یەكێتی كارتی غاز بەرامبەر پارتی بەكاردەهێنێت

Draw Media

2024-05-09 18:57:06





درەو:
"غازی سنوری یەكێتی لەژێر چاودێری و فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە، بەڵام رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە سنوری پارتی بەرهەمدەهێندرێت و لە بازاڕدا ساغ دەكرێتەوە، یەكێتی ئاگاداری نیەو داهاتەكەشی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بۆیە یەكێتی تاسەر ئامادە نیە غازەكەی بخاتە دەستی حكومەتەوەو پارتیش داهاتی نەوتەكەی بۆخۆی بەرێت، ئێستا بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەغداد و بەرپرسانی واشنتۆن لەبارەی غازەوە" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتیە كە بۆ (درەو) قسەی كرد.
بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی لەبارەی نەوت و غازی هەرێمەوە قسەی بۆ (درەو) كردوو ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا یەكێتی لە ئاستی بەغداد و لایەنی ئەمریكاشەوە لە هەوڵی ئەوەدایە غازەكەی بەكاربهێنێت، لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە (500) ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بە بۆری رەوانەی وێستەگانی كارەبا دەكرێت و زیاتر لە (هەزار) تەن غازی LPG ماڵان لە كێڵگەی غازی كۆمرمۆر كە لە سنوری یەكێتیە بەرهەم دەهێندرێت و بە چاودێری و فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی گشتی خەرج دەكرێت.
بەڵام ئەوەندەی زانیاریمان هەیە رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت لە سنوری پارتی بەرهەمدەهێندرێت و لە بازاڕەكاندا ساغدەكرێتەوە بەرمیلی بە (35 - 40) دۆلارو بەشێك لە پارەكەی بۆ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانەو بەشێكیشی بۆ كۆمپانیاییەكانی پارتیە، هیچ لەو داهاتەی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وەك شەریكی حكومەت ئاگاداری داهات و بەكارهێنانی ئەو نەوتە نیە، بۆیە یەكێتی بڕیاریداوە لەمەودوا دەستەوستان ناوەستێت، غازەكەی بداتە حكومەت و پارتیش نەوتەكەی بۆخۆی بەرێت.
(درەو) پەیوەندی بەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی كرد ئەوانیش پشتڕاستی ئەوەیان كردەوە، لە ئێستادا جموجوڵی یەكێتی هەیە بە ئاراستەی بەكارهێنانی ئەو غازەی كە لە سنوری خۆیدایەو بەرامبەر بە نەوتەكەی پارتی بەكاری بهێنێت.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكرد بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ خودی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە عێراقییەكان باسی لە كەرتی غاز كردووەو شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیدا، هەروەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكاش ئەو پرسەی جوڵاندووە، دوێنێ بافڵ تاڵەبانی لە واشنتۆن لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سەرچاوەكانی وزە كۆبووەتەوەو ئاماژەی بەوەكردووە: یەكێتی هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێكینیشتمانی پێشكەوتوو بۆ كەرتی وزە تاوەكو ببێتە مایەی گەشەكردن و ئاوەدانی نەك هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی ناكۆكی. وتیشی، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكەین"

نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێمی كوردستان
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئازاری 2023 بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكان و فرۆشتنەوەی بە پاڵاوگەناوخۆییەكان و بەشێكیشی بە تانكەر دەفرۆشرێتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەتی نەوت لە ئێستادا رۆژانە (338) هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی نەوت بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرمیلی بە (35 -40) دۆلار دەفرۆشرێت.


غازی هەرێمی كوردستان
لە ئێستادا لە 100%ی غازی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی كوردستان لە كۆرمۆرە لە سنوری یەكێتی، كە غازی وێستگەكانی كارەبا و غازی ماڵان دابین دەكات.
•    كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە:
- (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵ‌و هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (520) ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە.   
 - (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە
- غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵان‌و كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕین‌و گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە:
- 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر
- 11 تانكەر بۆ سلێمانی
- 7 تانكەر بۆ دهۆك
•    دانەغاز لە راپۆرتی خۆیدا بۆ (9) مانگی ئەمساڵ، بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە.


كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ.
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر.
بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە:
•    گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
•     كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی
•    گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە.  

غاز لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌، دابەشبونەكە بەمشێوەیە:

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
•  كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
•  كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا
•  كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا
•  كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

غازی هەرێم لە كێشمەكێشی پارتی‌و یەكێتیدا 

كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە

دادگای فیدراڵی سكاڵایەك لەسەر غازی كۆرمۆر رەتدەكاتەوە

غاز قەیرانی دارایی ھەرێم چارەسەر دەکات ؟

كێ هێرش دەكات ؟

دابەشبوونی جوگرافی بلۆکە غازییەکانی هەرێمی كوردستان

توانای کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand