Draw Media

مەسیحەکەی پارتی لە خاچ دەدرێ!

مەسیحەکەی پارتی لە خاچ دەدرێ!

2021-03-11 18:08:50


كاوە شێخ عەبدوڵا

چارەنووسی ئاکۆ محمەد بەڕێوەبەری رووداو لە سەردەمی مەسروور بارزانیدا
بە ڕووکەش وادیارە کە مەسعوود بارزانی کەسی هەرە گرنگی ناو پارتییە، بەڵام بۆ پارتی کەسێکی تر هەیە کە بارتەقای بارزانی،  هێزی هەبووە بۆ راگرتن و هەستانەوەی ئەم حزبە لە کاتی تەنگەژەو تەنگانەدا ئەویش ئاکۆ محەمەدی بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی ڕووداوە. هەر بۆیە من چەند ساڵیشە ئاکۆ بە مەسیحی پارتی وەسف دەکەم.
ساڵی 2015 کە دەسەڵاتی یاسایی کاک مەسعود وەکو سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات، ئەگەر  ڕووداو نەبوایە، هەرگیز پارتی نەیدەتوانی بەرگەی ئەو فشارە زۆرە بگرێ کە کەوتبووە سەری چونکە بێگومان کوردستان تیڤی و زاگرۆس بایی ئەوە کاریگەرییان نەبوو بچن بەهانای پارتی و بارزانی ماوە بەسەرچووەوە.
بۆ قەیرانی داراییەکەو قرتاندنی موچە و پرسی ریفراندۆم و دنیایەک کێشەی گەورەگەورەی تر کە هاتنە ڕێی پارتی و حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، رووداو فریادڕەسێکی گەورەبوو کە ئەگەر ئەو کەناڵە نەبوایە، بەدڵنیاییەوە هەرگیز شتەکان بەو جۆرە نەدەڕۆشتنە پێشەوە کە ڕۆیشتن و ئێستایش بەردەوام ڕوو دەدەن!
رووداو بووەتە کەڤەری شاردنەوەی شکست و دۆڕان.. تاوان.. ماکیاژی ستەمکاریی.. رووی ئاوەدانیی.. سەرکەوتن و شانازیی. لەیەک کاتدا ڕووداو زۆر شتە و زۆر شتیشی لە کیس ئەزموونی حوکمڕانی کوردی دا.
رووداو بەو هەموو گرنگییەوە، یەکسانە بە یەک کەس ئەویش ئاکۆ محەمەدە. بێ ئەوەی زیادەڕۆیبێ دەتوانم بڵێم ئاکۆ لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردستاندا، شتێکی دەگمەنەو ناوی بە پیتی زۆر گەورە دەنووسرێتەوە. ئیتر ئەم چوونەی بۆ ناو مێژوو دابەش دەبێ بەسەر هەڵەوپەڵە و تاوان لە پاڵ سەرکەوتنەکانیشیدا.
ئێستا حاڵی حازر ئاکۆ وەکو شەخس و وەکو کەسی یەکەمی ڕووداو لەبەردەم تەنگەژەیەکی گەورەدایە، مەسروور بارزانی وەکو کەسی یەکەمی حکومەت و وەکو سێبەری کەسی یەکەمی پارتیش، تەنگی بەئاکۆ و ڕووداو هەڵچنیوە تا بە میزاجی ئەو و کابینەکەی هەڵبسوڕێن. بەتایبەت دوای بڕیارە ئابڕووبەرانەکەی دادگای هەولێر لەسەر چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان کە ڕووداو زۆر جیاواز لە k24ی مەسروور بارزانی ڕووماڵی ئەو هەڵە سیاسیی و یاساییە دەکات. هەروەها لەناکۆکی نێوان پەکەکە و پارتیدا، رووماڵی ڕووداو هیچ لە ڕووماڵی k24 و کوردستان تیڤی ناچێ، ئەمەیش جێی قبوڵکردن نییە بۆ مەسروور.
رووداو چ لە ڕووماڵدا چ لە وەسفی سزادراوانی بادیناندا دەنووسێ: حوکمدراوانی بادینان و زۆر خۆی نادات لە قەرەی وردەکارییەکان، بەڵام k24 دەنووسێ و دەڵێ: سیخوڕە دەستگیرکراوەکانی بادینان! 
مەسروور بارزانی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ڕووداو کە هەڵوێستی خودی نێچیرڤان بارزانیشە، زۆر توڕەیەو تەنانەت هەوڵیشیداوە ئاکۆ لە بەڕێوەبەری ڕووداو لابدات. ئەم هەوڵەیشی لەژێر ناوی نیگەرانی سەرکردایەتیی پارتیدا کردووە نەک بە بڕیاری شەخسیی.
بەگوێرەی هەندێ زانیاریی کە بۆم نەسەلمێنرا بە تەواوی، دوای بڕیارەکەی دادگای هەولێر و ڕووماڵە نابەدڵانەکەی ڕووداو،  هەوڵ دراوە بەدیلیش بۆ ئاکۆ دابنرێ، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ڕازی نییە چونکە نێچیرڤان باش دەزانێ، ڕووداو زاخاوی مێشک و هەوڵی ئاکۆیە.
گەڕانەوەیەک بۆ پێشتر...
ئاکۆ رۆژنامەوان و سیاسییەکی وردە، جا ڕۆژنامەوان ئەگەر سیاسییەکی وردیشبێ زووتر بۆنی ڕووداوەکان دەکات بەر لە ڕوودانیان. لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسروور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، رووداو گۆڕانێکی نەوعیی بەسەردا داهات لە ناوەڕۆکی بەرنامەکانی ئەویش بە دروستکردنی ستۆدیۆیەکی تەواو و پێرفێکت لە سلێمانی و دانانی بەرنامەیەکی کچانە و چەند بڕگەیەکی تەرفیهیی  لەگەڵ بردنی منداڵان بۆ ناو ستۆدیۆکانی تا بەرنامە پێشکەش بکەن.
ئاکۆ دەیزانێ ئیتر سەردەمی زێڕینی حکومڕانی نێچیرڤان کۆتایی هات، کەوابوو ئۆتۆماتیکیی دەستی ڕووداویش کورت دەبێتەوە لەناو حکومەت ودامەزراوە سەر ئاواڵاکانی بۆ ئەم کەناڵە. بۆیە دەبێ خۆی ئامادە بکات بۆ سەردەمێکی پڕ لە قۆرت و دژوار.
ئێستا دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونی مەسروور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، تین و تاوی رق و تووڕەیی مەسروور لە رووداو، گەیشتووەتە سەر پێستەکەی ئاکۆ و ڕووداو. بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە سەر ئێسک. ئەگەر ئاکۆ لە ڕووداو نەمێنێ یان لابدرێ، ئیتر ئێسکی رووداویش دەشکێ!
پێشتر نووسیم کە ئاکۆ چەند کەسایەتییەکی رۆژنامەوانیی گرنگی هەیە، بەڵام ئێستا ئەم کەسایەتییە لەبەردەم دوو ڕیانێکی دژواردایە یان ئەوەیە بمێنێتەوە بەو هەموو فشارەی دەخرێتە سەری و ڕووداویش بکاتە هاوشێوەی کوردستان تیڤی و k24 یان ئەوەیە کۆتایی بە قۆناغێکی هەرە گرنگی ژیانی ڕۆژنامەوانیی بهێنێ و چاوەڕێ هەلێکی زێڕین بکات هاوشێوەی هەلی دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی ڕووداو کە ئەمەیان زۆر سەختە.
تەماشاکەن... رووداو ئەو هەموو شتەی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی کرد. ماکیاژی بۆ شکست و دۆڕان، ستەمکاریی و ناعەدالەتیی، سەرکەوتن و گەورەبوونیان کرد، کەچی هێشتا لێی ڕازی نین و دەیانەوێ دەری پەڕێنن. ڕۆژنامەنووس با زۆر باش و جدیشبێ، کە توانا و سەلیقەی خۆی خستە خزمەت دەسەڵاتی ناعادیل و خراپەکارەوە، بەو هەموو شانازییەوە کە هەیەتی، بەڵام ناوی دەچێتە پاڵ گەندەڵ و خراپەکارەکانەوەو لەگەڵ ئاوابوونی ئەواندا، خۆری ئەویش ئاوا دەبێ!
کاوە شێخ عەبدوڵڵا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand