كورد لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی عێراقدا
2022-01-07 16:20:16
راپۆرت: درەو
جارێكی تر كورد دەچێتەوە ناو دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، وا دیارە ئەمجارەش دانوستانی كورد لە بەغداد لەسەر پۆستە حكومییەكان چڕدەبێتەوە، بەوپێیەی تائێستا پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی دانوستانكار كارنامەی خۆیان سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەم ئێوارەیە وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بەفەرمی لە بەغداد دەستیان بەگفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كردو لەیەكەمین وێستگەی گفتوگۆكاندا سەردانی دەستەی سیاسی رەوتی سەدریان كرد وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.
لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە هەشتەمین كابینەی حكومییە كە لە عێراق دروست دەكرێت.
پشكی كورد لە كێكەكەی بەغداد
رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەكەمین دانیشتنی خۆی سازدەدات، ماوەی دوو رۆژ دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا ماوە بۆ ئەوەی دانوستانەكانیان ببڕێننەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی خولی پێشوو، دانیشتنی یەكەمی خۆی بە كراوەیی بهێڵێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن.
سەرەتای دانوستانەكان بە رێككەوتن لەسەر پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی حكومەت) دەستپێدەكات.
ئەگەر كابینەی وزاری لەڕووی ژمارەی وەزارەتەكانەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە كە ئێستا (22) وەزارەتە، پشكی كورد لە كابینەی هەشتەمدا بەمشێوەیە دەبێت:
• پۆستی (سەرۆك كۆمار) بۆ یەكێتی
• پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) بۆ پارتی
• (3 بۆ 4) وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێك لە پۆستە وزارییەكان پۆستی باڵا دەبێت (وەزارەتی دەرەوە یاخود وەزارەتی دارایی)، پارتی دوو وەزارەت دەبات، یەكێكیان وەزارەتێكی باڵا دەبێت، یەكێتیش وەزارەتێك دەبات
• چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتیو بریكاری وەزیرو باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان، ئەم پۆستانە لەنێوان پارتیو یەكێتی دابەش دەكرێنو هەندێكجار بەشی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی لێدەدرێت
ئەمە هاوكێشەی دابەشكردنی پشكی كوردە لە پۆستەكانی بەغداد لەدوای روخانی سەددامەوە.
خواستی كورد لە عێراقدا
لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، لایەنە كوردییەكان بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا، لە 18 ساڵی رابردوودا كە كورد بەشداری سەرەكی بووە، كێشە و گرفتەكانی كورد لە عێراق لەبری چارەسەركردنی زیاتر بوون، ئەمەش هەندێك بۆ خراپی سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، هەندێكی تر دەیخەنە ئەستۆی خراپی ئاستی نوێنەرانی كورد.
ئێستا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ژمارەیەك كێشە و پرسی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە هەندێكیان نوێن.
دۆسیەی یەكەم:
ماددەی 140ی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوكو ناوچە "كێشەلەسەرەكان"، كە تائێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو لە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە دۆخەكە خراپتر بووەو كورد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەمنیو ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پێویستی بە گفتوگۆی چڕو سەختی لایەنە كوردییەكان دەبێت لە بەغداد، بەڵام پارتیو یەكێتی بەر لە شەڕی جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستورییە لە دانوستانەكانیان لەگەڵا لایەنە عێراقییەكان، لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكۆكن، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە، لە هەردوو كابینەی عادل عەبدولمەهدیو مستەفا كازمیدا، پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەڕایەوە بۆ كورد، ساڵی 2018 كە كابینەی حەوتەمی حكومەت لە عێراق دروستكرا، ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، پارتی لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی دەكرد، وەفدی هەردوولا دوای پێكهێنانی حكومەت، چەند دانیشتنێكیان كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتن، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیشدا، یەكێتی بەشداریكردنی لە حكومەتەكەدا بەستەوە بە پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن كاندیدێكی یەكێتییەوە، بەڵام ئەم مشتومڕەش بەبێ ئاكام كۆتایی هات.
دۆسیەی دووەم: نەوتو غاز
ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غازەوە لە عێراق، فرۆشتنی نەوتو سامانە سروشتییەكانی تری هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە كێشەی بۆ دروستبووەو ساڵانە لەچوارچێوەی بودجەی گشتی عێراقدا رێككەوتنی لەرزۆكی لەبارەوە دەكرێتو چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
پەسەند نەكردنی یاسای تایبەت بە نەوتو غاز وایكردووە، هەردوولا (هەولێرو بەغداد) لەروانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ دەستور بكەن، ناشەفافبوونی پرۆسەی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان هێندەی تر كێشەكەی قورس كردووە، بەوهۆیەوە بەغداد پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە قورسەكانو دیار نییە لە كابینەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا نوێنەرانی كورد دەتوانن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە یاخود هاوشێوەی ساڵانی پێشتر لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا، پاش لێدەكردنی داهاتی نەوت، بڕەپارەیەك بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت.
دۆسیەی سێیەم: كێشەی یارمەتی دارایی و سەربازی پێشمەرگە
بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدا خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێت لەنمونەی چەك و تەقەمەنی و راهێناو موچە، بەڵام تائێستا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەم پرسەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە، لەمەشدا هەندێكجار رەخنە لە لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی (پارتی و یەكێتی) دەگیرێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەوە بە حكومەتی عێراق بدەن.
دۆسیەی چوارەم: پلەو پۆستەكانو بەشداری سیاسی كورد لە عێراق
بەپێی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە نزیكەی 20%ە، دەبوو بە هەمان رێژە كورد ئامادەگی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێك دامەزراوەی وەكو سوپادا لە خواروو رێژەی 2%وەیە، سەرباری ئەمە چەندین پۆست هەن لە بەغداد كە لە دەستی كورددا بوون و دواتر لابردنی بەرپرسە كوردەكان بە هەر هۆكارێك، خەڵكانی تر لە پێكهاتەی كورد دانەنراون، ئەمەش بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایەو بەشەكەی تری دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە كوردییەكان بەتایبەتیش (پارتی و یەكێتی) وەكو دوو بەشداری سەرەكی.