مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی بینای حكومەتیان چۆڵكردووە
2023-04-13 16:27:36
(درەو):
سەرۆكو جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هیچ یەكێكیان ناچنە تەلاری سەرەكی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی سێ ساڵە، قوباد تاڵەبانیش (6) مانگە نەچوەتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران.
لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ئازاری 2020وە، مەسرور بارزانی ناچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانو لەبری ئەوە لە ئۆفیسەكەی خۆی لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات، قوباد تاڵەبانیش لە (گوندی ئەمریكی)یەوە لەسەر رێگای پیرمام، كارەكان رایی دەكات.
ئێستا تەلاری ئەنجومەنی وەزیران كە دەكەوێتە تەنیشت بینای پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر، بێ سەرۆكو بێ جێگرە، تیمو ستافی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوەكانی لە ئەنجومەنی وەزیران رێكدەخەنو دەیگوازنەوە بۆ (پیرمام)، بۆ ئەوەی لەوێ سەرۆك وەزیران ئیمزایان لەسەر بكات.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەنیا بۆ كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەچێتە شاری هەولێر كە هەفتانە لە رۆژی (چوارشەممە)دا بەڕێوەدەچێت، لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە، چیتر كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەناو تەلاری حكومەت بەڕێوەناچێتو سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆدەبنەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، لە ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، نە دەچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانو نە بۆ كۆبونەوەكانی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) دەڕوات.