روسیا هێز رەوانەی كازاخستان دەكات
2022-01-06 09:12:47
راپۆرت: درەو
رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە حكومەتی كازاخستان پاڵپشتی لەسەر نرخی غازی شل هەڵگرت، ئەمە بووەهۆی بەرزبوونەوەی (دووقات)ی نرخی غازو سەریكێشا بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكی گەورە، چونكە زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان لە كازاخستان بە غازی شل كاردەكەن.
گرانبوونی نرخی غاز، سەری حكومەتو (نزار باییڤ)ی سەرۆكی پێشووی وڵاتی خواردو لە پۆستە ئەمنییە باڵاكەی لادرا، حكومەتیش دەستی لەكاركێشایەوە.
ئەمە لەكاتێكدا روویدا، ناڕەزایەتیو ئۆپۆزسیۆنن لە كازاخستان دیاردەیەكی بەربڵاو نین.
دواین ناڕەزایەتیو خۆپیشاندان لە كازاخستان ساڵی 2011 لە شاری (زانوزین) لە هەرێمی مانگستاو رویدا، ئەوكات ژمارەیەك لە كارمەندانی كەرتی نەوت دژی خراپی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كردو هێزە ئەمنییەكان بە توندی روبەڕوویان بونەوەو (14) كەس كوژراو ناڕەزایەتییەكە سەركوتكرا، ئەم شارە ئێستا یەكێكە لە مەڵبەندە سەرەكییەكانی ناڕەزایەتی دژی حكومەت.
تۆكاییڤ پەنا بۆ روسیا دەبات
روسیا بڕیاریدا هێزەكانی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) رەوانەی كازاخستان بكات، بەمەبەستی یارمەتیدانی حكومەتی ئەو وڵاتە لە كۆنترۆڵكردنی ئەو خۆپیشاندانە گەورەی كە كازاخستانی گرتوەتەوە.
ناردنی هێز لەلایەن روسیاوە لەسەر داوای (قاسم تۆكاییڤ)ی سەرۆكی كازاخستانە، رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) هاوپەیمانێتییەكی سەربازیی نێوان وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتە كە هەریەكە لە (روسیا، ئەرمینیا، كازاخستان، قیرغیزستان، تاجیكستان، ئۆزبەكستان) لەخۆدەگرێت.
خۆپیشاندانەكان لە كازاخستان سەرەتا دژی گرانبوونی نرخی (سوتەمەنی)ی دەستی پێكرد، بەڵام كاتێك ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بوون، سەریكێشا بۆ داواكاری تری سیاسی.
سەرۆك تۆكاییڤ دەڵێ: ئەم ناڕەزایەتییانە كاری گروپە تیرۆرستییەكانن كە لە دەرەوەی وڵات راهێنانیان پێكراوە.
سەرۆكی كازاخستان حاڵەتی باری نائاسایی لەسەرتاسەری وڵات راگەیاندووە، هاتوچۆكردنو گردبونەوەی لە شەواندا قەدەغەكردووەو بەڵێنی رێوشوێنی توندتریشی دژی خۆپیشاندەران داوە، بەڵام سەرباری ئەمە ئەمڕۆ سەرلەنوێ خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە.
رۆژی چوارشەممە، نیكۆل باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا كە سەرۆكی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان)ە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، هێزێكی ئاشتیپارێز رەوانەی كازاخستان دەكات".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ بە چڕی چاودێری دۆخی كازاخستان دەكاتو داوا لە خۆپیشاندەرانو دەسەڵاتداران دەكات دان بەخۆیاندا بگرن.
كەوتنی فڕۆكەخانە
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دژ بە حكومەت چوونە ناو یەكێك لە فڕۆكەخانە سەرەكییەكانی كازاخستان، كارمەندانی فڕۆكەخانەكە هەڵاتن، ئەم رووداوە دوێنێ لە گەورەترین شاری كازاخستان رویدا كە شاری (ئەلما ئاتا) بوو، ئەمە بەرەوپێشچوونێكی نوێ بوو لە رەوتی خۆپیشاندانەكاندا، حكومەت دەڵێ لەم رووداوەدا لانی كەم (8) كەس لە هێزە ئەنییەكان كوژراونو سەدانی تر برینداربوون.
سەرۆك تۆكاییڤ لەم رووداوە توڕەیەو هەڕەشەی وەڵامدانەەوەی توند دەكاتو خۆپیشاندانەكانی ئەم رۆژانە بە "سەردەمێكی رەش" لە مێژووی كازاخستان ناو دەبات، لەمە زیاتریش سەرۆك خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی "پاڵنەری پارە" دەیانجوڵێنێت.
بەهۆی ئەم رووداوانەوە، جموجوڵی فڕۆكەوانی لەكازاخستان راوەستاوە.
دۆخی سیاسی كازاخستان
لەدوای سەربەخۆیی كازاخستانەوە، تۆكاییڤ دووەمین سەرۆكە كە رێبەرایەتی ئەم دەوڵەتەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو دەكات، چونكە تاوەكو ساڵی 2019 نورسوڵتان نزارباییڤ سەرۆكایەتی وڵاتی دەكرد، 2019 كاتێك (قاسم تۆكاییڤ) وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، یەكێتی ئەوروپا ئیدانەی هەڵبژاردنەكەی كردو بە هەڵبژاردنێكی "نادیموكراتی" ناویبرد.
بەگشتی كازاخستان بە وڵاتێكی سەقامگیری ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دادەنرێت، سەقامگیرییەك كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری سەپاندویەتی، ساڵی 2019 نورسوڵتان نزاربایڤ بەهۆی ناڕەزایەتی دژی خۆكاندیدكردنەوەی، دوای 28 ساڵ دەستبەرداری دەسەڵات بوو، بەڵام یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی خۆی كرد بە سەرۆك كە (قاسم تۆكاییڤ) بوو، ئەمە بۆ ئەوە بوو كە جڵەوی دەسەڵات هەر بە دەستی خۆیەوە بمێنێتەوە، نزارباییڤ كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی وڵات بوو، لەبری ئەوە پۆستێكی ئەمنی باڵای وەرگرت، ماوەی حوكمڕانی نزارباییڤ تاوەكو ئێستاش بەردەوامەو لە هەموو شارەكانی وڵاتەكەیدا پەیكەری جۆراوجۆری بۆ دانراوە، پایتەختی وڵاتەكەش هەر بەناوی خۆیەوە ناونراوە.
لە كازاخستان حیزبی قائید حوكم دەكات، ئەم حزبە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بە نزیكەیی رێژەی 100%ی دەنگەكان دەهێنێت، هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە كازاخستان بوونی نییە.
ئەمە وایكردووە هەندێك لە چاودێران دەڵێن تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان تەنیا پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی غازەوە نییە، بەڵكو كێشەكە قوڵترەو پەیوەندی بە نەبوونی دیموكراتییەوە هەیە، دۆخێك كە حكومەت پێشبینی نەكردووە لە پڕێكدا بەسەریدا بتەقێتەوە.
شكاندنی پەیكەری سەرۆك
وا دەردەكەوێت لایەنی گەورەی توڕەیی خەڵكی كازاخستان لە (نورسوڵتان نزارباییڤ) سەرۆكی پێشووی وڵات بێت، كە لەوكاتەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەڵگرتووە، بەرپرسیارێتی پۆستێكی ئەمنی گەورەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كازاخستان وەرگرتووە، دوێنێ وەكو هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی خۆپیشاندانەكان، (نزارباییڤ) لە پۆستەكەی لادرا.
خۆپیشاندەران دروشمیان دژی (نزارباییڤ) وتەوە، لەمە زیاتریش پەیكەرێكی سەرۆكی پێشووی وڵاتیان شكاند كە لە شاری لەدایكبوونی (نزارباییڤ) لە برونز دروستكرابوو.
چەندین پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەران رویداوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، لە هەندێك ناوچە هێزە ئەمنییەكان چونەتە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە.
بەهۆی ئەم باروخەوە، لە رۆژی سێ شەممەوە هێڵی ئینتەرنێت لەم وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاستدا كێشەی تێكەوتووەو زانیارییەكان باسلەوە دەكەن حكومەت دەیەوێت بە یەكجاری هێڵی ئینتەرنێت لەسەرتاسەری وڵات ببڕێت.