کێ دەبێت سنووری خۆی بزانێت؟
2021-03-12 13:16:02
هیوا سەید سەلیم
دوای بڵاوکردنەوەی دیزاینی پولێک، کە نەخشەی کوردستان و وێنەی فڕەنسیس پاپای ڤاتیکانی تیا نەخشابوو، دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی دەسەڵات و ئۆپزسیۆنیەوە دژ بەو کارە هاتنە سەرخەت و دەنگ هەڵدەبڕن، و بە زمانێکی نا دبلۆماسیانە کە هەر لە خۆیان و مێژووی خوێناوی و داگیرکاری تورکیا دەوشێتەوە، هەڕەشە و سوکایەتی بە بەرپرسانی هەرێم دەکەن.
بەرپرسانی تورکیا کە دوای ئەوانیش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەمان پرس هاتە سەر خەت، بە هەڕەشە نەوەستان، بگرە لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، و بۆ رای گشتی دێن سوکایەتی بە نەخشە و ئاڵای کوردستان دەکەن.
شایانی باسە ئەوە جاری یەکەم نیە تورکیا لە بەرامبەر ماف، و راستی مێژووی گەلی کوردستان تووشی هستریا دەبێت. بگرە چوار ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک پارێزگاری کەرکوک ئاڵای کوردستانی لەو شارە هەڵکرد بەهەمان زمانی ئێستایان ئەردۆغان، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد، گوایە هەستیاری تورک و تورکیایان لەبەر چاو نەگرتووە.
دوای ئەو رووداوەش لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، گەورە و بچووکی دەسەڵاتداری تورکیا بەهەمان زمان کەوتنە هەڕەشە، هەڕەشەکەیان بە جۆرێک بوو کە رەچاوی تێکەڵی خۆیان لەگەڵ دۆستە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێمیش نەکرد، بگرە زۆرترین قسەی نزمیان ئاڕاستەی ئەوان کرد.
ئەو جارەیان کاردانەوەکانی تورکیا و ئێران تەنیا لەبەرامبەر دەرکردنی ئەو پولە نیە، بگرە ئەوان لە هاتنی پاپای ڤاتیکان نیگەرانن، و گومانیش دەکەن کە سەردانەکەی پاپا ئەجێندای دیکەی سیاسی لە پشت بێت، بۆیە دێن پولەکە دەکەنە بیانوو بۆ فشارخستنە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی جێگای تێبینیە لە بەرامبەر هەڕشەکانی ئەو دوو دەوڵەتە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەر زوو کەوتنە پاکانە کردن، پاکانەیەک کە گوایە ئەو پولە فەرمی نیە، و تەنیا دیزاینی بۆ کراوە، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان تاوانێک بەرامبەر ئەو دوو دەوڵەتە کرابێت، لە بڵاوکردنەوەی نەخشەی کوردستان!!
ئەم ساڵ بەرپرسانی تورکیا لە ناویاندا سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری، چەندین جار نەخشەیەکیان بڵاوکردەوە، کە لە نێو نەخشەکەدا بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش خراوەتە سەر ئەو نەخشەیە، کە تورکیا پێی دەڵێت نەخشە گەورەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو سنوورەی کە لە چوارچێوەی ئیتفاقی میللی تورکیا بە سنووری خۆی دەیزانێت.
ساڵانێکە تورکیا دەستوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان دەکات، بنکە وقەڕەقۆڵی سەربازی بە قووڵای ٤٠ کیلۆمەتر لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، کەچی کەس لە ئاستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا ناڵێت تۆش سنووری خۆت بزانە.
ئێستا تیناگەین سزای قورسی تورکیا بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چیە؟ ئەو سزایەی کە ئیبراهیم کاڵن، قسەکەرەکەی ئەردۆغان باسی لێوە دەکات.
سیاسەتی چەوتی چاوپۆشیکردن لە دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کاروباری هەرێمی کوردستان، هۆکارن لەوەی کەسێکی شۆڤینی وەک دەوڵەت باخچەلی، کە هاوپەیانی سەرەکی ئەردۆغانە بە بەرپرسانی هەڕێمی کوردستان بڵێت:
(نەخشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە ژێر پێکانمانە)
ئێستا تێدەگەین کێ سنووری خۆی نازانێت، راستە تورکیا و ئێران لەسەر خاکی کوردستان سنوورێکی دەستکردیان کێشاوە، و دان بە راستیە مێژوویەکان نانێن، بەڵام بێ دەنگی بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتیەی بە ئەوان و نەخشە و ئاڵای کوردستان دەکرێت ئەوە دەگەیەنێت کە بەرژەوەندیەکانیان وا دەکات بێ دەنگی هەڵبژێرن.