کوردستان و قەومێکی بێ نیشتمان
2021-03-11 16:24:46
دانا رەشید
تورک لەسەر خاکێک ، کە نیشتمانی باوباپیرانی خۆیان نەبوو ، توانیان کۆبنەوە و ئیستفادە لە ڕوخانی ئیمپراتۆری سەلجوقی بکەن و بە هاتنی لەشکری ئیسلام ، نیشتمان بۆ خۆیان دروست بکەن ، سەرکردەی وەک ( عوسمانی کوڕی ئارتوغرول ) دروست بکات ، بە دامەزراندنی ئیمپراتۆری عوسمانی ، زیاتر لە ٦٠٠ ساڵ گۆی زەوی و دەسەڵاتی ئەوروپاو پاپای کرستیانی بەخۆیەوە سەرقاڵ و جەنجاڵ و خەریک کردبوو ، خۆ ئەگەر بەفرو کرێوەی ئەو زستانەی کە لەشکری سوڵتان سلێمانی قانونی تێیدا گیری خوارد نەشکانایە و زۆربەی جەنگاوەرەکانی و وڵاخەکانی و ئەسپەکانی ، لە تاو سەرماو برسێتی ڕەق نەبونایەتەوە ، ئەوە دوورنەبوو شاری ڤیەنای پایتەختی ئیمپراتۆری نەمسا بگرێت و دەست بکێشیت بۆ میرایەتیەکانی ئەڵمان و هەموو ئەوروپا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە ،
کورد بە درێژایی مێژوو ، لەسەر خاکێک کە نیشتمانی باو باپیرانی خۆیەتی هەتا ئەم چرکە ساتە ، سەدە دوای سەدە ، سەردەم دوای سەردەم ، نەیتوانیوە ئیمراتۆرێکی سەربەخۆی خۆی یان دەسەڵاتێک تایبەت بە خۆی پێک بهێنێت ، بە پێجەوانەی تورک ، کورد خۆی کردوە بە قوربانی دینی ئیسلام و سەرکردەی وەک ( صلاح الدینی ئەیوبی ) دروست کردوە ، کە بۆ جیهانی ئیسلام قودسی لەدەست مەسیحی یەکان دەرهێنا ، کوردیش لە شوێنەزاو نیشتمانی خۆیان ، بوون بە ئەهلی زمەو ژن و کچەکانیشی بە کەنیزەک و سەبایا ، ئەگەر دەڵێن ئەوزەمان قەومچیتی نەبوو ، ئەدی چۆن تورک ئاوا خۆی کۆ کردەوە بە چ بیرو باوەرێک ، ئەدی عەرەب بە چ بیرو باوەرێک تەنانەت زمانی عەرشی خوای کردوە بە عەرەبی ؟ هەموو نەتەوەکانی جیهان ، لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا ، بەسەردەمی راسستێتی و قەومچیتی تێپەریون و ، لە ئەنجامدا دەوڵەت و دەوڵەتداریان بە میرات بۆ نەوەکانی خۆیان جێ هیشتوە ، هەر وەک دوکتۆر عبدالرحمانی قاسملو دەڵێ ( ئەگەر باوباپیرانی ئێمە شەهیدیان بدایە ، ئەوا ئێستە ئێمە شەهیدمان نەدەدا ) بەداخەوە کورد تەنها نۆکەری و سەرەدانەواندن و جاشیتی و خاک فرۆشی نەوە دوای نەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە ، باوباپیرانی کورد بۆ سەربەخۆیی خاک و نیشتمان شەهیدیان نەداوە ، بۆ پایەدار کردنی سەرۆک خێل و ئاغاو شیخی بەکرێ گیراو دوژمن و داگیرکەران خۆیان بە کوشت داوە ، نزیک ترین مێژوو ، بە فتوایەک، هەزاران دەروێش و مورید دەستیان خستە خوێنی ئەرمەن و چون بۆ غەزای روس ، لە کاتێکدا ئەو مورید و دەروێشانە تەنها شێخیان دەناسی رەنگە هەر نەیانزانیبێت ، ئەرمەن کوێ یەو رێگەی ڕوسیا لە کوێوەیە ، بە یەک بریاری سەرۆکی (شۆرشی ئەیلول) ، یەک شۆرش سەرلەبەری هەرەسی هێنایە خوارێ بەکەس نەگیرایەوە ، ڕەنگە بەشی زۆری ئەو پێشمەرگانەی کە چەکەکانیان فرێدا ئەو هەموساڵە بە شاخەوە ، هەر نەیانزانیبێت شوێن چ قەزیەیەک کەوتون .
ئەمە چارەنوسی میلەتێکی بەشخوراوی بەشمەینەتە ، کە بە درێژایی مێژو گەورەترین ستەمی جیشتوە و زۆترین خزمەتیشی بە ئاینی ئیسلام کردوە . چەند رۆژێکی تر یادی کۆڕەوە مەزنەکە دەکەینەوە ، کە ئەو کارەساتە گەورەیە زادەی ترسی کارەساتی ئەنفالە ، ئەو ئەنفالەی وەک مۆرێک نرا بە ناوچەوانی کوردەوە . ئەو ئەنفالەی جیهانی مسوڵمانان چرکەی لێوە نەهات بڵێن ، قەومێکی مسوڵمان کە سەلاحەدینی بۆ ئیسلام دروست کرد ، چ خودایەک قوبوڵ دەکات ئەنفال کرێ . قەومێک ئیزدین ئەنفال دەکرێن ،
مسوڵمانن ئەنفال دەکرێن ، مەسیحین ئەنفال دەکرێن ، جولەکەن ئەنفال دەکرێن ، چ خودایەک بپەرستین سورەتی فەتح و ئەنفال نەداتە دەست داگیرکەران و ئیتر نە فەتح بکرێین و نە ئەنفالیش بکرێین .