حەلبوسی بە ناچاری مەشهەدانی لە جێگەی خۆی دادەنیشێنێت

Draw Media

2024-05-14 07:36:45



درەو:
دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر بڕیاڕی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی, سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەكەی, بە بڕیاڕێكی دادگای فیدراڵی باڵای فیدراڵی, مانەوەی ئەو پۆستە بە بەتاڵی, پێدەچێت هەنگاو و جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی هێزو لایەنە سوننیەكان و توندكردنەوەی فشاری هێزە شیعیەكان, كۆتایی بەو قەیرانە سیاسیە بهێنێت, كە ململانێیەكی توندو دابەشبونێكی قوڵی نەك هەر لەناو ماڵی سوننەكان, بگرە لەناو ماڵی شیعەكانیش دروست كردووە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق, رۆژی دووشەمەی رابردوو, بڵاویكردەوە, سەرەتای هەفتەی داهاتوو, پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت دەكات, بە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق.  
دوای چەند كاتژمێرێك لەو راگەیاندنە, حزبی تەقدوم, كە محەمەد حەلبوسی, سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات, لەبەیاننامەیەكدا, ئاماژەی بەوەكرد: دوای زنجیرەیەك گفتوگۆی چڕوپڕو دوای رێككەوتنیان لەگەڵ كوتلەی (ئەلسەدارە), پشتیوانی لە كاندیدكردنی مەحمود مەشهەدانی دەكەن, بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
داواشیان لە كوتلە سیاسیەكان كردووە, پشتیوانی مەشهەدانی بكەن, بۆ كۆتایهێنان بە پەكخستن و چالاككردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و جێبەجێكردنی كارنامەی سیاسی, كە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە, لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا.
كوتلەی (ئەلسەدارە) دەرنگانێكی شەوی یەك شەممە لەسەر دووشەممەی رابردوو,  لە بەیاننامەیەكدا, چوونە پاڵ حزبی تەقدوم و هاوپەیمانێتی لەگەڵ راگەیاند, ئەو كوتلە نوێیە لە پەرلەمانی عێراق, لەمانگی ئازاری رابردوودا راگەیەندرا, كە چوار پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت, ئەوانیش هەریەك لە (مەحمود مەشهەدانی, تەڵاڵ زەوبەعی,خالید عوبێدی, محەمەد نوری عەبد رەبە)ن, كە پێشتر لە هاوپەیمانی (عەزم) بوون و لێیان جیابوونەوە.
پێدەچێت پێكهێنانی ئەو كوتلە نوێیە, هەر لەبنەماوە ئامادەكاری بوبێت بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان, وەك چارەسەرێكی زۆرینە لە سوننەو شیعە رازیبكات, بەتایبەت دوای ئەوەی شەعلان كرەییم, كاندیدەكەی حەلبوسی لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق, كە لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو, نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت و, پەرلەمانتارانی شیعەش رێگەیان نەدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت, دوای ئەوەی شەعلان_یان تۆمەتباركرد, بە ستایشكردنی سەدام حسێن, سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق.
شیعەكان نایەوێت عورفی زۆرینەی سیاسی پێكهاتەكان بشكێنن, كە لەكاتی دابەشكردنی پۆستەكاندا پیادەی دەكەن, ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هەنگاوە لە ئایندەدا بەرۆكی خۆیان بگرێتەوە, بۆیە نایانەوێت بەڕوونی پشتیوانی هێزە سونییەكانی نەیاری حەلبوسی بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
لەهەمان كاتیشدا, نایەوێت حەلبوسی دەستكراوەبكەن بۆ ئەوەی كاندیدی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت, بۆیە پێدەچێت باشترین بژاردە بەلای ئەوانەوە (مەحمود مەشهدانی)بێت, كە پێشتریش پشتیوانێكی دیاریان بوو لە رێگریكردن لە بەرەی (سەدرو حەلبوسی و بارزانی) بۆ پێكهیبَنانی حكومەتی زۆرینەو, دورخستنەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئێستای شیعە, لە دیمەنی سیاسی عێراق.
بۆ حەلبوسی و حزبی تەقدوم_یش, رەنگە مەشهدانی بژاردەیەكی ناچاری بێت, چونكە
هێزو لایەنە شیعیەكان دژی ئەوە بوون مادەی (12) لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بكرێتەوە, كە رێگەی بۆ حەلبوسی خۆش دەكرد, كاندیدی دڵخوازی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكات, بەوەش حەلبوسی كەوتبووە, نێوان كۆمەڵێك بژاردە:
1-    رازیبوون بە مەحمود مەشهدانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
2-    درێژەكێشانی ئەم دۆخەو مانەوەی ئەو پۆستە لەدەستی شیعەكان و بەڕێوەبردنی لەلایەن جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان, تاكۆتایی ئەم خولە.
3-    وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن نەیارەكانی حەلبوسی (سیادەو عەزم و حەسم) كە (سالم عیساوی)یان كاندیدكردووە, بەوەش حەلبوسی دووجار زیانی دەكرد, جارێك بەوەی پۆستەكە دەچووە دەستی نەیارەكانی, جارێكیش بەوەی كەسێك دەبووە جێگری, كە دڵخوازی خۆی نیەو بگرە ناكۆكی شەخسیشی لەگەڵدا هەیە.
بۆیە حەلبوسی بەناچاری بژاردەی یەكەمیانی هەڵبژاردووە, لایەنی كەم بۆ ئەوەی رێگربێت لە بژاردەی سێیەم, كە رەنگە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا زیانی گەورەی پێبگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە پێشبیینەكان وەك پرسێكی یەكلابووەوە, قسە لەسەر سەركەوتنی مەشهدانی دەكەن, لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی پەرلەمان عێراق, بەڵام تائێستا دیمەنەكە بەتەواوی رووننەبووەتەوە, بەتایبەت كە هاوكێشە و هەڵوێستە سیاسیەكان لە عێراق , لەئان و ساتدا گۆڕانی بەسەردا دێت.
تائێستا لە هێزو لایەنە شیعیەكان, دەوڵەتی یاسا بەفەرمی پشتیوانی خۆی بۆ محمود مەشهدانی دەربڕیوە, نوری مالیكی هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی مەشهدانی بووە, لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنیشدا ئەو (48) دەنگەی بەدەستهێنا, بەشێكی زۆری دەنگی پەرلەمانتارەكانی دەوڵەتی یاسا بوو.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكانیش هەریەك ( رەوتی حیكمەو عەسائیبی ئەهلی حەق و رێكخراوی بەدر)یش, ئەو پۆستە بە شایستەی هەڵبژاردنی حزبی تەقدومی دەزانن, پێناچێت هێزو لایەنە كوردیەكانیش بە قوڵی بچنە ناو ئەململانێیەو پشتیوانی كاندیدێك بكەن دژی كاندیدەكەی تر, رەنگە لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمانیدا ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان یەكلابكەنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە, نەیارە سوننیەكانی حەلبوسی (سیادەو عەزم و حەسم) هێشتا نائومێد نەبوون و هەوڵی سەرخستنی كاندیدەكەیان دەدەن (سالم عیساوی) بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان, كە لە هەڵبژاردنی گەڕی یەكەمدا دوو هێندەی مەشهدانی دەنگە بەدەستهێنا.
عەزام حەمدانی, سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم, لە لێداونێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: پشتیوانیكردنی حزبی تەقدوم لە مەشهدانی كاریگەری نابێت لەسەر چانسی كاندیدەكەمان (عیساوی) بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق, بەوپێیەی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دەكەن.
ئەوەی وادەكات چانسی مەشهدانی لەكاندیدەكانی تر بەهێزتربێت, ئەو پێشتر تاقیكراوەتەوە, پەیوەندییەكی توندوتۆڵیشی هەیە لەگەڵ زۆرینەی هێزە شیعیەكان, دڵنیان لەوەی لە هیچ هەنگاوێكدا دژیان ناوەستێت, لەدواین چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیشدا, مەحمود مەشەهدانی ستایشێكی زۆری تارانی كردووە, بەوەی لەكاتی تەنگانەدا فریای عێراق كەوتووە, هاوكات هێرشێكی توندیشی كردووەتە سەر واشنتۆن و ئۆباڵی وێرانكردنی عێراقی خستووەتە ئەستۆ, رەنگە ئەمە بۆخۆی دانیشتنی لەسەر كورسی سەرۆكی پەرلەمان بۆ مسۆگەركردبێت.  
 شیعەكان, دەرگای دیاریكردنی كاندیدی نوێیان لە حەلبوسی داخست,  خستیانە بەردەم كۆمەڵێك بژاردە, نەرمترینیان رازیبوون بوو بە بە پشتیوانیكردن لە مەحمود مەشهدانی, بۆ ئەوەی لە جێگەكەی دابنیشێت, حەلبوسی بە ناچاری ئەمەی قبوڵكرد, بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەچێتە دەستی نەیارەكانی و, ئەوەی ماویەتی لە هەژموون و دەسەڵات لەناوچە سونییەكان, لەژێر دەستی دەرنەهێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand