد، خۆ هەرێم" کوەیت"ێکیش درواسێی نیە عەنتەرەکانی هەرێم بیگرن و بشبێتە مایەی تیاچوونی خۆیان..هەر کە بۆڵە بۆڵێک بکەین پێمان ئەڵێن "ڕەشبین" مەبن ، ئاخر کە هەموو چواردەورمان تاریکە ناکرێ بە درۆ و بە زۆر " عەینەکی شەمسی" لە چاو کەین..هەردەم بکەیتەوە ئەڵێن قەوارەی!! هەرێم دەستکەوتی خوێنی شەهیدانە، بەڵام پێمان ناڵێن ئەو هەموو جاش موستەشار و وئەنفالچییانە چۆن هەموو موعەزەز موکەڕەم ئەژین، دیارە قەوارەی هەرێم ئارەقی ناوچەوانی ئەوانیشی تیایە،،ئاخر کێ خۆی کردوە بە ساحێبی ڕاپەڕین لە کاتێکا سەرۆکی حیزبی وا هەیە دوو هەفتەش دوای ڕاپەڕین هەر لە قەڵادزە خۆی شاربۆوە کەچی ئەڵێ: ڕاپەڕین درێژە پێیانی خەبات و شۆڕشی!! حیزبەکەی ئەو بوە،،!! لەسەر ئەم کەونە دەسەڵاتی دەبڵ موراڵی وەک ئەوەی هەرێم نابینرێ،دەسەڵاتی هەرێم پشتوانی لە خۆپیشانەکانی خواروی عێڕاق ئەکرد، بەڵام لای خۆمان لەسەر"مەسیج" ێک بە شەش ساڵ مەحکوم ئەکرێیت..،بە بەغا ئەڵێن: شۆڤێنی، مەزهەبی، رەگەزپەرست،دژە کورد و کوردستان..نا دادپەروەر! كەچی هەفتەی سێ چواجار"شاندی سواڵ کردن" وان لە بەغا و خەریکی دەست پان کردنەوەن و سوێند و تەڵاق ئەخۆن کە بەشێکن لە عێڕاق! ئەیانەوێ بەغا وەک"سۆسیال"ەکەی ئەوروپا بەخێویان بکا،،خۆشیان ئامادە نەبن تەنانەت مووچەکە وەک خۆی دابەش بکەن...خەریکە مەقایس و موستەڵەحەکان لە هەرێم هیچ مانایەکی خۆی بمێنێ، بۆ نمونە بە "بازرگانێکی نەوت" ئەووترێت پێشمەرگەی دێرین..!!بە هەردوو مەجلیسەکەی هەولێری زەمانی بەعس ئەەووترا کارتۆنی چونکە حیزبی بوو، ئەی خێرە پارلەمانه سوقەتە کارتۆنییەکەی هەولێر بە دەزگایەکی نیشتمانی ناو ببرێت ؟خۆ مەگەر ئەویش نەک هەر حیزب ، بەڵکو بنەماڵە ئەیبا بەڕێوە،،،،،،،،،،،،،باشترین نەسیحەتی دەسەڵات ئەوەیە کە دەست بەکڵاوەکەتەوە بگرە با نەیبا،بۆ ئەوەی کەدەستت لەسەر گیرفانت نەبێ ئەو بەئاسانی بتوانێ بەتاڵی بکاتەوە ، گەر قسەشت کرد مسۆگەر دەستێکت لە پشتەوەیە ، لەبەر کورونا بە دەستکێشەوە......،،
رێبوار کەریم وەلی رەنگبێ لاچوونی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت، بەقەدەر نەمانی مام جەلال بۆ یەکێتی کەمەرشکێن بێت؛ خوا بۆی دابوون، لە سلێمانی موعارەزە و لە ھەولێریش حکومەت بوون، ھەر چییەکیش لە سلێمانی روویدابا، حکومەت ئۆباڵەکەی بە ئەستۆ دەگرت. * ئەم پارتییەی ئێستا، بەغدا چ بە ھەولێر بکات، ئەویش بە سلێمانیی دەکات. ئەگەر موتیع و ملکەچی ھەولێر نەبی ئەوا ھەر کەس لە ماڵی خۆی. * ئەو بێمنەتییەی ھەولێر لە مەسەلەی ھەڕەشەکردن بە دوو ئیدارەیی لەوەڕایە کە پارتی دڵنیا بووە، یەکێتی نە خۆی پێوە بەڕێدەبرێت و نە دەتوانێ قووت و موچەی خەڵکی خۆی دابین بکات. دانانی قوباد تاڵەبانی وەکو سەرۆکی شاندی ماراسۆنکاری ھەرێم لە بەغدا زۆر زیرەکانەیە؛ نەوەکا بە ناوی ھەولێر بچێتە داوای بودجە و بۆ سلێمانیی بخوازێت! * لانیکەم دوو ساڵە یەكێتی قەوانێکی ھەیە لێدەدات و، بەدەم ئەو ئاوازەوە شەوان تەگبیر دەکات کە چۆن بە کارتی دوو ئیدارەیی پارتی ئەبڵەق بکات! کەچی دەرکەوت نیوەشەوێک پارتی بۆمبەکەی ھەڵداوەتەوە بن لێفەی یەکێتی! * ھەموو ئومێدی یەکێتی ئەوە بوو کە بتوانن لە دەرەوەی حکومەتی ھەرێمەوە، موچەی دەڤەری سەوز لە بەغداوە دابین بکەن، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و پێدەچێ پارتیش ئەوە بزانێت. بۆیە لەسەر سینیی زێر دوو ئیدارەیی پێشکەشی یەکێتی کرد. سەیر ئەوەیە کە یەکێتی ئەوەی بە ھەڕەشە وەرگرتووە!!. * ئەلبەتە پرۆژەی راستکردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان لە بەر ھاتنی پاپا چەند رۆژێک دەوەستێ! بەڵام ھەقە ئیتر لێرە بەدواوە یەکێتی لەگەڵ خەڵکی خۆی راستگۆ بێت. بەڕاستی و بە فیعلی بچێتە بنباری ئیدارەی ناوچەکەی خۆیەوە و واز لەو تەگبیرانە بێنێت. * راستە بۆ پارتی قورس دەبێ ببێتەوە حاکمی دوو شار، بەڵام پارتی بەسەرێک سلێمانیی لەکۆڵ دەبێتەوە و بەسەرێکی دیکەش ئۆباڵی ئەوەی ڕوو دەدات دەخاتە ئەستۆی ئێستای یەکێتی. * ھا ئەگەر یەکێتی بە تەمای موعجیزەیە لە حوکمڕانیدا، شتی وا روو نادات. جارێ ئەو بایە ھەر لەو کونەوە دێت.
مەجید ساڵح (1) شۆڕشەکان دوو جۆرن: (شۆڕشە رادیکاڵەکان) و (شۆڕشە رەنگاڵەییەکان). رادەی پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگاکان رادیکاڵیەتی و رەنگاڵەیی شۆڕشەکان دیاری دەکەن، لەو کۆمەڵگایانەی کە دواکەوتوون، شۆڕشگێڕەکانیان بە زرۆی رادیکاڵ و توندڕون و هەرچەندە خواستی شۆڕشگێڕەکان ئازادی و دیموکراسییە، بەڵام شێوازی پێگەیشتنیان پەنابردنە بۆ توندوتیژی. لەو کۆمەڵگایانەشی پێشکەوتوون، شۆڕشگێڕەکانیان بریتین لە خوێندکار، فەرمانبەرانی ملیوان سپی، کرێکارانی بەشی پیشەسازی،..هتد لەپاڵ ئەوەی خواستەکانیان دیموکراتیانەیە، پەنابردن بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتن کەمتر بەدی دەکرێت..لەشۆڕشە رەنگاڵەیەکاندا، لە جیاتی توندوتیژی پەنا بۆ خۆپیشاندان، یاخیبوونی مەدەنی، مانگرتن و بەرگری مەدەنیانە دەبرێت، نمونەش بۆ شۆڕشە رەنگاڵەییەکان شۆرشی گوڵی سور لە گورجستان، پرتقاڵی لە ئۆکراین، گوڵی لالە لە قیرقیزیا.. (2) مەترسدارترین قۆناغی شۆڕش، پاش روخانی رژێمە ستەمکارەکان و سەرکەوتنی شۆڕشگێڕەکانە، ئەو قۆناغە پێی دەوترێت 'مانگی هەنگوینی شۆڕش'. خەڵک لەو ماوەیەدا هەم خۆشحاڵ و هەم رازین، لەسەر سەقامەکاندا شایی و زەماوەند دەگێڕن، بەیاننامەی سەرکەوتن دەردەکەن و بە ئومێدەوە دەڕواننە ئایندە. خەڵکەکە هەموو کینەو رق و بەربرەکانێکانیان لەبیر دەکەن و برایەتی و خۆشەویستی لەدەمیان دەبارێ. هەموو ئەو رەفتارانەی کە لە رژێمی پێشوودا قەدەغەبووە، بە ئازادی و بێ سەرکوتکردن ئەنجام دەدرێن. لاینەکانی ئۆپۆزسیۆن موو ناچێتە نیوانیانەوە، هەمووان پێکەوە کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی کۆمەڵگا و دەوڵەت. (3) پاش کۆتایی هاتنی مانگی هەنگوینەکە، هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ دابەش کردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان و ... دەیان شتی دیکە، دەرز دەکەوێتە نێوانیان و ململانێ دەست پێدەکات.. لە شۆڕشە رادیکاڵەکاندا، کۆمەڵیک (شۆڕش دز) لە مەڵاسدان و لەو گۆمەڵێڵەدا راوی خۆیان دەکەن و چاوەڕێ دەکەن تا شۆڕشگێڕەکان یەکتری لەناو دەبەن، پاشان زۆر بە ئاسانی دەست بەسەر شۆڕشدا دەگرن. نمونە بۆ ئەم جۆرە شۆڕشە رادیکاڵانە زۆرە، لە مێژووی ئیسلامدا دوای کۆچی دوایی محەمەد (ص)، ململانێی لە نێوان ئەسحابەکاندا دروست بوو، لە کۆتاییدا بنەماڵەی معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان بە عەبای خەلیفەی موسلمین هاتنەوە سەر دەسەڵات.. لە فەرەنسا دوای لەمەقسەڵەدانی لویسی ١٤، شۆڕش گێڕەکان لە ماوەی 1789 تاوەکو 1799، شۆرشگێڕیان کەوتنە گیانی یەکتر و سەدان کەسیان لەیەکتری کوشت، لە کۆتاییدا دیکتاتۆرێکی وەک ناپلیۆن پۆناپارت هاتە سەرکار.. لە ئێرانی دوای رژێمی شا هەمان شت روویدا، دواین نمونەی ئەم شۆڕشە رادیکاڵانەش میسر بوو، (سیسی) توانی بە ئاسانی شۆڕشی میسرییەکان بدزێت.. لە شۆڕشە رەنگاڵەییەکاندا بەهۆی رووە دیموکراسیەکەیەوە، کەس ناتوانێ شۆڕش بدزێت.. کۆمەلگای ئێمەش بەدەر نییە لەو هاوکێشەیە. لە دوای راپەڕینی 1991، سەرەڕای هەوڵە بێوچانەکانی نەوشیروان مستەفا بۆ رێگری کردن لە دزینی شۆڕش، بەڵام بەهۆی دواکەوتوویی کۆمەڵگاکەمان و نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی، هەر زۆر زوو گەندەڵکاران توانیان شۆڕشی خەڵک بدزن و سیستمێکی سیاسی بونیاد بنێن کە خەڵک بیر لە گۆڕینی بکەنەوە. بەڵام ئەمجارە کۆمەڵگای کوردستان زۆر پێشکەوتووترە لە کۆمەڵگای سەرەتای راپەڕین، خواستە دیموکراسییەکانی زۆرتر بوون و شێوازی خەباتیشی بۆ گۆڕین زۆر جیاوازە لەوەی جاران، کاروانەکە کەوتووەتەڕێ و پێ ناچێ تا سەرکەوتن بوەستێ..
هونەر تۆفیق پاپ فرەنسیس، لەوەتەی بۆتە پاپی ڤاتیكان لە 2013ەوە، چەندجارێك لە سەردانەكانیدا قاچی دوانزە كەسێك پێكەوە ماچ دەكات. لە سەردانەكەیدا بۆ باشووری سودان، نوشتایەوە سەر ئەژنۆو قاچی دوانزە سەركردەی ناكۆكی ئەو وڵاتەی ماچكردو تكای لێكردن ئاشتبنو جەنگ راگرن. لەكاتی كۆچە بەلێشاوەكەی ئاوارە سورییەكاندا بەرەو ئەوروپا، دوانزە پەناهەندەی لە ئایینو نەتەوەی جیاواز كۆكردەو قاچی بۆشتنو كەوتە ماچكردنی قاچیان. لە سەردانێكیدا بۆ ناو زیندانیەكانی شاری ڕۆما، دوانزە بەندكراوی لە موسڵمانو مەسیحی كۆكردەوە، قاچیانی شتەوەو ماچی كردن. كڵێسای كاسۆلیكی بڕوای وایە كاتێك مەسیح لەدوا خوانیدا، هەر دوانزە شوێنكەوتووەكەی كۆكردۆتەوە. پێش نان خواردن قاچیانی بۆ شتون. ئەم بەسەرهاتە لەناو كاسۆلیكیەكاندا بۆتە تەقلیدێكی ساڵانە كە پاپ قاچی دوانزە كەس لە پێش جەژنی لەدایكبوونی مەسیحیدا بشوات. بەڵام پاپ فرەنسیس بەزیادەوە جگە لە جەژنی فوسح، ساڵانە چەندجارێك قاچی دوانزەكەس دەشواتەوە. لەوە زیاتریش لەپێناو ئاشتیدا ماچیان دەكات. لەم سەردانەیدا بۆ عێراق، كە هاوشێوەی دۆخەكەی باشووری سودانە، دیارنیە پاپ قاچی كێ دەشواتەوەو لەپێناو ئاشتیدا قاچی كام دوانزە كەس ماچ دەكات؟!