Draw Media

موچە بۆ دواكەوت؟

موچە بۆ دواكەوت؟

2024-05-12 09:27:46


درەو:
"جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچەیە، لە تەوتینی موچە، رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان، پێشكەشكردنی (میزان مراجعە)ی مانگانە لە وادەی خۆی" ئەمەوتەی تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی عێراقە.
ماوەی نزیكەی 20 رۆژ بەسەر وادەی ناردنی موچەی مانگی نیسانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە، تا ئێستا حكومەتی فیدراڵ موچەی نەناردووە، بەپێی بە دواداچوونەكانی (درەو) كە گفتوگۆی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتار و كەسایەتییانە كردووە لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەتەوەو لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان كردووە، ئەوان باس لەوە دەكەن تەیف سامی بەروونی پێی وتووین بەم شێوازە موچە نانێرێت، ئەو دەیەوێت لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی موچە رەوانە بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم بەتەواوی پابەندی بڕیارەكان نیەو وەك خۆی جێبەجێیانی نەكردووە، تەیف سامی بەروونتر وتویەتی:
•    بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی روونە لەسەر "تەوتین" كە دەبێت لە بانكە حكومییەكانی دەرەوەی هەرێم بێت و راستەوخۆ موچە بخرێتە سەر ئەو بانكانە، بەڵام حكومەتی هرەێم لەو پرسەدا فیڵ دەكات و بڕیارەكە جێبەجێ ناكات و دەیەوێت لە بانكەكانی خۆی "تەوتین" بكات ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیە.
•    میزان مراجەعە مانگانە لەكاتی خۆی ناینێرێت و دوای دەخات و كە دەشینێرێت بە كۆمەڵێك كەموكوڕی زۆرەوە دەینێرێت (وەك لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە).
•    تا ئێستا یەك دینار لە داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی خەزێنەی حكومەت نەكردووە (وەك لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە).

تەیف سامی ئاماژەی بەوەكردووە لە مانگی شوباتەوە بڕیارەكەی دادگای فیدرالًی سەبارەت بە موچە دەرچووە، تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ یەكێك لە بڕگەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەك خۆی جێبەجێنەكردووە، ئیتر من لەسەر چی بنەمایەك موچە رەوانە بكەم، من یاسا جێبەجێدەكەم سبەینێ لێپرسینەوەم لەگەڵ دەكرێت.   

دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵًی عێراق سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان:
یەكەم:
•      پابەندكردنی هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە كردنەوەی حساب بانكی بۆ موچەی (فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكان و پارێزگاكان و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و سەرجەم فەرمانبەری لایەنە حكومییەكانی ترو خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی) لەو بانكە حكومییە فیدراڵییانەی كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
•     پارەی موچەی فەرمانبەران لە پشكی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت كه لە یاسای بودجەدا هاتووە.
•    هەموو ئەوانەی كه لە هەرێمی كوردستان‌ ناویان هێنراوه هەروەها فەرمانگە لاوەكییەكانی تری هەرێم هەماهەنگیی راستەوخۆ بكەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ جێبەجێكردنی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ‌بۆسەر بانكە فیدراڵییەكان، بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان.
•     پێویستە لەسەر سەرجەم بانكەكانی سەربە حكومەتی فیدراڵی عێراق ئاسانكاری بكەن بۆ كردنەوەی حساب بانكی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و گرتنەبەری سەرجەم رێگا پێویستەكان بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان سودمەند ببن لە موچەكانیان، ئەمەش لەرێگەی ئەو پەنجەرە بانكییانەی كە لە هەرێم هەن یان ئەو بانكانەی كە لە هەرێم كراونەتەوەو لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە.
•    بەرپرسی باڵای ئەو لایەنانەی كە ناویان هێنراوە لە وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و سەرجەم پێكهاتە حكومییەكان بەرپرسن لە دروستیی ئەو داتایانەی كە رەوانە دەكرێن سەبارەت بە ژمارەو پلەو بڕی موچەی فەرمانبەران بەمەبەستی كردنەوەی حساب بانكی بۆیان لە بانكە فیدراڵییەكان و دەبێت لەلایەن ئەو بەرپرسە باڵایانەوە ئیمزا لەسەر ئەو داتایانە بكەن.
•     دەبێت سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پارەدار بكات دوای ئەوەی حساب بانكییان لە بانكەكانی عێراق بۆ دەكرێتەوە، نابێت ئیتر بە قەرز پارەیان بۆ بنێرێت.
دووەم:
هەموو ئەو لایەنانەی كە لە بڕگەی یەكەمدا لە هەرێمی كوردستان ناویان هێنراوە پابەنددەكرێن بە پێشكەشكردنی (میزان مراجعە)ی مانگانە لەو وادەی كە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە مانگی دواتردا دیاری دەكات لەكاتی داواكردنی پارە هاوشێوەی وەزارەتی فیدراڵییەكان.

سێیەم:
پابەندكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی سەرجەم داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی بە حكومەتی فیدراڵ (خەزێنەی دەوڵەت)، بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەو مەرجەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی لەو داتایانە بكات كە تایبەتن بەو داهاتانەوە، ئەمە پشتبەست بە حوكمەكانی ماددەی (12)ی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵەكانی (2023-2024-2025).
چوارەم:
پابەندكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكەن لەو حساب بانكییانەی كە بۆ هەرێم دەكرێنەوە لە بانكی ناوەندیی هەروەها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوندمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.

 ئەم حوكمە بە تەوافوقی تەواو دەرچووەو سەرجەم دەسەڵاتەكان پابەند دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand