پێشەوا هەورامانی بۆ درەو: "تەوتین" لە هەرێم "هەژماری من"ە

Draw Media

2024-05-09 16:29:45



پێشەوا هەورامانی بۆ درەو:
•    موچەخۆران لە بانكی (TBI)یش هەژمار بكەنەوە هەر لە رێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان نەك راستەوخۆ لە بەغدادەوە.
•    پارەی بەغداد بۆ موچەخۆران هەر لە رێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت
•    هەژماری من ئەو ناوەیە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە "تەوتین"مان ناوە
درەو:
"ئێستا TBI بەشدارە لە پرۆژەی هەژماری من، بەشداری TBI لە هەژماری من بژاردەی زیاتر دەدات بە هاوڵاتیان، ئەگەر موچەخۆران لە بانكی TBIیش هەژمار بكەنەوەو خۆیان تۆمار بكەن، هەر لە رێگای وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان، نەك راستەوخۆ لە رێگای بەغدادەوە" ئەمە لێدوانی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانە تایبەت بە (درەو)
سەبارەت بە پرسی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە پرۆسەی "تەوتین"كردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و شێوازی بەشداریكردنی (TBI) لە پرۆسەكە (درەو) پرسیاری ئاراستەی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانكرد:

تایبەت بە (TBI)
سەبارەت بە پرسیاری (درەو) تایبەت بە (TBI) كە ئایا لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من كار دەكات وەك بانكەكانی دیكە یاخود راستەوخۆ (TBI) بەستراوەتەوە بە بەغدادەوەو لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە پارە دەخرێتە سەر هەژماری ئەو موچەخۆرانەی هەرێم كە لەو بانگە هەژمار دەكەنەوە.
پێشەوا هەورامانی بە (درەو)ی راگەیاند: خۆشحاڵین بە بەشداریكردنی (TBI) لە پرۆژەی "هەژماری من"،  بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەكێكە لە باشترین و گەورەترین بانكەكانی عێراق و لە هەرێمی كوردستان كار دەكات،  ⁠بەشداری (TBI) بژاردەی زیاتر دەدات بە هاووڵاتیان، چونكە ئێستا هاوڵاتیان بژاردەی (7) بانكی پێشەنگیان هەیە تاكو بەدڵی خۆیان هەژمار لە یەكێكیان بكەنەوە.
پارەی بەغداد بۆ موچەی موچەخۆران وەك خۆی دێت لە رێگای وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوەی پێویست بێت لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی (TBI) دەكات لە زانیاری فەرمانبەران، واتا هاتنی پارە بۆ موچەخۆران وەك رابردوو دەبێت لە رێگای لقی بانكی ناوەندییەوە لە هەولێر، روونتر بڵێم هەروەكو بانكەكانی دیكەی ناو پرۆژەی "هەژماری من" ئەو موچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە لە (TBI) هەژمار دەكەنەوە موچەكانیان لە رێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان نەك راستەوخۆ لە رێگای بەغدادەوە، واتا (TBI) دەبێتە بەشێك لە پرۆژەی بە بانكیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش لە چوارچێوەو دەسەڵاتی راستەوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستاندا دەبێت و وەك رابردوو هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایات.

هەژماری من بەردەوام دەبێت؟
سەبارەت بە پرسیاری بەردەوامی "هەژماری من" یان وەستانی، لەدوای كاركردنی (TBI) وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت:  لە گەڵ (TBI) بانكەكانی دیكەی ناو پرۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبن موچەخۆران ئازادن لە كام بانك خۆیان تۆمار دەكەن، هەروەك هەر پرۆژەیەكی لەو جۆرە لە عێراق و وڵاتانی دیكە، فەرمانبەران خۆیان بژاردەی ئەوەیان دەبێت كە بانكی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن، هەروەك تامەزرۆی بەشداریكردنی بانكی زیاترین لە پرۆژەكەدا.
دوێنێ كە (TBI) دەستی بەكاركردن كرد لەگەڵ ئێمە (16) كەس لە رێگای (TBI) یەوە هەژماری كردبووەوە، ئەمڕۆ (2500) پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەكان لە رێگای هەژماری منەوە موچەیان وەرگرتووەو (ATM) بۆ هەموویان دانراوە مانگی داهاتوو ئەو ژمارەیە دەبێتە (25) هەزار موچەخۆران كە لە رێگای هەژماری منەوە موچە وەردەگرن،  پلانی ئێمە ئەوەیە تاوەكو مانگی (9) سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەولێر، كە نزیكەی (180) هەزار كەس لە رێگای هەژماری منەوە موچە وەربگرن، لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان (ATM) دادەنرێت بۆ ئەوەی موچەخۆران دەستیان بگاتە پارە.

موچەخۆر چۆن دڵنیا بێت لە موچەكە؟
پێشەوا هەورامانی دەڵێت:  هەژماری من ئەو ناوەیە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە "تەوتین"مان ناوە، ئێمە براندینگمان بۆ پڕۆژەكە كرد تاكو بتوانین تیمی پشتگیری و تەكنەلۆژیا دروست بكەین بۆ دڵنیابوون لە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری، بۆ ئەوەی بە تەواوی  پابەندی ئەو ڕێنماییانە بین كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دانراون، هەژماری من و تەوتین هیچ جیاوازییەكیان نییە.
دەمەوێت بە روونی بە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بڵێم:
*  فەرمانبەر دەتوانێت 100%ی مووچەكەی لە ئامێری ATM دەربهێنێت، هەر هەواڵێكی پێچەوانەوەی ئەمە زانیاریی ناڕاستە.
* هەژمارەكان هی فەرمانبەرانن و حكومەت ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك پارە لە هیچ هەژمارێك دەربهێنێت.
* پارەكەت لە هەموو بانكە مۆڵەتپێدراوەكان لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بیمە كراوە.

لە ئێستادا (7) بانك بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من:
•    بانكی RT
•    بانكی جیهان
•    بانكی TBI
•    بانكی BBAC
•    بانكی بەغداد
•    بانكی ئیسلامی عێراقی
•    بانكی ئەهلی عێراقی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand