ژوان ئەحمەد مام جەلال تا لە ژیاندا بوو، بەشێك بوو لە چارەسەری كێشەكان، بەڵام كە رەوانی شاد بوو، بوو بە كێشەیەكی گەورە! زۆر كات مام جەلال لەسەر بەشێكبون لە چارەسەر روبەروی رەخنە دەبۆوە، بەڵام رەخنەو بگرە وتە نەشیاوەكانیشی پێ پەسەندتر بوو لەوەی ببێتە كێشەو شەڕو ناكۆكی گەرم ببێ! زۆرن لە كارە باشەكان مام جەلال كە باس بكرێن، بەڵام كەمیش نین ئەو كێشانەی ئێستا بە نەبونی مام جەلال جێماوە! مام جەلال ئێستا كێشەیە، بۆ عێراق، كوردستان، لە هەمووشی خراپتر بۆ یەكێتی! ئێستا هەم یەكێتی، هەم كوردستان، بێ مام جەلالە، ئەگەرچی بەناو بەرپرسو سەركردەو سەرۆك زۆرن لەناومان، بەڵام كەسیان نەیانتوانیوە (بەهەموو رەخنەو كەموكوڕیەكانیەوە) گەردێك لە گەورەیی مام جەلال وەربگرن. مام جەلال رێگەی زۆری ئاوەدان كردەوە، بەڵام ئێستا هەموو رێگەكانی ئەو پڕ چاڵ‌و بەربەستە! مام جەلال زۆر خاڵی بەهێزی سیاسی جێهێشت، بەڵام ئێستا حزبەكەی خەریكە لە پەلوپۆ دەكەوێ لەبەرامبەر تاكڕەوی بەرامبەرەكانی! مام جەلال زۆر گرێی كردەوە، بەڵام جێنشینانی ئێستا زۆر گرێی دەستیان خستۆتە دەم! ئێستا مام جەلال كێشەیە، كێشەیە كە نیە، كە بەرپرسانی حزبەكەی هیچ لە ئەدەبیات‌و سیاسەتی ئەو نازانن، بگرە زۆر شتی مام جەلالیان ئاوەژوو كردۆتەوە: - دیپلۆماسیەتیان گۆڕیوە بە هاتو هاوار - ئاشتەوایی بە ناكۆكی - پیشەوەریان كردوە بە سەركردایەتی‌و سیاسەتمەدار - دەیان و سەدان شتی تر ئێستا مام جەلال كێشەیە، كێشەیە كەس نیە شوێنپێی مام جەلال بدۆزێتەوە، جێنشینی مام جەلالیش بە كردارە نەك بە لاساییو هاتو هاوار. بە خزمەتی خەڵكە، رێزگرتنە لە ماندوبونی خەڵك، نەك بە وتار‌و بەیاننامەو پۆستی فەیسبوك!
کــارۆخ خــۆشناو ئەمڕۆ (30) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم بڕیارە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هات، کاتێک ڕژێمی بەعس هێرشی پێچەوانەی کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە کۆڕەوی ملیۆنی دەستی پێ‌کرد، لە ئەنجامدا (کۆڕەو) بووە ڕووداوێکی ڕاچڵەکێنەر بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە هۆیەوە وەرچەرخانێکی دەگمەن لە مێژووی باشوری کوردستان ڕوویدا، ئەویش دەرکردنی بڕیاری (688) بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەویش بە هەوڵی بەرچاوی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەمەریکا و بەڕیتانیا. ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ کورد لەبەر ئەم سێ خاڵە: 1- بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (دۆزی کورد) لە پرسێکی لۆکا‌ڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، واتە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردن و ناساندنی دۆزی کورد لە سەر ئاستی جیهان. 2- بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (چەتری پارێزبەندی) بۆ باشوری کوردستان هەڵکرا کە بە هێڵی (36) یان دژە فڕین (No-fly zone) ناسراوە، لەم ڕێگەیەوە توانرا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زوڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعس پارێزراو بێت. 3- بە هۆی ئەم بڕیارەوە زەمینەیەکی لەبار دروست بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی (1992/5/19) و دواتریش پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی بکەین کە لەو قۆناغەدا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ دۆزی کورد و دەرکردنی بڕیاری (688) لێرەدا تەنها سێ کارەکتەر وەک نمونە باس دەکەین، ئەوانیش: یەکەم: (دانیاڵ میتران) وەک دایکی کوردان هەڵویستێکی بێ وێنەی نواند بۆ پشتگیری کردنی کورد و هاندانی (فرانسوا میتران)ی هاوسەری کە سەرۆکی فەڕەنسا بوو بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد. دووەم: (جۆن مێجەر) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، رۆڵێکی گرنگی لە دەرکردنی بڕیاری (688) و دروستکردنی ناوچەی ئارام هەبوو لە باشور کوردستان. سێهەم: (جیمس بیکر) وەک یاساناس و پارێزەر و (61)مین وەزیری دەرەوی ئەمەریکا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئیدارەی (جۆرج بۆشی باوک) بۆ دەرکردنی بڕیاری (688) و هەروەها پێشتریش بۆ دەرکردنی هەردوو بڕیاری (660 و 661) کە تایبەت بوون بە ئیدانەکردن و سزادان و ئابلۆقەدانی (ڕژێمی بەعس) دوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتێکی گەورە کە لە (34) وڵات پێکهاتبوون بۆ ڕزگارکردنی کوێت، کە لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی کەنداوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە (ڕژێمی بەعس) گورزێکی کەمەرشکێنی پێکەوت، ئەم گورزەش زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە (1991/3/5) و دواتر کۆڕەوی ملیۆنی بەدواداهات و پاشان لە ڕێگای میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە توانرا وێنە و دیمەنەکانی (کۆڕەو) بە وڵاتانی جیهاندا پەخش بکرێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لە وروژاندن و هەژاندنی ویژدانی شەقام و ڕای گشتی وڵاتانی جیهان. لە کۆتاییدا شایانی تێڕامان و ئاماژەپێدانە کەوا نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (2019)ەوە بڕیاریداوە کەوا (5)ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە (ڕۆژی ویژدانی جیهانی - International Day of Conscience) ئەم ڕۆژەش هەمان ڕۆژی دەرکردنی بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە! ٭(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)
فەرید ئەسەسەرد هەرچەند هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتر لە وڵاتی چینەوە دوورە، بەڵام واژۆكردنی رێكەوتنە ستراتیجییەكەی نێوان ئێران‌و چین، هەرێمی كوردستان دەكاتە دراوسێی چین‌و دەشێ ئەم رێكەوتنە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووریی كوردستان هەبێ. رێكەوتنەكە دەیان بوار دەگرێتەوە لەوانە بانكداری، بەنداوەكان، تەندروستی، تەكنەلۆژیای زانیاری، هاوكاریی سوپایی، هاوكاریی هەواڵگری، پیشەسازیی پترۆكیمیایی، هێڵی ئاسنین، بەندەرەكان، نەوت. رێكەوتنەكە لە ناوەڕۆكدا شەریكاتییەكی ستراتیجی لەنێوان هەردوولا دێنێتە دی، تێیدا ئێران بۆ ماوەی 25 ساڵ بڕی نەوتی پێویست بۆ چین دابین دەكا، چینیش لەو ماوەیەدا 450 ملیار دۆلار لە ئێران دەخاتەگەڕ. دەشێ وای دابنێین كە ئەم رێكەوتنە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئێران، هەروەك شكستێكی گەورەشە بۆ هەریەك لە ئەمریكاو ئیسرائیل كە ساڵانێكی دوور و درێژە پلان بۆ لاوازكردنی ئێران دادەنێن. وردتر، سیاسەتی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار) دژی ئێران‌و سیاسەتی تەنگهەڵچنین بە چین، هاندەر بوو بۆ لێكنزیكبوونەوەی ئێران‌و چین‌و دروستكردنی هاوپەیمانییەكی ستراتیجی لەنێوانیان. گۆڤاری نیووز ویكی ئەمریكی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو هاوپەیمانییە دەشێ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ناوچەی كەنداو، بخاتە مەترسییەوەو هەروەها دەشێ كاریگەریی گەورەی لەسەر هێزی دۆلاری ئەمریكی هەبێ. ئێستا ئەمریكییەكان پەی بە چەوتیی سیاسەتەكەیان دەكەن. هەر بۆیە كەسێكی وەكو هێنری كسنجەر كە لە حەفتاكاندا دەرگای لێكتێگەیشتنی لەگەڵ چین كردەوە، ئامۆژگاری حكومەتەكەی جۆ بایدنی كردووە هەوڵ بدات لەگەڵ چین بگات بە لێكتێگەیشتن. گومانی تێدا نییە كە رێكەوتن لەگەڵ چین، ئێران بەهێز دەكاو هانی دەدا پێ لەسەر هەڵگرتنی تەواوی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا، وەك پێشمەرج بۆ پابەندبوون بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، داگرێ. لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، قەوارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین گەیشتبووە دەوروبەری 16 ملیار دۆلار. بۆیە، دەشێ پاش واژۆكردنی رێكەوتنی ستراتیجی لەگەڵ چین، قەوارەی بازرگانییەكە بەرەو هەڵكشان بچێ، بەتایبەتی كە لە ساڵی 2014دا، پێش رێكەوتنی ئێران لەگەڵ گروپی 5+1، قەوارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین خۆی لە قەرەی 51 ملیار دۆلار داوە. ئابووریی ئێران یەكێ لە سێ ئابوورییە بەهێزەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمەش چین هان دەدا پەیوەندیی گەشەسەندووی لەگەڵ ئێران بەفیڕۆ نەدا. هەر بۆیە مەرجی چین بۆ بەستنی رێكەوتنەكە لەگەڵ ئێران، ئەوە بوو كە دەبێ رێكەوتنەكە رەزامەندیی هەردوو باڵی رادیكالەكانو ریفۆرمیستەكانی لەسەر بێ، نەوەك دواتر یەكێ لە دوو باڵەكە گرفت بۆ رێكەوتنەكە دروست بكا. هەر بۆیە كەمال خەرازی، سەرۆكی ئەنجومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەكانی دەرەوەو راوێژكاری رابەری باڵا عەلی خامنەئی، هەر لەسەرەتای دەستپێكی دانوستانەوە، بەشداریی لە پڕۆسەی رێكەوتنەكەدا كرد‌و نوێنەرایەتیی باڵی رادیكالەكانی كرد. ئەم رێكەوتنە یەكێ لەو فاكتەرانە دەبێ كە رێ بۆ هاتنە ئارای رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی جیاواز خۆش دەكاو سەرو سیما‌و بچمی سیستمێكی نێودەوڵەتیی نوێ دیاری دەكا.
خه‌ڵات عومه‌ر ((مارك مانسون)) نووسه‌رێكى ئه‌مریكایه، ساڵى 1984 له ((ته‌كساس))ى ئه‌مریكا لهدایكبوهو، له ((بۆستن)) خوێندنى زانكۆى ته‌واو كردوه. مانسون دووكتێبى پڕگرنگى هه‌یه، له سه‌رئاستى جیهان ده‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت و من به كتێب خوێنه‌ره‌وه له قه‌ڵه‌م بدات، پێشنیازى بۆده‌كه‌م، وه‌ك ده‌رمان سۆراغى ئه‌م دووكتێبه بكات وبیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌نا پێى بڵێن ڕۆشنبیره‌و كتێب ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵكو به‌ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى ژیانێكى باشتربكات و ساغڵه‌مى ده‌رونى وئه‌قڵى خۆى بپارێزێت و له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تى ژیاندا باش هه‌ڵبكات. كتێبى یه‌كه‌میان به‌ناوى ((هونه رى بێ پهروایى))ه، كتێبى دووه‌م به‌ناوى ((وێرانه؛ كتێبێك سه باره‌ت هیوا))یه، له نه‌زانیمه‌وه من كتێبى دووه‌مم پێش یه‌كه‌میان خوێندبوه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دانم به نه‌زانى وبێ ئاگایى خۆمدا نا وخهجاڵهتى خۆم بووم، وتم " بێ پهروایى، له بێ بایه‌خى باشتره"، وتیشم "بێ پهروابه له شتى پروپوچ، به‌ڵام زۆرشتى گرنگ هه‌یه بایه‌خى پێ بده" ئێستامن دورم لێت، به‌ڵام سه‌یرى ((پاترى وسكرین تایم))ى دۆسته نزیكه‌كه‌ت بكه، ئه‌و ((ته له فۆنه زیره‌ك))ه كه‌ته، بزانه چه‌ند سه‌عاتى بێ بایه‌خت به سه‌ربردووه، له گه‌ڵ ئامێرێكدا ناوى ته‌له‌فۆنى زیره‌كه‌و، گێلت ده‌كات ؟! بزانه تۆ چه‌ند پڕ‌و پوچیت، كه كاتى خۆت به شتێكه‌وه به‌سه‌رده‌به‌یت، پڕله پوچیهو، شتى زۆرگرنگیش هه‌ن له‌ده‌وروبه‌رت، تۆكهمترین بایه خیان پێ ناده‌یت ؟! ته‌له‌فۆنێكى زیره‌ك ، تۆى توشى گێلیى و گهوجى و بێ بایه‌خى كردوه، له كاتێكدا هه‌زاران شتى جوان له ده‌وروبه‌رتن نایبینیت. گوڵ ده‌پشكوێت، گۆرانى هه‌یه، دۆست ویار بهدهورتهوهن، خۆشه‌ویستى و گه‌رمى ژیان و ساغڵه‌مى هه‌یه، بۆنى خۆشى خواردن وكه یف وسه‌فاو نۆش هه‌یه، خێزانت هه‌یه، ئازیزوخۆشهویستت هه‌ن و، ته‌له‌فۆنێكى ساردوسڕ له‌م هه‌موو ئهوانهیهى كردویت، گهنوگوى مێشكشت پێت ده‌ڵێت" ڕاستى ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رت نین و، ته كنۆلۆجیای درۆزنانه‌ی بازاڕ، ڕاسته قینه‌یه" ! ئه‌وه‌ى دڵخۆشیت پێ ده‌به‌خشێت و ڕاسته‌قینه‌یه، پێت ده‌ڵێن درۆیه، باوه‌ڕى پێده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ى ته‌فره‌ت ده‌دات، ئه‌وه‌ت پێ ڕاسته قینه‌یه؟! ئه‌مه پووچى خۆته كه باوه‌ڕت به سیستم هێناوه و، باوه‌ڕبه سیستم مه‌كه، هیچ پڕوپوچیت نیه‌و، بێ پهروابه لهگهنوگوى مێشكت، هیچ ده‌ردو دوویهكت نیه. سیستم ئێمه‌ى ڕاهێناوه كه بایه‌خ به پڕ‌و پوچى بیركردنه‌وه وئاین و ئایدۆلۆجیا بده‌ین و دژى خۆمان بوه‌ستینه‌وه، ژیان دۆستى به هێند وه‌رنه‌گرین . بێ پهروایى، دژى بێ بایه خیه، ئێمه بایه‌خ به هێندێك شت ده‌ده‌ین ، كه ئه‌گه‌ر كه‌مێك بێ پهروابین سودێكى زۆردهكهین ، به ڵام بایه‌خ به شتێك ده‌ده‌ین كه هه‌مووى پڕ وپوچیه، ههردووكتێبهكهى ((مارك مانسون)) باسى ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌ن،له ڕاستى دا هه‌موو چیرۆكى بوون و سروشت باسى ئه‌مه ده‌كه‌ن، ده‌رده كرۆناش ، هه رئه‌م باسه یه، خیانه‌ت له سروشت وبایه‌خ پێنه‌دانى و ڕه‌چاو نه‌كردنى خێر‌و بێرى. ماوه‌یه‌ك لهمهوبهرو ڕه‌نگه له ساڵ زیاتره، وتارێكى((تۆماس فریدمان))م خوێنده‌وه، باس له‌وه ده‌كات وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بێ هوده به‌یه‌كدا ده‌ده‌ن و سه‌رقاڵى ململانێى سیاسى پڕوپوچن و، بێ په‌روان له‌وه‌ى له‌چه‌ند ده‌یه‌یه‌كى تردا، هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه به‌هۆى وشكه ساڵى ونه‌بوونى بارانه‌وه دووچارى كاره‌ساتى گه‌وره ده‌بێته‌وه‌و كێشهوململانى سیاسى نرخى نامێنێت، خه‌ڵك بۆ تۆزقاڵێك ئا وو دهمتهڕكردن، یه‌كترى ده‌بڕێننه‌وه! بێ پهروایى ئه‌وه‌یه هه‌ندێك شتى ڕۆژانه‌ى خۆت ، له خۆت قورس نه‌كه‌یت، دراوسێیه‌كى خراپت هه‌یه، بایه‌خى پێ مه‌ده، دارسێوێكت هه‌یه به‌رناگرێ لهخۆتى قورس مه‌كه، كچه‌كه‌ت،كوڕه‌كه‌ت بایى ئه‌وه ژماره‌ى نه هێناوه ببێت به پزیشك ومامۆستاى زانكۆ، خه‌م مه‌خۆ، جا تۆ چوزانى ئه‌م شكسته‌ى سه‌ركه‌وتنێك نیه له قۆناعێكى تر‌ى ژیانى دا ؟! له ڕاستیدا قسه‌یه‌كى به توێكڵ هه‌یه ده‌ڵێت "مرۆڤ پێویستى به خه‌باتێكى زۆرهه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بهرلهوتى خۆى ببینێت " جاوه‌ره ئه‌م قسه‌یه، به‌جۆرێكى تر دابڕێژه و بزانه تاچه‌ند مرۆڤ دورتر ده‌بینێت؟ بزانه ئێمه له چ نه‌زانى و پڕوپوچیهكدا ده‌ژین؟! بۆ چونهكهى تۆماس فردیمان سه‌باره‌ت خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ڕاسته، كه خه‌ڵك بێ ئه‌وه‌ى ڕێزى سه‌رچاوه‌كانى ئاوبگرن، به ههدهرى ده‌ده‌ن و بایه‌خ به گرنگى ناده‌ن، بهرهوبهدبهختیان ده‌بات. ئه‌م بۆچوونه بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیش ڕاسته كه بایه‌خ به سروشت ناده‌ن و ڕێزى ناگرن. كێشه‌كانى گۆى زه‌وى به ده‌رده كۆرۆناشه‌وه هۆكاره‌كه‌ى ئه‌م بێ بایهخیهیهى مرۆڤه كه پڕوپوچى بیروباوه‌ڕ وسیستم واى كردووه ، زیان به ژینگه‌ى سروشتى خۆى بگه‌ێنێت، به‌ده‌ستى خۆى ماڵى خۆى وێربكات و،كه چى تۆزێك بێ پهروانهبێت له بهرامبهرشتى بچوكدا ! بیهێنه به‌رچاوى خۆت به‌یانیه‌ك مرۆڤایه‌تى له خه‌و هه‌ستێت وبڕیاربدات رق وكینه له‌دڵى دا نه‌بێت، نه‌خۆشى بۆكهڵهكهكردنى سه‌رمایه‌و په‌یداكردنى پاره‌ى زیاد له پێویستى تێدانه‌بێت؟! وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره لاى زۆركه‌س كه خۆش خه‌یاڵن، یاخود خاوه‌ن بیروباوه‌ڕى جیاجیان، ده‌شێت ئه‌وه‌بێت كه هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌بن و ئه‌ستێره‌كه‌مان ده‌بێت به به به‌هه‌شت، وه‌ڵامى من وانیه وئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه؛ نه ئه‌م ئه ستێرهى ئێمه هه‌رگیز ده‌بێت به به هه‌شت و، نه به هه‌شتیش له هیچ شوێنێك هه‌یه، به درێژایى مێژوو، په‌یامبه‌ر و فیلۆسوف وڕێبه‌ر وسیاسى و ئهوسیستم و ئایدۆلۆجیانهى پێشه‌نگى خه‌ڵكیان كردوه، درۆیان كردووه. درۆیان كردووه هیچ سات وكات وشوێنێك نیه، كه كێشه‌كانى مرۆڤ ، به‌تاك و به‌كۆمه‌ڵیش سفر ببێته‌وه، كێشه به شێكه له قه‌ده‌رى بوونى مرۆڤ ، ته‌نها كاتێك مرۆڤ كێشه‌ى نیه كه نه‌بێت، مرۆڤ بوون خۆى له كێشه بریتیه. ئه‌وه‌ى سه‌رسامى كردوم به كتێبه‌كه‌ى ماك مارسون، سه‌باره‌ت بێ پهروایى ئه‌م ڕاستیه ڕادیكاڵانه‌یه‌یه، كه ته‌واو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى مرۆڤایه‌تى وزانست دا یه‌كده‌گرێته‌وه. ده‌شلێم ((گه‌شه‌كردن))، نه‌ك ((پێشكه‌وتن))، چونكه ئه‌م دوو زاره‌وه‌یه جیاوازى زۆریان هه‌یه! به‌یانیت باش ئوستاز، ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تاى ئه‌و ڕۆژه‌یه كه‌ده خوازى تێدا مرۆڤایه‌تى له خه‌و هه‌ستێت و ده‌ستبه‌ردارى ڕق وكینه بێت و، هه‌ڵپه‌ى بۆپاره‌و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌ى نه‌خۆشانه نه‌بێت و، به قه‌د پێویستیه‌كانى ژیانێكى ئاسایى خۆى بێت. وه‌ڵام ؛ چه‌ند به‌یانیه‌كى جوانه، مرۆڤ بێ په‌روان به‌وه‌ى كه هه‌ن و كێشه‌یان هه‌یه‌و له‌گه‌ڵى داده‌ژین، به‌ڵام بایه‌خ به‌شتى پڕوپوچ ناده‌ن و ساغڵه‌مى ئه‌قڵى و ته‌ندروسیان باشه. له ڕاستى دا ئومێدمان به دروستكردنى به هه‌شت زۆرتهفرهى داوین و زۆرجار توشى دۆزه‌خى كردوین، به‌ڵام ئومێدمان به نه‌هێشتنى دۆزه‌خ، ته‌نها وره‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئومدێمان هه‌بێت و خه‌بات بكه‌ین وبژین. هێندێك جاركه بایه‌خى زۆر به شتێك ده‌ده‌ین و، بێ پهرواش نین له شتى تر، له پروپوچیمانه. زۆرجاریش بایه‌خ به‌شتى ترنادهین، له بێ په روایى نیه، له سه‌دان هه‌زارجار پڕوپوچیمانه! كه ئه‌م به‌شه‌م له نوسینه‌كه‌م ده‌نووسى، ئه‌و دێڕه شیعره‌ى ((مه‌وله‌وى))م هاته‌وه به رچاو كه سه‌ده‌یه‌ك زیاتر پێش ئێستا نووسیویه‌تى وده‌ڵێ " نه‌زان چوو زانۆ، قه‌درى جه‌واهیر"؟!
هاوڕێ تۆفیق بۆ ھەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە ژیانی پەرلەمانیی ئێمە لەبەردەم رەخنەی خەڵک و بگرە حزبەکانیشدایە، لەگەڵ ئەوەی کوردستان دەستوری خۆی نیە. بەڵام لەرووی واقیعیەوە سیستەمی سیاسی کوردستان لەسیستەمی سەرۆکایەتیەوە نزیکترە وەک لەسیستەمی پەرلەمانی. نەتەوەی کورد لەیەکەم بەھاری ئازادبونیا لە ١٩٩١ ،پەرلەمانی وەکو کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیانی گشتی و سیاسی سەیرکرد، تەنانەت بە گوێرەی ئەو سەردەمە کاندیدەکانیش کەسانی نەوعی بوون ھەر لە دەستەی سەرۆکایەتیەوە بیگرە، ھەتاوەکو باقی ئەندامان . دواتر قۆناخ بە قۆناخ ژیانی پەرلەمانی ئێمە بۆ دواوە ئەگەڕێتەوەو خەڵکیش ھێواش ھێواش ئومێدەکانیان لەسەر پەرلەمان ئەکێشنەوە. ئەم بابەتە پێویستی بە راوەستانێکی گەورەی فکریی و سیاسی ھەیە، پەرلەمان بۆ وای لێھات؟ کێشەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئەدای دەستەی سەرۆکایەتیەکەی؟یان لاوازی توانای پەرلەمانکاران؟ یان کێشەکانی ئەگەڕێتەوە بۆ خودی حزبەکان؟ئەم جۆرە پرسیارانە لەگەڵ ئەوەی گرنگن، بەڵام ھێشتا پرسیاری جەوھەری نین بۆ دیاریکردنی کێشەکانی ژیانی پەرلەمانیی ئێمە، بەڵکو پرسیارە ئاڵتونییەکان ئەمانەن، ئایا حزبەکان لە پەرلەمان ناترسن؟ ترس لە پەرلەمانێکی بەھێز ، ترس لە دیموکراسی نیە؟ئایاخەڵکانی بەتواناو لێوەشاوە لە بوون بە ئەندامی حزبەکان کەم نەبونەتەوە؟ بێگومان ھەموو ئەو پرسیارانە گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاو و بابەتی . ئاشکرایە لەرووی بونیادییەوە پەرلەمان پایەکی گرنگی دەوڵەتی دیموکراسیەو بە پێچەوانەوە ھەموو ھەنگاوێکیش بۆ پاشەکشەکردن لە دیموکراسی، راستەوخۆ ھەنگاوێکیش ژیانی پەرلەمانی ئەگەڕێتەوە بۆ دواوە، لە دەوڵەتی دیموکراسییا قانون و دادگاکان بەھێزن و جگە لەدەوڵەت کەسی تر چەکی بەدەستەوە نیە . لە کوردستان کە حزب چەکی ھەبێ ، ئیتر ڕۆڵی پەرلەمان چی ئەبێ؟بۆیە ئەگەر بەشیوەیەکی بابەتی و دادپەروەرانە ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای پەرلەمان بکەین، پێویستە دان بەو راستیە تاڵەیا بنێین کە ژیانی حزبایەتی ئێمە لە سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسی ئەترسێ و بە ئاشکراش ئەم ترسە ناخەنەروو ،لەلایەکی تر ھەموو ئەو حکومەتانەی کە قەوارەی تر ،جگە لەدەوڵەت بونیان ھەبێ وخاوەنی چەک و پارەی خۆیان بن، جا ئەو قەوارانە حزب بن، یان خێڵ ،یان گروپی نەتەوەیی و نەژادی بن. لەو دۆخەیا ژیانی پەرلەمانی، شێوەیەکی دامەزراوەیەکی روکەشی وەرئەگرێ و لە جەوھەری ئەرکی خۆی دوور ئەکەوێتەوە. بێگومان ئەگەر دادپەروەرانە بریار بدەین، ئەوا کێشەی پەرلەمانی کوردستان بە پلەیەکی نایاب، کێشەیەکی سیاسیەو لەحزبەوە سەرچاوەی گرتوە.لەگەڵ ھەموو ئەو سەرنج و ڕایانەشدا، بەڵام ھەندێک گۆڕانکاری گرنگ ھەیە کە پێویستە پەرلەمان ئەنجامیان بدات ،ئەوانیش بە کورتی؛ یەکەم: پەرلەمان لە جیاتی یەک ئەنجومەن بێت وەکو ئێستا بکرێ بەدوو ئەنجومەوە، یەکەمیان، ئەنجومەنی نوێنەران بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ھەر شارێک بەشێوەیەکی یەکسان نوێنەر ھەڵبژێرێ، ئەنجومەنی دووەمیان ، ئەنجومەنی کوردستان بێ ،کە بەپێی ژمارەی پارێزگاکان بێت و بەشێوەیەکی یەکسان بێ گوێدانە کەمیی و زۆری ژمارەی دانیشتوان نوێنەریان بۆ دیاری ئەکرێ. دووەم: ئەنجومەنی شارەزایان بە قانون بۆ پەرلەمانی کوردستان دەربکرێ و ژمارەیان ٥٠پەنجا کەس بێ و بە قانون مەرج و جۆری شارەزایی دیاری بکرێ، راستە ئێستا پەرلەمان شارەزایی ھەیە ، بەڵام ئەو شارەزایانە باسێکی کارگێرین و ئەمەی دووەم ئەنجومەنی شارەزایانی پەرلەمانە کە بە قانون ئەرک و ڕۆڵی بە روونیی و ئاشکرایی و دیاربێ. سێیەم: پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان جارێکی تر ھەموار بکرێتەوە. چوارەم: ھەموو ئەندامێکی پەرلەمان پابەند بکرێ کە ئوفیسی خۆی لە شوێنی نیشتەجێبونی رەسەنی خۆی ھەبێ و ناونیشانەکە و ژمارەی تەلەفونی بۆ خەڵک ئاشکرابکرێ و ھەموو ئۆفیسێک ژمارەیەک فەرمانبەری ھەبێ بۆ ئەوەی وەڵامی خەڵک بدەنەوە. ئەمەش لە پێناوی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان پەرلەمانکار و خەڵکدا بکرێ.
د. ساماڵ مانیی منیش ویستم، لەسەر ئەو مەسەلەیە کوردستان ئابڕووی نەچێتو ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی نەبێتەوە، ووتم چارەسەریتر بدۆزنەوە نەک تووندوتیژی و بەزم. نە سیاسیکارم، نە چالاکوانم، نە حیزبیم، نە لەحکومەتدا ئیشدەکەم، نە موچەخۆرم، نە موچەی کوردم بڕیوە، نە ڕادیکاڵم، نە شەڕفرۆش، نە وەکو فۆکۆ هاوڕەگەزخوازمو نە وەکو بایرۆن هەردوو ڕەگەزخوازم، بەڵکو لەزۆرینەکەی کوردم، جیاوازیەکەم تەنها ئەوەندەیە کە ئارەزوویی کوردستانێکی بێ تووندوتیژی دەکەم، کوردی ژیر کەمێک بەئارامی‌و بەسەربەرزی تیا بژین. لەبەرئەوەی دەزانم لەپرسی نێودەوڵەتیدا چۆن سەیری ئەو گرتنە بەلێشاوەی هاوڕەگەزخوازان دەکرێت، حیزبەکانیشو حکومەتو ئاسایشیش ئەوە دەزانن بۆیە زوو بەیانامە دەرکراو وتیان مەبەستەکە ئەوە نەبوەو مەبەستیان لەشتێکی تر بوە، سەرەڕای ئەو خێرا بەیاننامە دەرکردنەش، بەپەلە کونسوڵیەتی ئەمەریکا لەکوردستان کاردانەوەی خۆی لەسەر نوسیبوو. لەبەرئەمانە ووتوومە: ڕێگاچارەیتر بدۆزنەوە، مادام سیاسەت هەموو خراپەکاریو شەڕو کێشەکانی ناو کۆمەڵگە دروستدەکات‌و هەر بەسیاسەتیش چارەسەردەکرێت. ئەمەو هیچ کام لەیاساو چارەسەرکردنی مەسەلەی هاوڕەگەزخوازان لەکۆمەڵگە جیاجیاکاندا، نابێت مافی ئەوانە پێشێلبکات کە هاوڕەگەزخوازنین، لەهیچکام لەئەمریکا، ئوستورالیا، ڕوسیا، چین، یابان، وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، وڵاتانی ئەوروپادا. هەڵپچڕاندنی دوو دێڕو نیو (لەکۆی دووپەڕە نوسینی کاتیی فەیسبوک) بەوێنەی منەوە دانراوە، لەلایەن هەردوولایەنی: دژ بەهاوڕەگەزخوازانو پشتگیریی هاوڕەگەزخوازان، هەردوولایەنیان غەڵەتنو هیچ کامیان خوێنەری کتێب‌و نوسینە فەلسەفیەکانی من نین، ئەگینا ژیرتر دەبوون‌و دەبوایە لەمێژبوایە بەڕێزەوە چەندین بابەتی کتێب‌و نوسینە فەلسەفیەکانی منیان لەگەڵ وێنەی مندا بڵاوکردایەتەوە لەفەیسبووکو سایتەکانیاندا. ئەوانە لەبەرژەوەندی خۆیان بیردەکەنەوە، منی بۆ بەکاردەهێنن، لەبەرئەوەی ژنم، لەکوردستان ژن بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سەرنجی بەڵتەجیەکان ڕابکێشن کە موعتادی فەیسبووکن، بۆ بەرژەوەندی‌و زیادکردنی ژمارەی گروپ‌و خوازیارانی پەیجو سایتی خۆیان‌و ئەو جۆرە شتانە. ئەگەر شتێک بڵێم لەسەر سیاسەت لەکوردستان، ئەمە دەڵێم: ئەو سیاسەتەی کە لەکوردستاندا هەیە کەموکوڕە- ناقسە، هەم لەتیۆرییە زانستی‌و فەلسەفیەکان، هەم لەپرسە کۆمەڵایەتیەکان دابڕاوە، ڕووتکراوەتەوە لەهزرو تێگەیشتن، تەنها لەچەند پرسێکدا زیندووە کە پەیوەندیی بەپارەو بەدەستهێنانی دەسەڵاتەوە هەیەو بەس، وەکوتر سیاسەت بەمانا ڕۆشنبیریەکەی مردوە لەکوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە، لەبەرئەوەی سیاسەت بەرپرسە لەهەموو خراپکردنێکی کۆمەڵگە، ئەرکی هەموو چاککردنێکی کۆمەڵگەکەی لەسەرشانەو بۆ ئەوەش پێویستی بەتیۆریە زانستی‌و فەلسەفیەکانە، لەبەر خۆدابڕاندنی سیاسەت لەهزرو تیۆریە زانستی‌و فەلسەفەیان، سیاسەت لەجێی خۆیدا دەخولێتەوە؛ بەرەوپێش ناچێت.
پشکۆ ناکام ....کاتێ حیزبی سەقەت دەوڵەت ئەبا ئەبا بەڕێوە ، حکومەتێکی سەقەت دروست ئەکا کە سیستەمێکی حوکمڕانی سەقەت ئەهێنێتە کایەوە ، سیستەمی سەقەتیش کۆمەڵگایەکی سەقەت بەدوای خۆ‌یا ئەهێنێ ، بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونە نموونەیەکی حازری بەرچاومانە کە ئەویش هەرێمی !! كوردستانە ، لە سیستەمە سەقەتەکەی ئەمڕۆ ناویان لێ ناوە " قەوارە" زۆربەی شتەکان ئاوەژوو کراونەتەوە و ڕاست و چەپ کەوتوە بەسەر یەکا و کەم شت هەیە لە شوێنی سروشتیی خۆ‌یا بێ ،کە بۆتە مایەی فەوزا و پشێوی و دڵەڕاوکێی خەڵک و باڵ کێشانی نا ئومێدی بەسەر بیرکردنەوە لە یایندە جگە لە هەڵکشانی بەکار هێنانی زەبر و زەنگ لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقیع بەسەر خەڵکا...و مەحکەم کردنی پێگەی خۆی لەڕێی دەزگا ئەمنی و چەکدارییەکانی خۆیەوە..... لە سیستەمێکی سەقەتی وەک ئەوەی هەرێم زۆربەی دامەزراوەکان کارتۆنین ، قسە قسەی سەرۆکی حیزب یان بنەماڵەیە ، بۆیە کۆمەڵگا تووشی سڕ بوون ئەبێ و لەکار ئەخرێ بە شێوەی ئیفلیج بوون ، کە ئەمەش لە قازانجی دەسەڵاتە و کۆمەڵگا هەر کە شوێنی خۆی ئەبێ و تەراویح ئەکا بەرەوپێش چوون بەخۆیەوە نابینێ......... لە سیستەمی سەقەتی حکومەتی سەقەت دز ئەبێ بە حاکم . گورگ بە شوان و شوانیش بە دەرەبەگ ، ڕاوچی ئەبێ بە وەزیر ، حەیتە بە پێش نوێژ ، موهەڕیج ئەبێ بە ئەکتەر، خەباتگێڕی لات و لەواری دوێنێی شاخ ئەبێ بە ملیاردێر ، بسنسمان بە سیاسی ، ئیسلام بە پەپوولە ، درۆکردن ئەبێ بە خیسڵەتێکی ڕۆژانە بەتایبەتی لە مەجالیسی حیزبی و حکومی ، بیرەوەری ئەبێ بە سیناریۆی فیلمی کوڕە ئازاکە ، قاچاخچیش بە سینەماکار ، معاش ئەبێ بە مەتەڵی ساڵ ، داهات وەک جنۆکە ناوی هەیە و دیار نیە ، لەسەر پەند و حیکمەتەکانی سەرۆک !!دکتۆرا وەرئەگیرێت ، موستەشار و ئەنفالچی و فایلدار هەوییەی نیشتمان پەروەری دابەش ئەکەن..، چەک وەک تەسبیح بە زۆربەی خەڵکە ، ، ئاش بەتاڵ ئەبێ بە نسکۆ..!! ، دوای رەمەزان وقوربان ،سی و یەکی ئابیش بە جەژن ، نەخۆێنەوارەکانی حیزب توێژێکی تازەی کۆمەڵگا ئەهێننە کایەوە بەناوی" مشەخۆرەکانی پارلەمان"..حکومەت ئەبێ بە چاو‌دێر و پارلەمانیش فەرمانگەیەکی کەڕ و لاڵی جێ بەجێکار ، موعارەزە دەوری پاشکۆ ئەبینێ و لەسەر نەزەرییەی" گوێم لە هیچ نەبوو..هیچم نەدی..هیچم نەووت.."بەشداری حکومەتە ، دراوسێ ی داگیرکەر میوانێکی هەمیشە لەسەر چاوانە و کوردیش لە جیاکانی خاکی خۆی ڕاو ئەنرێ ، مامۆستا لە نەبونیا ئەبێ بە سایەق تاکسی و " ابو القطعتین" ی دوێنێ خاوەنی کۆمپانیای سەیارەیە ، میژوو لەدەستی دەسەڵاتدارەکانا ئەبێ بە کۆنکەن بە ئارەزووی خۆیان پێڕی لێ دروست ئەکەن و وەرەقەی رابردوی خیابەت ئەخەنە حەوزەوە ، ڕۆژنامە فرۆش تەرفیع ئەکا بۆ ڕۆژنامە نووس ، پارە ئەبێ بە کيلۆی کێشی ئەخلاقیات و ئینسانیەت ،بوغز جێ بە عەشق لێژ ئەکا و نزگەرە بە مۆسیقا و عەرزوحاڵ بە شیعر ، دزی و جەردەیی ئەبێ بە پەنجەرەیەکی بێ شووشە چاکسازیش بە بەرد..................................
زانا تۆفیق بەگ پێویستە دوو ڕاستی گرنگ ھەیە باسی بکەین، تاکوو بتوانین گفتوگۆیەکی جدی لەسەر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی دۆخی سیستەمی کەپیتالیزمی جیھان و ستراتیژییەتی نوێی نێودەوڵەتی بخەینەڕوو، کە ئێستا ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات. ١.حەقیقەتی سیستەمی کەپیتالیزمی جیھانی و ستراتیژییەتی ئەمریکی کۆنە، لە نیوەی سەدەی ڕابووردوودا کە چەندین کێشەو بۆشایی گەورەی تێدابوو، بەتایبەتی بەرامبەر ووڵاتانی بلۆکی سۆشیالستی و بەلقان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستی بەوە دەکرد جارێکی تر فۆڕمەلەی ئەو میکانیزمانە بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی لە سەدەی نوێ‌دا، بەتایبەتی ئەو ململانێیەی کە سیستەمی سەرمایەداری و لەگەڵ بلۆکی سۆشیالستی بەردەوام لە جەنگی ساردا بوون بۆ تێکشاندنی یەکتری. ٢.ڕاگەیاندنی ستراتیژییەتی نوێ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بەناوی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆکوژی، لەگەڵ ووڵاتە بەھێزەکانی ئابووری وەک (چین، ڕووسیا و بەریتانیا) ھەندێ ووڵاتی تری وەک (ھندستان، پاکستان و کوریای جنوبی)، بەڵام ئەم بەرنامەیەی سەرۆکی ئەمریکا نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤێکی سودبەخش بۆ ئاستەنگ و کێشەکانی سیستەمی کەپیتالیزمی سەرمایەداری کە ڕووبەڕووی بازاڕی ئازادی ئەمریکا ببوەوە، بەتایبەتی لەدوای بەھێزبوونی ژێرخانی ئابووری ێین و توانایی بەرھەمھێنانی چەکی تەکنەلۆژیای نوێ، کە کێبڕکی سیستەمی بەرگری و سەربازی ئەمریکای دەکرد. ٣. سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ستراتیژی نوێی ڕاگەیاند، بەناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە جیھاندا. ئەو بەرنامە نوێیەی ئەمریکا چەندین ڕێسا‌و نوڕمی نوێی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکانگیر نەدەبوونەوە. بەتایبەتی ئەو پلان و نەخشانەی ئەمریکا کە کێشا بووی بۆ سوپەر پاوەری تاک جەمسەری زلھێزی لە دنیادا. زیاتر پشت بەستن بە ھێزی سەربازی گەورە بۆ پاراستنی ئاشتی جیھانی لە جیاتی بەھێزکردنی یاسا نێو دەوڵەتیەکان، ھەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ھەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانن. لە واقیعدا دوای جەنگی ئەمریکا وعێراق لە سەردەمی (جۆرج بۆش)ی کوڕدا، لە تریمی دووھەمی سەرۆکایەتدا، بە ئاشکرا ئەو ستراتیژە نوێیەی باسکرد کە ئیتر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێگەی یەکەمی ئابووری ئەمریکایە. ئەمەش مانای وایە گرنگی پێدانی ئەمریکا گۆڕاوە بەرامبەر ئەوروپا. ئەو ستراتیژەش ھەڵقوڵاوی ئەزموونی ئەمریکا بوو لە سەدەی ڕابردوودا، کە ئەوروپا نەکەوێتە دەست کۆمۆنیستەکان. ئێستا دەیەوێت بە ھەمان سیناریۆی کۆن دووبارەی ھەمان ستراتیژی خۆی بکاتەوە بەرامبەر بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەژێر مەترسی تیرۆر و چەسپاندنی سەقامگیری ئاشتی بۆ جیھان دروستکردنی ھەیمەنەی سیاسەتی ئەمریکا لە ووڵاتانی خاوەن سامانی نەوتی بەتایبەتی کەنداو و بەشێک لە خوارووی ئەفەریقا . ئایا ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ووڵاتانی جیھانی ئیسلامی، تا چ ئەندازەیەک توانیویانە خۆیان ئاوێتەی ئەو ستراتیژە نوێیە ئەمریکا بکەن بەتایبەتی لەدوای ڕووداوی ١١ی سێبتێمبەر و شەڕی عێراق؟ ھەر دوو ڕووداوەکە سەرەتایەکی باش بوون بۆ بەرھەمھێنانی ڕەوتێکی نوێ، کە لە پێناو خۆگونجاندنی ئەو تەوژمە نوێیەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بێت. بەتایبەتی لای بەشێک لە ووڵاتە ئیسلامیەکان ھۆشیارییەکی نوێ پەیدا بوو، ئەو ھۆشیارییە پێی وابوو کە دەبێت ئیسلامیەکان و ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ستراتیژیی خۆیان لەسەر خوێندنەوەی واقیعی سیاسی و پلان و ستراتیژیی نوێ ئەمریکا بگونجێنن، وە پێداویستیەکانی ئەو واقیعە بونیاد بنێنن، ھەروەھا خاڵە بەھێزو و لاوازەکانی خۆیان بەشێوەیەکی پراگماتی ببین‌و خۆیان لەو مەترسیانە بە دوور بگرن‌و بتوانن دیالۆگی کراوە لەگەڵ بازاری ئازاد و دژایەتی تیرۆر و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا لەبەرچاوبگرنو بگونجێنن.
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا بۆشاییه‌كی به‌رچاو له دیاریكردنی زانستییانه‌ی چۆنیه‌تی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌دا هه‌یه. میدیاكان له عێراق و كوردستانیشدا، هۆكارێكی دروستكردنی ئه‌و بۆشاییه‌ن، چونكه زۆربه‌یان سه‌ربه گروپه سیاسییه‌كانن. هه‌ر میدیایه‌كیش وابه‌سته‌ی گروپێكی دیاریكراو بێت، یان كاراكته‌ره ده‌ستڕۆیشتوو و پاره‌داره‌كانی ناو ئه‌و گروپانه، ئه‌وا بێگومان بایه‌خ ته‌نها به كۆمه‌ڵێك پرس ده‌دات كه بۆی ده‌كرێنه راسپارده. واته له كۆتاییدا ناهێڵرێت، وه‌ك پێویست، به بنه‌ماكانی وردبینی، ئازادی، ئازایی، بابه‌تیبوون، راستگۆیی، رووماڵی رووداوه‌كان بكرێت كه هه‌موو ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك بنه‌مای پیشه‌یی سه‌ره‌كیین بۆ هه‌ر میدیایه‌ك كه بیه‌وێ، به مانای وشه، پرۆفیشناڵ بێت. تێپه‌ڕاندنی بودجه، به‌گشتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیكایه‌ته میدیاییانه‌ی كه ئێستا هه‌ن، زاده‌ی دابینكردنێكی رێژه‌ییانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی ئه‌و گروپه سیاسییانه‌ی عێراق و هه‌رێم بوو كه پێگه‌یه‌كیان له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌یه. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ش، زۆرجار ده‌كرێته شوێنی بڕیاردان و ده‌ستهه‌ڵبڕین بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه پێشوه‌ختانه‌ی كه له ئه‌نجامی ساتوسه‌ودا سیاسی و ئابوری و ته‌نانه‌ت گروهی و كهسییهكانداو له ده‌ره‌وه‌ی ئهنجوومهنهكهوهو له مه‌تبه‌خی سیاسیی جیاجیادا، ده‌كرێن. ئاشكرایه، بودجه‌كه، نه رووناكی ئه‌بینی و نه تێ ئه‌په‌ڕی به‌بێ ئه‌م پرۆسه ئاڵۆزه، له‌مه‌شدا كێ به‌شێكی زیاتری لێ پچڕیوهو كێ كه‌متر، كێ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌و كێ بچووك، كێن وه‌ك بكه‌ری سه‌ره‌كیی ناو رووداوه‌كه ده‌رده‌كه‌ون و كێ لاوه‌كی، سه‌رله‌به‌ر، مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌یی په‌تییه، سیاسه‌تیش واته دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش له دۆخی پتر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كدا، چ جای به‌رژه‌وه‌ندیی بهریهككهوتوو!، ئه‌وا به سروشتی حاڵ ده‌كه‌ونه ناو دانوستان و سات و سه‌وداوه، له‌م گه‌مه‌یه‌شدا هه‌موو جارێك، وه‌ك گروپی سیاسی، بڕێك گره‌و دهبهیتهوهو بڕێكیش ده‌دۆڕێنیت. ئه‌زموونی میدیای عێراقی و كوردستانی، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش ناپرسنه‌وه كه، ئاخۆ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی عێراق، له‌ناو گه‌مه‌و گره‌وانه‌دا، تاچه‌ند ره‌چاوكراون، بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵات، كوێی ژیانی وڵات و هاووڵاتییانی ئاوه‌دان و تێر كردووه، كوێشی پشتگوێخستووه‌و كردۆته قوربانی؟!. میدیای نا پرۆفیشناڵ، به سروشتی حاڵ، دیوه جیاوازه‌كانی ناو ئه‌م گه‌مه ئاڵۆزانه‌ی سیاسه‌ت ئاشكرا ناكات، هیچ رووماڵێكی بنكۆڵكارییان بۆ ناكاو به‌دوایاندا ناچێت، چونكه ئه‌م جۆره ئه‌ركانه كه ئه‌ركی گرنگی بواری راگه‌یاندنن، هه‌رزوو پرۆسه‌ی به پاڵه‌وانكردنی گروپه سیاسییه‌كان و كاراكته‌ره‌كانی ناویانیان لێ تێكده‌دات و سیحری گه‌مه‌كان و ئیدیعاكان به‌تاڵ ده‌كاته‌وه!. گه‌مه‌ی پشتگوێخستنی به‌شێكی روداوه‌كان و نهێنییه‌كانیان و زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی تریان، گه‌مه‌یه‌كه ئاشكرا، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میدیایه‌ك له ئارادا هه‌بێ كه بۆ رای گشتیی ئاشكرا بكات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له پارادۆكسێكی چاوه‌ڕوانكراودا، خودی ئه‌و میدیا وابه‌ستانه خۆیان، له دۆخی ململانێی گروپه سیاسییه‌كانیاندا بۆمان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه. واته ئه‌وه‌ی نه‌وترێ و وتنی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گروپێكی سیاسیی دیاریكراودا بێت ئاشكرای ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شی كه ئه‌وترێ و پشتگوێخستنی له قازانجی گروپێكی تری سیاسی‌دا بێ، پێچه‌وانه‌كه‌ی زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه!، ئا ئه‌مه‌ش، به دیاریكراوی، كاره‌ساتی غیابی میدیای پرۆفیشناڵه. ئه‌و دۆخه له عێراق و هه‌رێمیشدا، هه‌مان شته. ڕاسته میدیا وابهستهكانیش ئه‌زموونی جیاوازیان هه‌یه، مومكینه به‌شێكیان خاوه‌نی گوتارێكی سه‌رنجڕاكێشتر بن له‌هیی دیكه‌یان، یان هه‌ندێكیان له‌وانیتریان كه‌متر له‌م گه‌مه سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ییه‌ی میدیاوه بگلێن، چونكه دواجار مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی مسداقییهته، به‌ڵام ئه‌وان، له كۆتاییدا، به‌گشتی، هیچیان ناتوانن خۆیان له‌م وێنه‌یه بپارێزن كه به‌ده‌ستی خۆیان ده‌یكێشن: وێنه‌ی وابه‌سته‌یی سیاسی و حزبی، چ راستهوخۆبێ، یان ناڕاسته‌وخۆ. كاره‌كه ئێستا له‌وه‌دا نه‌ماوه كه ته‌نها شاره‌زاو ئهكادیمیانی بواری ماسمیدیا بن كه د‌رك به‌م دۆخه میدیاییه نا پیشه‌ییه بكه‌ن، نا، به‌ڵكو له ژێر كاریگه‌ریی ململانێی نێوان گروپه سیاسییه‌كاندا، ئه‌مڕۆ نه‌خوێنده‌وارێكیش به ئاسانی هه‌ست به وابه‌سته‌یی و ماشێنی پڕوپاگه‌نده‌یی میدیاكانی عێراق و كوردستانیش ده‌كات. پرسی تێپه‌ڕاندنی بودجه، دیسانه‌وه په‌ندێكی تری رووماڵی ناپیشه‌ییانه‌ی پیشانداین كه له كۆتاییدا هاووڵاتییه‌كی ساده، به‌بێ ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕو رۆژنامه‌كان، یان رادیۆ و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان بپشكنێ، پێشوه‌خت بزانێ كه گوتاری ئه‌و ئامرازانه‌ی میدیا چۆن یاریی به رووداوه‌كان و زانیارییه‌كان و فاكته‌كان ده‌كه‌ن و نهێنیی ئه‌و شه‌ڕو هه‌راو هوریایانهشیان، له‌چییه!. ئه‌م په‌ندانه، به داخه‌وه، هه‌رگیز په‌ندیان لێ وه‌رناگیرێت!، له‌وه كاره‌ساتبارتر راهێنانی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌رگره له عێراق و هه‌رێمدا به‌م تایپه ناپیشه‌ییانه‌ی كاری میدیایی، به جۆرێك كه، ئه‌گه‌ر میدیا وروژێنه‌رو پڕ كه‌فوكوڵ و بانگه‌شه‌كار نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان و چه‌له‌حانێی گروپه‌كان نه‌بێ، ئه‌وا تاقه‌تی چاودێریكردنی هیچ میدیایهكیان نه‌بێ كه ئه‌م تایپه ناپرۆفیشناڵانه تێپه‌ڕێنێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه زۆر میدیاكاری ئه‌كادیمی و شاره‌زای له عێراق و كوردستانیشدا وا لێكردووه كه دوور بگرن له گه‌مه‌ی میدیاكان، یان ئیش بۆ هیچ خه‌ون و پرۆژه‌یه‌ك نه‌كه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و تایپه زاڵكراوانه له میدیا. هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه، ئه‌مڕۆ ئاگایی به‌ركه‌وته‌ی میدیا له عێراق و كوردستانیشدا كه هاووڵاتیانی ئاسایین، به جۆرێك شێوێنراوه، چه‌ند د‌رك به كه‌موكوڕیی ئه‌و میدیا ناپیشه‌ییانه بكه‌ن، چه‌ند به ده‌ستیانه‌وه ئازاری ده‌روونی بچێژن، له كۆتاییدا، گوتاره‌كانیان، وه‌ك ده‌رمانی بێهۆشكه‌ر، له‌ناو خوێنیاندا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وان له غیابی كه‌له‌پوری میدیای لیبراڵ و پیشه‌یی هه‌م له مێژووی عێراق و هه‌م كوردستانیش، به ئاسانی به‌ده‌ست ئه‌م تایپه میدیایانه‌وه ئالووده ده‌بن و ناتوانن به ته‌واوی پشتیان تێ بكه‌ن، یان به‌دوای میدیای جێگره‌وه‌و، میدیای پرۆفیشناڵ و بنكۆڵكاردا بگه‌ڕێن و بۆیان ببنه ده‌رمانی چاره‌سه‌ر.
ئاری محەمەد هەرسین ئەو کەسانەی کە هیچ لە سیاسەت نازانن و لە عەینەکی (نەهیلیستی) خۆیانەوە سەیری دونیا ئە کەن، سیاسەت بە بێ ئەخلاقی پێناسە ئەکەن. بەم کردەوەیەش، بە بێ پێشکەشکردنی بەدیلی (سیاسەت)، نائومێدی لەناخی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمانا ئەچێنن. لە وڵاتی ئێمە هەژماری ووتارنووسان لە هەڵکشانایە. کێن ئەمانەی وتار ئەنوسن؟… بۆ ئەینوسن؟… پەیامیان چیە؟… حەز ئەکەم بە دوو نموونە باس و خواستێک لەسەر ئەم پرسیارانە بکەین. لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو پێشهاتی سیاسی بازاڕی هەواڵەکانی کوردستانی قۆرخ کرد. یەکێکیان کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بوو. ئەوەی تریشیان تێپەڕاندنی میزانییە لە پاڕلەمانی عێراق. ئەم دوو پێشهاتە هەردوکیان بۆ عەقڵی سیاسی، گرنگی خۆیان هەیە. سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتی گەلی کوردستانی عێراق ئەکات. گەلێکی بێ دەوڵەت و پەرتەوازە و سەراپا پڕاو پڕ لە گێچەڵ. لەوانەیە سەردانی بەڕێز ڕۆحانی (سەرۆک کۆماری ئێران) بۆ کۆشکی ئێلیزێ شتێکی ئەوەندە عەجایب نەبێت. چونکە ئێران دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام سەردان و دەعوەتی سەرۆکی گەلێکی بێ دەوڵەت نەک هەر جێگای هەڵوێستەیە، بەڵکو ئەبێت ختوکەی فیزی بیروباوەڕی نەتەوایەتیشمان بدات. کاردانەوەکان لەسەر ئەم سەردانە جیاواز بوون (هەر وەک هەمیشە). هەندێک کەس هەستان بە نوسینی وتاری پیاهەڵدان و نوسینەوەی شیعر و شانامە، بە مەبەستی خۆ بردنە پێشەوە و وەرگرتنی ئیمتیازێک یان دوان. بە بێ ئەوەی هیچ قووەتێکی تەحلیلی سیاسی و عەقڵانی لە نوسینەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە. هەندێکیتر سەردانەکەیان بچووک کردەوە و لە پایەی سەردانەکەیان کەم کردەوە، ئەویش لە سۆنگەی ڕق و کینە و بێ عەقڵی خۆیانەوە. تێپەراندنی قانونی میزانیەی عێراق لە پارلەمان پێشهاتەیەکی تر بوو، کە بە هەموو پێوەرەکان تۆماری سەرکەوتن بوو بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم سەرکەوتنە لە ئاکامی هەوڵ و ماندوو بوونی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و جێگرە بەڕێزەکەی و ئەندامە بەڕێزەکانی لیژنەی دانوسانکار بوو. دیسانەوە هەندێک ووتار نووس دەستیان کرد بە پیا هەڵدان و، هەندێکیتر هیچ بایەخێکیان بۆ شەونخونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و دیپلۆماتکارانی کورد نەهێشتەوە. تێبگەین مەسەلە ئەسڵیەکە چیە؟… ئەگەر بەغدا ئیهمال ئەکەین، پێمان ئەڵێن ئەمانە کێشە دروست ئەکەن…! ئەگەر لەگەڵ بەغدا سیاسەت ئەکەین، ئەڵێن لە سەربەخۆیی پاشگەز بونەتەوە…! ئەگەر ئەڵێین سەرۆکی هەرێم ئەچێت بۆ فەڕەنسا، ئەڵێن ئینجا ئەوە بایەخی چیە…! ئەگەر سەرۆکی هەرێم پردی دیپلۆماسی دروست ناکات، ئەڵێن لوت بەرزن و لە سیاسەت نازانن…! سیاسەت بینینی واقیعە وەک خۆی، بە بێ ڕوتوشکردن. نوسینی سیاسی پێویستی بە عەقڵی تەحلیلی، ویژدان و ڕاستگۆیی هەیە. فارس ئەڵێن: کار هرکس نیست خرمن کوفتن گا‌و نر میخواهد و مرد که‌ن پێویستە لەو ڕاستیە تێبگەین کە سیاسەت و نوسین، ئیشی هەموو کەسێک نیە، گەر ناتوانی قسەی مەعقول بکەیت، باشترین شت ئەوەیە بێدەنگ بیت. بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، گەر ناتوانی گوڵ بیت، نەبیتە دڕکێکی ئیزعاج و بێ لەزە ت. تەحلیلی سیاسی لەسەر بنەمای مەنتیق و، بۆچونی ڕەخنەگرانەی عەقڵانی دینامۆی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکن، نەک ماستاو ساردکردنەوە و بوغز و کینە.
سەرکەوتی جیهاز ئەگەر چی کۆڕەو بۆ خۆی تا ئێستاش پرە لە حیکایەتی تراژیدی کە نمونەیان لە ڕوداوەکانی جیهاندا کەم وێنەیە و دەکرێت دنیایەک ڕۆمان یان شیعر و شانۆ و تابلۆی لێ دروست بکرێت بەڵام دەبێت چی تر لە بازنەی گێڕانەوەی تەنها حیکایەتەکاندا نەخولێنەوە و ڕەهەندەکانی تری بخوێنرێتەوە ، کورد لەم بەشەدا خاوەنی سێ کارەساتی گەورەیە (هەڵەبجە ، ئەنفال ، کۆڕەوە ) کە دەکرێت وەک سێ دۆسیە لەسەر ئاستی سیاسی و مرۆیی جیهانی تا ئێستاش کاری لەسەر بکرێت و بەردەوامی هەبێت ، چی تر دەبێت لەو حیکایەتانە دەرچین کە هەمومان لەبەرمانە ، لەو سەرگوزەشتانە دەرچین کە زۆر لۆکا‌ڵی و لە بازنەیەکی بچوکدا وەک یادنامەیەک بیان گێڕینەوە ، ئەم سێ کارەساتە وەک سێ کارگەی بەرهەمهێنی دۆسیەی گەورەن کورد لەسەر ئاستی دەوڵەتداری دەبێت کاریان لەسەر بکات و نەهێڵێت بێ بەرهەم بن و تەنها لە قۆناغی ڕوداوەکەدا بەرهەمی هەبێت و دوای ئەوە کارگەکە بێ بەرهەم بمێنێتەوە ، بڵێین ئەمە لە کۆندا ئەم کارگەیەمان هەبو ، کورد دەتوانێ لەسەر مێزی جیهانی بەردەوام ئەم دۆسیانە بەکار بهێنێت وەک نەتەوە زیندوەکانی دنیا ( هۆلۆکۆست ، ئەرمەنەکان و هتد) . دەبێت کۆرەو چی تر لە حیکایەت دەرچێت و ڕەهەندەکانی تری بخوێنرێتەوە ، وەک ڕەهەندی سیاسی و سەربازی و جوگرافی و مێژویی و کۆمەڵایەتی ؛ 1. سیاسی : بە درێژایی مێژوی شۆڕس و خوێن هەبوە ئەگەر چی قوربانی گەورەیان داوە بەڵام بە هەمو شۆڕشەکان بە قەد کۆڕەو بەرهەمی نەبوە لە ڕوی سیاسیەوە ، کۆڕەو نەخێرێکی سیاسی بو بۆ دنیا ، بە شێوەیەک نەتەوەیەکگرتوەکانی ناچار بە کۆبونەوە کرد ئەگەر چی زیاتر مرۆیی بو بەڵام لە دەرئەنجامدا بوە سەرەتای بونی کورد وەک کیانێکی سیاسی و بڕیاری ٦٨٨ و هێلی دژەفڕینی ٣٦ ی لێ کەوەتوە ، کە بوە سەرەتایەکی ناسینی سیاسی بۆ کورد وە کورد بوە کاراکتەری سەرەکی سیاسی عێراق. 2. سەربازی : وڵاتانی زل هێزی دنیا ی ناچار کرد وەک لایەنی سەربازی ببنە بەشیکی سەربازی کورد و لەبەرامبەردا قەیدی ڕژێمی بەعس بکەن ، ئەمە بۆ خۆی سەرەتای ناسینی لایەنی سەربازی کوردی بو کە دوا جار هێزی پێشمەرگەی لێکەوتەوە وەک لایەنی فەرمی سەربازی و تا ئێستا کە پشتیوانی کورد دەکرێت درێژ کراوەی هەمان سودی سەربازی بو . 3. جوگرافی : کورد بۆ یەکەمین جار توانی تا کەرکوک و خانەقین و جەبەل حەمرین بڕوا و سنوری خۆی لە ڕوی جوگرافیەوە وەربگڕیتەوە . 4. مێژووی ؛ ئەو لێکەوتانەی کە کۆڕەو توانی لە ئاستی جیهانیدا بەدەستیان بێنێت بونە ناسنامەی کورد وەک کیانێکی سایسی و مرۆیی گەورە ، بە شێوەیەکی ئەگەر چی مێژوی کورد پڕە لە بەرخودان و قوربانیدانی شۆڕشەکان بەڵام بە هەمو شۆڕشەکان بە قەد کۆڕەو قازنجی نەتەوەیی و کیانی سیاسی نەبو ، کە ئەمەش دەبێتە سەرەتایی ترین مێژوی خۆ بەڕێوەبردنی کورد لە مێژودا . 5. کۆمەڵایەتی ؛ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر پتەو کردنی گیانی خیزانی لەبەردەم کارەساتەکاندا بو ، پەیوەندیەکانی بردە ئاستێکی زیندو تر تا گەشەی کۆمەڵایەتی ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتی هاوکات گرێ‌دراو لە گەڵ هەڵوێستی نەتەوەایەتی یەکانگیر بو بەوەی لە لەحزەیەکدا کورد بە یەک دەنگ قوربانی گەورەی دا کە بە دنیا بڵێ نەخێر ، کۆڕەو لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی نەخێرێکی گەورە بو ، توانی لێکەوتە باشەکانی کۆمەڵایەتی دەست بکەوێ . دەکرێت هەمو ئەم مەلەفانە وەک لێکەوتەی کۆڕەو بناسرێت ، بەڵام پریسارەکە لێرەدایە ، ئایا لە ئێستا دا کورد توانیویەتی بەردەوام کار لەسەر ئەم دۆسیانە بکات لەسەر ئاستی جیهان وەک قەرەبوی ئەم زیانانە کە بە کورد گەشتوە ئایا کورد توانیویەتی بە گوشیاری نێودەوڵەتی داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی خۆی بکات و بکاتە کۆمەڵێک کارتی بەهێز و بەرەدوام بیانجولێنێت و سودی گشتی لێ ببینێ .
جیهانگیر گوڵپی پاش ئه‌وه‌ی وێنه‌ی یاسای بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2021 كه‌وته به‌رده‌ست و ویستمان سه‌رنجێكی خێرای بده‌ین، پێش هه‌موشتێك گومان نەبو له‌وه‌ی كه هه‌روه‌ك ساڵانی پێش‌و لێكۆڵینه‌وه و باسكردنی كه‌موكوڕیه جۆراو جۆره‌كانی پێویستیی به‌چه‌ندین كاتژمێر و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌یان لاپه‌ڕه هه‌یه، به‌ڵام كاتێك سه‌رنجی یه‌كه‌مین ماده‌ی یاساكهماندا كه تایبه‌ته به داهات، پاشان به‌راوردمان كرد به بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی دووه‌م كه پێكهاتوه له‌خشته‌یه‌كی تایبه‌ت بهههژماركردنی داهات و خه‌رجی و كورتهێنان، هه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یرو چاوه‌ڕوان نه‌كراومان بەدی کرد وه‌ك له‌خواره‌وه ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه: له‌ماده‌ی یه‌كه‌م بڕگه‌ی (ب) هاتوه كه داهاتی خه‌مڵێنراو له هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو له‌سه‌ر بنه‌مای (45) دۆلار ده‌بێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، وهتێكڕای هه‌نارده‌كردنی ڕۆژانه‌یش (3250)هه‌زار به‌رمیله له‌ناویشیدا (250)هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی هه‌رێم، وه نرخی ئاڵوێریش (1450)دیناره بۆ یه‌ك دۆلار. به‌م پێیه‌و به‌هه‌مان میكانیزمی هەژمارکردنی ساڵانی پێشوو پێویسته داهاتی نەوتی خەمڵێنراوی ئەمساڵ (77،402،812،500،000 ) حه‌فتاوحه‌وت ترلیۆن و چوارسه‌دو دو ملیار‌و هه‌شت سه‌دو دوازده ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار بێت، به‌گوێره‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی خواره‌وه: 3250000 * 365 * 45$ * 1450 = 77،402،812،500،000 دینار به‌ڵام كاتێك سه‌رنجی خشته‌ی هه‌ژماركردنی داهات و خه‌رجی و كورتهێنانماندا له بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی دوه‌م بینیمان كه كۆی داهاتی نه‌وتی به ( 81,171,112,500,000) هه‌شتاویه‌ك ترلیۆن و سهدوحهفتاویهك ملیار و سه‌دودوازده ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار دانراوه. واته به‌جیاوازیی (3,768,300,000,000) سێ ترلیۆن و حه‌وت سه‌دو شه‌ست و هه‌شت ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دینار. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕونكردنه‌وه‌و ورده‌كاریه‌ك بدرێت سه‌باره‌ت به‌و جیاوازیه، یان میكانیزمی ههژماركردنهكهی، له‌كاتێكدا پێویسته ماده‌كانی تایبه‌ت به‌خه‌مڵاندنی داهات و خه‌رجیه‌كان له بودجه‌دا تێروته‌سه‌ل بن و زایانیاری و میكانیزمه‌كانی هه‌ژماركردن و خه‌مڵاندن ڕون و دیار بن، چونكه ئه‌ركی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیی بودجه بریتیه له خه‌مڵاندنی داهات و خه‌رجیه‌كان، ئینجا ته‌رخانكردن و دابه‌شكردن، ئینجا گوزارشت کردن لە ئامانجه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان به‌گشتی.
رێبوار عەلی(چەلەبی ) ناونیشانی بابەتەکە،تەنھا وەڵامێکە بۆ وتارەکەی(جوتە پێڵاوێک لازم بۆ کازم) ی "رێبوار کەریم وەلی "لەسەر کێشی وەڵامەکەی خۆیی،بەڵام بەناچاریی و بەھۆی ھەژمونی سەرواوە(قافية) بووبە ھەزەلی،تاکورێکبێتەوە لەتەک وشەی وەلی... ئەم نوسەرە بەپێچەوانەی نوسینەکانی تری ،ئەم وتارەی زۆر لاوازە و وەکو بزڕکاندنوایەو ھەرلە خۆوە دەستەواژەی بێ واتای ھەڵڕشتووە،کەئاستی دنیابینی نوسنکەی نزمکردۆتەوە. بەنمونە:- "ئەگەر بە گومانی ھەندێک کەس حوکومەت دەستەوەستان و مێینەیە ...زۆر سەھوون!ئەم حوکومەتە ھەم نێرەو ھەم شێرە" لەم دەقەدا نەوتراوەکەی ئاوەزمەندیی نوسەر پاشخانی پیاوسالارییە ،بۆیە مێیینە بوونی لاشەرمەزاریییە و بەرگریی توندی لێ دەکات... یاخود دەبێژێت: "ھەربزانە دوای ئەو روداوە دوو دوکانی قۆندەرە فرۆشیان لەبەردەمی پەرلەمان کردەوە، بە داشکانی بەھارییەوەو ناویان نا کازمی قۆندەرە!" نوسەر ھەر لە خۆڕا توشی ھێستریادەبێت و بەرگریی لە حوکومەت دەکات و بیرۆکەی ھەڵەشەو پەڵەشە دەنووسێت... کە ئاشکرایە خۆی سەربەباڵی پزمامێکە و بۆ باڵاکەی پزمامێکێکی تری "ھەولێری گوتەنی " پاندەکاتەوە! بەکورتی پێڵاو تێگرتنەکەی بەلاوە گرنگنیە،ھاویژراوە یان دانراوە،بەر یەکێتی کەوتووە یان پارتی یاخود ھەر دووکیان! گرنگ لەوتارەکەی ئەمدا،پاکانەکردنە بۆ باڵەدەستڕۆیشتووەکەی حیزبەکەی ،کە ئەم لەلایان لە لیستی رەشدایە و لە چنگیان ھەرھاتووە! ئەگینە ئاشکرایە ،دکتۆر "کازم فاروق " ھەم پزیشکێکی سەرکەوتوی پسپۆری شێرپەنجەیە و ھەم پەرلەمانتارێکی گەنجی ئازای بەھەڵوێستە و بەردەوام بەرگریی لە مافی ھەژاران دەکات ،کە ئەوان ھەست بەودنیایە ناکەن! ھەڵوێستی ئەمڕۆ "پێڵاوگرتنە سەرۆکایەتی پەرلەمان" ھێمای خۆی ھەیە کە نەوەلی و نەوالیەکانی کوردستان بەسانایی تێیی ناگەن! ئەو ھەڵوێستە ھێمای ناڕەزایی خەڵکە و بەو شێوەیە گوزارشتی لێ دەکرێت. چووتەپێڵاوەکەش ئەگەر لە مەزادێکی ئاشکرادا دانبرێت،نرخی لە ھەموو بەھای ئەوکەسانەی دەوری دەسەڵات زیاتر دەبێت ،کە لەسەر گیانی خەڵک و لە سەرسفرەوخوانی ستەمکاریی دەلەوەڕێن. بۆیە ئێوە و ھاوبیرەکانتان ناھەقتان نیە،چونکە سەر بەو دنیایە نین بەئاسانی لەو ھێمایا مەدەنیانە تێبگەن و ناگەنە ئەو ھۆشیاریەش ،رێگا راستەکە ببینن کە"مەحوی "بانگەشەی بۆ دەکات: "شوکر ھۆشیارە مەحوی تێدەگا دنیا خەراباتە! کە بەدمەستی بکائەھلی، خراپەی بۆچی لێ دەگرم؟
د.كامەران مەنتك تەختەی شەترەنجی كوردستان لە ئێستادا چەند جوولەیەكی ترسناكی لەسەر دەگوزەرێت، لەلایەك بەیانی دوا مۆڵەتی سوپای ئێراق بۆ هێزەكانی پاراستنی شەنگال تەواو دەبێت، كە خەڵكەكەی بڕیاری مانەوەو بەرگریان داوە، لەلایەكی تر سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی فەرەنسا كرا‌و یەكێك لە بابەتەكانیان وەك لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەیدا ئاماژەی پێكرد سوریا بوو، كە دیارە مەبەستیان لە رۆژئاوای كوردستانە، لەبەرئەوەی شەنگال لەرووی ستراتیژیەوە كاریگەری لەسەر باشور‌و رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەو سەردانە لەكاتێكدایە، كە نزیكبوونەوەیەك لەنێوان توركیا‌و فەرەنسا هاتۆتە ئارا‌و وەك دیارە فەرەنسا دەیەوێت بەلێدان و بچووككردنەوەی كورد دڵی توركەكان رازی بكات!. بۆیە لەلایەك كەوتۆتە راوەدوونانی رۆشنبیران و نیشتمان پەروەرانی كورد لەوڵاتەكەی و لەلایەكیتر خەریكی چنینی تەونی پلانگێڕیەكە دژی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، كە رەنگ بێت یەكێك لەئەگەرەكانی شەڕێكی تری كوردی كوردی بێت، بەشێوەیەكی وردتر شەڕێك لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان، كە ئەگەری ئەوەش هەیە یەكێتی و گۆڕان لەرووی سیاسی و سەربازیەوە لەو شەڕە تێوە بگلێن، بەتایبەتیش ئەگەر توركیا رووێكیان بەروودا بكاتەوە. لەبەرئەوەی شەڕ لەشەنگال بەگوێرەی رێكەوتننامەی هەولێرو بەغدا، واتە حكومەتەكەی كازمی بەڕێوە دەچێت، كە ئەمریكا پاڵپشتی دەكات، كە ئەمە وا دەكات ئەو هێزە شیعیانەی دژی ئەمریكان و هاوپەیمانی ئێرانن تەگلێنە ناو شەڕێكی لەم جۆرە، بەتایبەتیش ئەگەر زانیمان لە تێپەڕاندنی بۆجەی ئێراقیش ئەمڕۆ رۆڵی ئەو هێزانە پەڕاوێز خراو پلانەكەی ئەمریكا سەریگرت (كورد + سونە+ بەشێك لەو شیعانەی، كە وەك شیعە ئێراقیەكان دەناسرێن) بۆجەی تێپەڕاندو هێزە گەورەكانی شیعە، كە نزیكن لەئێران وەك فەتح و دەوڵەتی و یاسا‌و ... هتد، لەهاوكێشەكە خرانە دەرەوە، دیارە ئەمەش رێگا خۆش دەكات بۆئەوەی لە مەسەلەی شەنگال هەڵوێستێكی توند‌و پێچەوانەی سوپای ئێراقیان هەبێت، بە تایبەتی ئەگەر زانیمان ئەو هەنگاوە زیانێكی گەورە بەئێران دەگەیەنێت و رێگای گەیشتن بەسوریای لێ ئاڵۆز‌و سەختتر دەكات!. بۆیە ئەگەر حكومەتی ئێراقی جدی بێت لەو مۆڵەتەی بۆ دەرچوونی هێزەكانی پاراستنی شەنگال لە شەنگال دایناوە، ئەوە واتای ئەوەیە شەڕێكی هەرێمی ترسناك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ناوچەی زەرد دادەگیرسێت و ئەگەری زۆرە ئەو شەڕە فراوان بێت، لەبەرئەوەی یەكیك لەئەگەرەكان ئەوەیە توركیا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كار بۆ درێژەپیدان و بەردەوامبوونی ئەو شەرە بدات، تا لەكۆتایی ناوچەكە دەخاتە ژێر كۆنتڕؤلی خۆیەوە، چونكە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئەو شەڕە درێژكراوەی ئەو پلانەی توركیایە، كە لەزستانی ئەمساڵەوە خۆی بۆ ئامادەكات، هەنگاوی یەكەم لەگارە شكستی هێناو دەیەوێت لە شەنگال قەرەبووی شكستەكەی بكاتەوە، لەلایەكتیریش كاتێك ئەو گەلە كۆمە دەكرێت، پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەستەوەستان نابێت و رەنگ بێت شەڕەكە بگوازێتەوە ناو شارەكانی ناوچەی زەرد، ئەو كاتە شەڕەكە بەتەنیا لەنێوان هێزە چەكدارەكان نامێنیتەوەو دەپەڕیتەوە ناو شارەكانیش. ئەگەری هەرە مەترسیداریش ئەوەیە شەڕەكە گەورەتر بێت و بكەوێتە نێوان هەردوو بەشی رۆژئاوا باشووری كوردستان، كە دیارە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدار دەبێت لەشەڕی ناوەخۆی كوردی و لو قۆناغە هەستیارەدا زیانێكی زۆر گەورە بە مەسەلەی كورد دەگەیەنێت. ئەوەی دۆخەكە مەترسیدارتر دەكات، وا پێدەچێت جۆرە ریككەوتنیكیش لەمبارەیەوە لەگەڵ روسیا كرابێت، لەبەرئەوەی ماوەیەكە ئەمریكیەكان بە ئاشكرا رایدەگەینن، كە ئەوان چیتر بەتەنیا ناتوانن كاروباری جیهانی بەڕێوەبەرن وپێویستە روسیاش بە بەرپرسیارەتی جیهانی خۆی هەڵسێت، دیارە ئەمەش واتای گەڕانەوەیە بۆ پێش قۆناغی سیستەمی تاكجەمسەری، بە واتایەكی تر هەمدیس بوونەوەی كوردستانە بە ناوچەیەكی تامپیۆنی و دیسان كێشەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی كورد چارەسەر دەكرێن، كە بەداخەوە ئەمە رێگا خۆش دەكات دوا پەردەش بەسەر ئەزموونی هەریمی كوردستانیش دابدرێتەوە. كەواتە ئەوەی نیگەرانیەكە زیاتر دەكات، ئەوەیە، كە زلهێزەكان دەیانەوێت لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد سازش لەگەڵ توركیا بكەن، چۆن روسیا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیركدنی عەفرین دایساندو ئێستا ئەمریكیەكانیش بە رزگاركردنی عەفرینی لەقەلەم دەدەن، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان بە هاوپەیمانی یەكینەكانی پاراستنی كوردی نیشان دەدا، كە ئەو شارەی لەژیر دەستدابوو، بە هەمان شێوە ئەمجارەیان شەنگال بخەنەوە بەردەستی ئێراق و روسیاش گڵۆپی سەوزیان بۆ دابگیرسێنێت، كە دیارە ئەم هەنگاوەش ئەگەر سەربگرێت دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی ئێراق و بەشێوەیەك لەشێوەكان گەڕاندنەوەی هەنگاوێكی سەرەتاییە بۆ گەڕاندنەوەی ئێراق بۆ دۆخی بەر لەداگیر كردنی كوێت. كە بەداخەوە لە هەموو ئەو گۆڕانكاریانە وا پێدەچێت بەهۆی پەرتەوازەیی و نارێكی ناو ماڵیەوە كوردستان و كورد زەرەرمەندی یەكەم بێت. بۆیە دەبێت كورد لەهەموو پارچەكان گەورەترو قووڵتر سەیری ئەو هاوكێشە ئاڵۆزە بكات و ئیرادەی نیشتمانی خۆی بپارێزێت، چونكە ئەو بزمارەی ئەو جارەیان لە قەوارەی كوردی بدرێت، زۆر ترسناكترو كەمەر شكێنترە لەهەموو ئەوانەی پێشووتر.
رێبوار كەریم وەلی راستییەكەی قەت پارتی‌و یەكێتی لەچەند ساڵی رابوردودا، وا شلگێڕانە بەدوای قانونی بودجەوە نەبوونە. هەموو ساڵێك بێ پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمان‌و لەناو قانونی موازەنەدا، پشكی هەرێم جێگیركراوەو جێبەجێ نەكراوە. * ئەمجارەیان قانونی بودجە پتر لەوەی مەسەلەیەكی دارایی بێت‌و دابینی موچە بكات، سیاسییە. یەكەم: لەم قانونەدا ئەوە جێگیر كرا كە هەرێم بتوانێ خۆی نەوت بفرۆشێت. هەرزانفرۆشیشی بكات كێشە نییە، چەندی كەم بوو خۆی دەیخاتە سەرو دەیگەیەنێتە ئاستی نرخی سۆمۆ. بە واتایەكی دیكە رەنگبێ هەرێم بۆ مەجبور بێت بۆ پێدانی پارەی 250 هەزار بەرمیل 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. خۆ ئەگەر چەند رۆژێك هەناردەی نەوت راوەستێ، ئەوا دەبێ حكومەت بچێ قەرز بۆ سۆمۆ بكات! كەواتا لێرەدا مەتڵەبی حكومەت روونەو دەركەوت مەسەلەكە پارە نییە. دووەم: رێگری كرا لەوەی كە لە حاڵەتی پابەندنەبوونی لایەك بە رێككەوتنەوە، بەغدا بتوانێ مامەڵەی دارایی راستەوخۆ لەگەڵ هیچ پارێزگایەك بكات. سێیەم: خەونی لامەركەزییەتی ئیداری‌و مالیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیانو راپەڕین لەبار بردرا. چوارەم: پێگەی كوڕەكانی تاڵەبانیی (كە لە حوكمڕانیی ناوەندی‌و لەگەڵ پارتیدایە) لەناو یەكێتیدا قایمتر كرد. * لەڕووی سیاسییەوە زیانمەندی یەكەم لەم قانونەدا، هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگییە. كارتی گوشاری بەغدا كە كرابووە سیاسەتی رەسمیی یەكێتی ئیتر بەهای نەماوە. قوباد تاڵەبانی ئەو كارتەی لە گوشار بۆ سەر پارتییەوە هەڵگەڕاندەوە بۆ قایمكردنی پێگەی خۆی. * ئێستا دەبێ سلێمانی نیوەی داهاتی نانەوتیی خۆی لەڕێگەی هەولێرەوە بۆ بەغدا حەواڵە بكات‌و ئەوجا چاوی لە كەرەمی هەولێر بێت. خۆ ئەگەر لەوەشدا سەركێشی بكات، هیچ دەرچەیەك لە قانونەكەدا نەهێشتراوەتەوە بۆ ئەوەی پەنا بۆ مامەڵەی جیاواز بەرن. * ئەخیرەن دەركەوت كە كەروێشك بە عارەبانەش بێ هەر دەگیرێ!