Draw Media

ئێران بۆ مەسعود بارزانی: بەڵێنەكەتان شكاند 

ئێران بۆ مەسعود بارزانی: بەڵێنەكەتان شكاند 

2022-01-10 18:10:49


درەو:
ئێرانیەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان توڕەن "بەڵێنەكەتان شكاند" نێچیرڤان بارزانی نیگەران بووە لەو شێوە بەشداریكردنەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" نابمە بەشێك لە تێكدانی ناو ماڵی شیعە".
لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا ململانێكان چوونە قۆناغێكی ترەوە، مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی چوونە بەرەی سەدرەوە، چوار چێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەكەیان بایكۆتكرد، فراكسیۆنی یەكێتیش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دانیشتنەكەیان جێهێشت، خەریكە مەشهەدە سیاسیەكان رونتر دەبێتەوە، دابەشبوونی لایەنەكان بەسەر جەمسەرەكاندا دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكان دابەشبوون بەسەر سێ ئاراستەدا، پارتی بۆ لای سەدریەكان و یەكێتی بایكۆت و لایەنەكانی تریش ئۆپۆزسیۆن، سونەكان دابەشبوون تەقەدوم و عەزم بۆلای سەدریەكان و مەشهەدانی بۆلای چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێكیشیان خۆیان دوورگرتووە، شیعەكانیش بۆ دوو جەمسەری ناكۆك دابەشبوون. 

ئێرانیەكان توڕەن
پێشتر ئیرانیەكان چەند جارێك سەردانی هەولێر و سلێمانیانكرد، بەڵێنیان لە پارتی و یەكێتی وەرگرتبوو كە نەبنە بەشێك لە ململانێكانی ناو ماڵی شیعە و تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نەكەن، بەڵام پارتی بەرەی سەدری هەڵبژاردو یەكێتیش بایكۆت. 
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئێرانیەكان توڕەن لە هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سونەكان بۆ درووستكردنی زۆرینە لەگەڵ سەدریەكان، ئێرانییەكان بە روونی رایانگەیاندووە ئێمە لە سەدرییەكان نیگەران نین، بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی نیگەرانین، چونكە ئەوان بەڵێنیان دابوو نەبنە بەشێك لە كێشەكانی ناوماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە نەچنە بەشدار نەبن لە هیچ پرۆسەیەكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەڵام پارتی بەرەی سەدریەكانی هەڵبژاردوو، كێشەی ناو ماڵی شیعەی لە قازانجی سەدر یەكلاكردەوە، ئێرانیەكان بەروونی رایانگەیاندووە كە ئەم هەڵوێستە قبوڵناكەن، چونكە ئەو هەنگاوەی حەلبوسی و بارزانی بە پلەی یەكەم دژی ئێران بووە نەك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ پێش دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بەروونی بە سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیاری بەشداریكردن و چونە بەرەی سەدر بڕیارێكی درووست نیە، بەروونی وتویەتی، ئێمە چی قازانجێكمان كردووە لە سەدریەكان، ئەوان چییان بۆ كردین لە بودجەی هەرێم و تا ئێستاش سەدر پێی وایە پێشمەرگە میلیشیایە، ئێتر ئەم بڕیارە لە پێناو چی؟ ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێمە دەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو دەبینە بەشێك لە بەرەی دژ بە ئێران لە كاتێكدا ئێمە بەڵێنمان داوە كە نەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكدا نەكەین.
هەنگاوە سێقۆڵیەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) تەنیا رەهەندی ناوخۆیی نیە بەڵكو بەشێكە لە ئەجێنداو ململانێیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەوەی دوێنێ روویدا بەروونی سەرخستنی ئەجێندای ( ئەمریكا و بەریتانیا و ئیمارات و توركیا) بوو بەسەر بەرەی ئێرانی ( مالكی، عامری، تاڵەبانی).
 
یەكڕیزییەكەی پارتی و یەكێتی
پارتی و یەكێتی بە وەفدێكی هاوبەش لە بەغداد بوون، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و مەسعود بارزانی لە پیرمام بڕیاری یەكلاكەرەوەیان دەدا، ئەمە یەكڕیز و وەفدی هاوبەشی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە.
بارزانی بڕیاری خۆیدا لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێككەوتنی كردو پرسەكانی تێپەڕاند، بافڵ تاڵەبانیش بڕیاریداو فراكسیۆنەكەی لە هۆڵی پەرلەمان كشاندەوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەو ململانێكانی ناو ماڵی شیعە، وەك چۆن نامانەوێت ئەوانیش ببنە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی كوردی، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێشنیازی ئێرانیەكان لە هۆڵی پەرلەمان كشاوەتەوە، ئێرانیەكان پێیان راگەیاندووە، ئەگەر لەم قۆناغەشدا سودمەند نەبن، ئێمە لە داهاتوودا قەرەبووی ئەو هەڵوێستەتان دەكەینەوە.
 بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەدرییەكان چەند جارێك پەیوەندییان بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە و پێیان راگەیاندووە، دەمانەوێت لەگەڵمان بن، پاڵپشتان دەبین لە دانانی سەرۆك كۆمارو ئەو كاندیدەی خۆتان دەتانەوێت و پێدانی پۆستی وزاری پێتان، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەو پێشنیازانە رازی نەبووەو وتویەتی نامانەوێت ببینە بەشێك لە كێشەی ناو ماڵی شیعە. 

ململانێی سەرۆك كۆمار
زۆرینەی پەرلەمانی ( سەدر، بارزانی ، حەلبوسی) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆخۆیان برد و سەرۆكە سونیەكەیان بۆ حەلبوسی مسۆگەر كرد بەدەنگی (200) ئەندام واتا (61%)ی ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، دەتوانن بە ئاسانی سەرۆك وەزیران بۆ سەدریەكان مسۆگەربكەن و سەرۆك كۆماریش بۆ پارتی، چونكە خۆیان زۆرینەن و ئەتوانن بە ئاسانی هەموو بڕیارێك تێپەڕێنن.
تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە حەزەرەوە باس لە پرسی سەرۆك كۆمار دەكات، نایەوێت لەوە زیاتر یەكێتی نیگەران بكات، ئەوان دەیانەوێت فشار لەسەر یەكێتی درووست بكەن بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن تاكە كاندیدیان ( بەرهەم ساڵًح)ە كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ڤیتۆی لەسەرە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە ئەوان دەبێت لانی كەم دوو كاندید پێشكەشبكەن و رەزامەندی بارزانی لەسەر یەكێكیان بێت، نیازی پارتی ئەوەیە كە یەكێتی كەسێكی تر لە بری بەرهەم ساڵح كاندید بكات و بیكەن بە كاندیدی كورد.
ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆرینەكەی ( سەدر، بارزانی، حەلبوسی) دەیانەوێت تەواوی پۆست و جومگە سەرەكیەكانی عێراق لە دەستی خۆیاندا بێت و خۆیان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەكان بدەن و هیچ پۆست و كەس و لایەنێك رێگر نەبێت لە جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەم بەرە سێقۆڵیە دەیانەوێت پێكەوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كۆنترۆڵ بكەن، حەلبوسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەدر سەرۆكایەتی حكومەت و پارتیش سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە بارزانی نایەوێت كەسێك لە سەرۆكایەتی كۆمار بێت پێچەوانەی ئەچێنداو روانینی ئەو بێت.
ئەوەی پەیوەندی بەناوخۆی یەكێتیشەوە هەیە، تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات، ناوی د. خەسرەو گوڵ محەمەد و عیماد ئەحمەد بەگەرمی دێت، د. لەتیف رەشید چاوی لە پۆستەكەیەو چەند جارێك بەرپرسانی پارتی بینیوەو پێی راگەیاندوون، ئەگەر ئێوە كاندیدی خۆتان دەبێت من خۆم كاندید ناكەم ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندید بێت منیش خۆم كاندید دەكەم.
ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی كردووەتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق،  

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand