عومەر سەید عەلی: بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردم لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە
2022-12-26 12:16:15
راپۆرت: درەو
"بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردم لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە" عومەر سەید عەلی ئەم پەیامەی بە ئەندامانی هەردوو جڤاتەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە مانگی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی سازبداتو دوای كۆنفرانس سەركردایەتییەكی نوێ هەڵبژێرێت، بژاردەكانی بەردەم گۆڕان چین ؟ ئاشتەوایی دەكات لەگەڵ ناڕازییەكان یاخود لەگەڵ یەكێتی یەكدەگرێتەوە ؟ یاخود بەم دۆخەوە بەردەوام دەبێت؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
یەكگرتنەوەی گۆڕانو یەكێتی !
رۆژی 24ی ئەم مانگە، جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كۆبونەوەی خۆیان لە ساڵی 2022دا ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی" بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردوم بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە" وتوشیەتی "چیتان دەوێت بۆتان دەكەم" .
عومەر سەید عەلی سەرباری ئەوەی دەستی لەكاركێشاوەتەوە، هێشتا لە بۆنە فەرمییەكان وەكو كەسی یەكەمی بزوتنەوەكە نوێنەرایەتی دەكات.
بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە یەكێتی دوچاری پەرتبونێكی نوێ كردەوە، ئێستا دەیەوێت جارێكی ترو لە دەرەوەی چوارچێوەی تەقلیدییەكەی یەكێتییەوە گۆڕێك بە حزبەكەی بداتەوە، بۆ ئەمەش دەمێكە چاوی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو بەردەوام گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتی ناودەبات.
رۆژی 28/8/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەمواڕی بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆی كرد و لە هەموارەكەدا سەرۆك دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت لەدەرەوەی ئۆگانەكانی یەكێتی كەسانیتر بكاتە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، ئەوكات وا لێكدرایەوە ئەم بڕگەیە بۆ بردنی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆناو یەكێتی.
بەر لە تەقینەوەی كێشەی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی)، بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بە لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، بەڵام بەر لە هەڵبژاردن رووداوەكانی 8ی تەموز رویانداو لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی دورخرایەوە، یەكەم ئەزمونی رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەزمونێكی تاڵ بوو، چونكە رێككەوتنەكە هیچ بەرهەمێكی نەبوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان گورزێكی گەورەی بەركەوتو هیچ كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی نەبردەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی كۆنیشی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكانە، ئەم رێككەوتنەش وادەكەی بەسەرچووەو گۆڕان هەندێك رەخنەی لە یەكێتی هەیە لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانەوە، بەمدواییە هەردوو حزبەكە جارێكی تر لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان گفتوگۆیان كرد، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چونكە لەلایەن دۆخی ناوخۆیی یەكێتی سەقامگیر نییە لەلایەكی تر بزوتنەوەی گۆڕان سەری نەماوەو چاوەڕوانی سازدانی كۆنفرانسو هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ دەكات.
شكستی ئاشتەواییو هەوڵەكەی بورهان یاسین
بڕیاربوو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی سازبدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان سەركردەكانی بزوتنەوەكە لەلایەكو هەوڵێكی ئەمدواییەی دكتۆر (بورهان یاسین) بۆ ئاشتەوایی لەنێوان (رازیو ناڕازییەكان)ی بزوتنەوەكەدا لەلایەكی ترەوە، كۆنفرانسەكە نەكرا.
دكتۆر بورهان یاسین كە یەكێكە لە خوێندەوارەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانو بەمدواییە لە ئەوروپا گەڕایەوە، پرۆژەیەكی بۆ ئاشتەوایی نێوان هەردوو بەرەكەی گۆڕان خستەڕوو، بەڵام لە دواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیو گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا راپۆرتی كۆتایی هەوڵەكانی خۆی ئاشكراكردو كە بە شكست كۆتایی هاتووە.
ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری هەوڵەكەی دكتۆر بورهان یاسین بوون دەڵێن، ناڕازییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كە زیاتر (عوسمان حاجی مەحمود) نوێنەرایەتییان دەكات دوو مەرجیان هەبووە بۆ گەڕانەوەو كاركردن لەناو بزوتنەوەكەدا:
• مەرجی یەكەم: گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوەو درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكاتەوە.
• مەرجی دووەم: كێشەی موڵكو ماڵەكانو گردی زەرگەتە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیای (وشە)دا یەكلابكرێتەوە (دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كوڕەكانی تاپۆی گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانو هەندێك موڵكو ماڵی تریان لەسەر ناوی باوكیانەوە گواستەوە بۆسەر ناوی خۆیان، ناڕازییەكان ئەمەیان ناو لێناوە تەوریسی سیاسی).
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان هەردوو مەرجەكەی ناڕازییەكانیان رەتكردوەتەوە، ئەمەش جارێكی تر خەونی ئاشتەواییو رێكخستنەوەی گۆڕانی لەباربردەوە.
دووەم كۆنفرانس
پێشتر عومەر سەید عەلیو چەند سەركردەیەكی تری بزوتنەوەكە داوایانكرد سازدانی كۆنفرانس بۆكاتێكی نادیار دوابخرێت، بەڵام ئێستا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لایەنەكانی ناچار كردووە لە زوترین كاتدا كۆنگرەی خۆیان ببەستنو خۆیان نوێ بكەنەوە، لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەنگییەك دروستبووە لەبارەی ئەوەی مانگی 1ی ساڵی 2023 واتە مانگی داهاتوو كۆنفرانسی نیشتمانی سازبدرێت.
كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانی تر، چونكە لە كۆنفرانسی گۆڕاندا كەسی یەكەمی حزبو ئەندامانی سەركردایەتی هەڵنابژێردرێن، كۆنفرانسی ئەمجارەی گۆڕان بە پلەی یەكەم بۆ دەستكاریكردنی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكەیە، دەستورێك كە نەوشیروان مستەفا نوسیویەتییەوەو سەركردەكانی ئێستا پێیانوایە بۆ ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبار نییەو پێویستی بە دەستكاریكردنە.
بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (13) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكراو لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی (خانەی راپەڕاندن) درا.
خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیارەكانی خۆی لە جڤاتی نیشتمانی وەردەگرێتو جێبەجێان دەكات.
درێژكردنەوەی پەرلەمانو كاریگەری لەسەر گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لە لایەنە پێكهنەرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئەم بزوتنەوەیە سەرباری ئەوەی لەسەرەتای دروستبونییەوە بە توندی دژی هەرجۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە چووە ناو رێككەوتنێك لەگەڵ پارتیو یەكێتیو پێكەوە هەرسێ لایەنەكە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوەو بەوشێوەیەش لەگەڵ پەرلەماندا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێمو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیان درێژكردەوە.
ئەگەر لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم كاریگەری گەورەی لەسەر كەمبونەوەی دەنگی گۆڕان هەبوبێت، پێشبینی دەكرێت پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاریگەری زیاتر لەسەر پاشەكشێی دەنگەكانی گۆڕان دابنێت، چونكە بەلای زۆرینەی دەنگدەرەكانی پێشتری گۆڕانەوە بابەتی درێژكردنەوەكە هێڵی سوری تری بنەماكانی گۆڕان بووە كە بەمدواییە لەو بنەمایەش دراوە.
نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەرو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 19ی ئایاری 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا (هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان) بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بەرێژەی 50% كەمیكردو لە (24) كورسییەوە دابەزی بۆ (12) كورسی، هەمان ساڵ بزوتنەوەكە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كردو لەوێش (4) كورسی لەدەستداو ژمارەی كورسییەكانی لە (9) كورسییەوە دابەزی بۆ (5) كورسی.
سەرباری دەركردنی سەرۆكی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكانی لە كابینەی هەشتەم لەلایەن پارتییەوە، دوای هەڵبژاردنی 2018 جارێكی ترو بزوتنەوەی گۆڕان چوەناو رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتیو لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كرد.
بەشداریكردنەوەی گۆڕان لە حكومەتو ئەو قەیرانانەی بەسەر كابینەی نۆیەمدا هاتن بەتایبەتیش لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، كاریگەری بەهێزی لەسەر پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دروستكردو ئۆكتۆبەری 2021 كاتێك بزوتنەوەكە بە هاوبەشی لەگەڵ یەكێتی چوە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، هەموو كورسییەكانی لەدەستداو نوێنەرایەتی لەناو پەرلەمانی عێراقدا نەما.
ئەم شكستەی هەڵبژاردن فشارێكی گەورەی خستە سەر سەركردەكانی بزوتنەوەكەو رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2021 عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەكەی ناچار بە دەستبەكاركێشانەوە كرد.
بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی 2021 دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێتو رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو ئەنجامە خراپەكەی، هێندەی تر چارەنوسی سازدانی دووەم كۆنفرانس لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕان خستە لێڵییەوەو نزیكەی ساڵێكو دوو مانگە گۆڕان سەری نییەو رێكخەری دەستلەكاركێشاوە كاروبارەكان بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوە دەبات.
بژاردەكانی بەردەم گۆڕان
ئێستا گۆڕان كە خۆی بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەدات، هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە لە كۆتاییەكانی ساڵی داهاتوودا، ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تریش لە عێراق ئەگەرێكی دوور نییە.
بەگشتی بەهۆی ئەو پاشەكشێ گەورەی كە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنی رابردوودا لەسەر ئاستی هەرێمو عێراق روبەڕووی بوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەكانی بەردەمی ئەرێنی نین.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، شوان قلیاسانی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم سێ بژاردەدایە: یەكگرتن لەگەڵ یەكێتی یان رێكخستنەوەی ناو ماڵی گۆڕانو رێككەوتن لەگەڵ ناڕازییەكان كە گۆڕێك بە بزوتنەوەكە دەدات، یاخود بەردەوامیدان بە دۆخی ئێستا كە زیاتر بزوتنەوەكە بەرەو پوكانەوە دەبات.
چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان
دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاندو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد.
25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوەو بەسەر یەكێتیدا سەركەوتو لەدوای پارتی بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم.
نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئایاری 2017 كۆچی دوایی كرد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژاردو شوێنەكەی نەوشیروان مستەفای بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە:
• عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
• عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوەو ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات)
• جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
• جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
• محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان
• شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك
• رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی
دیارترین كارێك رێكخەری گشتیو یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردیان، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروستكرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتو پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوەو گۆڕانی لە حكومەت دەركردو دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد.
خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو.
جڤاتی نیشتمانی كە خۆشی وادەی بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا.
پێكهاتەی خانەی راپەڕاندنی دووەمی گۆڕان كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2013 بەهۆی شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە، بەمشێوەیە بوو:
• عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
• عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا)
• جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا)
• دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری ژورەكان
• شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا)
• برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك
خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بوو.