نەخشەی حەق و نەخشەی هێز
2021-03-13 15:02:11
پەیكار عوسمان
بەشی یەکەم
نەك دوو دەوڵەتی فاشیستی وەکو تورکیاو ئێران، بەڵکو ئەگەر سویدیش پولێك دروستکاو لایەکی فینلەندای بخاتە ناو، بێگومان فینلەندییەکان ناڕەزایایی دەرئەبڕن و داوای ڕوونکردنەوە ئەکەن و تا ئێرا شتە ئاساییە، چونکە سروشتی دەوڵەت وایە!
بەڵێ سروشتی "دەوڵەتی مۆدێرن" یان "دەوڵەت نەتەوە" وایە، کە لەسەر بنەمای یەکێتی خاك و زمان و ئاڵاو سنورو سیادەو ئەمنی قەومی و ئەم شتانە دامەزراوەو لێرەدا نەرمترین نیزام و ڕەقترین نیزام، فەرقی نیەو هەردوکیان هەر ڕەقن، چونکە دەوڵەت خۆی دامەزراوەیەکی ڕەقە. ئا لەم ڕەقییەشەوە، ئیتر جیابوونەوەی هەرێمەکەی ئێمە، چەنێك بڤەیە، جیابوونەوەی کەتەلۆنیاش ئەونە بڤەیەو لێرەدا عێراق و ئیسپانیا هەمان شتن و هیچ فەرقیان نیە!
یەعنی دەوڵەتان چەنێك جیاوازبن، لەوەدا کە دەوڵەتن، فەرقیان نامێنێ و ئیتر کانتۆنێکی سوریا داوای جیابوونەوە بکاو ویلایەتێکی ئەمریکا داوای جیابوونەوەبکات، هەردوکیان سەر لە هەمان بەرد ئەدەن. چونکە دواجار ئەمریکاو سوریا هەردوکیان هەر دەوڵەتن و (دەوڵەتیش شتێکە، لەسەر پیرۆزکردنی خۆی دامەزراوە.) ئەم پیرۆزکردنەش ئەیکات بە کائینێکی ڕەق و ئیتر ئەگەر توخنی بکەویت، بە هێزی ڕەقییەکەی ئەیەشێیت و بە ئاگری پیرۆزییەکەی ئەسوتێیت.
ئەم پیرۆزکردنەش هەر بۆ ناوخۆ نیە، بەڵکو سیستەمی جیهانیش لەسەر شەرعیەتی دەوڵەت دامەزراوەو کاتێ تۆ دەسکاری سنوری دەوڵەتێك ئەکەیت، لەڕاستیدا دەسکاری نەخشەی جیهان و سیستەمی جیهان ئەکەیت. ئا لێرەوەیە کە قوڕی کورد خەستترە لە کێشەی چوار دەوڵەت!
یەعنی کێشەکە لە خودی دەوڵەت و سیستەمی جیهانیدایەو تۆی کوردیش ئەگەر دەوڵەتێکت هەبووایە، بێگومان قبوڵت نەئەکرد، دەوڵەتێکی تر، تەجاوزی سنورەکەت بکاو بەشێکی نەخشەکەت بخاتە ناو پولێکی خۆیەوە!
بەڵام ئەم دەوڵەت و سیستەمە جیهانییە، کە ئێستا خۆی بووە بە کێشە، لەڕاستیدا قۆناغێکی پێشکەوتووە بەراورد بە قۆناغی پێشتر. وە ئەمەی ئێستا کێشەیە، سەرەتا چارەسەربووە بۆ سنوردارکردنی وەحشە گەورەکەی ئیمپراتۆریەت، کە لەسەر "هێزو مەزاج" وەستاوەو هیز و مەزاجی ئیمپراتۆرەکان تا کوێ ڕۆشتبێ، شەڕو داگیرکاری و سنور تا ئەوێ ڕۆشتووە.. لێرەدا سیستەمی نوێ ی جیهان، هاتووە ئەم وەحشە بەرەڵایەی خستۆتە قەفەسی دەوڵەتەوەو لە شوێنێکا سنوری بۆ داناوەو ئیتر ئەگەر هێزیش هەبێت، تۆ ناتوانی بچیتە دەرەوە..
تا ئێرا شتەکە باشەو مرۆڤ هەنگاوێ پێشکەوتووە، کە لە ئیمپراتۆریەت و هێزی بەرەڵاوە پەڕیوەتەوە بۆ دەوڵەت و هێزی ناو سنور.. بەڵام کاتێ لەناو سنورەکەدا، دەوڵەت خۆی ئەبێتەوە بە هێزێکی ڕووت و بە وەحشێکی بەرەڵا بۆ سڕینەوەی جیاوازەکان، ئیتر ئەمە نەك چارەسەر نیە، بەڵکو هەر هەمان کێشەیەو هاتوینەتەوە خاڵی سفر!
ئیتر مادام هێز حوکم ئەکات، وەحشەکەش هەر لەناوخۆدا ناوەستێ و لەڕێگەی نمونەکانی وەکو هیتلەرو ئەردۆگانەوە، دێتە دەرەوەو ئەبێتەوە بە وەحشێکی بەرەڵاو پیرۆزی ئەو سنورەش ئەشکێنێ کە بۆ سنوردارکردنی هێز دانراوە!
لێرەدا ئیتر "سنورپیرۆزی" نیفاقێکی وازحی تێئەکەوێ و ئەبێتە کۆمیدیا بەدەست هێزەوە. نیفاقەکە ئەوەیە، کە ئیتر بۆ وەحشێکی بەرەڵای وەکو تورکیا، سنور تەنیا ئەوکاتە پیرۆزە، کە تۆ هی تورکیا ببەزێنیت، بەڵام کە ئەو هی خۆی و تۆش ئەبەزێنێ و نەخشەی عەهدی میلی ئەهێنێتەوە مەیدان، لێرەدا سنور تەڕەماشیش نیە! یان تۆ بڕۆ توخنی سنوری ئێران بکەوە، هەموو ئێران لێت یەتە مەیدان، چونکە پیرۆزی دەوڵەتت پێشێلکردوە. بەڵام ئێران خۆی کە هیلالی شیعی دروستئەکاو سنوری دە دەوڵەتی بۆ ئەبەزێنێ، لەوێدا سنور تاکە پێڵاوێکە!
کە ئەمە هەردوکی هەر یەکێکەو هەر پووچە. هەم پیرۆزییەکەی سەرەتا پووچە، چونکە لەسەر هێز دامەزراوە نەك لەسەر حەق. هەم پێشێلەکەی دواتر پووچە، چونکە ئەویش هەر لە هێزەوە ئەکرێ نەك لە حەقەوە.
واز لە دەوڵەت نەتەوەو پیرۆزییەکانی بێنە.. ئەسڵی کێشەکە "هێزە" کە سەرکەوتووە بە سەر "حەقدا". ئەو نەخشەیەش کە تورکیاو ئێران پێ ی قەڵسن، ئەوە حەقی ئێمەیە کە بە هێز لێمان زەوتکراوە. سیستەمی جیهانیش لەوێوە ڕاستئەبێتەوە، کە هێز پاشەکشێ ی پێبکرێ لە بەرژەوەندی حەق. کە ئیتر تەنیا حەق پیرۆزبێ و تەنیا حەق ئەو سنورەبێت کە نەبەزێنڕی. ئیتر حەقەکە، چ مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسانەکان بێت. چ مافی گەلان و ئازادی گەل و نەتەوەکان بێت.
منو تۆش وەکو مرۆڤێك و وەکو بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، ئەبێ لە ویژدانی خۆماندا، حەق سەربخەین بەسەر هێزداو تەسلیمی ئەو ناحەقییانە نەبین کە هێز سەپاندویەتی و ئەیسەپێنێ. بەڵکو ئەبێ هەڵکشێین بۆ ئەو هۆشیارییەی، کە حەق هێزە نەك ئەوەی کە هێز حەق بێت. کە حەق هێزبوو ئیتر ستەمێك لە گۆڕێدا نامێنێ و کە هێز حەقبوو، ئیتر ئەوە خۆی خودی ستەمە.
لێرەدا فەرقی کورد لەگەڵ تورك و عەرب و فارس "فروانخوازەکانیان"، ئەوەیە کە ئەوان، ئەو نەخشانەی کە لە خەیاڵیاندایە، نەخشەی هێزە. بەڵام ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی کوردەکاندایە، نەخشەی حەقە. نەخشەکەی خەیاڵی ئەوان، نەخشەی زەوتکردنی مافی ئەوانیترە. بەڵام نەخشەکەی خەیاڵی کورد، تەنیا نەخشەی بەدەستهێنانی مافی خۆیەتی و هیچی تر!
ئا لێرەدا، بە پێوەرە زەمینییەکان، کورد مرۆڤەو خاوەنی خەیاڵێکی مرۆڤانەیە نەك ستەمکارانە. بە پێوەرە ئاسمانییەکانیش، خەیاڵەکەی کورد، خەیاڵێکی حەقانی و ناستەمکارانەیە، کە ئەوە خواستێکی دینی و خوداییە. ئەوانیش کە خۆیان لە ئێمە بە پێشکەوتووتر، یان بە دیندارتر ئەزانن، لەڕاستیدا هەڵەن و پێویستە لەوێدا چاو لە کورد بکەن و بگەڕێنەوە بۆ خەیاڵی حەقانی و لە خەیاڵی ستەمکاری خۆیان پاك بکەنەوە.
ماویەتی