"راستڕەوترین" حكومەت بە سەرۆكایەتی ناتانیاهۆ
2022-12-22 11:23:02
(درەو):
رافی بیرگ- بی بی سی
رێككەوتن كرا لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، كە وەكو راستڕەوترین حكومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا تەماشا دەكرێت، بەم رێككەوتنە بنیامین ناتانیاهۆ جارێكی تر دەسەڵات دەگرێتەوە دەست.
ناتانیاهۆ كە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی بردەوە، بەهۆی ئەو سەركەوتنەوە بۆ جاری شەشەم پۆستی سەرۆك وەزیران لە ئیسرائیل دەگرێتەوە دەست، ئیئتیلافە حكومییەكەی ناتانیاهۆ چەند پارتێكی راستڕەوی توندڕەو لەخۆدەگرێت، لەناویاندا پارتێك هەیە كە سەرۆكەكەی جارێك تۆمەتباركراوە بە رەگەزپەرەستی دژی عەرەبەكان.
فەلەستینییەكان ترسیان هەیە حكومەتی نوێی ناتانیاهۆ دەستی ئیسرائیل بەسەر كەناری خۆرئاوادا بەهێزتر بكات.
"توانیم حكومەت پێكبهێنم" بەر لە چەند خولەكێك لە ناڕەواستی شەو ناتانیاهۆم ئەم تویتەی كرد، ئەمەش وادەی كۆتایی ئەو كاتە بوو كە ئیسحاق هرتسوغ سەرۆكی ئیسرائیل دیاری كردبوو.
هاوبەشەكانی ناتانیاهۆ لەناو ئیئتیلافە حكومییەكەدا لەوانەن كە دامەزراندنی دوو دەوڵەت بۆ چارەسەری ململانێی نێوان ئیسرائیلو فەلەستین رەتدەكەنەوە، كە ئەمە فۆرمێكی ئاشتی پاڵپشتیكراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیو داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكات بۆ فەلەستینییەكان لە كەناری خۆرئاواو لە تەنیشت ئیسرائیلدا، بەجۆرێك شاری قودس پایتەختی هاوبەشی هەردوو دەوڵەتەكە بێت.
رێبەری پارتی (زانیۆنیزمی ئاینیی) كە پارتەكەی لەگەڵ دوو پارتی راستڕەوی توندڕەوی تردا سێیەم گەورە براوەی كورسییەكانی پەرلەمانە (كنێست)، دەیەوێت ئەوە ببینێت ئیسرائیل ناوچەی كەناری خۆرئاوا دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، دەسەڵاتی فراوانی پێدراوە بۆ ئەوەی چالاكییەكانی لەوێ ئەنجام بدات.
ئیسرائیل لە جەنگی 1967دا كەناری خۆرئاواو قودسی خۆرهەڵاتو كەرتی عەززەی داگیركرد، زیاتر لە (600 هەزار) جولەكەی ئۆردوگانشین لە قودسی خۆرهەڵاتو كەناری خۆرئاوا دەژین، سەرباری ناڕەزایەتی ئیسرائیل، ئەو ئۆردوگایانەی كە جولەكەكانی تێدا دەژین بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بە ئۆردوگای نایاسایی ئەژماردەكرێن. ساڵی 2005 ئیسرائیل ئۆردوگاو هێزەكانی لە كەرتی غەززە كێشایەوە.
سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆنو داواكاری گشتی ئیسرائیل هۆشدارییان دا لەبارەی ئەو چاكسازییانەی كە حكومەتی داهاتوو پلانی بۆ داناوە ئەنجامیان بدات- لەوانە بەخشینی مافی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵا بە پەرلەمانتاران- ئەمە بابەتێكە كە بەوتەی ئەوان دەبێتە هەڕەشە لەسەر دیموكراتیەتی ئیسرائیلی.
هەروەك هاوبەشەكانی ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەت پێشنیازی ئەنجامدانی چاكسازی یاساییان كردووە، ئەمەش بابەتیێكە كە رەنگە كۆتایی بە پرۆسەی دادگایكردنی ئێستای ناتانیاهۆ بهێنێت لەبارەی تۆمەتەكانی بەرتیلو ساختەكاریو شكاندنی متمانە. ناتانیاهۆ رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئیسرائیلو رێكخراوەكانی بواری مافە مەدەنییەكان، بەشێوەیەكی تایبەتی لە بەشداری راستڕەوی توندڕەو لە حكومەتی نوێ نیگەران بوون.
ئیتمار بن غەفیر رێبەری پارتی "عوتسما یەهودیەت- هێزی یەهودی) بە لێدوانە توندەكانی دژی عەرەب دەناسرێت، داوای ئەوە دەكات ئەو بنەمایانە سوكبكرێن كە دانراون بۆ ئەو حاڵەتانەی تێیاندا دەكرێت هێزە ئەمنییەكان بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكان تەقە بكەن. بن غەفیر كە جارێك تۆمەتبار كراوە رەگەزپەرەستیو پاڵپشتی رێكخراوە تیرۆرستییەكان، بڕیارە ببێت بە وەزیری ئاسایشی نەتەوەییو دەسەڵاتی بەسەر پۆلیسی ئیسرائیلو كەنارۆی خۆرئادا دەبێت.
هاوبەشێكی تری راستڕەوی توندڕەو لە حكومەتدا (ئاڤی ماۆز)ە لە پارتی دژە هاورەگەزخوازانی "نوام"، كە داوای قەدەغەكردنی چالاكییەكانی "شانازی هاوڕەگەزخوازان" دەكات لە قودسو یەكسانی دەرفەت بۆ ژنان لەناو سوپا رەتدەكاتەوەو داوای دانانی سنور دەكات بۆ كۆچی جولەكە بەرەو ئیسرائیل، ئەمەش بەگوێرەی لێكدانەوەیەكی توندی شەریعەتی جولەكە.
ناتانیاهۆ رەخنەگرانی بەوە تۆمەتباركرد ترس دەوروژێنن، بەڵێنی ئەوەی داوە پارێزگاری لە دۆخی هەنوكە بكات. هەفتەی رابردوو بە ئێزگەی (NBR)ی ئەمریكی وت" بە دوو دەستی بەهێزەوە سوكانی سەركردایەتی دەگرمەدەست.. رێگە بە هیچ كەسێك نادەم هیچ شتێك بەرامبەر كۆمەڵگەی میم بكات یاخود هاوڵاتیانی عەرەبمان لە مافەكانیان بێبەش بكات یاخود هەر شتێكی تری لەو شێوەیە، ئەمە روونادات".