Draw Media

کۆمپانیای (شاماران) بەرهەم و داهاتی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە

کۆمپانیای (شاماران) بەرهەم و داهاتی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە

2024-05-11 13:04:45



 

🔻 کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاند: لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛
🔹 داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، ئەمەش تەنها (52%)ی ئەو بڕەیە کە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێنابوو.
🔹 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (37 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ماوەی ناوبراودا (3 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. ئەو بڕەش زۆرترە لەو بەرهەمەی لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهات.
🔹 لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (20 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (ملیۆنێک و 817 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە.
🔹 بەم پێیە کۆمپانیاکە لە (1/1/2024 – 31/3/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (57 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (5 ملیۆن و 162 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە.


بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی (سەرسەنگ و ئەتروش) لە چارەکی یەکەمی (2024)
کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاند: لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو داهاتی گشتی کۆمپانیاکە بریتی بوو لە (43 ملیۆن و 380 هەزار)، واتە بە رێژەی (48%) داهاتی کۆمپانیاکە بەراورد بە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دابەزیوە.
کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەندی کە پشکی لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش) هەیە، ڕاگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ (وەک لە خشتە و چارتی هاوپێچدا هاتووە)؛
لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (37 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە لەماوەی هەر سێ مانگەکە (3 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. ئەم داتایە دەریدەخات بەرهەمی کێگەکە بەرزکراوەتەوە، بەراورد بە پاش و تەنانەت پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی ڕابردووەدا.
چونکە بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە لە چارەکی چوارەمی 2023 _واتا پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم_ گەیشتبووە (36 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە، هاوکات لە چارەکی یەکەمی 2023 _ واتا پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم _ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە گەیشتبووە (36 هەزار و 200) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە.
هاوکات لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، لە چارەکی یەکەمی (2024) بە تێکڕای کاری رۆژانە (20 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، کۆی گشتی بەرهەمەکەش لە ماوەی ناوبراودا بڕی (ملیۆنێک و 817 هەزار) بەرمیل نەوتی کێڵگەکە فرۆشراوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و لە چارەکی یەکەمی (2023) تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیاتر لە (30 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو بووە.

 

 

 

کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)‌ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە.
لە ئێستادا پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە دراوه‌ته‌ كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، پشكی (18%)ی درابوو بە‌ لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی، بەڵام دواتر کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی پشکەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکەی کڕییوە، ئەو پشكی (20%)ی ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی توانای هەردوو ناوچەکەی کێڵگەکە بەم جۆرەیە؛
یەکەم؛ سوارە توکە؛ بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە شەش بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API).
دووەم؛ رۆژهەڵاتی سوارە توکە؛ ناوچەیەکی دیکەی نەوتییە لە چوارچێوەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و یەک بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API).

کێڵگەی نەوتی ئەتروش
کێڵگەی نەوتی ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2011 نەوتی تێدا دۆزرایەوە و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا. وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە "نەوتی کوالیتی بەرزە کە بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیە و توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە".
بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكەکانی کێڵگە نەوتییەکە بەپێی گرێبەستەکان دابەشبوون بەسەر (47.4%)ی درابوو بە كۆمپانیای نیشتمانی ئیمارات بۆ وزه‌ ناسراو به‌ (تاقە)، بەپێی زانیارییەکانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆمپانیای تاقە بڕیاری داوە دوای (10) ساڵ لە کارکردن هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، (27.6%)ی پشکەکانی دراوە بە شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand