ستەم لە ئیسلامیەكان مەكەن
2021-03-13 12:29:50
ئەبوبەكر كاروانی
لە پەیوەندی بە توركیاوە، لە سنوری ئاگاداری خۆمدا، موزایەدەكردن بەسەر ئیسلامییەكانو لەوانەش یەكگرتوو، بەتایبەتیش لەلایەن كادرو ئەندامانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمەوە، كارێكی ناڕاستو ناڕەوایە. چونكە ئەگەر مەسەلە بێتەسەر هەڵسەنگاندنی پەیوەندی هێزە سیاسیەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا، و ئیسلامییەكان بەگشتیو لەوانەش یەكگرتوو، دەچنە ڕیزی بێ كێشەترینو سەربەرزترینەكانەوە. لانی كەم تا ئەم كاتەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین. ئیسلامییەكان لە چەندین وێستگەو بۆنەدا پشتڕاستی ئەمەیان كردۆتەوە، لەوانەش:
1- رەتكردنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداری لەشەڕی 1993ی پارتیو یەكێتی بە پشتوانی توركیا دژ بە پەكەكە، وێڕای پێداگری زۆری توركەكانو تەماح نانە بەری زۆر.
2- ڕۆڵی بەرچاوو لە سنوری توانای یەكگرتوو، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستانو گواستنەوەی باری سەرنجی قەندیل بۆ ئەنكەرەو كاركردن لەسەر كاربەدەستانی توركیا بۆ جوان تێگەیشتن لە جەوهەری عادیلانەی مەسەلەی كوردو ئامادەكردنی زەینی سیاسیان بۆ قبوڵكردنی پێویستیەكانی چارەسەر.
3- ناوبژیوانیو ڕۆڵی یەكگرتوو لە بەیەكگەیاندنی بەشێك لە ئیسلامییەكانی سوریاو كوردی ڕۆژئاواو حكومەتی سوریا بەمەبەستی:
ا- تێگەیشتنی ئیسلامییەكان بۆ ناوەرۆكی كێشەی كورد لە سوریاو قبوڵكردنی چارەسەری فیدراڵی.
ب- هەماهەنگی كردنی هەردوولا لەچوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو تێپەڕاندنی بەربەستی جیاوازیی ئایدۆلۆژی.
ج- قایلكردنی حكومەتی ئەنقەرە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی نوێی خۆرئاوای كوردستان.
هەر لەم چوارچێوەدا داود ئۆغڵۆش سەرۆك وەزیرانی ئەوكات گەیشتە ئەوەی ڕایگەیەنێت: ئێمە ئامادەین هاوشێوەی ئیدارەی باكوری عێراق مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاواش بكەینو بەمەترسی بۆ سەر خۆمانی نەزانیین، بەمەرجێك وادەرنەكەوێت، دام و دەزگای پەكەكەیە. كە بەداخەوە ناكۆكی نێوماڵی كورد ئەو دەرفەتەو هەندێ دەرفەتی لە دواتریشدا لە دەستدا ! كە دەكرا بكرانایا سەرەتایەك بۆ ئایندەیەكی جیاوازتر.
٤- لە ڕابردوودا قەندیلو هەدەپەو ڕۆژئاواش، كەمترین گلەییان لە ئیسلامییەكان هەبووەو چەندین جاریش سوپاسیان كردوون.
٥- لە زۆربەی رووداوەكانی پەیوەست بە باكورو توركیاو لەوانەش ئەمەی دوایی بەشێ لە كەسێتیو رەمزە ئیسلامییە كوردستانییەكانو زۆرجاریش فراكسیۆنە پەڕلەمانییەكانییان، لە هەڵوێست دەربڕیندا پێشەنگ بوون.
ماوتەوە بڵێین: بەداخەوە كەم جار هەیە كە ڕوداوێكی هاوشێوەی ئەم جارە ڕودەدات، لەلایەن هەندێكمانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ كەرەسەی شەركردن دژ بەیەكو شەڕەكە نەكەینەوە بە شەڕێكی ساردی نێوخۆو سوكایەتی بەیەكتر نەكەین ؟!! ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هێشتا لە بیركردنەوەی زۆرێكماندا، ناكۆكی لەگەڵ یەك، بایەخی پلە یەكی هەیەو ڕۆڵی مەرجەع لە دەستنیشانكردنی هەڵوێستو جۆری زمانی سیاسیماندا دەگێڕێت، نەك ناكۆكی لەگەڵ بەرامبەرە نەتەوەییەكان؟!! هەروەها ئاماژەیە بەهەژاریو لاوازییەكی كوشندە لە هوشیاری نیشتیمانیو نەتەوەیماندا، كە ڕێگرە لەوەی ناسنامەو هەستێكی هاوبەشی ڕاستەقینە پەرەپێبدەین.