رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت
2024-05-11 10:40:49
درەو:
"رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بەرمیل بە 40 دۆلار دەفرۆشرێت و 50%ی كۆی بەرهەم بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە" ئەمە وتەی وتەبێژی كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)ە.
بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی هەرێم دەكاتە (480) ملیۆن دۆلارو مانگانە (240) ملیۆن دۆلار واتا (320) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەكاتێك هیچ بڕە پارەیەكی داهاتی نەوت نەچووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە.
مایلز كاكینگز, وتەبێژی كۆمەڵی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) بۆ كەناڵی روداو: ئێستا رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، (60%)ی ئەو بڕە هی (8) كۆمپانیای رێكخراوی ئەپیكۆرە واتا رۆژانەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكانی ئەپیكۆر (250) هەزار بەرمیلە
بە وتەی وتەبێژی ئەپیكۆر (50%)ی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێندرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو (50%)یش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتە و بەرمیلی لەناو خۆدا بە (40) دۆلار دەفرۆشرێت.
ئێستا ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت رۆژانە لە (400) هەزار بەرمیل نەوتە، كۆی داهاتەكەی بە پێی (40) دۆلار دەكاتە (480) ملیۆن دۆلار.
بە پێی وتەی وتەبێژی ئەپیكۆر (50%) بۆ حكومەتی هەرێمەو (50%) بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانە، واتا (240) ملیۆن دۆلار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە دەكاتە زیاتر لە (320) ملیار دینار.
بەڵام داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای 25ی ئازاری 2023ەوە سفر بووەو مانگانە هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی نەوت نەچووەتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.