Draw Media

كەمال چۆمانی  ٩ سەرنج لەسەر بەیاننامەکەی لاهور تاڵەبانی   لاهور تاڵەبانی دەڵێت مەسرور بارزانی فشار دەکات بۆ ئازادکردنی تۆمەتباران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ <<دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێن‌و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت.>>  لەسەر ئەو خاڵە دەوەستم: ١- تاڵەبانی پێمان ناڵێ ئەوانەی دەستگیرکراون کێن، کەی دەستگیرکران، کێ دەستگیریکردون، ئایا بە بڕیاری دادگا بوە یا نا، بۆچی دەستگیرکراون، بە قسەی کێ دەستگیرکراون؟ بۆچی تاڵەبانی بەیاننامە دەردەکات لە کاتێکدا ئەوە ئیشی ئاساییش و دەزگای تیرۆرە رونکردنەوە بدا چونکە کردەی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، کردەیەکی تیرۆریستییە و ئیشی ئاساییشە بەدواداچونی بۆ بکات. نە ئاساییش و نە دادگا و نە دژە تیرۆر بەڕەسمیی قسەیەکیان نەکردوە، بەڕەسمییش کەس راینەگەیاندوە کە سێ کەس بەو تۆمەتە دەستگیرکرابن، ئەی لاهور تاڵەبانی بۆچی بەیاننامەیەک دەردەکات و خۆی بە لاواز نیشاندەدات کە گوایە لەژێر فشار دایە؟ ئایا ئەوە یەکێتییە تۆمەتبار بەرەڵادەکات یا دادگا و دەزگاکانی حکومەت؟ ٢- لاهور تاڵەبانی داوا لە مەسرور بارزانی دەکات رێزی دادگاکان بگرێ، بەڵام خودی بەیاننامەکەی تەداخولکردنە لە ئیشی دادگا، باسێک دەکات کەس نازانێت ئایا هیچ کەسێ دەستگیرکراوە یا نا، بۆچی دەزگاکانی ئاساییش نایەن و وتەی ئەو تۆمەتبارانە بڵاوناکەنەوە؟ ئەی بۆچی کاتێک ویستیان شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی لە سۆشیاڵ میدیا ئاشکرا بکەن هەمو شتێکیان بە پلانێکی پوختە جێبەجێکرد و هەمو ناڕونییەکیان لابرد؟ ٣- لاهور تاڵەبانی لایەنگرێکی پارتیی لە گەرمیان دەستگیرکرد، تەواوی پارتیی و حکومەت داوای ئازادکردنی کرد، لاهور تاڵەبانی بەریهەڵنەدا تا دواتر نێچیرڤان بارزانیی تەداخولی کرد و لاهور تاڵەبانییش گوێڕایەڵیی نێچیرڤان بارزانیی کرد. ئەوکات کەس پشتیوانیی لاهور تاڵەبانیی نەبو، بەناهەقییش کەسێکی گرتبو، کەچی ئامادەنەبو سازش بکات تەنانەت دوای ئەوەی پارتیی کادیرێکی یەکێتییشی لە بەرانبەردا دەستگیرکرد، خێرە ئێستا هەوڵێکی تیرۆر دراوە، تەواوی کۆمەڵگەی کوردیی داوای جێبەجێکردنی قانون دەکات، بە بەشێکی زۆری ناو پارتییشەوە، خێرە لاهور تاڵەبانی دەترسێ ئەو کەیسە <<دیزە بە دەرخۆنە>> بکرێ؟ ئەرێ هەر بەڕاست خودی لاهور تاڵەبانیی نییە کەیسەکە دادەپۆشێ؟ ٤- لاهور تاڵەبانی بەشانازییەوە دەڵێ مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ دایە، جەماوەری یەکێتییش هاوکاریەتی، تەنانەت زۆر خەڵکی تریش، خۆیشی بە نەیاری سەرسەختی مەسرور بارزانیی تەماشادەکات، ئەی خێرە ئێستا سێ تۆمەتباری لەبەر دەستدایە کە هەوڵی تیرۆریان داوە، و گوایە بە ئەمری راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی مەسرور بارزانیی بوە، کەچی لاهور تاڵەبانی بەیاننامە دەردەکات و دەنوزێتەوە کە گوایە فشار لەسەر ئازادکردنیانە؟ بۆچی لەبری نوزانەوە ناڵێ یەکێتیی لە حکومەتێک دەکشێتەوە کە حوکمی قانون جێبەجێناکات و سەرۆکەکەی لە سلێمانی هەوڵی تیرۆرکردنی نەیارانی سیاسیی دەدات؟ ٥- کەیسی هەوڵی تیرۆرکردن یا لێدان لە غالب محەمەد کەیسێکی هێندە ئاسان نییە، دیارە پارتیی نەک هەر ویستویەتی لە غالب محەمەد بدا، بەڵکو ویستویەتی لە سلێمانیی و یەکێتیی و دەزگاکانی یەکێتییش بدا، ئەو هەوڵە زۆر رەهەندی هەن، مەترسیی گەورەیە لەسەر رەوشی کوردستان، ئەی خێرە لاهور تاڵەبانی ئاوا ئاسان بەیاننامەیەک دەردەکات و خۆی لە هەمو بەرپرسیارێتییەک دەشارێتەوە، یان بەڕاستیی شتێکی تر هەیە و لاهوڕ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە پشتی پەردەوە رێککەوتنێکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ هەیە بۆ لێدان لە نەیارانی سیاسیی و بێدەنگکردنیان و ئەوەی خۆیشیان دەیکەن تەنها نماییشێکی دەزگا هەواڵگرییەکانیان؟ ٦- لاهوڕ تاڵەبانی هاوسەرۆکی حیزبە، میدیا و دژە تیرۆر و ئاساییش و مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی لە بن دەستی خۆیەتی، هەرشتێک لە سلێمانیی بکرێ پێشی هەرکەسێک ئەو بەرپرسیارە.  ئەگەر ئەو سێ تۆمەتبارە بەربوبن، ئەوا بەر لە هەرکەسێک لاهوڕ تاڵەبانی بەرپرسیارە. ٧- رونە ئەو کەیسە لەوە گەورەترە کە لاهور تاڵەبانی بە بەیاننامەیەک خەڵک بگەوجێنێ، لەوەیاندا لە داهاتودا دەردەکەوێ کە هەوڵەکانی چەندە خراپ بەسەر خۆیدا دەشکێنەوە. تاڵەبانی بڕیاربو سیاسەت و ململانێ بباتە هەولێر، کەچی ئێستا لە بەرانبەر مەسرور بارزانی خۆی وا نیشاندەدات کە لە سلێمانییش توانای ململانێ و داکۆکیکردنی لە حوکمی قانون و وەستانەوە دژ بە پارتیی نییە.  ٨- پارتی ئەوە یەکەم هەوڵی تیرۆر و لێدانی نییە لە سلێمانیی و تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش، هەمومان پارتیی باش دەناسین چ هێزێکی دژ بە ئازادیی و دیموکراسییە، مەسرور بارزانییش باش نیشانیداین و نیشانمان دەدات کە چۆن دەیەوێت هەمو هەناسەیەکی ئازادیی قەدەغەبکا، ئەوانەی هاوکاریی پارتییش لەوەدا زۆر رون ناسراون لەناو یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی دیشدا، بەڵام لاهور تاڵەبانی خۆی وا نیشانداوە کە دژ بەو تۆقاندن و سیاسەتەی پارتییە، کەچی. لە پشتی پەردە خۆی هەمان ئەو گەمانە لەگەڵ پارتیی دەکات کە ئەوانیدی دەیکەن. ٩- لاهور تاڵەبانی و یەکێتیی خۆیان وا نیشاندا کە دژ بە بەناهەق-حوکمدانی ئازادیخوازانی بادینانن، بە بەیاننامەی ترسنۆکانە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دزیەوە، کەچی ئێستا یەکێتیی بە هەمو باڵ و رەنگەکانیانەوە، دەیانەوێ ئەو کەیسە پەردەپۆش بکەن و لە رێڕەوە قانونییەکەی خۆی لابدات.


سیروان عەبدول ئایا ئەوە داواکاری گشتیی بە هەموو عەقلێکییەوە ڕێگەی داوە بە تۆمەتی «تەشهیرکردن» دەعوای جینائیی دژ بە کەسێک بجوڵێنرێت لەسەر ئەوەی لە بەردەم دادگادا وتویەتی «ئەشکەنجە دراوم و هەڕەشەی تەجاوزکردنە سەر هاوسەرەکەم لێکراوە»؟ پرسیارێکی ڕەوا کە دەبێت بکرێت ئەوەیە کە ئایا هەر بە ڕاست دەزگای داواکاری گشتیی و، ئاسایشی گشتیی و، پۆلیس و، دادگای لێکۆڵینەوە ئەوەندە کەم سەر لە بواری حقوق و یاسا دەردەکەن کە پێیانوایە ئەو قسەیەی شێروان شێروانیی کە لەبەردەم دادگادا کردویەتی دەکرێت وەک تاوانی تەشهیر سەیر بکرێت کە ئاوا ئیستا کەوتوونەتە خۆیان دۆسیەی بۆ دەکەنەوە و، بە جیددی تەحقیقی تیا دەکەن؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەڵدەگرم بۆ کۆتایی ئەم وتارە. پێش ئەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر ببینێت ناوەندە ئەمنیی و دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان چی خەراباتێکە، پێویست دەکات هەندێک تاوتوێی ڕووی حقوقیی ئەو شکاتەی ئاسایشی گشتیی لە شێروان شێروانیی بکەم: ... ١. شتێک وجودی نییە بە ناوی تەشهیر بە دەزگای دەوڵەتیی تۆمەتی «تەشهیر بە دەزگای ئاسایشی گشتیی» قسەیەکە کە تەنها پێکەنین هەڵدەگرێت، نەک ئەوەی ئاوا دەیان پیاوی حقوقیی دەرچووی زانکۆ و ئەفسەری پۆلیس و دادوەر بەجیدییەتەوە وەریبگرن و خەریک بن بەو ناوەوە هاوڵاتییەک سزا بدەن. دەزگای دەوڵەتیی بە یاسا پارێزراو نییە لە تەشهیر. بەڵێ لە حوکمدارییە دیکتاتۆریی و ئۆتۆریتارییەکاندا جار هەیە بە دەقێکی یاسایی پیشاندانی ڕەخنە بەرامبەر بە دەزگای دەوڵەتیی سزادار دەکرێت، بەڵام لەم کەیسەدا ئاسایش و پۆلیس و داواکاری گشتیی پەنایان نەبردۆتە بەر ئەو جۆرە لە یاسای سەرکوتکردنی ڕەخنەگرانی دەسەڵات. داواکاری گشتیی و پۆلیس بۆ مولاحەقەی یاسایی شێروان شێروانیی بەناوی تەشهیرەوە، چوون پەنایان برۆدتە بەر ماددەی (٤٣٣) لە یاسای سزادانی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩). جێگەی خەمە داواکاری گشتیی ئەوەندە لەو ماددەیە تێگەیشتبێت کە وا بزانێت یاسادانەری عێراقیی ئەو ماددەیەی بۆ پاراستنی دەزگای دەوڵەتییش لە تەشهیر داناوە. ئەگەر وا تێگەیشتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە دواکاری گشتیی هەر لە بنەڕەتەوە لە چەمکی تەشهیر تێنەگەیشتووە (کە ئەمە دیاردەیەکی زۆر باوە لەناو یاساناسان و میدیاکاران و ڕۆشنبیران و خەڵکیی عاممەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا)، وە لەوە تێنەگەیشتووە کە ئایا لە زانستیی دادگەریی یان (فیقهی قەزا)دا سزدارکردنی کرداری ناوزڕاندن لەسەر چی پرەنسیپێکی حقوقیی بونیاد نراوە. تەشهیر جۆرێکە لە تاوان کە سەبارەت بە هەستی کەرامەتی زاتیی تاک و، سەبارەت بە سومعەتی تاک لەلای کۆمەڵگا و، سەبارەت بە سومعەتی کۆمپانیای قازانجکەرە وەک شەخسی مەعنەویی لای بەکاربەر و کڕیارانی. ئۆرگانی دەوڵەتیی نە تاکەکەسە تا بڵێت هەستی کەرامەتی زاتییم هەیە و ئێستا ڕووشاوە، وە نە کۆمپانیایەکی ڕزقپەیداکردنیشە کە بڕی داهاتەکەی پەیوەست بێت بە پلەی متمانە و سومعەتیەوە لای کڕیار. بۆیە بەکارهێنانی ماددەی (٤٣٣)ی یاسای سزادان بۆ سزدانی شێروان شێروانیی بارکردنی مانایەکە لەو ماددەیە کە ئەو ماددەیە نییەتی. ئەوەش کارێکی هەڵە و نایاساییە. کاری وا لە حاڵەتی ئایدیاڵ و نۆرماڵدا دەبێت ببێتە هۆی ئەوەی کە پۆلیس یان دادوەری لێکۆڵینەوە، بەپێی بڕگەی (ئەلیف)ی ماددەی (١٣٠)ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی جینائیی ژمارە (٢٣)ی ساڵی (١٩٧١)، شکاتەکەی ئاسایشی گشتیی پشتگوێ بخات و بەجیددی وەرینەگرێت، چونکە هیچ یاسایەک نەشکێنراوە. هەروەها دەبێت وەزیری داد بیر لە گۆڕینی سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتیی بکاتەوە بەهۆی نەشارەزاییەوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی خۆیدا، ئەمە ئەگەر نەشارەزاییەکی تێکەڵ بە گەندەڵیی هەمئاهەنگیی لەگەڵ، بۆ نموونە نەک حەسر، سەرۆکوەزیراندا نەبێت. ... ٢. تەشهیرکردن لەناو دادگادا سزای نییە جێگەی سەرسوڕمانە ئاسایش و پۆلیس و داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە بە هەموو زانیاریی ئیختیساسیی و سەنگی پیشەیی خۆیانەوە دوای بەسزاگەیاندنی شێروان شێروانیی کەوتوون لەسەر ئەو قسانەی ناو دادگای، کەچی نە خۆیان دەزانن و نە کەسێکیش ئاگاداریان دەکاتەوە کە هەر لەو یاسای سزادانەدا کە ئەوان دەیانەوێت بۆ سزادانی شێروانیی بەکاری بهێنن، بە دەقی ڕۆشن لە ماددەی (٤٣٦)دا نووسراوە کە قسەی ناو دادگا ئەگەر تەنانەت تەشهیر و هەوڵی ناوزڕاندنیش بێت لەڕێگەی درۆوە، دیسانەوە هیچ سزایەکی نییە و نابێت مولاحەقەی یاسایی بۆ بکرێت. ئەوەی ئەو یاساناسانە ئاوا بەجیددی دوای ئەو دۆزە کەوتوون و ئاگاداری ماددەکانی یاساکە نین، دەبێت سکانداڵێک بێت لە فۆرمی جرت و فرتی کاریکاتێرانەی کۆمەڵێک یاساناسدا کە یاسا ناناسن. ئەو ماددەیەی یاسای سزادان دەڵێت: «لا جریمە فیما یسنده احد الخصوم او من ینوب عنهم الی اڵاخر شفاها او كتابە من قژف او سب اپنا‌و دفاعه من حقوقه امام المحاكم وسلگات التحقیق او الهیئات الاخری وژلك فی حدود ما یقتچیه هژا الدفاع.» ئەوەی کە لە یاساکەدا مەرجی ئەوە دادەنرێت کە داکۆکییکردنی تۆمەتبار لە خۆی وای خواستبێت ئەو تەشهیرە بکات و قسەیەک هەڵبەستێت، لە حاڵەتی شێروانییدا ئۆتۆماتیکیی بەوە پاکانە دەبێت کە بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنە جەزائییەکان، ماددەی (١٢٦)، تۆمەتبار مافی هەیە لە دادگا درۆ بکات بەبێ ئەوەی مولاحەقەی یاسایی بۆ بکرێت. بۆیە حەقە ئاسایشی گشتیی و پۆلیس و داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (٤٣٦)ی یاسای سزادان واز لەوە بێنن لەڕێگەی مولاحەقەی یاسایی قسەکانی شێروان شێروانییەوە لەناو دادگا لەوە زیاتر خۆیان بکەن بە مەسخەرە و حەقە زوو ئەو دۆسییەیە داخەن. ... ٣. داواکاری گشتیی کار دەکات بۆ ئەوەی هاوارکردن لە کاتی ئەشکەنجە و تەجاوزدا سزای هەبێت داواکاری لەجیاتیی کارکردن بۆ یارمەتیدانی شێروانی شێروانیی کە هاوار دەکات و دەڵێت لە کاتی تەحقیقدا گوشارم بۆ هێنراوە و ئەشکەنجە دراوم و هەڕەشەی تەجاوزم لێکراوە (کە بە ئیحتیمالی زۆر گەورە ڕاست دەکات)، لە هەوڵی ئەوەدایە لەسەر ئەو هاوارکردنەی لەدەست ئەشکەنجە سزای بدات. مولاحەقەی یاسایی ئاوا کافکایی مەگەر تەنها لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا بگوزەرێت بەبێ ئەوەی خەڵک لە توڕەییدا ئەرز هەڵگرن و داینەنێنەوە.  خۆی ئەنجامدانێکی سەربەرزانە و شەریفانەی وەزیفەی داواکاریی گشتیی ئەوەی دەخواست لە کاتی دادگاییکردنە کاریکاتێرییەکەی شێروان شێروانیی و چوار کەسەکەی تردا، داواکاری گشتیی دوای بیستنی هەواڵی ئەشکەنجە و هەڕەشە بە هاوسەر لەلایەن شێروانییەوە، یەکسەر داوای دواخستنی دادگاییەکە و تەحقیقکردن لەو مەسەلەیە یان هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتبارکردنەکە و داخستی هەموو دۆسیەکەی بکرادایە. مادام تۆمەتبارێک باسی ئەشکەنجە و گوشار دەکات، لە حاڵەتی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا بەو جۆرە مامەڵە دەکرێت کە ئەگەر تۆمەتبار نەشتوانێت بە ئاسەواری سەر لەشی یان بە هەر شتێکی تر قسەکەی خۆی بسەلمێنێت، دیسانەوە ئەگەر ئیحتیمالێکی کەم هەبێت قسەکەی ڕاست بێت، دەبێت دادگا دوا بخرێت، ئیفادەکان بخرێنە لاوە و، تەنانەت تۆمەتەکەی لەسەر لاببرێت و ئازاد بکرێت، بەتایبەت چونکە لەم دۆزەدا قسە لەسەر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە کە دەزگایەکە هەردوو باڵەکەی لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد لەسەر ئاستی جیهان سومعەتێکی زڕاویان هەیە و، دەیان ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە ئەو دەزگایە وەک هەر دەزگایەکی ئەمنیی ڕژێمە دیکاتۆرەکانی ناوچەکە، ئەشکەنجە و گوشار و تەجاوز و هەڕەشە لەبەرامبەر دەستگیرکراواندا بەکار دەهێنێت. نمونەیەکی پەیوەنددار سەبارەت بە ناوزڕاویی دەزگای ئاسایشی هەرێم و سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەی داواکاری گشتیی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەکرێت ئەوە بێت کە پۆلیسی وڵاتی نەرویج لە ساڵی (٢٠٠٢)ەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لێکۆڵینەوەی لە جۆری بەشداریی مەلا کرێکار لە ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلامدا کردبوو و بە قسەی داواکاری گشتیی بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدا بووە کە کرێکار یاساشکێنیی کردووە. بەڵام لە بەهاری (٢٠٠٤) کاتێک پۆلیسی نەرویجیی دەڕۆن لای ئاسایشی سلێمانیی دوو جار ئیفادەی زیندانییەکی کۆنەئەندامی ئەنسار وەک شایەد وەردەگرن و شایەدەکە لە هەردوو ئیفادەکەدا هەمان قسە دەکات بەڵام دەڵێت لەژێر گوشاری ئاسایشدایە و ئاسایش داوای لێکردووە بە دڵی ئەوان قسە بکات، دوای بیستنی ئەو هەواڵە، داواکاری گشتیی نەرویج یەکسەر بڕیاری ئازادکردنی مەلا کرێکار و داخستنی هەموو دۆسیەکانی دا و، وەک بێتاوان ناردییە ماڵەوە، چونکە وتی ئیحتیمال هەیە ئاسایشی هەرێم لەپێناو چاندنی شایەتیدان دژ بە تۆمەتبار لەناو دۆسییەکەدا پەنا بباتە بەر ئەشکەنجەدان و گوشارهێنان بۆ شایەتەکانی بەردەستی. لەم لینکەدا زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو کارەی داواکاری گشتیی هەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێت زیاتر بزانێت: (https://www.nrk.no/norge/krekar-saken-henlegges-1.513076). ... ٤. دەزگای دەوڵەتیی کەرامەتی نییە بڕوشێت، بەڵکو متمانەی هەیە لە دەستی بدات دەزگای داواکاری گشتیی لە هەولێر هەفتەی ڕابردوو کۆبونەوەیەکی خۆی کرد و تیایدا بڕیاری دا ئیتر ڕێکاریی یاسایی بگرێتە بەر لەبەرامبەر هەر کەسێکدا کە کار بۆ شکاندنی سومعەتی دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان بکات.  ئەوەی دەزگای داواکاری گشتیی بە هەڵە لێی تێگەیشتووە ئەوەیە کە نازانێت دەزگای دەوڵەتیی ناتوانێت لەڕێگەی یاساوە فەرزی بکات ئیعتیبار و ڕێزی هەبێت لای خەڵک و خەڵک متمانە پێیان لەدەست نەدات، بەڵکو ڕێز و ئیعتیبار و متمانەی دەزگای دەوڵەتیی لەڕێگەی ئەنجامدانی شەرافەتمەندانە و سەرڕاستانەی ئەرکەکانی خۆیانەوە بینا دەکرێت.  دەزگای ئاسایشی گشتیی و داواکاری گشتیی و دادگاکانی کوردستان ئەگەر بەو هەموو جۆش و خرۆشەوە لە خەمی ئیعتیباری خۆیاندان لای خەڵک، ئەوا دەبێت بزانن کە ڕێگەی دروست ئەوەیە لەبەردەم نوخبەی سیاسییدا چۆک دانەدەن و پێداگریی لەسەر ئینتیگریتیی خۆیان و ئەخلاقی پیشەیی خۆیان بکەن و تەداخولی سیاسەتمەدار لە کاروباریاندا قبوڵ نەکەن. کە ئەمە ناکەن، ئەوە ئیتر هەم خەتای خۆیانە و هەمیش گرفتی خۆیانە کە هیچ ڕێزێکیان لە چاوی ئێمەی هاوڵاتییانی کوردستاندا نەماوە. ... ٥. کێ دەبێت لەسەر نەهێشتنی متمانە بە دەزگا دەوڵەتییەکان بدرێتە دادگا؟ بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی کە ئایا بەڕێوەبەرانی دەزگای داواکاری گشتیی و، ئاسایشی گشتیی و، پۆلیس و، دادگای لێکۆڵینەوە ئەوەندە کەم سەر لە ئیختیساسەکەی خۆیان دەردەکەن، یان خۆیان دەزانن چی کارێکی نابەجێ و گەندەڵکارانە دەکەن و خەریکی بەندوبەستن لەگەڵ حیزب و دەسەڵاتی سیاسییدا. ڕاستیی ئەوەیە کە بەشێکی زۆریان هەم کەم دەتوانن پەیوەندییەکی عەقڵیی زیندوویان لەگەڵ ئیختیساسەکەی خۆیاندا هەبێت و هەمیش گرفتێکیان نییە لەپێناو خۆبردنەپێشەوەدا دەسەڵاتی دادوەریی بخەنە ئیختیاری دەسەڵاتی سیاسییەوە تا نادادوەریی پێ فەرز بکات بەسەر ڕەخنەگرانی خۆیدا. بەداخەوە، لە هەموو وڵاتێک، یەکێک لە ئاکامە خراپەکانی گەندەڵیی ئەوەیە کە پۆست و وەزیفەکان لەسەر بنەمای کەمیی ئینتیگریتیی و زۆری وەلائی سیاسیی دابەش دەکرێن نەک کەفائەتی ئیختیساسیی و تۆکمەیی شەخسییەت و نەچەمانەوە لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسییدا. ئەمەیە کە لە ئاکامدا هەموو دەزگاکانی دەوڵەت، بە زانکۆ و دادگاکان و هەموو کەرتەکانی تر، دەکەونە دەست لاواز لە کەفائەی ئیختیساسیی و سوپاسگوزار لەبەردەم دەسەڵاتدا کە بەبێ کەفائەتیش کاری پێ داوە.  بەم مانایەیە کە کەسێک دەتوانێت بڵێت ئەوە ئەوانن، سەرۆکوەزیران و حیزب و پیاوانیان لەناو دەزگاکاندا، کە ئیعتیبار و ڕێزی دەزگا دەوڵەتییەکان کەم دەکەنەوە و هیچ متمانەیەکیان پێ ناهێڵن. ئەوە ئەوانن کە دەبێت لەسەر بێڕێزبوونەی دەزگاکان سزا بدرێن. کاتێک کە دەزگا دەوڵەتییەکان متمانەیان نامێنێت و دەکەونە بەر ڕەخنەی خەڵک، مەیلێکی باو لە هەموو وڵاتێکدا ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی دەکەوێتە خۆی هەوڵدەدات لەڕێگەی ڕێگرتن لە ڕەخنە و لەڕێگەی سزادانی ڕەخنەگران و لەڕێگەی مۆبیلیزەکردنی بەڵتەچی و دادوەرە قەرەقۆزەکانی دەستی خۆیەوە هاوڵاتییان وادار بە ڕێزگرتن لە کارە نابەجێکانی دەوڵەت و دەزگاکانی بکات. ڕێک ئەمە کرۆکی ئەو مولاحەقە یاساییەیە کە لەم ماوەیەدا لەبەرامبەر شێروان شێروانیی و هاوەڵانیدا دەستی بۆ دەبرێت.


ئومێد حەمەعەلی   ئەوەی لەكۆتا تاوانی دژ بە غالب محەمەد دا دەردەكەوێتەوە ئەقڵی فاشیستی و  ناوەرۆكی تیرۆریستییانەی پەیوەندی و بەرخوردی دەسەڵاتە لەگەڵ ماف و ئازادی بیركردنەوە و ڕادەربڕین و، دەركەوتنەوەی ئەو وزە ترسناكە وەحشیگەرەشە كە دەیەوێت ئەویتری جیاواز، ئەویتریی نەیاریی سیاسی خۆیی لە ئاستێكی سەرەتایی وێرانكردن و كوشتندا، بكوژێت. بۆ ئەوەی ڕوونتر ئەو ڕۆحە وێرانكەرە كوێر و دڕندەیە ببینیت لەنزیكەوە لە ڕووخسار و ئاسەواریی زیاتر لە دە شوێن چەقۆ وردببەرەوە، كە لە غالبدا جێیهێشتووە، كێ جێیهێشتووە، بە دڵنیایی ماشێنە فاشیستییەكە، دامەزراوەیی جێبەجێكاریی ئەقڵ و خەیاڵی فاشیستییانەی كوشتنی هەموو جیاوازییەك، هەموو دژبەریی و جەمسەرێكی ناكۆك بەخۆی. ئەوەی ڕوویدا مایەی شۆكبوون نییە، لەبەرئەوەی ئەو دەسەڵاتە لە دیوێكی تەماشاكردنەوە ئەتوانین وەك دامەزراوەی فاشیستی بیخوێنینەوە، كە تەنیا ئەشێ وەك فاشیزمی ئەقڵی خێڵ و حیزب و بنەماڵەكان و دەستە و گروپی سیاسی هەندێ جار نەكڵۆك باسیبكەین. كاتێك باسیی شۆكنەبوون دەكەم، بە دڵنیایی لەسەر بناغەی ئەو مێژووە خۆدووبارەكەرەوەیە دەیڵێم، كە ئەزمونمان كردووە و لە تاوانەكانی مامەڵەی فاشیستییانە لەتەك بیر و جوڵەی ئازادانەی جیاوازدا زۆر دەوڵەمەندترە لەوەی ڕووداو و تاوانی لەو شێوەیە شۆكمانبكات. بەڵام ڕوویەكی تریی كردەوەی وەحشیگەریی لەم شێوەیە دەرگامان بۆ دەكاتەوە تاكو باشتر لەناسینی ئەو جەوهەرە ترسناكە فاشیستی و وەحشییە نزیكببینەوە، كە لە هەناوی دەسەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت و هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەی خۆلێلانەدراوە لەسەر هەموو مرۆڤێك بێ جیاوازیی و، ڕاستەوخۆتر لەسەر هەموو مرۆڤێكی ڕاشكاویی جیاواز و نەیاریی فیكریی و سیاسی ئەو فۆرمە سەرلێشێواو و فاشیستییەی فەرمانڕەوایی بنەماڵەیی و كاڵتر لەوە فەرمانڕەوایی حیزبی و تۆختریش لەهەموو شتێ فۆرمێكی مافیاگەریی سیاسی، ئەمنی و دارایی، كە هەنوكە یاریی بە ئێستا و چارەنووسی میللەتی ئێمەوە دەكات. وردبوونەوە، بەدیقەتەوە تەماشاكردنی ئەو شوێن چەقۆیانەی بە ڕووخساریی غالبەوە دەیبینیت پێش ئەوەی واتلێبكات بیر لەوە بكەیتەوە بكەری تاوانەكە كێیە و كێی لەپشتەوەیە، یان ئەشێ كامە دامەزراوەی ئەمنی حیزبی و بنەماڵەیی بكەریی ڕاستەقینەی تاوانەكەبێت، ڕاستەوخۆ بیر و خەیاڵت ئەچێتە سەر ئەو ڕۆحە سارد و وشكهەڵاتووە فاشیستییەی ئامادەییەكی گەورەی هەیە، ئامادەییەكە بۆ ئەوەی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئەویتری جیاواز هەلاهەلابكات، ئەمە ڕۆحێكە، بیر و غەریزەیەكی وەحشییە دەیەوێت ڕوونتر و بێباكانەتر خۆی دەربخات، دەیەوێت چیتر خۆی نەشارێتەوە، بە ڕووخساریی خۆیەوە بڵێت ئەوە منم، نە دەمامك و نە ڕووپۆشێك دەكەم، كە تەعبیر لە شەرم و خۆشاردنەوە بكات. ئەم ئەقڵە فاشیستییە كە لە نوكی چەقۆكەی سەر ڕوومەتی غالبدا بینیم، شتێك دەڵێت گەورەتر لەوەی ئینسانێ برینداربكات، قووڵترە لەوەی بیەوێت دەنگی نەخێرێكی دژی خۆی خامۆشبكات، نوكی ئەو چەقۆ فاشیستییە دەیەوێت بڵێت تاوان بە تاوانێكی تر، نابوتی بە نابوتییەكی تازەتر، برین بە برینێكی قووڵتر و فاشیستیانەتر دادەپۆشێت.     چەقۆكەی سەر سەریی زامداركراویی غالب لە ڕەگەزیی ئەو فیشەكانەیە گیانی سەردەشت عوسمانیان كێشا و، لە بنەچەی ئەو فیشەكە نەفرەتییەیە كاوە گەرمیانیی لە باوەشی دایكیدا بۆ دوا مەنزڵی ئەبەدیی خۆیی بردەوە. فیشەك هەر فیشەكە مادام بەسەریی ئازادییەوە بنرێت، فیشەك هەر فیشەكە مادام بە گیانی ئەویترێكی جیاوازەوە دەنرێت. فاشیست هەر كەسێكە، هەر هێزێكە تەنیا لەبەر ئەوەی وەك ئەو بیرناكەیتەوە و نادوێت بەهەر ڕێگایەك بۆی بكرێت وردت دەكات و دەتكوژێت. ئەوەیە ئەو ڕووە فاشیستییە ترسناكەی نوكی چەقۆكەی سەر ڕووخساری غالب نەك تەنیا ئەینوێنێتەوە، زیاتر لەوەش بەرجەستەی كردۆتەوە.


          سەهین موفتی یەکێک لە هەوڵەکانی کابینەکەی مەسروڕ بارزانی، لە دەستپێکدا ئەوەبوو کە پاشەکەوتی مووچە نەهێڵێت، هەوڵبدات بوژانەوەیەکی خێرای ئابوری لە کوردستاندا بەجوڵە بخات، وەک دەرچەیێک بۆ دامرکاندنەوە، یان چارەسەری ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لەم سەروبەندەدا، پەتای کۆڕۆناو دابەزینی نرخی نەوت، ئاسان نەبوون بۆ هەنگاوەکانی بارزانی، لەنێوانی دابینکردنی مووچەی تەواوو کۆنتڕۆڵکردنی بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەناچاری دووهەمییانی هەڵبژاردو دەستەوەستانیش نەبوو لەبۆ خاڵی یەکەم( دابینکردنی مووچە)، چوونکێ بەردەوام لەبیری ئەوەدابوو بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان بەبێ پشت بەستن بە بەغداد، یان لە چاوەڕوانی ناردن و نەناردن و ماتەڵ کردنی حکومەتی ئێراقی بێت. سەرەنجام، ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش ئەم هەموو قەیرانە دارایی وسیاسی و تەنانەت قاچاخچێتی هەندێک بەرپرسان و نەگەڕاندنەوەی داهاتی قاچاخچێتی بۆ خەزێنەی گشتی، درووستکردنی ئەم هەموو بەربەستە سیاسییەی بەردەمی حکومەت....!  بە ئەنقەست، بە تایبەتی لە زۆنی سەوز...! توانی مووچەی مووچە خۆران لەسەر داهاتی ناوەخۆ دابین بکات، کە ئەمەیش بوو بەهۆی پێشوازی لێکردنی کارمەندانی میری، بەتایبەتی ئەوانەی لە جەوهەری سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری حاڵین. هەرچەندە لێبڕین هەر بەردەوام بوو، لێ بە دڵنیاییەوە بارزانی لەکاتی خۆیدا ئەم لێبڕینەش بە کۆتا دێنێت.


فارس نەورۆڵی + - گەلی چەوساوە و داگیرکراو ھەمیشە پێویستی بە ڕابەرێکی کاریزما ھەیە، بۆ ئەوەی ھەم ھێزی لێوەربگرێت و ھەم ڕابەرایەتییان بکات. کەواتە کاریزما بۆ وەڵامدانەوەی پرسی واتا دێتە ئاراوە.  پرسی گەلی کوردستان ڕەواترین پرسە لە جیھاندا، چونکە نەتەوەیەک نییە ھێندەی کورد گەورەبێت و بێ دەوڵەت بێت، لە ھەمانکاتدا ڕووبەڕووی دڕەندەترین جۆری چەوسانەوە بێتەوە. لە سەردەمێکدا گەلی کوردستان لە بەردەم جەنگێکی ھەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و فەرھەنگیدا بوو، تا ڕادەیەکی زۆریش پەرتەوازەو بێھیوا بوو، لەوکاتەدا خۆرێک دەردەکەوێ، مرۆڤێکی باڵا دێتە مەیدان لەو بێ ھیواییەدا بە دوای ھیوادا بۆ کورد دەگەڕێت.  مستەفا بارزانی یەکەم ئەزمونی سیاسی گەورەی لەوەوە دەستپێکرد جوگرافیا دەستکردەکانی شکاندووە، لە باشورەوە چوو بە ھانای ڕۆژھەڵاتەوە بۆ خزمەتکردن و بەھێزکردنی کۆماری مەھاباد، دواتر کە کۆمار بە پیلان و لەپێناو بەرژەوەندی زلھێزەکان لەناو دەچێت، بارزانی بۆ ئەوەی ئەو خەونەی کۆمار لەزیھنی کورددا بمێنێتەوە و بەردەوامی بە خەبات بدات، لە جوگرافیایەکی سەخت و ئاوھەوایەکی نالەبارداو لە جەنگێکی سەخت و نا بەرامبەردا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەڕوات.  لەشکری ئێران دەیانویست بارزانی تەسلیم بێت، بەڵام نەیاندەزانی ئەو بۆ تەسلیمبوون نەخولقاوە. ئەوکات کورد لە مەئزەقدا بوو، ئەگەر بارزانی نەبوایە ئەوا چۆکیان بە کورد دادەدا، چونکە ئەو دۆخە سەختە تەنھا مرۆڤی باڵا دەتوانێ ڕوبەڕوی ببێتەوە. شارەزایەکی سەربازی دەڵێ( بە پێوەرەکانی من سەرکردە و جەنگاوەر و ڕابەری باش ئەو سەرکردەیە، کە ئەقڵی ناوەستێ لە چرکەساتە سەخت و یەکلاکەرەوەکاندا).  بارزانی لە دۆخە سەختەکاندا جگە لەوەی جەنەراڵێکی سەربازی بوو، لە ھەمانکاتدا سیاسییەکی دوربین بوو، خوێندنەوەیەکی واقیعی ھەبووە بۆ دۆخی سیاسی ئەو سەردەمە. بۆیە توانی سەرکردایەتی جەنگی ( بوون) بکات. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بارزانی ھەیبەتی شەخسی ھەبوو، کە خەسڵەتی ڕابەرە مەزنەکانە.  بارزانی سەرکردەیەک بوو، عەشقێکی گەورەی بۆ کوردستان ھەبوو، بۆیە گەلی کوردستان خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ مستەفا بارزانی ھەیە، ھەڵەی گەورەئەوەیە ئەم وێنە و وێنای بارزانی یە لەماڵی نەتەوەدەربھێنیت بۆماڵی حیزب ، چونکە ئەو لە رۆحی نەتەوەدایە.


پەیكار عوسمان شیخ مەحمو ئەزانیت کێیە، چونکە حیزبێکی نیەو نەبراوەتە ناو شەڕو ململانێ ی سوڵتەو بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیاوە.. ئیتر نەشکراوە بە بتێکی موقەدەس، یان بە شەیتانێکی لەعنەتیی. بەڵکو وەکو مرۆڤێکی ئاسایی، باس لە باشییەکانیشی ئەکرێ و باس لە کەموکوڕی و هەڵەکانیشی ئەکرێ و دنیاش کاول نابێت! بەڵام مەلامستەفاو مامجەلال و کاك نەوشیروان و ئاپۆو قاسملۆ.. ئەمانە هێشتا نازانین کێن و حەقیقەتیان ونە. چونکە حیزبیان هەیەو براونەتە ناو شەڕی سوڵتەو بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیاوە.. ئیتر لە مرۆڤی ئاساییشەوە کراون بە خوایەك بۆ پەرستن، یان بە شەیتانێك بۆ نەفرینکردن. لەکاتێکا ئەمە بۆ شێخ مەحمو وانیەو کەس ئەوی لێنەبووەو بە خواو کەسیش ئەوی لێ ی نەبووە بە شەیتان!  جا ئەوانەی کە ئەبرێنە ناو شەڕو ململانێ، ئیتر قسەکردنیش لەسەریان ئاسایی نیەو کاتێ باسی ئیجابیاتیان بکەیت، پیاهەڵدانە یان وا وەرئەگیرێ. کاتێ باسی سلبیاتیان بکەیت، دژایەتییە یان وا وەرئەگیرێ. ئیتر هەموو قسەیەك لەبارەیانەوە، ئەبێتە بەشێك لە شەڕەکە، نەك بەشێك لە حەقیقەت و بابەتی گفتوگۆو لێکۆڵینەوە بۆ زانین.  لێرەشدا یارو نەیار، هەردوکیان بە هەمان ئاست، لەم کەسانەو لە حەقیقەتیان داوە. چونکە هەم خوایاندن لە مرۆڤبوونیان ئەخات، هەم شەیتاندن. لە هەردو باردا ئیتر تۆ لە بەردەم مرۆڤێکدا نیت و لەبەردەم بابەتێکدا نیت بۆ زانین، بەڵکو لەناو شەڕێکدایت بۆ لایەنگیریی و بۆ بردنەوە! هەر سەرکردەیەك بەس حیزبەکەی خۆی یادی بکاتەوە، ئیتر یان حەجمی هەر ئەونەیەو لەوە زیاتر نیە. یان غەدری لێکراوەو بچوكکراوەتەوە بەقەت حەجمی حیزب. هەر حیزبێکیش سەرکردەکەی بە گەورەتر لە حیزب ئەزانێت، ئەبێ لە حیزبا  کەلەبچەی نەکاو ئا لێرەدا هەر یادی نەکاتەوە، زۆر باشترە لەوەی کە حیزبییانە یادی بکاتەوە! هەر سەرکردەیەك بەس حیزبەکەی خۆی یادی بکاتەوە، ئیتر دووجار غەدری لێکراوە. جارێك کە ئەبرێتە ناوچەی پیاهەڵدان، جارێکیش کە ئەبرێتە ناوچەی داشۆرین، هەردوکیشی لەسەر حسابی حەقیقەت. ئیتر ساڵەکان و یادەکان دێن و دەڕۆن و لە وێنەکەی ئەوان، بەس دوو گۆشەی ڕەش و سپی دیارەو منوتۆش هەر نەمانزانی حەقیقەتی کۆی وێنەکەی ئەوان چیە! باشترین نمونەش بۆ ئەم دۆخەی ونبوونی حەقیقەت، حاڵەتی نوسەریی سەرکردەکانە. مەسەلەن کتێبەکانی ئاپۆ، لەملاوە ئینجیل و کتێبی پیرۆزی ئاپۆچییەکانە. لەولاوە بە حوکمی ململانێکە، بۆ خەڵکێکی تر، هەر مەوزوع نیەو ئا لێرەدا ڕەنگە ئەوروپییەکان زیاتر ئاپۆ بخوێننەوە وەك لە کوردەکان! ئەوەشی کە باجەکەی داوە، ئاپۆی نوسەرە. چونکە چ لە دۆخی کتێبی پیرۆزداو چ لە دۆخی کتێبی پەراوێزخراودا، ئیتر فیکرەکە ناگاو لە هەردو باردا عەقڵ غائیبە. جارێك عەقڵ غائیبە بە حوکمی عاتیفەو تەقدیس. جارێکیش عەقڵ غائیبە بە حوکمی تەحەفوزو هەڵوێستگیری و ڕەتکردنەوەی پێشوەخت.  ١- بۆ دەرچوون لەو دۆخە حەقیقەتکوژەی ناو شەڕو ململانێکان، گرنگە لە ئاستی تاكدا، ئیتر منو تۆ گوێ لە چیرۆکی یارو نەیار نەگرین. یان گوێ لە هەردوکیان بگرین و بە میزانی زانست و عەقڵ و ویژدان، حەقیقەتی سەرکردەکان، لە خاڵێکی سێیەمدا بدۆزینەوەو لەو دوو چاڵە تاریکە ڕزگاری بکەین. هەڵبەتە ئێمە لە دەرەوەی یارییەکەدانین و سەرکردەکانیش لە دەرەوەی ئێمەدانین و لێرەدا باس لە بابەتیبوونێکی خەیاڵی نیە، کە وەکو ڕۆبۆت مامەڵە لەگەڵ بابەتی لێکۆڵراودا بکەین. نەخێر ئێمە ئینسانین و واقع لەناوماندایەو خۆشمان لەناو واقعداین و ئەنواع مەیل و هەست و لایەنگری و بەشداریمان هەیەو خۆشمان خەڵکی ئەو وڵاتەین و یاریزانین، نەك خەڵکی ئەرجەنتین و تەماشاکەر.. یەعنی ئاساییە مەیلێکت بۆ ئەمیان هەبێ و بۆ ئەویان نەتبێ.. بەڵام ئاسایی نیە مەیلە هەستییەکانت سەرخەیت بەسەر مەیلە عەقڵییەکانتاو لە ئینسانێکی ئازادەوە ببیتە کۆیلەیەکی دۆگماو بکوژی حەقیقەت. هۆشیارییش نەفیکردنەوەی مەیلە عاتفییەکانت نیە، بەڵکو کۆنترڵکردنیانە، بەقەت ئەوەی کە حەقیقەتی شتەکەو ئینسانییەتی خۆت ئەیخوازی!   ٢- لە ئاستی گشتیشدا، وەکچۆن ڕۆژێك و مۆنۆمێنتێك هەیە بۆ شەهید، وا چاکە ڕۆژێك و مۆنۆمێنتێکیش دانرێ بۆ سەرکردە. ئیتر بە یاسا، هەموویان پێکەوە لە یەك ڕۆژداو لە یەك شوێن و مەراسیمدا یادبکرێنەوەو هەمان گوڵ لەسەر هەموویان دانرێت. هەموو یادو ڕۆژێکی تری غەیری ئەمەش قەدەغە بکرێ، بۆئەوەی چیتر سەرکردەکان، بۆ خۆیان لە ڕەمزی حیزبەوە ببنە ڕەمزی نیشتمانی. بۆ ئێمەش لە کەرەستەی پەرتکردن و بەرهەمهێنانی ڕقەوە، ببنە کەرەستەی پێکەوەژیان و کۆکردنەوەو تۆلێرانسی سیاسی. هەڵبەتە ڕۆژەکە بێلایەنبێ و ڕۆژی هیچ یەکێکیان نەبێ فەرزکرێ بەسەر ئەوانیتردا.. شوێنەکەش بێلایەنبێ و گۆڕی هیچیان نەبێت.. ڕەنگە شتێکی نائاسایی بێت، کابرا لە ڕۆژێکدا مردوەو تۆ لە ڕۆژێکی تردا یادی بکەیتەوە.. بەڵام بۆ دۆخی پەرت و داڕزاوی ئێمەو بۆ دەرچوون لەو زەلکاوی ڕق و خۆخۆرییە، ئەبێ شتی نائاسایی و نەکردە بکەین! دواتر لە یادکردنەوە گرنگتر بیرکردنەوەیە. ئێمە لەناو یادەکاندا خۆمان و شتەکەشمان ونکردوەو ئەبێ لەناو بیرکردنەوەدا خۆمان و شتەکەش بدۆزینەوە. لەبری یادکردنەوەی شتەکان، گرنگە بیرێك لە شتەکان بکەینەوە. حەقیقەت لەناو بیرکردنەوەدا لەمس ئەکرێ و لە شوێنێکی ترەوە ناتوانین بەریکەوین. "یاد" هەر ئەمانباتەوە ناو تەقدیسکردن و نەفرینکردن. بەڵام "بیر" ئەمانباتە شوێنێك کە لانیکەم ئیتر لەوێدا بێ ڕێزی بە شتەکەو بێ ڕێزی بە یەکتر نەکەین لەسەر شتەکە. هەر ئەونەش بەسە بۆ حەقیقەتی ئینسانیی خۆمان، ئەگەرچی نەشگەین بە حەقیقەتی بابەتە بیرلێکراوەکە!


رێبوار عەلی  بۆ وەڵام ئەم پرسە گرنگە،شیکاریی زۆری دەوێت! بەڵام کەسێک لە دوای ساڵی ١٩٩١ وە لە کوردستاندا ژیابێت و لێی دوور نەکەوتبێتەوەو دەستوپەنجەی لەتەک یەکێتی و پارتی نەرمکردبێت،بە ئاسانی وەڵامی دەست دەکەوێت،کەدەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان ھەرچییەک بووبێت،دیموکراسی نەبووە،چونکە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی  دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتە،کە ئەوانە نەیان کردووە. ئەم کارەشیان لە رێگەی سێ پیلانی وردومەحکەمەوە ێەنجامداوە:- ١- فرتوفێڵ و تەزویر لە ھەڵبژاردنەکان. ٢-یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسیەکان،بەھێزی چەکداریی. ٣-گەندەڵی و فەساد،لە بەڕێوەبردنی ھەرێمەکەدا. پارێزگاریان لە دەسەڵات و مانەوەی خۆیان کردووە.کەواتە بە دڵنییاییەوە،دیموکراس و لیبڕاڵ نەبوون. دەسەڵاتێک بەتامی دیکتاتۆریی: دیکتاتۆریی سیستمی فەرمانڕەوای پۆلیسیی و مانەوەیە لە دەسەڵاتدا تائاستی بۆگەنکردن و گەندەڵبوونی رەھا. باری دیکتاتۆریی، نواندنی جۆراوجۆری ھەیە ،ئەوەی کوردستان  لە مۆدیلی فەرمانڕەوابنەماڵەییەکانی نیودورگەی عەرەبییە،بە دیوەخراپەکەیدا... ٣٠ ساڵ شەڕی ناوخۆو گەندەڵیی. ٣٠ ساڵ دەتاودەستنەکردنی دەسەڵات. ٣٠ساڵ فرتوفێڵ لە ھەڵبژاردن. ٣٠ ساڵ شکڵی بوونی دامدەزگای دیموکراسی. ٣٠ ساڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان،کە بەخوێنی سەد ساڵ قوربانی دانی گەلێکی چەوساوە بەدی ھاتبوو. ٣٠ ساڵ رەفتارو کردار و کلتوریی نامرۆڤانە. ئەمە پوختەی ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە! لەناوچەکەدا واباوبووە،ھەر ٣٠ساڵێک جارێک گۆڕینی نەخشەی سیاسی بووە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمیەکان  بەوردی لە ناوچەکەدا پەیڕەویانکردووە،بەتایبەت لە ھەرێمێکی مۆلەقدا ئەم ئاڵوگۆڕکێیە ئاسانترە. بادەسەڵاتدارانی ھەرێم چەندساڵێکی تریش بەرگەبگرن،بەڵام ناڕەزایی میللەت لەلایەک و لەلایەکی ترەوە لە گەڵ یەکەم  جوڵانی دامەکەدا دەکەون ! بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کێن ئەو ھێزانەی جێگەیان دەگرنەوە؟ ھەرێمی کوردستان لە ناو نەخشەی سیاسی ھەریەک ئەمریکا و ئێران و تورکیادایە،ئەوان ھەتاکو ئەم ساتەش بڕیارە چارەنوسسازەکانی عێراق و کوردستان یەکلادەکەنەوە،دوابڕیاری سیاسی لەم ھەرێمەی ئێمەدا لەدەستی ئەواندایە و وەک کارتی فشار لە ناو سێگۆشەی  (ئەمریکا-ئێران-تورکیا)دا بەکار دەھێنرێت. لەناو ھەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی عێراقیشدا،ھێزێکی گەورەی نیشتمانی نیە ،لەدوای گۆڕانکاریەکان دەستبگرێت بەسەر بارودۆخەکەدا و ھاوڵاتیانی وڵاتەکە متمانەی پێبکەن،چونکە ئۆپۆزسیۆنەکەی لاواز و پەرتەوازەیە. ناچار ھێزە نێودەوڵتی و ھەرێمایەتیەکان لەسەر لایەن و کەسانێک مامەڵەدەکەن  کە بەرژەورندی ھاوسەنگی ئەوان بپارێزێت،دورنیە ئەوانیش ھێزێک ھەڵبژێرن بتوانێت لە رووی سەربازی و ئابوریەوە جێگەی یەکێتی و پارتی بگرێتەوە! کەواتە قۆناغە نوێیەکە بۆ داھاتوو،ھەم ھێزی ئامادەکراوو ھەم ھێزی خاوەن پێگەی جەماوەری و ئایندەسازی دەوێت ،کە نیشتمان بەرەو لەنگەری ئارامی ببات و شوێنەواری ٣٠ساڵ دیکتاتۆری  دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی یەکێتی و پارتی بسڕێتەوە. یەکەم دەرکەوتنی ئەو ھێزەش ،لایەنی کەمی دەبێت جیاوازبێت لە یەکێتی و پارتی و ھەرگیز نمونەی ئەوان دووبارەنەکاتەوە. -لە سیستمی حیزبایەتی. -لە شێوازی فەرمانڕەوایی. -لە ئاکارورەفتاری کوردایەتی. -لە ئەقڵی بنەماڵەیی و میراتگری سیاسی. رێبوار  عەلی


توانا ئەمین ئەگەرچی ئازادی تێدا نییە و لەسەر پۆستیکی فەیسبووک ٦ ساڵ چالاکوانێک حکوم دەدات، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەولێر دەگەشێتەوە؛ گەورەترین نەخۆشخانە، گەورەترین زانکۆ، گەورەترین ستادیۆم و یانەی وەرزشی، زۆنی گەورە و پەناگەی ئاژەڵان، باخچەی زەبەلاح و پارک و ئەکواپارک، بێشومار سەرمایەگوزاری بیانی، زۆرترین هۆتێلی چەند ئەستێرەیی، بوژاندنەوەی ناوچەی گەشتیاری، جادەوبان... جادەوبان... جادەوبان...  شەقامی ۱٥٠ مەتری دروست کردووە وا دەچێت بۆ ۲٠٠ مەتری و پشتێنەی سەوز بەدەوری شارەکەدا دروست دەکات، کەچی تۆ لە سلێمانی گەورەترین شەقامت شەست مەترییە کە سەدام حسێن دروستی کردووە. ئەم شتانە بۆ وان؟ ئەوەی نوێنەری یەکێتییە لە حکومەت قوباد تاڵەبانییە کە بە گەرموگوڕییەکی بێ وێنەوە دەستی هەیە لە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی زۆنی زەرد و هەولێردا، بەڵام لەدوای کۆنگرەی حیزبەکەیەوە یەک هەنگاو نـــا! نیو هەنگاو بۆ ئاوەدانی سلێمانی نانێت لە ڕقی لاهوری ئامۆزای! ململانێی ئەم جووتە ئامۆزایە شتێک نییە بە پێکەنین و زەردەخەنەی بەر کامێراکان لە خەڵک بشاردرێتەوە. هەرچی لاهوری شێخ جەنگیشە حەسمی و کەللەڕقە، ئیشی حکومەت بە ئیشی خۆی نازانێ و بەیانی تا ئێوارە خەریکی شەنوکەوکردنی حیزبەکەیەتی و لە داوێنی دەیبڕێ و دەیداتە تیرۆژوی. ئەی بافڵ تاڵەبانی؟ کاک بافڵ ڕۆحەکەیە و خەریکی پرۆژە بازرگانییەکانی خۆیەتی و حەقی هیچی نییە، بۆیە وەک دەیبینن وردە وردە بەکۆچی پێچەوانە؛ سلێمانی لە شارەوە دەبێتەوە بە لادێ.


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا     ئه‌سته‌مه‌ تیۆرێ، یان میتۆدێكی فكریی دیاریكراو هه‌بێت كه‌ تیایدا ستایشی سیاسه‌ت بكات وه‌ك كایه‌ی فه‌زیڵه‌ت و چاكه‌خوازی، یان به‌های چه‌سپیو و رێسای رێزلێگیراوی كۆمه‌ڵگه‌یی كه‌ سه‌ر به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقن.     سیاسه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌روه‌ك زانای سیاسیی ئه‌مریكی، دیڤید ئیستۆنDavid Easton(1917-2014ز)، ده‌یڵێ، "وابه‌سته‌ی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و سامان و به‌ڕێوه‌بردنیان"، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژێرخانی سیسته‌مه‌، یان سه‌رچاوه‌ی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌ له‌نێوان حوكمڕان و حوكمكراودا، ئه‌وا زۆركات وێنه‌یه‌كی پڕ له‌هه‌ڵكشان و داكشانی هه‌یه‌. ناسه‌قامگیریی ئه‌م وێنه‌یه‌و زۆرجاریش زاڵبوونی خراپه‌كارییه‌كانی سیاسه‌ت و ئه‌زموونه‌ تاریكه‌كانی به‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانیدا، واده‌كه‌ن كه‌، له‌كۆتاییدا، سیاسه‌ت، كایه‌یه‌كی پڕ ململانێ، مه‌ترسیدار، هه‌ندێجاریش خوێناوی و تراژیدی بێت!.     ئه‌وانه‌ی كه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌نه‌ پیشه‌، زۆرجار گیرۆده‌ی ئه‌م وێنه‌ خۆڵه‌مێشییه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت ده‌بن و كه‌م جاریش هه‌یه‌ نه‌بنه‌ قوربانی!، یان لانیكه‌م، نێوبانگیان نه‌شكێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر براوه‌ش بن!. سیاسه‌ت خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كایه‌ی ململانێ و هێزه‌، بوار نادات، هیچ سیاسییه‌ك هه‌ڵبكه‌وێت كه‌ تا سه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی ئه‌و، بكه‌ر بێت. ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كه‌ ویستبێتیان ره‌هه‌ندی ئه‌خلاقیی سیاسه‌ت به‌هێز بكه‌ن، یان، لانیكه‌م، ئه‌م چالاكییه‌ مرۆییه‌ بكه‌ن به‌نێوه‌ندی ئاشتكردنه‌وه‌ی ئایدیاڵه‌ مرۆییه‌ باڵاكان له‌گه‌ڵ ده‌سكه‌وته‌ كاتی و قۆناغییه‌كاندا، یان ئیراده‌ی هێزو زلهێزه‌كاندا، دره‌نگ یان زوو، شكستیان هێناوه‌، یان سه‌ری خۆیان تیا چووه‌!، یان به‌ نائومێدی سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌!. سیاسه‌ت، ئیتر ئاوایه‌و هه‌رواش بووه‌!، هه‌ندێجار، له‌(قومار) ئه‌چێت، براوه‌و و دۆڕاوی گه‌وره‌ی تیایه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌مۆركی(قومار)دا ئه‌مێنێته‌وه‌: ئه‌وه‌ی، هه‌ندێجار، مومكین بێت ته‌نها شوێنگۆڕكێی (دۆڕاو) و (براوه‌)كانه‌و هیچیتر.    ته‌نانه‌ت زانست و مه‌عریفه‌ی سیاسی، بۆ كایه‌ی سیاسه‌ت و حوكمڕانان، له‌گه‌وهه‌ردا، بۆ ئه‌وه‌ نین حوكمڕانییه‌كی باشتر به‌ڕێوه‌ببرێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌ستووركردنی هه‌ژموون و هێزی زیاترن."نیچه‌"ی فه‌یله‌سوف(1844-1900ز)، ئه‌و نهێنییه‌ی رووت كردبووه‌وه‌ كه‌ خودی زانینیش ده‌شێت بچێته‌ خزمه‌تی هێزو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌!. ئه‌و، به‌ساده‌یی، ئه‌یپرسی:"بۆ ئه‌مانه‌وێ بزانین؟ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بین". لای نیچه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتۆنیزم و مه‌سیحییه‌ته‌وه‌، به‌هێزبوون خۆی، فه‌زیله‌ته‌!. لای ئه‌و، لاوازه‌كان، له‌م جیهانه‌دا، جێیان نابێته‌وه‌، ئه‌خلاقیش، داواكاریی لاوازه‌كانه‌!.    سیاسه‌ت، به‌م پاشخانه‌ فكرییه‌وه‌ كه‌ هێشتا، لانیكه‌م، له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌لۆژیكی یاسای دارستان، ره‌واجی هه‌یه‌، له‌كۆتاییدا، یان ئه‌وه‌تا سیاسه‌تمه‌دارانمان بۆ ده‌كاته‌ سته‌مكار، یان قوربانی، یان نائومێد!.    سیاسه‌تمه‌داری كورد، له‌په‌یوه‌ندیدا، به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا، به‌شه‌ قوربانییه‌كه‌ی جیهانی سیاسه‌ته‌، چونكه‌ سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ قه‌واره‌و دابه‌شكراوه‌. كه‌م سیاسیی كورد، له‌م ئاسته‌دا ده‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ دواجار، نه‌بووبێته‌ قوربانی، یان به‌ ناكامی سه‌ری نه‌نابێته‌وه‌. مێژووی یه‌ك سه‌ده‌و نیوی كورد، مێژووی له‌سێداره‌دان، تیرۆركردن، گرتن و كوشتن، سه‌رنانه‌وه‌ی سیاسییه‌كانێتی به‌ نائومێدی!. له‌شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموده‌وه‌ بیگره‌، تا قاسملۆ، مه‌لا مسته‌فا، مام جه‌لال، نه‌وشیروان مسته‌فا. له‌زیندووه‌كانیش، ئاپۆو دیمرتاش و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی ترى باكور.             


عادل باخه‌وان ئه‌و هۆكارانه‌ی واده‌كه‌ن كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانی  سیستمی ئه‌نته‌رناسیۆنال خۆیان بۆ داهاتویه‌كی ترسناك له‌ عێراقدا ئاماده‌بكه‌ن، به‌ كورتی ئه‌مانه‌ی خواره‌ون : ١. جه‌نگی براكوژی نێوان شیعه‌كان  ٢. به‌ بارمته‌گرتنی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ میلیشیاییه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا ٣. ئیفلاسی ژێرخانی ئابوری عێراق له‌ نزیكه‌ مه‌و‌دادا ٤. به‌سیستمه‌بوونی گه‌نده‌ڵی، واته‌ گه‌نده‌ڵی به‌رهه‌می تاكێك یان گروپێك نیه‌، به‌ڵكو ته‌واوی سیستمی پاش سه‌دام له‌ سه‌ر پرانسیپی گه‌نده‌ڵی بیناكراوه‌ ٥. گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و ئاماده‌یی به‌هێزی تیرۆریزم وه‌ك گوزارشت له‌ ئیراده‌ی چه‌ندی چینی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌راوێزخراو ٦. به‌كارهێنانی عێراق له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ وه‌ك كارتێكی فشار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكادا ٧. كشانی سه‌ربازیانه‌ی توركیا به‌نێو خاكی عێراقدا و دروستكردنی زیاتر له‌ سی و دوو سه‌ربازگه‌ی هه‌میشه‌یی و هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ په‌لاماردانی شه‌نگال و موسڵ ٨. گرێبه‌ستی نوێی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی خاكی عێراق له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه‌ ٩. مه‌ترسی ڕه‌دكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر و گلان به‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆ وه‌ك سودان و كۆنگۆ و ساحیلی عاج و ... ١٠. خۆڕادیكاڵیزه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و په‌رینه‌وه‌ بۆ لۆژیكی شۆڕش ١١. به‌هێزبوونی خواستی سه‌ربه‌خۆییگه‌رایی لای پارێزگا نه‌وتیه‌كانی باشور و چه‌ند گروپێكی به‌هێزی سوننه‌ی ناڕازیی له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غداد ١٢. نه‌بوونی پرۆژه‌یه‌كی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ دریژخایه‌نه‌كانی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر كۆی ئه‌م هۆكارانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ پایته‌خته‌ گه‌وره‌كانی جیهان، چه‌ندین بازنه‌ی ئیداره‌كردنی قه‌یران بۆ عێراق دروستبكه‌ن و خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده‌بكه‌ن. ئه‌م پایته‌ختانه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ له‌ نزیكه‌ مه‌ودادا عێراق  : -ببێت به‌ كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تیرۆریزمێك كه‌ ببێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌ -ببێت به‌ كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تاوانكاریی سنوربڕه‌وه‌ -ببێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌سه‌ر سیستمی ئابوریی جیهانه‌وه‌ -ببێت به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕێشه‌ بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاتانی دراوسێوه‌ -ببێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئێن جی ئۆ و ڕۆژنامه‌نوسان و مافی مرۆڤه‌وه‌ كۆی ئه‌م مه‌ترسیانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ عێراق به‌ته‌نها گرفتی عێراقیه‌كان نه‌بێت، به‌ڵكو گرفتی هه‌موو جیهان بێت.


 زانا توفیق بەگ لە دوای کوشتنی قاشقچی لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ دا ، کاربەدەستانی ئەمەریکا  لە  ڕێگای ئەم کەیسەوە توانیان کۆمەڵی دەسکەوتی مادی لە بنەماڵەی شانشینی سعودیە کۆبکەنەوە بەبێ ئەوە هیچ بەهایەك بۆ ئاشکراکردنی کەیسی تیرۆرکردنەکەی قاشقچی دابنێن . وە هەوڵیاندا ئەم کەیسە بەشاراوەیی بمێنێتەوە هەتا دوای هەڵبژاردنی بایدن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ؟ بۆچی جارێکی تر ئەم کەیسە چالاك کرایەوە، وە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ بنەماڵەی شانشینی سعودیە بەوە تاوانبارکران کە بە فەرمانی ڕاستەخۆی شا محمد جێنشینی پاشای سعودیە ئەم ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە. کەیسی قاشقچی تەنها ڕەهەندێکی عەرەبی نیە بەقەد ئەوە ئێستا بۆتە ڕەهەندێکی جیهانی زۆربەی دەزگاکانی نزیك لە حکومەتی ئەمریکاو هاوکات ووڵاتی قەتەر و ئەوروپا ،بەشێوەیەکی زۆر شێلگیرانە ئەم کەیسە بەکار دەهێنن ، بۆ لاوازکردنی بنەماڵەی ئال سعود  بەتایبەتی لەلایەن کاربەدەسانی نوێ بایدن. وە زۆربەی هێماکان و ئاڕاستەکان بۆ جوڵاندنی ئەم کەیسە ئەنجامی ئەو پەیوەندیە سیاسی و بازرگانیە کە شا محمد جێنشینی سعودیە لەگەڵ ئیدارەی ترامپ دا هەیبووە ، وە بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ لەکاتی هەڵبژاردەکانی ووڵاتی ئەمریکادا پشتگیری هەڵبژاردنەوەی ترامپیان دەکرد . جگە لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەسەردەمی ترامپدا لەگەڵ ووڵاتی سعودیە کرا . وە هەندێ لە کاربەدەستانی کۆنی دیموکراتەکان و ڕۆژنامەنووسەکان دەڵێن هە موو ئەو ڕێکەوتنانەی ترامپ واژۆی کردوە ، بۆ بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا ترامپ بووە، بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ پشک و دەستکەوتی دارای هەبووە ،وە قانجازێکی گەورەی بەو کۆمپانیا یە گەیاندوە کە نزیك بوون لە خۆیە وە . هاوکات لە ڕێگای رێکەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کراوە بۆ داپۆشینی کەیسەکە ، وە  تورکیا لە بەرامبەر ئەم ڕێکەوتنە ژێربەژێرە دا ، کۆمەڵی فشاری سیاسی لە بەرامبەر ئەمریکا و سعودیە بەکارهێناوە بەتایبەتی لەسەر ڕووداوەکانی لیبیا و ، وە پشتکردنە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە. ڕەهەندێکی تری ئەم کەیسە پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە هەیە ، کە لەسەردەمی ئیدارەی ترامپدا  ڕێکەوتنی سەربازی بازرگانی  لەگەڵ ووڵاتانی کەنداو واژۆ کرد. بەپێ دیدی هەندێ لە چاودێرە سیاسیە ئەوروپێکان و هەندێ ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەنووسان . دەلێن ئەو ڕێکەوتننامەی نێوان بەشێك لە ووڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی سعودیە گوڕینی نەخشەی سیاسی وسەربازی و بازرگانی بووە ، دەرئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی تەنها دەوڵەتی ئیسرائیل کۆتایی هات . بەپێ ئەو ڕێکەوتنە هێزی بازرگانی دەوڵەتی ئیسرائیڵ لە ناوچەکەدا زیادی کردوە . بە تایبەتی کردنەوە چەند دەروازەیەکی بازرگانی لە نێوان ووڵاتی میسر و ئەردون و کەنداودا، ئەمەش وا دەکات ، بەرژەوەندێکانی ئەوروپا و بەتایبەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کەم بکاتەوە ، بۆیە لە ئێستادا بایدن دەیەوێت لە ڕیگای دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی قاشقچی پەیامێکی ڕاستەخۆ بدا، بە ووڵاتی سعودیە جارێکی تر سەرلەنوێ نەخشەیەکی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا دابڕێژێتەوە.    بتوانێ هەندێ دەستکەوتی مادی لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی نزیك لە بایدن و دیموکراتەکان  مسۆگەر بکات لە داهاتوودا . وە پشکەکانی ترامپ لە ناو نەخشەی نوێ دا  نەمێنی، وە باشترین فشار لە ئێستادا هەڵدانەوەی کەیسی قاشقچیە چۆنکە بەپێ یاسا نێو دەوڵەتێکان ووڵاتی سعودیە دەوکەوێت ناو قەیرانێکی یاسایەوە ،چۆنکە پێشتر ووڵاتی سعودیە واژۆی لەسەر ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی کردوە لەبەرامبەر ڕیزگرتن لە ئازادیە سیاسی وبەرەنگار بوونەوەی تیرۆر بەپێ بڕگەکانی میپاقی نەتەوە یەکگرتووەکان سعودیە تووشی لێپێچینەوە یاسای و سیاسی دەبێت.  وە ناتوانی بەشێوەیەکی ئاسان لەم کەیسە سیاسیە رزگاری بێت وە هەمیشە هەر دەوڵەت و بنەماڵەیەکی سیاسی بکەوێتە ناو چوارچێوەی یاسانێودەوڵەتێکان لە بەرامبەر کاری تیرۆری سیاسی ئەنجامەکەی بە لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسی ووڵاتەکە کۆتایی دێت . باشترین نمونە کەیسەکەی عمرحەسەن بەشیری سودان کە لەپاشا چەندین ساڵ بەردەوام ملاحەقاتی یاسایی دەبووە ، لە لاهای تەنانەت نەیدەتوانی لە چوارچێوەی ووڵاتی سودان بێتە دەرەوە وە لە دەرئەنجامدا سەری خوارد. 


د. كامه‌ران مه‌نتك  له‌و رۆژانه‌دا زۆر رووداوی مێژوویی گرنگ رووده‌ده‌ن، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ میدیاكانی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ئاستی ئه‌و رووداوانه‌ نین، به‌تایبه‌تیش میدیاكانی باشوور، كه‌ زۆرینه‌یان پابه‌ندی حزبه‌كانن و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبه‌كانیان ریگایان پینادات راستیه‌كان بدرێكن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ له‌باشوور هێنده‌ زۆربووه‌، كه‌ سانسۆرێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كان، له‌وانه‌ش میدیاكانی هه‌ریم دروست كردووه‌، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌داخه‌وه‌ له‌ئاستی پێویست و گه‌وره‌یی رووداوه‌كان نیه‌و زیاتر خه‌ریكی شه‌ڕه‌ دندوكی ناوه‌خۆن. له‌ به‌ره‌به‌یانی 10 ئه‌و مانگه‌دا، دوای ماوه‌یه‌ك له‌هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه‌، هیزه‌كانی توركیا په‌لاماری چیای گاره‌یان دا و هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هه‌موو پێشبینه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوو، كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستدێنێت، چونكه‌ له‌رووی چه‌ك و تفاقی جه‌نگیه‌وه‌ هیچ به‌راوردێك له‌نێوان هێزی توركیاو هێزی گه‌ریلاكان ناكرێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌خۆو ده‌ره‌وه‌ له‌رووی سیاسیه‌وه‌ پاڵپشتی توركیا ده‌كرێت و گڵۆپی سه‌وزی بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی  PKK  ی بۆ داده‌گیرسێنرێت.  به‌ڵام دوای ته‌نیا چوار رۆژ، واته‌ له‌ 13 هه‌مان مانگدا توركیا هه‌واڵی وه‌ستاندنی شه‌ڕی راگه‌یاندو به‌ بێده‌نگی هێزه‌كانی خۆی كشانده‌وه‌. له‌راستیدا توركیا هێزه‌كانی نه‌كێشایه‌وه‌و وه‌ك رایانگه‌یاند ئه‌ركه‌كه‌یان ته‌واو نه‌كردبوو، به‌ڵكو توركیا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ بووه‌و وه‌ك ده‌ڵێن سه‌ری دای له‌به‌ردی چیای گاره‌. ئه‌وه‌ی له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌متر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كرا، چه‌ند گه‌ریلایه‌ك نه‌ك توانیان سوپای توركیا بووه‌ستێنن به‌ڵكو زۆر به‌خراپی تێكبشكینن و زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كه‌یان ده‌كرد، زۆر به‌خێرایی له‌ناوبران و كوژران، كه‌ ئه‌مه‌ ئیراده‌ی سوپای توركیای به‌ته‌واوی تیكشكاندو توانای به‌رده‌وامكردنی شه‌ڕه‌كه‌ی لانه‌هێشت، ژماره‌ی كوژراوه‌كانی توركیا زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی هه‌ردوولا باسی ده‌كه‌ن، له‌راستی پارتی كریكارانی كوردستانیش له‌به‌ر نه‌وروروژاندنی رای گشتی توركیا ژماره‌ی زۆری كوژراوه‌كانی  سوپای توركیا راناگه‌یه‌نێت، واته‌ جۆره‌ رێكه‌وتنێكی رانه‌گه‌یه‌نراو له‌لاه‌ین PKK و حكومه‌تی توركیا هه‌یه‌، كه‌ راستی ژماره‌ی كوژراوه‌كانی توركیا رانه‌گه‌یه‌نن، یاخود PKK  رایناگه‌یه‌نێت و توركیاش خۆی لێبێده‌نگ ده‌كات!.  وه‌ك له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی PKK  هاتووه‌ ‌، نزیكه‌ی بیست فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و 41 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌رو سه‌دان سه‌ربازو هێزی تایبه‌تی توركیا به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌یان كرد، به‌شداریكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌فڕۆكه‌ واتای گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌و ترسناكی ستراتیژی توركیا بووه‌ له‌و شه‌ڕه‌، كه‌ پێموایه‌ هه‌وڵیكی شكستخواردووی توركیا بوو بۆ فراوانكردنی قووڵایی ئه‌و پشتێنه‌ ئاسایشه‌ی له‌رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ تا ده‌گاته‌ دوا خاڵی هه‌ژموونی توركیا له‌ ئێراق، واته‌ زینی وه‌رتێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستی هێنا، ئه‌نجامدانی شه‌ڕێك به‌رامبه‌ر هێزیكی له‌و جۆره‌ و شكاندنی هێرشیكی له‌و شێوه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی دوو خاڵی گرنگه‌: 1- بوونی ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین و گیانێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌بن نه‌هاتوو. 2- ئاستێكی به‌رزی شه‌ڕی پارتیزانی، به‌شێوه‌یه‌ك دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ نه‌توانیت به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت!. توركیا له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌موو جۆره‌ چه‌كیكی به‌كارهێناوه‌، وه‌ك له‌راگه‌یه‌نراوه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی PKK  داهتووه‌،‌ سوپای توركیا به‌چه‌كی كیمیاوی هێرشی كردۆته‌ سه‌رئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی، ژماره‌یه‌ك له‌دیله‌كانی توركیای تیابووه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی هه‌مان به‌یاننامه‌ ژماره‌یان 13 كه‌س بووه‌، له‌گه‌ڵ گیراوێكی تری باشووری كوردستان و 6 گه‌ریلای تیابووه‌، پاسه‌وانی دیله‌كانیان كردووه‌، هه‌موویان كوشتووه‌ پاشان بۆئه‌‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و تاوانه‌ بشارێته‌وه‌، به‌چه‌كی تر، واته‌ به‌گوله‌ له‌ جه‌سته‌ی دیله‌كوژراوه‌كانی داوه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ پێویسته‌ سروشی لێوه‌ربگیرێت و كورد له‌هه‌موو پارچه‌كان وه‌ك ئه‌زموونێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ سوودی لیوه‌ربگرێت، ته‌كنیك و ته‌كتیكی ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌ پێویسته‌ له‌ ئه‌كادیمیا سه‌ربازیه‌كان بخوینرێت و گه‌نجانی كورد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن، هاوكات ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ كورد چیتر ناكرێت به‌ بچووكیه‌وه‌ سه‌یری خۆی بكات و خۆی له‌ئاست دوژمناندا نزمتر ببینێت، ئه‌و شێوازه‌ به‌رگریه‌ مۆدیلێكه‌ پێویسته‌ درێژه‌و په‌ره‌ی پێبدرێت، هیوادارم ئه‌و شكسته‌ی توركیا ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چیتر بیر له‌چاره‌سه‌ری سه‌ربازی بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌كاته‌وه و توركیا و  PKK بچنه‌وه‌ سه‌ر مێزی دانوستان، له‌پێناو چاره‌سه‌ریه‌كی ره‌واو ئاشتیانه‌ی دۆزی كورد له‌باكووری كوردستان، توركیا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئابووری وڵاته‌كه‌ی له‌كوشتنی رۆڵه‌كانی خۆیدا به‌هه‌ده‌ر بدات، بۆ بونیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌كاریبهێنێت.


د. نیاز نەجمەدین  ئاشنا دەرگایەكی باشی بە رووی قسەكردن لە سكانداڵەكانی خوێندن كردەوە.  جیاوازی ئاشنا (كە مامۆستای زانكۆ نییە بەڵكو فەرمانبەرە بە ناونیشانی تێبینەر) و سەدان خوێندكاری دیكە ئەوەیە كە ئەم خۆی ددان بە راستییەكاندا دەنێت و ئەوانی دیكە ناینێن. واتە ئەگەر ئاشنایەك هەبێت، ئەوا سەدانی دیكە هەبوون و هەن.  من هیچ بەرگرییەكم لێی نییە و خوازیار بووم بە فشقیاتەوە قسە نەكات، بەڵكو لە لایەك داوای لێبوردن بكات و لە لایەكی دیكەشەوە رەخنەی ئەو سیستمە بكات كە هانی خوێندكار دەدات گزیی بكات.  فەزیحەكانی خوێندن لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا، وەك دەزگاكانی دیكە (لە خێزانەوە بۆ دادگا) زۆر لەوە زیاترن ئاشنا ددانی پیادا دەنێت. فەزیحە ئەگاتە ئەوەی پرسیار بدرێت بە خوێندكار، جیاوازیی لە نێوان خوێندكارێكدا كە مامۆستاكە بیەوێت لەگەڵ خوێندكارێكدا مامۆستاكە نەیەوێت ئەرز و ئاسمان بێت (یەكەمیان نانی دەكەوێتە رۆنەوە و دووەمیان قوڕ بەسەریدا كراوە). ئەم جیاوازییانە دەشێت لەسەر بنەمای نێر و مێ، ئینجا نێر و مێی باڵادەست بەرامبەر بەبێ دەسەڵات، تەنانەت لەسەر بنەمای عەقیدە و حزبایەتیی و خێڵایەتیی ئەنجام دەدرێن و زۆرجار نمرە دابەش دەكرێن. هێشتا ئەمەش كەمە كە من وتم. بۆ نمونە هەرگیز بیستوتانە پۆستێك لە زانكۆكاندا رابگەیەنن بە هەڵبژاردن كەسەكە پۆستەكە بباتەوە؟ یان كەسێكی سەربەخۆ و بێ لایەنتان بیستووە پۆستێكی پێ بدرێت؟ نەخێر، هەمووی مەركەزییەوە و هەمووی لە سایەی ئیتیفاقیەی حزبەكانە و دەبێت لە خۆیان بن، ئەمانەش كاردەكاتە سەر رەوتی خوێندن.   نە خوێندكار ئومێدێكی بە خوێندنە، نە مەنهەج بە كەڵكی شتێكی ئەو تۆ دێت، نە مامۆستا بە لێهاتویی جێی دەبێتەوە و ژیانێكی باشتر بۆ خۆی مسۆگەر دەكات. سیستمەكە بە چەشنێكە خراپترینەكان دەتوانن بیبەنەوە. سیستمەكە بە شێوەیەك چنراوە ئینتیمایەك بۆ مامۆستا یان خوێندكار دروست ناكات، بۆیە بە ئاسانیی گزیی ئەكەن.  پاشان با بپرسین ئایا تەنها لە نێوان خوێندكار و مامۆستا گزیكردن هەیە؟ لە كام پەیوەندییدا گزیكردن نەبووە بە نەریت؟ قوڕاوی كۆمەڵگەكە لە بنەوە شڵەقاوە و ئەوەی لە هەموو ئاستەكاندا ئەیبینین هیچی دیكەیە نییە جگە لەوەی خڵتە و پیسییەكانێتی و كەوتۆتە سەر ئاو. كێ گزیی ناكات؟ ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە گزیكردن لە پەیوەنیدییەكانی ئێمەدا وەك ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە. وەی لەو رۆژە جیلەكانی ئایندە سكانداڵەكانی جیلی ئێمە و جیلەكانی پێشووتر هەڵدەدەنەوە، دەبێت بەسەر چ زێرابێكدا بكەون؟ ئەو رۆژە دەبێت چەند بۆ جیلەكانی ئایندە بەئازار بێت كاتێك دۆكومێنتی پیسییەكانی ئێمەیان دەكەوێتە بەردەست، پیسییەكانی ئەو هەزاران كەسەمان كە كەسایەتیی خۆمان دۆڕاند و لەگەڵ پۆست و پلە و پارە و ئیغرائاتی بچوكی دیكەدا گۆڕیمانەوە و ئێستا و ئایندەی هەزارانمان پێوە سوتاند؟ سروشت زۆر ناعادلە ئەگەر دۆزەخێكی نەبێت بۆ سزادانی ئێمە. بەڵام هەیە، ئەوەتا زۆر كات لە دۆزەخدا دەژین بەو هۆیەوە لە ئینسانیبوون نزیك نابینەوە و دیوە حەیوانییەكەمان زاڵ دەبێت بەسەرماندا.     دوای چل ساڵ جەنگ و شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ و تاڵانیی، دوای ئەوەی ئەزانیت غەش بووە بە نەریت، تەنها شتێك كە سەیرە ئەوەیە تۆ لات سەیر بێت خوێندكارێك بڵێت گزیی و قۆپییەم كردووە. تۆش كە هەواڵێكی ناخۆش دەبینیت، زۆر دڵتەنگ مەبە، لێگەڕێ با پیسییەكان بێنە دەرەوە و لوتبەرزییەكانمان بشكێنن. پاشان لەناو سیستمەكەدا هێشتا سەدان مامۆستا و هەزاران خوێندكار هەن كە سەرباری كون و كەلەبەرەكان، ئامادە نین غەش بكەن و خۆیان ماندوو دەكەن، بەڵام كەس نایانبینێت و نابنە ماتریاڵی هەواڵ. بۆ ببن؟ میدیاكان بەدوای خواستدا دەگڕێن، چی لەمڕۆدا لە خەم و مەینەتی خواستی زیاتری لەسەرە؟


سەلاح رەشید بریاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە ٢٦/٢/٢٠٢١ دا دەربارەی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی سعودی لە کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی لە ٢/١٠/٢٠١٨ لە کونسولیەتی سعودی لە ئەستەمبوڵ، دەنگێکی هەمەلایەنەی زۆر خراپی نایەوە. هەمولایەک گوێیان بەوە راهاتبو، کە وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا، هەمیشە پشتگیری کوێرانەی هاوپەیمانەکانی خۆی کردوە، بێ رەچاوکردنی پرنسیپە سەرەکیەکانی مافی مرۆڤ و راست و دروستی کێشەکان، لە مێژوی ئەمەریکادا روی نەداوە کە ئەو وڵاتە پشتگیری باشترین و بەهێزترین  بەوەفاترین هاوپەیمانی خۆی نەکات، و ئەمە یەکەم جارە بوترێت ( بەهای مرۆیی ئەمریکی) لە پێش بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی و ئەمنیەوەیە. سعودیە، هاوپەیمانێکی بچوک و ئاسایی نیە و نەبوە بۆ ئەمریکا، بەڵکو قورسایی خۆی هەبوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و چاوساغی بوە لەم ناوچەیە و تەنها هێزی گەورەیە کە توانیوێتی وڵاتانی کەنداو کۆبکاتەوە و سەرپەشتیان بکات و وەک هاوپەیمانیەک دژ بە ئێران بوەستێت، هەروەها ئەمەریکا لە رێگای سعودیەوە پشتگیری مالی و سەربازی چەندەها و چەندەها وڵات و لایەن و گروپی کردوە و نەوتی سعودیە بەشێک بوە لە بەرژەوەندیە سەرەکی و ئیسراتیجیەکانی ئەمەریکا. پەیوەندیەکانی ئەمەریکا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٢ کە رێکەوتنێکیان مۆر کردوە، کۆمپانیە ئەمریکیەکان، دەستبکەن بە گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە سعودیە. تەنها لە سەردانی سەرۆکی جارانی ئەمەریکا ترامپ، لە مانگی مایسی ٢٠١٩ بۆ سعودیە، رێکەوتنێکیان مۆر کرد بە بەهای ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ کرینی چەک بۆ سعودیە. ئەمە نمونەیەکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. بریاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دژ بە ٧٦ لێپرسراوی ئاسایشی دیوانی محەمەد بن سەلمانی جێگری پاشای سعودیە، کە هەمویان لە تیمی پارێزەرانی تایبەتی ئاسایشی شا محەمەدن و هیچ جوڵەیەک و چالاکیەک ناکەن، بێ رەزامەندی ئەو جێنشینە نەبێت  ئەم هەڵوێستە نوێیەی جۆن بایدن ( بەهای مرۆیی ئەمریکی پێش بەرژەوەندی سیاسی)، جێی دەستخۆشیە، وەک وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن دەڵێ " ئێمە لەمەودوا لە هیچ لایەک خۆشنابین کە دژی چالاکوانانی مەدەنی، رۆژنامەنوسان، هیزە ئۆپۆزیسۆنەکان دەوەستنەوە" ، ئەمە سەرەتای سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمەریکایە بەرمبەر بە وڵاتان، هەروەها لە هەمان بواردا، راگرتنی فرۆشتنی چەکی بە سعودیە، لەبەر ئەوەی ئەو چەکانە لە شەڕی یەمەن دژ بە حوسیەکان بەکار دێت، ئەمەریکا چەک بە هاوپیمانەکانی ئەفرۆشێت ( بۆ بەرگری لە خۆیان، نەک بۆ هێرش بۆسەر وڵاتانی تر) . ئەم سیاسەتە نوێیانەی ئەمەریکا، هەمو وڵاتانی جیهانی دەگرێتەوە، لەوانەش عێراق و کوردستان. ئەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکانیان، لەمرۆ بەدواوە، ئاگاداربن، کە دۆستایەتی ئەمەریکاو پشتگیریکردن و هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بێ سنور و بێ باج نیە، لەمەودوا رەچاوکردن و پێشێلنەکردنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ سەنگی مەحەکەن بۆ  پەیوەندیەکانی ئەمەریکا بە جیهانی دەرەوە. هیچ کاتێک کوردستانی عێراق بەقەدەر نیوەی سعودیە گرنگ نیە بۆ ئەمەریکا، ئەگەر ئەوە حاڵی خێزانی پاشای سعودیە بێت، ئەبێت حاڵی خانەوادەکانی ئەمانەی خۆمان چۆن بێت؟. زیندانیکردنی کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوان بە ٦ ساڵ، تەنها و تەنها بەهۆی نوسینی چەند وتارێکەوە، ئەمە نەک جێی قبوڵ نیە لە دنیای ئازاددا، بەڵکو جێی قبوڵ نیە لای ئەمەریکا و بە دڵنیایەوە بێ هەڵوێست نامێنەوە. چۆن دەبێت ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیان، پشتگیری مالی و سیاسی و سەربازی حکومەتی هەرێم بکەن، بەڵام لە پایتەختی کوردستاندا، نەتوانرێت خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە سازبکریت، نەتوانرێت وتارێکی رەخنە ئامێز بنوسرێت و نەتوانرێت باسی دزی و گەندەڵی و بەفیرۆدانی سامانی گشتی نەکرێت، بەهۆی ئەوانەوە زیندانی بکرێیت و بە سیخور بدەنە قەڵەم و ناوی خۆت و هەمو خانەوادەت بۆ هەمیشە بخرێتە لیستی رەشەوە. بە دڵنیایەوە، ٢٦/٢/٢٠٢١ بە رۆژێکی وەرچەرخان دەژمێرێت لە دنیای ئازادی و سەبەستی و رەچاوکردنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤدا لە هەمو دنیادا، چۆن دەسەڵاتدارانی سعودیە هەستیان پێکرد و ئازاریان پێگەیشت، سبەینێ لە کوردستان و لە شوێنەکانی تریش بە هەمان شێوە دەبێ. هەست دەکرێت کە تیشکی روناکی لە کۆتایی تونێلە تاریکەکەدا دەبینرێت.  


چیا عەباس لە ماوەی  ساڵانی رابوردودا دەستەواژەی نارازی بەخەستی کەوتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردی باشورەوە، لە گەڵ سەرهەڵدانی گروپ و تاقمە نارازیەکان لە دوای راپەرینەوە و لە سەردەمی باڵی ریفۆرمی ناو یەكیتی و دروستبونی گۆڕان، تایبەت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، لە لایەن دڵگران و بەشخۆر و بۆڵەبۆڵکەر و یاخیبو و موریدە راستگۆکانی چاکسازی ناو گۆڕان و هێزەکانی تر و بەرەیەکی فراوانی هاوڵاتیان بەرگێکی فکری و سیاسی فرە رەنگ بەبەری ئەم چەمکەدا کرا.  لە ئەدەبیاتی سیاسی ئەو گروپانەدا ئەو چەمکە بە مەبەستی خۆ پێناسەکردن وەک بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی نافەرمی و کەنارگیر لە سێبەردا وەک دوعا و نوشتەی نزا جیاوازەکانیان بە زهن و خواست و ئیرادەی  هاوڵاتیاندا چرپێنراوە. ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک دەیان گروپ و کەسایەتی و ئاراستە لە سایەی نارازایەتیان نازناوی تریشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە و هەمان پەیامیش دەچرنەوە. لە ماوەی ساڵانی رابوردودا سەرجەم ئەو تاقم و گروپانەی ئاڵای نارازیان بە موناسەبە و بێ موناسەبە بەرزکردۆتەوە بەو ئاڵایە موخاتەبەی هاوڵاتیان کردوە، هەرچەندە ئەم کارە لایەنی ئەرێنی هەبوە، تایبەت وەک زەنگێکی هۆشیاردان بە دەسەڵات و حزبەکان کاریگەری هەبوە، بەڵام هاوڵاتی بەئاگا لەوان بیرتژتر و بەئاگاتر پێکهاتە و وردەکاری و مەبەستە جیاکانی ئەو چەمکە و هەڵگرانی خوێندۆتەوە، بە شێوازێکی عابر و بە دڵەراوکێ و نارونی بەدەنگیەوە چون و دەچن. بۆچی؟ چەمکی نارازی و رازیبون لە بنەرەتدا دیاردە کۆمەڵایەتی و ئاینی و کڵتوری و ئابوری و سیاسیەکانی لە خۆ گرتوە، بۆ نمونە ئەو ئایاتانەی قورئان پەیوەندیان بە رازیبونەوە ( الرچا ) هەیە ٥٤ دانەیە، لە روی زمانەوانیشەوە وشەیەکە لە زمانی عەرەبیەوە وەرگیراوە و بەپێی بەکارهێنانی مانای جیاواز رادەگەیەنێت. لە ئاینی ئیسلامدا رازیبون دو مانای بنەرەتی دەگەیەنێت: رازیبونی کەسێک لە خوا و رازیبونی خوا لە کەسێک، لەم هاوکێشەیەدا خەسڵەت و ئەرک و رەفتارە ئیسلامیەکان رۆڵی سەرەکی دەگێرن، بۆ نمونە: قَاڵ اللَّهُ تعالی: (هَژَا ێوْمُ ێنْفَعُ الصَّادِقِینَ صِدْقُهُمْ ڵهُمْ جَنَّاتٌ تَجْڕی مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِینَ فِیهَا أَبَدًا رَچِێ اللَّهُ عَنْهُمْ ۆرَچُوا عَنْهُ ژَلِكَ الْفَوْزُ الْعَڤِیمُ [المائدە: 11]. لە بواری کۆمەڵایەتیدا نارازیبون زۆر بوار دەگرێتەوە و بەهەمان وەتیرەش لە بوارەکانی کارکردندا، لە سەرجەم ئەم حاڵەتانەدا دەکرێت پەیوەندار بە جێبەجێکردنی بەشێک یا هەمو خواستەکانی رازی بکرێت. نارازیەتی لە کایەی سیاسی و حزبیشدا دیاردەیەکی ئاساییە، زۆر بوار دەگرێتەوە، وەک نارازیبون لە سیاسەتی حزب، لە سەرکردەکان یا بەشێک لێیان، لە دیاردە قێزەوەنەکانی ناو حزب، لە بێبەشبون یاخود کەمبەشی لە دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پێگە و ....تاد. چەندین جار رویداوە کە لایەنەکانی ئەم دیاردەیە لە ناو حزبێکدا بە چارەسەر نەگەیشتون بۆیە جیابونەوە و شەر و مەرافە و ناخۆشییان لێکەوتۆتەوە. " نارازیبونی " ئەم سەردەمە کۆکردنەوەی زۆربەی ئەو فرە زەمینە و هۆکارانەیە، ئەمەش وایکردوە کە بەکارهێنانی وەک چەمکێکی سیاسی بە پەرتەوازەیی و سەقەتی و نارونی و لە تەم و لێڵیدا بەرێوە دەچێت، هاوکاتیش سەرەرای زەمینەی پەرتەوازەیی و دەمارگیری و تاکرەوی ئەو هەمو گروپ و تاقمە "نارازیە" سیاسیانە، بەڵام تا ئەم چرکەیەش لە سەریەک خاڵی بنەرەتی هاوران، ئەویش هەمویان  " نارازین " و لە سایەی سحری ئەو چەمکەدا بەم شێوازەی ئێستایان دوای سەرابی گۆرانکاری و چاکسازی کەوتون و کات بەرێ دەکەن. بۆ خۆم زۆرجار لە نوسینەکانمدا ئەم دەستەواژەیەم بەکار هێناوە، ئێستا زۆر لێی پەشیمانم، چونکە پێناسەیەکی نەگونجاوە لە گەڵ هیوا و خواستەکانی خۆم و هەزاران هاوخەونەکانم. بیرکردنەوە لە جێگرەوەیەکی دروست بۆ ئەم دەستەواژەیە رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەرچاورونی زیاتر، بۆ زیاتر تێگەیشتن لە یەکتر و بۆ گەشەکردنی متمانە و هیوای هاوڵاتی بەو ئاراستە سیاسی و فکرە نوێیە یەکگرتوەی سەرهەڵدەدات. لە نێوان دەستەواژەکانی جێگرەوە لای من زانراون: تاوکەر، هەوڵدەر. گۆرانکار، خۆراگر و ....تاد خۆراگر لە هەمویان بەگونجاتر دەزانم.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand