سیاسەت لە ھەرێمدا: سیاسەتێکی بێسیاسەت

Draw Media

2024-05-12 11:25:49



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەدەبیاتێکی گەورە و بەرفراوان لەسەر چییەتی ”سیاسەت“ و ”کردەی سیاسیی“ ھەیە، بەشێکی گرنگیی فیکری ئینسانیی، لە یۆنانی سەردەمی ئەفلاتونەوە بۆ ئەمڕۆی دونیای بەجیھانیبوو، تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە ئینسانییە ھەرە گرنگ و بنەڕەتییەکان. شارستانیەتێک نادۆزینەوە باسکردن لە سیاسەت و چۆنیەتی رێکخستنی کاری سیاسیی، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەو شارستانیەتە نەبووبێت.
 بە بۆچونی من مرۆڤ دەتوانێت لە خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتە گەورەیە سێ ئەرکی سەرەکیی بۆ سیاسەت وەک چالاکییەکی تایبەت، دەستنیشانبکات.

یەکەمیان، ئەرکێکی عەقڵانییە. لێرەدا مەسەلەی سەرەکیی لە سیاسەتدا بریتییە لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنێکی عەقڵانییانەی ھەڵچون و داچون و کاردانەوە سۆزکردە ناعەقڵانییەکان. لە سەردەمی ئەفلاتونەوە  سیاسەت وەک چالاکییەک ناسێنراوە بە کەسانێک ئەنجامنابدرێت کە توانای زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی ھەڵچون و داچوونە دەرونییەکانی خۆیان نەبێت، لەسەر بنەمای رق و بوغز و توڕەیی، یان بەپێی حەز و ئارەزوە شەخسییەکانی، بڕیاربدات. بەم مانایە سیاسەت بەر لە ھەمووشتێک ئەرکێکی عەقڵانیی ڕووتە، دابڕاو لە ھەڵچون و داچوونی دەرونیی ئەوانەی بڕیارە سیاسییەکانیان بەدەستە.

ئەرکی دووھەمی سیاسەت ئەرکێکی کۆمەڵایتییە. لێرەدا سیاسەت وەک چالاکیی ئەنجامدان و رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت کە بێئەوە زەحمەتە بتوانین قسە لە بوونی پێکەوەیی و ھاوبەشی مرۆڤەکان بەیەکەوە، بکەین. سیاسەت لێرەدا ئەرکی رێکخستن و ئیدارەدانی ژیانی ھاوبەشی خەڵکەکان بەیەکەوە رێکدەخات و وایانلێدەکات وەک پێکھاتێکی ھاوبەش و لەیەکنزیک بژین. ئەم ئەرکەیە وادەکات دەستەواژەی ھەرەسەرەکیی و ھەرەبنەرەتیی ناو سیاسەت وەک چالاکییەکی ئینسانیی، بریتیبێت لە ”ژیانی گشتیی“ و ”پێکەوەیی“ مرۆڤەکان لەگەڵیەکتریدا و رێکخستن و ”ئیدارەدانی ئەم ژیانە گشتییە“.

سێھەمین ئەرکی سیاسەت ئەرکێکی ئەخلاقییانەیە. کە خۆی لە دابینکردنی ئاشتیی و ئاسایشی مەدەنیی و کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە. ئەم ئەرکە ئەخلاقییە، بە پلەی یەکەم لەوەدا بەرجەستەیە، رێبگرێت لەوەی کەسەکان ببن بە ناحەز و دوژمنی یەکتر و دۆخی جەنگ و پێکدادان و ملشکاندنی ئەم بەشی کۆمەڵگا بۆ ئەویتریان، دروستببێت. دوۆخێک وا بکات کۆمەڵگا بەردەوام لەسەر رۆخ و قەراخی ھەڕەشەکردن و پێکداداندا بژیی و بەمەش ھەمووان لەناو دۆخی دڵەڕاوکێیەکی پڕوکێنەر و بەردەوامدا، بژین.

ئەگەر ئەم سێ ئەرکە لە ئەرکە ھەرە سەرەکییەکانی سیاسەت بن و نەتوانین بەبێ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە قسە لە سیاسەت بکەین، ئەوا لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵگای ئێمەوە، دەکرێت زۆر بە ئاسانی ئەنجامبیرییەکی سادە بکەین و بڵێن: کۆمەڵگای ئێمە و کایە سیاسییەکەی ناوی لە قۆناغی بەر لە دروستبوونی سیاسەتدا دەژیی. ئەوەی بەناوی سیاسەتەوە ھەیە و کاردەکات، شتێکە لە دەرەوەی سیاسەتدا، یان تەواو دژ و ناکۆک بە سیاسەت. سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لە غیابێکی کوشندە و ھەمەلایەنەی ھەر سێ ئەرکە عەقڵانیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکەی سیاسەتدا دەژیی. لەباتی ئەمانە بڕێکی زۆر لە ناعەقڵانیەت و ئەنانیەت و ململانێ و پلانی نائەخلاقییانە ئامادەیە.
بەبۆچوونی من تێگەیشتن لە سیاسەت لەپاڵ ئەو سێ ئەرکەدا کە باسمکرد پێویستی بە پاشخانێکی فیکریی و مەعریفیی ھەیە، کە ھەم سیاسەت وەک چالاکیی و ھەم سیاسییەکان وەک بکەری کۆمەڵایەتیی لێیدابڕاون و نیانە. لەبەرئەوەیش کە داوەرییکردنی واقیع و ئەنجامدانی هەڵوێستە سیاسییەکان دەرەنجامی دیدگایەکی فیکریی نین، لە پشتیانەوە جیهانبینییەک کارناکات، بینینێکی ستراتیژییانەش ئامادەنییە کە ڕەگوڕیشەکانی لەناو لانی هەرەکەمی بیرکردنەوەی زانستیدابیت، بۆیە هەم هەڵوێست گۆڕین و هەم گۆڕینی داوەریکردنەکان بۆ پێچەوانەکانین بە ئاسانی رووئەدەن. بۆ نموونە، لە ھەرێمەکەی ئێمەدا ڕۆژیک مالیکی دوژمنە، رۆژی دواتر دۆستە، ئەمرۆ عیراق داگیرکەرە، سبەینێ بەشێکە لە خۆمان، ئەمڕۆ ئێران و جاش سیغەکانی ناحەزن، رۆژی دواتر ھەموومان دەکەن بە ئێرانی. ئەمە با واز لە باسکردنی پەیوەندیی ھێزە سیاسییەکان لە ناوخۆی ھەرێمدا لەگەڵیەکتریدا بھێنین، کە رۆژێک خائین و نیشتیمانفرۆش و ڕۆژێکیتر ھاوخەبات و شۆڕشگێڕ و دۆستی ستراتیژیی یەکترن.
دیدگایەکی لینینی کلاسیکی هەیە کە دەڵێت ”بەبێ تیورەیەکی شۆرشگێرانە جوڵانەوەی شڕشگێرانە بوونی نابێت“. جەوھەری ئەم تیوریە ئەوەیە بۆ ئەوەی کاری باش و پێویست بکەیت پێویستت بە تیورەیەکی باش هەیە. ئەوەی سیاسەتی کوردی بە بەردەوامی نیشانیئەدات، غیابی تەواوەتیی و سەرتاسەریی هەر تیورە و تێزێکی فیکریی و مەعریفییە بتوانێت ئەم سیاسەتە لە دووشت رزگاربکات.
یەکەم: لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی و شێواوی نوخبە حوکمڕان و کەسە سەرەکییەکانی ناو ئەو نوخبە حوکمڕانە. سایکۆلۆژیایەک ئەو خورافەت و ئەفسانەیەی تیاداچاندوون کە جگە لە خۆیان کەس قابیلی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نەبێت، ھاوکات خۆیان وەک بوونەوەری پیرۆز و ئەوانیتر وەک ڕەعیەتێکی بێنرخ و بێماف و دەست لەسەرسنگ ببینن و مامەڵەبکەن.
دووهەم، رزگارکردنی سیاسەت لە مەترسیی سوڕانەوەیەکی بەردەوام بە دەوری قازانج و دەسکەوت و مەسڵەحەتی چەند خێزان و بنەماڵەیکی سیاسیدا.
ئەنجامدانی ئەم دوو ئەرکە ڕێگری ژمارە یەکە لەبەردەم وێناکردنی سیاسەتدا چالاکییەک ھەڵگری ئەو سێ ئەرکە سەرەکییەی باسمکردن.


یەکێک لە کێشە گەورەکانی ھەرێم ئەوەیە عەقڵیەتێکی سیاسیی تیایدا سەروەر و سەپێنراوە، کە توانای دەسکاریکردنی خۆی نییە. ئەسڵەن ھۆکارێک نادۆزێتەوە بۆئەوەی دەسکاری خۆی بکات و پێیوایە کە لەوان باشتر و کارامەتر لە وڵاتەکەدا بوونی نییە. گەر ئەوانیش نەمان ئەوا مناڵەکانیان شوێنەکانیان دەگرنەوە. ئەم غەقڵیەتە سیاسییە عەقڵیەتێک نییە بتوانێت کار لەسەر خۆی بکات و ھەڵە و نووقسانییەکانی خۆی ببینێت، بکەر و ھەڵگر و مەرجەعەکانی بگۆڕێت، پێشداوەریی و بەڵگەنەویستەکانی بپشکنێت، تواناکانی لە دەرککردن و ناسینی واقیعدا گەشەپێبدات. ئەوەی ئەم عەقڵیەتە دەیزانێت و ئەنجامیداوە خۆمارەکردنی تەواویەتیی لە ھێز، لە ھێزی سەربازیی و ئەمنیی، لە میلیشیای تایبەت، کە ئەرکی سەرەکییان کورتکراوەتەوە بۆ بەگژاچوونەوە و سەرکوتکردنی ھەر ناڕەزاییەتییەکی ناوەکیی.
ھەموو ئەمانەش وایانکردوە سیاسەت لەباتی ئەوەی چالاکییەک بێت ئەو سێ ئەرکە سەرەکییەی سەرەوە پیادەبکات، گۆڕاوە بۆ ڕووبەرێک پڕ لە توندوتیژیی، لە ململانێی وێرانکەر، پێکدادانی رۆژانەی ھەندێکجار ئامادە و ھەندێکجیار تەئجیلکراو، فوکردن بە ھەست و ھەڵچونی رۆژانەی دوژمنکارانەدا، گەشەدان بە زمانێک کە دوژمنایەتی لە پیت و وشە و ڕێزمانەکەی دەبارێت، ھاتوھاوار و شکۆی نارسیستییانەی درۆزنانە. بە کورتییەکەی، غیابێکی ترسناکی بیرکردنەوە و دیدگای دوورخایەن و پلانی ستراتیژیی، لە دەرەوەی ھەڵچون و داچونی دەرونیی و ھات و ھاوار و قیژەقیژی ناو میدیا کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوەکان.
مەسەلەی ژمارە یەک لە سیاسەتی ئەمڕۆکەی ھەرێمەکەدا، بە تایبەتی لای ھێزە حوکمڕانەکانی ھەرێم، کە بە کردەوە چەند خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکراون، مەسەلەی مانەوەی خۆیانە لەو پێگانەدا کە ھەیانە. مانەوە لەو پێگانەدا بەھەر نرخێک بووە، تا ئاستی گاڵتەکردن بە ھەموو ئەو شتانەش کە خۆیان دروستیان کردوە، لەوانەش گاڵتەکردن بە پەرلەمان و ھەڵبژاردن و جێبەجێنەکردنی ئەو لانی کەمە لە ئەرکیش، کە بکرێت شتێک لە ڕەوایەتییەکی درۆزنانەیان پێببەخشێت.
ئەم نوخبە بنەماڵەییە حوکمڕانە مانەوەی ھەرێمەکەیان وەک ھەرێم گۆڕیوە بۆ مانەوەی خۆیان وەک حوکمڕان، مانەوەیەک بەبێ مەسەلەیەک، بەبێ نرخێک، بەبێ بەھایەک، بەبێ ئامانجێکی دەستەجەمعی. مانەوە لە پێناوی مانەوەدا، مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکانیان وەک حوکمڕان. مانەوەیەکی ڕووت. مانەوەی خۆیان وەک سەرەتا و کۆتایی ھەموو شتێک، وەک تاقە غایەت و ئامانجێک.
 ئەوەی لەم دۆخەدا، بەر لە ھەمووشتێک، لە دەستئەدرێت و لەدەستدراوە، ئەرکە عەقڵانیی و ئەخلاقییەکەی سیاسەت و جێگرتنەوەیەتی بە حەز و ویست و زەوق و خواستی تایبەتی خێزانە حوکمڕانەکان. ئەم مۆدێلەش لە حوکمڕان ناتوانێت کۆمەڵگا وەک رەعیەتێکی سەرلەقێن نەبینێت. بۆیە چۆن بخوازێت و چۆن لە قازانجیدابێت وا بڕیارئەدات. پەکخستنی ھەڵبژاردنەکان نیشانەیەکی بەرچاوی ئەم بە ڕەعیەتزانینەی ھەمووانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand