ئاری محەمەد هەرسین هەندێک کەس لە بادینان گیراون. هەندێک پرسیار بە مێشکی ئینساندا دێن و ئەچن… ئەمانەی گیراون کێن و لەسەر چی گیراون؟… ئایا ئەمانەی گیراون بێ تاوانن؟… جاسوسیان کردوە؟ … ڕقیان لە ئیدارەی پارتیە لە بادینان و، لایەنێک تەحریکی کردون؟… کێ ئەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە؟ لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئینسان ئازادە ڕقی لە حیزبێکی دیاریکراوی ڕێگەپێدراوی ئەم هەرێمە بێت یان خۆشی بوێت. بەڵام هیچ هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆی نیە جاسوسی میتی تورکی، پەکەکە، ئیتڵاعاتی ئێران، مۆساد و سی ئای ئەی بێت، لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە یان هەر ئیمتیازاتێکیتر. جاسوسیکردن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیمان گەورەترین شانازیە. بەڵام جاسوسیکردن لە دژی میللەت و سەروەری نیشتیمانی پیرۆزی کوردستان خیانەتە. ئێستا باس لە لایەندارێتی دادگا و نەبوونی سەروەری قانوون ئەکرێت. خەڵکێک داکۆکی لە ڕۆژنەمانوس ئە کەن، کە گومان لە پیشەیی بوونیان ئەکرێت. خەڵکێک داکۆکی لە چالاکوانی مەدەنی ئەکەن، کە هەندێکیان چالاکوانی مەدەنی نەبوون. ئایا مامۆستایەکی ناڕازی و گومانلێکراوک ئەبێت بە یەک چاو سەیر بکرێن و معامەلەیان لەگەڵدا بکرێت؟… زۆر سەیرە ئەم برادەرانە بەراوردێک لە نێوان هەرێمێکی کوردستانی عێراق (میللەتێکی بێ دەوڵەت) و ئەمەریکا و ئەوروپای قیبلەی دیموکراسی (لە لای هەندک کەس) ناکەن. لە کاتێکا ئەمەریکا و ئەوروپا لە جەنجاڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناژین… لە کاتێکا ئەوان هەزار ئەوەندەی حوکمڕانیەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست توندن (سەیرێکی معامەلەی لایەنە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتانە بکەن لەگەڵ خۆپیشاندەران، کاتێک سنوور تێدەپەڕێندرێت). ئەو ئەفەندیانەی بە دیموکراسیەکەی ئیسرائیل موعجیبن، عەجەبا نازانن کۆڵەکەی دیموکراسیەکەی جولەکە لەسەر سوپا و مۆسادی ئیسرائیلی وەستاوە (نەک پارلەمان) کە هیچ کەس بە ئەندازەی ئەوان توند نیە، هەم بەرامبەر عەرەب و هەم بەرامبەر جولەکەی خۆیان. هەر دیموکراسیەکەی ئەسرائیل نیە مناڵانی غەززە توینی و برسی ئەکات؟… نیشتیمان لەسەر بنەمای بەفر و هەور و خۆشخەیاڵی بنیاد نانرێت. حوکمڕانی، قەسیدە و پارچە مۆسیقا و ڕۆمان نیە. حوکمڕانی موجامەلە و ڕازیکردنی دڵی هەموان نیە. حوکمڕانی تێ خوێندنەوەی بەرژەوەندی گشتی و جورئەتی بڕیاردانە، نەک خۆ مەحبوب کردن. سەیر لەوەدایە، هەندێک لایەنی سیاسی کە ساڵەهای ساڵ بەشدار بوون لە حوکمڕانی ئەم وڵاتە، ئێستا باس لە سەروەری قانوون ئەکەن و داوا ئەکەن، متمانەی دادگا لای هاوڵاتیان بپارێزرێت. کەوابێت لە هەشت کابینەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق سەروەری قانون، بێ لایەنی دادگا و متمانەی خەڵک بە ناوەندەکانی دادوەری هیچ عەیبی نەبوە؟… عەجەبا کابینەی نۆهەم تاکە هۆکاری گەندەڵی، دادوەری ترسنۆک و ڕشوەخۆر (هەر وەک ئەمانە دەڵێن)، سیاسەتمەداری بازرگان، دوو ئیدارە یی، پارلەمانی بێ دەسەڵات… و چی و چی بوە؟… عەجەبا ئێمەی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەر هەمومان عەیب و عارمان نەبوە و دیموکرات خواز بوین و، وەزعی ئێستای کوردستان خەتای پیاوە ئەمنیە توندەکە، مەسرور بارزانی یە؟… ئینجا خۆ ئەگەر وابێت چارە سەر زۆر ئاسانەی: مەسرور بارزانی لەسەر حوکم لا بدە ن کوردستان ئەبێتە شامی شەریف…! من جوابی ئەو پرسیارانە نازانم کە لە پێشەکی ئەم گوتارە دا هاویشتمە سەر پەڕە، چونکە نە بەشدار بووم لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا و نە بەڵگەکانیشم بینیوە. بەڵام بایی ئەوەندە ئەزانم کە ئەوانەی خۆیان کردۆتە پەرچە مدار و محامی دەستگیرکراوەکانی بادینان، دڵیان بە بادینان ناسوتێ و باشیش ئەزانن هەندێک لەوانەی دەستگیر کراون ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی نین (بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاوبونەتەوە). حەق وایە ئینسان جورئەتی هەبێت و ڕاشکاوانە قسە بکات، نەک دەسگیرکراوەکانی بادینان بکاتە وەسیلە و بەکاریان بهێنێت بۆ دژایەتیکردنی ئەم کابینەیە یانیش پارتی دیموکراتی کوردستان. بەکارهێنانی فرمێسکی پاک و بێگەردی منداڵێک لە دووری باوکی دوورە لە ئەخلاقی ئینسانیەوە. دواجار داواکردن لە سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی بەندکراوەکان ئازاد بکات، دەست تێوەردان نیە لە کاروباری ناوەندی دادوەری؟ چۆن ئەبێت سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی گۆڕینی بڕیاری دادوەری هەبێت؟… هیوادارین دادگای پێداچوونەوە، بەجورئەتەوە وبەوردی بەسەر کەیسی بەندکراوەکانی بادیندا بچێتەوە و، لەناویاندا تاوانبار و بێتاوان لێک جیابکاتەوە. لە ئەنجامی دوابڕیاریشدا، پێویستە بەڵگەکان لەسەر ئەوانەی تۆمەتیان بەسەردا ساغ بۆتەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە، نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی حکومەت، بەڵکو بۆ ئەوەی گومان لەسەر دادوەرە بەڕێزەکان لای هاوڵاتیان نەمێنێت، چونکە دواجار دادوەرەکان تەنیا کەسانێکن کە دەکەونە بەر توانج و ڕەخنەی گەل و کەسی تر نا.
پشکۆ ناکام ( ئەو ڕۆژە قوڕ کرا بەسەر مریشکا کە ڕێوی کرا بە حاکم.... " پەندێکی چینی" )..... دوا بە دوای گاڵتەجاڕییەکەی دادگایی. كردنی چەن کەسێک گوایە ئەمانە ویستویانە ئارامیی پشێوێنن وسەقام گیری هەرێم!! بخە ژێر مەترسییەوە کە مەترسییەکانی لەوەی ریفراندۆم وو ئابووری سەربەخۆ گەورە تر بوون ، ئەو راستییەی سەلمانەوە کە دەزگای قەزایی هەروەک پارلەمان و حکومەتیش جگە لە دەزگایەکی کارتۆنی دابڕاو لە بڕیاری سەربەخۆ هیچی تر نیە ، حکومەتەکەی سەر بە والی هەولێری تورکیا بەو هەموو هێز و میلیشیانەیەوە : هێزەکانی هەشتا ، زێرەڤانی ،پولیس ، پاراستن، هێزی شەو...ببورن ڕۆژ ،، هێزی تایبەتی سەرانی بنەماڵە ، سیخوڕە خۆ بەخشەکان ، چەکدارەکانی ماڵەوە و لە سەروو هەموویانەوە میت و سوپای تورکی لە ناوچەکە بێخەبەر بووو لەو پیلانە گەورەیە و والی هەولێیری تورکیا کە زۆر شانازی بەوەوە ئەکات کە لە سایەی سەری بنەماڵەکەیەوە هەرێم مێش بەلایا بڕوا ئەوان ئاگادارن و چۆن شەنگالیان پاراست ئاواش هەرێم ئەپارێزن ! دەرکەوت کە چۆن بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان هەرچی سیناریۆ و کەڵەکەبازی هەیە ئەنوێنن و لە بیریان چۆوە ئەمجارەش وەک ئەوانی پێشوو لای خەڵک بوە نوکتە و گاڵتە پێکردن ، ........ لەسەر ئەم کەونە گەورەیە و بە هەموو عورف و عاداتێکی یاسایی هەر کەسێک تۆمەتێکی خرایە پاڵ بێ تاوانە تا ئەو کاتە دادگا بە پێی یاسا کەتنەکەی ئەسەلمێنێ یان گومانەکە بەتاڵ ئەکرێتەوە یان حوکم ی تاوانەکەی وەرئەگرێ ، ئەوەیڤکە دیمان ڕێک پێچەوانەی ئەوەوە بوو ، پێشتر والی خۆی بە زاری خۆی ووتی ئەوانە تاوانبارن !! واتا پێش دادگایی کردنیان بڕیار هەیە کە ئەوانە تاوانبارن و دادگایی کردنیشیان دوای بڕیارەکەی والی هەولێر بۆ ئەوە بوو ئایا ئەوان گومانیان هەیە لە فەرمانی والی ؟ ڕێک پێچەوانەی پرۆسەی یاسایی باو: یەکەم جار حوکم ، دووەم گومان کردن لەتاوانەکە ، ئەمەش خۆی لە خۆیا داهێنانێکی تری دیمکراتیەکەی سوکرات و ئیفلاتۆنە لە هەرێمی کوردستانی نیمچە ئینتدابی تورکیا،،،،،، گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل. ، میسینجەر گۆڕینەوە ، رەسم گرتنی مەطار ، ئەندام نەبوون لە نەقابەی ڕۆژنامە نووسان ، ئەم تاونانە ئەچنە خانەی تاوانی نەتەوییەوە وەک 31/ی ئاب بۆیە نابێ بە ئاسانی تێپەڕێ ، ئەو تاوانبارانە ویستبویان بێ حورمەتی بکە ن بە کوردستانی هەر لە زاخۆوە تا حەمرین وبە خوێنی شەهیدان و بە ڕووبارێک لە خوێن ، جگە لەوەی کە ئەوانە دیوارێک..ببورن دەستێکیان لە پشتەوە بوە کە تا ئێستا نازانرێت بە دەستکێشەوە بوە یان بێ دەستکێش !! كۆمیدیای دادگاکەی ویلایەتی هەولێری تورکیا ئەوەی دووپات کردەوە کە بە ناو دادپەروەر و دادگاکانی سەر بە بنەماڵە لە باشترین حاڵەتا کادیری حیزبی یان فەرمانبەرێکی گوێ ڕایەڵن ، چۆن کادیرێک ئەبێ بە ئەندامی لق بۆ تەقە کردن لە خەڵک ، چۆن کادیرێكی تر ئەکرێ بە بەرپرسی" ناوچە" بۆ رفانی نەیارێکی بنەماڵە چۆن کەسێک ئەبێ بە وەزیر هەر بۆ درۆ کردن، ئاواش چەن نەفەرێک ئەخرێنە دەزگای باڵا و لە باڵاش کورت تری قەزائی بۆ جێ بە جێ کردنی بریارەکانی دەسەڵات لە تەسفیە کردنی دەنگە ناڕازی و بە جورئەت و سەربەخۆکان لە رێگەی دادگایەک بە سپۆنسەری خودی دەسەڵات... ئەمەش " محکمة الثورة" ی بەعسمان بیر ئەخاتەوە ، بەڵام بەعس بە ئاشکرا تۆمەەتەکی پێ ئەووتیت کە تۆ دژی سەددام و حیزبی بەعس و سیخوڕی ئیسرائیلیت ، لە لقی هەولێری هەمان دادگا جورئەتیان نیە بڵێن تۆ دژی سەرۆک ! و بنەماڵە و دیکتاتۆرییەتی ، سیناريۆی میسینجەر و ئۆتۆمبیل و سیخوڕی بۆ لایەنێکی ئیقلیمی ئەهێننەوە ، هەقی خۆیەتی بپرسین میسینجەرێک حوکمەکەی شەش ساڵ بێ ، ئاخۆ دزینی 27/ملیار دۆلار لە قوتی خەڵک حوکمەکەی چەن بێ..؟ لاتین ئەمريکێکان ووتەیەکیان هەیە کە ئەڵێ " موسیبەتی ئێمە ئەوەیە کە لە ئەمریکا نزیک و لە خواش دوورین.." جێ ی خۆیەتی ئێمەش بڵێین " موسیبەتی ئێمە ئەوەیە کە لە بنەماڵە نزیک و. لە خواش دوورین.."
فەرحان جەوهەر هێرشە موشەکییەکەی دووشەممەی رابردووی سەر شاری هەولێر، کاردانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا ، ئەمریکاو ئەروپا و ئەنجومەنی ئاسایش بە وڵاتی چینیشەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد ، ئەمەو جگەلە چەند وڵاتێکی دراوسێ و عەرەبیش هاوخەمی و هەڵوێستی خویان بۆ پشتگیری هەرێم دەربڕی ، هەروەها ئەمریکا پێش هەموو وڵاتان لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندی بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەڵێنی هاوکاری دا بۆ دۆزینەوەو سزادانی تاوانکارانی ئەم کردەوە تیرۆرستییە . هاوپەیمانی ناتۆلە رێگای سکرتێری گشتی رێکخراوەکەیانەوە رایگەیاند هێزە سەربازییەکانی لە عیراق زیاتر دەکات ، دەست بە چاڵاکییەکانیان دەکەنەوە ، هێزەکانی ناتۆ ئێستا تەنها 500 سەربازیان لە عیراق هێشتۆتەوە ، بەڵام دوای هێرشی سەر هەولێرهێزەکانیان بۆ پێنج هەزار سەرباز زیاد دەکەن ، ئەمە واتای ئەوەیە زیان گەیاندن بە ئاسایشی هەرێم و هەڕەشە لێکردنی ، هێلی سوورە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهیچ شێوەیەک ئەم هەڕەشانەو زیان گەیاندن بە ئەمنی هەرێم قبوڵ ناکات ، ئەو کۆدەنگییە نێودەوڵەتییە و ، وەدەنگ هاتنیان لەسەر هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ، ناردنی چەندین پەیام بوون بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە بیر لە تێکدانی ئاسایشی هەرێم دەکەنەوە ، هەر زوو کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بێ بەری کردو رایگەیاند ئێمە دەستمان لەو کارەدا نییە ، هەرچەندە ئەو گروپەی بەرپرسیاریەتی خۆی لەو کردەوە راگەیاندووە سەر بە حیزب و لڵایە و پێشتریش کاری لەم جۆرەی لە عیراق ئەنجامداوە ، کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی ئەم کردەوەیە دەزانێت ، بۆیە وا بەپەلە هەڵوێستی خۆی راگەیاند . ئەمریکاو ئەوروپا لە گەڵ هەموو کردەوەیەکی تیرۆرستی لە عیراق و هەتا زیانگەیاندن بەهێزەکانیشیان ، کۆدەنگی وایان نیشان نەداوە ، راستە تا ئێستا کردەی سەربازیان بەرامبەر ئەم کارە ئەنجام نەداوە ، بەڵام لوید ئۆستن وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەڕکانی سوپا رایانگەیاند ، چەندین بژاردەیان خستۆتە بەردەم سەرۆک بایدن بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی ، دیارە چاوەڕێی کاری لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن ، یان خۆیان دیراسەی ئەو بژاردانە دەکەن . کاتی خۆیشی کە داعش هێرشی کردە سەر پارێزگای موسڵ و دەورووبەری تا ئەو کاتەی هێرشیان نەکردە بووە سەر هەرێم ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ کاردانەوەیەکی سەربازیان لە دژی هێرشەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیە ئەنجام نەدا ، بەڵام کاتێ هێرشیان هێنا بۆ سەر هەرێم ، بەر گورزی سەربازی کەوتن . کەواتە دوای ئەم هێرشانە هەموو لایەک تێگەیشت کە پێگەی هەرێم لە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندە بەهێزە ، چونکە عیراق بەبێ هەرێم بۆ ئەوان دەبێتە دۆزەخ و هەرگیز شوێنیان تێدا نابێتەوە ، جگەلەمەش جوگرافیایەک نامێنێ پێی بگووترێ عیراق ، ئەوەی دەمێنێتەوە دوو سەرزەمینی شیعە و سوننە دەبێت ، یەکیان بە پاڵپشتی ئێران و ئەوی تریان بە پاڵپشتی عەرەبستانی سعودیە دەبێت.
کاروان عەلی شامار لە ھیچ کات و سەردەمێکدا دادگاکانی ھەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، ھەمیشە وەک پاشکۆ و ئۆرگانی حیزب خۆیان مانفێست کردووە، بەڵام ھەنوکە بارتەقای زیاتر لە ھەر سەردەمێک نەنگی و کیماسیی دادگاکان دەرکەوتوون، بەتایبەت لەدوای پێکھێنانی کابیەنی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمەوە، ئەندامێکی سادەی لق دەتوانێ کاریگەری ھەبێ لە ھەموار یا گۆرینی ھەر یاسایەک کە دڵخوازی حیزبەکەی یاخود ئەندامەکانی نەبێ! لەھەر کۆمەڵگەیەکدا دەسەڵاتی یاسایی وەزیفەی خۆی بەباشی و بێلایەنی جێبەجێ نەکات و لەژێر ھەژموون و بریاری حیزبدا بێ، ئەوا بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگەیەدا دروست دەبێ. ھەنوکە لە ھەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ھەولێر و بادینان، دادگاکان تەنھا بە ڕواڵەت بونیان ھەیە و ئەوەی پێش وەختە بریار دەدا و کەیسەکان یەکلای دەکاتەوە لق و ناوچە و دامەزراوە نھێنیەکانە، نەک حاکمە بەڕێزەکان، ئەم فاکتەش وایکردووە سەروەری و بێلایەنی دادگاکانی ھەرێم بکەونە ژێر دنیایەک پرسیار و گومانەوە! خولاصە، ئەوەی لەھەمبەر ئەو شەش چالاکوانەی بادینان کرا سکانداڵێکی گەورەیی یاسایی بوو کە لەھیچ شوێنێکی دنیادا بریاری لەوجۆرە بەربەرییە نەدراوەو نادرێ. وە مەترسی گەورەش لەدوای ئەو بریارە ئەوەیە کە بۆ لەمەودوا دادگاکان زیاتر دەستکراوە دەبن لە سزادان و تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کە بە مەترسی دەزانرێ بۆ سەر ئایندەی ماڵبات و حیزبەکەیان. ئەگەر ئەو بریارە خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ بکەین، ئەوا لەلایەک دەتوانین بڵێین بۆ لەمەودوا ھیچ کەس لە کوردستاندا بێ تاوان نیە و ھەموومان مەحکومین و لەژێر ڕەحمەتی ئەو بڕگە و یاسایانەداین کە لە لق و ناوچەی حیزبەوە دەردەکرێن، وە لەلایەکی تریشەوە شەرعیەتدان و نۆرمالیزەکردنی ئەو فاکتەبوو کە دەشێ لەسەر سادەترین ئاکت و پەرچەکردار دەسەڵات بە یاسایەکی موزەیەف سزای توند و زیندانیمان بکا!
ئازاد جۆڵا زۆربەی جاران ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە دوو ڕێگاوە دەبێت ئەگەر کۆمەڵگاو سیستەمی وڵاتەکە دیموکراسی بێت ئەوا هەر چوار ساڵ جارێک یان زیاتر لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەردەوە دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت ، جا ئەم ئاڵوگۆڕە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر بێت یان هەر لە هەمان حزب ، بەڵام بە کارنامەو ڕەنگە بە دەوڵەتمەدارێکی تازەوەش بێت ، جاری واش هەیە هەر لەڕێگای هەڵبژاردنی ئازادەوە سیستەمی سیاسی وڵات گۆڕانکری بەسەردا دێت . بەڵام ئەگەر کۆمەڵگاو سیستەمی وڵاتەکە نادیموکراسی و خۆسەپێن بێت ئەوا ئەم دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانییە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت و زۆرجاریش بە کوودەتا یان خوێن ڕشتنێکی زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت ، جیا لە هەموو جیهان ئەوەی لە کوردستان هەیەو دەبیندرێت نمونەیەکی جیاواز و سەیرو سەمەرەیە چونکە گفتارەکان و ڕەفتارەکان ڕێک پێچەوانەی یەکترن ،، بۆ نموونە : ٭ هەرێمی کوردستان خۆی وەک نمونەی دیموکراسی ترین دەسەڵات و ئەزموونی حوکمڕانی لەناوچەکە دەناسێنێ کەچی ماوەی 30 ساڵە هەڵبژاردن کرابێ یان نەکرابێ هەر بەتەنها دوو حزب حوکمی ئەم هەرێمەیان کردووە و بەردەوامیشن ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە خۆیان وەک دیموکراتخواز و نیشتمان پەروەر و دڵسۆزی گەل ناساندووە . ٭ کابینە لەدوای کابینە بەڵێنی گەورەتر دەدەن دەڵێن چاکسازی ڕاستەقینە دەکەین و دزی و گەندەڵی بنەبڕ دەکەین ، وەک ئەوە وایە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ئەوان دەسەڵاتدار و حوکمڕان نەبووبن و حزب و لایەن و خەڵکی تر دەسەڵاتدار و بکەری هەموو ئەو گەندەڵی و کەموکوڕیەکانی پێشخۆیان بێ و لەسەر دەستی ئەوان دەیان وەزیر و بەرپرسی باڵا خرابنە نێو زبڵدان و لە زینداکاندا بناڵێنن . ٭ کە باس لە دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن ئەوەندە ملکەچی دیموکراسی و ئەنجامەکانن وەک ئەوەی ئەوان لە ماوەی ئەم 30 ساڵە لایەنی کەم 7 بۆ 8 جار هەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵاتیان کردبێ و هەڵبژاردنەکانیش لە گوڵ پاک و بێگەرد تر بووبێ . ٭ کەباس لە پێویستی یەکڕیزی و تەبایی دەکەن ئەوەندە دەنگیان دلێر و کورد پەروەرە وەک ئەوەی بەدرێژایی مێژوو چی لەسەر دەمی بەناو ( شۆڕش ) و چی لەدوای ڕاپەڕینی خەڵک تاکە گوللەیەکیان بەڕووی یەکتر و کورد دا نەتەقاندبێ و دڵۆپەخوێنێکی کورد بەدەستی کورد نەڕژابێ . ٭ کەباس لە نەیار و لایەنی بەرامبەر دەکەن هەمیشە بە بەرژەوەندخواز و خیانەتکار ناویان دەهێنن و تاوانباریان دەکەن وەک ئەوەی ئەوان هیچ جارێک چاوساغی دوژمنان نەبووبن و داگیرکەریان نەهێنابێتە سەر خەرمانی خۆێنی خەڵکی ئەم هەرێمە وێرانکراوە . ٭ کەباس لە باوەڕبوون بە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن ، وەک ئەوە وایە بەدرێژایی ئەم 30 ساڵە تەنها بۆ جارێکیش لەژێر دەسەڵاتی ئەوان مافی مرۆڤ پێشێل نەکرابێ و تاکە کەسێکیش لەسەر بیروڕای جیاواز تیرۆر یان بەناحەق زیندانی یان ئازار و ئەشکەنجەو سوکایەتی پێ نەکرابێ . ٭ کەباس لەسەروەری یاسا دەکەن بەدەنگیگی زۆر گڕەوە دێنە سەر شاشەکان و دەڵێن لە کوردستاندا کەس لەسەرووی یاسا نیە ، یان هیچ کەسێک بەدەر نیە لە یاسا ، وەک ئەوەی زیندانەکانی ئەم هەرێمە پڕبێ لە عەنتر و یاسا شکێنەکان ، یان دادگاو دادوەریمان تا سەرئێسقان ئازاد و سەربەخۆ و داد پەروەربێ ..
سەهین موفتی "مەلاعەلی باپیر، لە بەر پێویستییە هەنووکەییەکان و بارودۆخە چارەنووسسازەکە، وەک کەسی یەکەمی کۆمەڵی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە". ئەمە، دەربڕینی ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبە ئیسلامیەیە...! پێشتر، مێشکی هەمومان هاڕدرابوو بەوەی پارتی حیزبێکی بنەماڵەییەو لە بنەماڵەی بارزانی بترازێت کەس بۆی نییە پێشڕەوی و رابەرایەتی حیزبەکە بکات، هەر ئەم حیزبە نەیارە کوردستانییانەی پارتی بوون، هاش و هوشییان لێ هەڵدەستاو گوێی هاونیشتیمانییان پێ کاس کردبوو. کەچی، هەموو ئەم حیزبانە لە کۆنگرەکانییان هەمان دەم و چاوو خاوەن بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی رابردوو بە سەرکردەو بەرپرسانی باڵای خۆیان هەڵدەبژێرنەوە...! ئاخر، کام پێویستی هەنووکەیی و کام دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بەم خاوەن گوتارە بێ کردارانە ماوە؟ هەقە بەیەکجاری هەموان ئیعلانی پارتی بوونی خۆیان بکەن، چوونکێ لەمێژە گووتراوە هەموو کوردێک پارتی بونێک قەرزدارە...!
د. هەردی مێد داهێنهرانی فهسیبوك به دانانی میكانیزمی لایك، ئهم پلاتفۆرمهیان كردووه به پانتاییهكی كۆمهڵایهتی. لایك بهكارهێنهرانی فهیسبوك دهخزێنێته نێو پهیوهندیهكی هاووابهستهیی (Interdependency). ئهوهی لایكت بۆ دهكات، دهبێت لایكی بۆ بكهیت. گهر لایك بۆ ئهو كهسه نهكهیت كه لایكت بۆ دهكات، لێرهوه مهترسی ساردبوونهوهی پهیوهندیهكان و دروستبوونی بهدگومانی ئهگهری بههێزن. به مانایهكی دی، ئهوهی رایهڵ و پهیوهندی نێوان چڤاتی بهكاربهران مسۆگهر و مهیسهر دهكات، دواجار لایكه. لایككردن رۆڵێكی باڵای له پاراستنی پهیوهندیهكان، دابینكردنی ئاشتهوایی و گهرمووگوڕی نێوان به كاربهران ههیه. دینامیكی لایك و لۆژیكهكانی چونهڕێوهی زۆر له دینامیك و لۆژیكی <بهخشینThe Gift> دهچێت. گهوره ئهنترۆپۆلۆگی فهرهنسی، مارسێل مۆس، كه خوشكهزای دوركهایم-ه، نایابترین لێكوڵینهوهی له سهر پرسی <بهخشین> له لای خێڵهكانی دورگهی تغوبغیان و ئۆقیانوسی پاسێفیك ئهنجامداوه. مۆس باسی گرنگی بهخشین له دروستكردنی پهیوهندی و ڕایهڵی كۆمهڵایهتی له نێوان خێڵهكان و بهرقهراركردنی ئاشتی نێوانیان تا ڕهوینهوهی شهڕ دهكات. بهخشین له لای ئهم خێڵانه ملكهچی سێ جۆره زۆرهملێییه. زۆرهملێ بهخشین، واته بۆ ئهوهی خاوهن پێگه بیت له نێو جڤاتدا و پهیوهندی و ڕایهڵهكانت بهوانی دییهوه بپارێزیت، دهبێت ببهخشیت. پاشان، زۆرهملێ وهرگرتن، واته ئهو كهسهی دیاری بۆ دهبهیت، مافی رهتكردنهوهی دیاریهكهی نییه. رهتكردنهوهی دیاری واته پچڕان و پاشهكشه له پهیوهندی. له كۆتایشدا، زۆرهملێی پێدانهوه، واته ئهوهی دیاری و خهڵاتی بۆ هاتووه، دهبێت خۆی له دانهوهی ئهم دیاریانه نهدزێتهوه. بۆ مارسێل مۆس، كاڵای بهخشراو قهرزێكه له لای ئهو كهسهی پێیبهخشراوه. بهمجۆره، كهسێ بهخشهر و كهسی وهرگر له هاوپهیوهندی و هاووابهستهیدا دهبن. بهمشێوهیهش، پهیوهندیهكان به گهرموگوڕی دهمێننهوه، چونكه بهخشهر چاوهڕێ قهرزهكهیهتی، وهرگرش چاوهڕێ دانهوهی. له راستیدا، نهدانهوه، واته پچڕانی پهیوهندی، پچڕانش، واته جاڕی شهڕ. بۆیه، بۆ ڕێگهگرتن له شهڕ، وهرگر (قهرزار) خۆی له بهخشینهوه، یان پێدانهوه ناشارێتهوه. به ههر حاڵ، بهخشین ماكی ڕایهڵه كۆمهڵایهتیهكان و مهرجی ئاشتی و تهناهییه له دیدی مارسێل مۆس-دا. لهم گۆشهنیگایهوه، لایك له فهسیبوك تارادهیهك ههمان رۆڵی ههیه. به مانایهكی دی ئهوهی گوڕ به پهیوهندیهكان دهدات، لایكه. ههر لایكش رۆڵ له بهردهوامی پهیوهندیهكان دهبینێت. كهواته، ئهوهی فهسیبوك وهك پانتایی و هاوكات وهك خانهی به دهستهێنانی پرستیژ و پێگه دههێڵێتهوه، میكانیزمهكانی لایك و ئهو گرهوه و ستراتیژیانهن كه پهیوندیداری لایكن.
هاوژین زیبا لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە سیاسەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا دەستیپێکرد، ئەمریکا کاتێک لە رۆژھەڵاتی ناوەراست دەستتێوەردانێکدەکات، کودەتای سەربازی دەکات یان بەھێزی دەوڵەتێکیکە داگیرکاری ئەنجامدەدات. مرۆڤ دەتوانێت تورکیا بە بەشێک لەو سیاسەتەی ببینێت. لە دوای ٢٠١١ ئەمریکا لە رێگای دەوڵەتی تورکیاوە سیاسەتی دەستتێوەردانی لە سوریا، لیبیا وعێراق ئەنجامدا. تورکیا بە پشتگیری ئەمریکا لەو وڵاتانەدا سیاسەتی ئابووری و سەربازی پێشخست. لەبەر ئەوەی بەراورد بە ئەو وڵاتانە تورکیا وڵاتێکی بەھێزە، روسیا ھەوڵیدا تورکیا بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیی و سودی لێ وەربگرێت. بۆیە تورکیا ھەرچی خواستبێت روسیا بەگوێرەی بەژەوەندی خۆی بۆی جێبەجێ کردووە. تورکیا بەھۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیاو ئەمریکا ھەوڵیدا جارێکیکە بە خەیاڵێکی عوسمانی نوێوە لە ھەرێمی دەوڵەتێکیکەدا سەروەربێت، چۆن ئێران بەھۆی مەزھەبی شیعەوە تا عەرەبستانی سعودیە ھەوڵدەدات بەھێزبێت، تورکیاش دەیویست بەو شێوەیە بکات. لەلایەکەوە بۆ بەرژەوەدی روسیاو ئەمرکا کاردەکات لەلایەکی دیکەشەوە ھەوڵ دەدات خەیاڵی عوسمانی نوێ زیندووبکاتەوە. بێگومان خەیاڵی عوسمانی نوێ سەرناکەوێ، چونکە نە سەردەم سەردەمی ئیمپراتۆرییە نە ئەمریکاو روسیا رێگە بەوە دەدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا کار بۆ ئەو دەوڵەتانە دەکات ئەوانیش تورکیا بۆخۆیان بە مەترسی نازانن بۆیە زۆر جار لەبەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات بێدەنگ دەبن، مرۆڤ دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری دەوڵەتی تورکا بەم شێوەیە شرۆڤە بکات. ئەگەر رێگە پێدانی ئەو دەوڵەتانە نەبێت تورکیا ناتوانێت ھەتا گارێ ئۆپەراسیۆن بکات. ئۆپەراسیۆنی گارێ دیارە کە ھەم بۆ داگیرکردنی باشور ھەمیش بۆ رزگارکردنی دیلەکانی ژێر دەستی پەکەکە پێکھات، وادەردەکەوێت دەوڵەتی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی گارێ بە بیانووی رزگارکردنی دیلەکان لە ئەمریکا رەزامەندی وەرگرتووە ئەمریکاش بە ھاوکاری پارتی رەزامەندی و ھەواڵگری داوەتە دەست تورکیا، بەڵام خەیاڵی تورکیا بەر دیوارکەوت. دیارە کە دەوڵەتی تورکیا خەیاڵی وەک ھۆڵیودە، چونکە وابیری دەکردەوە کە ئەندامەکانی خۆی لە دەستی پەککە دەردەکات و لەگارێ جێگیردەبێت، بەڵام پەکەکە راستی خۆی و ژیانی جارێکیکە لە رووی ھەموویاندا چۆن دەوڵەتی توکیا ٢٠٠٨ لە زاپ شکستیخوارد لە گارێش تێکشکێندرا. بێگوومان ئەو دیلانەی ژێردەستی پەکەکە چۆن مردبن بەرپرسیار دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتی توکیا ئۆپەراسیۆنی نەکردایە ئەو دیلانە بەپێی یاسای جەنگ و یاسای جنێف پارێزراوبوون، بەڵام تورکیا بە ھێرشێکی کیمیایی و ئۆپەراسیۆنێکی بێ کۆنترۆڵ ئەو دیلانەی کوشت تا ئێستا کەس حسابی ئەوەی لە دەوڵەتی تورکیا نەخواستووە، ئەگەر ئەو دیلانە رزگاربونایە تورکیا لەناو دەوڵەت و لە ولاتی خۆیدا دەبوو بە قارەمان، بەڵام پەکەکە تورکیای تێکشکاند، ئێستا دەبێت تورکیا بەپێی یاسای جەنگ سزابدرێت، ئەگەر دادگای شەری نێودەوڵەتی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی راستگۆو سەربەخۆبێت بێگومان دەبێت دەڵەتی تورکیا دادگایی بکەن، چونکە تورکیا مافی ژانی مرۆڤ و حقوقی شەری پێشێلکرد.
عەلی مستەفا کەریم دەکرێ لە ستایشی یەکگرتوودا ئەوە بڵێین کە تاکە حیزبە بەشداریی شەڕی براکوژی و شەڕی ناوخۆی نەکردوە و وەکو حیزبێکی بێچەک لە ژینگەیەکی باروتاویدا خۆی راگەیاند، تاکە حیزبە لە هەردو زۆنی سەوز و زەرد دا ئەندام و لایەنگری هەبوە و ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی تاکو ئێستەش رۆڵی هەبێت لەوەی هەرێم نەبێت بە دو ئیدارەی تەواو جیاوازەوە. جگە لەوەش یەکێکە لەو لایەنانەی کەمترین دەستی هەیە لە گەندەڵیدا. من تاکو ئێستەش شکنابەم کە ئەندامەکانی فایلیان هەبوبێ لەگەڵ رژێمی بەعسی روخاو. راستەوخۆ وەکو حیزبەکانیتر دەستی تێکەڵ نەکردوە لەگەڵ ڕژێمە کوردکوژەکانی وێنەی تورکیا و ئێران و سوریا و کوردی ئەو پارچانەی ئازارنەداوە. ئەمانە شایانی ستایشن و سەروەرین بۆ حیزبێکی وەکو یەکگرتوو کە لە ماوەی دەساڵی یەکەمی تەمەنی دا تۆماریکردن. بەڵام ئایا بۆچی یەکگرتوو دواتر نەیتوانی نە لە مەیدانی سیاسیدا پێشبکەوێت و دەنگی شەقام بەدەستبهێنێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەو حیزبە پاشەکشەی کرد، لە هەڵبژاردنی ناو توێژی قوتابیانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پارلەمان. نە لە مەیدانی بازنەی ئەوەی پێیدەگوترێت گوتاری ئاینییدا پێشبکەوێت و پێشەنگبێ؟ بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە تازە بە تازە لە کاتی راگەیاندنی بیستوحەوت ساڵەیدا ڤێستیڤاڵی سەرپۆش رێکدەخات. ئێمە هۆکاری پاشەکشێ و شکستەکانی یەکگرتوو بۆ ئەوە دەگێڕینەوە کە ئەو حیزبە لە دو رۆڵی سەرەکیدا شکستیهێنا کە دەبو حەتمەن ئەنجامیان بدات، ئەوانیش یەکەمیان ئەوەیە کە لە روی سیاسییەوە لە ماوەی زێرینی خۆی دا، کە دەکاتە پاش شەڕی ناوخۆ تاکو هاتنەئارای بزوتنەوەی گۆڕان، نەیتوانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا. دوەمیان لە بازنەی گوتاری ئاینییدا شکستی لەوەدا هێنا کە ئەو گوتارە نوێبکاتەوە و نەیتوانی بکرێتەوە بەڕوی کۆمەڵگە دا و هەنگاوی بوێرانە بنێت و هەر لە بازنەیەکی چەقبەستودا، کە گەڕانەوەیە بۆ گوتاری داخراوی ئاینی- حیزبی، دەخولێتەوە. لێرەدا هەوڵدەدەین ئەو دو شکستە رونبکەینەوە: یەکگرتووی ئیسلامی سەرەڕای پاشخانە ئیخوانی و گوتارەکەی کە گوتاری تاقمێکی ئاینیی داخراوبو، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنیدا زۆر بەخێرایی بە ڕوی کۆمەڵگەدا دەکرایەوە. ئەوەبو لەماوەیەکی کەمدا زۆرێک لە دۆزە نەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیبونی تەبەنیدەکرد و لە بواری گوتاری ئاینیشدا هەم لەناو خۆی و هەمیش بەرەو روی دەرەوە هەنگاوی خێرای دەنا، تاکو کار گەشتە ئەوەی لە کۆنگرەکانی کۆتاییدا کە پاشگری /ئیسلامی/ لە حیزبەکەی بکاتەوە. لەم قۆناغەشدا خوێنەوار و چالاکوان و رۆشنبیر و سیاسییەکانی لە پێشتربون و لە بەرامبەردا مەلا و بانگخوازەکانی خەریکبو دەکەوتنە پەراوێزەوە و خۆیان بە غەریب و پاشکۆ دەبینی لەو حیزبەدا. بەڵام ئەوەی ئێستە دەیبینین، بەتایبەت لە ٢٠١٠ ەوە، تەواو پێچەوانە بوەتەوە کە بانگخواز و مەلاکان لەناو یەکگرتوودا گوتار و وتارەکانتان زاڵبوەتەوە و تەنانەت سیایسی و رۆشنبیرەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگی بانگخوازەکانیان دەچنە پەرلەمانەوە! ئێمە لەمەدا دیارترین هۆکار باسدەکەین کە هاتنە شاری کۆمەڵی ئیسلامییە. چۆن کۆمەڵی ئیسلامی یەکگرتووی شکستپێهێنا لەوەی بەردەوامبێت لە کرانەوەی گوتاری ئاینیدا ؟ کۆمەڵی ئیسلامی، کە چەند ساڵێکبو لە هەڵەبجە/ هەورامان/ خورماڵ دابڕابون، تێکەڵیەکبو لە جیهادییەکانی ناو بزوتنەوە و (بروتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی). بروتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی(نەهزە) ئەو کۆمەڵەیە بون کە پێشتر ئیخوان بون و دواتر لە زەمینە ئیخوانییەکەی پێش راگەیاندنی یەکگرتوو جیابوبونەوە. واتە کۆمەڵ تێکەڵەیەکبون لە باکگراوندی چەکداریی وێنەی جیهادییەکان و بانگخوازیی وێنەی ئیخوانییەکان کە لە کوردستان یەکگرتوو نوێنەرایەتییان دەکات. لەم ماوەدا، لە نێوان ساڵانی ٩٤ بۆ ٢٠٠٠ کە شەڕی ناوخۆ و نە جەنگ نە ئاشتیبو لە نێوان یەکێتی و پارتیدا و جەنگی درێژخایەنبو لە نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ هەردولایاندا، واتە جەنگی گشت بەرامبەر گشتبو، تەنانەت حیزبە بچوکوکانیش، دابەشبوبون بەسەر هەردو بەرەی جەنگدا، جگە لە یەکگرتوو، ئەو حیزبەی کە لەگەڵ هیچ لایەک لە جەنگدا نەبو. ئەم بێلایەنییەی یەکگرتوو لە جەنگدا ئەوەی بۆ رەخساند لە هەمو شار و ناوچەکاندا تەواو خۆی رێکبخات، ئەندام و چالاکوانی گەنجی ئامادە و پەروەردەکردبو. لەم قۆناغەدا یەکگرتوو ئامادەیی ئەوەی هەبو کە گوتارە ئاینییەکەی لە حەڵاڵ حەرام و کافر و موسڵمان، حیجابو بێحیجاب، ریش و بێڕیشەوە فراوانتر و رەنگاورەنگتر بکات بۆ مەسەلە عیرفانی و رۆحانییەکان و لەو لاشەوە قسەکردن لەسەر پێکەوەژیان و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان و گونجاندنی گوتاری ئیسلامی لەگەڵ ئەم دۆزە نوێیانە دا. هەر لەم دۆخەشدا کۆمەڵی ئیسلامی بە زەبری لێدانەکانی ئەمریکا ٢٠٠٣ ناوچەکانی خۆی بە بێچەک بەجێهێشت و هاتە شارەکانەوە. بەهۆی ئەم رێکەوتە سیاسییەوە کۆمەڵ بە زەبری واقعی نوێ دەبو گوتارەکەی خۆی کە لە سەر دوالیزمەکانی حەرام و حەڵاڵ، کافر و موسڵمان، ئاینی و نائاینی دامەزراندبو، بە هەندێ دەستکارییەوە بە کەرەستەی نوێوە دەستپێبکات، لەمەشدا تاکە فریادڕەس بۆ دۆخی نوێی کۆمەڵ ئەزمونی چەندین ساڵەی یەکگرتوو بو وەکو نمونەیەک کە تاقیکرابوەوە و لەبەردەستدابو، لەمەشدا توانی زۆر زیرەکانە سودی لێبینی. کۆمەڵ لە روی میدیاییەوە وێنەی یەکگرتوو کەناڵی تەلەفزیۆنی پەیام و چەند ئێزگەی جیاوازی لە شارەکاندا بە یارمەتی لۆجستی و دارایی ئێران دامەزراند. سەرەتا بەبێ مۆسیقا و وێنەی ئافرەتانی لە دورەوە پێشاندەدا، یان دەیشێواند. چونکە وەکو پاشخان سەلەفییەک کۆمەڵ پێیانوابو کە مۆسیقا حەرامە و وێنەی ئافرەت نابێت پیشانبدرێت، تەنانەت لە رۆژنامەکەیاندا وێنەی ژنانیان بەجۆرێک تێکدەدا واهەستدەکرا کە ئەو کەسە تاوانێکی کردوە یان تۆمەتبارە و لەبەر یاسا دەموچاوی پیشان نادرێت. بەڵام قۆناغ دوای قۆناغ میدیای کۆمەڵ لە روی کوالێتی و بینەرەوە بویە رکەبەری میدیای یەکگرتوو. واتە لە قۆناغی یەکەمدا کۆمەڵ بەو گوتارە تەقلیدییەیان کە جەخت لە دوالیزمە ئاینییەکان دەکاتەوە، بە زەقکردنەوەی چەمکەکانی (قورئان، حەدیس، بیدعە، ) توانی ئەو جەماوەرە موحافزکارە ئایندارەی، کە یەکگرتوو لەپاش شکستی بزوتنەوەی ئیسلامی دەیدواندن و خەریکبو رامیدەکردن، کۆمەڵ لێیوەرگرتنەوە. بەمپێیە کۆمەڵ بە رەوتە نەریتییەکەی خۆی، بەڵام بە کەرەستەی نوێی میدیاییەوە، بە مەلا و بانگخوازەکان کە بڕبڕەی پشتی گوتار و دەموچاوەکانیبون و بە وەعز و گوتاری حەڵاڵ حەرام و نوێنەرایەتی سونەت و دژایەتی بیدعەت و گوتاری بەناو قورئانی، ئەو جەماوەرە سادە ئاینییەی بۆ لای خۆی راکێشایەوە کە بە سادەیی گوێ لە ئامۆژگاری و قورئان و حەدیس دەگرن، بە تایبەت ئەو جەماوەرەی کە لە شەڕی ناوخۆدا لە بزوتنەوەی ئیسلامی دابڕابون. ئەمەش ئەو خاڵی وەرچەرخانە پێچەوانەبو، یان دەکرێت بڵێین هۆکاری پاشگەزبونەوەی یەکگرتووی ئیسلامی بو لە هەنگاوەکانی بەرەو کرانەوە و نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی. لێرەوە یەکگرتوو هەستی بە مەترسییەکە کرد، بە تایبەت پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەکی رێژەیی لە هەڵکشاندابو کە (٢٠٠٥ /٦ کورسی، ٢٠٠٩/ ٤کورسی- بە لیستی هاوبەش ، ٢٠١٣/ ٦ کورسی، ٢٠١٨/ ٧ کورسی) بەدەستهێنا. بە تێڕوانینی ئێمە هەڵکشانی دەنگەکانی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنەکاندا و بە پێچەوانەوە داکشانی دەنگی یەکگرتوو وایکرد یەکگرتوو لە هەنگاوە تازە دەستپێکردوەکانی لە نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی و کرانەوەدا پەشیمان ببێتەوە و لە جێی روانین بۆ ئاسۆی دورتر، باوەشیکردەوە بە گوتارە تەقلیدییەکەدا وێنەی کۆمەڵی ئیسلامی. ئیتر لەم قۆناغەوە لە جێی رکابەرایەتی یەکێتی و پارتی، کەوتەوە رکابەرایەتی کۆمەڵی ئیسلامی. ئەو چالاکی و رەفتارانەش، کە ئەمڕۆ لە یەکگرتوو دەبینرێت راڤەکەری ئەو دۆخەن. چۆن یەکگرتوو لە ئۆپۆزسیۆنبون کەوت و بویە پاشکۆی ئۆپۆزسیۆن/گۆڕان؟ ئەو ستایشانەی لە پەرەگرافی یەکەمی ئەم وتارەدا هاتون کۆمەڵێ خەسڵەتی یەکگرتووبون کە تایبەتمەندی و توانا و لە زۆر لایەنەوە خاڵی هێز و ئەرێنیبون بۆ ئەوەی یەکگرتوو ببێتە رکەبەرێکی هاوشان بۆ یەکێتی و پارتی و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا لەروی سیاسییەوە ببێتە حیزبێکی فول ئۆپۆزسیۆن لە هەردو زۆن. رۆلی ئۆپۆزسیۆنبون تاکە بژاردەبو کە دەبو یەکگرتوو لە راگەیاندنییەوە، کە سەرەتای شەڕی ناوخۆبو، تاکو ٢٠٠٩ کە بزوتنەوەی گۆڕان هاتەپێشەوە، بەبێ دودڵی پێیهەڵبستایە. بەڵام بۆچی نەیتوانی یاخود نەیویست ئەو رۆڵە بگێڕێت؟ ئەوە بەرچاوە کە شەڕی براکوژی لە شاخ و شەڕی ناوخۆ لە شار هۆکارەکەی تەنها ئەوە بو کە پارتی و یەکێتی وەکو دو هێز، واتە یەکێکیان ئۆپۆزسیۆن و ئەوی تریان دەسەڵاتی بەدەستبێت، یەکتریان قەبوڵنەدەکرد. دوای دروستبونی دوئیدارەییش وەکو دو حیزبی خاوەنی چەک و پارە لە سەرکوتکردنی هیچ دەنگێکی نەیاریاندا سڵیان نەدەکردەوە و لەمەشدا لەو ماوەدا یەکگرتوو لەژێر ئەو فشارەدا بو. سەرەڕای ئەم دۆخە جەماوەرێکی زۆر چاوەڕێی ئەوەبون کە متمانە ببەخشن بە لایەنێک کە نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بکات. لەمەشدا یەکگرتوو تاکە بژاردەی ئەو نوێنەراتییە بو. بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بو کە یەکگرتوو بە درێژایی زیاتر لە پانزەساڵی سەخت، بەڵام پانزەساڵی زێڕین بۆی، نەیتوانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێک کە خەڵکی ناڕازی پشتی پێببەستەن. لەم روەیشەوە جگە لە مەلا و بانگخوازەکانی، ئەوەندە خوێنەوار و رۆشنبیر و سیاسی و چالاکوانی هەبون کە ئامادەبون وەکو کادێری پێشکەوتو و چالاک رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان پێ بگێڕێت. لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و سەرەتای دوهەزاردا لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی قوتابیان و خوێندکارانی لە هەردو زۆن، سەرەڕای پێشێلکاری و ساختەکاری، بە تەنها نیوەی دەنگەکانی بەدەستدەهێنا. لەو قۆناغەدا گەنج و کادێرەکانی یەکگرتوو گەرموگوڕ و ئامادەی هەمو چالاکی و خۆپیشاندان و جموجوڵێک بون و جگە لە باوەڕی ئایدۆلۆجییان زۆرێک زەمینەی لەبار هەبو کەوا بکات خەڵکی ناڕازی متمانەی پێببەخشێت. یەکگرتوو لە هەمو شەڕی ناوخۆ و پاش شەڕی ناوخۆ، و پاش چەندین هەڵبژاردن کە ساختەکارییان تێدادەکرا، پاش ئەو هەمو گەندەڵییەی کە پارتی و یەکێتیش دانییان پێدادەنا، نەیتوانی تەنها بۆ یەکجاریش بێت خۆپیشاندانێک سازبکات، یان بە کردەیی پشتگیری خۆپیشاندانێک بکات. ئەو بارەگاکانی لەلایەن پارتییەوە سوتێنران و چەند ئەندامێکی کوژران، لە نێویشیاندا ئەندامێکی سەرکردایەتی هەبو، لە بەرامبەردا یەکگرتوو جگە لە بەیاننامە و ناڕەزایی لە ژێر لێوەوە هیچ فشار و کاردانەوەیەکی وەهای نەبو کە ئەو پەلامارانە دوبارە نەبنەوە. هەر پاش چەند ساڵێک لە ٢٠٠٩ دوبارە بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان سوتێنرانەوە. کە هەردو پەلامار و سوتاندنەکان لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندابون. کارنەدانەوەی یەکگرتوو لەبەردەم پەلامار و سوتاندنی بارەگاکانی هەم جەماوەر و هەمیش ئەندامەکانی خودی یەکگرتووی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو هێزە سەرەڕای خاڵە ئەرێنییەکانی ناکرێ متمانەی ئەوەی پێبکرێ کە ببێتە رکەبەری ئەو دو هێزە و گرەوی ئایندەی لەسەر بکرێت. من بەشێکی زۆری ئەو بەرپرسایەتیە و ئەو نابوێریە بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە دەگێڕمەوە کە بوێریی ئەو ئەرکە مێژوییەی نەبو کە بەو رۆڵە هەڵبستێ. بەڵێ ئۆپۆزسیۆنبون لە سیستەمی نادیموکراسیدا باجی هەیە، لە گرتن و زیندان و فشاری هەمەجۆر، ئەمانە کە سەرکردەکانی یەکگرتوو ئامادەی نەبون. بەڵام بە هەمان شێوە کڕی و کزی و دەستەمۆیی و هەمیشە موساوەمەش باجی هەیە. باجەکەشی ئەوە بو کە ئێستە یەکگرتوو داویەتی و دەیدات، کە لە هەڵبژاردنەکاندا نەکو جەماوەر دەنگیان پێنەداوە و بەردەوام لە پاشکشەدایە، تەنانەت زۆرێک لە دەنگی خۆی یان بەرەو گۆڕان یان بەرەو کۆمەڵ رۆشتون. پەیوەندی ریفۆرمی ئاینی و ئۆپۆزسیۆنبون لەچیدایە؟ هەر گروپێکی ئیسلامی ئەگەر لە قۆناغێکدا لە کوردستان، و تەنانەت لە هەر شوێنێکی جیهان، بیەوێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر و نوێنەرایەتی ناڕەزایەکانی زۆرێک خەڵک بکات، دەبێت بەلای کەمەوە بەشێکی زۆری گوتاری کافر و موسڵمان، حەڵاڵ و حەرام، خۆبەستنەوە تەنها بە دەقی ئاینی کاڵبکاتەوە و بکرێتەوە بەرەو ڕوی فرەیی و قەبوڵکردنی جیاوازی و قەبوڵکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژن و مافی رادەربڕین، لەنێویشیاندا مافی رەخنەگرتن و لێکۆڵینەوە لە ئاین و مێژوەکەی و زۆرێک لە دیاردەی مۆدێرنەی وێنەی سفوری و هونەر و ئازادی و گەشتوگوزار و هتد..چونکە ئەو وەکو ئۆپۆزسێۆن تەنها نوێنەرایەتی ئەندامکانی ناکات کە نوێژکەرن و خەتم دەکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵکێکی ناڕازی دەکات، بە کەسایەتی و ئایدۆلۆجیای جیاوازەوە. بۆیە پێمانوایە تازەکردنەوەی گوتاری ئاینی و کرانەوە مەرجێکی پێشوەختە بۆ هەر پارتێکی ئیسلامی کە بیەوێت نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی بێت. کەواتە بۆچی یەکگرتوو گەڕاوەتەوە بۆ گوتار و کەرەستەکانی پێش نەوەدەکانی؟ بۆچی ئەمڕۆ پاش ٢٧ ساڵ لە راگەیاندنی هێشتا بێسەرپۆشێک یان نوێژنەکەرێک لە ریزەکانیدا جێیان نابێتەوە؟ من لە نەوەدەکانەوە پێموایە کە یەکگرتوو، بەو پێکهاتە و سەرکردانەی کە هەیەتی و بەو گوتارە ئاینییە تەقلیدییەی کە تێیدا دەخولێتەوە، گەشتۆتە بنبەست و چەقبەستوە، بۆیە واباشترە و دەبێ خۆی وەکو حیزبێکی سیاسی هەڵبوەشێنێتەوە و خۆی بکات بە چەند رێکخراو و ناوەندێکی فشار،خێرخوازی و میدیایی و بازرگانی و خزمەتگوزاری و رۆشنبیری و هتد. ئەوەی لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا کە یەکگرتوو بۆی گەڕاوەتەوە ئەو دو هۆکارە بنەڕەتییەن، کە یەکەمیان یەکگرتوو نەیتوانی بۆ خەڵکی گشتی و لە ئاستی دۆزەگشتییەکاندا ببێتە جێی ئومێدی خەڵکی ناڕازی دژی گەندەڵی و نەبوە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر، کە هەم بەرگری لە خۆی بکات، هەمیش بەرگری لە مافە گشتییەکان بکات. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان هاتەپێشەوە و ئەو رۆڵەی لەدەستوەرگرت. دوەم رۆل کەدەبو پێیهەستێت ئەوەبو گوتاری ئاینی نوێبکاتەوە و لە چەند ئاستێکی فراواندا ریفۆرمی ئاینی بکات، بەڵام لە ترسی ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی جەماوەرە پارێزگارە ئاینییەکەی لێ داگیرنەکات، دەستی لەو هەنگاوانە هەڵگرت کە چاوەڕواندەکرا بیکات. کرانەوە و تازەکدنەوەی گوتارە ئاینییەکەش پێشمەرجێکبو بۆ ئۆپۆزسیۆنبون. ئەوەش ئەمڕۆ پێیهەڵدەستێ لە ڤیستیڤاڵی سەرپۆش و خولی خەتمی قورئان دەرەنجام و بەرجەستەکەری ئەو شکستانەن.
ئەبوبەكر عەلی ھەروەك نەریتی خۆمان لە دیدێکی نیشتیمانی و یاساییەوە، دەڕوانینە پرسی دادگایکردن و حوکمدانی شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی. رەنگە پاشخان و ڕۆشنبیرە یاساییەکەشمان، بەحوکمی ئەوەی پسپۆڕی یەکەممان یاسابوو، بەشی خۆی خزمەتمان بکات. بە بڕوای ئێمە شێروان و ھاوڕێکانی، تا راددەییەکی زۆر قوربانین؟ دادگاییکردنەکەش لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەنددیەکانی ھەرێم ناکۆکە. کەلێنی سیاسی و یاسایی جۆراوجۆریش لە کەیسەکەدا بوونیان ھەیە! ھەوڵدەدەین بۆچوون و روانگەی خۆشمان لەمەڕ ئەم کەیسەو ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە: ................................. یەکەم: قوربانی بوونی تاوانبارکراوەکان: کە دەڵێین حوکمدراوەکان قوربانین، مەبەستمان لەم خاڵانەی خوارەوەیە: ١- ھەست دەکرێت ئەو رێسا بەناوبانگەی دەڵێت(ھەموو تۆمەتبارکراوێك بێ تاوانە، تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە) لەم کەیسەدا ئاوەژو کراوەتەوە، ساغ دەبێتەوەش گۆراوە بەساغ دەکرێتەوە! ھەندێ لێدوانی سیاسی پێش دادگاییکردنەکەش، کە تۆمەتبارانیان وەك تاوانبار خستە روو لەگەڵ مولابەسەکانی دەستگیرکردنەکە، ئەم بۆچوونە پشت ڕاست دەکەنەوە. لێرەشدا لە کاتێکدا دەشێ لە رووی ئیجرائیی رووتەوە، دادگا پارێزگاری لە بنەما یاساییەکان بکات، لە رووی تەکیف وگیانی یاساوە، رۆڵی ڕەوایەتی پێدان بگێڕێت! ئەمەش رەنگدانەوەی سەربەخۆو بێ لایەن نەبوونی راستەقینەی دادگاو دەسەڵاتی دادوەرییە لە ھەموو جیھاندا. ٢- بە سەرنجدان لە پرسیارە ئاراستەکراوەکانی داواکاری گشتی و دادگاو وەڵامی تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی، تاوانی سەرەکی ئەم ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە، کارکردن بووە لەسەر ھەڵدانەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی و ئەگەری بوونی زیندانی نھێنی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و دەزگاو لێپرسراوانی ترەوە. بەڵام تەکیفە یاساییەکە بەجۆرێکی تر کراوە! بەحوکمی ئەوەی ئاسان نییە بەم ناوەوە کەس دادگایی بکرێت. ئەمەش دووبارە تاوانبارکراوەکان دەکاتەوە بەقوربانی. چونکە دادگا لەو رووەوە تەنھا بۆی ھەیە لە دوو رووەوە لێکۆڵینەوە بکات: ا- راست نەبوونی ئەو زانیاریانەی لەمەڕ کەیسەکانی گەندەڵی و پێشێلکردنەکان بڵاویان کردۆتەوە. ب- بڵاو کردنەوەی زانیارییەك کە بەدەقی یاسا بڵاوکردنەوەیان قەدەغە بێت. ٣- کاتێك ئەمان بە نوسین یان بەشێوە مەدەنییەکان دژایەتی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکانیان کردووە، تاوانبارانی سەرەکی و ئەوەی دەبێت دادگایی بکرێن و تاکو ئێستا دەستی دادگاو داواکاری گشتی نایانگاتێ و بەکردەوە چونە دەرەوەی پسپۆڕی ئەوانەوە!! گەندەڵکارو پێشێلکارەکانن، چونکە گەر ئەوان نەبن، بوار بۆ ئەم جۆرە نوسین و چالاکیانە ھەر لە بنەرەتەوە ناڕەخسێت و پێویستیش نین. کاتێك تاوانبارو سەبەبکاری راستەقینەو بکەری بنەرەتیش، وەك بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن وکەسانێ بەھۆی نالێپرسراوێتی ئەوان دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، لەسەر کارێك کە بەگوێرەی یاسا تاوان بێت، چ جای ئەوەی لەو روەشەوە دونیایەك گومان ھەبێت، تاوانبارکراوان قوربانین و دادپەروەری لەو شوێنەدا لە ژێر پرسیاری جیددیدایە. بۆ نمونە، عومەری کوڕی خەتاب کاتێك لە سەردەمی برسیەتی و قات و قڕیدا دوو ڕەنجبەریان ھێنا بۆلای تۆمەتی دزیان بەسەردا ساغ بووبۆوە، بە ئیلھام وەرگرتن لە ڕوحی عەدالەتخوازی ئیسلام و مەبەستی باڵای پشت حوکمە شەرعییەکان، لە جیاتی ئەوەی سزای دزیکردن بەسەر ئەواندا پیادەبکات، کە تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووبۆوە، ڕووی کردە ئاغاکەیان و پێی وت: ئەمجارە دزی بکەنەوە سزای دزی کردن بەسەر تۆدا دەسەپێنم، چونکە ئەوە تۆی برسیان دەکەی و ناچار بەدزی کردنیان دەکەی. ئەوەی لە پشت دۆخی نەخوازراوی ھەرێمیشەوەیە، ڕۆژنامەنوس و چالاكوان نیە، بەڵکو ئەوانەن لە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و گەندەڵی گەورەوە گلاون و لە پشت بە دابەشمانەوەی ھەرێم و ناکۆکی سیاسی نەزۆك و بەدامەزراوەیی نەبوونی دەسەڵات ونەبوونی حوکمی یاساوەن. با ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەش لە وردەکاری و شێوازی کاریاندا، دووچاری ھەڵەو لێتێکچوون و بەکارھێنانی زمانی توندی کەم سودیش بووبن. ٤- ھەموو دەزانین لە وڵاتێکدا دەژین، سەروەری یاسای تێدا نیە، یاسا ڕێسایەکی گشتیی پەتی نیەو ھەمووان لە بەردەمیدا یەکسان نین و وەك یەك بەسەریاندا پیادە ناکرێت. بەڵکو خەڵکێکی زۆرو جۆراوجۆر لە سەروی یاساوەن! ھەرچی بکەن یاساو دادگا دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێ؟! ئەمە واقیعەو تێیدا دەژین. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ھەندێ ئەگەر بەکردەوەش تاوانباربن، بە تایبەتیش لەو کەیسانەی مۆرکێکی سیاسیان ھەیە، سزا بدرێن، بەجۆرێ لە جۆرەکان قوربانیین؛چونکە تاوانبارانی چەندی قات لەوان گەورەتر ھەن و دادگا ناتوانێ ھیچیان بەرامبەر بکات!! دەقی فەرمودەیەکی یەکجار جوانیش لەم بارەوە ھەیە، کە جۆری پیادەکردنی یاسا دەکاتە ھۆکاری دەستنیشانکەری داڕوخانیان و مانەوەی کۆمەڵگەو سیستمە سیاسی و قانونیەکەی و دەفەرموێت (ئەوەی پێشووەکانی ئێوەی لەناوبرد، ئەوەبوو: کاتێك ھەژارو رەشوروتێ دزی دەکرد، سزایان بەسەردا پیادە دەکرد، بەڵام کاتێك ئەشرافێك دزی دەکرد چاوپۆشیان لێ دەکرد، سوێند بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر فاتیمەی کچی موحەمەد دزی بکات سزای بەسەردا پیادە دەکەم). کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێمەش لەم نایەکسانی و ناعەدالەتیەدا بەرجەستە دەبێت، دزی بچوك سزادەدرێت و دزی گەورە نەك ھەر ئازادە، بەڵکو زۆر جار نابێت تۆمەتی دزیشی بخەیتە پاڵ؟! ھەر ئەمەش زەنگە مەترسیدارەکەیە. ناکرێت نوخبەیەك بڕیاری شەڕی ناوخۆ بدات و دەست لەگەڵ دوژمنی نەتەوەیی بۆ دژایەتی ھێزەکەی بەرامبەری تێکەڵ بکات، بە گەندەڵی و ناکۆکی نێوخۆیی قەوارەی ھەرێم لاواز بکات و وابکات ھەندێ چاوی تەماحەوە بڕواننە کۆتایی پێھێنانی، لەسەر تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی کەسی لێ دادگایی نەکرێت، کەچی کەسانێ لەم خوارەوە بە بیانوو ھۆکاری بچوك ئەو تاوانەگەورەیان بخرێتە پاڵ! کاتێك ناتوانرێ ئەوانەی بە کردەوە ئاسایشی نیشتیمانی ھەرێم دەخەنە مەترسییەوەو توانای ئەوەشیان ھەیە، لانی کەم تۆمەتەکە بۆ خەڵکی ئاسایی بەکار نەیەت و لە ژێر ئەو ناونیشانەدا چەندین ساڵ زیندانیان بە تەنگدا نەدرێت، بۆ ئەوەی چەمکەکە تۆزێ ھەیبەت و مسداقییەتی بمێنێ و ھێندەی تر خەڵكانێك دووچاری پوچگەرایی ونائومێدی نەبن. بۆیە ھیوادارم تێھەڵچونەوەو تەمیز ھەڵوێستەکە ڕزگارکەن و ھەڵەکە راست بکەنەوە. ٥- ڕۆژنامەنوسەکان مافی خۆیانە، بە یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی دادگایی بکرێن، نەك یاسای سزادانی عێراقی. ................................. دووەم: چەند سەرنجێکی گشتی: ١- ھەروەك لەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی یەکگرتنەوەدا لەساڵی( ٢٠٠٦) داوتم: حکومەتێ ستراتیژی بیرکاتەوەو کارنامەی چاکسازی ھەبێت، میدیاو ڕۆژنامەنوسی ئازادو ئازا بەدوژمنی خۆی نازانێت، بەڵکو بەتەواوکەری خۆی دەزانێ وستایشی دەکات. چونکە دەستی بۆدەخاتە سەر برین وکەم وکورتییەکان وناھێڵێ خەوی لێ بکەوێت وکێشەکان بەسەریەکدا کەڵەکەببن وچارەسەرکردنیان دژوارو پڕ خەرجی بێت. ٢- ڕۆژنامەنوس و چالاكوانە مەدەنییەکان، بە گورگ و خێو مەزانن، بەشێوەی خولی لەگەڵیان دابنیشتن و لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن. ئەو کات دەزانن ئەوان ئەوە نین وێنایان کراوەو ئەوانیش بە خۆیاندا دەچنەوەو شێوازی بەرھەمدارتر بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان دەگرنە پێش. ٣- ئەم جۆرە مامەڵە رەوایەتی سیاسی و متمانەی خەڵکێکی زۆرو بەتایبەتیش نەوە نوێکان بە حکومەت لاوازتر دەکات. ئەو کاتە ناچاردەبێت پشت بە فشارو زەبرو زەنگی زۆرتر ببەستێ، کە دەرەنجامەکانی نەخوازراو دەبێت. ٤- ئەم جۆرە کەیسانە ناوبانگی ھەرێم زۆرتر دەشێوێنێت، کارتی ھێزی نەرم و ئەخلاقی و جیاوازبوونی لە دەستدا لاواز دەکات، نابێت لەم ڕووەشەوە چاو لە ھەندێ وڵاتی دەورو بکەین، کە دادگا بە سیاسی دەکاو بێ پەروا ڕۆژنامەنوسان راپێچی دادگا دەکات. چونکە ئەو ان دەوڵەتن وسەرچاوەی ھێزی گەورەو جۆر بەجۆریان لەبەر دەستدایە. لە کاتێکدا ئێمە گەلێکی ھەژارو لاوازین و تازە سەر پێ کەوتوین. ٥- ئەم جۆرە مامەڵە زیندانیەکان دەکات بە پاڵەوان و سەر چاوەی ئیلھام بۆ چەندانی تر، دەشبێتە بەشێ لە ململانێ سیاسییەکان. ٦- کەیسەکە پرۆسەی یەکگرتنەو دوبارە بیناکردنەوەی نیشتمان و گەلی ھەرێم و دامەزراوەکان دواتر دەخات و بێ متمانەیی و ھەست بە مەترسییش بەرامبەر یەكتر، قوڵتر دەکاتەوە.
مەریوان وریا قانع ئەوەی کە دەسەڵاتی داوەریی لە ھەرێمی کوردستاندا، وەک زۆربەی دەسەڵاتەکانی تر، لە ژێر ڕەحمی خێزانە حوکمڕانەکانی ھەرێم و بازنە تەسکەکەی دەوری ئەو خێزانانەدایە، ئەوەی یاسا لە ھەرێمەکەدا بووە بە ئامرازی سەپاندنی خواست و ویستی ئەو بنەمالە و نوخبە سیاسییانە، ئەوەی زۆرجار دەمامکێکی یاسایی بەسەری ئەنجامدانی تاوانەکاندا دەکرێت، شتێک نییە زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێم نەیزانن. ئینسان پێویستی بەوە نییە پرۆفیسۆری بواری یاسا و چۆنیەتی ئیتشکردنی دادگاکان و پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بێت لەیەکتر، بۆئەوەی ئەو ڕاستییە سادەیە بزانێت. لە کوێدا زەوق و خواستی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بخوازێت، لەوێدا یاسا دەگۆڕدرێت بە ھێزێک بۆ ئەنجامدانی تاوان. یاسا لەوەدەکەوێت ئامرازێک بێت بۆ پیادەکردنی شتێک لە دادوەریی، بەڵکو دەبێت بە میکانیزمێکی گرنگ و بنەڕەتیی ئەنجامدانی تاوان. یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەو سیستمە سوڵتانییە ئەوەیە کە یاسا لە یاسابوون دەخات و بەمەش سەرجەمی سیستمی داوەریی لەوەدەخات کاری داوەریکردن بێت. پێموایە خەڵکانێکی زۆر حیکایەتی تایبەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم لە دادگاخستنەی دادگاکان و دانانی لە ژێر ڕەحمەتی سیستمە سوڵتانیەکەدا، ھەیە. ساڵانێک لەمەوبەر خزمێکی من لەسەر نووسینێکی کورت لە ڕۆژنامەیەکدا گیرا. بەپێی یاسا دەبوایە بە کەفالەتێکی ئاسایی بەرببێت تا ڕۆژی دادگاکردنەکەی. بەڵام داوەرەکە لە ھەولێر ئەمری گرتنی بۆ دەرکرد و لە زیندان گلیاندایەوە. دوای ئەوەی کەسوکار و ناسراوەکانی ھەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئازادکردنی، ڕۆژێک داوەرەکە گەیشتە تینیی بە ئاشکرا بە کەسوکارەکەی ووت: ئەم کوڕە بە ئەمری فڵان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی گیراوە. نامەیەک لەوەوە بھێنن من ئازادی ئەکەم. بەوجۆرە ئەو کوڕە ماوەیەکی درێژ لە زیندان مایەوە تا کابرای مەکتەبی سیاسیی لێیخۆشبوو. وەک ووتم زۆرکەس لەو ھەرێمەدا حیکایەتێکی لەو بابەتەی لەگەڵ ئەو سیستمی داوەرییە کۆنترۆڵکراو و لەڕێگای ئەویشەوە لەگەڵ ئەو سیستمە سوڵتانییە خێزانیەدا، ھەیە. کەمالی سەید قادر نموونەیەکی ترە. ئەم نووسەرە لەسەر چەند لاپەڕەیەک نووسین، دادگا لە ھەولێر سی ساڵ، بەڵی سی ساڵ، زیندانیان بەسەردا سەپاند. ٣٠ ساڵ زیندانی لەسەر وتارێکی ٤ بۆ ٥ لاپەڕەیی. دواتر بە فشاری ئەمریکا و وڵاتانی تر کەمالی سەید قادر لەناو زیندان دەرھێنرا. دوێنێش کاک لوقمان مستەفا ساڵح، کە خۆی پارێزەرە و شارەزای چۆنیەتی کارکردنی سیستمی داوەرییە لە ھەرێم، لە نووسینێکدا بە ئاشکرا ڕونیکردەوە و نیشانیدا کە لە کەیسی گیراوەکانی بادیناندا دادگا نەک بێلایەنە کارینەکردوە، بەڵکو بە نایاسایی و لەژێر فشاری حیزبیدا گیراون. ئەم پارێزەرە باس لەوەدەکات ”ھیچ بەڵگەیەکی مەڵموس” بوونی نەبووە بۆ گرتنی ئەو کەسانە و لەڕووی یاساییەوە گرتنەکەیان تەواو نایاساییە. جگە لەمە کاتێک باس لە داواکاری گشتیی دەنوسێت، ئەو وەک داواکاریی گشتیی کارینەکردوە بەڵکو ” ڕۆڵ و ھەڵوێستی سکاڵاکاری بینیوە..!!“. سەبارەت بە بڕیاری گرتنەکەش دەنووسێت ”ئەم بریار ە ناڕەوایە“ و ”بەئاشکرا فشاری حیزبی پێوەدیارە“. بە کورتییەکەی ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات ئیشکردنی دادگاکانە بەزەوق و ویست و خواستی کوڕان و پیاوانی خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، ئیرادەیەکی سوڵتانی خەریکی بێنرخکردنی ھەمووشتێکە، لە بێنرخکردنی دادگکانەوە بۆ بێنرخکردنی یاسا خۆی. بێگومان پێشئەوان بە بێنرخکردنی تەواوی مرۆڤ و مافەکانی.
پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح ئەمرۆ ١٦/٢/٢٠٢١ دادگای تاوانی هەولێر/١ بەپێی مادەی یەكەم لە قانونی ژمارە ٢١ ساڵی ٢٠٠٣ واتە( سیخوری )کردن سزای زیندانی سەپاند بەسەر پێنج کەسی ڕاگیراوی بادینان بۆ ماوەی شەش ساڵ. لەسەر زاری پارێزەرە بەرێزەکانیانەوە رایان گەیاند کە ھیچ بەڵگەیەکی مەڵموس نەبوە بۆ سزادانیان کەچی سزادران..!!! داواکاری گشتیش ڕۆڵ و ھەڵوێستی سکاڵاکاری بینیوە..!! ئەم بریار ە ناڕەوایە دەرحەق بە ڕۆڵەکانی نیشتیمان لەگەڵ ئەوەی نارەوایە و بەئاشکرا فشاری حیزبی پێوەدیارە، دەسەڵاتی دادوەریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.!! -ھەروەک ئاشکرایە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی وبەھێزی سیستەمی سیاسی ھەر وڵاتێکە، کەلەسەر بنەمای دیموکراسییەت دامەزرابێت، بەھیچ جۆرێک ناکرێت و نابێت دەستێوەردان بکرێت لەم دامەزراوە گرنگەی دەوڵەت، بەڵام مەخابن کە دەسەڵاتی حیزبی وحکومی ئەم دامەزراوە باڵایەیان بەشێوەیەک بچوک کردۆتەوە شکۆ وھەیبەتیان بۆ نەھێشتۆتەوە، بەتەواوی باڵادەستبوونی لۆژیکی ھێز، دامەزراوەی دادوەری لەکوردستاندا شەرمەزار کردووە. مەبەست لەسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری بەومانایەیە کەھیچ لایەنێکی سیاسی یان کارگێڕی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوحۆ بۆی نییە دەست وەربداتە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەری، یان بەھەرشێوەیەک کاریگەری ھەبێت وھیچ کەسێک یا دەزگایەک لە دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ھەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بێت، نابێت دەست وەربداتە کاروباری دادگاکان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەکان لەکاتی حوکم وبڕیارداندا . ئاخر لەکوێی دنیادا بووە پێش بڕیاری دادگا سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تۆمەتبارەکانی بەجاسوس ناو زەندکرد.! -دەستوری عێراق جەخت لەپرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە، وەک لەمادەی ٨٧ی دەستورەکەدا ھاتوە: "دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە ودادگاکان بەڕێوەدەبەن بەجیاوازی جۆر و پلەکانیەوە و بڕیارەکان بەگوێرەی یاسا دەردەچن"... ھەروەھا لەمادەی ٨٨ی ھەمان دەستوردا داھاتووە "دادوەرەکان سەربەخۆن و جگە لەیاسا لەژێر رکێڤی ھیچ دەسەڵاتێکی تردا نین و نابێت ھیچ دەسەڵاتێک دەستبخاتە کاروباری دەسەڵاتی دادوەرییەوە". ئەوەی کەدەستوری عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە تەنھا مورەکەبی سەر کاغەزە! بەتایبەتی لەھەرێمی کوردستان بەقسە یاسا سەروەرە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی تەواوی ھەیە، بەڵام بەداخەوە بەکردار پێچەوانەکەی ڕاستە، زۆرێک لە نمونە و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەیە کەئەوە دەسەلمێنن کەدەسەڵاتی دادوەری لەھەرێمی کوردستان چەندە شەرمنە و دەستەمۆی دەسەڵاتی حیزبی و تەنانەت دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشە، کاتێک کەکەسێکی ئاسایی تۆمەتبار دەکرێت و پەلکێشی دادگا دەکرێت خوا و خۆی و کەلبچەکەی دەستی نەبێت کەسی لەپشت نییە، بەڵام بەرپرسێک ئەگەر زات بکرێت بانگھێشتی دادگای بکەن ئەوە بەمەراسیمێک دەیھێنن زۆرجار خودی دادوەر تووشی شۆک دەبێت سەری سوڕدەمێنێت ! ئەگەر دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارەی دادگای تاوانەکانی هەولێر/١ لەدژی دەست گیراوانی بادینان پەسەند بکات، ئەوە سەربەخۆیی دادوەری بەتەواوی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، رۆڵ و متمانەی خۆیشی لەدەست دەدات.
ئومێد حەمەعەلی ترسناكترین هەنگاوی دەسەڵات لە چەسپاندنی پایەكانی ڕژێمێكی دیكتاتۆریی فاشیستیدا خۆڕێكخستنییەتی لە فۆرمێكی یاساییدا، خۆنیشاندانییەتی لە ڕێگەی پیادەكردنی یاساوە بەو شێوەیەی دەسەڵاتی حیزب، ئایدۆلۆژیا، یان خێڵێكی سیاسی دیاریكراو دەیخوازێت. ئەوەشی ئێستا بەڕۆشنی و بێ هیچ خۆشاردنەوەیەك ڕوودەدات تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ گۆڕینی پەیوەندی دەسەڵات و، پارتی بەتایبەتی لەگەل ئازادییەكان و مافی ڕەخنەگرتن و مافی دیموكراتییانەی ئینسان لە ڕەخنەكردنی دەسەڵات و حیزب و حكومەت و دەركەوتە خراپەكانیاندا. گۆڕینی پەیوەندییەكی ئەمنیی ڕووتی دەسەڵاتی سیاسییە بە دەنگە ئازادەكانەوە بۆ جۆرێك لە پەیوەندیی ساختەكراوی یاسایی زیاتر لە پەیوەندییە ئەمنییەكە ترسناكر و، هەوڵێكی گەورەی ئەقڵی دیكتاتۆریی خێڵەكی و بنەماڵەیی دەستەی فەرمانڕەوایانی هەرێمە بۆ كردنی تەواوەتی دادگاكان بە زمانحاڵ و جێبەجێكاریی پێ پەردە و بێ ماكیاژیی هەرچی نیازیی دەسەڵاتە لە دژایەتیكردن و وێرانكردنی جوڵانەوەی ڕەخنەگرانە و، داخستنی هەرچی ئەو پەراوێزە بچوكانەشە كە پێشتر قسە و گفتوگۆی سنوردارییان تێدا كرابێت. بڕیاریی زیندانیكردنی چەند چالاكوانێك، كە لەئاستێكی دیاریكراودا ڕەخنەی دەسەڵاتی هەرێم و، وردتریش ڕەخنەی هەژمونی سیاسی و ئەمنی و داگیركارانەی پارتییانكردووە بەسەر كۆمەڵگەی كوردستانەوە، یەكلاكردنەوەی دامەزراوەی دادوەرییە بەشێوەیەكی ڕوونتر و بەرجەستەتر بەبەراورد بە ئەزمونی پێشتری دادگاكان، بۆ دامەزراوەی جێبەجێكردنی داخوازییەكانی دەسەڵاتی بنەماڵەیەكی سیاسی فەرمانڕەوا. دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستاندا تا ئەم ڕووداوەش هەر نەیتوانیوە لە كەیسەكانی مافی مرۆڤدا و كەیسە هەستیارەكاندا لەهەموو كات و لەهەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا تەنیا لەسەر بنەمای یاسا و دادوەریی بەرخورد و مامەڵەبكات و، زۆربەی چاوەڕوانییەكانی ئینسانی ئێمە بۆ دادوەریی لەو دامەزراوەیەدا مردوون و هەر لەوێدا نێژراون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ڕوون و ڕاشكاوتر لەهەر ڕەفتار و بریارێكی پێشتری ئەو دامەزراوەیە، قسە و بریاریی بنەماڵەیەكی سیاسی و گروپێكی ئەمنیی ئازادیخنكێنی دەسەڵاتی هەرێمە، كە بەشێوەیەكی بنجبڕ دامەزراوەی دادوەریی لە سایەی هەژمونی پارتیدا دەكاتە ئامڕازێكی ڕووت و كاریگەریی جێبەجێكاری سیاسەتی چەوسانەوەی مرۆڤ. دەیكاتە بەشێكی دەزگای سەركوتكاریی حیزب و ئیدی حیزب بۆ ئەوەی نەیارە سیاسی و هزرییەكانی خۆی وێرانبكات، ئەشێ كەمتر بەرخورد و تەعامولی ئەمنی و سەربازییانەی ڕووت بنوێنێت و، لە ڕێگەی هەندێ دادگا و دادوەری بێ دادەوە، ڕق و كێشەی خۆی لەگەلیاندا یەكلابكاتەوە و ئامانجی خۆی باشتر و كاریگەرتر لەبارەی كوشتنی دەنگی ئازاد و ڕەخنەییدا بەدیبهێنێت.
ئومێد قهرهداخی نوسهری ناسراوی عێراقی كهنعان مهكیه، له كتێبی (كۆماری ترس) خهسڵهتهكانی حوكمرانی عێراقی سهردهمی بهعس و هۆكارهكانی بێدهنگكردنی كۆمهڵگا شیدهكاتهوه ، ئهو دهگاته ئهو باوهرهی رهگهزی سهرهكی و ههمیشهیی له حوكمرانی بهعسدا ترسه ، ترس وهك هۆكاری مانهوه حوكمرانی ، ترس وهك هۆكاری بێدهنگكردنی كۆمهڵگا ، ترس كاریگهرترین فاكته كه ئهگهری گۆرانكاری لهناوهوه لهناو ئهبات ، جهوههری كۆمار له عیراقی بهعسدا لهناو ترسدا كۆدهكاتهوه ، بهڵام لهگهڵ راپهرینی خهڵكی كوردستان لهبههاری 1991 و دواتریش دوای روخاندنی رژێمی بهعس، ئومێدمان ههبوو كۆمهڵگایهك لهدایك ببێت كه ترس تیایدا رهگهزی سهرهكی نهبێت ، كه ئامرازهكانی بهرههمهێنانی ترس كۆتاییان پێبێت و كۆمهڵگای ئازاد و مرۆڤی ئازادی جێگای بگرێتهوه ، بهڵام بهداخهوه راستیهكه ئهوهیه له ههرێمی كوردستاندا ، كۆمهڵگای ترس وهك بهدیلی كۆماری ترس هاتۆته ئاراوه و ههمان ئهو كهرهستانهی بهعس بۆ بهرههمهێنانی ترس بهكاری ئههێنا ، ئهمرۆش حزبێكی وهك پارتی كاریپێدهكات كهنعان مهكیه له كتێبهكهیدا گرنگترین ئهو كهرهستانه شیدهكاتهوه كه بهعس وهك ئامراز بهكاریهێناون بۆ بهرههمهێنانی ترس ،بۆ دروستكردنی كهشێكی پر له ترس و تۆقاندن ، بهعس بهشێوهیهكی بنهرهتی كاری بهسهر بهرههمهێنانی تهخوین كردوه ، به خائینكردن و به جاسوسكردنی ههموو ئهوانهی دهنگێكی نارازی بوون بهرانبهر به بهعس ، كهنعان مهكیه شیكاری بۆ ههندێك لهوتارهكانی سهدام ئهدات ، چ له ساڵانی شهری عێراق و ئیران، چ ساڵانی دواتر، له تێكرای ئهم وتارانهدا سهدام چهمكی خیانهت و جاسوسیكردنی بهكارهێناوه ، له ههموو ئهمانهشدا پێناسهیهكی كۆنكرێتی نه بۆ چهمكی خیانهت و نه بۆ چهمكی جاسوس و جاسوسیكردن نهخستۆته روو ، بهڵكو بهردهوام ئهم چهمكهی بهشێوهیهكی لاستیكی وا بهكارهێناوه ههركات و ههر ساتێك بیهوێت ههر كهسێك تهخوین بكات و ههر كهسێك بكات بهجاسوس ، ئهم دۆخهش كهشێكی وا پر له ترس و تۆقاندنی دروست كردبوو له كۆمهڵگای عێراقیدا، ههموو كهسێك، ههموو ساتێك لهبهردهم مهترسی به خائینكردن و به جاسوسكردندا بوه. بهداخهوه ، له حوكمرانی كوردیشدا و لهسهر دهستی پارتیدا ، ههمان گوتار و ههمان دۆخ بهرههمدههێنرێتهوه ، سهركردهكانی پارتی له ههموو بهریهككهوتنێكی سیاسیدا ، بگره لهگهڵ ههموو دهنگێكی نارهزایدا ، تۆمهتی خائین و جاسوس ئامادهیه ، كهیسی شیروان شیروانی و ئازادیخوازهكانی بادینان باشترین نموونهی ئهم راستیهیه ، لهكاتێكدا تهنها یهك بهڵگه بهدستهوه نییه ئهم گهنجانهی سهرقاڵی كارێكی خراپ بوبن ، یان تێوهگلابن له خیانهتێك ، یان هیچ یهكێك له تۆمهتهكانیان بهسهردا بچهسپێت ، كهچی به تۆمهتی جاسوسی و پلانگێری شهش ساڵ زیندانی كراون ، ئهمه له راستیدا دروستكردنی كۆمهڵگای ترسه ، دروستكردنی كۆمهڵگایهكه كه لهسهر بناغهی هێز راوهستاوه و ئامانجی دروستكردنی تاكێكه كه له ههموو شت بترسێ ، تهنانهتله گروپێكی ماسنجهر و كۆمێنتێكی فهیسبوك. كهنعان مهكیه پێیوایه یهكێكی دیكه له كهرهستهكانی بهردهستی بهعس بۆ دروستكردنی ترس و توقاندن له كۆمهڵگای عێراقیدا ، گوتارێكی نهتهوهیی رادیكال بوو ، بهعس لهلایهك ههڵگری هالهیهكی گهورهی عرووبه بوو ، خاوهنی ئیدیعای یهكخستنی نیشتیمانی گهورهی عهرهب بوو، خۆی به پارتی پێشرهوی نهتهوهی عهرهب و رزگارگهری ههموو عهرهب ئهزانی، ئهگهرچی به كردهوه وێرانكهری نهتهوهی عهرهب و تێكشكێنهری كهسایهتی تاكی عهرهبی بوو، لهلایهكی دیكهوه بهعس بهردهوام ماكینهیهكی گهوره بوو بۆ دروستكردنی وێنهی دوژمن ، دوژمنێك كه بهردهوام سهرقاڵی پلانگێرییه له نهتهوهی عهرهب ، بهم گوتارهوه بهعس بهردهوام وێنهی دوژمنی هێنابوه ناو زیهنیهتی ههموو تاكێكی عێراقییهوه ، ههموو جوڵانهنهوه و ههموو دهنگێكی نهیاری به پشتیوانی دوژمن لهقهڵهم ئهدا ، بهداخهوه پارتی لهمرۆدا مومارهسهی ههمان گوتاری ناسیۆنالیستی ئهكات ، خۆی به پارتی پێشرهو و رابهری كوردایهتی ئهزانێت ، ههموو ئهوانهی بهشێك نین یان نابن له ئهجێندای سیاسی ئهو ، ئهوا بی َدوو دڵی بهشێك لهبهرهی دوژمن، دوژمنی گهورهی نهتهوه ، ئیدی لێرهوه پارتی لیستێكی دوور و درێژی له پهرلهمانتار و سیاسی و رۆژنامهنووس ههیه كه خزمهت به دوژمن ئهكهن بهشێك له بهرهی كوردایهتی ، له راستیدا ئهمه دروستكردنی كۆمهڵگای ترسه ، دروستكردنی كۆمهڵگایهكه به حوكمی ترس كه نهوێری جودا بێت و كه نهوێریت رای جیاواز و بهرنامهی سیاسی جیاوازی ههبێت بهلای كهنعان مهكیهوه ئامرازی بڵاوكردنهوهی بهردهوامی ئهم ترس و باوهری وایه ئهوهی بهعس ئیشی لهسهركرد بههێزكردنی سوپا نهبوو لهرووی چۆنایهتی و بنهماكانی پیشهی سهربازییهوه ، بهڵكوتهنها له رووی سهربازییهو و زیادكردنی چهك و جبهخانهوه بههێزی كرد، بهڵام ناوهرۆك سوپایهكی ملكهچ و پاهندی دروستكرد به قسهكانی سهرۆكهوه ،جگه لهمانهش زنجیرهیهك میلیشایی ئهمنی چهكدار كه ئامادهبوون تهنها فهرمان له سهركردهبالاكانی بهعس وهربگرن ، له رێگای ئهم سوپایهوه ، ئهم هێزه ئهمنی و چهكدارییهوه بهردهوام ترس بهرههمدههات ، بهداخهوه ، له ئهزموونی ههرێمیشدا نه سوپایهكی نیشتیمانی پیشهگهر ههیه ، نههێزێكی ئهمنی بیلایهن ، بهڵكو ههمیشه ئهگهری ئهوهی تێدایه وهك كهرهستهی تهسفیهی حساباتی سیاسی و وهك كهرهستهی سهكوتكردن و بڵاوكردنهوهی ترس بهكار بێت ئەوەی گرنگە بوترێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەریتە مەترسیدارەی ترس و تۆقاندن، بە تەنها ئەرکی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکانە بە توندی بەرەنگاری ئەم ڕەوشە مەترسیدارە ببنەوە،ئەمە ڕەوشێکە بە تەنها ڕۆژنامەنووس و مرۆڤی ناڕازی ناخاتە زیندانەوە، بەڵکو بە زیندانکردنی کۆی کۆمەڵگایە و گۆڕانی کایەی حوکمڕانیە بە ئامرازی ترس و تۆقاندن
عەبدولرەزاق شەریف ئاشکرایە ستون و پایەیەکی ئەو سێ کوچکەی حوکمڕانیەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕانە، سەرەتای گفتوگۆ تا بە رێکەوتن و بەشداری و پۆست وەرگرتن بە پرەنسیپی شەراکەت و چونە ژێر باری بەرپرسیارێتی چون و تێپەڕی و بەردەوامیشن، بەرەسمی و لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کۆبونەوەی حیزبە هاوبەشەکانیشیاندا، جگە لە جەختکردنەوەی شەراکەت، سەنا و ستایشی کابینەی نوێ و هەوڵەکانی بۆ چاکسازی ئەکەنەوە ، تەنانەت رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لە دوا وتاری بڵاوکراوەیدا، هەمان ستایشی کرد و وتی قۆناغی یەکەمی چاکسازی بە بڕین و کەمکردنەوەی موچە دەستی پێکردوە و قۆناغی دوەمیش بەڕێوەیە، جگە لەوانەش هیچ تەعینێکی تازەی ئەوانیشمان لە فەرمانبەرێکەوە تا جێگری سەرۆکی هەرێم نەبینیون و لێمان نەبیستون ئەدای کار و بەرنامەی حکومەتەکەیان پێ خراپ بێت و رەتی بکەنەوە . بزوتنەوەی گۆڕان کە چەند پۆستێکی وەزارەت یا جومگەیەکی حکومداری لەو کابینەیەدا بەڕێوە ئەبات مانای ئەوە نیە کە لە جوومگەکانیتر بەرپرسیار نیە ! هەر وەک چۆن ئەم لۆژیکە بۆ پارتی و یەکێتیش هەر راستە ..! وەزارەتی داد و ناوخۆ و ئاسایش چۆن سەری هەرەمەکە لای پارتی یە ، دارایی و کار و بازرگانی و ئەوانیتر لای گۆڕان و هەندێکیتر لای یەکێتی یە، ئەنجومەنی وەزیرانەکەشیان بێ چاوێنی بێت وەک یەک تیم کار ئەکەن . ئەوەی سەیر و سەمەرەیە و تا ئێستا روینەداوە لە تەئریخی میلەتاندا، ئەدای چەواشەکاری راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و کارەکتەرەکانێتی لەگەڵ هەندێ دەنگی نەشازی یەکێتی، کە بە ئاشکرا و بێ شەرم و شکۆ لە مینبەری کەناڵەکانی راگەیاندنەوە خۆڵ ئەکەنە چاوی خەڵک و فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیەکانی دەستی حکومەتەکەی خۆیان ئەڕێژن، وەک ئەوەی نە باڕەشی تەعدیلی یاسای سەرۆکایەتی بەلایاندا تێپەڕیبێت و نە تاوی بارانی درێژکردنەوەی یاسای بەگژاچونەوەی تیرۆر لێی دابن . بۆ نارونی مەلەفی نەوت و داهات، بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران و بۆ کەڵەکەبونی گەندەڵی زیاتر و بۆ پەلاماردانی خۆپیشاندەران و زیندانیکردن و مەحکومکردنیان و بۆ و بۆ ... دەیان کاری نا بەجێ و ناجۆر و ناچیزەی حکومەتەکەی خۆیان بەیاننامەی نارەزایی دەرەکەن، وەک ئەوەی بە رۆژی روناک خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە قولی خۆیان و حیزبەکانیان نەبینێ، پەلە نەکەین چرکەی لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەبیستین .