سەرۆكی دیوان حكومەت بەڕێوەدەبات
2022-01-06 13:03:57
راپۆرت: درەو
ماوەیەكە مەسرور بارزانی ناچێتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) حكومەت بەڕێوەدەبات، وەزیرەكان دەستیان ناگات بە سەرۆكی حكومەت فەرمان لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی حكومەت وەردەگرن، ئومێد سەباح ئێستا سێبەری مەسرور بارزانیو سەرۆك وەزیرانی دووەمی هەرێمی كوردستانە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
سەرۆكایەتی لە پیرمامەوە
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بووەتە سێبەری سەرۆك وەزیرانو لەبری مەسرور بارزانی بڕٍیار بۆ وەزیرەكان دەردەكات.
لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكاندا بكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ماوەی نزیكەی ساڵێكە مەسرور بارزانی نەچووەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر.
مەسرور بارزانی كارەكانی لەرێگەی (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبات، هەموو پەیوەندیو كاروباری وەزارەتەكانی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لەرێگەی ئومێد سەباحەوە دەكرێت.
لەو ماوەیەدا كە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە (پیرمام)ەوە كارەكانی رایی دەكات، جگە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەڕێوەدەچێت، نەك لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان نابینێت، كاری بەهەر فەرمانبەرو بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بانگهێشتان دەكات بۆ نوسینگەكەی خۆی لە پیرمام.
یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا ئێمە دوو سەرۆك وەزیرانمان هەیە، یەكەم مەسرور بارزانی كە كەسمان بە ئاسانی دەستمان پێی ناگات، دووەم ئومێد سەباح كە زۆربەی ئیشوكارەكانمان لە رێگەی ئەوەوەیە".
بەپێی قسەی ئەم وەزیرە" تەنانەت لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی قسە گشتییەكان دەكاتو گفتوگۆكانو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ ئومێد سەباح جێدەهێڵێت".
بۆشایی نێوان سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هێندە گەورە بووە، تەنیا لە بۆنە گشتییەكاندا كە مەسرور بارزانی تێیدا بەشدار دەبێت بەتایبەتی بۆنەی كردنەوەی پرۆژەی وەزارەتەكان، وەزیرەكان، سەرۆك وەزیران دەبینن.
وەزارەتو یاسا
ئێستا دەسەڵاتێكی بێسنور لای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ئومێد سەباحو قوباد تاڵەبانی و ئامانج رەحیم دەوام دەكەن، هەموو فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانو پەیوەندی نێوان وەزارەتەكانو ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئومێد سەباحەوە دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە هەموو وەزارەتەكان یاسای تایبەتی خۆیان هەیەو یاساكە دەسەڵاتی بە وەزیرەكان داوە، كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەم كابینەیەدا زۆربەی دەسەڵاتەكان لای سەرۆك وەزیران كۆبوەتەوە، زۆربەی وەزیرەكانیش ترسیان لە كاردانەوەی مەسرور بارزانی هەیە لەبارەی بڕیارەكانیانەوە، بۆیە دەگەڕێنەوە بۆلای ئومێد سەباح، كارگەیشتوەتە ئەوەی تەنانەت لە كڕینی ئۆتۆمبێلو خەرجی بچوكیشدا، فەرمان دەردەكرێتو دەنوسرێت (بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت) كراوە.
ئومێد سەباح لە پڕكردنەوەی پۆستی لایەنەكاندا لە كابینەی نۆیەم، لەگەڵ پشتیوان سادقدا نوێنەرایەتی پارتیو سەرۆكی حكومەتی كردووەو تیمی یەكێتیو گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵدا كردووە.
ئێستا تەنانەت گواستنەوەی فەرمانبەرێك لە وەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی تر، دەبێت ئومێد سەباح ئیمزای لەسەر بكات، ئومێد سەباح رۆڵی (نێچیرڤان ئەحمەد) سەرۆكی پێشووی دیوانی حكومەت دەگێڕێت بەپێگەیەكی بەهێزترەوە.
سێبەرەكەی سەرۆك وەزیران كێیە ؟
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ناوی تەواوەتی (ئومێد سەباح عوسمان)ە، لە دایكبووی: 1980 كەركوكە، خێزاندارەو باوكی سێ منداڵە.
ئومێد سەباح دكتۆرای لە (یاسای تایبەت) لە زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كردی بە وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم.
كاركردنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەرفەتی ئەوەی بۆ ئومێد سەباح خۆشكرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بكرێت بە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
لە هەموو پرسە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمدا، بەتایبەتی پرسی دانوستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە بودجە، ئومێد سەباح بەشداربووەو رۆڵی كارای هەبووە وەكو چاو و گوێی سەرۆك وەزیران لەناو گفتوگۆكاندا.
ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی تیمی پارتی لەناو حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینییە.
پەیوەندی وەزیرو سەرۆك وەزیران
تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، (2 ساڵو 6 مانگ)ی تەمەنی خۆی تەواو كردووەو هەرێمی كوردستان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە.
پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانیو تیمە وزارییەكەی هەر لەسەرەتای كابینەكەوە بە گرژیو ئاڵۆزی دەستی پێكرد، لەسەرەتای كابینەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ناڕازی بوو لە دەسەڵاتەكانیو گلەیی هەبوو لەوەی مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە، هیچ رۆڵێكی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران نەهێشتوەتەوە، تەنانەت واژۆی قوباد تاڵەبانی لەسەر هیچ نوسراوێكی حكومی نابینیت، ئەوكات مەسرور بارزانی باسی لەوە دەكرد، حكومەتی سەرتاسەری دروست دەكاتو ئیتر ئەو سەردەمە بەسەر چووە قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سلێمانی مامەڵە بكات، لە گفتوگۆیەكدا سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی كێشەكەیان چارەسەركردو قوباد تاڵەبانی پەیوەست بووەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام هێشتا بەربەستەكان لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا ماون، بەمدواییەو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەناوچەی گەرمیان زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراواندا دابەش بكات، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی كە سەربە پارتییەو نزیكە لە مەسرور بارزانییەوە، وەڵامی دایەوەو رایگەیاند، كەس دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی نییە، ئەمە جارێكی تر قوباد تاڵەبانی توڕە كردەوەو بە راگەیەندراوێك وەڵامی وەزیرەكەی پارتی دایەوە.
مانگی نیسانی 2020 پەیوەندی نێوان تیمی پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، لەسەر ئاڵۆزییەكانی "زینی وەرتێ" ئاڵۆزی تێكەوت، مەسرور بارزانی ئەوكات وەكو ئاماژەیەك بۆ یەكێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین بە رواڵەت حكومەتی یەكگرتوو هەبێت، بەڵام لە بەشێكی دیكەی هەرێم دەسەڵاتداری تر هەبێتو دژایەتی حكومەت بكەن"، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر ئەم قسانە، نامەیەكی ناڕازایەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كرد.
حوزەیرانی 2021، هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەر پشكی گۆڕانو خالید شوانی وەزیری كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی یەكێتی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی موچە، چونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی پارتی هێرشیان كردەسەر وەزیرەكانی گۆڕانو یەكێتی، ئەمە وایكرد، ئاوات شێخ جەنابو خالید شوانی بۆ ماوەیەك نیگەرانن ببنو نەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەكانیان، بڕیار بوو دەستلەكاربكێشتەوە، بەڵام وایان نەكردو جارێكی تر گەڕانەوە بۆسەر كارەكانیان.
نزیكەی مانگێك لەمەوبەریش وەكو ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر دەستڕۆیشتووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ماوەیەك دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە پشكی یەكێتی بایكۆتی دەوامی وەزارەتەكەی كرد.
بەمدواییانەش كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان بۆ هەڵبژاردن) بوو، قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردەسەر پارتی و بە حزبی "تاكڕەو" ناوی برد، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لێكۆڵینەوە لە قسەكانی قوباد تاڵەبانی بكرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانی خۆی لەم مشتومڕە لاداو چەند كۆبونەوەیەكی حكومەت بەشداری نەكرد، بەڵام دواترو لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی روبەڕووی یەكتر بونەوەو مەسرور بارزانی بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت ئەم هەڵوێستانەت جێگەی قبوڵكردن نیە، قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە كە من فەرمانبەری تۆ نیم بۆت نیە خۆت توڕە بكەیت.
ناكۆكی تیمی یەكێتیو پارتی لە حكومەت، بەردەوام كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی حكومەت هەبووە، بۆیە لە كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبدا زۆرجار باس لە چارەسەركردنی ئەم ناكۆكیانە دەكەن.
بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو لایەنی سێیەمی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناڕازییە لە بەشدارییەكەیو بەمدواییانە سەرلەنوێ لەناو گۆڕاندا گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری كشانەوە لە حكومەت گەرم بووەو ئەمە پارتی لە گۆڕان توڕەو نیگەران كردووە.
كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەكان دوای ماوەیەكی كەم لە دەوامكردن لە وەزارەتەكەی ماوەیەكە چووەتە دەرەوەی وڵات، هەندێك دەڵێن نیگەرانەو هەندێكیش دەڵێن بۆ چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵاتە، سەفین دزەیی كە بە كەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی دادەنرێت و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كەمترین كات دەچێتە دەوامی فەرمانگەكەی، ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان و محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەندروستی دەوام ناكەن.