Draw Media

سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟

سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟

2022-01-12 13:57:50


 (درەو):
سبەینێ وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆتایی دێت، رۆژی 8ی شوبات دواین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ لە عێراق. 
بەپێی ئەو عورفەی لە دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كورددا بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە یەكێتی‌و پارتی لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بردووە. 
رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئێستا سڕكراوە‌و كاری پێناكرێت، بەڵام هێشتا لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی‌و سەرۆكی هەرێمیش لای پارتییە. 
تا سایتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەر (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام لە هەرێمی كوردستانەوە چەند كەسێكی تر باسلەوە دەكەن خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید دەكەن. 

خۆپاڵاوتن چۆن دەبێت ؟
بەگوێرەی ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، پێویستە لەماوەی ئەو (3) رۆژەدا داواكاریی خۆیان‌و بەڵگەنامەی پێویست‌و سیڤی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.
پاش ئەو (3) رۆژە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی (4)ی یاساكە، ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە بۆئەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەن.
بەگوێرەی ماددەی (5)ی ئەو یاسایە، هەر كاندیدێك كە ناوی خۆی تۆماركردووە‌و ناوەكەی لە لیستی كاندیدەكاندا نییە، دەتوانێت لە ماوەی سێ‌ رۆژدا لە دادگای باڵای فیدراڵی پەڵپ بگرێت بەشێوەی نوسراو و پاشان دادگای فیدراڵی لە ماوەی (3) رۆژدا دوای تۆماركردنی پەڵپەكان، بڕیار لەبارەی یەكلاكەوەرەوەیان دەدات‌و بە فەرمی لە ماوەی (3) رۆژدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی ئاگاداردەكاتەوە، پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە دادگای فیدراڵی كاندیدبوونیان پەسەند دەكات، دوای پەڵپ گرتنیان.

كەی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟
ماددەی (شەشەم)ی یاسای خۆپاڵاتن بۆ سەرۆكی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسانەی سەرەوە، بە گوێرەی ماددەی (72)ی دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایە.
لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران كە دەكاتە (220 دەنگ) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێَنێت، ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.
بەپێی ماددەی (9)ی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.

سەرۆك كەی سوێندی یاسایی دەخوات ؟
پاش ئەو پرۆسەیە، سەرۆك كۆماری هەڵبژێدراو لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران‌و بەئامادەبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، سوێندی دەستوریی دەخوات بەوشێوەیەی كە لە ماددەی 50ی دەستوریدا هاتووەو ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار (4) ساڵە، لە رۆژی سوێندخواردنەوە دەستپێدەكات تا كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی كە سەرۆكی هەڵبژاردووە، تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك خولی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندید بكاتەوە، واتە ئەو سەرۆك كۆمارەی دوو خول لە پۆستەكەدا بوبێت، مافی نییە بۆ خولی سێیەم خۆی كاندید بكاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand