(درەو): مەسرور بارزانی بە (500 ملیار) دینار قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ قایل نەبوو، سودانی قەرزەكەی زیاد كرد بۆ (700 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9،10،11)، بەڵام قەرزەكە هەر وەكو بڕیاری پێشووی حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی (3) مانگ بەردەوام دەبێت نەك (6) مانگ وەكو ئەوەی وەفدی هەرێم داوای كردبوو، بەم (700 ملیار) دینارەی بەغدادەوە، حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ مانگ داهاتەكانی بۆ بڕی (ترلیۆنو 45 ملیار) دینارو بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات، بەڵام چارەنوسی موچەی مانگەكانی (8،7) بە نادیاری دەمێنێتەوە. قەرز لە 500 ملیارەوە بۆ 700 ملیار دینار دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران. رۆژی 14ی ئەم مانگە وەفدێكی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتیی دەكردو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئەندامبوون تێیدا، چووە بەغداد. وەفدی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو پێشنیازی كرد. پێشنیازی یەكەم: حكومەتی عێراق بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی (800 ملیار) دینار بە قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ موچەی فەرمانبەران. پێشنیازی دووەم: لە ساڵی 2024دا یاسای بودجەی گشتی عێراق هەموار بكرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێشنیازی یەكەمی حكومەتی هەرێمی خستە دەنگدانەوە، بەڵام لە بری (800 ملیار) دینار، بڕیاریدا (700 ملیار) دینار بە قەرز بنێرێت، هەروەها لەبری ناردنی پارە بۆ ماوەی (6) مانگی ئەمساڵ، تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگ قەرزەكە دەنێرێت. بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق، ئەو (700 ملیار) دینارە قەرزە بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ دابین كراوە، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا فەرمانبەرانو موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگەكانی (8،7)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو ئەمڕۆ لە عێراق وەزارەتی دارایی دەستیكرد بە دابینكردنی موچەی مانگی (9)ی وەزارەتەكانی خۆی. رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ، بڕی (500 ملیار) دینار بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەم بڕە پارەیە قایل نەبوو، ئەوەی ئەمڕۆ رویداوە تەنیا زیادكردنی بڕی قەرزەكەیە لە (500 ملیار)ەوە بۆ (700 ملیار) دینار. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەیەكەم كاردانەوەداو بەشێوەیەكی خێرا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، واتا قایل بەو (700ملیار) دینار قەرزەی كە حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی تەنیا سێ مانگ بۆی دەنێرێت. داهاتی حكومەت بۆ موچە ئێستا ئیتر دوای ناردنی پارەكە لە بەغدادەوە، داهاتی هەرێم بۆ سێ مانگ بەمشێوەیە دەبێت: • بڕی (700 ملیار) دیناری قەرزی حكومەتی عێراق • بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ هەر مانگێك • بڕی (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە تێكڕای ئەم داهاتانە بۆ هەر مانگێك كۆبكرێتەوە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێكو 45 ملیار) دینار، خەرجی موچەی هەر مانگێكی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (944 ملیار) دینار، واتا بەم داهاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكاتو بڕی (100 ملیار) دیناریشی لەبەردەستدا دەمێنێتەوە بۆ خەرجی وەزارەتەكان. میكانیزمی دابەشكردنی موچە چۆن دەبێت ؟ ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی (3) مانگ زامنی خەرجی موچەی كردووە، بەڵام موچەی دوو مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی نەداوە كە موچە مانگەكانی (تەموزو ئاب)ە، هێشتا دیار نییە ئایا وەزارەتی دارایی هەرێم یەكەم موچە چۆن دابەش دەكات، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوو سیناریۆ لەبەردەستدایە: سیناریۆی یەكەم: وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی تەموز رابگەیەنێتو بۆ دوو مانگەكانی تریش بەگوێرەی ریزبەندی مانگەكان موچەی (ئابو ئەیلول) دابەش بكات. سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی بۆ ئەو سێ مانگە موچەی مانگەكانی (11،10،9) دابەش بكاتو دوو موچە فەوتاوەكەی مانگەكانی (8،7) فەرامۆش بكاتو هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی تری سەردەمی كابینەی نۆیەم، بەرپرسیارێتییەكەی بخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە. سیناریۆی سێیەم: وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ گەیشتنی پارە قەرزەكەی بەغدا، بەسەر یەكەوە موچەی مانگەكانی (8،7)ی موچەخۆران دابەش بكات، ئەمە سیناریۆیەكی لاوازەو پێشبینی نەكراوە، بەتایبەتیش كە پێدانی (700 ملیار) دینارەكەی بەغداد تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگەو لە باشترین حاڵەتدا پێشبینی دەكرێت عێراق (700 ملیار) دیناری تر بۆ موچەی مانگی (12) بۆ هەرێم بنێرێت.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد، تەنها کێشهی گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەکی ئابووریی سیستماتیک و رێکخراو نییە، تەنها کێشەی گوێنەگرتن لەیەک و رق و ملهوڕیی و هەوڵدانی زەلیلکردنی یەکتریش نییە. ناتەباییەکانیش لە بنەڕەتەوە لەنێوان دوو بەرەدا نییە، یەکێکیان باش و ئەویتریان خراپ، یان یەکێکیان بەرپرس و ئەویتریان نابەرپرس. (لەم ئاستەدا هەردوو بەرەکە تەواو خراپ و نابەرپرس و جەردەئاکارن، هەرێم لە بەغدا خراپترو بەغدا لە هەرێم خراپتر). کێشەکە لە بنەڕەتدا کێشەی خودی وڵاتەکە خۆیەتی وەک وڵات، فەشەلی دروستکردنی شتێکە لەو وڵاتەدا بەناوی «میلەت» یان نەتەوە» یان «گەل»ەوە. عێراق و پێکهاتەکانی وڵاتێکن لەناو چوار فەشەلی گەورەدا دەژین. فەشەلی یەکەمیان، فهشەلی دروستکردنی میلەت یان گەل یان نەتەوەیەکە بەناوی گەل و میلەت یان نەتەوەی عێراقییەوە. ئەوەی لە وڵاتەکەدا هەیەو ئامادەیە، ئەقوام و مەمالیک و میلەل و نەحەل و گروپی ئەتنیی و دینیی ناکۆک و ناتەبان، کە هیچ شتێک بەیەکەوە گرێیان نادات و بەیەکەوە کۆیانناکاتەوە، جگە لە هاوکێشەیەکی جیۆپۆلیتیکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە ناچارکردنی جەوهەرەکەی پێکدەهێنێت. دەوڵەتی عێراقیی، وەکو زۆربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، دەوڵەتەێکی بێ گەل و بێ میلەت و بێ نەتەوە. ئەو مۆدێلە سیاسیەی کە لە زانستە سیاسییەکاندا ناوی «دەوڵەتی نەتەوە»، یان «دەوڵەت نەتەوە»ی لێرناوە، لە دونیای ئێمەدا بووە بە «دەوڵەتێک بەبێ نەتەوە»، دەوڵەتێکی رووت، دەوڵەتی هێزی رووت، فاشیل لە دروستکردنی میلەتێکدا بە لانیکەمی هاوبەشیی سیاسیی و فەرهەنگیی و رەمزییەوە. سەرجەمی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو عێراق لەوەدا فاشیلبوون بەسەر تایبەتمەندی داخراوی خۆیاندا سەربکەون و هەنگاو بنێن بەرەو بوون بە شتێک گەورەترو کراوەتر لە خۆیان. لەزۆر ئاستدا ئەم فەشەلە ژێرخانی بەشی هەرزۆری کارەسات و کێشەو تەحەدا گەورەکانی وڵاتەکەیە. فەشەلی دووهەم، فەشەلی بوونی پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتەیە لەسەرکەوتن بەسەر پارچەپارچەبوونە ناوخۆییەکانی خۆیانداو گۆڕانیان بۆ میلەت یان گەل یان نەتەوەیەکی تایبەت، یاخود تەنانەت گۆڕانیان بۆ بوون بە «کۆمەڵە»ەیەک بەلانی هەرکەمی کۆگیرییەوە. لەوانەش فەشەلی کورد بۆ بوون بە نەتەوە یان میلەت یان گەلێکی تایبەت، بەلانی هەرە سەرەتایی کۆگیریی و تەبایی و هاودەنگیی و هاریکاریی سیاسیی و رەمزییەوە. کورد لە هەرێمدا دابەش و پارچەپارچەیە لەنێوان چەند ناوچەو شارو بازگەیەکی سەربازییدا، کە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی دایانڕشتوەو بەهێزی چەکدار سەپاندویانەو بەڕێوەی دەبەن. هەرێم بەکردەوە، بەتایبەتی دوو هێزە حوکمڕانەکەی هەرێم و بە تایبەتیتر بکەرە سەرەکییەکانی ئەو دوو هێزە، توانای تێپەڕاندنی لۆژیکی ئەو دابەشبوونەیان نییە، کە بەشی هەرە زۆریان خۆیان لە پێگەی دەسەڵات و لەڕێگای دەزگاو دەسەڵاتەکانی حوکمڕانیانەوە، دروستیانکردوە. لۆژیکی کارکردن و یاسای ململانێی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیش لە هەرێمەکەدا لۆژیک و یاسای خێزان و بنەماڵەو خێل و گوندە، واتە لۆژیکی کۆی ئەو پێکهاتانەیە کە دەکەونە پێش دروستبوونی گەل و نەتەوەوەو رێگریشن لە دروستبوونی هەر یەکەیەک توانای بازدانی هەبێت بۆ ئەودیوی لۆژیکی خێزان و بنەماڵەو خێڵەوە. حوکمڕانانی هەرێم، بەدرێژایی دونیای دوای راپەڕین، ئەو وێنەیەی هەم بە خۆیان و هەم بە جیهانیان نیشانداوە، وێنەی میلەتێک و نوێنەرەکانی نییە کە داوای مافەکانی ئەو میلەتەکە بکەن، بەڵکو وێنەی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەن کە سەرەتاو کۆتایی بیرکردنەوەیان بریتییە لە بەرگریکردن لە قازانج و ویست و خواستی خێزانی و بنەماڵیی و حیزبیی خۆیان، لە ڕەگای قۆرخکردنی هەموو ئەو شتانە کە دەتوانن و بۆیاندەکرێت قۆرخی بکەن. لەمەشدا نیشانی هەموو جیهانیان داوە کە ناتوانن لانی هەرەکەمی کاری پێکەوەیی و تەبایی و هاریکاریی دەسەتەجەمعی تەندروستیان هەبێت. هاوکات خودی حوکمڕانانی هەرێمەكه وەکچۆن لەناوخۆدا دابەش و قۆرخکارن، بەهەمانشێوە لە پەیوەندیشیاندا بەسەر دەوڵەتە ئیقلیمییەکان و بەسەر دەرەوەی هەرێمەکەشدا دابەشن. فەشەلی سێهەم بریتییە لە فەشەلی شیعەکانی عێراق لەوەدا کە ببن بە بەرەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی شوناسێکی شیعی هاوبەش بۆ سەرجەمی شیعەکانی ئەو وڵاتە. ماڵی شیعە وەک ماڵی کورد ماڵێکی پارچەپارچەو دابەشە، هێزی چەکداریی ناتەباو میلیشیای دوژمن بەیەک لە هەناویاندا ئامادەیە. یەکێکیان خۆی بە عێراقی و عەرەب دەزانێت و ئەویتریان خۆی بە هەواداری ویلایەتی فەقێی کۆمەڵێک لە ئایەتوڵاکانی ئێران. ململانێی ناوەکیی حەوزەکان و ململانێی خێزانە دینییە سیاسییەکانیش لەوپەڕیدایە. ئەوەی زۆرجار رێگربووە لەوەی میلیشیا شیعەکان بەیەکدابدەن و ئەزموونی جەنگی ناوخۆی هەرێم دووبارەبکەنەوە، ئامادەگیی و نفوزو هەیمەنەی ئێرانە بەسەر بەشی هەرەزۆری هێزە شیعییەکانی عێراقدا. فەشەلی چوارهەمیش فەشەلی سونەکانی عێراقە لەوەدا ببن بە کۆمەڵەیەکی دینیی بەلانی هەرەکەمی تەبایی و هاودیدیی و هاوخواستییەوە. ئەگەر زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش وەک سونە ببینین و مامەڵەبکەین، ئەوا دابەشبوونی یەکەمی سونە لە عێراقدا دابەشبوونێکی ئەتنییە لەنێوان سونەی کوردو سونەی عەرەب و سونەی تورکمان و هتد.. تێپەراندنی ئەم دابەشبوونە لە مەحاڵ نزیکە تا هەر ئەگەرێکی مێژووی عەقڵانیی. جگە لەمە سونەی عەرەب لەڕووی سیاسییەوە لە ئێستادا دابەشە لەنێوان کۆنە بەعسییەکان و پاشماوەکانی داعش و سونەی سەر بە ئیخوانی موسلیمین و سونەی سەلەفیی و سونەیەکی دیکە کە دەیەوێت شتێک لە کێکی دەسەڵاتی لە عێراقدا بەربکەوێت. ئەمە جگە لە دابەشبوونیان بەسەر وڵاتە ئیقلیمە ناتەباکانی وەک تورکیاو سعودیەو قەتەرو ئیماراتدا، ئەم فەوزا گەورەیەش فۆرمی جیاوازیی دابەشبوونی ناوەکیی لەناو سونەکانی عێراقدا دروستکردوە، کە تێپەڕاندنیان لە مەحاڵ دەچێت. بەکورتییەکەی، عێراق نە خۆی وەک دەوڵەت و کۆمەڵگا، نە پێکهاتەکانی ناوی، نە وڵاتانی دەوروبەری، هەڵگری لانی هەرە هەرە کەمی تەبایی و هاودەنگیی و هاوخەونیی و هاوخەمی نین. ئەوەی هەیە وڵاتێکە لەکۆی بەشە جیاوازەکانیدا کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵهی سیاسیی و دینیی بەڕێوەیدەبەن، بە دنیایەک ململانێیی نابەپرسیارو نایاسایی و نائەخلاقییەوە، کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە کە خۆیان بە وڵاتەکەو پێکهاتەکانی یەکسانکردوەو لە دەرەوەی خۆیاندا نەک کەس بە شایستەی حوکمڕانی نازانن، بەڵکو بە شایستەی ژیانیش نازانن. وڵاتێک نە یاسا، نە دەزگا، نە بەرپرسیاریەت، نە ماف لەناویدا ئامادە نییەو کارناکات. ئەوەی وا دەکات نزیکەی ٦ ملیۆن مرۆڤ لە هەرێمەکەدا لەوە دڵنیا نەبێت داخۆ مانگانە موچەکەی وەردەگرێت یان نا، ئەم دیمەنە وێرانەو ترسناکەیە کە باسمانکرد.
ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی پاش چهند مانگێك له چاوهڕوانی و گرفت و دواخستنی پێدانی شایستهكانی ههرێم له بودجهی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دواجار چهند ڕۆژێك لهمهوبهر لهلایهن بهغداوه به شاندی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهنرا، كه بهپێی مادهی ١١ی یاسای بودجه، شایستهكانی ههرێم لهسهر بنهمای خهرجیی فیعلی دهدرێن نهك لهسهر بنهمای ژماره تهرخانكراوهكانی ناو یاساكه. بهمجۆره ههرێمی كوردستان لهبری ئهوهی بودجهی بۆ بنێردرێت، قهرزار كرایهوه، ئینجا شاندهكه و زۆرێك له بهرپرسانی ههرێم لهبهغدا و لهناو ههرێمیش زانیان كه ئهوان و پشكی ههرێمیش بوون بهو تهڵهیهوه كه لهساڵی ٢٠١٥هوه لهناو یاساكانی بودجهی عێراقدا بۆ پشكی ههرێم دانراوه. ئهوان پێشتر نه گرنگیان بهو بابهته دابوو نه وهك پێویست لێی تێگهیشتبوون، نه دهیانزانی مهترسییهكهی چهند گهورهیه. ئێستا لهپاش ئهو شۆكه، ههندێ بۆچوون بۆ پێشنیاری چارهسهركردنی ئهو پرسه دهخرێنهڕوو، كه شایانی تێبینی و شیكردنهوه و لهسهر وهستانن. ئهوهی لهمیانهی لێدوانی شاندهكه بیستمان و ئهوهیشی لهلایهن بهرپرسان و خهڵكانی تریشهوه له ڕاگهیاندنهكانهوه گوێبیستی دهبین، ئهوهیه كه دوو بۆچوون بۆ چارهسهر له ئارادان، ئهوانیش تهواو ساكار و پڕ كهموكوڕین. لهلایهكی ترهوه بۆچوونی سێیهمیش ههیه، كه له ههندێك له بهرپرسان و نوێنهرانی كورد له بهغداوه گوێبیستی بووین، كه ئهوهیان بۆچوونه دروستهكهیه. لە خوارهوه قسه لهسهر ههرسێ بۆچوونهكه دهكهین. بۆچوونی یهكهم ئهوهیه كه بۆ دیاریكردنی قهبارهی خهرجیی فیعلی عێراق پێویسته خهرجییه فیعلییهكانی ههرێمی كوردستانیش لهگهڵ هی پازده پارێزگاكهی تر كۆبكرێنهوه و شایستهكانی ههرێم له خهرجیی فیعلیی ههموو عێراق بدرێن نهك تهنیا له هی پازده پارێزگاكه. ئهم بۆچوونه لهڕوواڵهتدا لۆژیكی و دادوهرانهیه، بهڵام لهڕاستیدا زۆر ساكار و پڕ كهموكوڕییه و هیچ تێگهیشتنێكی دارایی و دامهزراوهیی لهپشتییهوه نییه، چونكه ههم به مانای ڕازی بوون و ڕێككهوتن دێت لهسهر ئهو بابهتهكهی كه بههیچ جۆرێك لهگهڵ ڕێسا و پڕهنسیپهكانی دارایی گشتی و بودجه ناگونجێت و تهنیا بۆ ستهمكردن له ههرێم دانراوه، ههمیش ئهو چارهسهره لهڕووی داراییهوه سوودێكی زۆری بۆ ههرێم نییه. ئهگهر ڕێژهی خهرجكراوی فیعلی له ههرێم به ١٠٠٪یش دابنرێت و كۆی قهبارهی خهرجكراوی ههرێمیش لهگهڵ هیی پانزه پارێزگاكهی عێراق كۆبكرێنهوه و، لهو هاوكێشهیهدا ههموو شتێكیش بهدڵی ههرێم و به سوودی ههرێم ئهنجام بدرێت، ئینجا له باشترین باردا تهنیا مانگانه نزیكهی (١٠٠) ملیار دینار زیاد دهكرێت بۆ ئهو بڕهی كه دهدرێت به ههرێم. ئهمهش لهكاتێكدا كه ئهگهر لایهنی بهغدا بهتهواوی لهبهرژهوهندیی ههرێم ئهو مامهڵهیه بكات، ئهگهرنا له ههموو بارێكدا گرفت دروست دهبێت. ئهگهر لهسهر بنهمای قهبارهی خهرجیی فیعلی مامهڵه بكرێت ئهوا دیاریكردنی قهبارهی خهرجیی فیعلی له ههرێم دهبێته گرفت و هیی پازده پارێزگاكهیش خۆی گرفتی زۆری تێدایه، ئهگهر لهسهر بنهمای ڕێژهكاری و به لهبهرچاوگرتنی سهنگی ڕێژهیی خهرجییهكانی ههرێم لەو هاوكێشهیهدا مامهڵه بكرێت نهك لهسهر بنهمای قهبارهی خهرجیی فیعلی، ئهوا ئهوكاتیش كۆمهڵێك كێشه دێنه پێشهوه و ههرێم لهڕووی داراییشهوه سوودێكی زۆری لێ وهرناگرێت و، ئهوهی بۆی زیاد دهبێت زۆر كهمتر دهبێت له ١٠٠ ملیار دینار، سهرهنجام لهبهرانبهر جێبهجێكردنی ههموو مهرج و پابهندییهكاندا ئهوهی مانگانه دهدرێ به ههرێم، هێشتا زۆر زۆر كهمتر دهبێت لهوهی لهیاسای بودجهدا بۆی تهرخان كراوه. بۆچوونی دووهم ئهوهیه كه تهنیا تهرخانكراوهكانی مووچه له مهرجی خهرجیی فیعلی بهدهربكرێن و لهسهر بنهمای تهرخانكراوهكان بدرێن. خهرجییهكانی تری بهگهڕخستن و وهبهرهێنان لهسهر بنهمای خهرجیی فیعلی بدرێن. ئهم بۆچوونه سهرهڕای ئهوهی كه بهغدا بهئاسانی پێی ڕازی نابێت، لهگهڵ ئهوهیشدا تهنیا ئهو كاته دهتوانرێت بهدروست بزانرێت ئهگهر وهك چارهسهرێكی كاتی و بۆ چهند مانگێك بێت، تاكوو كێشهكه بهتهواوی چارهسهر بكرێت، ئهگهرنا بهههمان شیوه ههم داننان و ڕازیبوونه بهو ستهمه نالۆژیكی و نهگونجاوهدا، ههم نابێته هۆی ئهوهی ههرێم بتوانێت زۆربهی ماف و شایستهكانی خۆی بهپێی تهرخانكراوهكانی ناو یاسای بودجه وهربگرێت، ههمیش چهندین كێشهی تهكنیكی و دارایی بۆ دروست دهبن. وهك دهزانین تهرخانكراوهكانی تایبهت به مووچه و دهرماڵهكان بهشی زۆریان له ناو پۆلێنی قهرهبووی فهرمانبهراندان و بهشێكیشیان لهناو پۆلێنی چاودێریی كۆمهڵایهتیدان، ئهم دوو پۆلێنه زۆرینهی تهرخانكراوهكانی بودجهی عێراق و بهشی ههرێمیش پێك دههێنن، بۆیه ئاسان نییه بهغدا بهوه ڕازی بێت. یاساكهی بودجهیش بهو جۆره هاتووه كه كۆی پشكی ههرێم لهسهر بنهمای خهرجیی فیعلی دهدرێت و ئهو دهرفهتهی تێدا نییه، كه مووچه بهدهربكرێت لهو كۆتوبهنده. لهگریمانهی ئهوهدا كه بهغدا بهو پێشنیازه ڕازی بێت ئهوا بهشێوهیهكی كاتی دهبێته چارهسهرێك كه سوودێكی ڕێژهیی و كاتیی دهبێت، بهڵام هێشتا ههرێم بێبهش دهبێت له چهند ترلیۆن دینارێك له ماف و شایستهكانی خۆی. بێگومان جێبهجێكردنی ئهم پێشنیازه چهند گرفتێكیشی دێنه پێش، یهكێك لهوانه نهناردنی كۆی ئهو بڕهی له پۆلینی قهرهبوی فهرمانبهراندا بۆ ههرێم دانراوه بهو پاساوهی كه تهرخانكراوهكانی قهرهبووی فهرمانبهران جگه له مووچه و دهرماڵه چهند بهندێكی تری تهرخانكراوی تێدایه، كه دهشێ عێراق نهچێته ژێرباری ئهوهی وهك مووچه و دهرماڵه مامهڵهیان لهگهڵ بكات. ئهگهر بهغدا به پێشنیازێكی لهو شێوهیه ڕازی بێت، ئهوا سهرهڕای كهموكوڕییهكانیشی، دهتوانرێت وهك چارهسهرێكی مامناوهند و كاتی سهیری بكرێت، بهڵام نابێته چارهسهرێكی تهواو و تهنیا دهتوانێت كهمێك له گوشار و بارگرانییهكانی ههرێم لهم دۆخهدا كهم بكاتهوه، تاكوو ئهو دهمهی كێشهكه چارهسهر دهكریت. بۆچوونی سێیهم ئهوهیه كه ههر لهئێستاوه كار بكرێت بۆ ئامادهكردنی پڕۆژه یاسایهك بۆ ههمواركردنهوهی یاسای بودجه بهو جۆرهی كه دهستهواژهی خەرجی فیعلی له مادهی ١١ی یاساكه لاببرێت، كه وهك پێوهر بۆ پێدانی شایستهكانی ههرێم دانراوه. بۆ ههنگاوێكی لهو جۆره، پاساوی لۆژیكیی بههێز ههن، ههموو ڕێسا و پڕهنسیپهكانی دارایی گشتی و بودجه و ژمێریاری حكومی تایبهت به ئامادهكردن و جێبهجێكردنی بودجه پاڵپشتیی دهكهن، له وتارێكی پێشترمان بهناونیشانی (خهرجیی فیعلی، تهڵه گهورهكهی یاسای بودجهی عێراق كهی دانراو چۆن پشكی ههرێمی پێوهكرا؟) ئاماژهمان بۆ ئهو بهڵگه و پاساوانه كردووه، دهتوانرێت بۆ قایلكردنی لایهنی بهرانبهر سوود لهو بواره وهربگیرێت. لهگهڵ ئهوهیشدا پێویسته گرهنتیی ئهوه بدرێته لایهنی بهغدا، كه ههرێم ههموو ڕاپۆرت و دهرخسته و دۆكیۆمێنته داراییهكانی دهرهنجامی جێبهجێكردنی بودجه له كۆكردنهوهی داهات و ئهنجامدانی خهرجییهكان، بهشێوهی دهوری و بهشێوهی ساڵانهیش بهو جۆرهی لهیاسای بودجهدا هاتووه و وهك ههموو نهریتێكی دارایی و ژمێریاری بخرێنه بهردهستی ههردوو دیوانی چاودێریی دارایی ههرێم و چاودێریی دارایی عێراق و، وێنهیان بدرێته وهزارهتی دارایی عێراق، ئهوكات لهكۆتایی ساڵی داراییدا ئهگهر بڕی تهمویلكراو لهبڕی خهرجكراو زیاتر بوو، ئهوا بڕی جیاوازییهكه دهگهڕێنرێتهوه بۆ وهزارهتی دارایی عێراق، بۆ ئهوهی بكرێته باڵانسی سوڕاو بۆ بودجهی ساڵی داهاتوو، یانیش بهغدا دهتوانێت ئهو بڕه تهرخانكراوه بخاته بریتی تهمویلكردنی بودجهی ساڵی داهاتووی ههرێم، لهو كاتهیشدا ههر دهبێت وهك باڵانسی گهڕاوه و سوڕاو له وهزارهتی دارایی عێراق تۆمار بكرێت، ئهمه له بهشهكانی تری عێراق و له ههموو دنیاش پهیڕهو دهكرێت. پوختهی سهرنج و بۆچوونی ئێمه ئهوهیه كه پێویسته ههرێم به ههموو شێوهیهك و بهخێرایی كار لهسهر بۆچوونی سێیهم بكات، بۆچوونی دووهم تهنیا لهكاتی ناچاری و بهو مهرجه كاری لهسهر بكرێت، كه تهنیا بۆ ماوهیهكی كاتی بێت و قۆناغێكی كورت بێت، پێش گهیشتن بهچارهسهر بهپێی بۆچوونی سێیهم. بهڵام بۆچوونی یهكهم بههیچ جۆرێك شیاوی ئهوه نییه كاری لهسهر بكرێت.
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا؛ 🔹 (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە. 🔹 بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە. 🔹 بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە. 🔹 کەمترین بڕی بەفیڕۆچوون لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%). 🔹 ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%). 🔹 لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%). سەرەتا عێراق خاوەن یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەدەگەکەی بە (137 ترلیۆن) پێ سێجا سەلمێندراوە _1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا_ زیاتر لەوەش هەر بەپێی سەرچاوەکان یەدەگی نەسەلمێندراو دەگاتە (332 ترلیۆن) پێ سێجا، ئەم یەدەگە گەورەیەش لە غازی سروشتی وڵاتەکە دەباتە نێو ریزبەندی (10) یەکەمەکەی جیهان لەبوونی یەدەگی ئەم کانزا سروشتییە بە نرخە. ئەو یەدەگە لە غاز سروشتی عێراق دوو جۆرن، بەشێکیان غازی پەیوەست بە نەوتەوەن و لە کێڵگە نەوتییەکاندا چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبونەتەوە، ئەم جۆرەیان بە ڕێژەی (70%)ی غازی سروشتی عێراق پێکدەهێنێت، کە بە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت رێژەی دەرهێنانی ئەویش زیاد دەکات. جۆرێکی دیکەیان کێڵگەی تایبەت بە غازی سروشتین، بە ڕێژەی (30%)، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبوونەتەوە. بەڵام تا ئێستا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ غازی سروشتی، نەیتوانییەوە پشت بەخۆی ببەستێت، بەردەوامە لە هاوردەکردنی ئەم کانزایە، بەشی زۆری ئەو بەکاربردنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی (85%) وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە غازی سروشتی کاردەکەن. بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، رۆژانە زیاتر لە (40 ملیۆن) پێ سێجا غاز هاوردە دەکات، لە کاتێکدا زیاتر لەو بڕە بەبێ سود دەسوتێت و بەهەدەر دەچێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیک، لە عێراق ساڵانە بەبەهای زیاتر لە (2.5 ملیار) دۆلار غازی سروشتی دەسوتێت و بە هەدەر دەڕوات. لەگەڵ ئەوەی هۆکاری زۆر هەیە کە پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ سووتاندن و بەهەدەردانی غازی سروشتی، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو دۆخەوەن، کە بریتین لە؛ یەکەم؛ کەرتی غاز زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ هەیە، بە تێچوویەکی زۆر بەرزەوە. دووەم؛ هۆکاری شکستهێنانی عێراق لە ئیستغلالکردنی ئەو غازەی کە بەهەدەردەچێت سیاسیە، ئەویش ڕەنگە پەیوەست بێت بە فشارەکانی تاران بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە غازی ئێرانی، کە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا بەکاردەهێنرێت، بەردەوام بێت. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن دامەزراوەی وزەی جیهانییەوە سەبارەت بە ئامارەکانی پەیوەست بە بازرگانی غازی سروشتی لە جیهاندا پێشکەش کراوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ساڵانەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی ڕابردوودا (2022) "کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەی غازی سروشتی بریتی بووە لە (18.9 ملیار) مەتر سێجا، لەو ژمارەیەش (9.4 ملیار) مەتر سێجای هاوردەی عێراق کراوە، (9.1 ملیار) مەتر سێجای بۆ تورکیا و (0.4 ملیار) مەتر سێجای بۆ کۆماری ئازەربایجان چووە". لە رۆژی (25/4/2023) وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق "ئەحمەد موسا عەبادی" ڕایگەیاند؛ "قەبارەی خەرجی ساڵانە بۆ هاوردەکردنی غاز نزیکەی (8 ترلیۆن) دینارە، کە دەکاتە (6 ملیار) دۆلار". لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە بڵاوکراوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق – دەزگای ناوەندی ئامار (کۆمەڵە ئاماری ساڵانە 2022 - 2023) کە داتاکانی لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگرتووە. تیشک دەخەیەنە سەر بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رێژەی بەهەدەرچوونی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (1991 - 2022). یەکەم؛ بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، لە دوای ساڵی (1991)ەوە بەردەوام قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ڕووی لە هەڵکشانە، بەجۆرێک لە ساڵی (1991)دا تەنها بڕی (3 ملیار و 720 ملیۆن) پێ سێجا بەرهەمهێنراوە، بەڵام کێرفی بەرهەمهێنان تا ساڵی (2001) بەرزبوونەوەی بە خۆوە دیوەو گەیشتووە بە (14 ملیار و 758 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام تا کۆتایی ساڵی (2003) بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دابەزیوەو ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بە جەنگی (عێراق - ئەمریکا)، بەڵام لەدوای (2004)ەوە بەردەوام بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رووی لە زیادبوون کردووەو تا لە ساڵی (2019) گەیشتووە بە لوتکە و بڕی (32 ملیار و 699 ملیۆن) مەتر سێجا غازی تێدا بەرهەمهێنراوە، لە ساڵی (2022)شدا بڕی بەرهەمی غازی سروشتی گەیشتووە بە زۆرتر لە (30 ملیار) مەتر سێجا. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)) دووەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەکاربراو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار و 778 ملیۆن) مەتر سێجای بەکاربراوە، کەمترین بڕی بەکاربراویش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (3 ملیار و 157 ملیۆن) مەتر سێجا، بڕی بەکاربردن ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەڵام لە دوای ساڵی (2003)ەوە تا ساڵی (2015) بەکاربردن (لەکۆی بەرهەم) نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لەدوای ساڵی (2015)ەوە جارێکی تر بڕی بەکاربردن هەڵکشاوە، تا ساڵی (2022) گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (16 ملیار) پێ سێجای تێپەڕاندووە. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (2)). سێیەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (563 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام بڕی بەهەدەردان ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەشێوەیەکی ناسروشتی ساڵی (2016) بەهەدەردانەکە گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (17 ملیار 700 ملیۆن) پێ سێجای تێپەڕاندووە. لە ساڵی (2022)ش قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (14 ملیار و 476 ملیۆن) مەتر سێجا، بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (3)). چوارەم؛ رێژەی بەکاربردن و بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە، هاوکات بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%)، بەڵام لەو کات بەدواوە رێژەی بەفیڕۆچوونەکە ئێجگار گەورەبووەو بەتایبەت ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%)، بەڵام لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%)، بۆ وردەکاری ئامارو رێژەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (4)). سەرچاوەکان - وزارة التخطیط العراقیة، الجهاز المركزي للإحصاء، المجموعة الاحصائية السنوية 2022 – 2023؛ https://shorturl.at/bEHR3 - د. سمير خلف بندر، مشروع الطاقة المتكامل GGIP، وزارة التخطيط دائرة السياسات االقتصادية والمالية؛ https://shorturl.at/foJQT - شبکة روداو، العراق يستورد أكثر من 9 مليارات متر مكعب غاز من إيران خلال سنة، 4/7/2023؛ https://shorturl.at/bep09 - الطاقة، فاتورة استيراد الغاز الإيراني تكلف العراق 6 مليارات دولار سنويًا، 25/4/2023؛ https://shorturl.at/gktK6 - سبوتنیک، بالأرقام ... هكذا يهدر العراق غاز طبيعي بمليارات الدولارات، 10/10/2020؛ https://shorturl.at/orW16 - الحرة، "مشكلة قديمة" تؤرق العراق.. حرق الغاز بالمليارات و"ضغوط" حالت دون الاستفادة منه، 1/4/2023؛ https://shorturl.at/NTY38 - الجزیرة، تبذير لموارد العراق.. تعرف إلى ثاني أكبر دولة مبددة للغاز الطبيعي في العالم، 14/9/2020؛ https://shorturl.at/O0347
راپۆرت: درەو لەبری پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە رێگای دانوستانی سیاسی هەڵبژارد، بە زارەكی لایەنە عێراقییەكانی قایل كردووە بەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترین هەموار لە بودجەدا گۆڕینی ئەو بڕگەیەیە كە دەڵێ "پشكی هەرێم لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت"، خەرجی فیعلی چییە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. هەرێم داوای هەموار دەكات دوای زیاتر لە دوو مانگو نیو لە بڵاوبونەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە رۆژنامەی وەقایعو كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نەكەوتە بواری جێبەجێكردن، لەدواین پەرەسەندندا حكومەتی هەرێم پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی داهاتوودا. بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە واتای 17ی ئەم مانگە لە كۆبونەوەی خۆیدا دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازە بدات، ئەو سەرچاوانەی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون ئاماژە بەوە دەكەن، لایەنە عێراقییەكان لەوانە (مالیكی- عامری- قەیس خەزعەلی- حەیدەر عەبادی- خەمیس خەنجەرو حەلبوسی) بەڵێنیانداوە لەڕێگەی وەزیرەكانیانەوە رۆژی یەكشەممە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیازەكەی حكومەتی هەرێم بكەن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشنیازی هەمواری بودجە لەلایەن هەرێمەوە تەنیا بۆ ئەو ماددەو بڕگانەی بودجە نییە كە هەرێم تێبینی هەیە لەسەریان، بەڵكو هەموو ماددەكانی تریش دەگرێتەوە كە لایەنەكانی تر سەرنجو رەخنەیان هەیە لەبارەیەوە. رێككەوتنی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ دادگا 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەی تێدا كرابوو كە كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵدا دروست دەبێت، بۆیە لە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (13)ی یاساكەدا رێوشوێن بۆ چارەسەری كێشەكان دەستنیشان كراوەو لەم بڕگەیەدا هاتووە:" لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە مافو پابەندیو میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات". دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەمدواییە حوكمی خۆی لەبارەی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە دەركردو رایگەیاند" پەرلەمانی عێراق بۆی نییە بڕیار لەسەر كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ بدات، ئەم دەسەڵاتە بەپێی دەستور دراوە بە دادگای فیدراڵی". دوای راگەیاندنی شكستی دانوستانەكان لەبارەی یاسای بودجە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە، دەبوو بەگوێرەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، لیژنەی هاوبەشی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ پێشنیازو چارەسەری خۆیان لەناو راپۆرتێكدا ئامادە بكردایەو ئاڕاستەی دادگای فیدراڵییان بكردایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ناكۆكییەكانیان بدات، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە دادگای فیدراڵی بەدوور گرتو رووی لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی كرد، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت لە ساڵی رابردووەوە دادگای فیدراڵی عێراق زۆرینەی بڕیارەكانی لە بەرژەوەندی هەرێمدا نەبووە. كوردو هەمواری بودجە ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا زۆر جێگای سەرەنجەو داوای دەستكاریكردنی دەكرێت بابەتی دیاریكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەناو چوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراقدا. وشەی "خەرجی فیعلی" ئەم رۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەردوو حكومەتەكەوە زۆر باسدەكرێت، ئەم وشەیە لە ساڵی 2015دا بۆ یەكەمجار پەڕیوەتە ناو یاسای بودجەوە لە عێراق، واتا لەماوەی ساڵانی 2003 تا 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو ژمارانە بووە كە لە بودجەكاندا دیاریكراوە، نەك لەسەر بنەمای خەرجییە فیعلییەكان. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانو ئەندامی وەفدی دانوستانكاری هەرێم دەڵێ:" ئەگەر خەرجی فیعلی لەناو یاسای بودجەدا نەهاتایە، دەبوو (10 ترلیۆنو 800 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی كە بۆ 15 پارێزگاكە خەرجی دەكات لەوە 12,67%ی خەرج دەكات بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمو ئامادە نییە خەرجی فیعلی هەرێمی كوردستانیش بخاتە ناو خەرجی فیعلی عێراقەوە". خەرجی فیعلی چییە ؟ خەرجی فیعلی كە ئێستا سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی كە دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)و (حاكیمە) دەمێنێتەوە. بەپێی ئەوەی لە ماددەی (11) لە یاسای بودجە هاتووە، خەرجی فیعلی بریتییە لە (خەرجی رەوەنو خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)و (حاكمە)، پشكی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت. لە دوو مانگی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق بابەتی خەرجی فیعلی تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانیان بوو لە یاسای بودجەدا. بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، مافو شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێكو 384 ملیار) دینارە. وەزارەتی دارایی هەرێم پێیوا بوو، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێكو 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت. بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لێكدانەوەیەكی جیاوازتری بۆ ئەم بابەتە دەكرد، لێكدانەوەكەی بەمشێوەیە بوو: * بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە: - مانگانە (9 ترلیۆنو 976 ملیار) دینار خەرجی عێراقە (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆنو 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دینارە. - ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆنو 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە. - بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت. سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتبوو، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت: • مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI) • مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووەو تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە) • مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوەو لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات) • كۆی گشتی ئەم پارانە دەكاتە (168) ملیار دینارو لە پشكی هەرێم دەبڕێت. بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، عێراق بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نەبوو كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینان پێویستی پێی بوو كە بڕە (944 ملیار) دینارە. لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، بۆ حكومەتی هەرێم گرنگترین هەموار كە لە یاسای بودجەدا بكرێت ئەوەیە دەستكاری ئەو بڕگەی یاسای بودجە بكرێت كە دەڵێ پشكی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت، چونكە: • بەپێی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، ئەمە وایكردووە پشكی هەرێم لە بودجەكەدا كەم ببێتەوە. خەرجی حاكیمەو سیادی چییە؟ ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادیو حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە. خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێنو ئەم بوارانە دەگرێتەوە: • كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆنو 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت). • خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵكو ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت) • خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێكو 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت • پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنمو جۆ (3 ترلیۆنو 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). • خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێكو 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). • سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە). • خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە). تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆنو 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێكو 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆنو 438 ملیار) دینار زیاتر بێت. خەرجی سیادی كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆنو 294 ملیار) دینارە دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە: • بڕی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) • بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە • خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردنو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. • پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. • سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوەو هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێكو 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتییو دوانیان پارتینو یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە. • وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات. خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوەو لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت: - ئەنجومەنی نوێنەران - سەرۆكایەتی كۆمار - ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران - سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران - دەستەی حەشدی شەعبی - وەزارەتی دەرەوە - دەزگای دژەتیرۆر - وەزارەتی بەرگریی - دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنانو بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق - دادگای باڵای فیدراڵی - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە - دەستەی لێپرسینەوەو دادەپەروەریی - دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان - دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان - دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق - تێچووی دانوستانو داواكارییە یاساییەكان - پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو - خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە - بڕی پشكدارییە عەرەبیو نێودەوڵەتییەكان - خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانیو پاسپۆرتو مانەوەو فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی - پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانیو مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانیو فەرماندەیی هێزی سنور - ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی - پارەداركردنی هاوبەش - پرۆژەی بەندەرەكان - پرۆژەكانی هێڵی ئاسن - پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی - پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان - سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی - سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA - سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا - سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان - سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە - سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو - سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW - سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی - سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی - سودەكان لەسەر قەرزی چین - سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی - سودەكانی بیمەی هەناردەكردن - سودەكانی بیمەی سیادی - سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا - سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی - سودەكانی سەر قەرزی سعودیە - سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE - سودی سەر قەرزی كوەیت - سودی سەر قەرزی ئەمریكا - سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI - سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی - سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی - سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس - سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس - سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە - سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری - سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە - سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەینو بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە - سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016 - سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند - سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانو بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015 - پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن - قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015و 2016 - پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس - پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس - پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR - پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی - پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان - پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی - قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW - پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە - پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF - پێدانەوەی قیستی قەرزی چین - پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE - پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی - پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی - پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری - پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان - پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی - پێدانەوەی قەرزی كوەیت - پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI - پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی - پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی - پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان - پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەو كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو - پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە - پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان - قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشیدو رافیدەینو بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجەو كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە
درەو: كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی كوردستان لەناوخۆدا بەكار دەهێنێت، كە لە ئێستادا تەنیا (80) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، لەمەودوا بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، (150) هەزار بەرمیل بۆ كار، (40) بەرمیل بۆ قەیوان، (90) هەزار بەرمیل بۆ (لاناز، دووكان، ڤینۆس)، (120) هەزار بەرمیل بۆ نوسەیبەب، دۆلارە، كەربەلا. دوێنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەل بەرپرسانی كۆمپانیای (سۆمۆ) كۆبوونەوە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركرا، لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی سۆمۆ ئاماژەیان بەوەكردووە: لە ئێستادا (79) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێندرێت و دەپاڵیورێت بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام بڕیاریانداوە (400) هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێمی كوردستان سەرجەمی بەم شێوەیە بەكاربهێنن: * (150) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەی كار و بەكارهێنانی بۆناوخۆ * (120) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەكانی نوسەیب و كەربەلاو دۆرە * (40) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی قەیوان لە بازیان بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ * (90) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەكانی لاناز، دووكان، ڤینۆس
(درەو): لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە، تا ئەوكاتە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (800 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بداتو سەرباری ئەوە حكومەتی هەرێم (300 ملیار) دیناری مانگانەی ناوخۆ بەكاربهێنێت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، ئەمە پێشنیازی وەفدی هەرێم بووە لە بەغداد، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات. دوو پێشنیازی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاردا! وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەغداد گەڕایەوە، سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی بە گەشبینییەوە دەركەوتن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدی كوردستان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، وەفدی هەرێم بۆ پرسی پشكی كوردو موچە لە بودجەی گشتی عێراقدا دوو چارەسەری خستوەتەڕوو كە ئەمانەن: • چارەسەری كورتخایەن: بەغداد بۆ مانگەكانی (8،7)و تاوەكو سەری ساڵی 2023 حكومەتی عێراق مانگەكانە بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە، ئەمە لەگەڵ بەكارهێنانی بڕی (300 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ تەواوكردنی خەرجی مانگانەی موچە كە بڕەكەی (944 ملیار) دینارە، بەپێی ئەم پێشنیازە، حكومەتی هەرێم مانگانە بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتی ناوخۆوە بڕی (ترلیۆنێكو 100 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی (944 ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران تەرخان دەكاتو بڕی (160 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەتو پرۆژەكان تەرخان دەكات. بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێشنیازەو بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم دوێنێ چاوی بە هەریەكە لە (خەمیس خەنجەر- حەیدەر عەبادی- محەمەد حەلبوسی- نوری مالیكی- هادی عامری- قەیس خەزعەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو لایەنانە بەڵێنیان بە وەفدەكەی هەرێم داوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە دەنگ بە پێشنیازەكەی وەفدی هەرێم بدەن. • چارەسەری درێژخایەن: وەفدی هەرێم هەرێم پێشنیاری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە هەمواری ژمارەیەك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق، ئەم تەنیا هەمواری بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم نەگرێتەوە، بەڵكو داواكاری لایەنەكانی تریش لەبارەی هەمواری یاسای بودجە لەپرۆژەیەكی هەمواردا كۆبكرێتەوە. بۆ كورد تەوەری سەرەكی هەمواركردن لە یاسای بودجەدا لابردنی ئەو بڕگەیە كە دەڵێ سایشتەی دارایی هەرێمی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا، چونكە ئەم بڕگەیە بووەتە هۆی كەمبونەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، تا ئەوكاتەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە، وەفدی هەرێم داوا دەكات بەپێی پێشنیازی چارەسەری كورتخایەن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.
جیهانگیر سدیق گوڵپی له نووسینهكانی پێشوودا باسمان لهوه كردووه، كه پێدانی شایستهكانی ههرێمی كوردستان له بودجهی عێراق لهسهر بنهمای خهرجیی فیعلی ستهم و داهێنانێكی نهگونجاو و ناقۆڵایه و لهگهڵ هیچ ڕێسا و پرهنسیپێكی دارایی گشتی و بودجه ناگونجێت و شیاوی جێبهجێكردن نییه و هیچ پاساوێك ڕهوایی بهبوونی نادات لهناو یاسای بودجهدا. لهسهروبهندی پهسهندكردنی یاسای بودجه و لهم ڕۆژانهی ڕابردوویشدا چهند بهڕێزێك قسهیان لهوه دهكرد، كه پاساوی بهغدا بۆ دانانی ئهم بهربهست و پێوهره لهناو یاساكانی بودجهی عێراقدا بۆ پێدانی شایستهكانی ههرێم، بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، كه له ناوهڕاست و خوارووی عێراق بودجهكه ههمووی خهرج ناكرێت و بڕێكی زۆری دهگهڕێنرێتهوه بۆ گهنجینهی عێراق، بۆیه بهغدا دهڵی دهبێ ههرێمیش بهپێی بڕی خهرجكراوی فیعلی بهشهكانی تری عێراق شایستهكانی بۆ خهرج بكرێت. ههرچهنده ئێمه پێمان وایه كه ئهگهر ئهو قسانه ڕاستیش بن هێشتا بههیچ جۆرێك ناتوانن ببنه پاساوی ڕهوا. لهگهڵ ئهوهیشدا بهپێویستی دهزانین ڕوونی بكهینهوه، كه ئهو بابهته ڕاست نییه و كۆمهڵێك گرفت و تهمومژی گهورهی تیدایه، وهك لهخوارهوه بهكورتی سهرنجی دهخهینه سهر. دۆخی دارایی عێراق (خهرجیی فیعلی، كورتهێنان و زیاده، باڵانسی سوڕاو، كهڵهكهبوونی قهرزهكان) له ٢٠٠٤هوه تاكوو ئێستا، ههموو ئهو ساڵانهی كه عێراق یاسای بودجهی ههبووه، بودجه خهمڵێنراوهكهی به كورتهێنانێكی زۆرهوه ئاماده و پهسهند كراوه، واته ههمیشه خهرجییه خهمڵێنراوهكان زیاتربوون له داهاته خهمڵێنراوهكان، بهڵام لهكۆتاییدا و لهئهنجامی جێبهجێكردندا دهركهوتووه، كه له زۆربهی ساڵهكاندا بودجهی جێبهجێكراوی عێراق زیادهی دارایی ههبووه، واته داهاته فیعلییهكان زیاتر بوون له خهرجییه فیعلییهكان، بهجۆرێك كه بهپێی داتاكانی بانكی ناوهندیی عێراق و وهزارهتی دارایی كۆی پوختهی زیادهی فیعلی لهماوهی (٢٠٠٤-٢٠٢٢) زیاتر له (٢٠٠) ترلیۆن دینار بووه. هۆكاری سهرهكیی ئهمهیش بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه كه ههمیشه بڕی خهرجكراوی فیعلی كهمتر بووه له بڕی داهاته فیعلییهكان، لهههمان كاتیشدا بڕی خهرجكراوی فیعلی كهمتر بووه له بڕی تهرخانكراوهكانی ناو یاسای بودجه، ئهمهیش لهبهر ئهوهی كه ههم توانای جێبهجێكردنی بودجه لهلای فهرمانگهكان له ناوهڕاست و خواروو لاواز بووه، ههم زۆرجار یاسای بودجه دواكهوتووه، ههمیش بڕێكی زۆر له تهرخانكراوهكان بهشێوهی پێشینه دراون به فهرمانگه و وهزارهتهكان و تاكوو ئێستایش پاكتاو نهكراون. ئهم بڕانه لهسهر خهرجییهكان حساب نهكراون، دۆكیۆمێنتی خهرجكردنیان نییه بۆ پاكتاوكردن، ماوهی یاسایی پاكتاوكردنیشیان چهندین ساڵه تێپهڕیوه. لێرهوه سهرنجهكانمان له دوو خاڵدا چڕ دهكهینهوه: یهكهم: ههبوونی زیادهی فیعلی لهبودجهی جێبهجێكراو بهواتای ئهوهیه كه داهاته ئاساییه فیعلییهكان زیاتربوون له خهرجییه فیعلییهكان، ئهمه ئهو دۆخه داراییەیە كه له عێراقدا له زۆربهی ساڵهكاندا ههبووه، له دۆخێكی لهو جۆرهدا جێگهی سهرسوڕمان و پرسیاره كه لهو ماوهیهدا بۆچی قهرزهكانی سهر عێراق ساڵ بهساڵ ههڵكشان؟ ههبوونی زیادهی دارایی فیعلیی زۆر و گهورهبوونی قهبارهی قهرزهكانی سهر عێراق لهیهك كاتدا لهگهڵ هیچ لۆژیكێكی ئابووری و داراییدا وێكنایهتهوه. لهماوهی ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٢٢ لهپاڵ ههبوونی زیادهی دارایی فیعلیی زۆردا، قهرزه ناوخۆییهكانی عێراق له ٦ ترلیۆن دینارهوه زیاد بوون بۆ زیاتر له ٦٩ ترلیۆن دینار، قهرزه دهرهكییهكانیش بهبڕی زیاتر له ٢٠ ملیار دۆلار زیادیان كردووه. بهم جۆره له ماوهی ٢٠٠٤-٢٠٢٢ لهپاڵ ههبوونی زیاتر له ٢٠٠ ترلیۆن دینار زیادهی فیعلی، كهچی قهرزه ناوخۆییهكان بهبڕی زیاتر له ٦٣ ترلیۆن زیادیان كرد و قهرزه دهرهكییهكانیش بهبڕی زیاتر له ٢٠ ملیار دۆلار زیادیان كرد. كه ئهمه جێگهی پرسیار و مایهی سهرسوڕمانی گهورهیه! دووهم: لهكاتی ههبوونی زیادهی بودجهی جێبهجیكراو لهكۆتاییی ساڵدا، پێویسته بڕی زیادهكه بهبێ كهموزیاد ڕاستهوخۆ بگوازرێتهوه بۆ بودجهی ساڵی داهاتوو و لهیاسای بودجهدا وهك باڵانسی سوڕاو تۆمار بكرێت. ئهوهی جێی سهرنجه ئهوهیه تاكوو ساڵی ٢٠١٥ سهرهڕای ههبوونی زیادهی فیعلیی له ههموو ساڵهكاندا، بهڵام لهیاساكانی بودجهی عێراق هیچ ژمارهیهك نییه كه گوزارشت له باڵانسی سوڕاوی ساڵانی پێشتر بكات، له یاساكانی ٢٠١٥-٢٠٢٣یش كۆی ئهو بڕهی كه وهك باڵانسی سوڕاو له یاساكانی بودجهدا تۆمار كراوه تهنیا دهوروبهری ٤٠ ترلیۆن دیناره. واته بهدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لهنێوان زیادهی فیعلیی و باڵانسی سوڕاودا جیاوازییهكی گهوره ههیه. بۆ نموونه تهنیا له كۆتایی ٢٠٢٢ زیادهی فیعلی لهبودجهی جێبهجێكراوی ئهو ساڵه نزیكهی ٣٠ ترلیۆن دینار بووه، بهڵام وهك بینیمان لهیاسای بودجهی ساڵی ٢٠٢٣دا تهنیا ٢٣ ترلیۆن دینار وهك باڵانسی سوڕاو تۆماركرابوو، واته نزیكهی ٧ ترلیۆن دیناری نادیار بوو، تاكوو ئێستایش نههیچ پرسیارێك لهو بارهیهوه كراوه، نه هیچ ڕوونكردنهوهیك دراوه. پوختهی قسه ئهوهیه كه له نێوان خهرجیی فیعلی و پێشینه پاكتاو نهكراوهكان و زیادهی فیعلیی بودجهی جێبهجێكراو و باڵانسی سوڕاو و كهڵهكهبوونی قهرزهكاندا دنیایهك ناڕوونی و كهلێنی گهوره ههیه، كه زیانی گهورهی به دارایی عێراق گهیاندووه و ڕاستكردنهوه و چارهسهریشی زۆر ئهستهمه، ئهمهیش لهكاتیكدا كهسانێك دهیانهوێ پاساوی كهمیی خهرجییه فیعلییهكانی عێراق بهڕهوا بزانن بۆ ئهو ستهمهی لهپێدانی شایستهكانی ههرێم دهكرێت.
فهرهاد حهمزه محهمهد، سهرۆكی ئهندازیاران له كۆمپانیای نهوتی باكوور بڕیارهكهی ئهم دواییهی دادگای پاریس خاڵێكی وهرچهرخانی گرنگ بوو له نێوان دوو سهردهمدا سهردهمی بێسهروبهرهیی له بهرههمهێنانی نهوتی ههرێمدا لهگهڵ سهردهمی ستۆپ پێكردنی بهفیرۆدانی ئهو سامانه . پاشان له هاتنه پێشهوهی یاسای بودجهدا كاربهدهستانی ههرێم كه هیچ شارهزاییان له زانستی نهوت دا نهبوو دهركیان بهو خاڵه نهكرد كه ههرێم ناتوانێت رۆژانه 400 ههزار بهرمیل نهوت ڕادهست بكات لهبهر جیاوازی زۆری كرێی تێچوونی بهرمیلێك نهوت له نێوان ههرێم و بهغدا . بریار بهدهستانی ههرێم دهركیان بهو ڕاستیه نهكرد كه وهزارهتی نهوتی عێراق لهسهر پڕانسیپی (جدوی اقتصادی) كاردهكات و ههڕ كێڵگهیهك سوودێكی ئابووری وههای نهبێت لهكاتی ئێستادا وازی لێدههێنێت و دوای دهخات بۆ سهردهمی خۆی كه بهشیكی زۆری كێڵگهكانی ههرێم دهكهونه ئهم چوارچێوهیهوه بۆنموونه كێڵگه چیاسوورخ و تهقتهق به ههردوكیان 5 ههزار بهرمیل بهرههمیانه ئهمه دهستمایهی چهندێكهو قازانجی چهنده؟ ئةو دهستوورهی كه خۆشمان دهنگمان پێداوه له بواری نهوت ههرێم و پارێزگا بهرههم هێنهكان به یهك چاو سهیر كراون وهیچ تایبهتمهندییهك به ههرێمهكان نهدراوه. بهكورتی بۆ ئهوهی خهڵكی ههرێم لهم چهرمهسهرییهی 10 ساڵه پێوهی ئهتلێتهوه رزگار بێت پێویسته رۆژێك زووتر مهلهفی نهوت بدرێتهوه دهست بهغدا و با خۆیان له رێی دروست كردنی كۆمپانیایهكهوه له ههرێم ئیدارهی بدهن , ههر چهندێك دوای بخهن و خۆیان ڕابپسكێنن دوا جار ههر ئهمهی ووتمان ئهبێت به چارهسهر چونكه ماددهی 111 و 112 ی دهستوور وامان پێدهڵێت .
(درەو): وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو ئەندامێتی (قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) گەیشتە بەغداد. سەردانەكە دوای ئەوە دێت هەردوو حكومەتی هەرێمو عێراقی فیدراڵی لایخۆیانەوە شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی یاسای بودجەو پشكی هەرێم لە یاساكەدا راگەیاند. بەر لەم سەردانە وەفدێكی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی تارانی كرد، گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بینی، هاوكات لە هەولێریش سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئێرانو ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد كرد. لەدوای ئەم جموجوڵانە، یەكێتییو بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە ماوەیەك بوو لە وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد دووركەوتبووەوە، گەڕایەوە ناو وەفدەكە. لەسەرەتای 2023ەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (19) جار چوونە بەغداد، بەڵام ئەم سەردانە زۆرانە نەیتوانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا زامن بكات، ئەمەش لەسەردەمێكدا كە حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكانی لەدەستداوە، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە لەرێگەی توركیا، لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ ماوەی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، هەردوو حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم تێگەیشتنیان لەبارەی بڕگەكانی یاسای بودجە جیاوازو ناكۆكە، حكومەتی هەرێم پێیوایە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا (16 ترلیۆنو 498) ملیار دینارە بۆ یەك ساڵی دارایی، واتا مانگانە بڕی (1 ترلیۆنو 375) ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری بەتەنیا تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە. بەڵام وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی یەك لەسەر دوانزەی رێككەوتنی فیعلی لەگەڵ هەرێم كارمانكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش هەرێمی كوردستان تەنها 2 ترلیۆنو 500 ملیار دینار شایستەیەتی، بەپێی ئامارەكان لەماوەی ئەو 6 مانگەدا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوتیو نانەوتی زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم (5 ترلیۆنو 800 ملیار) دینار بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەند. لەماوەی رابردوودا هەولێرو بەغداد لە بارەی پاكتاوی حساباتی ساڵانی رابردوو هەروەها داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەناو یاسای بودجەدا ناكۆك بوون، ناكۆكییەك كە هێشتا بەردەوامەو ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن دەڵێن بە گفتوگۆكردن لەبارەی ژمارەكانەوە هەرگیز ناگاتە چارەسەرو پێویستی بە دانوستانو رێككەوتنی سیاسی هەیە. ئەم بارودۆخە بارگرانییەكی نوێی بۆ موچەخۆران لە هەرێم دروستكردووە، هێشتا موچەی مانگەكانی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەم دۆخە سەختەوە نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسیوەو داوای لێكردوە پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات.
درەو: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هانا بۆ سەرۆكی ئەمریكا دەبات و دەڵێت لەرووی ئابوری و سیاسیەوە خوێن لە جەستەمان دەتكێ " ترسی ئەوەمان هەیە قەوارەی هەرێمی كوردستان بڕوخێت، ئەگەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر نەكرێن" پێگەی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 3ی ئەیلولدا نامەیەكی ئاراستەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا كردووەو یەكشەمەی رابردوو نامەكەی گەیەندراوەتە كۆشكی سپی. لە نامەكەیدا مەسرور بارزانی هانا بۆ سەرۆكی ئەمریكا دەبات و دەڵێت: ئێستا ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم لە ساتەوەختێكی چارەنوسسازی مێژوویداین، دۆخێك كە زەحمەتە بەسەریدا زاڵ بین... ئێمە لەرووی ئابووری و سیاسیەوە خوێنمان لێ دەتكێ، بۆ یەكەمجار لەوەتەی من سەرۆك وەزیرانم، نیگەرانیەكی قوڵ دایگرتووم كە هەڵمەتێكی ناشەرەفمەندانە لە دژمان بەڕێوەدەچێت لەوانەیە ببێتە هۆی رووخانی ئەو مۆدێلە فیدراڵیەی كە ئەمریكا لە 2003 پشتیوانی كردووە لە عێراق و لەوكاتەوە لە پشتی وەستاوە. لە نامەكەیدا مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بە زووترینكات دەستوەردان لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بكات و كێشەكە چارەسەر بكات. بە پێی راپۆرتەكەی (ئەلمۆنیتەر) ئەمریكی تا ئێستا كۆشكی سپی وەڵامی نامەكەی مەسرور بارزانی نەداوەتەوە. دەقی راپۆرتەكەی (ئەلمۆنیتەر) https://www.al-monitor.com/originals/2023/09/letter-biden-barzani-warns-iraqi-kurdistans-collapse-urges-mediation#ixzz8D7uKKqRc
لە هەرێم پارێزگای سلێمانی و لە عێراقیش پارێزگای دیالە زۆرترین بومەلەزەیان تێدا تۆمارکراوە درەو: 🔻 بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق 🔹 ساڵی (2020) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (308) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارێزگای سلێمانی زۆرترین حاڵەتی لێ تۆمارکراوە و گەیشتووە بە (26) حاڵەت، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش زۆرترین بومەلەرزە لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوەو گەیشتووە بە (68) حاڵەت. 🔹 بەرزترین پلەی رێخەر (5) پلە بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2020) بریتی بووە لە (2) پلەی رێختەر. 🔹 ساڵی (2021) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (354) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی زۆرترین حاڵەتی لێ تۆمارکراوە و گەیشتووە بە (53) حاڵەت و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش زۆرترین بومەلەرزە لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوەو گەیشتووە بە (83) حاڵەت. 🔹 بەرزترین پلەی رێخەر (5.2) پلە بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (1.6) پلەی رێختەر. یەکەم؛ ژمارەی بوومەلەرزە و بەرزترین و نزمترین پلەکانیان بەپێی پێوەری ڕێختەر، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لەساڵی (2020) بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە ساڵی (2020) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (308) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەرزترین پلەیەک تۆمار کرابێت (5) پلەی رێختەر بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2020) بریتی بووە لە (2) پلەی رێختەر. زۆرترین حاڵەتەکانیش لە مانگی کانونی دووەمی (2020) تۆمارکراوەو کەمترین حاڵەتیش لە مانگی تشرینی یەکەم بووەو گەیشتووە (4) حاڵەت و سەرجەمیان لەسەر سنورەکانی عێراق تۆمار کراون. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (31) حاڵەتی بومەلەزرە رویداوە، بەجۆرێک لە پارێزگای هەولێر (5) حاڵەت تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (3.6) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش (26) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (4.8) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.5) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکیش هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. زۆرترین ئەو حاڵەتانەش کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە مانگی تەموز بووەو گەیشتووە بە (7) حاڵەت و لە مانگەکانی شوبات و تشرینی یەکەم هیچ رودانێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش لە پارێزگاکانی (ئەنبار، بەغداد، بابل، کەربەلا، سەڵاحەدین، نەجەف، قادسیە، موسەنا و زیقار) هیچ حاڵەتێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق (92) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە بە جۆرێک؛ لە پارێزگاکانی؛ نەینەوا (2) حاڵەت، لە کەرکوک (5) حاڵەت، لە دیالە (68) حاڵەت، لە واست (12) حاڵەت، لە میسان (3) حاڵەت و لە بەسرە (2) حاڵەت تۆمار کراوە. لە مانگی کانونی دووەم زۆرترین حاڵەتیان تۆمار کراوەو گەیشتووە بە (19) حاڵەت و لە تشرینی یەکەمی ساڵی (2020) هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. بەرزترین پلەی تۆمارکراو بریتی بووە لە (4.9) پلەی رێختەر و نزمترینیشیان (2) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی ناوچە سنورییەکانی عێراقیش (185) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەی تۆمارکراو تێیاندا بریتی بووە لە (5) پلەی رێختەر و نزمترینیشتان (2) پلەی رێختەر بووە، زۆرترین حاڵەتاکانیش لە مانگەکانی (شوبات و حوزەیران) تۆمار کراون و گەیشتوون بە (32) حاڵەت و لە مانگی تشرینی دووەمیش کەمترین جار بومەلەرزە رویداوەو تەنها (3) حاڵەت تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری تەواوی ئامارەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتەکانی ژمارە (1 و 2)). دووەم؛ ژمارەی بوومەلەرزە و بەرزترین و نزمترین پلەکانیان بەپێی پێوەری ڕێختەر، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لەساڵی (2021) بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (354) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەرزترین پلەیەک تۆمار کرابێت (5.2) پلەی رێختەر بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (1.6) پلەی رێختەر. زۆرترین حاڵەتەکانیش لە مانگی نیسانی (2021) تۆمارکراوەو کەمترین حاڵەتیش لە مانگی تشرینی دووەم بووەو گەیشتووە (14) حاڵەتی تۆمارکراو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (57) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەجۆرێک، لە پارێزگای هەولێر (3) حاڵەت تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (2.8) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش (53) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (5.1) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.4) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکیش (1) حاڵەت تۆمار کراوە بە (3.2) پلەی رێختەر. زۆرترین ئەو حاڵەتانەش کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە مانگی نیسان بووەو گەیشتووە بە (17) حاڵەت و لە مانگەکانی ئازار و تشرینی دووەم (1) حاڵەتی بومەلەرزە تێیاندا تۆمار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش لە پارێزگاکانی (ئەنبار، بەغداد، بابل، کەربەلا، سەڵاحەدین، نەجەف، قادسیە، موسەنا، زیقار و بەسرە) هیچ حاڵەتێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق (117) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە بە جۆرێک؛ لە پارێزگاکانی؛ نەینەوا (13) حاڵەت، لە کەرکوک (5) حاڵەت، لە دیالە (83) حاڵەت، لە واست (7) حاڵەت و لە میسان (9) حاڵەت تۆمار کراوە. لە مانگی تەموز زۆرترین حاڵەتیان تۆمار کراوەو گەیشتووە بە (21) حاڵەت و لە تشرینی دووەمی ساڵی (2021) تەنها (2) حاڵەت تۆمار کراوە. بەرزترین پلەی تۆمارکراو بریتی بووە لە (5.2) پلەی رێختەر و نزمترینیشیان (1.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی ناوچە سنورییەکانی عێراقیش (180) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەی تۆمارکراو تێیاندا بریتی بووە لە (5.1) پلەی رێختەر و نزمترینیشتان (2.2) پلەی رێختەر بووە، زۆرترین حاڵەتاکانیش لە مانگی (نیسان، حوزەیران و تەموز) تۆمار کراون و گەیشتوون بە (23) حاڵەت و لە مانگی تشرینی یەکەمیش کەمترین جار بومەلەرزە رویداوەو تەنها (8) حاڵەت تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری تەواوی ئامارەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتەکانی ژمارە (3 و 4)).
(درەو): لە یەك رۆژدا باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران هاتونەتە هەولێر بۆ ئەوەی ئاگادار بكرێن لە دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای بودجەوە، بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی كورد تا كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتیان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، دوای ئەوە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوە دەبێت. خاتوو ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمریكاو ئاغای محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران هەردووكیان ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینی. بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكانی حكومەتدا ئاماژەی بۆ كراوە، سەردانی باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران بۆ هەولێر پەیوەندی بە پرسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادەوە هەیە سەبارەت بە یاسای بودجە. هاوكات لەگەڵ ئەم جموجوڵانەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، بەناوی نوێنەرانی كوردەوە لە هەموو فراكسیۆنەكان (جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) رایگەیاند، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دوای ئەم وادەیە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوەیە. جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا نوێنەرانی كورد بە پەرلەمانتارو وەزیرەوە دەست بۆ بژاردەی كشانەوە لە بەغداد دەبەن یاخود نا، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە هەردوو حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم بەفەرمی شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق راگەیاندووە. رۆژی 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردن، لەوكاتەوە نوێنەرانی هەردوو حكومەت چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوەی دانوستان، ئەنجامی دانوستانەكانی دەریخست، هەردوولا بە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەكەن، هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەندییەكانیان لە بودجەدا جێبەجێ نەكردووە، هەولێرو بەغداد لە یاسای بودجەدا لەبارەی خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت، خەرجی نانەوتییو پاكتاوكردنی حساباتی ساڵانی رابردوو، ناكۆكن. موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول نزیكدەبنەوە، كەچی هێشتا موچەی مانگەكانی (تەموزو ئاب)یان پێنەدراوە، ئەمەش فشارێكی توندی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرەتای بایكۆتكردنی دەوام لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەستیپێكردووە. حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەر سێ مانگی (9-10-11)ی ئەمساڵ مانگانە وەكو قەرز بڕی (500 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكردووە، بەو ئومێدەی لەم سێ مانگەدا هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی یاسای بودجەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێ (500 ملیار) دیناری مانگانە بەشی ناكات بۆ ئەوەی خەرجی موچە دابین بكات كە مانگانە (944 ملیار) دینارە. تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەوێ وتی:" پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێم زۆر زیاتر لە شایستە داراییەكانی لە بودجەدا". بریكاری وەزیری دارایی عێراق مەسعود حەیدەرە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ قسەی كرد، رایگەیاند" لێكدانەوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا دروست نییە، تەنیا پشكی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاساكەدا مانگانە 775 ملیار دینارە". ئێستا كە ئیتر هەردوو حكومەت لە گفتوگۆو دانوستان ماندوو بوونو ناگەنە رێككەوتن، لە هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی بە نێودەوڵەتیكردنی پرسەكە دەستیپێكردووە، بەتایبەتیش سەردانی ئەمڕۆی هەردوو باڵیۆزی ئێرانو ئەمریكا بۆ هەولێر. هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم بۆ چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە لەیاسای بودجەدا رێوشوێن دانراوە بۆ ئەگەری دروستبوونی كێشە لەنێوان هەردوولادا، رێوشوێنەكە ئەوەیە لیژنەی هاوبەشی هەردوو حكومەت راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجە بەرزبكەنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێبدات، بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەم بڕگەی دەستكاریكردو رایگەیاند، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە بڕیار لە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر یاسای بودجەدا بدات پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵكو ئەم دەسەڵاتە بە دادگای فیدراڵی دراوە.
(درەو): وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان داوای تێچوونی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات، تێچووی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان (31) دۆلارە، بەڵام حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیلی نەوتی هەرێم تەنیا (6) دۆلاری تەرخانكردووەو سەرباری ئەمە ئامادە نییە خەرجی گواستنەوە دابین بكات، واتا ئەوهی بەغداد دابینی دەكات (25) دۆلاری كەمترە لهوهه ههرێم داوای دهكات. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە، كۆی تێچووی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەئەستۆی حكومەتی عێراقەو پێویستە خەرجییەكانی بدات. خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان بڕی (24) دۆلارە، خەرجی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش بڕی (7) دۆلار دەكەوێت، واتا پرۆسەی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی هەر بەرمیلێكی نەوتی هەرێم بە تێكرا (31) دۆلار دەكەوێت. لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا، خەرجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دیاریكراوە، كە بڕەكەی (6) دۆلارەو زۆر كەمترە لە خەرجی نەوتی هەرێم، سەرباری ئەمە لە بەرپرسانی عێراق ئامادە نین پارە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخان بكەن، چونكە بەبۆچوونی ئەوان گواستنەوەی نەوت بابەتێكی فیدراڵییەو نابێت هەرێمی كوردستان بۆری تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەم بابەتەشیان لە رەشنوسی پرۆژەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا چەسپاندووە، كە تائێستا لەنێوان هەرێمو بەغداد رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوەو نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، بەمدواییە راگەیاند، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2023ی عێراقەوە هەرێمی كوردستان رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگەی (كار) كردووە كە كار بۆ حكومەتی عێراق دەكات، بەڵام بەغداد هیچ بڕەپارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا تەرخان نەكردووە. خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە (6) دۆلار دیاریكراوە بۆ هەر بەرمیلێك، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی لە هەرێم نیگەران كردووە، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆمپانیاكان بە فەرمی ئاگاداریان كردوون كە ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بۆ هەرێم بەرهەمبهێنن.
راپرسی درەو راپرسیەكی دامەزراوەی میدیایی درەو سەبارەت بە (رای هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان) پێشەكی: پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی بودجەو موچەو نەوت و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا بەردەوام و هەورازو نشێوی بەخۆوە بینیوەو لە گفتوگۆو دانوستاندا بوون، ئەم ناكۆكی و كێشە سیاسیانە چی كاریگەرییەكی لەسەر هاولاتیانی نێوان هەردولا هەبووە؟. بۆ وەرگرتنی راو بۆچونی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی لەسەر پرسی نەوت و گەندەڵی و سەربەخۆیی و پەیوەندیی هاوڵاتیانی نێوان هەردوولا بەشی راپرسی لە دامەزراوەی میدیایی درەو، راپرسیەكی ئەنجامدا، كە تیایدا (910 ) هاوڵاتی عەرەب لە (15) پارێزگای عێراقەوە بەشداریان تێداكرد. ئەم راپرسیە بەسەرپەرشتی (پ.ی.د. نیاز نەجمەدین) مامۆستای زانكۆی سلێمانی ئەنجامدراوە. راپرسیەكە لەرێگەی فۆرمی تایبەت و بەشێوازی پلاتفۆرمی ئەلكترۆنییەوە گەیشتووەتە بەردەستی بەشداربووان و لە ماوەی (24/8 - 4/9/2023 )ئەنجامدراوە. دەرئەنجام: • (46%)ی بەشداربووان پێیان وایە ئەركی حكومەتی عێراقە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات • (81%)ی بەشداربووان پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نیە. • (56%)ی بەشداربووان پێیان وایە رێژەی گەندەڵی لە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقدا هەیە • (61%) پێوان وایە حكومەتی هەرێم سەركەوتووبووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان وەك لە حكومەتی عێراق • (19%) پێیان وایە ئاساییە هەرێمی كوردستان جیاببێتەوە • (38%)ی بەشداربوان لەگەڵ ئەوەن هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە • (45%) لەگەڵ ئەوەن ئەزمونی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ عێراق و (55%) رەتی دەكەنەوە • (47%)ی بەشداربووان ئارەزوو دەكەن سەردانی سلێمانی بكەن و (33%) پارێزگای هەولێر. • (44%) ئارەزوو دەكەن لە هەرێمی كوردستان بژین • (57%) ئەوانەی سەردانی هەرێم دەكەن ناڕازین لە بازگەو پشكنینە ئەمنییەكان دەقی راپرسیەكەی (درەو) "رای هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان"