نەهامەتییەکانی کوردبوون لە تورکیا
2021-03-15 13:23:53
ئەنوەر حسێن (بازگر)
مێژووی شەڕ و ململانێی تورکیا و کورد، زیاتر لە چل ساڵی تێپەڕ کرد، کە بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان نزیکەی (60,000) کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی.
پرسیاری گرنگ لێرە دروست دەبێت، تورکیا چی لە کورد دەوێت؟
- وەڵامەکەی ئاسانە، دکتۆرێک لە تورکیا بۆی گێڕامەوە، من و هاوسەرەکەم لە ژووری نوستنەکەی خۆمان، نەماندەتوانی بە زمانی کوردی قسە بکەین، تەنانەت گومانم لە هاوسەرەکەشم هەبوو....!
- ئاتا تورک، بونیادنەری تورکیای نوێ، خۆی وتی "کوردەکان لە تورکی شاخاوین".
- پێشتر زیندانیانی سیاسی کورد ناچار دەکران لە زیندان، پیسایی خۆیان بخۆن.
- کوردەکانیان دەکردە ناو ئەشکەوتێک و دواتر ئەشکەوتەکەیان ئاگر دەدا و کوردەکان دەبوونە قەرەبرووت و یەک تاکیان دەرنەدەچوو، تەنها لەسەر کوردبوون.
- پەلاماری ژنان و کچانیان دەدا و هەڕەشەی ناموس و سوکایەتییان لێ دەکردن.
- بە هەزاران کورد بێ سەروشوێن بوون و تەرمەکانیشیان نەدرایەوە دەست خانەوادەکانیان. پێشتریش لە سەردەمی عوسمانییەکاندا قەتڵ و عامێکی بێ وێنە و پڕ تراژیدیا لە بەرامبەر کوردەکان ئەنجامدرا، وەکو هۆلۆکۆست، کوردقڕان، لەناوبران...، تەنها لەسەر کوردبوون.
مانیفێستی تورک، لە قسەکانی ئاردۆگاندا خۆی دەردەخات، کە دەڵێ "من ئەو کوردەم خۆشدەوێت کە لە گۆڕستانە و مردوە".
یان دەڵێن "دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت لەسەر مانگ".
ئەو هەموو ڕق و شۆفێنیەت و بەربەرییەتە لە چییەوە دژی کورد سەرچاوەی گرتوە؟
هەموو کوردەکان یەقینیان هەیە، کە تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران دوژمن و نەیاری کوردن، بەڵام هیچ کامیان هێندەی تورکیا مەترسیدار و شۆفێنی نییە، تورکیا نەک بە تەنها قەتڵ و عامی کوردەکانی باکوری ژێر دەسەڵاتی دەکات و جێنۆسایدیان دەکات و کیمیابارانیان دەکات، نا، هەمان کار لەگەڵ کوردەکانی سوریا و عێراقیش دەکات و دەیەوێت حکومەتەکەیان بڕوخێنێت و لەسەر نەخشە و جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیانسڕێتەوە، تورکیا هەمیشە دژایەتی کورد لەسەر مێزی ڕۆژانەیەتی، جا گرنگ نییە ئاتاتورک دێت یان عیسمەت ئینۆنۆ، مەسعود یەڵمازە، یان بوڵند ئەجەویدە، تانسۆ چیللەرە، یان نەجمەدین ئەربەکانە، ئاردوگانە، یان فەتوحوڵڵا گیوللەنە، بۆ هیچ کامیان فەرق ناکات و کورد قابیلی ژیان کردن نییە.
دیقەت بدەن، لە هاکاری چیکرد؟ لە ئامەد چیکرد؟ لە ڕۆبۆسکێ چیکرد؟ لە حەفتانین چیکرد؟ لە شێرناخ چیکرد؟ لەو وڵاتەدا شوێنێک نادۆزیتەوە، کوردی لێ نەکوژرا بێت بەبێ خەتا، بەبێ هۆکار و تەنها و تەنها لەبەرئەوەی کوردە.
ئاخر کوردبوون گوناهە؟ کوردبوون چ عەیبەیە؟ بەڵێ لای تورکیا و تورکەکان، کوردبوون عەیبەبە، کوردبوون ڕسواییە.
باشە، لە بەرامبەر ئەم گوتار و میتۆدە فاشستییە، کورد چی بکات. ناچارە بەرگری بکات، ناچارە چەک هەڵبگرێت.
کوردەکان دەڵێن "با بەیەکەوە بژین"، ئەوان دەڵێن "ئەوە دەیانەوێت ببنە شەریکمان"، کوردەکان دەڵێن "با خەباتی هاوبەش بکەین"، دەڵێن "نیەت و مەرامی خراپیان هەیە"، کوردەکان دەڵێن "پرسی دیموکراسی و ئازادی و مافی هاوڵاتیبوون پێش بخەین"، تورکەکان دەڵێن "دەیانەوێت تورکیا داگیر بکەن و وڵات توشی کارەسات بکەن"، هەڵبژاردن دەکرێت کوردەکان (110) شارەوانی دەبەنەوە، بەڵام هەموویان بە بیانووی (پەکەکە)وە دەخەنە زیندان و قەیوم بۆیان دادەندرێت.
(59) ئەندام پەرلەمان دەرچوون بۆ پەرلەمانی تورکیا، زۆربەی زۆریان خراونەتە زیندان بە بیانووی (پەکەکە)وە.
(14000) چالاککوان، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، ژنانی ئازادیخواز، ڕێکخراوی مەدەنی و کۆمەڵایەتی کورد خراونەتە زیندان، بەڵێ چواردە هەزار، بۆچی؟ چونکە کوردن ڕێگا نادەن کوردەکان بە کوردی بخوێنن و دەیانخەنە زیندان، ڕێگا نادەن گۆرانی بڵێن بە کوردی و دەیانخەنە زیندان وەک (ئەحمەد کایا)، ڕێگا نادەن فیلمی سینەمایی بە کوردی بەرهەم بهێنن و دەیانخەنە زیندان و شار بەدەریان دەکەن وەکو (یەڵماز گۆنای)، ڕێگا نادەن ڕۆژنامەنوس بیت و بە کوردی بنوسی، دەتخەنە زیندان وەک (عیسمەت شەریف وانلی)، ڕێگا نادەن خەریکی کاری سیاسی بیت، بە تۆمەتی کوردبوون و (پەکەکە) بوون دەتخەنە زیندان وەک (سەلاحەدین دەمیرتاش)، ڕێگا نادەن بانگی خوا بە کوردی بدەی دەتخەنە زیندان وەکو (یەشار ئۆغلۆ)، ڕێگا نادەن مەراسیم و کۆبوونەوە بۆ مردوەکان بکەی، کە جەندرمە کوشتونی، ڕێگا نادەن هەناسە هەڵمژی، ڕێگا نادەن لە ئەستنبوڵ ژیان بکەی دەڵێن "تەقینەوە دەکات" و ڕێگا نادەن کوردەکان شۆفێری تاکسی بن و تورکەکان کاتێ دەزانن کورد و کرمانجە لەگەڵی سوار نابن و دەڵێن "تیرۆریستە یان کورد گڵاوە".
لەگەڵ ئەم میللەتە، لەگەڵ ئەم دەوڵەتە شۆڤێنییە، ژیان دەکرێ؟ دەتوانی لە شار و گوند دابنیشی؟ یان یە ناچاری ڕوو بکەیتە شاخ و بەرگری بکەیت؟
لە تورکیا کوردبوون، گەورەترین کارەساتە و هەمیشە قابیلی ئەوەیە، جەندرمە ئۆپراسیۆن بکات و دوو کوڕ و دوو کچت بەرێتە دەرەوەی شار و بیانکوژێت.
خۆ بابەتەکە هەر ئەوە نییە، سەرۆکی حزبەکە ناچار دەکەن سوریا جێبهێڵێت و دەکەونە شوێنی و مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئەمەریکاش کە قسەی ڕۆژنامەکانە، هاوکار دەبن بۆ گرتن و بەخشینی بە دیاری بە بوڵند ئەجەوید، سەکینە جانسز لەناو جەرگەی دڵی ئەوروپای دیموکراسی و وڵاتی ڕۆشنگەری، وڵاتی سارتەر و ڕۆسۆ لە پاریس تیرۆری دەکەن.
ئێستا ڕۆژانە بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان ڕەز و باخ و باخاتی خەڵک دەسوتێنن و خەڵکی سڤیل و مەدەنی دەکوژن.
کوشتنی کورد باشترین سەرکەوتنە بۆ تورکیا، جا گەریلا و پێشمەرگە بێت یان سڤیل و مەدەنی، باکوری بێت، یان باشوری گرنگ نییە، گرنگ کوردێک کەمبێتەوە.
بە هەزاران نەگبەتی پاش سەد ساڵ لە سوریا کوردەکان ئازاد بوون، کە ناسنامەی کوردیان نەبوە، لە سایەی (حافز ئەسەد) دوای ڕووداوەکەی (2011)ی بەهاری عەرەبی، دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی کوردی لە ڕۆژئاوا خوڵقا، کەچی بەردەوام تورکیا پەلاماری دەدات بە بیانووی کوردبوون.
ڕۆژئاوا نزیکەی (18000) شەهیدی داوە، کەچی تورکیا دەڵێ "ئەمانە دەبنە خاوەنی دەوڵەت"، بۆچی گوناهە کورد دەوڵەتی هەبێت؟
سەدان پیلانی گێڕاوە، دژی حکومەتی هەرێم، کوردەکانی باشور و بەردەوام لە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتەکەیاندایە، بۆ؟ چونکە کوردن.
ئێستا ڕوونە کوردبوون لە تورکیا چەندپڕ مەترسییە
خوازیار بووم تورکیا وا بیری نەکردایەتەوە، یان ئێستا وابیر نەکاتەوە، بەڵام دڵنیام ئەو خۆزگانە جگەلە ساویلکەیی بوون، هیچی تر نییە.
بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە، نە تورکیا دەست لەم کوشتار و قەتڵ و عام و ژینۆسایدەی کورد هەڵدەگرێت، نە کوردیش واز لە مافی بەرگری دێنێت و لەناو دەچێت، بۆیە با کەس گلەیی نەکات، کورد بۆ وادەکات؟