Draw Media

"توركیاو هەرێم پێشێلی رێككەوتنی (ITP) ساڵی 1973یان كردووە"

"توركیاو هەرێم پێشێلی رێككەوتنی (ITP) ساڵی 1973یان كردووە"

2023-04-11 17:50:04



درەو:
بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە بووە هۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە (277) لاپەڕە پێكهاتووەو لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرچووە.
بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاركردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراو.

بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا:
•    هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) ی ساڵی 1973 كە لە نێوان توركیا و عێراق واژووكراوە،  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2013ەوە بۆ گواستنەوە و باركردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە ڕاستەوخۆ بۆ توركیا كەڵكی وەرگرتووە، ئەمەش ناكۆكی درووستكردووە.
 
•    رێككەوتنی (ITP) نێوان عێراق - توركیا چیە؟
لە بڕیارەكەی دادگای ژووری نێوبژیوانی نێو دەوڵەتیدا بە ووردی باس لە رێككەوتنی( ITP) كراوەو هاتووە: لە ساڵی 1973   كۆماری عێراق و  كۆماری توركیا ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاویان واژۆكرد بۆ دابینكردن و كڕینی نەوتی خاو، ڕێككەوتننامەی بە ڕێككەوتنی بۆری عێراق - توركیا (ITP) ناسراوە.
‎ بەپێی ڕێككەوتنەكانی ( ITP) هەردوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی دوو بۆری نەوت كە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە باكوری عێراقەوە بەرەو جەیهان كە شارێكی بەندەرییە لە باشووری توركیا (The Pipelines) دەڕوات.  جەیهان ناوەندێكی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە.
‎بە پێی ڕێككەوتننامەكانی(ITP ) هەردوو لا (دروستكردن، چاككردنەوە، بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی بۆرییەكان و بەكارهێنانی) دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە جەیهان بۆ هەڵگرتن و باركردنی نەوتی خاو كە لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە دەگوازرێتەوە بەڕێوەدەبەن.  
بۆری یەكەم بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی 1973  بۆری (40) ئینج ، بۆری دووەم (گەورەتر) دواتر لە ساڵی 1985 بۆری (46)  ئینج زیادكرا. 
بەپێی ڕێككەوتنەكانی (ITP ) هەر لایەنێك دوو بۆرییەكە لە ناوچەكانی خۆیاندا دروست دەكەن و بەڕێوەی دەبەن و دەیپارێزن.  داواكار سوودمەند دەبێت لە كەناڵێكی نوێی هەناردەكردن بۆ نەوتەكەی و بەرامبەر زیاتر پەرەیان پێدەدات.
لە بەرامبەر گواستنەوە و هەڵگرتن و باركردنی نەوتەكەی، داواكار كرێی گواستنەوە دەدات بە بەرامبەر.  هەروەها تا ساڵی 2010 بەشێكی دیاریكراو لە نەوتەكە بۆ كڕینی لەلایەن بەرامبەرەوە تەرخانكرابوو.
حكومەتی عێراق بانگەشەی ئەوەی كردووە كە حكومەتی توركیا پێشێلی رێككەوتنی ( ITP)كردووە، چونكە ڕێگەی داوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە بڕوات، جكومەتی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان هەڵگیراوەو باركراوەو بەكارهێندراوە بە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق.  
 
‎  

 

دەقی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی لە پاریس

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand