جەعفەر عەلی ئیسرائیل لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا ئەدۆڵف ئیخمان، تەنیا ناوێکی ناو بزووتنەوەی نازی ئەڵمانی نەبوو لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی نازیدا، بەڵکو بەرپرس و تاوانبارێکی لەناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکەکانی ئەڵمانیا و پۆڵەندا و ئەوروپاش بوو. ئیخمان، یەکێک لە بەرپرسەکانی رایخی سێیەم و ئەفسەری هێزێکی تایبەتی ئەڵمانی بوو. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنی بیرۆکەی پلانی (دوا چارەسەر) بوو. دوا چارەسەر، پلانێک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جولەکە لە ئەڵمانیا دانرابوو. کورتەی پلانەکە بریتیبوو لە راگواستنی رێکخراو و بە زۆری جولەکەکان بۆ سەربازگەکانی کاری زۆرەملێ، تا بتوانن لە رێی کۆکردنەوەیان لە رووبەرێکی دیاریکراودا بە ئاسانی دەستیان پێیان رابگات و نەخشەی لە ناوبردنیان جێبەجێ بکەن. سەرکردایەتی سیاسی نازی بناغەی لە ناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکەی لە کۆنگرەی (وانسیی) لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهانییەوە داڕشت. ئەم شاڵاوی لە ناوبردنە لە پرۆسەی هۆلۆکۆستدا گەیشتە لوتکە، کاتێک ژمارەیەکی گەورە لە جولەکەی ئەوروپای لە ناوبرد. ئیخمان بە هۆکاری ئابووری دژی بیرۆکەی کۆچ پێکردنی جولەکە بوو بۆ فەلەستین، هەروەها دژی دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکەش بوو، چونکە بڕوای وابوو پێچەوانەی فیکری نازییە. لە ساڵی ١٩٣٩دا ئیخمان لە دەزگای ئەمنییەوە گواسترایەوە بۆ دەزگای پۆلیسی نهێنی ئەڵمانی (گوستاپو)، بەشی راگواستن و دواتریش بەشی کاروباری جولەکە. لە ١٩٤١ بەشدار بوو لە گفتوگۆی بەرنامەڕێژی بۆ لە ناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکە لە ئەوروپا. ئیخمان بەرپرسی راگواستنی جولەکە بوو لە تەواوی ئەوروپا بەرەو ناوەندەکانی کوشتن و لە ناوبردن. خۆی و گروپەکەی کە بە (پیاوانی ئیخمان) ناسرابوون و هاوکاری بوون، لە ساڵانی نێوان ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەی ئەوروپایان راگواست. دوای تەواوبوونی جەنگ و شکستی ئەڵمانیای نازی، ئیخمان یەکێک لەو تاوانبارانەی جەنگ و پرۆسەی لە ناوبردنی جولەکە بوو، توانی لە رێی نەمسا، ئیتاڵیا و دواتریش ڤیزای ئەرجەنتینی بۆ دابینکرا و بە ناوێکی نوێ و کەسایەتییەکی نوێوە بە نهێنی لە پایتەختی ئەم وڵاتە خەریکی کار و ژیانی تایبەتی خۆی بوو. واتە تا ئەو کاتەی موسادی ئیسرائیلی لە ساڵی ١٩٦٠ دەستگیریان کرد و گواستیانەوە بۆ ئیسرائیل. لە ١١ نیسانی ١٩٦١ دەستکرا بە دادگاییکردنی، لە کانونی یەکەمی هەمانساڵ بڕیاری لەسێدارەدرانی درا و لە ٣١ مایسی ١٩٦٢دا جێبەجێ کرا. دوای لە سێدارەدانیشی لاشەکەیان سووتاند و پاشماوەکەیان فڕێدایە ناو دەریای ناوەڕاستەوە، چونکە رازینەبوون خۆڵەمێشی لاشەکەیشی لە خاکی ئیسرائیلدا بێت. پرۆسەی رفاندنی ئیخمان لە پایتەختی ئەرجەنتینەوە بەرەو ئیسرائیل، بە یەکێک لە بەناوبانگترین پرۆسەکانی رفاندنی دەزگای موساد لە مێژوو دادەنرێت. دەسەڵاتی کوردی و خوێنی قوربانییەکانی ئەم نموونەیەی موسادم بۆیە باسکرد، تا بزانین دەسەڵاتی ئیسرائیل چۆن لە رێی لە بیرنەکردنی تاوانە گەورەکانی دەرهەق بە هاوڵاتیانی جولەکە کراوە، بەشێوازی تایبەتی خۆی، وەفا و رێز پێشاندەدات و، خوێنی قوربانییەکانی، موساد بەرەو دوورترین گۆشەکانی دونیا دەبات. ئێمەش، دەسەڵاتی کوردی لە باشور چۆن رۆحی قوربانییەکانمان ئاسوودە دەکەین و تاوانبارانی ئەنفال و جەللادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن مامەڵە دەکەین. لای هەمووان ئەوە روونە، کە دوای راپەڕین، بە پاساوی بڕیاری لێخۆشبوونی بەرەی کوردستانی، کۆی ئەو بەرپرسانەی کە ناوی موستەشاریان هەڵگرتبوو، بەشێکیشیان دەستیان بە خوێنی گەنجانی ئەم نیشتیمانە سوور بوو، هەروەها بە بەشداریان لە پرۆسەی ئەنفال، گوناهو تاوانی گەورەیان هاوشانی سوپای بەعس، لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان، تایبەت گوندنشینان و وێرانکردنی لادێکان و تاڵانکردنیان، ئەنجام دابوو، ئەوانە نەک هیچ لێپرسینەوەیەکی قانونیان لەگەڵدا نەکرا، بگرە بەشی هەرە گەورەشیان بە ڕێزەوە دیوەخانە کۆنەکانیان بۆ نۆژەن کرایەوە و پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە ماددییەکانیان گەورەتر کرا. موستەشاران و جەللادانی بەشدار لە ئەنفالی خەڵکی بێگوناهـ، لە کوشتنی پیر و گەنج و منداڵانی کورد، نەک نەکەوتنە بەردەم لێپرسینەوەی نیشتیمانی و ئەخلاقی، بەڵکو هێزە باڵادەستەکانی کوردستان، دوور لە هەر پرەنسیپێکی نەتەوەیی و قانونی و ئەخلاقی، کەوتنە ململانێ و کێبڕکێی قەرەباڵغکردنی ریزەکانیان بە تاوانبارانی ئەنفال و بکوژانی خەڵکی بێ تاوانی ئەم نیشتیمانە. بەم هۆیەوە دەیان جەللاد و موستەشاری تاوانبار، کە دەبوایە لە دادگایەکی نیشتیمانیدا لە ریزی چاوەڕوانی دادگاییکردنیاندا بوەستایان، بە پێچەوانەوە خەڵک بۆ راییکردنی کارەکانیان لەبەردەم دیوەخان و بارەگاکانی ئەواندا، ریزی دەبەست. ئەمە ئەو کاتە بوو، کە دەبوایە تێبگەین ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی باشور، دەسەڵاتێک نییە لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا هێزی لێپرسینەوە لە جەللاد و بکوژەکانی پێشانبدات. دەسەڵاتی کوردی لە باشور، ئەو سنورەشی بەزاند، کە نە تەنیا موستەشار و گوناهبارانی ئەنفال خەڵات بکات، بەڵکو بەشێک لەو بەرپرس و جەللادانەی بەعسیشی گرتە باوەش، کە رەنگە خۆشیان چاوەڕوانییەکی وەها هەرزانیان بە بیردا نەهاتبێ. ئاخر تاوانبارێکی ئەنفال، جەللادێکی کیمیاباران، کە بەشداری لە کوشتنی هەزاران کەسی بێ تاواندا کردبێ، رەنگە هەرگیز رۆژێک لە رۆژان ئەوەی بە بیردا نەهاتبێ، کە دەسەڵاتێک دێت و بێباکانە لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا دەوەستێ و لە بری دادگاییکردن و لێپرسینەوەیان، بە ئازادی و بە پاداشت خەڵاتیان دەکات. دەسەڵاتێک دێت، ناتوانێت هێڵێک لە نێوان نیشتیمانپەروەری و خیانەتدا بکێشێ، هێزی نەتەوەیی و ئەخلاقی و سیاسی ئەوەی نییە بە رۆژی روناک و لە نێو شەقام و بەردەم ماڵەکانی خۆشیدا، لە تاوان و گوناهە نیشتیمانی و مرۆییەکان بپرسێتەوە. تۆ دیقەت بدە، ئیسرائیل دوای پازدە ساڵ لە تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی، لە پایتەختی وڵاتێکی دوورەدەستی ئەمریکای باشور لە ئەرجەنتین، لە ١١ مایسی ١٩٦٠دا دوای چەندین مانگ چاودێری لە نزیک ماڵەکەی خۆی، بە پلانی ورد و وەک ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی، جەللاد و تاوانبارێکی هۆلۆکۆست (ئەدۆڵف ئیخمان) بێهۆش دەکات و بە نهێنی دەیگوازێتەوە بۆ ئیسرائیل، لەوێش دەیخاتە بەردەم لێپرسینەوەی قانونی و داکۆکی لە خوێنی قوربانییەکانی جولەکە، سەرەنجام بە سزای مەرگ و فڕێدانی پاشماوەی لاشەکەی بۆ ناو دەریا، بە خەتێکی درشت، نامەیەکی روون بۆ هەموو دونیا و کۆی تاوانبارانی هۆلۆکۆست و جەللادەکانی کوشتنی جولەکە دەنێرێت، کە دەسەڵاتی ئیسرائیل نە تەنیا خوێنی قوربانییەکانی فەرامۆش ناکات، بەڵکو تاوانبارانی کوشتنی جولەکەش لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئەم جیهانەدا بژین، دەرفەتی ژیانێکی ئارامیان لەبەردەمدا نابێ و رۆژێک دەستی لێپرسینەوەیان پێدەگات. ئیسرائیل بەمجۆرە دەتوانێ بمێنێتەوە، بەهێز بێت، لە ئاستی وڵاتانی گەورەی دونیا و ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان، خاوەن پێگەی تایبەت و گوێ لێگیراو و رێزلێگیراو بێت. دەسەڵاتی کوردیش، پێیگوتین، تاوان، کوشتن، کۆمەڵکوژی، شێواندنی سروشت و ژینگەی کوردستان، نە تەنیا کارێکە شایستە بە لێپرسینەوە نییە، بەڵکو بە رێزەوە لە ریزی پێشەوەی حیزبەکانیاندا پێشوازیان لێدەکەن و خەڵات دەکرێن. ئێمە نە تەنیا تاوانبارانی ئەنفال، بەڵکو تاریق رەمەزانی بەشدار لە کیمیابارانی هەڵەبجەشمان، لە زیندانەکانی کوردستانەوە بە رێزەوە بە بەرچاوی دونیاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکرد. دەسەڵاتێک رێز لە خوێنی قوربانییەکانی خۆی نەگرێت، لە رێی پاداشتکردنی جەللادەکانییەوە، سوکایەتی بە خۆی و قوربانییەکانیشی بکات، هەر فرمێسکێکی بۆ قوربانی ئەوانیدی بڕێژێت، جگە لە فریودان و خەڵەتاندن هیچی دی نییە، دەسەڵاتێک بکوژی منداڵانی هەڵەبجە، پاداشت بکات و خەڵاتی ئازادی و ئەوروپای بکات، هەر فرمێسکێکی بۆ منداڵانی هەڵەبجەی بڕێژێت، هەر چەپکە گوڵێکی لەسەر مەزاری قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجەی دابنێت، درۆیەکی گەورەیەو هیچی دی. ئیسرائیل لە تەمەنی دوازدە ساڵەی دەوڵەتەکەیدا، لە دووری زیاد لە دە هەزار کیلۆمەترەوە سنوری چەندین وڵات و کیشوەر دەبڕێت، تا بکوژی هاوڵاتیانی سزا بدات، دەسەڵاتی کوردیش لە ناو ژووری زیندانەکانییەوە، تاوانباری کیمیابارانی هاوڵاتییەکانی، بە ئاشکرا ئازاد دەکات، ئیدی لێرەوە دەبێ لە چیرۆکی بوونی هێزی ئیسرائیل و جەستەی هەلا هەلای کوردی و پرسی نەتەوە و بیناکردنی دەوڵەت تێبگەین.
خەبات عەبدوڵا فاکتی سهرهکی ئهم وتاره، ئهگهری پهنابردنهوه بهر زهبروزهنگه له یهکلاییکردنهوهی ململانێی نێوان هێزه سیاسییهکانی کوردستاندا. بە واتایەکی دی، مهترسی پشتکردنه سیاسهت و ساتمهکردنی بهشداریی سیاسییه. ئاخۆ کوردهواری شهڕی براکانی به ڕابردوو سپارد یان شهڕ هێشتا لهناوماندا دهژی؟ كامانهن ئهو ئامڕازانهی كه دهشێت لێیهوه زهبروزهنگ یاساغ بكرێت و له بریتی شهڕ و ئاشوب پهنا بۆ دیالۆگ ببرێت؟ * بۆ وهڵامی پرسیارێكی لهم جۆره پێوسته پێش ههر شتێک بهشوێن ئامادهبوون یان نائامادهیی ئهو هاندهر و كهرهستانهدا بگهڕێین كه شهڕی ناوخۆی لێدهكهوێتهوه. ڕاستییەکەی مۆتیڤی پهنابردنهوه بهر تووندوتیژی و سهرههڵدانهوهی شهڕ هێشتا مۆتیڤێكی زیندووه. ئێمه حاڵی حازر خاوهنی كۆمهڵێك هێزگەل و کاراكتهری سیاسیین كه ههر یهكهیان ههڵگری یادهوهریی تایبهت به خۆیهتی، یادهوهرییهك كه لێوان لێوه له شهڕو تۆڵه و ههوڵی لوتشكاندنی ئهوی دی. سهرهڕای ئهنجامدانی چهندین ههڵبژاردن به تایبهتیش پاش روخانی فاشیزمی بهعسی و كرانهوهیهكی سنوورداری دەسەڵاتی سیاسیی كوردی بهسهر خۆیدا، بهڵام دواجار ئهم دەسەڵاته بۆوه به خاوهنی ئهو کاراکتەر و هێزانهی كه ههر یهكهیان لای خۆیهوه ههڵگری كۆمهڵێك گرێ و یادهوهری دژ به یهکدین. ئهو زمانهی حاڵی حازر سیاسییهکان و میدیاکارانی لایهنه جیاجیاکان خهڵکی پێ پڕدهکهن، جارێكی تر ختوكهدانی یادهوهرییه، هێنانهگۆی ئهو زمانهیه كه له شهستهكانی سهدهی پێشووهوه تاكه زمانی موخاتهبهكردنی ئهوی دی بووه. ئاخاوتن بهم زمانه ئهگهر هیچمان بۆ نهسهلمێنێت، بوون و مهترسی ئهو هێزه تووڕه متبووهمان بۆ دهسهلمێنێت كه هێشتا له ناوماندا دهژی. ئهو هێزه ترسناكهی گهر له قومقومهكهی سهری كێشایه دهرهوه ئیتر جگه له كارهسات و ماڵوێرانی هیچی تر ناخوڵقێنێت. گرفتی ئهم نوخبە سیاسییهی كوردستان لهوهدایه که نه خاوهنی یادهوهرییهکی هاوبهش که پێشمهرجێکی گرنگی دروستکردنی نەتەوە و نه خاوهنی ستراتیژێکی نهتهوهیی هاوبهش که پێشمهرجێکی گرنگی دامهزراندنی دهوڵهت و دواجاریش نه خاوهنی کولتورێکی سیاسیی هاوبهشه که پێشمهرجێکی گرنگی دامهزراندنی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە. بۆیە له غیابی ستراتیژێكی نهتهوهیی هاوبهشدا، پهنابردنهوه بۆ چهك و ههڵگیرسانهوهی شهڕی ناوخۆ ههمیشه ئهگهرێكی زیندووه. چونكه نهبوونی ستراتیژی نهتهوهیی هاوبهش مانای نهبوونی داهاتووی هاوبهش و ناوكۆیی هاوبهش. ئیتر لێرهشهوهیه كه نهتهوه له بریتی یهك یادهوهری، دهبێته خاوهنی چهندین یادهوهری و له جیاتی نهتهوه، حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان دهبنه میراتگر و خوڵقێنهری یادهوهری جیاجیا، ئەڵبەتە یادهوهری دژ به یهك. * کولتوری سیاسی ههروهکو لوسین پای دهڵێت بهرههمی هاوبهشی نێوان سیستمی سیاسی و مێژووی ژیانی ئهو کاراکتهرانهیه که سیستمهکهیان پێکهێناوه. بهشێوهیهکی گشتی، کولتوری سیاسی شێوازی بیرکردنهوه و باوهڕ و ئینتیمای تاکهکانه بۆ سیستمی سیاسی و سیستمهکهش بۆ کۆمهڵگه. یهکێک له گرنگترین جومگهکانی دامهزراندنی کولتورێکی سیاسی هاوبهش، بهجهماوهریکردنی سیاسهته (نهک به حیزبیکردنی). كوردهواری ئهمڕۆشی لهسهر بێت خاوهنی ئهو هێزگهله سیاسییهیه كه هێندهی كار له سهر دروستكردنی جهماوهری فهناتیكه دهكات، كار بۆ بهجهماوهریکردن و عهقڵانیكردنی سیاسهت ناكات. فهناتیكه له كورتترین پێناسهدا كهسێكی خاوهن ئایدیا، ههڵوێست، یاخود بڕوایهكی دیاریكراوه كه له غیابی لێبوردهییدا دژ به وانی دی ههڵسوكهوت دهكات. فهناتیزم ڕهگوڕیشهی مێژوویی كۆنی ههیه و له كایهی جیاجیای وهكو (ئاین، سیاسهت، بزووتنهوه كۆمهڵایهتییهكان..... هتد) سهرههڵدهدات. ڕهنگه فهناتیزم له سهر ئاستی تاكهكهس مهترسییهكی ئهوتۆی نهبێت، مهترسی گهوره لهوهدایه كه فهناتیزم ببێته گروپ و دهسته و تاقم. حیزب و بزووتنهوه سیاسییه كوردییهكان ههمیشه مهكینهیهكی گهورهی بهرههمهێنانی لهشكرێك له فهناتیكه بوون. بۆیه ههڵهیهكی گهورهیه گهر پێمان وابێت كوردهواری پاش شهڕه خوێناوییهكانی نهوهتهكانی سهدهی پێشوو، ئیتر پێی ناوهته قۆناغی ئاشتی و زمانی دیالۆگ بۆته تاكه زمانی لێكتێگهیشتن. بهپێچهوانهوه، كوردهواری شهڕی ڕاگرت، بهڵام به هیچ شێوهیهك كۆتایی به شهڕ نههێنا، ههموو ئهو مۆتیڤ و كهرهستانهی كه بوونه هۆی ههڵگیرسانی شهڕ نهك ههر له نێوان دوو حیزبه گهورهكهی كوردستاندا، بهڵكو له نێوان ههریهكه لهوان و ئهوانی دیشدا، هێشتا مۆتیڤ و كهرهستهی زیندوون و رۆژانه دركیان پێدهكهین و دهیانبینین. ڕاستییەکەی كوردهواری له دۆخی وهستانی شهڕدایه نهك له گۆڕنانی یهكجارهكی شهڕ. ئهڵبهته ئهمه بهو مانایه نیه كه ههڵگیرسانهوهی شهڕ كارێكی حهتمییه، كوردهواری وهكو ههر كۆمهڵگهیهك كه هێشتا له قۆناغێكی گواستنهوهدایه له نێوان كۆمهڵگهیهكی داخراو و كۆمهڵگهیهكی كراوهدا، له توانایدایه لهسهرێكهوه دۆخی شهڕ تێپهڕێنێت و به ڕابردووی بسپێرێت، بهڵام له سهرێكی تریشهوه مهحكومه به ههڵگیرسانهوهی شهڕ و ماڵوێرانی. لە هەمان سۆنگەوە تا رووبهرهكانی فهناتیزم فراوانتر بێت، ئهگهری بهكارهێنانهوهی تووندوتیژی و بهرپاكردنی شهڕی ناوخۆ بۆ یهكلاكردنهوهی ناكۆكییهكان، ئهگهرێكی ئاماده دهبێت، دیاره پێچهوانهكهشی دروسته. * جهنگ به مانا گشتییهكهی درێژهپێدهری سیاسهته، به واتایهكی دی، مهبهست له جهنگ بهدهستهێنانی كۆمهڵێك ئامانجی ئابوری و سیاسییه، ئهو دهمهی لایهنێك ناتوانێت له ڕێی ئامڕازهكانی دییهوه ئامانجهكانی بهدهست بهێنێت، پهنا بۆ جهنگ دهبات وهكو ئامڕازێك كه تیایدا لهڕێی زهبروزهنگ و بهكارهێنانی توندوتیژییهوه بهرامبهرهكهی ملكهچی خواستهكانی خۆی دەكات. جهنگی نێوان دهوڵهتان یاسا و ڕێسای تایبهت بهخۆی ههیه و بنهماكانی بهڕێوهبردنی بهگوێرهی هونەر و زانستی جەنگ بەڕێوە دەچێت. بهپێچهوانهی یاساكانی جهنگهوه، ناکرێت شهڕی ناوخۆ وهکو درێژهپێدهری سیاسهت لێی بڕوانرێت. ڕاستییەکەی شهڕی ناوخۆ له غیابی سیاسهتدا ڕوودهدات، ئهو دهمهی له كۆمهڵگهیهكدا سیاسهت كۆتایی پێ دێت دهبێت پێش ههر شتێك ترسی سهرههڵدان و تهقینهوهی زهبروزهنگ و توندوتیژیمان ههبێت. ئهوه قسهی پێناوێت حیزب مهكۆی دیموكراسییه، ڕاستییهكهی دیموكراسیی مۆدێرن بهبێ حیزب بوونی نییه، بهڵام گرفتی حیزبی كوردیی لهم دەسەڵاتەدا لهوهدایه كه سیاسهتی تا ئهو ڕادهیه پهراوێز كردووه هیچ مانایهكی بۆ دیموكراسیش نههێشتۆتهوه. پێش ههموو شتێك پێویسته دوو كایه له یهكتر جیا بكهینهوه، ئهوانیش كایهی سیاسهت و كایهی حیزبایهتییه. له كوردستان جگه لهوهی ههردوو كایهكه زۆر به ناشیرینی پێكهوه گرێ دراون، شتێكیشمان نییه ناوی كایهی سیاسهت بێت. ئاخر ئهمهشه نهێنی نهبوونی كۆمهڵگهیهكی مهدهنی له كوردستاندا، چونكه كۆمهڵگهی مهدهنی پێش ههر پێناسهیهكی تر كۆمهڵگهیهكی سیاسییه. به عهقڵانیكردنی سیاسهت و دوورخستنهوهی مهترسی شهڕی ناوخۆ وا دهخوازێت له بریتی زمانی شهڕ، زمان بدهینهوه به سیاسهت. ئهڵبهته كوردهواری ههمان كۆمهڵگهكهی سهردهمی راپهڕین نییه، كوردهواری پێنگاڤی جیاجیای بهرهو دامهزراندنی كۆمهڵگهیهكی مهدهنی ناوه. جگه لهوهش ئهگهر له سهردهمی راپهڕیندا گولله تاكه ئامڕازی دهربڕینی بوغز و دواجار نهفیكردنی بهرامبهر بووبێت، ئهوا ئهمێستاكه لهڕێی تۆڕه بهربڵاوهكانی ماسمیدیا و تهكنهلۆژیای مۆدێرنهوه بهشێكی زۆری ئهم بوغزه لهڕێی تیڤی و سۆشیالمیدیاوە خاڵی دهكرێنهوه. سەربەخۆیی نەتەوەیی و دامەزراندنی سیستم بەو کەرەستانە ناکرێن کە نیو سەدە زیاترە دوو مەیلی سیاسی لە نێوان خۆیاندا ململانێیەکی درۆزنانەی پێ دنە دەدەن. سەربەخۆیی و دامەزراندنی سیستم جا لەڕێی ڕیفۆرمەوە بێت یاخود شۆڕش، پێش هەر شتێکی دیکە بە تێپهڕاندنی ئەم میراتە دەبێت؛ میراتی و عەقڵییەتی شەڕی ناوخۆ.
كارزان سهباح ههورامی جوڵانهوهكانی حهشدی شهعبی لهكهركووك لهدژی كردنهوهی بارهگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و خۆپیشاندانی پهكهكه و حهشد له شهنگال دوو دهرهاوێشهی ئهو ههنگاوانهن پارتی له مهیدانی سیاسی كوردستان ئهنجامی دهدات، هیچ كاتێك بهقهد ئێستا حهشد و میلیشیكان له جوڵانهوهكانی پارتی نیگهران و ههستیار نهبوون، سهروبهندی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراقه. كهركووك بۆ شیعه و سوننهش یهكلا كهرهوهیه، ههبوونی پارتی لهو شاره قوهت دهداته هێزه كوردستانییهكان، ههڵبژاردنهكان گهرمووگورتر دهكات، ئهمه وادهكات پارتی بهرهیهكی نهیاری بۆ ببێتهوه، بهتایبهت له سنووری ناوچهی گهرم، كه خۆی له كهركووك و خانهقین و شهنگال دهبینێتهوه، ئهم بهرهیه بهههمووشێوهیهك دهیانهوێت سنووری ئیدارهی حكوومهت كه (پێیان وایه تهمسیلی راستهوخۆی پارتی دهكات)لهقاڵب بدهن، تارادهیهكی زۆر سهركهوتووبون، حكوومهت بهمانای پارتییهكهی له سنووری كهركووك تا پێش پردێ و له شهنگال سفربهدهستهوه و له خانهقین و مهخموریش ئاوت كراوه، تادێت خهڵكی كوردستان له مهترسی ئهم بهره تێدهگات كه دهیانهوێت سنووری قهڵهم رهوی كوردستان كهم بكهنهوه، بۆ قۆناغی داهاتووش لهناوبردنی قهوارهكهیه، هیچ كاتێك بهقهد ئێستا بههۆی ئهو ئابڵوقهی سهر حكوومهتهوه مهترسی لهسهر كوردستان دروستنهبووه، بهتایبهت لهدوای موشهكبارانكردنی ههولێر، ئێستا دهنگی نارازی لهدژی ئهو بهرهی لهبهرانبهر پارتی كراوهتهوه فراوانتر دهبێت له كهركووك دۆخهكه ههروا بهردهوام نابێت، مستهفا كازمیش، باش لهو پهیامه گهیشتووه بۆیه رێككهوتنی لهگهڵ پارتی كردووه كه بارهگاكانی بكرێتهوه، ئامانج لهو رێككهوتنه راگرتنی باڵانسی دۆخی عێراق، دۆخی كهركووك تێك بچێت به مووسڵ و خواروی عێراقیشهوه ناوهستێتهوه، بۆیه گرنگترین ههنگاو ئهوهیه كه بارهگاكانی پارتی له كهركووك بكرێتهوه و دۆخی ئهو شاره ئاسایی بكرێتهوه و گروپه چهكدار و میلیشیاكان بچنه دهرهوهی شارهكه، ئهم بهرهیه له بهغداش كاری خۆیان دهكهن، ههوڵێكی زۆریان ههبوو پرۆژه بودجهی 2021ی عێراق تێپهرێنن، بهڵام گرفتی ناوخۆییان لهسهر پرسی دادگای فیدرالی ئهمهی دواخستووه، رهنگبێت شهڕی راستهقینهی حكوومهت بهسهرۆكایهتی پارتی له رۆژی تێپهراندنی بودجه دهركهوێت، كه ئایا پلانی (B)یان دهبێت لهئهگهری تێپهراندنی بودجه؟. ئهوهی گرنگه پارتی چۆن رووبهرووی ئهم بهرهیهدهبێتهوه؟ پێش پرسیارهكه دهبێت ئهوه وهك گریمانه باس بكرێت، پارتی بۆ داهاتووی خۆی ستراتیژیهتی كاری خۆی له كوردستان دهبێت یان لهبهغداوه سیاسیهت دهكات؟، راستیهك ههیه ئهگهر پارتی بیهوێت خۆی لهو شهره قاڵبدانه دهرباز بكات، دهبێت سیاسهت لهبهغداوه بكات، پێویستی به (موجازهڤهیهك)ههیه، چونكه دهركهوت بهشداری كورد بهم شێوهی ئێستا لهبهغدا هیچ له دۆخهكه ناگۆرێت، بۆیه پێویستی به تاكتیكی نوێی سیاسی ههیه كه باشترین بژاردهیان دروستكردنی هاوپهیمانی ناو ئهنجومهنی نوێنهرانه لهگهڵ كوتله جیاوازهكان، ئامانجی یهكهم لێرهدا ئهوهیه كه پارتی هاوبهش دهبێت له دانانی سهرۆك وهزیرانی عێراق و سهرۆك وهزیران ناچار دهكرێت لهبهغداوه لهدژی كوردستان بریار نهدهن، دووهم پارتی شهڕهكه له ههولێرهوه دهگوازرێتهوه بۆ دهرهوه، چونكه دهركهوت ههولێر بهم سیاسیهتهوه لهژێر فشاری زۆردایه، ئهمهش پێویستی به گۆرانكاری هاوكێشهكهههیه، بۆ كهمكردنهوهی فشارهكان دهبێت له بهغداوه (موخاتهبهی) ههندێك سیاسهت بكرێت، بهشێكی دیكهی بهرهی دژهپارتی سیاسهتی فراوانكردنی میحوهرهی شهڕیان دهست پێكردووه، لهلایهك فشاری بودجه و لهلایهن موشهكبارانی ههولێرو لایهكی دیكه رێگهنهدان بهكردنهوهی بارهگاكان و پرسی ناوچه جێناكۆكهكان وای كردووه كه بیانهوێت ئاراستهی شهرهكه فراوان بكهن، ئهوهی لهسهر پارتییه تێپهراندنی ئهم ئابڵوقهیه ئهوهشی لهسهر هاوپهیمانانه پشتیوانییه له سیاسهتی كشانهوهی میلیشیكان له سنووری كوردستان و بههێزكردنی پێگهیان له سنووری كوردستان، چونكه بهرهی كوردستان بكهوێت بهرهی جیهان له عێراق شكست دههێنێت، رهنگ بێت لهم خاڵهدا پارتی و ئاراستهی جیهان یهكبگرنهوه. لهناوخۆی ههرێمی كوردستانیش بهرهی بهرانبهر بهپارتی دروست بووه، دیار نییه پرۆژهی داهاتوویان چییه، لهچوار چێوهی پرۆژهیهكی هاوبهش یهك دهگرنهوه یان بهردهوامی بهم سیاسهته دهدهن، ههندێك رێگایان تاقیكردوهتهوه و سهركهوتووش نهبوون بهتایبهت له پرسی گواستنهوهی مووچهی مووچهخۆرانی كوردستان بۆ بهغدا پرسی راستهوخۆ ناردنی بودجهی كوردستان لهبهغداوه، ئهمانهش لهبهغداوه رهتكراونهتهوه، بهڵام پرسیاری گرنگ ئهوهیه بهم ههوڵهوه دهوهستن؟ بێ گومان نهخێر ئهوه پارتییه دهبێت له ئهگهری رێككنهكهوتن لهگهڵ بهغدا پارسهنگی كوردستان راست بكاتهوه بهتایبهت ئهو فشارانهی كراونهته سهر حكوومهت، رهنگ بێت پارتی چانسی له ههموو نهیارهكانی زیاتر بێت لهم قۆناغه، لهبهر ئهوهی دۆخی ئابووری جیهان و كۆرۆنا بهبهراوردی قۆناغی سهرهتای نهخۆشییهكه روونتر بوهتهوه و بوژانهوهی ئابووریش دروست بووه، ئهمهش وادهكات حكوومهت جوڵهیهك بهو دۆخه بدات كه تێی كهوتووه، بابهتی دیكهش نهبوونی پرۆژهیهكی یهكگرتووه لهلایهن نهیارانی پارتییهوه كه دواجار رهنگه كاریگهری لهسهر گۆرانكاری هاوكێشهكان ههبێت. بهشێك له نهیارانی ئهو بهرهیه ئێستا ههوڵهكانیان چركردوهتهوه بۆ ئهوهی ههرسێ رێكهوتنی (ههولێرو بهغدا لهسهر بودجه و ههولێرو بهغدا لهسهر شهنگال و ههولێرو بهغدا لهسهر كهركووك) نهچێته بواری جێبهجێكردنهوه، رێككهوتن له شهنگال بچێته بواری جێبهجێكردنهوه له كهركووكیش دهچێت، بۆیه تادێت ئهندام و لایهنگرانی حهشد و نهیارانی ئهو بهرهیه ههوڵهكانیان فراوان دهكهن و گوشارهكانیان بههێز دهكهن بۆ شكست پێهێنانی ئهو رێككهوتنانه. لهههموویان گرنگتر ئهوهیه كه ئاراستهی جهماوهری كوردستان و خهڵكی كوردستان لهگهڵ ئهوهن ئارامی بۆ ئهو ناوچانه بگهرێتهوه و هێزه تورندهوهكان بخرێنه دهرهوهی رێككهوتنهكان كه ئهمهش دهرفهتێك دهدات به پرۆژهكهی پارتی كه بههێزكردنهوهی كوردستانه.
ئەنوەر حسێن (بازگر) مێژووی شەڕ و ململانێی تورکیا و کورد، زیاتر لە چل ساڵی تێپەڕ کرد، کە بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان نزیکەی (60,000) کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی. پرسیاری گرنگ لێرە دروست دەبێت، تورکیا چی لە کورد دەوێت؟ - وەڵامەکەی ئاسانە، دکتۆرێک لە تورکیا بۆی گێڕامەوە، من و هاوسەرەکەم لە ژووری نوستنەکەی خۆمان، نەماندەتوانی بە زمانی کوردی قسە بکەین، تەنانەت گومانم لە هاوسەرەکەشم هەبوو....! - ئاتا تورک، بونیادنەری تورکیای نوێ، خۆی وتی "کوردەکان لە تورکی شاخاوین". - پێشتر زیندانیانی سیاسی کورد ناچار دەکران لە زیندان، پیسایی خۆیان بخۆن. - کوردەکانیان دەکردە ناو ئەشکەوتێک و دواتر ئەشکەوتەکەیان ئاگر دەدا و کوردەکان دەبوونە قەرەبرووت و یەک تاکیان دەرنەدەچوو، تەنها لەسەر کوردبوون. - پەلاماری ژنان و کچانیان دەدا و هەڕەشەی ناموس و سوکایەتییان لێ دەکردن. - بە هەزاران کورد بێ سەروشوێن بوون و تەرمەکانیشیان نەدرایەوە دەست خانەوادەکانیان. پێشتریش لە سەردەمی عوسمانییەکاندا قەتڵ و عامێکی بێ وێنە و پڕ تراژیدیا لە بەرامبەر کوردەکان ئەنجامدرا، وەکو هۆلۆکۆست، کوردقڕان، لەناوبران...، تەنها لەسەر کوردبوون. مانیفێستی تورک، لە قسەکانی ئاردۆگاندا خۆی دەردەخات، کە دەڵێ "من ئەو کوردەم خۆشدەوێت کە لە گۆڕستانە و مردوە". یان دەڵێن "دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت لەسەر مانگ". ئەو هەموو ڕق و شۆفێنیەت و بەربەرییەتە لە چییەوە دژی کورد سەرچاوەی گرتوە؟ هەموو کوردەکان یەقینیان هەیە، کە تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران دوژمن و نەیاری کوردن، بەڵام هیچ کامیان هێندەی تورکیا مەترسیدار و شۆفێنی نییە، تورکیا نەک بە تەنها قەتڵ و عامی کوردەکانی باکوری ژێر دەسەڵاتی دەکات و جێنۆسایدیان دەکات و کیمیابارانیان دەکات، نا، هەمان کار لەگەڵ کوردەکانی سوریا و عێراقیش دەکات و دەیەوێت حکومەتەکەیان بڕوخێنێت و لەسەر نەخشە و جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیانسڕێتەوە، تورکیا هەمیشە دژایەتی کورد لەسەر مێزی ڕۆژانەیەتی، جا گرنگ نییە ئاتاتورک دێت یان عیسمەت ئینۆنۆ، مەسعود یەڵمازە، یان بوڵند ئەجەویدە، تانسۆ چیللەرە، یان نەجمەدین ئەربەکانە، ئاردوگانە، یان فەتوحوڵڵا گیوللەنە، بۆ هیچ کامیان فەرق ناکات و کورد قابیلی ژیان کردن نییە. دیقەت بدەن، لە هاکاری چیکرد؟ لە ئامەد چیکرد؟ لە ڕۆبۆسکێ چیکرد؟ لە حەفتانین چیکرد؟ لە شێرناخ چیکرد؟ لەو وڵاتەدا شوێنێک نادۆزیتەوە، کوردی لێ نەکوژرا بێت بەبێ خەتا، بەبێ هۆکار و تەنها و تەنها لەبەرئەوەی کوردە. ئاخر کوردبوون گوناهە؟ کوردبوون چ عەیبەیە؟ بەڵێ لای تورکیا و تورکەکان، کوردبوون عەیبەبە، کوردبوون ڕسواییە. باشە، لە بەرامبەر ئەم گوتار و میتۆدە فاشستییە، کورد چی بکات. ناچارە بەرگری بکات، ناچارە چەک هەڵبگرێت. کوردەکان دەڵێن "با بەیەکەوە بژین"، ئەوان دەڵێن "ئەوە دەیانەوێت ببنە شەریکمان"، کوردەکان دەڵێن "با خەباتی هاوبەش بکەین"، دەڵێن "نیەت و مەرامی خراپیان هەیە"، کوردەکان دەڵێن "پرسی دیموکراسی و ئازادی و مافی هاوڵاتیبوون پێش بخەین"، تورکەکان دەڵێن "دەیانەوێت تورکیا داگیر بکەن و وڵات توشی کارەسات بکەن"، هەڵبژاردن دەکرێت کوردەکان (110) شارەوانی دەبەنەوە، بەڵام هەموویان بە بیانووی (پەکەکە)وە دەخەنە زیندان و قەیوم بۆیان دادەندرێت. (59) ئەندام پەرلەمان دەرچوون بۆ پەرلەمانی تورکیا، زۆربەی زۆریان خراونەتە زیندان بە بیانووی (پەکەکە)وە. (14000) چالاککوان، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، ژنانی ئازادیخواز، ڕێکخراوی مەدەنی و کۆمەڵایەتی کورد خراونەتە زیندان، بەڵێ چواردە هەزار، بۆچی؟ چونکە کوردن ڕێگا نادەن کوردەکان بە کوردی بخوێنن و دەیانخەنە زیندان، ڕێگا نادەن گۆرانی بڵێن بە کوردی و دەیانخەنە زیندان وەک (ئەحمەد کایا)، ڕێگا نادەن فیلمی سینەمایی بە کوردی بەرهەم بهێنن و دەیانخەنە زیندان و شار بەدەریان دەکەن وەکو (یەڵماز گۆنای)، ڕێگا نادەن ڕۆژنامەنوس بیت و بە کوردی بنوسی، دەتخەنە زیندان وەک (عیسمەت شەریف وانلی)، ڕێگا نادەن خەریکی کاری سیاسی بیت، بە تۆمەتی کوردبوون و (پەکەکە) بوون دەتخەنە زیندان وەک (سەلاحەدین دەمیرتاش)، ڕێگا نادەن بانگی خوا بە کوردی بدەی دەتخەنە زیندان وەکو (یەشار ئۆغلۆ)، ڕێگا نادەن مەراسیم و کۆبوونەوە بۆ مردوەکان بکەی، کە جەندرمە کوشتونی، ڕێگا نادەن هەناسە هەڵمژی، ڕێگا نادەن لە ئەستنبوڵ ژیان بکەی دەڵێن "تەقینەوە دەکات" و ڕێگا نادەن کوردەکان شۆفێری تاکسی بن و تورکەکان کاتێ دەزانن کورد و کرمانجە لەگەڵی سوار نابن و دەڵێن "تیرۆریستە یان کورد گڵاوە". لەگەڵ ئەم میللەتە، لەگەڵ ئەم دەوڵەتە شۆڤێنییە، ژیان دەکرێ؟ دەتوانی لە شار و گوند دابنیشی؟ یان یە ناچاری ڕوو بکەیتە شاخ و بەرگری بکەیت؟ لە تورکیا کوردبوون، گەورەترین کارەساتە و هەمیشە قابیلی ئەوەیە، جەندرمە ئۆپراسیۆن بکات و دوو کوڕ و دوو کچت بەرێتە دەرەوەی شار و بیانکوژێت. خۆ بابەتەکە هەر ئەوە نییە، سەرۆکی حزبەکە ناچار دەکەن سوریا جێبهێڵێت و دەکەونە شوێنی و مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئەمەریکاش کە قسەی ڕۆژنامەکانە، هاوکار دەبن بۆ گرتن و بەخشینی بە دیاری بە بوڵند ئەجەوید، سەکینە جانسز لەناو جەرگەی دڵی ئەوروپای دیموکراسی و وڵاتی ڕۆشنگەری، وڵاتی سارتەر و ڕۆسۆ لە پاریس تیرۆری دەکەن. ئێستا ڕۆژانە بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان ڕەز و باخ و باخاتی خەڵک دەسوتێنن و خەڵکی سڤیل و مەدەنی دەکوژن. کوشتنی کورد باشترین سەرکەوتنە بۆ تورکیا، جا گەریلا و پێشمەرگە بێت یان سڤیل و مەدەنی، باکوری بێت، یان باشوری گرنگ نییە، گرنگ کوردێک کەمبێتەوە. بە هەزاران نەگبەتی پاش سەد ساڵ لە سوریا کوردەکان ئازاد بوون، کە ناسنامەی کوردیان نەبوە، لە سایەی (حافز ئەسەد) دوای ڕووداوەکەی (2011)ی بەهاری عەرەبی، دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی کوردی لە ڕۆژئاوا خوڵقا، کەچی بەردەوام تورکیا پەلاماری دەدات بە بیانووی کوردبوون. ڕۆژئاوا نزیکەی (18000) شەهیدی داوە، کەچی تورکیا دەڵێ "ئەمانە دەبنە خاوەنی دەوڵەت"، بۆچی گوناهە کورد دەوڵەتی هەبێت؟ سەدان پیلانی گێڕاوە، دژی حکومەتی هەرێم، کوردەکانی باشور و بەردەوام لە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتەکەیاندایە، بۆ؟ چونکە کوردن. ئێستا ڕوونە کوردبوون لە تورکیا چەندپڕ مەترسییە خوازیار بووم تورکیا وا بیری نەکردایەتەوە، یان ئێستا وابیر نەکاتەوە، بەڵام دڵنیام ئەو خۆزگانە جگەلە ساویلکەیی بوون، هیچی تر نییە. بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە، نە تورکیا دەست لەم کوشتار و قەتڵ و عام و ژینۆسایدەی کورد هەڵدەگرێت، نە کوردیش واز لە مافی بەرگری دێنێت و لەناو دەچێت، بۆیە با کەس گلەیی نەکات، کورد بۆ وادەکات؟
عەتا قەرەداخی کورد دەڵێت هەموو شتێک لە باریکی دەپچڕێت بەڵام زەبرو زەنگ لە ئەستووری. لەپاڵ ئەم پەندە کوردیەدا دەڵێین لەوە زیاتر تووندی مەکەن با نەپچڕێت. ئەم قسەیەمان ئاراستەی سەرکەدایەتی پارتی و یەکێتی و بە تایبەت تریش ئاراستەی سەرۆکی پارتی و هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەین، چونکە دڵنیام لای پارتی لە دوای کاک مەسعود کەس خاوەنی بڕیاری چارەنووسساز نیەو، لەناو یەکێتی ئێستاش بێجگە لە هاوسەرۆکان کەس خاوەنی هیچ بڕیارێک نیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم سێ بەڕێزە لە ئێستادا بەرپرسیارن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو یان هەر کارەساتێک کە بەسەر میللەتەکەمان بێت. هەموومان دەزانین بارودۆخی باشووری کورستان پەیوەستە بە پارتی و یەکێتیەوە. ئەگەر ئەم دوو لایەنە کۆک و تەبا بن، ئەوا سەرباری فشاری عێراق و دەرەوەو سەرباری کێشەی ئابوری و سەرباری گەندەڵی، هێشتا هەرێـمی کوردستان لەبەردەم مەترسیدا نابێت، چونکە گومانی تێدانیە کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان راست و دروست پەیوەستە بە پەیوەندی پارتی و یەکێتیەوە. لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە کە رۆڵی پارتەکانی تر کەم نادیدە بگرم، ئەگەرچی رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نیە. واتە مەبەست ئەوەیە، ئەوانی تر هەرچۆن ناتوانن رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە کوردستاندا، ناشتوانن هیچ قورسیەک لەسەر ئەم دوو پارتە سەرەکیە دابنێن و رەوشەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی ئاراستە بکەن. من پێموایە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ئەگەر کەمێک بە لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوە، ئەوا هەریەکەیان ئەوە لەخۆیان دەپرسن: ئایا زیاتر خراپکردنی پەیوەندی نێوانیان لە بەرژەوەندی خۆیان و میللەتیشە، یان بە پێچەوانەوە هەر زیاتر خراپکردنێکی پەیوەندی نێوانیان دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەرچارەنووسی ئەم دەسەڵاتە کە دیسان دەسەڵاتی راستەقینەی ئەم دوو پارتەیەو هەڵبەت بەرپرسیشن لە هەموو کەمووکورتیەکانی و لە چارەنووسیشی. لێرەدا پێمباشە هەندێ خاڵ بیری هەردوو لا بخەمەوە بۆ ئەوەی هیچیان پێیان وانەبێت کە بێ کەموکورتین و هەموو کەموکورتیەکان لە ئەستۆی لاکەی تریانە. هەقە سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە ناپاکی نەتەوەیی و نیستیمانی تاوانبار نەکەن، هەقە ئەم دوو پارتە هیچ کامیان ئەویتریان بە دەست تێکەڵاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان تاوانبار نەکات، هەقە یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە دوژمنایەتی کردنی کوردی بەشەکانی ترو رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە داگیرکەرانی تری کوردستان تاوانبار نەکات، هەقە یەکێتی و پارتی هیچ کامیان یەکتری بە گەندەڵی و بە دزی و بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکەوانان و پیاوانی دیاری وەکو عەلی بۆسکانی و دکتۆر محەمەد قەرەداخی و شێخ ستار چەندین کەسی تر تاوانبار نەکەن، هەقە یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە نادیموکراسی تاوانبار نەکەن، چونکە هەردوولایان لەو رووانەوە وەکو یەک تاوان و گوناهیان بەردەکەوێت. هەقە یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە حیزبی بنەماڵە تاوانبار نەکات چونکە پارتی حیزبی ماڵی بارزانیەو یەکێتیش حیزبی ماڵی مام جەلال و شێخ جەنگی و برایم ئەحمدەو هەردوو لاش بە رووکەش مەدەنی و لەگەوهەردا داخراو و ناسەردەمین. بۆیە هەقە واقیعی بن و هیچیان موزایەدەی سیاسی بۆش و بێگەوهەر بەرامبەر بەویتریان نەکەن. نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ بەسەر کۆنگرەی یەکێتیدا تێپەڕیوە. ئەم حیزبە وەکو هەر حیزبێکی تر مافی خۆیەتی کاروبارەکانی ناوخۆی چۆن رێکبخات و بەڕێوەدەبات. لەم رووەوە یەکێتی کۆنگرەی کردووەو سەرۆکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. گریمان ئەو سەرۆکە هەڵبژێردراوە پێشتر هەڵەی ستراتیژی گەورەشی بەرامبەر بە میللەتەکەی کردبێت، ئێستا ئەو حیزبە پێگەیەکی دیاری هەیە لە کوردستانداو پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمە، حکومەتەکەش بەری ماندووبوون و خوێن و خەبات و رەنجی دوورودرێژی هەموو میللەتە. ناکۆکی یەکێتی و پارتی دەبێتە هۆی لاوازی حکومەتەکەو دەیخاتە بەردەم مەترسیەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ناکۆکیەش لە ئێستادا، داننەنانی سەرۆکی پارتیە بەم هاوسەرۆکە نوێیەی یەکێتیدا. ئەگەر کاک مەسعود دەیەوێت ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەی ئیستا زیاتر نەبێت و ئەو چەلەحانێ و شەڕەجنێوەی سۆشیال میدیاو ناو ماڵپەڕو رۆژنامەکان بەردەوام نەبێت کە بێ ئیتیکەکانی ناو یەکێتی و پارتی و بەکرێگیراوەکانی هەردوولا ئەنجامی دەدەن و دەشێ ببێتە هۆی لێکترازانی تەواوەتی باشوری کوردستان، ئەوا نەک دەبێت بەڵکو دەبوو هەر زوو لە رۆژانی یەکەمی دوای کۆنگرەی یەکێتیدا کاک مەسعود پیرۆزبایی کۆنگرەی لە یەکێتی و لە هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکانی بکردایەو لاپەڕەی کۆی رووداوەکانی پێش کۆنگرەی یەکێتی بپێچایەتەوەو پێش هەموو کەس پێشوازی لەهەردوو هاوسەرۆکە گەنجەکەی یەکێتی بکردایەو بەرنامەی کۆتاییپێهێنانی ناکۆکی مێژوویی جەلالی و مەلایی لەگەڵ دابنانایەو نەخشەی بۆ یەکێتی و یەکبوونی زیاتر دابنایە. بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەسەر دانانی مەرج و بەند بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی زۆر ناواقیعیە، ئەگەر ئامانجمان یەکخستنی ناو ماڵی کورد بێت. سەدام حسەین کوردستانی وێرانکرد، کیمایی بەکارهێنا، ئەنفالی کردو تەنانەت هەشت هەزار بارزانی زیندەبەچاڵ کرد، ساڵی نەوەدو یەک، کاک مەسعود چووە بەغدا بۆ گفتوگۆو رێکەوتن لەگەڵ ئەو جەلادەداو دواتریش لە گفتوگۆیەکدا خۆی گووتی لە پێناوی بەرژەوەندی میللەتەکەماندا من چوومە بەغدا. گریمان ئەم هاوسەرۆکەی یەکێتی گوناهێکی هەیە لە بەدەستەوەدانی کەرکوک لە دوای ریفراندۆم، بەڵام ئایا هەموو گوناهەکە لە ئەستۆی ئەم پیاوەیە کە ئەو کاتە نەک هاوسەرۆکی یەکێتی نەبووە، بەڵکو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش نەبووە. ئەگەر رقی کاک مەسعود لەبەر ئەو قسە نابەجێیانەیە کە لە تەلەفیزۆنەوە بەرامبەر بە مەلا مستەفای بارزانی کران، ئەوە ئەم هاوسەرۆکە نەبووکە ئەو قسانەی کرد. بۆیە لە روانگەی بەرژەوەندی میللەتەوە هیچ پاساوێک نیە بۆ رەتکردنەوەی کۆبوونەوە لە لایەن کاک مەسعودەوە. هەڵبەت مانەوەی بارودۆخەکە لەم قۆناغە پڕ لە قەیرانەدا، دەشێت سەربکێشێت بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە، واتە مەترسیەکە ئەوەیە کە زیاتر راکێشانی داوی ئاڵۆزیەکان دەشێ ببێتە هۆی پچڕاندنی ئەو داوەو پاشان گرێدانەوەی ئەستەم دەبێت، کە ئەوەش هەڕەشەی یەکەمە لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەگەر من لە شوێنی کاک مەسعود بارزانی بم، نەک کۆبوونەوە رەتناکەمەوە، بەڵکو من دێمە سلێمانی و یەکەمجار لەگەڵ لاهور شێخ چەنگی و پاشانیش لەگەڵ هەموو سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کۆدەبمەوە. هەقە کاک مەسعود هەرچۆن لە یادی دامەزراندنی یەکێتیدا کوڕەکانی مام جەلالی بە برازای خۆی ناوبرد، خاسێتی برازا بە هاوسەرۆک و کۆی سەرکردایەتی یەکێتی ببەخشێت لە پێناوی زیاتر لێكنزیکبوونەوەو دروستکردنی یەکێتی و یەکبووندا کە تەنیا تەبایی و یەکێتی و یەکبوون زەمانەتی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد دەکات، هەرچەندە دەستکەوتەکان پڕکەموکورتین، بەڵام لە دەستچوونیان کارەسات و ماڵوێرانی زیاتر لە کارەسات و ماڵوێرانی قۆناغی نێوان ئەنفال و راپەڕین بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئێستا لۆجیکی عەقڵ داوای کۆبوونەوەو ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکەتان لێدەکات. ئایا چی دەکەن؟ گوێ لە عەقڵ دەگرن یان پەیڕەوی کاریگەری رق و کینە دەکەن؟ کە ئەوەش لە چوارچێوەی عەقڵی سیاسیدا جێگای نابێتەوە.
مەجید ساڵح وتەیەکی باو هەیە دەڵێ "سیاسەت باوک و دایکی نییە"، زۆرجار ئەو وتەیە لەلایەن ئەوکەسانەوە دەوترێتەوە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان مەیلیان بەلای سیاسەتدا ناچێ. ئەوانە پێیان وایە سیاسەت بریتیە لە فێڵ و تەلەکە و کڵاو لەسەرنانی خەڵک، بۆیە تا لەسیاسەتەوە دور بیت، ژیان خۆشتر و ئارامترە. بەڕای ئەوانە ئامانجی سیاسەت بریتیە لە خۆسەپاندنی هەندێک بەسەر ئەوانی دیکەدا، بۆ گەیشتن بەوەش دەبێ درۆ بکەن، خیانەت و جنایەت بکەن و لە خوو و رەوشتی مرۆڤایەتی داشۆرێن، بۆ ئەوەی لەوانە بەدور بیت، باشترین شت ئەوەیە خۆت لە سیاسەت بەدوور بگری.. نمونەی ئەم جۆرە سیاسەتمەدارە بێحورمەتانەی کە بەدرۆ دەچنە سەر کورسی دەسەڵات لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەن و لە کوردستانی خۆشماندا چەند ساڵێکە ئاوەکەی رژاوەو و زۆرکەس ئێستا پێ تیا دەخشێنن. بەڕای هەندێکی دیکە گوزارەی "سیاسەت باوک و دایکی نییە" مانای دیکەی هەیە. یانی سیاسەت کاری هەموو کەسێک نییە و شارەزایی دەوێ و دەبێ بزانی لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێ.. بەرای ئەمانە سیاسەت یانی ژیان، شتێک نییە لەدەوەوەی ژیانی رۆژانە، سیاسەت یانی دابەشکردنەوەی بیستن و بینین و وتنەکان و کردەوەکان. بۆیە دەبێ لەسیاسەت تێبگەین و لێی را نەکەین، دەبێ و بزانین گوێ لە کێ بگرین و چی بڵێین و چی بکەین، لە شتە شاراوەکانی پشت دیوار و پەردەکان حاڵی بین.. سیاسەت یانی خۆت ببیتە قسەکەر. سیاسەت بریتیە لە رامان لە بابەتە ناسیاسیەکان، چونکە ئەوەش خۆی لە خۆیدا بابەتێکی سیاسیی شاراوەیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەوەی بەسەرماندا دێت لە نەهامەتی و کارەسات، کێ بەرپرسە لێی.. ؟! بکرە سیاسییەکان، یان ئەو کۆمەڵگایەی ئەوان سیاسەتی تێدا دەکەن؟ لەو کۆمەلگایانەی کە خەڵکەکەی زۆر لەسیاسەت ورد نابنەوە، سیاسەتمەداری بێحورمەت و خۆسەپێن و درۆزن و تەڵەکەباز بەسەیاندا زاڵ دەبێ... لەو کۆمەلگایانەش کە قۆناغێکیان بڕیوە و بەدەستور و یاسا سنوریان بۆ سیاسییەکانیان داناوە، جێگەی سیاسی بێحورمەت نابێتەوە.. لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا دیتمان چۆن ئەمریکاییەکان (ترامپ)یان هەڵدایە دەرەوە و فەرەنسیەکان (سارکۆزی)یان بردە بەردەم دادگا... کەچی لای خۆمان، سیاسییە بێحورمەتەکان تا دێت گەرای دیکە دادەنێن و بەهۆی بێخەمی کۆمەلگاکەشەوە وا دانە دانەیان دەتروکێن...
پەیكار عوسمان بەشی یەکەم نەك دوو دەوڵەتی فاشیستی وەکو تورکیاو ئێران، بەڵکو ئەگەر سویدیش پولێك دروستکاو لایەکی فینلەندای بخاتە ناو، بێگومان فینلەندییەکان ناڕەزایایی دەرئەبڕن و داوای ڕوونکردنەوە ئەکەن و تا ئێرا شتە ئاساییە، چونکە سروشتی دەوڵەت وایە! بەڵێ سروشتی "دەوڵەتی مۆدێرن" یان "دەوڵەت نەتەوە" وایە، کە لەسەر بنەمای یەکێتی خاك و زمان و ئاڵاو سنورو سیادەو ئەمنی قەومی و ئەم شتانە دامەزراوەو لێرەدا نەرمترین نیزام و ڕەقترین نیزام، فەرقی نیەو هەردوکیان هەر ڕەقن، چونکە دەوڵەت خۆی دامەزراوەیەکی ڕەقە. ئا لەم ڕەقییەشەوە، ئیتر جیابوونەوەی هەرێمەکەی ئێمە، چەنێك بڤەیە، جیابوونەوەی کەتەلۆنیاش ئەونە بڤەیەو لێرەدا عێراق و ئیسپانیا هەمان شتن و هیچ فەرقیان نیە! یەعنی دەوڵەتان چەنێك جیاوازبن، لەوەدا کە دەوڵەتن، فەرقیان نامێنێ و ئیتر کانتۆنێکی سوریا داوای جیابوونەوە بکاو ویلایەتێکی ئەمریکا داوای جیابوونەوەبکات، هەردوکیان سەر لە هەمان بەرد ئەدەن. چونکە دواجار ئەمریکاو سوریا هەردوکیان هەر دەوڵەتن و (دەوڵەتیش شتێکە، لەسەر پیرۆزکردنی خۆی دامەزراوە.) ئەم پیرۆزکردنەش ئەیکات بە کائینێکی ڕەق و ئیتر ئەگەر توخنی بکەویت، بە هێزی ڕەقییەکەی ئەیەشێیت و بە ئاگری پیرۆزییەکەی ئەسوتێیت. ئەم پیرۆزکردنەش هەر بۆ ناوخۆ نیە، بەڵکو سیستەمی جیهانیش لەسەر شەرعیەتی دەوڵەت دامەزراوەو کاتێ تۆ دەسکاری سنوری دەوڵەتێك ئەکەیت، لەڕاستیدا دەسکاری نەخشەی جیهان و سیستەمی جیهان ئەکەیت. ئا لێرەوەیە کە قوڕی کورد خەستترە لە کێشەی چوار دەوڵەت! یەعنی کێشەکە لە خودی دەوڵەت و سیستەمی جیهانیدایەو تۆی کوردیش ئەگەر دەوڵەتێکت هەبووایە، بێگومان قبوڵت نەئەکرد، دەوڵەتێکی تر، تەجاوزی سنورەکەت بکاو بەشێکی نەخشەکەت بخاتە ناو پولێکی خۆیەوە! بەڵام ئەم دەوڵەت و سیستەمە جیهانییە، کە ئێستا خۆی بووە بە کێشە، لەڕاستیدا قۆناغێکی پێشکەوتووە بەراورد بە قۆناغی پێشتر. وە ئەمەی ئێستا کێشەیە، سەرەتا چارەسەربووە بۆ سنوردارکردنی وەحشە گەورەکەی ئیمپراتۆریەت، کە لەسەر "هێزو مەزاج" وەستاوەو هیز و مەزاجی ئیمپراتۆرەکان تا کوێ ڕۆشتبێ، شەڕو داگیرکاری و سنور تا ئەوێ ڕۆشتووە.. لێرەدا سیستەمی نوێ ی جیهان، هاتووە ئەم وەحشە بەرەڵایەی خستۆتە قەفەسی دەوڵەتەوەو لە شوێنێکا سنوری بۆ داناوەو ئیتر ئەگەر هێزیش هەبێت، تۆ ناتوانی بچیتە دەرەوە.. تا ئێرا شتەکە باشەو مرۆڤ هەنگاوێ پێشکەوتووە، کە لە ئیمپراتۆریەت و هێزی بەرەڵاوە پەڕیوەتەوە بۆ دەوڵەت و هێزی ناو سنور.. بەڵام کاتێ لەناو سنورەکەدا، دەوڵەت خۆی ئەبێتەوە بە هێزێکی ڕووت و بە وەحشێکی بەرەڵا بۆ سڕینەوەی جیاوازەکان، ئیتر ئەمە نەك چارەسەر نیە، بەڵکو هەر هەمان کێشەیەو هاتوینەتەوە خاڵی سفر! ئیتر مادام هێز حوکم ئەکات، وەحشەکەش هەر لەناوخۆدا ناوەستێ و لەڕێگەی نمونەکانی وەکو هیتلەرو ئەردۆگانەوە، دێتە دەرەوەو ئەبێتەوە بە وەحشێکی بەرەڵاو پیرۆزی ئەو سنورەش ئەشکێنێ کە بۆ سنوردارکردنی هێز دانراوە! لێرەدا ئیتر "سنورپیرۆزی" نیفاقێکی وازحی تێئەکەوێ و ئەبێتە کۆمیدیا بەدەست هێزەوە. نیفاقەکە ئەوەیە، کە ئیتر بۆ وەحشێکی بەرەڵای وەکو تورکیا، سنور تەنیا ئەوکاتە پیرۆزە، کە تۆ هی تورکیا ببەزێنیت، بەڵام کە ئەو هی خۆی و تۆش ئەبەزێنێ و نەخشەی عەهدی میلی ئەهێنێتەوە مەیدان، لێرەدا سنور تەڕەماشیش نیە! یان تۆ بڕۆ توخنی سنوری ئێران بکەوە، هەموو ئێران لێت یەتە مەیدان، چونکە پیرۆزی دەوڵەتت پێشێلکردوە. بەڵام ئێران خۆی کە هیلالی شیعی دروستئەکاو سنوری دە دەوڵەتی بۆ ئەبەزێنێ، لەوێدا سنور تاکە پێڵاوێکە! کە ئەمە هەردوکی هەر یەکێکەو هەر پووچە. هەم پیرۆزییەکەی سەرەتا پووچە، چونکە لەسەر هێز دامەزراوە نەك لەسەر حەق. هەم پێشێلەکەی دواتر پووچە، چونکە ئەویش هەر لە هێزەوە ئەکرێ نەك لە حەقەوە. واز لە دەوڵەت نەتەوەو پیرۆزییەکانی بێنە.. ئەسڵی کێشەکە "هێزە" کە سەرکەوتووە بە سەر "حەقدا". ئەو نەخشەیەش کە تورکیاو ئێران پێ ی قەڵسن، ئەوە حەقی ئێمەیە کە بە هێز لێمان زەوتکراوە. سیستەمی جیهانیش لەوێوە ڕاستئەبێتەوە، کە هێز پاشەکشێ ی پێبکرێ لە بەرژەوەندی حەق. کە ئیتر تەنیا حەق پیرۆزبێ و تەنیا حەق ئەو سنورەبێت کە نەبەزێنڕی. ئیتر حەقەکە، چ مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسانەکان بێت. چ مافی گەلان و ئازادی گەل و نەتەوەکان بێت. منو تۆش وەکو مرۆڤێك و وەکو بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، ئەبێ لە ویژدانی خۆماندا، حەق سەربخەین بەسەر هێزداو تەسلیمی ئەو ناحەقییانە نەبین کە هێز سەپاندویەتی و ئەیسەپێنێ. بەڵکو ئەبێ هەڵکشێین بۆ ئەو هۆشیارییەی، کە حەق هێزە نەك ئەوەی کە هێز حەق بێت. کە حەق هێزبوو ئیتر ستەمێك لە گۆڕێدا نامێنێ و کە هێز حەقبوو، ئیتر ئەوە خۆی خودی ستەمە. لێرەدا فەرقی کورد لەگەڵ تورك و عەرب و فارس "فروانخوازەکانیان"، ئەوەیە کە ئەوان، ئەو نەخشانەی کە لە خەیاڵیاندایە، نەخشەی هێزە. بەڵام ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی کوردەکاندایە، نەخشەی حەقە. نەخشەکەی خەیاڵی ئەوان، نەخشەی زەوتکردنی مافی ئەوانیترە. بەڵام نەخشەکەی خەیاڵی کورد، تەنیا نەخشەی بەدەستهێنانی مافی خۆیەتی و هیچی تر! ئا لێرەدا، بە پێوەرە زەمینییەکان، کورد مرۆڤەو خاوەنی خەیاڵێکی مرۆڤانەیە نەك ستەمکارانە. بە پێوەرە ئاسمانییەکانیش، خەیاڵەکەی کورد، خەیاڵێکی حەقانی و ناستەمکارانەیە، کە ئەوە خواستێکی دینی و خوداییە. ئەوانیش کە خۆیان لە ئێمە بە پێشکەوتووتر، یان بە دیندارتر ئەزانن، لەڕاستیدا هەڵەن و پێویستە لەوێدا چاو لە کورد بکەن و بگەڕێنەوە بۆ خەیاڵی حەقانی و لە خەیاڵی ستەمکاری خۆیان پاك بکەنەوە. ماویەتی
ئەبوبەكر كاروانی لە پەیوەندی بە توركیاوە، لە سنوری ئاگاداری خۆمدا، موزایەدەكردن بەسەر ئیسلامییەكانو لەوانەش یەكگرتوو، بەتایبەتیش لەلایەن كادرو ئەندامانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمەوە، كارێكی ناڕاستو ناڕەوایە. چونكە ئەگەر مەسەلە بێتەسەر هەڵسەنگاندنی پەیوەندی هێزە سیاسیەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا، و ئیسلامییەكان بەگشتیو لەوانەش یەكگرتوو، دەچنە ڕیزی بێ كێشەترینو سەربەرزترینەكانەوە. لانی كەم تا ئەم كاتەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین. ئیسلامییەكان لە چەندین وێستگەو بۆنەدا پشتڕاستی ئەمەیان كردۆتەوە، لەوانەش: 1- رەتكردنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداری لەشەڕی 1993ی پارتیو یەكێتی بە پشتوانی توركیا دژ بە پەكەكە، وێڕای پێداگری زۆری توركەكانو تەماح نانە بەری زۆر. 2- ڕۆڵی بەرچاوو لە سنوری توانای یەكگرتوو، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستانو گواستنەوەی باری سەرنجی قەندیل بۆ ئەنكەرەو كاركردن لەسەر كاربەدەستانی توركیا بۆ جوان تێگەیشتن لە جەوهەری عادیلانەی مەسەلەی كوردو ئامادەكردنی زەینی سیاسیان بۆ قبوڵكردنی پێویستیەكانی چارەسەر. 3- ناوبژیوانیو ڕۆڵی یەكگرتوو لە بەیەكگەیاندنی بەشێك لە ئیسلامییەكانی سوریاو كوردی ڕۆژئاواو حكومەتی سوریا بەمەبەستی: ا- تێگەیشتنی ئیسلامییەكان بۆ ناوەرۆكی كێشەی كورد لە سوریاو قبوڵكردنی چارەسەری فیدراڵی. ب- هەماهەنگی كردنی هەردوولا لەچوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو تێپەڕاندنی بەربەستی جیاوازیی ئایدۆلۆژی. ج- قایلكردنی حكومەتی ئەنقەرە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی نوێی خۆرئاوای كوردستان. هەر لەم چوارچێوەدا داود ئۆغڵۆش سەرۆك وەزیرانی ئەوكات گەیشتە ئەوەی ڕایگەیەنێت: ئێمە ئامادەین هاوشێوەی ئیدارەی باكوری عێراق مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاواش بكەینو بەمەترسی بۆ سەر خۆمانی نەزانیین، بەمەرجێك وادەرنەكەوێت، دام و دەزگای پەكەكەیە. كە بەداخەوە ناكۆكی نێوماڵی كورد ئەو دەرفەتەو هەندێ دەرفەتی لە دواتریشدا لە دەستدا ! كە دەكرا بكرانایا سەرەتایەك بۆ ئایندەیەكی جیاوازتر. ٤- لە ڕابردوودا قەندیلو هەدەپەو ڕۆژئاواش، كەمترین گلەییان لە ئیسلامییەكان هەبووەو چەندین جاریش سوپاسیان كردوون. ٥- لە زۆربەی رووداوەكانی پەیوەست بە باكورو توركیاو لەوانەش ئەمەی دوایی بەشێ لە كەسێتیو رەمزە ئیسلامییە كوردستانییەكانو زۆرجاریش فراكسیۆنە پەڕلەمانییەكانییان، لە هەڵوێست دەربڕیندا پێشەنگ بوون. ماوتەوە بڵێین: بەداخەوە كەم جار هەیە كە ڕوداوێكی هاوشێوەی ئەم جارە ڕودەدات، لەلایەن هەندێكمانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ كەرەسەی شەركردن دژ بەیەكو شەڕەكە نەكەینەوە بە شەڕێكی ساردی نێوخۆو سوكایەتی بەیەكتر نەكەین ؟!! ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هێشتا لە بیركردنەوەی زۆرێكماندا، ناكۆكی لەگەڵ یەك، بایەخی پلە یەكی هەیەو ڕۆڵی مەرجەع لە دەستنیشانكردنی هەڵوێستو جۆری زمانی سیاسیماندا دەگێڕێت، نەك ناكۆكی لەگەڵ بەرامبەرە نەتەوەییەكان؟!! هەروەها ئاماژەیە بەهەژاریو لاوازییەكی كوشندە لە هوشیاری نیشتیمانیو نەتەوەیماندا، كە ڕێگرە لەوەی ناسنامەو هەستێكی هاوبەشی ڕاستەقینە پەرەپێبدەین.
نەوزاد مجید هەمەوەندی ئابووری ناسان كۆكن لەسەر ئەوەی خواست و نرخ هاوتەریبن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەكانیان , واتا خواست لەسەر هەركاڵایەك زۆربێت ڕاستەوخۆ نرخەكەی بەرەو بەرزی هەڵدەكشێت. هەر بۆیە دراوە ئەلیكترونیەكان بەشێوەیەكی خێرا خواست و داواكاری و كڕیاری زیاتری بۆ دروستبوو . دراوە ئەلیكترۆنیەكان یان دراوە ژمارەییەكان هەندێك جاریش پێیان دەگوترێت دراوە گریمانەییەكان وەك بیتكۆین bitcoin و ئیپریوم Ethereum و لایتكۆین LTC و ڕیبل XRP و زكاش ZEC و بیتكۆین كاش و ئیپریۆم كلاسیك و چەندانیتر . دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆكەی دراوی ژمارەیی bitcoin دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2008 لە لایەن ساتوشی ناكامۆتۆ (Satoshi Nakamoto) كە تا ئێستاش نازانرێت كەسێكە یان چەند كەسێكن و سەربە چ ووڵاتێكن . لە بەرواری 3/1/2009 ئەم دراوە بە شێوەكی ڕاستەخۆ و خێرا بڵاوبۆوە كە ئەم دراوە تەنها لە ڕێگای تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە ئاڵوگۆڕی پێوە دەكرێت , واتا ناتوانرێت دەستی لێبدرێت (ملموس) نیە خۆناساندنی ئەم دراوە زیاتر بە هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە بوو چونكە سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە بوە هۆی وەستانی جولەی خەلك و هاتووچۆ و داخرانی بازار و بانكەكان هەر بۆیە خەلكی بەهۆی مانەوەیان لە ماڵەكانیانەوە پەیوەست بوون بە بەكار هێنان و كرینی زیاتری دراوی ئەلیكترۆنی كە تا ڕادەیەك پێداویستیەكانیان بۆ فەراهەم دەكرا , یەكەم نرخی بیتكۆین لە ساڵی 2009 بریتی بوو لە 1309.03 دۆلاری ئەمریكی بۆ هەر بیتكۆینێك ئەم ڕێژەیەش لەبری تێچووی بەكار هێنانی كارەبا و كومپیوتەربوو بۆ هەر بیتكۆینێك. بەهۆی خواست و كرینی ئەم دراواە لە سەرەتای دەرچوونی وەك دراوێكی نوێ و بێ هاوشێوە ئەم كەسانەی سەرەتا ئەم دراوەیان كڕی هەوڵی هێنانی خزم و كەس و خەڵی نزیكی خۆیان دەدا بۆ هێنانە ناو ئەم بابەتە و كڕینی بەشێك لەم دراوە ژمارەییانە بەمەش نرخی هەر بیتكۆینێك زیادی دەكرد بەهۆی بوونی خواست و قازانج كردنی كڕیاری یەكەم خەڵكێكی زۆر ڕووی لە كڕینی دراوەكە كرد و بەماوەیەكی كەم نرخەكانی وردە وردە بەرەو بەرزبوەوە هەڵكشا و هەر ئەمەش وایكرد ببێت بە ریكلامێكی بریقەدار بۆ ڕاكێشانی كڕیاری زیاتر . تا ئێستاش خەڵك لە جیهان پارەیەكی زۆر دەخەنە ئەم مامەڵەیەوە كە هەركاتێك سایت و بەرنامەی ئەم دراوە بوەستێت هیچ كەسێك نیە قەرەبووی ئەم خەڵكە بكاتەوە یان وڵاتێك بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە بگرێتە ئەستۆ . هەر بۆیە لێكدانەوەكانم بۆ ئەم بابەتە مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنی و مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵشۆیی بە بۆچونی من هاوشێو و هاو ئەنجام دەبن . چونكە ئەم جۆرە مامەڵانە بەشێكی زۆری پارەی نەختینەیی لە ناو هەرێمی هەرێمی كوردستان و گیرفان و قاسەكانی وولات دەگوازیتەوە بۆ هەندێك قاسەو گرفانی ووڵاتانی دەرەوە كە ڕەنگە چەند كەسانێك چانسی ئەوەیان بێت لەم ڕێگایەوە هەم قازانج بكەن و هەم نەكەونە بەر گورزی ئەم هەرەس هێنانەی لە هەر كات و ساتێك بێت ڕوو دەدات و ئەو كەسانەی لەكاتی هەرەسەكە خاوەنی دراوی ژمارەیی بێت زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و ئەوەشی لە پێش ئەم هەرەسی ئابووریە دراوە ژمارەییەكانی فرۆشتبێت براوەی یاریەكەدەبێت وەك ئەو كەسانەی كەپارەكانیان لە پێش بەرواری تەقینەوەی هەرەسی هەڵشۆیی وەرگرت براوەبوون و ئەوانەشی چاوەڕێی وەرگرتنی قازانج و سەرمایەی دەستی هەڵشۆیی بوون ئێستا لە دڵە ڕاوكێ و ڕێگای دادگا دەكوتنەوە بۆ سۆراغێكی سەروەت و ماڵەكانیان . ماموستای زانكۆ پسپۆری ژمێریاری و دارایی
زانا توفیق بەگ لەدوای سەردانەکەی بەڕیز شێخ محمودی حەفید بۆلای سەرۆک بارزانی جارێکی تر ئومێدێکی گەورە دەبینرێ بۆ گەڕانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی وە چارەسەری کێشەکان. بەتایبەتی پێ دەچێت کە بەم زووانە کۆبۆنەوەی لوتکە لە نێوان هاوسەرۆکی یەکێتی بەڕیز لاهوری شێخ جەنگی و سەرۆک بارزانی ببەسترێ . دیارە ماوەیەکی زۆر بوو گرێ کوێرەی دانیشتنی باڵای هەردوولا بەشێوەیەکی خراپ هەڵپەسێرا بوو.نە پارتی بڕوای بە سەرکردایەتی نوێ یەکێتی هەبوو ، نە نیەتی دروستی بوونی ئەو کۆبۆنەوەی لا گرنگ بوو . نە یەکێتی نیەتی دانیشتنی جدی هە بوو بۆ چارەسەری کێشەکانی هەردوولا وە بڕوای بە دانێشتن نە بوو لەگەڵ پارتی . هەمیشە بەبیانوو جۆراوجۆرەوە خەریکی دروستکردنی ئاستەنگ بوو بۆ کابینەکە کاک مەسرور بارزانی . دیارە لە دوای هەڵکشانی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دروستبوونی دۆخێکی ترسناك لەناو کوردستاندا ، هەوڵدان بۆ تۆمتبارکردنی یەکتری لەسەر ئاستی سیاسی ودروستکردنی کەیسی تێکدانی دۆخی ئاسایشی شارەکان ، وە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی پێ دەچێت ، هەردوو لا بەتەواوی درکیان بو خەتەری دۆخەکە کردبێت . دەبێت بۆ چارەسەری دۆخی هەرێمی کوردستان لەدوای دانیشتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی دا ،هەنگاوی جدی دەبێت بریتی بێت لە ڕێگە گرتن لە قەلەم بەدەستەکانی ماسك میدیا نێوان یەکیتی و پارتی کە بەشێکی دروستبوونی کێشەکانی نێوان هەردوو لا دەگەرێتەوە بۆ ئەو کادرو و بەناو رۆژنامەنووسانەی هەردوولا ، کە جگە لە دروستکردنی دۆخی ترسناك و پشێوی تومەت بۆ یەکتری هیچ کارو کردەوەیەکی تریان نیە. هاوکات پێویستە بەشێکی ئەوکادرو نوخبە ڕۆشنبیرانەی کە خاوەنی مەعریفەی فکرین لەدەرەوەی بازنەی حیزبی کاربۆ سەرخستنی ئەم کۆبۆنەوەیە بکەن هەوڵی لێك نزیك بوونەوەی سەرۆك بارزانی و بەڕیز لاهوری شێخ جەنگی بکەن کە ئەم ئەرکە چ لە ڕووی ئەخلاقی سیاسی چ لەڕووی ئەرکی نێشتمانی کارێکی پیرۆزە. خاڵی جەوهەری پێویستە پارتی و یەکێتی بە تایبەتی چ سەرۆك بارزانی یان هاوسەرۆکەکانی یەکێتی بەتایبەتی بەڕیز لاهوری شێخ جەنگی. جارێکی تر هەوڵی داڕشتنەوەی دیدێکی هاوبەشیان هەبێت لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان . وە بتوانن ستراتیژێتکی ئاشکرا و ڕوونیان هەبێت لەسەر ئەو جالیچیانەی لە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. هاوکات چارەسەری دۆخی ئابووری کوردستان لەڕێگای جارێکی تری داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری هەرێم لەناو کابینەکەی کاک مەسرور بارزانی دا بکرێت. پاشان بۆ کۆتایی هێنان بە گرێ کوێرەی نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە دوای دروستبوونی شانزەی ئوکتۆبەر وە دروستبوونی متمانەیەکی گەورە لە نێوانیاندا گرنگە لە کۆبۆنەوەی داهاتووی نێوان سەرۆك بارزانی و بەڕیز لاهۆری شێخ جەنگی بەڕیز کاک مەسرور بەشێك بێت لە کۆبۆنەوەکە چۆنکە لە ئێستادا بەشێکی گەورەی دروستکردنی ىڕیاری سیاسی لەلایەن بەڕیزی وە ئەدرێت . هاوکات بەشێکی ململانێکان لە ماوەی ڕابووردوودا لە نێوان هاوسەرۆکی یەکێتی و پارتیدا ڕووبەڕوو هەردوو سەرکردە دەکرایەوە بۆیە پێویستە بۆ چارەسەر کۆنکریتی کێشەکان بەڕیز کاك مەسرور ئامادە بێت لە کۆبۆنەوەی لوتکەدا چۆنکە بەبێ دیدو ڕوانگەی سەرۆکی حکومەت چارەسەر زەحمەتە. بۆ زیاتر بچووکردنەوەی کەلێنەکانی کێشەکان پێویستە سیستەمی دەزگاکانی ئاسایش و زانیاروپاراستن جارێکی تر فۆڕمەلە بکرێتەوە وە هاوئاهەنگی تەواو دروستبکرێت، لەنێوان دەزگاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا بەتایبەتی بوارەکانی گۆڕینەوەی زانیاری وپاراستنی ئاسایشی ناوخۆ رێگری لە چالێنجەکانی دەزگاکانی هەواڵگری دۆژمن بگیرێت. پێویستە بەشێك لە ئەجندای کۆبۆنەوەی لۆتکە بریتی بێت لە بڕیاردان بۆ دروستکردنی لامەرکەزی ئیداری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان . کە ئەمە جورێك لە ململانیەی ئابووری دروست دەکات. بەتایبەتی لەسەر ئاستەکانی ئاودانی و بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی هەرێـم وە هەڵسەگاندنی کابینەکانی حکومەت لەلایەن هاووڵاتیان هەرێم. پاشان پێویستە کۆبۆنەوەی سەرۆك بارزانی و هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەر بنەمای چارەسەری دۆخی هاونێشتمانیان بێت. نەك بەرژەوەندی سیاسی و فەرزکردنی هەیمەنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی . بە مانایەکی تر واتە جەوهەری کۆبۆنەوەکە تەنها هاووڵاتیانی هەرێمی کۆردستان چەقی دانیشتنەکەیان بێت . چونکە بەردەوامی خراپی دۆخی ئێستای هەرێم لە داهاتوودا، دەرئەنجامێکی ترسناك دروست دەکات بۆ داهاتووی سیاسی یەکێتی وپارتی
هیوا سەید سەلیم دوای بڵاوکردنەوەی دیزاینی پولێک، کە نەخشەی کوردستان و وێنەی فڕەنسیس پاپای ڤاتیکانی تیا نەخشابوو، دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی دەسەڵات و ئۆپزسیۆنیەوە دژ بەو کارە هاتنە سەرخەت و دەنگ هەڵدەبڕن، و بە زمانێکی نا دبلۆماسیانە کە هەر لە خۆیان و مێژووی خوێناوی و داگیرکاری تورکیا دەوشێتەوە، هەڕەشە و سوکایەتی بە بەرپرسانی هەرێم دەکەن. بەرپرسانی تورکیا کە دوای ئەوانیش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەمان پرس هاتە سەر خەت، بە هەڕەشە نەوەستان، بگرە لە نێو هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، و بۆ رای گشتی دێن سوکایەتی بە نەخشە و ئاڵای کوردستان دەکەن. شایانی باسە ئەوە جاری یەکەم نیە تورکیا لە بەرامبەر ماف، و راستی مێژووی گەلی کوردستان تووشی هستریا دەبێت. بگرە چوار ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک پارێزگاری کەرکوک ئاڵای کوردستانی لەو شارە هەڵکرد بەهەمان زمانی ئێستایان ئەردۆغان، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد، گوایە هەستیاری تورک و تورکیایان لەبەر چاو نەگرتووە. دوای ئەو رووداوەش لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، گەورە و بچووکی دەسەڵاتداری تورکیا بەهەمان زمان کەوتنە هەڕەشە، هەڕەشەکەیان بە جۆرێک بوو کە رەچاوی تێکەڵی خۆیان لەگەڵ دۆستە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێمیش نەکرد، بگرە زۆرترین قسەی نزمیان ئاڕاستەی ئەوان کرد. ئەو جارەیان کاردانەوەکانی تورکیا و ئێران تەنیا لەبەرامبەر دەرکردنی ئەو پولە نیە، بگرە ئەوان لە هاتنی پاپای ڤاتیکان نیگەرانن، و گومانیش دەکەن کە سەردانەکەی پاپا ئەجێندای دیکەی سیاسی لە پشت بێت، بۆیە دێن پولەکە دەکەنە بیانوو بۆ فشارخستنە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ئەوەی جێگای تێبینیە لە بەرامبەر هەڕشەکانی ئەو دوو دەوڵەتە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەر زوو کەوتنە پاکانە کردن، پاکانەیەک کە گوایە ئەو پولە فەرمی نیە، و تەنیا دیزاینی بۆ کراوە، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان تاوانێک بەرامبەر ئەو دوو دەوڵەتە کرابێت، لە بڵاوکردنەوەی نەخشەی کوردستان!! ئەم ساڵ بەرپرسانی تورکیا لە ناویاندا سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری، چەندین جار نەخشەیەکیان بڵاوکردەوە، کە لە نێو نەخشەکەدا بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش خراوەتە سەر ئەو نەخشەیە، کە تورکیا پێی دەڵێت نەخشە گەورەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو سنوورەی کە لە چوارچێوەی ئیتفاقی میللی تورکیا بە سنووری خۆی دەیزانێت. ساڵانێکە تورکیا دەستوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان دەکات، بنکە وقەڕەقۆڵی سەربازی بە قووڵای ٤٠ کیلۆمەتر لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، کەچی کەس لە ئاستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا ناڵێت تۆش سنووری خۆت بزانە. ئێستا تیناگەین سزای قورسی تورکیا بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چیە؟ ئەو سزایەی کە ئیبراهیم کاڵن، قسەکەرەکەی ئەردۆغان باسی لێوە دەکات. سیاسەتی چەوتی چاوپۆشیکردن لە دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کاروباری هەرێمی کوردستان، هۆکارن لەوەی کەسێکی شۆڤینی وەک دەوڵەت باخچەلی، کە هاوپەیانی سەرەکی ئەردۆغانە بە بەرپرسانی هەڕێمی کوردستان بڵێت: (نەخشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە ژێر پێکانمانە) ئێستا تێدەگەین کێ سنووری خۆی نازانێت، راستە تورکیا و ئێران لەسەر خاکی کوردستان سنوورێکی دەستکردیان کێشاوە، و دان بە راستیە مێژوویەکان نانێن، بەڵام بێ دەنگی بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتیەی بە ئەوان و نەخشە و ئاڵای کوردستان دەکرێت ئەوە دەگەیەنێت کە بەرژەوەندیەکانیان وا دەکات بێ دەنگی هەڵبژێرن.
زریان رۆژهەڵاتی بەرایی توركیا و ئێران ناڕەزاییەكی توندیان پیشانداوە بەرامبەر پوولێك كە بە بۆنەی هاتنی پاپاوە لە هەرێمی كوردستان نمایشكرابوو. ئەوەیان بە”هەڵەی گەورە” و” كردەی نادۆستانە” ناوبردووە و داوای راستكردنەوەیان كردووە. لە پوولەكەدا نەخشەی كوردستانی گەورە لە پشت سەری پاپا دانراوە و ئەمەش، وەكوو خواستی هەرێمی كوردستان بۆ داواكردنی خاك لە ئێران و توركیا لێكدراوەتەوە. ساڵی 2017ش سەرەتاییترنی مافی هەر نەتەوەیەك بۆ دەربڕینی خواستی خۆی لەبارەی چارەنووسەكەی لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن توركیا و ئێران وعێراقەوە سەركوتكرابوو. بەرپرسانی ئەنكەرە و تاران باش دەزانن كە جارێ، هیچ پرۆژەیەكی سیاسیی كردەنی بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە لە ئارادا نییە، كەوابوو هۆكاری ئەو هەڵوێستە چییە كە توركیا و ئێران پیشانیان داوە؟ ناڕەزاییەكەی توركیا و سیاسەتی نێوخۆیی بەردەر لەو هەستناكییە نەریتییەی كە دەوڵەتی توركیا بە بابەتەكانی پەیوەست بە بیری ناسیۆنالیستی كوردییەوە هەیەتی، پێدەچێت ناڕەزایی ئەمجارەیان، لە پوولەكەی پاپا زیاتر، رەهەندێكی نێوخۆیی هەبێت. ناڕەزاییەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەدوای لێدوانێكی عومەرچەلیك وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان هات. ئەو پارتەی بۆ نزیكەی دوو دەیە دەڕوات كە سوكانی دەسەڵاتی توركیای بەدەستە، ئێستا رووبەڕووی دۆخێكی جەماوەری خراپ بووەتەوە. تا ئێستاش هەر نەتەوەگەراكان دوایین چانسی ئەردۆغانن بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بیهێڵنەوە، بۆیە گوتار و سیاسەتەكانی، زیاتر بەپێی خواستی ئەوان رێكدەخات. بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنیش بە ئاگاداربوون لە رەهەندە نێوخۆییەكەی ئەم پرسە، بە تەمایە ئەمە بۆ تەنگەتاوكردنی ئەردۆغان بەكاربهێنێت. دوو پارتی سیاسیی گرنگ لە ئاكپارتی جیابوونەتەوە كە دەیانەوێت جەماوەرە ئیسلامییەكەی ئەو حزبە بۆ خۆیان بماشنەوە و بەپێی راپرسییەكانیش، لەوانەیە 5%-6%ی دەنگەكانی لێ ببەن. ئاكپارتی لە دوایین هەڵبژاردنەكانی شارەوانیدا، لە هەندێك لە شارە گەورەكانیشدا دۆڕاندی و سیاسەتەكانیشی بۆ رێگرتن لە چوونی دەنگی كوردەكان بۆ هاوپەیمانیی میللەت(جەهەپە و ئیی پارتی دوو لایەنی سەرەكیی ئەو هاوپەیمانییەن وهەدەپەش وەك هاوپەیمانە ناڕەسمییەكەی ناوی دەركردووە.) سەرینەگرت. گەلێك لە راپرسییەكانی ئێستاش وای پیشاندەدەن كە هاوپەیمانییەكەی ئاكپارتی لەگەڵ مەهەپە لە هەڵبژاردنێكی گریمانەییدا دەنگی جاران بەدەستناهێنێت و زیاتری لە كیس دەچێت. ئەگەربێتو پێشبینیی راپرسییەكان راست دەرچێت، تەنانەت خودی سەرۆككۆماریش دەنگی 50+1 بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكەی بەدەستناهێنێت. لەوەش كرنگتر ئەوەیە كە هەندێك لە راپرسییەكان وایدەردەخەن كە ئەگەر زۆرە، مەهەپەی هاوپەیمانی ئاكپارتی لە ژێر بەربەستی 10%ی هەڵبژاردندا بمێنێتەوە. بۆیە وادیارە كە ئاكپارتی لەگەڵ ئەوەی كە پێی باشە بەرەی نەیارەكانی دابەشبێت، وەك ئەگەری جیابوونەوەی رەسمیی موحەڕەم ئینجە لە جەهەپە، راكێشانی باڵێكی پارتی سەعادەت یان تەنانەت جیابوونەوەیەكی گریمانەیی گرووپێك لە هەدەپە، كار بۆ ناچاركردنی ئیی پارتی، حزبەكەی مەرال ئاكشنەر دەكات بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی جمهور(هاوپەیمانی ئاكپارتی- مەهەپە) یان لانیكەم دووركەوتنەوە لە جەهەپە. ئەمەش پێویستیی بە گوتارێكی بەهێزی نەتەوەگەرایی هەیە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە هەرچەندە باسی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادا نییە بەڵام كەش وهەوای سیاسی توركیا بەجۆرێكە كە وەك بڵێی بەرەو هەڵبژاردن دەچێت. بەپێی یاساكانی توركیا، هەر حزبێك لانیكەم لە 41 پارێزگادا بارەگای نەبێت و كۆنگرەی پارێزگاكانی نەكردبێت، ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكات. ئەگەر ئەوانەشی كردبێت، دەبێت لانیكەم 6 مانگ بەسەریدا تێپەڕبووبێت. بەگوێرەی ئەو مەرجانەش بێت، پارتی داهاتووی ئەحمەد دادوئوغڵوو لانیكەم لە مایسی ئەمساڵ بەدواوە دەتوانێت مافی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بە دەستبێنێت و پارتەكەی عەلی باباجان(دەوا)یش لە حوزەیران بە دواوە ئەو مافەی دەبێت. دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش، لە كۆتاییەكانی مانگی 1ی ئەمساڵدا، ناوی 17 حزبی بڵاوكردۆتەوە كە مەرجەكانی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردن تێدایە و لەو لیستەشدا، ناوی حزبەكەی باباجان و داودئوغڵوو نییە.[1]ئەمەش ئەو گومانەی درووستكردووە كە لەوانەیە ئاكپارتی بە تەمابێت بەرلە حوزەیران، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پەرلەمان دەربكات تا رێ لە بەشداریكردنی حزبەكەی باباجان لە هەڵبژاردن بگرێت. چوونكە زیاترین دەنگی لێ دەبات. بێگومان ئەگەر بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش بدرێت، گوتاری نەتەوەگەرایی- ئیسلامی زیاتر لە هەر گوتارێكی دیكە بە كەڵكی ئەردۆغان دێت. ناڕەزاییەكەی ئێران لە پوولە یان لە پاپا؟ دەكرێ ناڕەزاییەكەی ئێران لە پوولەكەی پاپا زیاتر، لە چوارچێوەی سیاسەتی نویی ئەو وڵاتە بەرامبەر عێراق و هەوڵەكانی بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لە توركیا، ئەویش دوای لێدوانەكانی ئیرەج مەسجدی لە دژی توركیا سەیربكرێت كە گوتبوی پێویستە ئەنكەرە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. ئێران لەسەر پوولەكەی پاپا ناڕەزایی گەیاندۆتە حكومەتی عێراق. ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەگەلێك لە كێشەكانی رابردوودا، وك توركیا راستەوخۆ رووی دەمی لە هەرێمی كوردستان دەكرد. بەكارهێنانی ئەم بابەتە وەك كارتێكی گوشار لە بەرامبەر حكومەتی بەغدا، پەیوەندیی بەو لالووتییەوە هەیە كە بەگشتی تاران لە حكومەتەكەی كازمی هەیەتی و لە دوای هاتنی پاپاش زیاتر بووە. هاتنی پاپا بۆ عێراق بە گشتی، بۆ شیعە و بۆ كوردیش واتایەكی گرنگی هەبوو. مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند جارێك باسی لە پرۆژەی شامی نوێی كردووە و لانیكەم بەشێك لە سەركردەكانی عێراق لەگەڵیدا هاوڕان كە عێراق لە جەمسەرگیری وهاوپەیمانییە ركابەرەكانی ناوچەكەدا، رۆڵێكی ناونجیی هەبێت. هەرچەندە ئەستەمە عێراق بتوانێ بێلایەن بێت، بەڵام هاتنی پاپا یارمەتیدەری بیرۆكەكەی مستەفا كازمییە سەبارەت بەوەی كە وڵاتەكەی شوێنی بە یەكگەیشتنی لایەنەكان بێت نەك جێگای بەریەككەوتن. بێگومان ئەمە دەتوانێت پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتیش پەیدا بكات. ئەمەش شتێك نییە كە بەدڵی ئێران بێت. هاتنی پاپا پێگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانیشی وەك مەرجەعی باڵای دنیای شیعی بەهێزتركردووە. ركابەری نێوخۆیی مەرجەعییەتەكانی شیعە شتێكی دوور لە واقیع نییە. عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی لە كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆیدا باسی ئەوە دەكات كە زاواكەی ئایەتوڵڵا سیستانی لە وتەیەكی ئەحمەد جەنەتی یەكێك وتاربێژەكانی نوێژی هەینی تاران و بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران نیگەران بووە كە مەرجەع بوونی ئایەتوڵڵا سیستانیی بە كاری ئینگلیزەكان ناوبردبوو. بەشێك لە لایەنگرانی ئایەتوڵڵا سیستانی دەستەواژەی “ئیمام”ی بۆ بەكاردێنن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەلائیەكان، عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران بە شایستەی پلەی”ئیمام”ی دەزانن. بە ئەگەری زۆر، هاتنەكەی پاپا بە كەیفی ولائییەكان نەبوو، بەڵام دواجار مەرجەعییەتی نەجەف و سیستانیش نەیانویست بە تەواوی ئێران لە خۆیان بكەنە دوژمن، بۆیە لە بەیاننامەی دیدارەكەیدا لەگەڵ پاپا، لەڕێی باسكردنی” گەمارۆ” و” داوای دانوستاندن” لە زلهێزەكان، بەشێك لە خواستەكانی تارانیشیان لە پێشچاو گرتبوو. هەڵبەت ئەمە ناتوانێت رێ لەو درزە بگرێت كە لە بەینی مەرجەعییەتی نەجەف- قوم و سیستانی- خامەنەییدا درووستبووە و لە 2003 بەدواوە هەرچی چووە گەورەتر بووە. هەرلە سەرووبەندی هاتنەكەی پاپادا، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە كە ئیدی لەمەودوا، ئەگەر یەك دۆلاریش بۆ عێراق و سووریا خەرج بكەن، وەریدەگرنەوە.” ئابووری بۆ ئێمە گرنگە، ناكرێ ئێمە یارمەتیی عیراق و سووریا بدەین بۆ ئەوەی ئاسایشیان هەبێت و دواتریش وڵاتی دیكە سوود لە ئابوورییەكەیان وەربگرن.”[2]هەرچەند دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو قسانەی بە بۆچوونی شەخسی رەزایی ناوبرد، بەڵام دواتر حەسەن رۆحانیش داوای لە مستەفا كازمی كرد كە پەلەبكات لە پێدانەوەی قەرزەكانی ئێران! رۆژێك دواتریش، ئیرەج مەسجدی و وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی قەرزەكان كۆبوونەوە. سەرچاوە ئێرانییەكان باس لە قەرزێكی 5-6ملیاردۆلاری دەكەن لە هەقی ئەو كارەبا و گازەی كە داویانە بە عێراق. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆكوەزیرانیش گوتوویەتی كێشەكە لەوەدایە كە ئێران دیناری ناوێت و داوای دۆلار دەكات لە هەقی قەرزەكانی، ئەمریكاش ناهێڵێ دۆلاریان پێبدەین.[3]ئەم پەلەیەی كە ئێستا ئێران بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە عێراق دەیكات، لەلایەكەوە پەیوەندی بە دۆخی خراپی ئابووری ئیرانەوە هەیە. چاوەڕوانییەكانی بەرپرسانی تاران سەبارەت بە ئیدارەی بایدن رێك دەرنەچوو. بۆیە دەیانەوێ رێگایەكی خێرا بۆ دەستخستنی دۆلار پەیدا بكەن. بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە دوور نییە كە قسەكانی رەزایی، رازی دڵی بەرپرسانی ئێران بێت بەرامبەر عێراق و حكومەتەكەی مستەفا كازمی. ئەنجام ئەگەر زۆر دووریش نەڕۆین، هەر ساڵی 2016بوو كە سەرۆككۆماری توركیا گوتبووی:”بڕۆن سەیری مێژوو بكەن، مووسڵ هێ ئێمە بوو.”هەروەها عەلی یونسی راوێژكاری حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێرانیش گوتبووی”بەغدا پایتەختی ئێمەیە.”بۆیە فراوانخوازی، زیاتر لە پرۆژە و بیری سیاسی ئێران و توركیادایە لەم ناوچەیە. پوولەكەی پاپاش هیچ پرۆژەیەكی سیاسی كردەنیی لە پشت نییە. هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا كە هەڵەوگیری كێشە دارایی و ئابوورییەكانی خۆیەتی و لە هەوڵەكانی بەغدا بۆ لاوازكردنی خۆی بەدگومانە، نە توانای ئەوەی هەیە كە كار بۆ بیرۆكەی كوردستانی گەورە بكات، نە ئەو خواستەشی هەیە. ناڕەزاییەكەی حكومەتی توركیا كە راستەوخۆ ئاراستەی هەرێمی كوردستان كراون، زیاتر بۆ ئەوەیە كە شەقامی نەتەوەگەرای توركی بكاتە بەردەنگی خۆی. ناڕەزاییەكەی ئێرانیش كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كراوە زیاتر بە ئامانجی تەنگەتاوكردنی وەزیرە كوردەكە و حكومەتەكەی مستەفا كازمییە! * ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو [1]-https://www.cumhuriyet.com.tr/.../ysk-secime-girme... [2]–https://www.irna.ir/news/84255186/ [3]–https://mdeast.news2021/03/09/
كاوە شێخ عەبدوڵا چارەنووسی ئاکۆ محمەد بەڕێوەبەری رووداو لە سەردەمی مەسروور بارزانیدا بە ڕووکەش وادیارە کە مەسعوود بارزانی کەسی هەرە گرنگی ناو پارتییە، بەڵام بۆ پارتی کەسێکی تر هەیە کە بارتەقای بارزانی، هێزی هەبووە بۆ راگرتن و هەستانەوەی ئەم حزبە لە کاتی تەنگەژەو تەنگانەدا ئەویش ئاکۆ محەمەدی بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی ڕووداوە. هەر بۆیە من چەند ساڵیشە ئاکۆ بە مەسیحی پارتی وەسف دەکەم. ساڵی 2015 کە دەسەڵاتی یاسایی کاک مەسعود وەکو سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات، ئەگەر ڕووداو نەبوایە، هەرگیز پارتی نەیدەتوانی بەرگەی ئەو فشارە زۆرە بگرێ کە کەوتبووە سەری چونکە بێگومان کوردستان تیڤی و زاگرۆس بایی ئەوە کاریگەرییان نەبوو بچن بەهانای پارتی و بارزانی ماوە بەسەرچووەوە. بۆ قەیرانی داراییەکەو قرتاندنی موچە و پرسی ریفراندۆم و دنیایەک کێشەی گەورەگەورەی تر کە هاتنە ڕێی پارتی و حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، رووداو فریادڕەسێکی گەورەبوو کە ئەگەر ئەو کەناڵە نەبوایە، بەدڵنیاییەوە هەرگیز شتەکان بەو جۆرە نەدەڕۆشتنە پێشەوە کە ڕۆیشتن و ئێستایش بەردەوام ڕوو دەدەن! رووداو بووەتە کەڤەری شاردنەوەی شکست و دۆڕان.. تاوان.. ماکیاژی ستەمکاریی.. رووی ئاوەدانیی.. سەرکەوتن و شانازیی. لەیەک کاتدا ڕووداو زۆر شتە و زۆر شتیشی لە کیس ئەزموونی حوکمڕانی کوردی دا. رووداو بەو هەموو گرنگییەوە، یەکسانە بە یەک کەس ئەویش ئاکۆ محەمەدە. بێ ئەوەی زیادەڕۆیبێ دەتوانم بڵێم ئاکۆ لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردستاندا، شتێکی دەگمەنەو ناوی بە پیتی زۆر گەورە دەنووسرێتەوە. ئیتر ئەم چوونەی بۆ ناو مێژوو دابەش دەبێ بەسەر هەڵەوپەڵە و تاوان لە پاڵ سەرکەوتنەکانیشیدا. ئێستا حاڵی حازر ئاکۆ وەکو شەخس و وەکو کەسی یەکەمی ڕووداو لەبەردەم تەنگەژەیەکی گەورەدایە، مەسروور بارزانی وەکو کەسی یەکەمی حکومەت و وەکو سێبەری کەسی یەکەمی پارتیش، تەنگی بەئاکۆ و ڕووداو هەڵچنیوە تا بە میزاجی ئەو و کابینەکەی هەڵبسوڕێن. بەتایبەت دوای بڕیارە ئابڕووبەرانەکەی دادگای هەولێر لەسەر چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان کە ڕووداو زۆر جیاواز لە k24ی مەسروور بارزانی ڕووماڵی ئەو هەڵە سیاسیی و یاساییە دەکات. هەروەها لەناکۆکی نێوان پەکەکە و پارتیدا، رووماڵی ڕووداو هیچ لە ڕووماڵی k24 و کوردستان تیڤی ناچێ، ئەمەیش جێی قبوڵکردن نییە بۆ مەسروور. رووداو چ لە ڕووماڵدا چ لە وەسفی سزادراوانی بادیناندا دەنووسێ: حوکمدراوانی بادینان و زۆر خۆی نادات لە قەرەی وردەکارییەکان، بەڵام k24 دەنووسێ و دەڵێ: سیخوڕە دەستگیرکراوەکانی بادینان! مەسروور بارزانی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ڕووداو کە هەڵوێستی خودی نێچیرڤان بارزانیشە، زۆر توڕەیەو تەنانەت هەوڵیشیداوە ئاکۆ لە بەڕێوەبەری ڕووداو لابدات. ئەم هەوڵەیشی لەژێر ناوی نیگەرانی سەرکردایەتیی پارتیدا کردووە نەک بە بڕیاری شەخسیی. بەگوێرەی هەندێ زانیاریی کە بۆم نەسەلمێنرا بە تەواوی، دوای بڕیارەکەی دادگای هەولێر و ڕووماڵە نابەدڵانەکەی ڕووداو، هەوڵ دراوە بەدیلیش بۆ ئاکۆ دابنرێ، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ڕازی نییە چونکە نێچیرڤان باش دەزانێ، ڕووداو زاخاوی مێشک و هەوڵی ئاکۆیە. گەڕانەوەیەک بۆ پێشتر... ئاکۆ رۆژنامەوان و سیاسییەکی وردە، جا ڕۆژنامەوان ئەگەر سیاسییەکی وردیشبێ زووتر بۆنی ڕووداوەکان دەکات بەر لە ڕوودانیان. لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسروور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، رووداو گۆڕانێکی نەوعیی بەسەردا داهات لە ناوەڕۆکی بەرنامەکانی ئەویش بە دروستکردنی ستۆدیۆیەکی تەواو و پێرفێکت لە سلێمانی و دانانی بەرنامەیەکی کچانە و چەند بڕگەیەکی تەرفیهیی لەگەڵ بردنی منداڵان بۆ ناو ستۆدیۆکانی تا بەرنامە پێشکەش بکەن. ئاکۆ دەیزانێ ئیتر سەردەمی زێڕینی حکومڕانی نێچیرڤان کۆتایی هات، کەوابوو ئۆتۆماتیکیی دەستی ڕووداویش کورت دەبێتەوە لەناو حکومەت ودامەزراوە سەر ئاواڵاکانی بۆ ئەم کەناڵە. بۆیە دەبێ خۆی ئامادە بکات بۆ سەردەمێکی پڕ لە قۆرت و دژوار. ئێستا دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونی مەسروور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، تین و تاوی رق و تووڕەیی مەسروور لە رووداو، گەیشتووەتە سەر پێستەکەی ئاکۆ و ڕووداو. بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە سەر ئێسک. ئەگەر ئاکۆ لە ڕووداو نەمێنێ یان لابدرێ، ئیتر ئێسکی رووداویش دەشکێ! پێشتر نووسیم کە ئاکۆ چەند کەسایەتییەکی رۆژنامەوانیی گرنگی هەیە، بەڵام ئێستا ئەم کەسایەتییە لەبەردەم دوو ڕیانێکی دژواردایە یان ئەوەیە بمێنێتەوە بەو هەموو فشارەی دەخرێتە سەری و ڕووداویش بکاتە هاوشێوەی کوردستان تیڤی و k24 یان ئەوەیە کۆتایی بە قۆناغێکی هەرە گرنگی ژیانی ڕۆژنامەوانیی بهێنێ و چاوەڕێ هەلێکی زێڕین بکات هاوشێوەی هەلی دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی ڕووداو کە ئەمەیان زۆر سەختە. تەماشاکەن... رووداو ئەو هەموو شتەی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی کرد. ماکیاژی بۆ شکست و دۆڕان، ستەمکاریی و ناعەدالەتیی، سەرکەوتن و گەورەبوونیان کرد، کەچی هێشتا لێی ڕازی نین و دەیانەوێ دەری پەڕێنن. ڕۆژنامەنووس با زۆر باش و جدیشبێ، کە توانا و سەلیقەی خۆی خستە خزمەت دەسەڵاتی ناعادیل و خراپەکارەوە، بەو هەموو شانازییەوە کە هەیەتی، بەڵام ناوی دەچێتە پاڵ گەندەڵ و خراپەکارەکانەوەو لەگەڵ ئاوابوونی ئەواندا، خۆری ئەویش ئاوا دەبێ! کاوە شێخ عەبدوڵڵا
د. كامهران مهنتك لهسهر پوولێك توركیاو ئیران هاتنه سهر خهت، نهك بهتهنیا سووكهیهتیان به میللهتی كوردو خاكی كوردستان كرد، بهڵكو سووكایهتیان بهههموو پیرۆزیهكانی كوردستانیش كرد. باخچهلی گوتی خاكهكهتان لهژێر پێی ئیمهدایه، كهواته ئاڵاكهشمان لهژێر پێی ئهواندایه، بههاكان و زمان و رۆشنبیری و ناموس و كهرامهتی كورد لهژێر پێی ئهواندایه!. ئهوان ئهو ههموو پیرۆزیانهی ئێمه به پوولێك ههتك دهكهن، كهچی ئێوه رۆڵهكانی خۆتان پێشكهشیان دهكهن و براكانی خۆتانیان بۆ دهكوژن!. ئێوه بهدهیان گهنجی كوردتان تهسلیم بهتوركیاو ئێران كردهوه، ئێوه به ههزاران گهنجی كوردتان بۆ بهرژهوهندی توركیاو ئێران كوشت و بهكوشتن دا، ئێوه نهوتی كوردستانتان بهتانكهرو بهبۆڕی و تهنانهت بهناولهپیش بۆ توركیاو ئێران گواستهوه، ئێوه چی نهما بۆ توركیاو ئیرانی نهكهن؟! كامه سیخوڕو جاسوسی تورك ئیران به قهد ئێوه خزمهتی بهو دوو ولاته كردبێت؟ كێیه هینده ئیوه بۆ رازیكردنی دلی توركیاو ئێران ئهوهی بیری لینهكرابێتهوه دژی میللهتهكهی خۆی كردبی!. ئێوه خاك و وڵات و گهل و سامانی سهر زهوی و ژیر زهویتان كرده قوربانی پێلاوهكانی تورك و فارس، خوینی گهنجهكانتان كرده شایاشی مهرحهبایهكی تورك و فارس، كهچی ئهوان پولێكتان پێڕهوا نابینن، ئێوه كه گهلتان لهدهستدا، واته پوولێكتان نهما، كورد لهمێژه گوتویهتی ئهوهی پوولێكی نهبیت پوولێك ناهێنیت
زەبەنگ بەهادین سەردانی پاپا بۆ عێراق بە سوودێکی گەورە گەرایەوە بۆ ناوچە سونیەکان بە تایبەت موسل و دەوروبەری، لە پاش دەرکەوتنی پاپا بە خەمباری لە بەرامبەر کەنیسە و شوێنە داروخاوەکانی نەینەوا زۆرێک لە رێکخراوە جیهانییەکان و خێر خوازەکان ئامادەییان نیشاندا بۆ بنیات نانەوەی ئەو ناوچانە، بۆ شیعەی عێراقیش سەرکەوتنێکی گەورەی مەزهەبی بوو کە پاپا خۆی چووە بەر قاپی سیستانی و توند دەستەکانی سیستانی گرتبوو وەک ئەوەی پێی بڵێ هاوکارمان بن ئێمە هاوکاری ئێوەین. ئەی بۆ کورد، سەرەتا بە هۆی لێنەهاتووی بارزانی بۆ بە مەرجەع بوون کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ کار و کاردانەوەکانی خۆی لە پێشتر بەرامبەر کێشە ناوخۆییەکان، بە جۆرێک بارزانی هەرگیز وەک کاریزمایەکی سەربەخۆ یان مەرجەعێک یان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی هەموو لایەنەکان هەلسو کەوتی نەکردوە هەمیشە وەک سەرۆکی پارتی وبە تایبەت سەرۆکی بنەمالەکەی رەفتاری کردوە، بۆیە پاپا ئامادە نەبوو وەک مەرجەع بچێتە لای بارزانی، ئەوەی رویدا بارزانی خۆی بۆ وێنەیەک قاپی فرۆکەخانەی لێگرتبوو.. رووی باشی هاتنی پاپا ئەو مەراسیمە ئاینیە بوو کە لە هەولێر ئەنجامی دا توانی بە جیهان نیشان بدا هەولێر شارێکی ئارامە، بەلام دانی بە حکومەتی کوردی و نەتەوەی کوردا نەنا، کەواتە ئەو هەرایەی پاپاتان لە چی بوو. تەنها دەرەنجام کە سودێکی راستەقینەی هەبوو بۆ گەلی کورد ئەو پولە بوو کە وێنەی پاپا و نەخشەی کوردوستانی لەسەر بوو، کە لە رووی مێژووی بەهایەکی گەورەی هەیە بۆیە تورکیا بەو ترسەوە سەیری ئەو پولە دەکات، تەنها ئەوەیان باش بوو کە کردیان ئەویشیان هەلوەشانەوە لە ترسی تورکیا و لێی پەشیمان بوونەوە، دەی ئاوا دەوڵەتی کوردیتان دەکرد کە پولێکی کاغەزتان پیناکرێ لە ئاست تورکیا. پێشتر زۆرمان ووت هێندە دەستە مۆ و سەر شۆری تورکی مەبن دەنا هەمیشە وەک نۆکەر و بەردەستەی خۆیان لێتان دەروانن ئەوەی ئەوان نەهێلن ئێوە نابێت دەستی پێدا بکەن، من شەرم لەم دەسەلاتداریەی ئێوە دەکەم وەک پێشینان دەڵێن ڵغاوی دەست گورگ هەر سەربرینی ئەسپی لێ شین ئەبێ. کەوایە کە ئەمەندە لە تورکیا دەترسن و ئەمەندە ئەلقە لە گوێی تورکیان بینینی پاپاتان بۆ چی بوو، خۆتان زیارەتێکی سوڵتان ئەحمەدتان بکردایە لە ئەستەنبول خێری بۆتان زیاتر بوو.