سەرۆكایەتی پەرلەمان چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
2022-01-08 12:05:10
(درەو):
ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی دەستوری عێراق، لەم دانیشتنەكە (سەرۆكی پەرلەمان)و (دوو جێگر) بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستور بەشێوەی "راستەوخۆو نهێنی"ی دەبێت، سەرۆكیو جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن.
ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) ئەندامە، زۆرینەی رەها واتە دەبێت (165) پەرلەمانتار بە جیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانو هەردوو جێگرەكەی بدەن.
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیەو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی كوردە.
سەرباری هەندێك ناكۆكی، سوننەكان لەناوخۆیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون جارێكی تر (محەمەد حەلبوسی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەنەوە، ئەم رێككەوتنە لە ئیماراتی عەرەبی كراوەو لە بارەگای بارزانی لە پیرمام موبارەكە دەكرێت.
حەلبوسی پێشتر لە یەكێتی نزیك بوو، ماڵێكی لە سلێمانی هەبوو، بەڵام بەمدواییە لە پارتیو مەسعود بارزانی نزیك بوەتەوەو پارتی پشتیوانی دانانەوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن.
خولی پەرلەمان بەپێی دەستوری عێراق، ماوەی (4 ساڵ) دەخایەنێت، وادەكەی لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێوە دەستپێدەكات.
پێشبینی دەكرێت لە دانیشتنی سبەینێدا، حەلبوسی وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، ڤیتۆی ئێرانی لەسەرە، ئەگەر ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دروست ببێت، كۆبونەوەی سبەینێ پەرلەمان بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن.
رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق "نیساب"، بەگوێرەی دەستوری عێراق، زۆرینەی رەهایە، وادە بەڕێوەچوونی هەر كۆبونەوەیەك پێویستی بەوەیە لانی كەم (165) ئەندام ئامادەبن.
بڕیارەكان لەناو پەرلەمانی عێراق، دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی، بە دەنگی "زۆرینەی سادە"ی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت.
دەسەڵاتەكانی پەرلەمان
دەستور، ئەركی پەرلەمانی عێراقی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• دەركردنی یاسا فیدراڵییەكان
• چاودێریكردنی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن
• هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
• رێكخستنی پرۆسەی پەسەندكردنی پەیماننامەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەرێگەی یاساوە كە دوو لەسەرسێ پەرلەمانتاران دەنگی پێبدەن
• پەرلەمان بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی پڕكردنەوەی ئەم پۆستانە پەسەند دەكات:
- دانانی سەرۆكو ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی
- دانانی سەرۆكی داواكاری گشتی
- دانانی سەرۆكی دەستەی چاودێری دادوەریی
• دانانی باڵیۆزو خاوەن پلە تایبەتەكان، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران
• دانانی سەرۆكی ئەركانی سوپاو یاریدەدەرەكانیو ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە بەرەوسەرن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆك كۆمار چۆن لادەبرێت ؟
• پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر داوای زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان
• لادانی سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمان، دوای تاوانباركردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا:
- شكاندنی سوێندی دەستوریی
- پێشێلكردنی دەستور
- ناپاكی گەورە
حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟
• پەرلەمان دەتوانێت بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە وەزیرەكانی حكومەت وەربگرێتەوە
• سەرۆك كۆمار دەتوانێت داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەشی پەرلەمان بكات
• پەرلەمان لەسەر داوای یەك لەسەر پێنجی ئەندامەكانی، دەتوانێت داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران بكات..
• پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە
• لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت
• لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت بەگشتی، سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان بەردەوام دەبن لە پۆستەكانیان وەكو كاربەڕێكەر بۆ ماوەیەك كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت، تا ئەوكاتەی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ دروست دەكرێت
• پەرلەمان مافی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی دەستە سەربەخۆكانی هەیەو دەتوانێت بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی لەپۆستەكانیان دوریان بخاتەوە
• پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی، لەسەر داوایەكی هاوبەشی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی دەدات لەسەر راگەیاندنی جەنگ، باری نائاسایی
• حاڵەتی باری نائاسایی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگەیەنێتو دەتوانێت وادەكە درێژتریش بكاتەوە
• حكومەت پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی
• ئەندامانی پەرلەمانی عێراق حەسانەی یاساییان هەیەو لەو ماوەیەدا كە پەرلەمانتارن، روبەرووی دادگا ناكرێنەوە، مەگەر پەرلەمان بەزۆرینەی رەها حەسانەیان لەسەر هەڵبگرێت
پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟
• لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یاخود داواكاری سەرۆك وەزیران لەسەر رەزامەندی سەرۆك كۆمار، بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی، پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم كارە نابێت لەكاتێكدا بكرێت كە سەرۆك وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان كرابێت.
• لە حاڵی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، سەرۆك كۆمار بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكات لەماوەیەكدا كە لە (60) رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەنجومەنی وەزیرانیش بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێتو بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكان بەڕێوەدەبات