وردەکاری ھێرشەکەی پاریس
2022-12-23 18:14:19
(درەو):
ھێرشێک بۆسەر ناوەندێکی کلتوری لە پاریس، خەڵکی فەڕەنسای ھەژاند، سێ کەس کوژران و زیاتر لە سێ کەسی تر بریندارن، دەوترێ یەکێک لە بریندارەکان گۆرانیبێژێکی ناسراوە، تەقەکەرەکە پێشینەی ھەیەو پێشتر بە چەقۆ لە پەنابەرانی داوە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند، (٣) کەس کوژراون و (٣) کەس تر برینداربوون، بەھۆی تەقەکردن لەبەردەم سەنتەرێکی کەلتوری کوردی لە بازنەی ژمارە (١٠)ی پاریس.
داواکاری گشتی پاریس وتی" دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ تاوانی تیرۆرو کوشتنی بەئەنقەست و توندوتیژی کردوەتەوەو ئێستا لێکۆڵینەوەکان سپێردراون بە فەرمانگەی دووەمی پۆلیسی دادوەریی".
بەپێی قسەی داواکاری گشتی، گومانلێکراوی رووداوی تەقەکردنەکە دەستگیرکراوە کە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵەو پێشینەی ھەیەو پێشتر تۆمەتبارکراوە بەوەی رۆژی ٨ی دێسەمبەری ساڵی رابردوو لە کەمپێکی پاریسدا بە چەقۆ لە دوو کۆچبەری داوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیس بە میدیاکانی فەڕەنسای راگەیاندووە، تەقەکەرەکە پیاوێکی فەڕەنسی خانەنشینە کە وەکو شۆفێری شەمەندەفەر کاریکردووەو پێشینەی ھەیە، بەڵام ناوی لە دۆسیەی ھەواڵگریی ناوچەیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆدا نییە.
خاتوو ئەلیکسەندرا کوردبارد سەرۆکی شارەوانی بازنەی ١٠ی پاریس لەکاتی سەردانکردنی شوێنی رووداوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەکرد، بکوژەکە خۆشی لە دۆخێکی دژواردایەو رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
جیرالد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشەی کراوەتە سەر قاوەخانەیەکی کوردی، حکومەت داوای لە پۆلیس کردووە پارێزگاریکردن لە شوێنەکانی کۆبونەوەی رەوەندی کوردی، توندبکاتەوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەکرد، پاڵنەری تەقەکەرە فەڕەنسییەکە ھێشتا نادیارە، بەڵام پێدەچێت بەشێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کارەی کردبێت.
پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە لە شوێنی رووداوەکە دوربکەونەوە، شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە ئاژانسی ھەوڵەکانی فەڕەنسای وتووە" حەوت بۆ ھەشت فیشەک تەقێندراوەو ئەمەش شڵەژانی لەناو شەقامەکەدا دروستکردووە".
لە یەکتربڕی ھەردوو شەقامی (ئینگیان)و (ئۆتۆفیل) ئەمبوڵانسەکان کۆبونەوەو پۆلیس تەوقی ئەمنی دروستکرد، سەلما ئاکایا کە کچە رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی کوردەو لەکاتی ھێرشەکەدا لەو شوێنە بووە، بە میدیای فەڕەنسای وتووە" شەش بریندار ھەیە، لەناویاندا گۆرانیبێژێکی ناسراوی کورد ھەیە.. تەقەکەرەکە بە ئاڕاستەی ئارایشتگایەک تەقەی کردووە".
دوکاندارێکی ناوچەکەش کە داوای لە میدیای فەڕەنسا کردووە ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە، باسی لەوە کردووە" شەش بۆ حەوت فیشەک تەقێندراوەو شڵەژانێکی تەواوەتی روویداوەو ئەوان لەناو دوکانەکانیاندا گیریان خواردووە".
"پیاوێکی بەتەمەنی سپی پێستمان ھاتە ناوەوەو دەستی کرد بە تەقەکردن لە ناوەندی کەلەپوری کوردو دواتر بەرەو ئارایشتگایەکی نزیک رۆیشت".
جێگری بەڕێوەبەری رستۆرانتی "بولیش پاریس" کە دەکەوێتە ھەمان شەقامەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسای وتووە" لەگەڵ کارمەندەکانمان پەنامان بردە ناو رستۆرانتەکە".
شەقامی "ئینگیان" ژمارەیەک رستۆرانت و باڕو دوکانی بازرگانی و شەقامێکی پیادەڕۆ لەخۆدەگرێت و ئەمە وایکردووە بەردەوام شوێنێکی قەرەباڵغ بێت.
بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵێکی تر کە ئاژانسی ھەواڵی فەڕەنسا قسەی لەگەڵ کردووەو یەکێکە لە دانیشتوانی گەڕەکەکە، لەکاتی تێپەڕبوونیدا بە شەقامەکەدا بینیویەتی کۆمەڵێک کەس لە دۆخی دڵەڕاوێکدا بوون و ھاواریان لە پۆلیس کردووە: ئەو لەوێیە.. ئەو لەوێیە، پەنجەیان بۆ ئارایشتگایەک راکێشاوە.
شایەتحاڵەکە وتویەتی" پۆلیسم بینی کە دەچنە ناو ئارایشتگاکەوە، دوو کەسم بینی لەسەر زەوی کەوتبوون و قاچیان برینداربوو، خوێنم بینی".
ناوەندی (ئەحمەد کایا) کە وەکو رێزلێنانێک لە گۆرانیبێژی ناوداری کورد (کایا) ئەم ناوەی لێنراوە، کۆمەڵەیەکی کوردییە لە پاریس کە بەگوێرەی یاسای (١٩٠١) دامەزرێندراوەو ئامانج لێی "بەھێزکردنی ئاوێتەبوونی لەسەرخۆ"ی ئەو کوردانەیە کە لە فەڕەنسا دەژین.
سەرچاوە: فرانس ٢٤/ فرانس پرێس/ رۆیتەرز