رۆزا دڵشاد مەریوانی دیاردەیەکی تر لە دیاردەکانی سەردەم کە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی زۆر تەشەنەی کردووە و بووە بە ستایلێکی نوێی ژیان ئەویش خۆنمایشکردنە لە ناوەندەکانی سۆشیال میدیا، وەکو فەیسبووک و ئینستا و سناپ و …هتد، ئەم حاڵەتە کە من بە نەخۆشی خۆنمایشکردن ناوی دەبەم، تەنیا ئەستێرەکان و هونەرمەندەکان ناگرێتەوە، بەڵکو کەسانی ئاسایی دەبینین وەکو کاراکتەرە بەناوبانگەکان لەم ناوەندانە خۆیان نمایشدەکەن، راستە بۆ هونەرمەند و گۆرانیبێژەکان رەنگە کارێکی ئاسایی بێت، بەڵام لەدوای قەیرانی کۆرۆناوە زۆرێک لەوانیش تەنیا بۆ ئەوەی لەبەرچاوی هەوادارانیاندا بن بچووکترین شتی تایبەتی ژیانیان نمایشدەکەن و ئەوەش زۆرجار بەشێوەیەکی خراپ بەسەریاندا دەشکێتەوە و تووشی دۆخێکی خراپیان دەکات و وادەکات لەبەرچاوی هەوادارانیان بکەون، چونکە کاتێک کاراکتەرێکی بەناوبانگیش بەردەوام لەسەر سۆشیال میدیا دەبێت دواجار رەزای قورس دەبێت، جا چی ئەگەر کەسەکە کەسێکی ئاسایی بێت. شتە جوانەکان دەشێوێنن نووسەری بەناوبانگی لوبنانی جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: «سەفەر بکەو بە کەس مەڵێ..چیرۆکێکی راستگۆی خۆشەویستی بژی و بە کەس مەڵێ..بەختەوەر بەو بە کەس مەڵێ خەڵکی شتە جوانەکان دەشێوێنن». ئەم نووسەرە لە سەدەی پێشوودا ئەم قسەیەی کردووە ئەگەر لە دونیای ئەمڕۆدا بژیایە چی دەوت؟ کاتێک ئەم نەخۆشی خۆنمایشکردنەی لە سۆشیال میدیادا دەبینی کە بە شێوەیەکی یەکجار زۆر لەم چەند ساڵەی دواییدا لەنێو کەسانی ئاساییدا بڵاوبۆتەوە و بەبێ جیاوازی پیر و گەنج و منداڵی گرتۆتەوە، بە جۆرێکە وایلێهاتووە خەڵکی لەبەر هۆکارە سروشتییەکەی ناچنە دەرێ و گەشت ناکەن و تەنانەت نانیش ناخۆن، بەڵکو بۆ ئەوەی وێنەی خۆیان لەو شوێنانە بگرن و بڵاویبکەنەوە ئەو شتانە دەکەن، چونکە زۆر بە سادەیی وا هەستدەکەن ئەگەر وا نەکەن کەسانی تر وا ئەزانن ئەمان ناژین، بە داخەوە لەنێو ژنان و کچاندا ئەم حاڵەتە زۆرترە وەک لە پیاوان و کوڕان، بەڕاستی بەردەوام بینینی ئەم هەموو خۆنمایشکردنە زۆر بێزارکەرە بۆ نموونە بەفرێک ئەبارێ فەیسبووک پڕدەبێت لە وێنەی سێڵفی لەگەڵ بەفردا یان بەتایبەتی پێش قەیرانی کۆرۆنا هاوین دەهات ئەبووایە یەک مانگ لایک و کۆمێنت بۆ وێنەکانی سەفەری تورکیای ئەم خەڵکە بکەیت، ناشکرێت بۆ ئەو جۆرە پۆستانە بنووسیت وەڵاهی دایکەکەی دایکم ئێمەش وەکو ئێوە ئەژین بەس بۆخەڵکی نمایش ناکەین، پێویست ناکات هەموو شتێکی ژیانی تایبەتی خۆت خەڵکی بیزانێت! ئەم نەخۆشییە چۆتە نەستی تاکەکانی کۆمەڵگەوە و تا کۆمەڵگەکە دواکەوتووتر بێت ئەو حاڵەتە تێیدا زیاترە و لەنێو هەمان کۆمەڵگەشدا تا کەسەکە بەتاڵتر و بێ ئیشتر بێت زیاتر نەخۆشی خۆ نمایشکردن لەسەر ناوەندەکانی سۆشیال میدیا تێیدا زیاتر دەبێت. خۆپەرستیی زیاد دەکات بەپێی راپۆرتێکی هەردوو زانکۆی سوانسیا-ی بەریتانی و میلانۆی ئیتاڵی بێت کە لە دوو ساڵی رابردوودا کردوویانە دەڵێن: زۆر بەکارهێنانی ناوەندەکانی سۆشیال میدیا لەلای ئەو کەسانەوەی زیاتر لە هەشت سەعات بەکاریدەهێنن و وێنەی سێڵفی خۆیان بڵاودەکەنەوە حاڵەتەکانی ئەوەی پێی دەوترێ نێرسسی یان خۆپەرستی تێیاندا زیاد دەکات، نێرسسی نێو سۆشیال میدیاش بریتییە لەوەی کەسەکە هەست بە گرنگی خۆی دەکات کاتێک وێنە یان وتەی زۆر بڵاو دەکاتەوە و پەنا بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتی زۆر دەبات تاوەکو ئەو حەزی خۆپەرستییەی خۆی تێر بکات، بەڵام کاریگەری ئەو هەستە ماوەیەکی کەم دەخایەنێت، بۆیە بەردەوام وێنەی نوێ و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیدا دەیکات بڵاویدەکاتەوە، بەبێئەوەی هەستبکات وردە وردە دەیکات بە کەسێکی نێرسسی و پێیەوە ئالوودە دەبێت، راستە حاڵەتەکە پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە، بەڵام تەنیا بە تەماشاکردنێکی فەیسبووک یان سناپ و ئینستا بە زەقی ئەو حاڵەتە دەبینیت و بێ هۆ کەسانی چواردەورمان لەهەموو بۆنە تایبەتی و گشتییەکاندا خۆیان نمایشدەکەن، جاری وا هەیە قسەو وێنەی تایبەتیی وا دەبینیت پێت عەیبە کەسەکە خۆی بزانێت کە تۆش دیوتە. ژیانێکی خەیاڵیی دەژین ئەم نەخۆشی خۆنمایشکردنە هەر بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو وەکو چۆن لە دونیای ئینتەرنێت و گریمانەکراودا بڵاودەکرێتەوە وایلێهاتووە کەسەکان ژیانێکی گریمانەکراو و خەیاڵیش بۆخۆیان دروست دەکەن کە تێیدا هەموو شتێکی ژیانیان جوان و پاکو خۆشە، بۆ نموونە دەبینین وێنەیەکی سێڵفی خۆی و مێردەکەی بڵاوکردۆتەوە ئێمە دەزانین نێوانیان چۆنە کەچی وێنەی خۆشەویستی خۆیان نیشان دەدات ئاخر ئەوە نەخۆشی نەبێت چی نەخۆشییە؟! یان لەسەر سۆشیال میدیا غەزەلی بۆ دەنووسێ ئێ دایکەکەم راستەوخۆ بە خۆی بڵێ پەیوەندی بە ئێمەوە چییە خۆشت ئەوێ یان نا رەنگە ئەم قسانە لە رووکاردا تەنز ئامێز بن، بەڵام لە ناوەرۆکدا مانای قووڵی هەیە بەوەی کەسەکە لە نەستیدا وا هەستدەکات ئەگەر نمایشی خۆشەویستی خۆی نەکات واتای وایە خەڵکی وا دەزانن ژیانێکی ناخۆش دەژی و ئەگەر زوو زوو وێنەی سێڵفی خۆی و مێردەکەی بڵاونەکاتەوە گاڵتەی پێدەکەن و پێیدەوترێ مێردەکەی خۆشی ناوێ، چونکە لە دونیای ئەمڕۆدا وایلێهاتووە زۆربەی خەڵک بۆ خودی ژیان خۆی ناژین، بەڵکو بۆ خۆنمایشکردن لەبەردەم خەڵکیدا دەژین. هەرزەکارانیشی گرتۆتەوە مەترسییەکەی لەوەدایە ئەم حاڵەتە تەنیا لە گەورەکاندا نییە بگرە منداڵ و هەرزەکاریشی گرتۆتەوە ئەوەتا لەم رۆژانەدا کچەکەم لەبەر خۆیەوە دەیبۆڵاند لێمپرسی چیتە؟ وتی: دایە ئەو کچەی پۆلمان لە گروپ چاتی هاوپۆلەکانم بە زمانی هەرزەکارانەی خۆی وتی هەر خەریکی ‹›show off›› ە واتا خۆی نمایشدەکات و زۆر بێزارکەرە و لەهەر شوێنێک بێت وێنەی سێڵفی خۆی دەگرێ و دایدەنێ، ئینجا پرسی باشە دایە ‹›ئەوان دایم لە دەرەوە و گەڕان و سەیرانن؟›› کەواتە ئەو خۆنمایشکردنە لەنێو هەرزەکارانیشدا کە دیسانەوە مەبەستم کچانە بۆتە نەخۆشی و چاولێکەریی و لە رقی یەکتری وێنەی خۆیان دادەنێن و دواجار کار لەدەروونی هەرزەکاران دەکات و وادەزانن ئەوانی تر بە خۆشی دەژین و ژیانێکی بێ کەموکوڕیان هەیە و ئەمان وانین، بۆیە هەوڵدەدەن لاسایی یەکتری بکەنەوە نەبا هاوڕێکانیان گاڵتەیان پێبکەن، بێگومان ئەوەش بەشێکی زۆری بۆ پەروەردە و ژینگەی ماڵەوە دەگەڕێتەوە کاتێک کچێکی هەرزەکار دەبینێت دایکی لە هەموو شوێنێک و بۆنەیەکدا خەریکی وێنەگرتن و خۆنمایشکردنە ئەویش بە هەمانشێوە دەکات، بۆئەوەی بڵێ منیش گەورە بووم، بەڵام ئەگەر دایکێک خۆی بەو جۆرە نەبوو هەروەها ئاگاداری کچە هەرزەکارەکەی بوو نەیهێشت بەو شێوەیە خۆی نمایشبکات و فێری کرد کە هەندێ شت تایبەتین و پێویست ناکات خەڵکی بزانن چیمانکردووە و لە کوێ بووین ئەویش کەمتر ئەو حاڵەتە کاریتێدەکات، من ناڵێم وێنە مەگرن بۆ یادگاریی، بەڵام مەرج نییە بڵاویبکەیتەوە، لە بیرمە جاران ئەو وێنەیەی دەگیراو دەشۆرایەوە و دەکرایە ئەلبومەوە کەسی زۆر نزیک و خۆشەویستی خۆت نەبوایە نەیدەبینی، شتێک هەبوو ناوی ژیانی تایبەتی بوو، بەڵام ئێستا نزیک و دوور دەزانن چیت کردووە و لە کوێ بوویت و چیت خواردووە!
ئەبو كاروان ئەنفال پرۆسەیەكی كۆمەڵكوژی بوو، كە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بەرانبەر خەڵكی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەو دەڤەری دیكەی كوردستان ئەنجامی دا. ئەنفال پرۆسەیەكی سیاسیو بۆ مەبەستێكی سیاسی بوو، كە لەڕیگای هێزی سەربازییەوە ئەنجامی دا. كۆشتنو لەسێدارەدانو وێرانكردن لە عەقڵیەتی دەسەڵاتی بەعسدا شاراوە نەبوو، وە بەشێكی سەرەكی بوو لە سروشتی ئەو ڕژێمە دیكتاتورە. لەئەنجامی كردەو ڕەفتارەكانیدا هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی مەترسی، بۆ دەسەڵاتەكەی بوونی هەبووایە، ئەوا بە ئاگرو ئاسن وەڵام دەدرایەوە. مەبەستی من لەم نوسینە شیكردنەوەی كردەوەكانی ئەو دەسەڵاتە نیە كە لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، بەڵكو مەبەستم لەم نوسینە ئەوەیە بڵێم، یا بپرسم كە چۆن بتوانم قەناعەتو باوەڕ بهێنم كە سەرانی حزبە سیاسییەكانو بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە لە ماهیەتی ئەم دەسەڵاتە فاشییە تێنەگەشتبوون، كە ساڵانێك خەباتیان بۆ ڕووخانی كردووە. لێرەدا بۆچونەكانم بەشێوەیەك دەخەمەڕوو وە پرسیارێك دەكەم:- كە دەڵێ، ئەرێ بەڕاست سەركردە سیاسیەكان هەستیان بە مەترسی ڕوودانی كارەساتێكی وەك ئەنفالو قڕكردنی ئەو خەڵكە نەكردبوو؟ یاخود قەناعەتیان وابووە كە ڕژێمی بەعس ئەو توانا سەربازییەی نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، یا جورئەتی بڕیارێكی لەوشێوە مەترسیدارەی نەكردوە؟ بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە كە تائێستا كەس خۆی لە قەرەی ناداتو تەنها بەتۆمەتو تاوانباركردنی یەكتر وەڵام دەدریتەوە، بۆیە بۆچونەكانی خۆم لە دووخاڵدا وەك دوو پرسیار بەم شێوەیەی خوارەوە وردەكەمەوە: یەكەم/ گەر ئەو لایەنو سەركردانە هەستیان بەو مەترسیە نەكردبوو تا ئەوكاتەی خەڵكی ئەو ناوچانە جێنوسایدو ئەنفالكران، بەتایبەتی دوای ریككەوتن لەگەڵ ئێرانو سوپاكەیو كەوتنە پێشیان لە حاجی ئۆمەرانو گردەمەندو لێدانی بیرە نەوتەكانی كەركوكو كارگەی ڕستنو چنینی كفریو هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی پردی ناساڵحی كفریو تادەگاتە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بۆ داگیركردنی هەڵەبجە، ئەوە بەڕوونی دەردەكەوێ ئەم سەركردانە لە سیاسەتكردن تێنەگەیشتوونو تێیدا فاشلنو شیكردنەوەی تەواویان نەبووە بۆ هەڵسەنگاندنی بەعسو پەرچەكرداری كارەساتهێنەری ڕژێمەكەی سەددام. دووەم/ خۆ ئەگەر ئەم سەركردانە ئەو مەترسیانەیان لا ڕوون بوو و دەركیان بە ڕوودانی كارەساتێك لەشێوەی ئەنفال كردوە، ئایا نەیاندەتوانی یاخود بەرنامەیەكیان نەبوو بەمەبەستی قورتاركردنی خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەو هەوڵدانی پێشوەختە بۆ ڕزگار كردنیان؟ گەر ئەو سەركردانە پێشهاتو خوێندنەوەیان بۆ ئەم دوو خاڵە نەبووبێت، كەواتە لەدوای دەسەڵاتی سەدام، تاوانباری دووەمنو بەرپرسیاریەتی مێژوویان لەئەستۆدایە. لەهەردوو حاڵەتەكدا، لە نەخویندنەوەی دروست بۆ سروشتی دەسەڵاتی بەعسی دڕندەو ئەنجامدانی تاوان دەرهەق بە گەلی كوردستان، یان هەستكردن بە ئەنجامی تاوانێكی لەوشێوەیەو دانەنانی بەرنامەو تەگبیركردن بۆ ڕزگاركردنی ئەو خەڵكە، ئەوە حزبە كوردستانیەكانی شاخو سەركردەكانیان بەر پرسیارن.
رێبوار كهریم وهلی نامهیهكی كراوه بۆ سهرۆكی ههرێمی كوردستان جهنابی سهرۆك دادگایی كردنی (ئالفرێد درایفۆس) ئهو ئهفسهره یههودییهی كه له ساڵی 1894، كهوته بهر شهپۆلی نهتهوهپهرستی و راسیزمی ناو فهڕهنسا و، به زۆری زۆرداری و بهدرێژایی چهندین ساڵ ویستیان مۆرك و تاوانی خیانهتی بخهنه پاڵ، یهكێكه له بهناوبانگرین دادگاییهكانی مێژووی جیهان كه له كۆتاییدا و له ساڵی 1906، له سۆنگهی حوكمێكی عادیلانه و دوای چهندین ساڵ بێتاوانییهكهی بۆههموو كهس ئیسپات بوو. ئهم دادگاییه پهڵهیهكی رهشه به تهوێڵی دیموكراسیهت و شۆڕشی فهڕهنساوه كه بنچینهكهی لهسهر ئازادی، یهكسانی و دادپهروهری بوو. ئیمیل زۆڵا و دواتر 300 كهس له ئازادیخوازانی فهڕهنسا له نامهیهكدا له ساڵی 1898 سهرهنجی سهرۆكی فهڕهنسایان بۆ ئهو بێدادییه راكێشا و له نامهكدا، تێكڕای سیستهمی ئهمنی سهربازی، دادوهری، مێدیا و بیرۆكراتیهتی فهڕهنسایان مهحكوم كرد. نامهكهی ئێمیل زۆڵا(من مهحكومتان دهكهم) یهكێكه گهورهترین ئهو بانگهوازانهی كه بۆ بهرهنگاربوونهوه لهگهڵ ناعهدالهتیدا نووسراوه. بڕیاری دادگای تاوانهكانی ههولێر سهبارهت به سزادراوانی بادینان له كهیسێكی لهو جۆرهدا، تا ئێستا له كوردستان نمونهی نهبووه. پهیامی جهنابتان لهو بارهیهوه و دوای بڕیاری دادگا، ئومێدێكی گهورهی لای خهڵك دروست كرد، بهلأم بهداخهوه ههر له سهرهتاوه و پێش ئهوهی دادگا حوكم بدات، ئهو كهسانه حوكم درابوون. ئهگهر بهقهدهر تۆزقاڵێكیش له قانوون نهزانم به حوكمی پیشهكهم لهوه دهزانم كه ئهو دانپێدانانهی كه له لایهن ئهنجومهنی ئاسایشی سهر به جهنابتانهوه بڵاو كراونهتهوه، جگه لهوهی ههتك كردنی سومعهی ئینسانهكانه، خۆی له خۆیدا تاوانه. چونكه مۆنتاژێكی ئهوهنده سهقهت و ناڕهوا كرابو كه هیچ قسهیهكیان لهگهڵ ئهوانی دیكه تێكی نهدهكردهوه مهگهر بهو تهقهلأنهی كه دهڵێی به سوژن له لایهن مۆنتێره نهشارهزاكانی ئاسایشهوه لێیاندرابوو. سهپاندنی سزا له رێگهی دادگاكانهوه دهبێت، بهڵام خهڵكی ئازادیخواز و به ویژادانیش مافی ئهوهیان ههیه دژی ئهو بڕیاره بن، یان داوای شهفافییهتی زیاتر له تێكڕای پڕۆسهكهدا بكهن. ئهوانهی بهرگری لهو سزادراوانه دهكهن، ناكرێ و ناشێ به خائین لهقهڵهم بدرێن و به ههمان شت تۆمهتبار بكرێن كه گیراوهكانی بادینانیان پێ سزا دراوه. لایهنی جێبهجێكار له حوكمڕانیی كوردستاندا شلگێڕانه بهدوای ئهوهوهیه كه ئهو كهیسه وهكو تیرۆر، خیانهت و جاسوسی وێنا بكات، له كاتێكدا كه تا ئهم دهققهیهش هیچ كهسێكی خاوهن ویژدان ناتوانێ بهو بهڵگانهی كه خراونهتهڕوو جگه له تهمبێكردن و سهركوتكردنی رادهربڕین، هیچ سوچ و گوناهێكی دیكه لهو كهسانهدا بهدی بكات. ئهوهش لهكاتێكدایه كه ئهو لایهنهی كه ئهوانه گوایه جاسووسیان بۆ كردووه، به پێی قانوونهكانی كوردستان نه تیرۆریسته و نه كاری سیاسیشی لێ یاساغ كراوه! خهریكه دوو مانگ بهسهر بڕیاری دادگای تاوانهكانی ههولێردا تێپهڕ دهبێت، بهڵام سهرباری ناڕهزایهتییهكان و راپۆرتهنێودهوڵهتییهكان، هێچ پێشكهوتنێك یان پێداچوونهوهیهك بهو بڕیارهدا رانهگهیهندراوه، هاوكات كهسانێكی دیكهش ههن كه وا بۆ چهندین مانگ دهچێ راگیراون و هێشتا ماوهی دهستبهسهرییان درێژ دهكرێتهوه و دادگایی نهكراون! ئهم تابلۆیه زۆر ترسناكه و دهبێ مهحكوم بكرێت؛ وهك قسه بهناوبانگهكهی ژاك مێلێ دووپێن كه گووتی:" شوڕش منداڵهكانی خۆی قووت دهدات."، شۆڕشی ئێمهش خهریكه قووتمان دهدات...ئهوه مهحكوم دهكهم كه خهباتی چهندین ساڵهی بابوباپیرانمان، بۆ جێگۆڕكێ پێكردنی ستهمكاری له زمانی عهرهبییهوه بۆ كوردی بووبێت...ئهوه مهحكوم دهكهم كه دهسهڵات له وڵاتی ئێمهدا وایلێهاتبێت، هیچ بهرپرسێك و تهنانهت خهڵكی ئاساییش جورئهتی ئهوه نهكهن به ژماره تهلهفۆنهكانی خۆیان پهیوهندی بكهن، مهبادا گوێیان لێڕابگیرێت! ئهوه مهحكوم دهكهم كه دهسهڵات رێگه بهخۆی بدات به شانازییهوه ئامرازهكانی پهیوهندیی هاووڵاتیان (بێ فرمانی دادگای سهربهخۆ) بخاته ژێر چاودێریییهوه، گفتوگۆكانیان ریكۆرد و مۆنتاژ بكات، كۆمپیوتهرهكانیان هاك بكات و دوایی وهكو بهڵگهی تاوان له دژیان بهكاری بێنێت. ئهوه مهحكوم دهكهم كه له وڵاتهكهمدا، دهسهڵات هیچ سنوورێكی بۆ ئازادی و مهحرهمییهتی ئینسانهكان نههێشتبێتهوه. ئهوه مهحكوم دهكهم كه دهسهڵات پێیوابێت دهتوانێ ئهو ئازادییهی كه بهرههمی خوێنی رۆڵهكانی ئهو گهلهیه زهوتی بكات و كۆت و بهندی بۆ دابنێت. ئینسانهكان به ئازادی لهدایك دهبن و تا دهمڕن شهڕ بۆ پاراستنی ئازادییهكانیان دهكهن. ئازادی مووچه نییه تا دهسهڵات چهندی حهزی لێ بوو لێیببڕێت. جهنابی سهرۆك ئێوه له پێگهی خۆتانهوه نوێنهرایهتیی گهلی كوردستان به ههموو دهنگ و رهنگهكانهوه دهكهن و، سوێندتان خواردووه كه پارێزهری بهرژهوهندییهكانیان بن. شیرازهی ئاشتیی كۆمهڵایهتی له بهردهم داڕماندایه و سایكۆلۆژییهتی ئینسانی كورد خهریكه ورد و خاش دهكرێ. دهبێ ئهوه مهحكوم بكرێ كه برا بهسهر براوه بكرێته جاسووس و كهس متمانهی بهكهس نهمێنێ. ئێمه پتر له شهست ساڵه باجی ئهو سیاسهته نهگریسهی دوژمنانی كورد دهدهینهوه، بۆیه نابێ رێگه بهوه بدرێ كه بهناوی ئاسایشی نهتهوهییهوه دهنگ و ویژدانی خهڵك بدرێته بهر شهللاق و له فهللاقه بدرێن. باكم لهوه نییه لهسهر ناوهرۆكی ئهو نامهیه منیش بدرێمه دادگا؛ ههست دهكهم ویژدانم ئاسودهیه... دڵنیام ئێوهش دهتانهوێ ویژدانی خۆتان ئاسوده بكهن.
پێویستە ئەردۆغان وەلامیان بداتەوە ئاسۆ حاجی ئایا ئەردۆگان دەتوانێ سوود لە پێگەی بارزانی ببینێ لە بەهێزکردنەوەی حیزبەکەی لە ناو کوردانی تورکیا؟ زۆر زەحمەتە ئەوە رووبدا، نەک لە بەر ئەوەی بارزانی کاریگەری نیە لە سەر کوردانی باکور، ئیستاش زۆرینەی رەهای بنەماڵە کاریگەرەکانی کوردستانی تورکیا چ ئەوانەی دەسەڵاتی عەشائیریان هەیە و چ ئەوانەی دەسەڵاتی ئاینی واتا دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان هەیە، پەیوندی نزیک و باشیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیە، هەروەها لە سەر ئاستی جەماوەری میژوو و ناوی مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەی ئامادەیی و کاریگەری گەورەیان لەسەر ئاستی جەماوەری لە باکوری کوردستان هەیە وەک چۆن لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام زەحمەتەکە ئەوەیە ئەگەر بارزانی ئامادەبێ لەو رووەوە جارێکی دیکە هاوکاری ئەردۆگان بکات، چونکە ئەردۆگان لە پرسی ریفراندۆم ئەوەی سەلماند کە دۆستی نیوەی رێگایە و هی ئەوە نیە گرەو لە سەر دۆستایەتیەکەی بکرێ. پاشان ئەردۆگان وەک سەرۆکێک نەیتوانی ببێتە وەڵام دەرەوەی ئەو چاوەڕوانیەی کورد نەک لە کوردستانی تورکیا بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیش لێی دەکرد، چونکە سیاسیەکی عیناد و هەموو شتێک بە پێوەدانگی شەخسی لێک دەداتەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، تەنها لە لاوازیەوە دەست بۆ خەڵک درێژ دەکا. کەسایەتیەکی مەترسیدارە بە تایبەت بۆ میللەتانی ژێر دەستە، لە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر بە کورد لە سوریا و تورکیا و هەرێمی کوردستانیش دڵڕەق و شەڕخواز بووە، ئەوەندەش ئامادەی تەنازول کردن بووە بۆ ئەو وڵاتە زلهێزەکان. بۆیە بەر لەوەی پرسیار بکرێ ئایا بارزانی دەبێتەوە پاڵپشت بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەردۆگان لە ناو کوردانی تورکیا، دەبێ پرسیار بکەین ئایا ئەردۆگان دەتوانێ دەستبەردای ئەو بیرە توند و شۆڤینەی ببێت کە لە ژێر سێبەری باخچەلی تەنزیڕاتی بۆ دەکات. باشترین کار کە حکومەتی تورکیا بیکات چ ئەردۆغان بێت یان کەسێکی دیکە ئەوەیە کە دەرفەت بەو رەوتە مەدەنیە بدەن کە لە باکوری کوردستان لە سەر دەستی کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤالانی دروست ببوو تا ئەوانە بتوانن لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا گوزارشت لە داواکانیان بکەن و بە مافەکانیان بگەن. لەو شەش ساڵەی ئەو رەوتە لە باکوری کوردستان بەهێز ببوو، قەندیل و بڕیارەکانی خەریک بوون لە بیر خەڵک دەچنەوە، هەر ئەو ترسەش بوو سەرکردەکانی پەکەکەی لە قەندیل هاندا تەنانەت گوێ لە عەبدوللا ئۆجەلانیش نەگرن و بەر لەوەی بەگژ دەوڵەتی تورکیا بێنەوە، شەڕیان لە دژی دەمیرتاش و هەڤالانی دەست پێکرد و پڕۆسەی ئاشتیان لەبار برد و شەڕی مەدەنیان لە ئەنقەڕە و لە ناو پەڕلەمانی تورکیا گواستەوە بەر دەرگای خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی شارەکانی کوردستانی تورکیا. دەرئەنجام سەرکردەکانی رەوتی مەدەنیەتیان خستنە زیندان و کوردستای تورکیایان کردەوە بە سەربازگەیەکی گەورە و ئەردۆغانیان ناچارکرد خۆی باوێتە باوەشی باخچەلی و بیری رەگەزپەرستی لە ناو تورکیا گەشە پێبدەن لە دژی کورد. هەموو ئەو رووداوانەی دواتر دەرهاویشتەی ئەو هەلە مێژوویە بوو کە پەکەکە کردی و ئەردۆگانیش لە پەرچەکردارەکەیدا هەلەکانی گەورەتر کردن. ئایا تورکیا لە عێڕاق سیاسەتەکانی سەرکەوتوون؟ سەرکەوتنی سیاسەت یان ستراتیژیەت بۆ هەر وڵاتێک یان دامەزراوەیەک دەبێ لە ئەنجامەکەیەوە تەماشای بکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، تورکیا رەنگە تاکە لایەن کە تێیدا سەرکەوتوو بووبێت لایەنی ئابوری بووە، بەڵام ئەگەر لەو بوارەشەدا تەماشایەکی بازاڕی عێڕاق بکەی، ئاڵوگۆڕی بازارگانی تورکیا لەگەڵ عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوو چەند گەشەی کردووە، بەراوردی بکەین بە گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بارزگانی ئێران لە گەڵ عێڕاق. دۆخی سیاسی و کاریگەری لە سەر سیاسەتی عێڕاق بە روونی دیارە کە لە پاشەکشێیە لە بەرژەوەندی ئێران، کە هەموو عێڕاقی لە ژێر کۆنتڕۆل دایە تەنها هەولێر و دهۆک نەبێ، جا ئەگەر ئەو دوو شارە بکەونە ژێر هەیمەنی ئێران، بە دڵنیایەوە تورکیا دەبێتە وڵاتێک کە کەمترین کاریگەری بەسەر عێڕاق دەمێنێت. رەنگە بڵێن تورکیا کارتی ئاوی لە دەستە و بەو کارتە عێڕاق ناچار دەکات کە مل بۆ داواکانی بدات. بڕواناکەم ئەو کارتە ئەوەندە سوودی هەبێ و بتوانێ داخوازیەکانی تورکیا لە رووی سیاسی و ئابوریەوە دەستەبەر بکات. بە تایبەتیش کە ئێران خەریکە تورکیا لە هەموو لایەک دەورە بداتەوە، لە سوریا پاشەکشێی بە تورکیا کرد و گروپەکانی سەر بە تورکیای کردنە هێزی هێشتنەوەی ئەسەد و بەهێزکردنەوەی و گەڕاندنەوەی سومعە بۆی لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە سەر ئاستی ئیقلیمی چونکە ئێستا رژێمی بەشار ئەسەد مەقبولترە لەو گروپە چەکدارانەی سەر بە تورکیان. ئێران لە دەڤەری شەنگال و لە خواروی کەرکوک چەند سەربازگەیەکی کردۆتەوە کە چەکدارانی پەکەکە راهێنانی تێدا دەکەن و لەوێوەشەوە خەڵک تەجنید دەکەن، واتا ئەگەر تورکیا بە کوشتنی چەند چەکدارێکی پەکەکە لە ناو کوردستانی تورکیا یان هەرێمی کوردستان دڵی خۆی بەوە بداتەوە کە پەکەکە بێ هێز دەکات ئەوە شتێکە و دوورە لە راستی چونکە پەکەکە سەرچاوەی پەیداکردنی چەکداری ئێستا لە جاران زۆرترنەبێ کەمتر نیە ئەوەش بە هاوکاری ئێران و بە پارەی حکومەتی عێڕاق کە لە رێگای حەشدی شەعبیەوە پێیان دەگات. لەوانەش ترسناکتر پرسی بە شیعەکردنی سوونەکانە لە عێڕاق و سوریا کە ئیستا بە خەستی کاری لە سەر دەکرێ و جگە لە عەرەب تورکمان و کوردییشی گرتۆتەوە. ئایا هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت یان دەتوانێ خۆی بەرامبەر ئەو فشارانەی بەغدا رابگرێ سوود و زیانی تورکیا لەو هاوکێشەیە چیە؟ هەرێمی کوردستان هەبوون و بەردەوام بوونی گرێدراوی کۆمەڵێک هاوکێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، لە نێوا ئەو هاوکێشانە هێزگەلێک هەیە کە نە هەردوو رووەکەی بە لاوازی هەرێمی کوردستان و بە بەهێزی هەرێمی کوردستان ئەجێندا و مەرجی خۆیان هەیە، بۆ نموونە ئێران لە دژی هەبوونی هەرێمی کوردستان و بەهێزبوونی نیە ئەگەر بێ و بەشێک بێت لە ئەجێندای ئەو و رێگری نەکات لە جیبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئێران لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە بەستنەوەی ئێران بە سوریا لە رێگای وشکانیەوە، بەریتانیاش پاڵپشتی لە مانەوەی هەرێمی کوردستان دەکا لە عێڕاق بۆ جارێکی دیکە دروست کردنەوەی هاوسەنگی لە نێوان شیعە و سوون(هەرچەندە ئەوەیان بە بۆچوونی خۆم ئەگەر دروست بوونەوەی زۆر زەحمەتە و لە نەکردە نزیکە) وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش کە هەموویان خۆیان پێ بەرگریکاری سوونەیە و لە بەرەی دژی ئێران جێیان گرتووە، حەز بە بێهیزی هەرێمی کوردستان ناکەن لە بەرامبەر بەغدایەک کە شیعە تێیدا بڕیار دەربێ. ئەمریکا کە لەو بۆچوونانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا هاوڕایە دەربارەی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لایەنی بێهێزی هاوکێشەکەن لە عێڕاق لە بەرامبەر ئێڕاندا، چونکە ئەمریکا تا ئیستاش دەستبەرداری ئەو بۆچوون و سیاسەتە کلاسیکیەی خۆی نابێت لەوەی باوەڕی وایە کە ئەگەر سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆی یان نزیک لە خۆ دابنێ لە بەغدا ئەوە دەتوانێ پاشەکشێ بە ئێران بکات و بەرژەوەندیەکانی خۆی زیاتر بپارێزێت، ئەگەرچی ئەزموونی پازدە پازدە ساڵی رابردوو ئەوەی نیشان داوە کە هیچ سەرۆک وەزیرانێک لە عێراق ناتوانێ لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران بزاڤ بکات، بە تایبەتی ئیستا کە حوکمی زۆرینە بۆتە حەقیقەتێک و شیعە لە رێگای دەستبەسەداگرتنی پەڕلەمان ئەوە بیانەوێ دەیکەن و بریار دەدەن. بە بۆچوونی من لە داهاتووێکی نزیک هەرێمی کوردستان بەر بە بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێ چونکە ئێستا ئەو هێزانەی خۆیان پێ خاوەن بڕیار بوو لە عێڕاق بۆیان بە دیار دەکەوێت کە لایەنێکی دیکە دەنگی بە سەر دەنگی ئەوان کەوتووە و بە تەواوی کۆنتڕۆلی شەقامی شیعەی کردووە و کار لە سەر کۆنتڕۆلکردنی شەقامی کوردی و سوونی دەکات لە رێگای دامەزراندنی تۆڕێکی میدیایی زەبەلاح لە رێگای ئەو هێزانەی لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان کە بەشێکن لە ئەجێندای ئەو و کار بۆ سەرخستنی دەکەن. تورکیا دەبێ چەند پرسیارێکی جدی لە خۆی بکات و دوور، ئەو سەردەمانەی هەرێمی کوردستان بەهێز بوو پێگە و سەنگی تورکیا چۆن بوو، ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا لاوازی پێوە دیارە پێگە و سەنگی تورکیا چۆنە؟ تورکیا بەشێک بوو لەو ئیرادەیەی هەرێمی کوردستانیان لە بەرامبەر بەغدا شکاند لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر بە رێگەدان بە داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن میلیشیا شیعیەکان و سوپای پاسدارانی ئێران. تورکیا ئەگەر سەرکەوتنەکەی لەوێ دەبینێتەوە کە پاشەکشێی بە ئامانجی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و شکستی بە ریفراندۆم هێنا و لەو رووەوە خۆی پێ سەرکەوتوو بێت، دەبێ پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات. دەسکەوتی تورکیا وەک وڵات چ بوو، دەرئەنجامی ئەو بڕیار لە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و سومعەی لە ناوچەکەدا چۆن بوو؟ تورکیا لە داگیرکردنەوەی کەرکوک تەنها کوردی زیاتر لەخۆی توڕە کرد تا زیاتر رکیان لێی ببێتەوە، نەوتەکەی کەرکوکیشی رادەستی میلیشیاکانی شیعە و ئێران کرد تا بە پارەکەی خۆیان بەهێزتر بکەن و گروپەکانی سەربەخۆیان خوتتر بکەن کە پەکەکە یەکێکە لەو گروپانە و بەو پارەیە و لەو جوگرافیایەی بە حەشدی شەعبی داگیری کردووە پەکەکە سەربازگە دەکەنەوە و چەکدار زیاتر دەکەن.
د. كامەران مەنتك یەكەم كۆنگرەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی ئێراق لە بەغدا بەسترا، دیارە مەسەلەی گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستی بەبڕیاری جدی هەیە نەك بەكۆنگرەو كۆنگرەكاری، ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین بڕیاری گەڕانەوەشیان بدرێت، كە زۆر ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێتو تەنانەت ئەگەر دراش توانای جێبەجێكردنی نیە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە: 1- ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێت، لەبەرئەوەی خودی مەسەلەی ئاوارەكان مەسەلەیەكی هەرێمی جیهانیەو پەیوەستە بە داڕشتنەوەیەكی نوێی نەخشەی سیاسی ناوچەكە، بەتایبەتیش دابەشكردنەوەی كوردستان لەسەر بنەمای جیۆدیمۆگرافی، واتا لەجیاتی ئەوەی كوردستان بەتەنیا لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بكەن، وەك ئەوەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە دابەشیان كرد، كە بووە هۆی هینانەدی هاوسەنگیەكی ئاڵۆز، ئەمجارەیان لەسەر بنەمای هەر دوو رەهەندی جوگرافی (زۆنی زەردو سەوز)و رەهەندی دیمۆگرافیا (مەسەلەی ئاوارەكان) دابەشی بكەن، تاوەكو بەیەكجاری ئەو ناوچەیە لە كورد دابماڵنو شتێك نەمێنێت بەناوی مەسەلەی كوردو جوگرافیایەك نەمێنێت بەناوی كوردستان. وەك زۆر جاری تر ئاماژەم پێكردووە یەكیك لە ئامانجە مەترسیدارەكانی دروستكردنو یارمەتیدانی رێكخراوی داعش ئەو ئامانجە ترسناكە، واتە گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستانە! 2- هۆی ئاستەنگی جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك ئەگەر لەمبارەیەوە دەربچێت، دەگەڕێتەوە بۆ: أ- ئەو ناوچانەی كە لێیەوە هاتوون بە بەراوردكردنیان بە هەرێمی كوردستان ئەو ئارامیو سەقامگیریەی نیەو شێوازی ژیان لە هەریم بەراورد ناكرێت لەگەل ناوچەكانی خۆیان. ب- ئەو یارمەتیانەی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانو رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی ترەوە بۆیان دابین دەكرێت، وا یكردووە مەسەلەی مانەوە لە كەمپەكان ببێتە جۆرێك لە بەدەستهینانی ژیانێكی ئاسانو تەوەزلانەو تەنانەت شێوازێكیش لە بارزگانی، كە بیگومان ساویلكەییە ئەگەر واتیبگەین ئەمە هەر وا روویداوەو هیچ پلانیكی تری لەدواوە نیە. ت- بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەرووی داراییەوە وەزعیان باشە هاتوونەتە ناو شارەكانی هەرێمو تێكەڵ بەخەڵكەكە بوون، ئەوانە خانوو و موڵكو ماڵیان كڕیوەو بەرژەوەندیەكانیان لێرە جێگیر بووە، كارو كاسبی خۆیان دەكەنو لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، هەزاران منداڵیشیان لە هەریمی كوردستان لەدایك بووە، كە ئەوانە ئینتمایان بۆ هەرێم دەبێتو مافی هاوڵاتی ئەو شارەو مانەوەی یەكجاری بەدەستدێنن! كەواتە مەسەلەی ئاوارەكان مەترسیەكی ئێجگار جدیەو ئەگەر ئێستا بەراوردێك لەنێوان دۆخی هەرێم بەر لە 2014 بكەین، دەبینین دیمۆگرافیای شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی گۆڕاوە، بەراستی دەسەڵاتی كوردیش بەرپرسی یەكەمە لەو دۆخە، لەپەنای مەسەلەی ئاوارەكانەوە وڵاتیان هەرزانفرۆش كردووە!. بەگوێرەی هەندێك زانیاری توركیاش زەویو زارێكی زۆری بەناوی كۆمپانیاو كاركردنو.. هتد لە شارەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەمیش لە هەولێر كڕیوە، ئەمانە هەمووی گەمەی سیاسی مەترسیدارنو چارەنووسی ئەو هەرێمە تاریكتر دەكەن، بەبێئەوەی ئاگاداربین لەلایەن دەسەڵاتدانی كوردەوە وڵاتەكە بەتەواوی هەراجكراوە، بەناوی دیموكراسیو مافی مرۆڤو میواندۆستی خێڵەكیانە، خاكو ئاوی ئەو وڵاتەیان بۆ هەموو كەسێك، جگە لە رۆڵە رەسەكانی خۆی حەڵاڵ كردووە.
خالد سلێمان تا ئەم چركەساتە كە ئەم دێرانە ئەنووسم، نە سەنتەرێكی زانستیو نە هیچ كەناڵێكی میدیا لە عیراقو كوردستان، زانیارییان لەسەر وشكەساڵیو كەمبارانیی پێشكەشی خەڵك نەكردووە. بەهۆی نەبوونی زانیاریو پلانی ڕوبەڕوبوونەوە، كەس نازانێت ئەم ئالەنگارییە سروشتیو ژینگەییە چۆن تێپەڕئەبێتو چەند ئەخایەنێتو كاریگەرییەكانی چۆن ئەبێت. لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەو زانیارییە زانستیانەی بەردەستن دەربارەی بێبارانیی باشووری دەریای سپی ناوەڕاست بخەمەڕوو. هاوینی ساڵی پاریش بەزمانی عەرەبی زانیارییەكانم لە وتارێكدا بڵاوكردوەتەوە كە دەرەنجامی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بون لەگەڵ پرۆفیسۆری بواری زانستەكانی ژنیگە لە MIT - Massachusetts Institute of Technology فاتیح تاهیر. بەگوێرەی ئەم توێژینەوە زانستییەی كە فاتیح تاهیرو ئەلیكساندەر توێل لە زانكۆی ناوبراو پێی هەڵسانو بڵاویان كردەوە، هۆكاری سەرەكی كەمبارانیی لە دەروبەری دەریای سپی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕێژەیەكی زۆر لە گازی گەرمكەرەوە لە ئاسمانی ناوچەكە كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەو گۆڕان لە سروشتی باران باریندا. هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەی باشوورو ناوەڕاستی عیراق كەشێكی (مەداریی) واتە ئیستیواییان هەیە، كەشی كوردستان زیاتر لە ژێر كاریگەریی (میدیتێرانێ)دایە، واتە كەشی حەوزی سپی ناوەڕاست. هۆكارەكان وەك فاتیح تاهیر بۆ باسی كردم دەگەڕێنەوە بۆ: یەكەم: ڕودانی گۆڕانكاری لە ناوچەی Tropopause لە كەشدا كە 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. لەم ناوچەیەدا گۆڕانكاریەكان ڕوو ئەدەن، بەتایبەتی لە خولانەوەی هەوادا. ئەم گۆڕانكارییەش كە دەرەنجامی ڕێژەیەكی زۆرە لە گازی گەرمكەرەوە، پاڵەپەستۆیەكی بەرزی هەوا لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕستدا دروست دەكات. دووەم: دەریای سپی ناوەڕاست حەوزێكی گەورەی ئاوە كە لە هەمو لایەكەوە بە وشكانی چواردەور دراوەو یەك دەرەچەی بچوكی هەیە. لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشو هەوادا، وشكانیەكانی دەوروبەر لە زستاندا، لە ئاوی حەوزی سپی ناوەڕاست زیاتر گەرم دەبن، بەڵام لەباری سروشتیدا ئاوی دەریاكە لە زەوی گەرمترە. ئەمەش وادەكات پلەی گەرمای زەوی لەوەی ئاوی دەریاكە بەرزتر بێت، دەرەنجامەكەش وا دەكەوێتەوە كە دەریای سپی ناوەڕاست لە زستاندا لە چواردەوری خۆی ساردتر بێتو گەرمییەكەی لەگەڵ گەرمیی زەویدا لە یەك ئاستدا نابن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەو پاڵەپەستۆ گەرمییەی كە بەسەر ناوچەكەدا دروست بوەو لەوانەیە لە (30) ساڵی داهاتوودا ڕێژەی بارانبارین 40% لە ناوچەكەدا كەمبكاتەوە كە كاریگەری لەسەر كشتوكاڵو بەربوومی خۆراكیدا دروست دەكاتو ژیانی ملیۆنەها كەس دەخاتە ژێر بارگرانییەوە. بەگوێرەی ئەو شەرحە فیزیاییەی كە پرۆفیسۆر فاتیح تاهیر پێشكەشی كرد، ئاڕاستەكانی هەوا بەهۆی گۆڕانكارییەكانەوە وەك خولانەوەی كاتژمێری لێدێت، هەوای ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە بەرزاییەكانی توركیاوە دێتو ئەوەی ڕۆژئاواش لە بیابانی گەورەوە. ئەو هەوا شێدارو ساردەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەكات، لەكاتی پەڕینەوە بەسەر ناوچە بەرزەكاندا بەتاڵ دەبێتەوەو بارانەكە دادەبەزێت، كاتێكیش بەرزاییەكان تێدەپەڕێنێت، ئیتر دەبێتە هەوایەكی وشكو شێی تیا نامێنێت؛ یانی بارانبارین كەمدەبێتەوە. لەبەرامبەردا ئەو هەوایەی لە ڕۆژئاواوە هەڵدەكات، واتە ئەو هەوایەی لە بیابانی باكوری ئەفریقیاو ئیسپانیاوە، دەبێتە هۆی كەمبونەوەی باران، چونكە هەوایەكی وشكەو شێ لەگەڵ خۆیدا هەڵناگرێتو لە دەرەنجامدا باشوری دەریای سپی ناوەڕاست توشی ئەم جۆرە وشكانیە دەبێت. چارەسەرەكان بە پلەی یەكەم گلۆباڵە، واتە كەمكردنەوەی ڕێژەی گازە گەرمكەرەوەكانە لە كەشداو ڕاگرتنی پلەی گەرما لە ژێر (1.5)ەوە لە ئاستی جیهاندا؛ ئەمەش پەیوەستە بە ڕێككەوتنێكی جیهانیی لەسەر ڕۆشنایی ڕێككەوتنی پاریس/2015، بەڵام ڕۆڵی فاكتەرە ناوخۆییەكانیش كەم نیە، بەتایبەتی سیاسەتی (سوككردنەوە) لە كشتوكاڵو بەكارهێنانی وزەو بوژاندنەوەی ناوچە سروشتییەكان. ئەوەی پەیوەستە بە كوردستانەوە چەند ڕێگە چارەیەك لەبەردەستدان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان، لەوانە دانانی پلانێكی درێژخایەن لە ئیدارەدانی سەچاوە ئاوییەكاندا وەك: سك گوشین لە بەكارهێنانی ئاودا لە خواردنەوەو دروستكردنی خۆراكەوە بگرە هەتا كشتوكاڵو پیشەسازی. هەروەها ڕێكخستنەوەی ئاوی بەكارهاتوو وەك سەرچاوەیەكی تازەبوەوەی ئاو لەپێناو پیشەسازیو ئاودێریدا. گرنگیدان بە پرۆژەی پسپۆرانی ئاو لە زانكۆكانی كوردستانداو ئەو دیدەی لەپێناو ئیدارەدانی ئەم دەرامەتە سروشتیە جەوهەرییەدا دەیخەنەڕوو، بۆ نمونە گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێژە بارانەی لە زستاندا هەیە لە گۆماوی ژێر زەویدا بۆ ئەوەی لە وەرزی وشكانیدا سوودی لێ ببینرێت. چونكە بەشێكی زۆری ئاو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە دەبێتە هەڵم. مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان سەركەوت غازی Sarkawt M. Ghazi پسپۆرێكی ئەم بوارەیەو لە دیدارێكدا كە پێش دووساڵ لەگەڵیدا ئەنجامم داوە، پلانێكی درێژخایەنی لەم ڕوەوە خستوەتەڕوو. بەنداوی بێخمە، یەكێكە لەو پرۆژانەی دەتوانێت كوردستان لە تینوێتی ڕزگار بكاتو هێشتا كات لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی دوای 10 ساڵی تر كورد ئاهی پەشیمانی هەڵنەكێشێت.
عەتا قەرەداخی کاتی باسی کەسێتی دەکرێت وێنەی مرۆڤ وەکو بوویەکی بەرجەستە خۆی نمایش دەکات، کە دەشێ مەبەست کەسێتی تاکەکەس بێت یان کەسێتی دەستە و گروپ کە ئەمەی دووەمیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، واتە پێکهاتەی چینایەتی پۆلێن دەکرێت. کەسێتی وەکو تاکەکەس و وەکو دەستەو گروپیش تەنیا بەرهەمی ئەو چرکەساتە نیە کە تیایدا سەیری دەکرێت، بەڵکو بەرهەمی رابردوو پێشخانی بەر لە ئێستایە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێتی لە رووی ئامادەبوون یان ئامادەنەبوونەوە پەیوەستە بە زەمینەی رابردووەوە، کە ئەویش دابەش دەبێت بۆ ریشەی بایۆلۆجی کە مەبەستمان خاسێتە بۆماوەییەکانە، هەروەها بۆ زەمینەی پەروەردەبوون کە ئەویش بریتیە لە یەکەم خانەی کۆمەڵایەتی کە خێزانە، پاشان قوتابخانەو ئەنجا کۆمەڵگا. واتە هەر مرۆڤێک وەکو تاکەکەس وەربگرین، بەرهەمی ئەم بنەمایانەیەو ئەو کەسێتیەی کە بۆی دروستبووەو هەیەتی دەرئەنجام و بەرهەمی ئەو هۆکارو پێشخانانەیە، کە ئەم کەسێتیەش لە دوو رەهەندەوە سەیردەکرێت، یان دەبینرێت کە ئەوش روانگەی سەیرکردنی خودی کەسەکەیە وەکو تاکەکەس و روانین بۆ ئەو تاکەکەسە وەکو بەشێک لە پێکهێنەری دەستەو گروپ کە ئەویش زیاتر لە رووی گشتیەوە وەکو کەسێتی نەتەوەیی یان کەسێتی کۆمەڵایەتی، واتە بوونی تاکەکەس و ئامادەبوونی لەپێکهاتەی دەستەجەمییدا سەیر دەکرێت و لەهەردوو بارەکەشدا پێوانەی سەرەکی بۆ دیاریکردنی کەسێتی بوونی ئەو کەسێتەیە بە کەسێتیەکی خاوەن شوناس کە رۆڵبینین و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بوونی ئەو شوناسە دیاری دەکات، کە ئەوەش مانای بوونی تاکە کەسەکەیە. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری کەسێتی کوردی لەسەر ئاستی تاکەکەس و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی یان نەتەوەیی بکەین، ئایا ئەو کەسێتیە چۆنەو لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا شێوازی کارکردنی تاکەکەسی کوردی وەکو تاکەکەس و وەکو کەسێتی کۆمەڵایەتی یان نەتەوەیی لەگەڵ خۆیی و لەناوخۆیدا لە لایەک و لە رووی دەرەوەدا یان لە ئاستی دەرەوەدا چۆنەو چ پەیەوەندییەکی بە پاشخانی ئەم کەسێتیەوە هەیە وەکو تاک و وەکو کۆ؟ بێگومان کەسێتی کوردی لە ئێستادا پەیوەندی بە رابردوویەکەوە هەیە، کە لە زۆر گۆشەنیگایەوە رابردوویەکی زۆر روون و ئاشکرانیە. کورد لە کوێوە هاتووە؟ رەگوریشەی راستەقینەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ کێ و یەکەم مێژووی تۆمارکراوی ئەم پێکهاتە ئیتنیکیە کامەیەو کێ تۆماری کردووەو تا چەندێک جێگای بڕوایە؟ ئایا لە راستیدا هەموو کورد بە جیاوازی زاری ئاخاوتن و سروشتی رەنگ و چاو و قژو رەفتارو داب و نەریت و پەیڕەوی ئایینیەوە نەوەی یەک باپیرەن؟ ئایا یەک خوێنیان هەیە؟ ئایا جوگرافیای کوردستان واتە ئەو خاکەی کە کوردی لەسەر دەژی لە ئێستادا سەرباری دابەشکردنی لە مێژووی نوێدا یەک خاکە؟ لە سەروی هەموو ئەمانەوەو بە گریمانەی ئەوەشی کە ئەم بنەمایانەی کە لەسەرەوە باسکران، بەتەواوی پشتگیری وەڵامێکی ئەرێنی نەکەن، ئایا هەموو کورد خاوەنی هەستێکی هاوبەشن کە هەستی کوردبوونە؟ کە بێگومان ئەگەر تەنیا ئەم هەستە هاوبەشە هەبێت ئەوا بەسە بۆ ئەوەی کە کورد لە رووی کەسێتی کۆمەڵایەتی، یان نەتەوەییەوە ببێتە کەسێتیەکی تەواوی خاوەن شوناس. کەواتە سەرباری کاریگەری نەرێنی پاشخانی رابردوو، دروستبوونی هەستی هاوبەش بەسە بۆ ئەوەی کەسێتیەکی بەهێز بەرهەمبهێنێت. بۆ نموونە گەلی جولەکە کە رایەڵەی ئایین پێکیەوە بەستوون، پێشتر پەرش و بڵاوترین پێکهاتەبوون، بەڵام دروستبوونی هەستی هاوبەش کە مەبەست دروستبوونی ئەو هەستەیە لای هەموو جولەکە، کە ئەوان پێکهاتەیەکی چەوسێندراوەو غەدرلێکراوبوون، وای لە ئەوان کرد کە توانیان ئەو هەستە تەسامی پێبکەن- بڵندبکەن- و بیکەنە بنەمایەکی بەهێز، لە ئاستی یەکەمدا بۆ دروستکردنی کەسێتی خۆیان لەسەر ئاستی تاکەکەس و لەسەر ئاستی کۆمەڵیش، کە سەرئەنجام کەسێتی جولەکە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ببێتە کەسێتیەکی پتەوو هەژموندار و ئامادە لە هەموو جومگە هەستیارەکانی زانست و ئەدەب و ئابوری و سیاسی و ستراتیژی و بڕیاری دنیادا. ئەوە ئاشکرایە رابردووی کورد وەکو رابردووی زۆر لە ئیتنیک و نەتەوەکانی تر وایە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کەسێتی کوردی لە درێژەی مێژووی تۆمارکراوی خۆیدا نەیتوانیووە ئامادەبوونی خۆی بسەلمێنێت. باسی ئەوە دەکرێت کە دەوڵەتی مید لەسەر زەمینی ئێراندا دەوڵەتێکی کوردی بووە. ئەمە ئەگەر یەکلاییش نەبووبێتەوەو تەنانەت وەکو ئەفسانەیەکیش سەیر بکرێت، دیسان پێویستە کورد نەک رەتی نەکاتەوە بەڵکو بیکاتە پایەیەکی رابردووی خۆی بۆ دروستکردنی ئەو هەستە هاوبەشەی کە باسمان لێوەکردو بنەمایە بۆ بنیادنانەوەی کەسێتی نەتەوەیی کوردی. هەرچۆن هەندێ کورد باسی ئەوە دەکەن کە نەورۆز پەیوەندی بە کوردەوە نیەو ئەو هەڵوێستەش لە ئەنجامی تواندنەوەی خاوەنەکانیانەوە لەناو کەلتورە تێکشکێنەرەکانی کورددا لەدایکبووە، کە دیارە هەر قسەیەکی لەوجۆرە نانەتەوەیی تەنانەت دژی بنەماکانی کوردبوونەو زیاتریش بە مەبەستی لێدانی رابردوویەکە کە لە کۆنەستی کوردیدا وەکو پیرۆز سەیر دەکرێت و بێگومان یەکێک لە رێگاکانی تێکشکاندنی هەر پێکهاتەیەک جیاکردنەوەی ئەو پێکهاتەیە لە رابردووی خۆی، لە هێماو رەمزەکانی، لە پیرۆزی و سەروەرییەکانی، لە ئەفسانەو چیرۆکەکانی کە داگیرکەرە نوێیەکانی کوردستان لە عەرەب و تورک و فارس هەتا ئێستاش بەشێوەی رێکخراوو بەرنامە بۆدانراو لەسەر جیاکردنەوەی کورد لە زمان و کەلتورو داب و نەریت و فۆلکلۆرو چیرۆک و گۆرانی و مۆسیقاو هێماو سەروەری و ئەفسانەو مێژووی خۆی بەردەوامن . کەواتە بە بارێکی تردا ئەم رەگەزانە رۆڵ دەبینن لە بنیادنانی کەسێتیدا چونکە خودی ئەم بنەمایانە وەکو رەگەزەکانی شوناسی تاکەکەس و شوناسی نەتەوەیش سەیر دەکرێن کە دەبنە بنەماو دروستکەری ناسیونالیزم و لە بنیادنانی نەتەوەشدا کە لە ئەنجامی دروستبوونی دەوڵەتدا دروست دەبێت ئەم رەگەزانە رۆڵی دیاردەبینن. وەکو گوتمان کەسێتی کوردی لە روانگەی روانین بۆ رابردوویەوە، لە روانگەی سەیرکردنی رەگ و ڕیشەیەوە، لە روانگەی ملمانێیدا لە پێناوی ژیان و مانەوەدا، لە روانگەی بوونی کەلتورو داب و نەریتەوە، لە رونگەی کۆمەڵایەتیبوونەوە هاوشانی ئەو ئیتنیک و پێکهاتانەی ترە کە لە نزیک ئەمدا هەبوون و ژیاون و جیاوازی ئاشکرا لە رووی پەرەسەندنەوە لە نێوانیاندا نابینرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت توخم و رەگەزە ناوخۆییەکانی بنیادی کەسێتی کوردی توخم و رەگەزی ئاسایی بنیادنانی کەسێتین وەکو توخم و رەگەزەکانی بنیادنانی کەسێتی هەر ئیتنیک و نەتەوەو پێکهاتەیەکی تر. کەواتە لێرەوە سەبارەت بە کەسێتی کوردی سەرنجمان دەچێتە سەر هۆکارو پاڵنەرو رەگەزەکانی دەرەوە، یان رەگەزە بابەتیەکان کە مەبەست لەوەش رۆڵی هۆکاری دەرەوەیە لەسەر کەسێتی کوردی چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو کەسێتی نەتەوەیی. ئێمە پێشتر باسی قۆناغەکانی تێکشکاندنی کەسێتی کوردیمان کردووە، کە ئەگەر دەوڵەتی مید دەوڵەتێکی کوردی بووبێت، ئەوا یەکەم تێکشکاندنی کەسێتی کوردی لە تێکشکاندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستپێدەکات. دوای ئەوەش جیاکردنەوەی کورد لە ئایینی رابردووی خۆی و پاشان بوونی نیشتیمانی کورد بە شوێن و پێگەی شەڕو ململانێی هێزو دەوڵەتە ناکۆکەکانی وەکو بابلی و فارسی و ئەکەدی و ئاشوری و گریکی و...تاد. پاشانیش تێکشکاندنی کەسێتی کوردی بە خراپترین شێوە لە فەتحی ئیسلامیدا کە لەمەیاندا هەر ئەوە نەبوو کە کەسێتی کوردی لەناو تێكشکاندندا جارێكی تریش تێكبشكێندرێتەوە، بەڵکو ئەمجارەیان کەسێتی کوردی لەناو کەلتورو هێزی تێکشکێنەریدا توایەوە، یان توێنرایەوەو کاریگەری ئەو تواندنەوەیەش لەو ساوە تاکو ئێستا زیندووەو ئەوەیە کە ئێستاش بە ئاشکرا دەیبینین کە چۆن رووبەرێکی فراوانی کۆمەڵگای کوردی نەک هەر ئیسلامبوونی دەخاتە پێش کوردبوونیەوە، بەڵکو لە رووی سیاسیشەوە رووبەرێکی هێجگار فراوانی کۆمەڵگای کوردی ئەوەندەی ئینتیمایان بۆ عەرەب و تورک و فارس هەیە ئەوەندە ئینتیمایان بۆ کوردبوون نیە، کە ئاشکرایە ئەو سێ نەتەوەیە بەکاریگەری ئایینی ئیسلام دەسەڵاتیان بەسەر کورددا کردووەو کەسێتی کوردییان تێکشکاندووەو وڵاتەکەیان داگیرکردووەو هەتاکو ئێستاش کەسێتی کوردی لە ئاستێکی فراواندا خۆی بە بچووک و خزمەتکاری ئەم سێ نەتەوەو سێ کەلتورە هاوئایینە دەزانێت و لە ئاستی ئەواندا بچووک و بستەباڵا دەردەکەوێت. ئەمەش دەرئەنجامی ئەو تێکشکاندنەیە کە هێزی دەرەکی لە درێژەی مێژوودا بەسەر کەسێتی کوردیدا هێناوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە کەسێتی کوردی لە ناوەوەڕا، کەسێتیەکی بەسەرخۆدا شکاوەیەو سەباری نەتوانینی تێگەیشتن لەباری تێکشکاندنی خۆی، بەڵام هەمیشە لەباری خۆنمایشکردندایە بەمەبەستی بەدەستهێنانی سۆزو بەزەیی ئەوانی تر. ئاشکرایە ئەو کەسێتەی لەچاوەڕوانی سۆزو بەزەیی ئەوانی تردایە، ناتوانێت هەنگاوی بەرەو خۆدروستکردنەوە بنێت، هەتا خۆی لە چاوەڕوانی سۆزو بەزەیی رزگارنەکات چونکە تەنیا کەسیتی لاوازو ناکاراو بێبەرهەم چاوەڕوانی سۆزو بەزەیی دەکات. بێگومان تێکشکاندنی کەسێتی تەنیا بەسەر کەسێتی کوردیدا نەهاتووە یان نەسەپێندراوە، بەڵكو زۆر پێکهاتەو ئیتنیک و نەتەوەی تریش دووچاری تێکشکاندنی کەسێتی بوون، بەڵام لە زووترین کاتدا وانەیان لە ئەزموونی تێکشکاندن وەرگرتووەو توانیوویانە بە باشترین شێوە خۆیان دروست بکەنەوەو تەنانەت ببنە دیارترین و بەهێزترین لە رووی پێشکەوتن و بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. کارەساتی هۆلۆکۆست بوو بە یەکەمین پاڵنەر بۆ بنیادنانی کەسێتی بەهێزی جولەکە. کارەساتی بۆمبارانکردنی ژاپۆن بە بۆمبی ئەتۆمی بوو بەپاڵنەر بۆ ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی ئێستای ژاپۆن. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و لەسەر راوەستانە، ئەوەیە کە کەسێتی کوردی نەیتوانیووە هیچ وانەیەک لەو هەموو شکستەی رابردووی خۆی وەربگرێت و هیچ هەنگاوێکی دیارو لەبەرچاو بە ئاراستەی خۆبنیادنانەوەو خۆدروستکردنەوە بنێت. کەواتە ئەو هۆکارانە چین کە کەسێتی کوردییان بۆ ئەو ماوە مێژوویە دوورو درێژە بە تێکشکاوی هێشتووەتەوەو بەربەستبوون لە رێگای هەستکردنی کەسێتی کوردی بە تێكشکاندن و گەیشتنی بە ئاستی هەڵسەنگاندنی باری تێکشکاندن و لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵدان بۆ خۆدبنیادنانەوەو خۆدروستکردنەوەو تێپەڕاندنی باری دوورو درێژی تێكشکاندن وگەیشتنە ئاستی لەسە پێی خۆ راوەستان و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەستبوون و ئینتیما بۆ کەلتورو عەقڵە تێكشکێنەرەکانی کە عەقڵ و کەلتوری عەرەب و تورک و فارسن.
زەبەنگ بەهادین فەیلەسوف و بیر مەندی ئینگلیزی ( جون لوک) لە یەکێک لە نووسینەکانیدا دەڵێت : حوکمرانی تەندروست بە رەزامەندی مەحکومیەکانیدا دەردەکەوێت ، وە ئەرکی حکومەتەکان دابینکردنی سێ مافی سەرەکی هاولاتییە لە مافی ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئازادی وخاوەندارێتی ، ( جون لوک) بە تەوای دژی سیستمی پاشایەتی و ئاغایەتی بوو، ئەو وای دەبینی کە میللەت حکومەت دروست دەکات بەپێی جۆرێک پەیمان نامە یان هەڵبژاردن بە جۆرێک کاتێ میللەت رازی نەبێت لە پاشاکان دەتوانێت لایان بەرێت ، حوکمرانی زانستێکی سیاسیە سیستم و یاسا و دادپەروەری دەوێت ، نەزانینی حوکمرانی تەندروست کۆمەڵگای نا تەندروستی لێدەبێتەوە ، ئەنجامەکەشی بێمتمانەی و بێرێزی و بێ یاسای نێوان حکومەت و مەحکومیەکانیەتی. لە هەرێمی کوردوستان تەنانەت سیستمی پاشایەتیش شێوێنراوە ، دەتوانین بلێین تا ئێستاش سیستمی خێلایەتی و ئاغایەتییە، دەبینین لە ناوجەی زەرد ئاغایەک و ناوچەی سەوز ئاغایەکی دی هەر یەکیان میگەلێکی لە دەوری خۆی خر کردۆتەوە تازە دەگەرێنەوە سیستمی خێڵایەتی. کێشە لەوەدا نییە ئەمان چ جۆرێک لە حوکمرانیان بەدڵە ئەوە پەیرەو بکەن بەلکو کێشەکە لە کات و جێگەی ئەو جۆرە هەڵسو کەوتە دواکەوتوانەیە، دە بینین ئەنجامی ئەم ئاغا گەراییە لەم سەدەی بیست و یەکە سووک بوونی دەسەلاتی ئاغاکان و بوونە تەنزی ناو جەماوەری لێدەبێتەوە لە لایەکەوە لە لاکەی دی تێکچونی سیستماتیکی حوکمرانی پەرلەمانی و دیموکراسی، پێشینان ئاغای دێکەی ئەمبەر خوێی بکردایەتە کانییەکە ئاغای ئەوبەر شەکری تێدەکرد، ئەمە رەنگە بۆ گوندێ بشێت بەلام لە دوو شاری وەک سلێمانی و هەولێر ئەمە کارەساتە، سەرەتا هەلکۆلینی رەگی حکومەتە و دوایش کەرتبوونی نەتەوەیەک. دەسەلاتی کوردی تا ئەم ساتەش نازانێت چۆن حوکمرانی دەکات یان رەنگە بزانێت بەڵام بەرژەوەندی و پارە لای ئەوان لە سەر و خەونی میللەت و دەوڵەتێکی کوردیەوە بێت، ئێستا شوکرانەی دەوێت کە دەوڵەت لەسەر دەستی ئەمان دروست نەبوو دەنا دە بوینە نمونەیەک بۆ دواکەوتووی و دەرەبەگایەتی و ئاغایەتی کەسی دی چاوی لێ نە دە کردین
چیا عەباس دەربارەی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چەندین بۆچون و کارنامە بونیان هەیە، سەرەرای ئەوەی هەمویان ئامانج، دروسترە بلێین نیەتێکی، هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە کرداردا پەرتەوازە و دورن لە یەکتر، بۆیە پاش چەندین ساڵ عەجزی ئەم یاخیبونە لە دارشتنی کارنامە و کرداری هاوبەشی کاریگەر بۆتە ئەستەنگێکی سەخت لە بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە هاوڵاتی هۆشیار و دڵسۆز گوێبیستی پەیامێکی واقیعی هاوبەشی خۆراگران نەبوە، بۆیە ئامادەش نیە فیشەک بە تاریکیەوە بنێت، ئەو سەر و ماڵ و گوزەرانیە کولەمەرگیەی هەیەتی ناکاتە قوربانی بەرە و کارنامەی پەرتەوازە و لاواز، لە ناچاریەوە بێدەنگیەکی شاردراوەی کاتی هەڵبژاردوە و نایەوێت ئەوەشی لە بەر دەستیدایە هەروا بە فیرۆی بدات. ئاشکرایە لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا تەونە کۆمەڵایەتیە رەسەنەکان خەستتر هەنجنهەنجن و بێ بەها بون، ئەم دۆخەش زەمینەیەکی بەپیتی بۆ دەسەڵات رەخساندوە بۆ لاوازکردن و دامرکاندنی زەمینەی نیەت و رۆحی نارازی و یاخیبون. ئەم دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە یاخیبونەی کە بێ کارنەمە و کرداری هاوبەشە، خۆشم بەشێکم لێی، بەدەر لە نیەتە پاک و رەسەنەکانی، بە مەترسیدار دەزانم، لە ئەرزی واقیعدا خۆشمان بوێت یاخود ترش ئەمەش بە سودی دەسەڵات شکاوەتەوە. بە تەنیشت ئەم دۆخە ئاڵۆز و نەخوازیارە، بەشێک لە سەرلێشێواوی و هەڵەی بەرەی یاخیبو بریتیە لەو جیاوازیە زۆرانەی نێوانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتی کوردی، یەکێک داوای چاکسازی و گۆرانکاری لە دەسەڵات دەکات، تۆوی ئومێدو چاوەروانی وەهمدار دەچێنێت، یەکێک بانگەشە بۆ چاکسازی حزبی دەکات و ئامادەیە لە کۆشی چەوری حزبدا سەر لە نوێ دەست پە گروگاڵکردن بکاتەوە، یەکێکی تر، سەرەرای نیەت پاکی، دوای كلاوی بابردو کەوتوە کاتێک وزە و تواناکانی بۆ کۆکردنەوەی گروپە یاخیبوەکان سەرف دەکات، وەک ئەوە وایە کە بیەوێت ئاردی ناو درک کۆبکاتەوە، گروپێکی تر لەو باوەرەدایە کە بە چاوبازی لە گەڵ دەسەڵاتی بەغدا دەکرێت فشار لە سەر دەسەڵاتی کوردی بەگەربخات و ناچاری گۆرانکاری بکات، تاقمێکی تر لە پەنای ناکۆکیەکانی دەسەڵات لە گەڵ هێزە کوردستانیەکانی بەشەکانی تری کوردستان گوزەر دەکات و لەو روانگایەوە مەبەستیەتی دەسەڵات لاوازتر بکات، ناشێت باسی ئەو تاقمانەش نەکەین کە باوەریان بە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە کەسایەتی و جومگەکانی دەسەڵات هەیە، کەمیش نین ئەوانەی کە بۆ گۆرانکاری هیوایان لە سەر شەقامی کوردی هەڵچنیوە، ناشێت ئەوانەش لە بیر بکەین کە هیوایان لەسەر بەشداربون لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵچنیوە و بە نیازن ئەم پەرلەمانە بکەنە گۆرەپانی گۆرانکاری و چاکسازی، بەتەنیشت ئەم هەمو هەڵسەنگاندن و بۆچونانەشەوە جەماوەریكی بەرفراوان بەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە لێرە و لەوێ هەڵمەتێکی چر و پریان بۆ بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات بەرپا کردوە. سەرەرای ئەوەی سەرجەم ئەم کارانە کاریگەری زۆریان لەسەر لاوازکردنی ماهیەتی و هەیبەتی دەسەڵات هەیە و رای گشتیان بە ئاراستەی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات وروژاندوە و بونەتە ئاوێنەی دەنگ و نیەتی یاخیبو و خۆراگرەکان و دەسەڵاتیش ناتوانێت حسابیان بۆ نەکات، بەڵام تا ئەم چرکەیە دو جومگەی هەستیار و بنەرەتی پچرپچر و پەرتەوازە تێیاندا بەدی دەکرێت، ئەو جومگانەی یەکلاکەرەوەن بۆ گۆرانکاری بنەرەتی وریشەیی لە سروشت و ماهیەتی دەسەڵاتدا. یەکەمیان ئەو هەڵمەت و کارانە لە چوارچێوەی کارنامەیەکی ستراتیژی هاوبەشدا کۆنەکراونەتەوە کە سەرکردایەتیەکی دەستەجەمعی بەرێوەی ببات و ببێتە مەرجەعی سەرەکی هاوڵاتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی لە بەرەنگاربونەوە و گۆرانکاریەکاندا، دوەمیش کارکردن لەسەر گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک پێویست و دروست نەکراوە، گەشەکردنێک کە هاوڵاتی بگاتە ئاستێک کە خۆی لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و حزبیە بەسەرچوەکان رزگار بکات و هاوکاتیش سەرپشکی بکات لەو بریار و ئاراستانەی بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان وەری دەگرێت. ئەمە مانای ئەوە نیە لە سایەی ئەو بۆچون و کارانەی کراون هاوڵاتی بێ ئاگایە، بەڵکو بەرەی نارازی شکستی هێناوە لە مۆتۆربەکردنی ئەم بەئاگابونەی هاوڵاتی و ئاراستەکردنی بۆ ئامانجە سەرەکیەکە کە گۆرانکاری ریشەییە لە دەسەڵاتدا. ئاشکرایە ماهیەت و خواست و کردار و رەفتاری دەسەڵاتی کوردی چین و چۆنن، تا سەر ئێسک خەتابارن دەرهەق بە مافە رەواکانی رۆڵە و هاوڵاتیانی ئەم بەشەی کوردستان، کار بەمەش نەوەستاوە، کۆیلەکانیان لە بەغدا و هەولێر، بەناو نوێنەری میللەتن، شایستەی هەڵسەنگاندنێکی ورد و واقیعین. ئەمجۆرە نوێنەرانەی حزب و سەرجەمەکان بە زمانی لوس و بەناوی دیموکراسیەوە سەرلەقێنەری بێ وێنەن و لە وتە و رەفتاریان خێر ناوەرێت، سەرقاڵی چەواشەکردنی هاوڵاتین، بەم شانۆگەریە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان گوزەرانیەکی شاهانەیان مسۆگەر کردوە، بۆیە مەحاڵە ئەم جۆرە تاقمانە تەنانەت بیرێک لە گۆرانکاری جدی بکەنەوە، بە هەموارکردن و دەرکردنی یاسا سەرقاڵی ئارایشتەکردن و پینەوپەرۆکردنی جومگەکانی دەسەڵاتن، بۆیە ئەو کەس و گروپە نارازیانەی خوازیارن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بەچەند ئەندام پەرڵەمانێک گۆرانکاری بەرپا بکەن دوای سەراب کەوتون، ئەوپەری دەکرێت دەنگی نارازی ناو پەرلەمان توندتر ببیسترێت کە بە کارێکی باشی دەزانم وێرای ئەوەی بۆ جوانکردنی روخساری " دیموکراسی " دەسەڵات لای دنیای دەرەوە بەکار دەهێنرێت و رۆڵی هەستیاری لە گۆرانکاری ریشەییشدا نابێت. مەبەستێکی تریش لە باسکردنی ئەم تەوەرە راماڵینی دەمامکی چەواشەکاری ئەو هێز و گروپانەن کە بە ناوی دیموکراسی و پەرلەمانەوە وەک پاشکۆیەکی بێشەرم لە شۆستە بەرتەسک و تاریکەکانی لاکۆڵانەکانی حوکمرانی و سیاسیدا دەستیان بە سوچێکی دەسەڵاتەوە گرتوە و بۆ خێر و بەرەکەت پانیشیان کردونەوتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا جەخت لە وەهمی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو دەسەڵات دەکەنەوە، ناشێت هاوڵاتی کوردستان بە هیچ جۆرێک بکەوێتە داوی ئەمجۆرە هێز و گروپانەوە کە بەناوی کورد و گۆرانکاری و چاکسازیەوە لە گەڵ دەسەلاتی کوردی لە هەولێر و سلێمانی و دەسەڵاتی بەغدا خەریکی زیندوراگرتنی دوکانە سیاسیەکانیانن، ئەو دەسەڵاتانەش دەم و گیرفانیان چەور دەکەن و سابون لە ژێر کەوشیان دەسون. ناشێت بەرەی نارازی بێدەنگ بێت بەرامبەر ئەمجۆرە پرسە هەستیارانە و پێویستە کار بکات ئەو جۆرە تاقم و هێزانە لە رەگ و ریشەوە وشک بکات، چونکە ئەو وشککردنە کارئاسانیەکی گرنگ بە پرۆسەی گۆرانکاری ریشەیی دەبەخشێت. وێرای جیاوازی و ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی بەڵام هەر دوکیان لە ساڵانی رابوردو و ئێستاش دو روی یەک دراون، هاوران مانەوەیان پابەندە بە لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی ئاشکرا و ژێر بە ژێریان بۆ زەوتکردنی کوردستان لە هەمو بوراێکدا، لاوازکردن و تێکشکاندنی ئەم ئەڵقە بەهێزەی دەسەڵاتیش زەمینەخۆشکەرێکی گرنگ دەبێت بۆ پرۆسەی گۆرانکاری ریشەیی. چەندین نەوەی نوێ لەسەر گۆرەپانەکەن، خواست و ئاوات و خەونەکانیان لە سایەی فیشەک و حزب و کۆیلایەتی و پاشماوە و بەزەیی ئەمجۆرە دەسەڵاتە دانەرشتوە و نایبینن، ئێستا ئەم نەوانە تا رادەیەکی ئازاردەر بێ خاوەن و مەرجەعن. دۆخی هەرێم وەک ئێستا بەردەوام بێت زۆر نابات دۆخێکی ئاڵۆز و فەوزا و بێسەر و بەر، کە ئەگەرە لە سادەترین روداودا روبدات، هەرچی بۆ دەیان ساڵە پەنگی خواردۆتەوە و کەڵەکەبون بتەقێنەوە، ئەوەی گرنگە لە ساتە وەختێکی وادا کەسان و گروپی نارازی هاوبەشانە خۆیان بۆ ئامادە کردبێت تا جڵەوی روداوەکان بگرنە دەست، چەند جارێک ئەو چرکە ساتانەی تەقێنەوە رویانداوە بەڵام بەهۆکاری نەبونی کارنامە و مەرجەعێکی یەکگرتوی سیاسی و کاری یەکلایەنەی تاقم و گروپی یاخیبو دەسەڵات سەرلەنوێ کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردۆتەوە. ئەو هەمو خوێنەشی لەو روداوانەدا رێژراون بۆتە سیمبۆڵێکی زیندوی زۆر مەزن و بەهاداری هاوڵاتی کە بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمانەکەی بەخشیوەتی. رۆتەردام: ٩ ئەپریل ٢٠٢١
رەحمان غەریب ئێستا هێزەكان لەناو نەخشەی ململانێكاندا لە جوڵانەوەیەكی بازنەیدا بە زەمەنی ناكۆكییان دەخولێنەوە، مێژووی ململانێی نێوان چینی سیاسی حوكمڕان جارێك بە لۆژیكی بایكۆتكردن و جارێك بە روحی سرینەوەی "ئەویدی جیاواز" دوبارە دەبنەوە، لانیكەم كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەولێكە تا زەمانی لێكدابڕانی سیاسی، درێژترو و ناكۆكییەكان قوڵترنەبنەوە. بەڵی لەناو ئەم ژاوەژاوە سیاسییەدا تەنها كۆبونەوە بەس نییە، بەرنامەو زەمینەی بەر لە كۆبونەوە، نمرەی سەركەوتنی پێدەبەخشێ، بەواتای بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی بەرژەوەندی نیشتمانی، ئاشتەوایی ژیانی سیاسی سەقامگیر و ئارام، لەسەر بنچینەی هاوبەشی سیاسی راستەقینە و رێزگرتن لە بەهاكانی دادی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و فرەیی فكری و سیاسی و یەكسانی و شەڕی گەندەڵی و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ژیانی هاوڵاتیان، دێنەدی. گەڕان بە شوێن رێگەیەك كاری نیشتمانی هاوبەش دەوڵمەند بكات، ژیان.. ژیانی هاوڵاتیان بۆ باش بگۆڕێ قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە، بۆیە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێم پێیان دەڵێت: كۆبونەوەكە گرنگە چونكە پاشەكشە هەیەو هەمووی لەدەروە سەچاوەی نەگرتووە، دەردەكە لەناو خۆدایە، لە زەمانێكداین پارتی و یەكێتی، هەندێجار ئەوانیتریش، ئەم هەموو هەرەشەو جڕوجانەوەری دەوروبەر، چاوی تێرنەكردوون، چاویان لە لاوازكردنی یەكترییە، یەكتر بە مەترسی دەزانن، نەك هەڕەشە راستەقینەكانی دەوروبەر. دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) بە كۆكردنەوەی هێزەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی راستەوخۆ، هەوڵێكە تا "روحی بەرەیی" بخاتەوە ناو گیانی شەكەتی گوتاری نیشتمانی، ئەو روحەی هێزەكان یەكدەخات، رێكدەخات و پێگەكانی ماڵی كوردان دەپارێزێ تا نەڕمێت بەسەر خۆماندا، بۆ ئەم ئامانجە وەك سیاسی تر، چواڕیان و دووڕیان و لادانی كاتی، سەرەڕێی لێ وون نەكردوە. رێگەی ئەم كاروانە سیاسییەی پێگەكانی ماڵی كوردستانی دەپارێزێت، روحی یەكڕیزی گەلی كوردستان قوڵتردەكاتەوە، پڕە لە هاوسەفەری نیوەرێ، بۆ ئەوەی رێكخەری ئەم پرۆسەیە پشودرێژ بێت و باكی نەبێت لە دڕك وداڵی سەرەڕێ، پێویستی بە پشتیوانی سەرۆك و جەماوەری حزبەكەی خۆیەتی ئینجا ئەوانی تر. پێویستی بە پشتیوانی سەرۆكی حكومەت ئینجا سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكەكانی ترە. لەناو جەنجاڵی دۆخی ناوچەكە، مەترسی و هەڕەشەو ئاڵەنگارییەكان، دەبێت چاو لەسەر دەەرفەت بێت، دەرفەت بۆ گەلی كوردستان و ئەزمونە نیشتمانییەكەی، نەك بۆ حزبی دەسەڵات بەدەست و بێدەسەڵاتی ناوو دەرەوەی حكومەت، ئەمە بە دەسبەرداربوون لە فیڵ و زمانی بوغزی سیاسی دێنە دی، نەك ململانێ و بۆ لێدان و لاوازكردن، بە رێگرتن لە مافیای مەرزەكان، نەك مەرزی خۆت بۆ خۆت و مەرزی خۆم بۆ خۆم، بە نیشتمانی كردن نەك حزبی كردنی ئەرزو ئاسمان، بە گفتوگۆی راشكاوانەی رووبەروو سەركەتوو دەبێت، نەك لە رێی میدیا سێبەر و بەكرێگیراو. كە ئەم خواستتانە بەردەست نەبوون و لە دەرەوەی تۆڕی نیشتمانی بن، ناكرێت كۆبونەوەكە دادگایی بكەین، بەڵكو ئەوەی شایەنی دادگاییە ئامادەنەبوونی ئەو خواستانەن.
زانا تۆفیق بەگ چەمكی درۆ بەپێی زانستی سیاسی، بریتیە لە پێچەوانەی گوفتارو هزر یان وەك چالاكییەكی ڕۆشنبیری سیاسی و ئاوەژووكردنەوەی كردەیەكی سیاسی سەیر دەكرێت، لە پێناو شاردنەوەی زانیارییەكی ڕاست وە پێچەوانەكردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گروپێك یان كەسێك، هیچ كۆمەڵگایەك هێندەی كورد چەمكی درۆ لە ناو پرۆسەی سیاسی كۆمەڵایەتیدا ڕەنگدانەوەی خراپ و دەروونی بەجێ نەهێشتوە . (سانتیا) فەیلەسوفی ئەمریكی بەڕەگەز ئیسپانی دەڵێت " ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگان، مەحكوومن بە دووبارەكردنەوەی" ئەم تیزەی سانتیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە بەشێكی دووبارە بوونەوەی شكستەكانی ئێستای كورد، پەیوەندیەكی قووڵیان بە درۆكانی ڕابردووەوە هەیە، چونكە ڕووداوە خراپەكانی مێژووی كورد وە پاساو هێنانەوە بۆ ئاوەژووكردنەوەی بە دیوێكی ئیجابیدا، بەڵگەی ئەوەن كە كۆمەڵگای كوردی لە ئێستادا هەمیشە سەرسام بووە بە مێژوویەكی موزەیفەی دروستكراو، كە ئەمە بەشێكە لە دروستكردنی پرۆسەی چەمكی درۆ لەناو هزری تاكی كوردا. كۆمەڵگای ئێمە ناتوانێ دەستبەرداری چەمكی درۆكردن بێت، بۆ گێڕانەوەی شكستەكانی مێژووی خۆی، بەتایبەتی چەمكی درۆ وەك پرۆسە لەدوای ڕاپەڕینەوە بۆتە بەشێك لە فەزای گشتی و سیاسی و گوتاری ڕۆشنبیری كوردی. ڕەنگە بەشێكی خراپی ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەزانینی هونەری بەڕێوەبردن و خراپی سیستەمی دەوڵتداری بێت، یان كۆكردنەوەی پارە بەڕێگای نایاسایی لەووڵاتدا، ئەمانە كۆمەڵێك فاكتەری خۆڵقینەری كەلتوری درۆن لە كۆمەڵگادا. لایەنێكی تری خراپی چەمكی درۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەشێكی زۆری ڕاوێژكارو دەم ڕاستەكانی نزیك نوخبەی سیاسی وەك پێوەرێكی دڵسوزی لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا. بەهۆی دووری سەركردە سیاسییەكان لەگەڵ فەزای گشتی، ئەمە ڕێگا خۆشكەرە بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاری فەیك و ساختەو درۆ بۆ كاربەدەستانی ووڵات. لەڕێگای كەسە نزیكەكانی بازنەی دەسەڵات، وە موجامەلاتی درۆ بۆ فیگەرە سیاسیەكان و داپۆشینی كێشەكانی كۆمەڵگاو دروستكردنی خەیاڵپڵاوێكی دوور لەواقیع، كە گوایە كۆمەڵگا هیچ كەمووكوڕییەكی تێدا نیە، وە دەنگە ناڕازییەكان تەنها دروستكراوی دوژمنەكانی دەرەوەی سنورن بۆ تێكدانی ئاسایشی ووڵات. باشترین نمونە لەكاتی شۆڕشەكانی لیبیا بۆ لەناوبردنی موعەمر قەزافی پەیامنێریكی كەناڵی سی ئێن ئێن- ی ئەمریكی لە موعەمر قەزافی پرسی ووتی "لەدەرەوەی كۆشكەكانی تۆ خۆپێشاندان هەیە لەدژی تۆ"، لە وەڵامدا ووتی" ئەو زانیاریەی تۆ درۆیە، ئەوە جەماوەری لیبیایە بۆ خۆشەویستی من هاتوونەتە سەر شەقام". بوونی حكومەتێكی ڕەشید لە بواری بەڕێوەبردنی ووڵاتدا، زامنی سەركەوتن و جێبەجێكردنی سەرەوەری یاسا دەبێت لەهەر سیستەمێكی سیاسییدا، ئەگەر حكومەتێكی ڕەشید نەبێت پەروەردەیی تاك دەگۆڕێت بۆ بەكارهێنانی درۆو شێواندنی ڕاستییەكان، لە پێناو كۆكردنەوەی سەرمایەو وەرگرتنی دەسەڵات و پۆست و دەستكەوتی تایبەتی لەڕێگای درۆو چەواشەكارییەوە، وەكو ئەم شێوەیەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە. لەدەرئەنجامی ئەم ماكە خراپەی كۆمەڵگای كوردیدا، ئێمە لەبەردەم لێكترازانێكی ڕۆحی گەورەداین، بە گشتی كەوتووین لەڕووی فەرهەنگی و زانستییەوە، هیچ كەسێك متمانەی بە بەرامبەرەكەی نەماوە، تەنانەت ئەندامانی لایەنە سیاسەكان لەناو ئۆرگانەكانی خۆیاندا متمانە بەیەكتری ناكەن و ناتوانن جەدەلی پێویست بكەن، بۆ چارەسەری كاروكردەوە خراپەكانی ناو خودی خۆیان، واتا ئێمە لەبەردەم هەڵتەكاندنێكی ڕۆحی و كەلتوری گەورەداین كە ئەوسەری تونێلەكەمان لێ دیار نیە، ئاسۆی چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا هەمانە ئەستەمە.
سەردار قادر كەمن ئەو دەنگانەى كە نا ئەڵێن بەم بارودۆخە ، كەمن ئەو نایانەى كە ئەبیسترێن ،ناكان هاتووى ململانێ ى ناو هێزە سیاسیەكانن ، ناكان كەمتر خەمى گشتى باس لێوە ئەكات . ناكان دەنگى ناو بۆتەى حیزبە ، ململانێ ى ئەم سەركردەو ئەو سەركردەیەیە ، ئەم دەڤەر و ئەو دەڤەرەیەیە !!! ناكان هى ئەم تەكەتوولەیە دەرهەق تەكەتوولى بەرامبەر، ناكان پرۆژەى شەرمن ئەخاتە روو ،ناكان ئەگەرى بەرزى و نزمى هەیە . ناكان هەمیشە لە بەردەم دان وساندایە . ناكان دوورە لە ئومێدى زۆرینەى خەڵك ، ناكان تا ئێستا نەبۆتە ئومێد ، ناكان خیتابى گشت گیرى نیە وابەستەى ناوچە و ململانێ ى ناو بۆتەى حیزبە . خەمى گشتى نەبۆتە زادەى ناكان ، ناكان نەبۆتە كاریزماى گشتى بۆ هێنا نە دى خەونى تاكى وردى . ناكان متمانەى گشتى تا ئێستا دروست نەكردووە و تاكى كوردى بە گومانەوە تێ ى ئەروانێت . ریتمى ناكان نەبۆتە ریتمى گشتى و هەموان بیڵێنەوە . ناكان نەبوونە تە قوتابخانە ؟؟؟ جارانێك لەگەڵ سەرهەڵدانى بزووتنەوەى گۆراندا باس لە قوتابخانەكەى رەوان شاد نەوشیروان مستەفا ئەكرا . ئەو قوتابخانەیەى كە تانو پۆى خۆى دروست كردبوو ، پرۆژەى هەبوو ، گوتارى گشتى هەبوو ، لە ئێستادا ئەوەندەى باس لە موڵكى كاك نەوشیروان ئەكرێت ئەوەندە باس لە قوتابخانەكەى ناكرێت ؟؟؟؟ زۆرێك لە هاورێكانى وازیان لەو قوتابخانەیە هێنا و كەمێكیان وەك وارسى مامۆستا ماونەتەوە و بە زمانێك وانە ئەڵێنەوە كە زمانى فەرمى قوتابخانەكە نیە ؟؟؟ خۆێندكارانى ئەو قوتابخانەیە زۆرێكیان بۆ گەیشتنە پۆست مانەوە لە قوتابخانەكە و بۆ بەردەوامى لە كارەكانیان مەزنى قوتابخانەكە باس لێ ئەكەن بێ ئەوەى لە وانەكاندا دەرچوو بن ؟؟؟ هەندێكیٍ تر گواستیانەوە بۆ مەكتەبەكانى تر جا دەوامى رۆژ بێت یان شەو . ئەم قوتابخانەیە بە جۆرێكى لێ هاتووە گومان دروست ئەكات ؟؟ كە ئایا دائەخرێ یان هەندێ لە مامۆستاكان خەریكى سەواو مامەڵەن بە موڵك ى قوتابخانەو مەنهەجەكەى بۆ مانەوەوى خۆیان ، تەمەنى خانە نشینیان هاتووە و چۆڵى ناكەن ؟؟؟ گومانەكە ئەوەیە تاكەى ناكان نابنە ناى گشتى ؟؟؟ كاتێك باس لە ئازارى گشتى ئەكەن ، خەمى گشتى ئەكەن ، بۆ و چۆن ئەكرێت لە دوو توێ ى حیزبدا كە بەشێكە لە دەسەڵات ، ببێتە فریاد رەس ؟؟؟ ئاخر ناكەى سەركردەیەكى گەنج كە لە ئێستادا باس لە خەمى گشتى ئەكات چۆن ئەبێتە ناى گشتى ؟؟؟ چۆن ئەبێتە پرۆژەى گشتى ؟ كەى ناكەى لە ماڵى حیزبەوە ئەخاتە كۆى ماڵەكان ؟؟ كە ماڵى حیزبى كردەوە بە رووى چاكسازى ، كە دەرئەنجامى چاكسازیەكەى خستە خزمەتى گشتیەوە ، ئەو كات تاكەكانى دەرەوەوى حیزب باس لە ئومێد ئەكەن ... ئەو نایانە بكە ناى گشتى ؟؟ ئەو نایانە بكە پرۆژە بۆ خەمى هەموان . ئەمە تەنیا خەم خۆریە و هیچى تر . ناكان تەنیا بۆ ململانێ ى ناو بۆتەى حیزب نەبێت تكایە .. ناكان خەمى ئەو خانەوادانە بێت كە ئەزیزترین كەسیان شەهید بوون ، هى ئەو گەنجە رەنگ پەریوانە بێت كە گیرفانى بەتاڵیان هیلاكى كردوون ، هى ئەو قەڵەمانە بیت كە بۆ خزمەتى دەربار خۆیان نافرۆشن . هەوڵى كردنەوەى دەرگا بێت بە رووى خەم خۆراندا . هیمەتێ؟؟؟؟؟؟؟
هیوا سەید سەلیم ساڵێک و چەند مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ تێدەپەڕێت، ئەو ڤایرۆسەی کە تەواوی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، و زۆرترین زیانی گیانی لێکەوتەوە، هەروەها زانست و لە ناویشیاندا سیستەمی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە. لەو ماوە زەمەنیەدا، تەواوی مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی چارەسەر، و پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە. لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی جیهان کۆمپانیا ناودارەکان کەوتنە پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری، تا هەرچی زووە وەک دەستکەوتێکی زانستی پێکوتەی ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە و پێشکەشی هاوڵاتیانی بکەن. دوای ساڵێک لە تووشبوونی چەندین ملیۆن کەس بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، و مردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تووشبوان لەسەر ئاستی تەواوی جیهان، و کاریگەری نەرێنی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لەسەر ژیانی هاولاتیان، لە بڵاوبوونەوەی ترس، و بێ کاری بە هۆی رێوشوێنەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩، سەرەنجام بە هەوڵی کۆمپانیا جیهانیەکان چەندین جۆری پێکوتەی ئەو پەتایە دۆزرایەوە، و ئیستا لە زۆرێک لە وڵاتان وەک بەشێک لە سیستەمی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا خەڵکی پێدەکوترێت. لە هەرێمی کوردستانیش وێڕای رێوشوێنی توند لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، بەڵام هەرێم وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان ئەو پەتایە زەفەری پێبرد، کە دەرنجامەکەشی بە مەرگی هەزاران هاوڵاتی و تووشبوونی ژمارەیەکی زۆر تەواو بوو. شایانی باسە ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان جیادەکاتەوە دوو شتە: یەکەمیان نەبوونی هۆشیاری تەندرووستیە لای بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. دووەمیشیان خرابی سیستەمی تەندرووستیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کە ئەویشیان بە هۆی تێکەڵاوی لە نێوان هەریەک لە سیستەمی گشتی و تایبەتە گرنگی نەدان بە سیستەمی گشتی. ئەم دوو هۆکارە وایکردووە کە هاوڵاتیانی کوردستان کەمترین متمانەیان بە سیستەمی تەندرووستی هەرێم هەبێت. وەک دەزانرێت نەبوونی متمانە لە لای هاولاتیانی کوردستان ئەرکی دەزگا تەندرووستیەکانی لە رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا زۆر قورسترکرد. بۆیە سەرەتا رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان هەر متمانەیان بە پەتاکە نەبوو، هەروەها ئەو رێوشوێنە توندانەی کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێم وەرگیران، جۆرێک لە کاردانەوەی ئەرێنیان لای هاولاتیان درووستکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە زۆر شوێن خەڵک ناچاری پشکنینی بە کۆمەڵ و ئیجباری بکرێت، کەرەنتینە و پکخستنی ژیانی لێبکەوێتەوە. لە ئێستادا کە هاوشێوەی جیهان لە نەخۆشخانەکان و ناوندە تەندروستیەکانی هەرێمی کوردستان پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەستە، و بە خۆڕای لە هاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینی و هەڵوەستە لەسەرکردنە ئامدەنەبوونی خەڵکە بۆ وەرگرتنی ئەو پێکوتەیە. بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن تەنیا لە نێو کەرتی تەندرووستی کە پێش هەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا مافی ئەوەیان پێدراوە کە پێکوتەکە وەرگرن، تا ئێستا ٢٠٪ ئەو توێژە ئامادە نەبوونە ڤاکسینەکە وەرگرن، ئەم هەڵوێستەی ئەوان وایکردووە کە چین و توێژەکانی دیکەش متمانەیان بە ڤاکسینەکە نەبێت. دێوزمەی پەتای کۆرۆنا و ئەو زیانە گەورەیەی کە بە مەرگی هاولاتیان لە کۆمەڵگای ئێمە کەوتەوە، لە هەموو لایەک دەخوازێت کە نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی نازانستیانە. چونکە جۆرەکانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک هەر پێکوتەیەکی دیکەی پەتا بەربڵاوەکانی دیکە، وایە، و بەدەر نیە لە کاریگەری لاوەکی، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ساخ بۆتەوە ئەوەیە کە تەواوی ڤاکسینەکان بە رێژەی جیاجیا خزمەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن. دواجار دەڵێین بێ متمانەی خەڵک بە سیستەمی تەندروستی، و پڕوپاگەندەی نادرووست دژ بە ڤاکسینی کۆڕۆنا، هێندەی دیکە وا دەکات دێوزمەی پەتای کۆڕۆنا زیاتر زەفەرمان پێببات، بۆیە تەنیا بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە و پەێڕەوکردنی سیستەمی تاکپارێزی هەموو لایەکمان پاریزراومان دەکات.
جەعفەر عەلی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و پێکهێنانەوەی دەزگاکانی دەسەڵات لە بەغدا، هەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێندە پتەو و سەقامگیر نەبووە، نە هەولێر و نە بەغدا بتوانن کار و بەرنامەی سیاسی و ئابووری خۆیان لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە دابڕێژن. هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکان لە هەندێ قۆناغدا گەیشتووەتە ئاستی دابڕان و بایکۆتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جومگەکانی یەکەمی بڕیار و دەسەڵات، تایبەت ئەو کاتەی مالکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەسعود بارزانیش سەرۆکی هەرێم بوو. ریشەی پەیوەندییەکان جگە لەو سەردەمەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بوون، لە ژێر باری ناچاری و بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ناوچەیی و جوگرافی هەرێم، هەرگیز لە دۆخێکی ئاسایی و نموونەی پەیوەندی نێوان دوو بەرەی سیاسی و هاونیشتیمانی هەڵگری یەک ناسنامەی قانونی هاوبەشی ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی نەبوون. دەتوانین بڵێین دۆخی پەیوەندییەکان بە ئێستای دوای پەسەندکردنی بودجەی عیراق و سازانی هەولێر و بەغداشەوە، لە ئاستێکدایە، بچووکترین لێکتێنەگەیشتن، یان بیانووی پێویستە، تا گێچی پەیوەندی و رێککەوتن و ئەنجامی سەفەرە مەکوکییەکانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە یەک چرکەدا بێنێتەوە سەر سفر. ئەم دۆخی پەیوەندییە لەرزۆکە، تەنیا پەیوەندی بە مەسەلەی بودجە و پارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو وەحشە ترسناک و تاریکەوە هەیە، کە لە ناخی دۆزەخی سیاسییەکانی هەولێر و بەغدادا دەژی، وەحشێک، نە تەنیا توانا و هێزی بیرکردنەوەی ناگاتە ئاستی هەڵکشانی پتەوکردنی بنەما هاوبەشە نیشتیمانییەکان، بەڵکو زۆر لەوە بچووکترە ئەو بۆشایی و درزە مێژووییە گەورانە چارەسەر بکات کە لە نێوان هەر دوو لادا هەن و مەرجی دروستکردنەوەی متمانەش دەبن بۆ ئایندەی ژیان و سیاسەت و کاری بە یەکەوەیی لە عیراقدا. ئەو عەقڵەی لە برینەکانی مێژووەوە بنەماکانی گوتاری سیاسی دادەڕێژێت، هەرگیز لە دونیای هاوچەرخدا، ناتوانێ هەنگاوێک بە قازانجی دیموکراسی و داڕشتنی پەیوەندی سیاسی دروست، بچێتە پێش. سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا، شەیتانەکانی ناوەوەیان هێندە بە ئاگا و زیندووە، خەون بینینێکیان بەسە بۆ ئەوەی لە چرکەساتێکدا دۆخەکە لە رێککەوتنەوە بگۆڕن بۆ گرژی، ئارامی سیاسی و بوژانەوەی ئابووری بگۆڕن بە سەرزەمینێکی دۆزەخی بۆ هاوڵاتییەکانیان. ئاسانترین شتێک کە سیاسییەکان دەتوانن بیکەن و بە پلەی ئیمتیازیش تێیدا سەرکەوتوون، خوڵقاندنی دۆزەخە، ناشیرینکردنی جوانی و بەتاڵکردنەوەی ژیانە لە مانا. ئەوان چونکە سیاسی ناهۆشیار بە زانستی سیاسی، دامەزراوەی نیشتیمانی، ئازادی و مافی ئینسانن، بەردەوام خەریکی فڕێدانی دروشمی قەبەی ناواقیعی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و تێکدانی ژیانی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتین. ئاخر ئەگەر سیاسی بوو بە بازرگان، شەڕەکانی بە ناوی دیموکراسی، دەستور، نیشتیمان، نەتەوە و ماف و ئازادییەوە دەیکات، شەڕی راستەقینە نین و جەوهەری شەڕەکە گوزارشت لە دیوە دۆزەخییەکەی ناوەوەیان ناکات، چونکە پاڵنەری سەرەکی شەڕەکە لە تاریکی و دیوی ناوەوەیاندا پەنهان و شاراوەیە. ئەوەی لە شەڕدا خۆی بەیان دەکات، ئەوەی هاوار دەکات و پۆپۆلیستانە یاری بە هەست و هۆشیاری عەوام دەکات، دیوە رووکەش و ساختەکەیە، نەک دیوە راستەقینە شاراوەکە. ئەم قسەیە هەم بۆ ئەو سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان، هەم بۆ ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، راستی زۆری تێدایە. سیاسی پۆپۆلیست، سیاسی بازرگان، هەر دووکیان پێویستیان بە عەوام، پێویستیان بە خەڵک هەیە، نە سیاسی پۆپۆلیست بێ عەوام دەژی، نە سیاسی بازرگان لە دەرەوەی خەڵک و بازاڕدا دەتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبووی قەبەتر و گەورەتر بکات، بۆیە هەردووکیان وەکیەک شەڕی داگیرکردنی دڵ و هۆشیاری خەڵک دەکەن، نەک ئازادکردنی. کێشەی سیاسەت لە هەرێم و عیراقدا هەر ئەوەیە، کە سیاسەت وەزیفەی بنەڕەتی خۆی لێوەرگیراوەتەوە و کراوە بە سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی شکست و دۆڕان، کراوە بە بزوێنەری سەرەکی بە گەڕخستنی ماشێنی حەزە شەخسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. تا سیاسەت بەم فۆرم و تێگەیشتنە لە عیراق و هەرێم درێژەی هەبێت، هەموو چرکەساتێک ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەر رێککەوتنێک هەیە، هەموو رۆژێک لەبەردەم گێمێکی دیکەی پەیوەندی گرژ و ئاڵۆز و دیسانەوە تۆمەتبارکردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێزەنتیدا وەستاوین.
د. كامەران مەنتك باڵادەستی بنەماڵە سیاسیەكان، كێشەیەكی گەورەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیە، بەتایبەتی لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم، زۆر لە وڵاتان بەدەست ئەو بنەماڵە سیاسیانەوە دەناڵێنن، كە خراوەتە كۆڵێان و حەرام و حەڵاڵی وڵاتەكەیان بۆ خۆیان حەڵاڵ كردووەو ئێستاو رابردوو ئایندەی میللەتەكەیان خستۆتە مەترسیەوە. كێن ئەو بنەماڵە سیاسیانە، ئەو دەسەڵاتە لەكوێوە دەهێنن و كێن پاڵشتیان دەكەن و دەیانپارێزن؟ ئایا ئەوانە بۆ خزمەتی میللەتەكانیان هاتوون وەك نیشانی دەدەن، یاخود بەوەكالەوە پلانێكی تر جێبەجێدەكەن؟! دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەریتانیەكان لەرێگای هاوسەنگی نێوان بنەماڵەكانی رۆژهەڵاتەوە باڵادەستی و بەرژەوەندیەكانی خۆیان بپارێزن، ئەو بنەماڵانەی پێگەیەكی ئاینی، یاخود كۆمەڵایەتین هەبوو، لێیان نزیك بوونەوەو هاوسەنگیەكیان لەنێوان دروستكردن، تەنانەت هەندێكجار لەكەسانی ئاسایی، تەنانەت لەكەسانی دزێوو مرۆڤ كوژو دزەكانی نێو كۆمەڵگاوە بنەماڵەیان دروستكردو مۆركێكی سیاسیان پێبەخشین، میداكانیان بۆ خستنە گەڕو تاكەكانی كۆمەڵگەكەیان بەشێوەیەك بۆ گۆشكردن، كە ئەگەر ئەو بنەماڵانە نەبن، وڵاتەكانیان وێران دەبێت و جگە لەوانە كەس ناتوانێت و كەسی تر شایەنی ئەوە نیە حوكم بكات!. بیرۆكەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی بەریتانیا لەرێگای هاوسەنگی نێوان هۆزەكانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ژەنڕاڵی بەریتانی ساندمان، كە لە ئەفغانستانەوە كاری لەسەر دەكرد، بیرۆكەكەی ساندمان خۆی لە هێنانە پیشەوەی دیارترین سەرۆك هۆز یاخود كەسایەتی ئاینی دەدۆزیتەوە، بۆئەوەی هەموو هۆزەكانی تر لەرێگای ئەوەوە رام بكرێن و كۆنتڕۆڵ بكرێن. هەموو هۆزە بچووكەكان بۆ ئەوەی لە هەژموونی هۆزە گەورە بپارێزرێن، پێویستیان بە یارمەتی بەریتانیەكان دەبوو، هەركاتێكیش ئەو هۆزە بچووكانە یەكیان گرتبوایە، ئەوا هۆزە گەورەكە پێویستی بەریتانیەكان دەبوو، ئەم هاوسەنگیە وایدەكرد هەردوو لا پیویستیان بە بەریتانیەكان بێت، بەم شێوەیە بەریتانیەكان سەقامگیری ناوچەكەیان دەپاراست و سترااتیژیەكانی خۆیان جێبەجێدەكرد، هەركاتیكیش كاریان بەلایەكیان نەمابوایە، دەستیان لێبەردەدان و دەیانخستنە بەردەمی گورگەكان!. بنەماڵە سیاسیەكانی كەنداوو وڵاتانی عەرەبی نمونەیەكی زەقی ئەو هاوسەنگیەن، ئال سەباح، ئال هەیان ... ئال سعود .... هتد، ئەمانە هەموو ئەو بنەماڵانەن، كە لەوڵاتانی عەرەبی بەرزكراونەتەوەو دەپارێزرێن، بۆ نمونە لە ساڵی (1945) رێكەوتنێك لەنێوان سەرۆكی ئەمریكاو ئال سعود بەسترا، ئەركی ئال سعود ئەوەبوو، دەرگای بیرە نەوتەكانی وڵاتەكەی بۆیان بخاتە سەر پشت، ئەركی ئەمریكاش پاراستنی ئەو بنەماڵەبوو لە هەڕەشە دەرەكی و ناوخۆییەكان، واتە لە مەترسی گەلەكانیان!. دیارە ئەو جۆرە رێككەوتنە لەگەڵ هەموو بنەماڵەكانی تر كراوە كەواتە هاتنی ئەو بنەماڵانە بۆ سەر كورسی دەسەڵات نەبەباش نەبەخراپ پەیوەندی بەویستی میللەتەكانیان نەبووە، ئەو ناوو نازناوانەی هەڵیانگرووە بەهیچ شێوەیەك پێگەی سیاسی و فەرمی ئەوان دەرنەبڕێت، بۆ نمونە كاتێك پێیان دەگوترێت شا، یاخود پادشای فڵانە وڵات، ئەوانە هیچ سیفەتێكی پادشایەتیان تێدا نەبووە، چونكە پادشای تێر نایەوێت فەرمانڕەوایی گەلێكی برسی بكات، كەچی ئەوانە زۆرینەی خەڵكی وڵاتەكانی خۆیان خستۆتە ژێر هێڵی هەژاری و برسیەتیەوە، تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیان و رازیكردنی گەورەكانیان!. بۆ نمونە لە دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی وەكو سعودیە، ژمارەی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین لەنیوەی كۆمەڵگاكە زیاترە، كەچی چەندین هەزار شازادە بە ئارەزووی خۆیان یاری بە سامانی وڵات دەكەن و لەژیانێكی شاهانە دەژین. دەسەڵاتی بنەماڵەی سیاسی لەمێژووی نوێی كورددا لەشێخ عوبەیدووللای نەهریەوە دەست پێدەكات، پێش شێخ عوبەیدوللا، واتە بەر لەوەی میرنشینە كوردیەكان بڕۆخێت، میرەكان فەرمانڕەواییان دەكرن، كە شیوازیكی فەرمانرەوایی بوو و مۆركێكی رۆژهەلاتیان پێوەبوو مۆدیلی حوكڕانی ئەو كاتە بوو لای هەموو گەلانی ناوچەكە، بەڵام دوای ئەو قۆناغەو دوای ماوەیەك لەبۆشایی سیاسی لە كوردستان، شێخ عوبەیدوللأ وەك یەكەم شێخی تەریقەت لەكوردستان پێگە ئاینیەكەی خۆی بەكارهێنا بۆئەوەی جڵەوی بزووتنەوەی كورد بگرێتە دەست، لەكاتێكدا وەك هەندێك سەرچاوە ئاماژە پێدەكەن لەپاڵ پێگە ئاینیەكەی گەورەترین بازرگانی تووتن بوو و ركابەری كۆمپانیای ریجسی فەرەنسی دەكرد!. ئەمە نەك سەرەتای ناسیونالیستی كوردی نەبوو، وەك زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەكان بە نەشارەزاییەوە ئاماژەی پێدەكەن، بەڵكو سەرەتا لەرێلادانی مێژووی كورد بوو، كە تا ئێستاش كۆمەڵگای كوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێت. دوای جەنگ شێخ مەحمودیان بەرزكردەوە، لەراستیدا هێنانی شێخ مەحمود پەیوەندی بەهەمان ئەو هاوسەنگیە خێڵەكیەوە هەبوو، كە ئاماژەمان پێكرد، ئەوەی لەمێژووی كوردا پێی دەگوترێت حكومەتی یەكەمی شێخ مەحمود لەو سیناریۆییە زیاتر نەبوو، هەر كاتێك كاریان بەشیخ نەما گرتیان و رەوانەی هیندستانیان كرد، پاشان هینایانەوە، لەكۆتایدا لەژێر دەسەلاتی پاشای ئیراق، واتە هەمان هاوسەنگی خێڵەكی بەڵام لەسەر ئاستیكی فراوانتر، شوێنیان كردەوەو تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد لە بەغدا هێشتیانەوە. دوای ئەوە بایەخیان بە بنەمالەی بارزانیەكاندا، هەر كاتێك كاریان پێیان هەبوو، زەقیان دەكردنەوەو دواتریش، كەكاریان پێیان نەدەما، لە پەنای سوپای ئێراقەوە راوەدوویان دەنان و لەگۆرەپانەكەیان دووردەخستنەوە، تێكچوونی ئەوەی ناویان ناوە شۆڕشی ئەیلوول دەكەوێتە هەمان چوارچێوەوە، هەر كاتێك كاریان بەبارزانی نەما، دەستیان لێبەرداو ئەویش لەبەردەم شای ئێراندا رایگەیاند، كە ئەركی ئەو تەواو بوو دوای ئەوەش لە ئەمریكا داوای پەناهەندەیی بۆ خۆی و كوڕەكانی كرد!. لەدوای شەستەكانەوە كاریان لەسەر دروستكردنی بنەمالەیەكی تر كرد بۆئەوەی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیەكان هاوسەنگی پێبكەن، هەر بۆیە دەبینین تاڵەبانی نزیكەی نیو سەدە خۆی وەكو دوژمنێكی سەرسەختی بنەماڵە گەرایی نیشان داو هێزەكەی بەناوی نەهێشتنی بنەمالەو حوكمی بنەماڵەییەوە پەروەردە دەكرد، بەمەش دەیان هەزار بگرە سەدان هەزار رۆلەی كوردی كردە قوربانی، كەچی لەكۆتایدا خۆی بووە دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی و لەدوایی خۆی حیزبە سوسیال دیموكراتەكەی بەمیرات بۆ كوڕو برازاكانی هێشتەوە، لەبەرئەوەی هاوكێشەكە لە خودی تاڵەبانی گەورەتر بوو!. لە ئێستاشدا ئەو هاوسەنگیەی لەنیوان هەردوو بنەمالەی تالەبانی بارزانی دروستكراوە، هاوسەنگیەكە دۆخی كوردستانی راگرتووەو ریگا نادات یەك هەنگاو بەرو پێشەوە بچێت و لەو چوارچێوەیە دەربچێت، كە بۆی كێشراوە، هەر كاتێكیش هەر لایەكیان هەوڵیدا ئەو چوارچیوە تێكبشكێنیت، ئەوا لەگۆرەپانەكەی دووردەخەنەوە و دەسەڵاتەكە دەگوازنەوە بۆ نەوەو برازاكانی، وەك ئەوەی لەدوای ریفراندۆم بینیمان. كەواتە بۆئەوەی كورد لە مۆدێلی بنەمالەی سیاسی رزگاری بێت، دەبیت ببێتە خاوەنی مۆدێلی سیاسی تایبەت بەخۆی، ئەمەش لەرێگای گۆڕینی ئەو میكانیزمەوە دەبێت، كەزیاتر لەسەد سالە بەریتانیەكان بۆیان كێشاوە و ئەمریكییەكانیش لەسەری رۆیشتوون. دەبێت لەسەر بنەمای ئەو هاوسەنگیە مێژووی كورد بخوێنرێتەوە نەك ئەو لاپەڕە رازاوەو ناڕاستانەی مێژوونووسان لەرابردوودا كاریان لەسەر كردووە.