له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی 2024ه‌وه‌

Draw Media

2024-05-14 07:22:25




به‌شی یه‌كه‌م/ بودجه‌ی سێ ساڵی، یان فێڵی سێ ڕه‌هه‌ندی؟

جیهانگیر گوڵپی

حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق له‌ دوا مانگه‌كانی ساڵی 2022وه‌وه‌ تاكو حوزه‌یرانی 2023 خۆیان و ڕاگه‌یاندنه‌كان و هاووڵاتیانیان به‌ته‌واوی سه‌رقاڵ كرد به‌ ئاماده‌كردنی یاسایه‌كی بودجه‌ی سێ ساڵی بۆ( 2023 و 2024 و 2025)، له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی2023 یاساكه په‌سه‌نكرا و بڵاو كرایه‌وه‌، پاشتریش ڕێنماییی بۆ ده‌رچو و كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌ڵام چۆن یاسایه‌ك؟ ناونیشانه‌كه‌ی بۆ سێ ساڵ، ناواخنه‌كه‌ی ته‌نها بۆ یه‌ك ساڵ، مۆڵه‌ت و ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌یشی بۆ كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ!!

كاتێك یاساكه‌ به‌و جۆره‌ په‌سه‌ندكرا من وتم ئه‌مه‌ بودجه‌ی سێ ساڵی نیه‌ به‌ڵكو وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی چه‌وتی ئه‌و جۆره‌ بازاڕگه‌ریه‌یه كه‌ ده‌ڵێ یه‌ك دانه‌ بكڕه‌ و دوو دانه‌ به ‌دیاری وه‌ربگره‌، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌یشدا ئابوریناسێكی ناسراوی عێراقی له‌كۆمێنتێكدا به‌ڕسته‌یه‌ك وه‌سفێكی جوانتری كردو، وتی ئه‌مه‌ بودجه‌ی سێ ساڵی نیه‌ به‌ ڵكو فێڵی سێ ڕه‌هه‌ندییه‌.

ناونیشانی یاساكه‌ بودجه‌ی سێ ساڵیه‌ بۆ (2023و2024و2025) كه‌چی ناواخنه‌كه‌ی هیچ شتێكی تێدا نیه‌ ده‌رباره‌ی خه‌مڵاندن و ته‌رخانكردن و مۆڵه‌تپێدان بۆ بڕ و ژماره‌كانی داهات و خه‌رجی و كورتهێنان و قه‌رزكردن بۆ ساڵانی 2024 و 2025. له‌كاتێكدا خه‌مڵاندن و ته‌رخانكردن و مۆڵه‌ت پێدان بۆ ئه‌و بوارانه‌ پایه‌ و پرۆسه‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بودجه‌ن و، هه‌ر كارێك به‌بێ ئه‌وانه هه‌ر ناوێكی لێبنرێت هه‌رگیز ناتوانێت هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته‌كانی یاسای بودجه‌ بێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ واقیعدا عێراق یاسای بودجه‌ی 2024 و 2025ی نیه‌ به‌ڵكو ته‌نها ناونیشانی یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ی هه‌یه‌ به‌بی ناوه‌رۆك.

سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌، له‌پاش كۆتایی ساڵی 2023وه‌ حكومه‌تی عێراق كه‌وتوه‌ته‌ دۆخێكی سه‌یره‌وه‌، به‌ناو یاسای بودجه‌ی( 2024 و 2025)یشی هه‌یه‌، واته‌ پێویستی به‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌رجكردن له‌سه‌ر ڕێسای یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ و كارێكی له‌و جۆره‌ پاساوی نیه‌، كه‌چی یاساكه‌‌یش نه‌ سنور و بڕی خه‌مڵێنراو و ته‌رخانكراوه‌كانی ئه‌و دوو ساڵه‌ی تێدایه‌ و نه‌ مۆڵه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌یان، ئه‌مه‌یش دۆخێكی ته‌واو ناته‌ندروست و سه‌یره‌، وه‌ك‌ ئه‌وه‌ وایه‌ حكومه‌ت له‌ڕوی بنه‌مای یاسایی خه‌رج كردنه‌وه‌ هه‌م له‌ قه‌لیش بوبێت و هه‌م له‌ كۆتریش.  

 نزیكه‌ی پێنج مانگه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وترێ به‌هۆی نه‌بونی ته‌رخانكرا‌وه‌كانه‌وه‌‌ گرفت بۆ خه‌رجیی پرۆژه‌كان و چه‌ند بوارێك دروست بوه‌ته‌وه‌‌، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌یشی خه‌رج كراوه‌ نازانرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك  و به‌چ یاسا و ڕێسایه‌كه‌.

به‌ڵێ ئێستا عێراق له‌ڕوی بنه‌مای یاسایی و ڕێساكانی دارایی گشتی و بودجه‌وه‌‌ له‌ دۆخێكی ته‌واو نامۆ و ئاڵۆزدایه‌، كه‌چی ئه‌مه‌ به‌لای كاربه‌ده‌سته‌كانیه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ و وه‌ك ده‌ڵێن نه‌ بای دێ و نه‌ باران، نزیكه‌ی پێنج مانگی ساڵی نوێ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چی زۆر به‌ خاترجه‌می و كاوه‌خۆییه‌وه‌ ئه‌ڵێن خه‌ریكی هه‌مواركردنه‌وه‌ین! باشه‌ كه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2024 نه‌بێ و ته‌نها ناونیشانێك بونی هه‌بێ‌، ئیتر چی هه‌موار ئه‌كه‌یته‌وه‌؟

ئه‌ڵێن چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی خشته‌ نوێیه‌كانی 2024ین تاكو له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێن، ته‌نها خشته‌كان!! ئه‌ڵێن ده‌قی ماده‌ و بڕگه‌كانی یاسای بودجه‌ نه‌گۆڕن و ته‌نها خشته‌كان ده‌گۆڕرێن!! ئێ باشه‌ یاسای بودجه‌ خۆی چیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گه‌ڵاڵه‌ی‌ ده‌قه‌ یاساییه‌كانه‌ به‌پێی خشته‌ و ژماره‌كانی داهات و خه‌رجیی خه‌مڵێنراو و، پێدانی مۆڵه‌تی خه‌رجكردن و قه‌رزكردن به‌بڕی دیاریكراو بۆ مه‌به‌ست و لایه‌نی دیاریكراو بۆكاتێكی دیاریكراو؟

هه‌ندێكیش ڕاڤه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ سێ ساڵیه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ خه‌رجكردن له‌ سه‌ر بودجه‌ی 2023 به‌رده‌وام بێت تاكو خشته‌كانی 2024 په‌سه‌ند ده‌كرێن. به‌ڵام ئه‌مه‌یش جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هیچ ده‌قێكی یاساكه‌دا نه‌هاتوه‌، له‌گه‌ڵ هیچ بنه‌ماو ڕێسایه‌كی بودجه‌ و ژمێریاری حكومیشدا ناگونجێ‌ و هیچ ڕاستیه‌كی تێدا نیه‌.
به‌ڵام ئه‌‌مانه‌ هه‌مو بۆ عێراق هه‌ر ئاسایین‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كری كێشه‌كه‌ به‌ چاره‌سه‌ری سه‌قه‌ت و به‌ پینه‌وپه‌ڕۆ به‌ڕێ بكرێت و ناوی هه‌مواری لێ بنرێت.
له‌ به‌شه‌كانی داهاتوی ئه‌م نوسینه‌دا سه‌رنجی زیاتر و وردتر ده‌خه‌ینه‌ ڕوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و هه‌ستیاری تری تایبه‌ت به‌ هه‌رێمیش.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand